په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\١٢\٢٠٠٩

ئایا گۆڕان ڕەزامەندى ناڕەزایان لە دەست نادا؟
ئەنتى گەندەڵییەکەى پارلەمانى کوردستان بۆ پارلەمانى عێراق چی پێیە؟

   

گەرمیانى حەمەى پوور

 

پێش هەڵبژاردنە سەرۆکایەتى و پارلەمانییەکەى 25ى تەمووزى ئەمساڵ چاودێرانى سیاسی و ڕۆژنامەنووسان و تەنانەت بەشێکى زۆرى شەقامى کوردى بۆ خۆیان بۆچوونیان بۆ ئەنجامەکان هەبوو و دواتریش ئەوئەنجامانە بە رادەیەکى زۆر لە بۆچوونەکانەوە نزیک بوون، بەو مانایەى ئەو بۆچوونانەى هەبوون سەبارەت بەئەنجامەکانى هەڵبژاردن بۆ هەریەکە لە سەرۆکایەتى و ژمارەى کورسییەکانى پارلەمان هەر ئەنجام لە هەڵبژاردنەکان وەبەر هات وهەندێ بۆچوونیش بە جیاوازییەکى کەم، بەڵام لایەنە سیاسیەکان هەمیشە بۆ بەرزکردنەوەى مەعنەویاتى خۆیان ولایەنگرانیان بۆخۆیان باشیان دادەتاشی وبنکڕیان بۆ لایەنەکانى تر دەهێشتەوە، بە جۆرێک دەبوو ئەگەر بە پێی خەمڵاندنەکانى لایەنەسیاسییەکانى کوردستان بووایە دەبووژمارەى کورسییەکانى پارلەمانزیاتر بکرێن بۆ سێ هێندەى ئەوەى کە هەیە.


هەڵبژاردنى پارلەمان و سەرۆکایەتى هەرێم گوزەشت و سەرجەم لایەن و قەوارە سیاسیییەکان خۆیان تێدا تاقى کردەوەو گەلیش ڕاستییەکانى دانەدەست و ئەوەى زۆرینە ویستى زۆرینە و ئەوەشى ناوەند و ناوەندو کەمینەش توانى دەنگى کەمینەى خەڵکى کوردستان ومتمانەیان وەدەست بێنێ و ئەزموونێکیش بوو بۆ چەندین لایەن تا ئەداى کارکردنى خۆیان بۆ تاقی بێتەوەو و ڕاى خەڵکى کوردستان و تەنانەت جەماوەرى خۆشیان بۆ دەربکەوێت ئیتر دەکرێ ئەوەش بە ئەزمونێک بژمێردرێت کە بۆ بەخۆدا چوونەوەى سەرجەم ئەو کیانەسیاسیانەى کە خۆیان بە شکست خواردوو دەزانن یان ئەوەى ویستوویانە وەدەستیان نەهێناوە.


هەرچى گۆڕانکارى چاوەڕوان نەکراو لەلایەن حزب و لایەنە سیاسیەکانەوە کە لە ئەنجامەکانى هەڵبژاردن کەوتەوە حاڵەتێکى ناسروشتى بوو کە بە هۆى هاتنە کایەى لیستى گۆڕانەوە دروست بوو و هیچ کیانێکى سیاسی بەشدارى بووى هەڵبژاردنەکەى تەمووز نییە گومانى لە لایەنگرانى خۆى نەبێت لەوەى کە دەنگى بە ئەو لیستە نوێیە دابێت و کە هەڵگرى پەیامى گۆڕان بوو لەسیستەمى حوکمڕانى وڵاتدا، جگە لەم پەیامە کە خەڵکانێکى زۆرى بۆ لاى خۆى کێش کرد، هۆکارگەلێکى تریش بوون بەهۆى وەدەست هێنانى 25 کورسى پارلەمان لە پارلەمانى کوردستاندا لەوانە باس لەوە دەکرێت کە ژمارەیەکى زۆرى لایەنگرانى حزبە ئیسلامییەکان دەنگیان بە گۆڕان دابێت لە دژى هاوپەیمانى هەردوو لایەنى ئیسلامى یەکگرتوو و کۆمەڵ لەگەڵ دووحزبى عەلمانى وەک حزبى سۆسیالیست دیموکرات و زەحمەت کێشان، هەروەها گۆڕان وەکو بزووتنەوەیەکى سەرتاسەرى و نوێنەرى خەڵکى ناڕازى کوردستان خۆى ناساند و واى پیشاندا کە فریادڕەسێکەو هاتووە بەدەم خەڵکى چینى خوارەوە، هەر ئەمەش واى کرد کە ژمارەیەکى زۆرى دەنگدەرى کوردستان دەنگ بەو لیستە بدەن.


ئەو کات بارودۆخ بارودۆخێکى نائاسایی بوو وتارە حەماسییەکانى فەرهاد لە نێو گەنجاندا لەسەروبەندى هەڵبژاردنەکاندا کاریگەرییەکى زۆرى هەبوو لە ڕاکێشانى ئەو توێژە و دواتریش پیشاندانى لەڕێگەى کەناڵە ئاسمانییەکەیانەوە، ئەو کات خەڵکانێکى دڵ گەرم هەبوون کە ئامادەى نان بڕێنیش بوون، بەڵام بەشێک لەوانەى ئێستا بێکار و پول ماونەتەوەو گۆڕانیش وەک پێشتر پێى دەوتن تواناى دابین کردنى کارو پڕکردنەوەى بۆشاییەکەى نییەو ئێستا ئەو خەڵکانە هەندێکیان پەشیمانن، بەلەبەرچاو گرتنى ئەمەو قسەى ئەو ئافرەتەى کە وتى دەنگتان پێ ئەدەین بزانین ئیوە چۆنن بەڵام ئەگەر ئێوەش باش نەبوون دواتر دەنگ بە ئێوەش نادەین، پێناچێت گۆڕان بتوانێت ئەو دەنگەى لە پارلەمانى کوردستان وەدەستى هێنا لە پارلەمانى عێراقیش هەمان قەبارەى هەبێت، چونکە هەزاران کەس لە دەنگدەرانى لیستى گۆڕان واى بۆ دەچوون هەرکە گۆڕان گەشتنە پارلەمان یەکسەر وڵاتیان بۆ بگەن بە ئەوروپاو دادگەرى گۆمەڵایەتى و سەروەرى یاسا و هەموو ئامانجەکانیان وەدى دێنن کە ئەو بەرنامەش گۆڕان باسى دەکرد شتێک نییە لەماوەى چوارسالێشدا بێتە دى و دەنگدەرانیش لەو بارودۆخە دەتۆرێن و متمانەیان نامێنێت، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا گۆڕان دەتوانێت بەرگرى لە مانەوەى متمانەى جەماوەرەکەى بکات یان لە دەستى دەدات و جەماوەرەکەى ماڵ ئاوایی لێ دەکەن، ئەو لایەنانەى کە پێشتر بۆچوونیان بۆ ئەنجامى هەڵبژاردنەکانى کوردستان هەبوو، واى دەبینن کە لیستى گۆڕان ناتوانێت ئەو دەنگانەى پارلەمانى کوردستان وەدەست بخاتەوەو پارێزگارى لە مانەوەیان بکات، چونکە تا ئێستا نەیوانیوە کارێک بۆ نان بڕاوەکانى حزب بدۆزێتەوە، بەڵام عەبدوڵاى مەلا نوورى ئەندامى پارلەمانى کوردستان پێچەوانەى ئەمە بەڕاست دەزانێت و دەڵێت " متمانەمان بەخۆمان و بەو خەڵکەش هەیە کە دەنگیان پێداوین دڵنیاین هەمان دەنگ لە سنوورەکان وەدەست دێنیینەوەو ڕەنگە زیاتریش بێت چونکە ئێمە وەکوفراکسیۆنێکى ئۆپۆزسیۆن ئەتوانین لە پارلەماندا هەندێ چالاکیمان هەبێت کە لە بەرژوەندى خەڵکى کوردستاندا بێت لەلایەکى ترەوە دەسەڵات نەیتوانى ئەزمون لەو هەڵبژاردنە وەربگرێت کە بە هۆى ناڕەزایی خەڵکى کوردستانەوە لێى تۆراون و دەنگیان بە ئێمەوە داوە".


من پێشتر بۆچوونم وابوو لەسەر نهێنییەکانى وەدەست خستنى 25 کورسى پارلەمان لە کۆى 111کورسى لەلایەن لیستى گۆڕانەوە کە سەرکردەکانى بانگەشەى ئەوەیان کرد ئەوان تەنها شەڕى گەندەڵى دەکەن و پارەو دەسەڵاتیان ناوێ و دەستیان لێ هەڵگرتووە.


یەکەم جار وشەى گۆڕان بەو مانایەى گۆڕان لە سیستەمى حکومڕانى وڵاتدا بکرێت ساڵى 2006 چەپەکان وەکو بەرنامەى کار، کاریان لەسەر کردو هەر زووش مەشخەڵى کاروانەکەیان کوژایەوە، تادواجار لەساڵى 2009 پاش گۆشەگیرى نەوشێروان مستەفا لە حزبەکەى و هاتنەدەرەوەى بەشێک لە لایەنگرانى لە مەکتەبى سیاسى و سەرکردایەتى یەکێتى و لە سەروبەندى هەڵبژاردنەکاندا جارێکى تر وشەى گۆڕان هاتەوە نێو کایە سیاسیەکانى کوردستان، ئەوان لیستێکیان بەناوى لیستى گۆڕانەوە بۆ پارلەمانى کوردستان دامەزراند بەڵام مەشخەڵى ئەم گۆڕانە مەشخەڵێکى گەشاوە بوو هەڵبەت بەیەک خستنى ئەو دەنگە ناڕازییەى کە لەشەقامى کوردیدا هەبوو.


ئەگەر پەیام و بەرنامەى کارى لیسى گۆڕان کە ڕیفۆرمیستەکانى نێو یەکێتى نیشتمانى کوردستان سەرکردایەتى دەکەن بریتی بێت لە جیاکردنەوەى حزب لە حکومەت و بەرجەستەکردنى ئۆپۆزسیۆنێکى کاراو حکومەتێکى شەفاف و سەربەخۆیی دادگاو دابین کردنى دادگەرى کۆمەڵایەتى، ئەوە بەرەى گۆڕانى چەپەکانیش هەر هەمان بەرنامەو پەیام و کارنامە بوون، بەڵام ئەو نهێنییە چییە کە کاروانى ئەوانى لە سەرەتاى ڕێگا لە ناو بردو کاروانى نەوشێروانییەکانى بەشکۆمەندییەوە گەیاندە مەنزگاى خۆى؟


لە بەهارى ساڵى 2006 پێنج حزبى کوردستانى بەرەیەکیان بە ناوى بەرەى گۆرٍِان پێکهێنا، ئامانجى سەرەکى ئەو بەرەیە گۆڕانێک بوو لە هەیمەنەى حکومەتى هەرێم لەو کاتەداو بەرجەستەکردنى پارلەمان و ئۆپۆزسیۆنێکى کارا لەجەستەى ئەو هەرێمەى کە ئەوان پێیان وابوو دەبێت بۆ بەرقەرار کردنى دیموکراتییەکى بەمانا دیموکراتى هێزێکى ئۆپۆزسیۆنى کارا هەبێت و هاوکارى دەسەڵات بێت و پێکەوە کارى حکومەت تەواو بکەن، بەڵام هەر زوو تەنها حزبەکانى (بزووتنەوەى دیموکراسیخوازانى کوردستان و بزووتنەوەى دیموکراسى گەلى کوردستان و حزبى ڕزگارى کوردستان و پارتى چارەسەرى دیموکراتى کوردستان) لە بەرەکەدا مانەوە، هەر ئەوەندەى پێنەچوو بزووتنەوەى دیموکراتى گەلى کوردستان کە مام قادر ڕووسى سەرکردایەتى دەکات لەبەرەکە کشایەوە بەو بیانووەى "یەکێتى تیکە نانەکەیان پێنادات"و دواى ئەویش پارتى چارەسەر دەرچوونى خۆى لەبەرەکە ڕاگەیاند و ئەو دوو حزبەى کەمانەوە وایان ڕاگەیاند کە لە ژێر فشارى پەکەکە کشابێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا نەیانشاردەوە کە هەردوو حزبى دەسەڵاتدار لەکوردستان دەستیان لە تێکدانى بەرەکەیاندا هەیە، هەریەکە لە حزبى ڕزگارى و بزووتنەوەى دیموکراتسیخوازان کە مابوونەوە دوولەت بوون، و پارتى و یەکێتیان بەو کارە تاوان بار کرد.


حزبى ڕزگارى کە ڕێکار ئەحمەد سەرکردایەتى دەکرد دەرکردنى ناوبراویان ڕاگەیاند و لەلایەکى تریشەوە بزووتنەوەى دیموکراسیخوازانیش کۆنگرەیان بەست و دەستلەکارکێشانەوەى شوکرەڵا حەمەدەمینى سکرتێرى ئەوکاتى بزووتنەوەکەیان ڕاگەیاند و سامان عەلایان وەک سکرتێرى هەڵبژێردراوى کۆنگرەکەیان بە جەماوەرى بزووتنەوەکەیان ناساند، بەڵام ئەمە تەنها بەشێک لە مەکتەبى سیاسی و سەرکردایەتى بزووتنەوەکەى لەگەڵ بوو و بەشێکى تریان لەگەڵ باڵى گشتى بەسەرکردایەتى شوکرەلڵا لەهەولێر خۆیان بە خاوەنى ڕاستەقینەى بزووتنەوەکە ناساندو ڕایانگەیاند کە ئەوان برادەرانى سلێمانیان لێ جیابووەتەوە چونکە برادەرانى سلێمانى لە ژێر فشارى پەیوەندییەکانى یەکێتیدا داواى کشانەوەیان لە بەرەى گۆڕان کردووەو بەڵێنى وەرگرتنى پارەشیان پێدراوە کە ئەوکات بزووتنەوە لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە پارەیان پێنەدەدرا.


ئەگەر لێرە تێبینى بکەین نهێنییەکانمان بۆ ئاشکرا دەبێت.


چەپەکەیان هەڵگرى هەمان بەرنامەى کار و پەیام و ئامانج بوون کە ئێستا لیستى گۆڕان هەڵگریەتى، بەڵام ئەو جیاوازییە گەورەى کە لەنێوان ئەو دوو بزووتنەوەیەدا هەیە دەست بەرداربوون و دەست بەردارنەبوونە لە پارەو ئیمتیازات.


عەبدوڵا دەڵێ "سڕى نەجاحى ئێمە لەگەڵ گۆڕانى چەپەک پەیوەندى بە زەمەنەوە هەیە. تۆ لە چ کاتێکدا پێویستە پرۆژەیەکت هەبێت؟ کاتێک لیستى گۆڕان بەرنامەى کارى خۆى دەخاتە ڕوو زەمەنێکە لەگەڵ ئەو زەمەنەى ئەوکات جیاوازیی هەیە. ئێستا بارى سیاسی و کۆمەڵایەتى زۆر لەبارە، قیادەى گۆڕان و ئامادەسازى جەماوەرو هەموو ڕەگەزەکان کە پێویست بوو بۆ سەرکەوتن پێکەوەمان گرێدان".


حزبەکانى بەرەى گۆڕان تەنها بۆ ئەوەى دڵى یەکێتى و پارتى نەڕەنجێنن و ئەو بڕە پارەى کە پێیان دەدرێت لێیان نەبڕن لەبەرەکەیان دوورکەوتنەوەو کاروانیان خست. بەڵام سەرکردەکانى لیستى گۆڕان لە پلەکانى جێگرى سکرتێرو ئەندامى مەکتەبى سیاسی و سەرکردایەتى و بۆ خوارەوە تا پۆلیسێک ئامادەبوون نان بڕاو بن بەڵام ئەو کاروانەى بەڕێیان خستووە بەمەنزڵى بگەیەنن.


پاش هەڵبژاردن یەکێتى گۆڕانێکى زۆرى لە نێو خۆدا کردو هەر وەها کەناڵەکانى ڕاگەیاندنیشی لۆمەکردو بەرپرسانیانى گۆڕى لەوەى کە نەیانتوانی کارگەرییان هەبێت و بەشێوەیەکى مونەزەم کار بکەن ، ئەندامەکەى پارلەمانى کوەردستان بە پێچەوانەى ئەمەوە دەڵێ " ئەوان هەر بە شێوەیەکى مونەزەم کاریان کردووە ".


لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکانێک پێیان وایە گۆڕان دەتوانێت پێگە جەماوەرییەکەى لە دەست نەدات و بۆ سەلماندنى بۆچوونەکەشیان گۆڕان سیستەمى کارکردنى لەسەر ناشیرین کردن کارەکانى دەسەڵات گرتووەتە بەرو ئەمەش وادەکات خەڵکى لەدەسەڵات بتۆرێنێت بەلاى خۆىدا ڕڕبکێشێت " ئەوە کارى ئێمەیە کە کار لە سەر دەرخستنى کەموکوڕییەکان بکەین و کارێکى یاسایشە لە هەر وڵاتێکدا.".


ئەوەى کە لیستى گۆڕانى وەک ڕکابەرێکى لیستى کوردستان دەرخست پەیامەکەى بوو گە گۆڕان لە سیستەمى حوکمڕانى وەڵات دەکات و دژبە گەندەڵى و نادادى کۆمەڵایەتى و ناشەفافى بودجەو ... هتد . کار دەکات، ئەمانە واى کرد کە27% دەنگى خەڵکى ناڕڕزى کوردستان کۆبکاتەوە، بەڵام بۆ کۆکردنەوەى هەمان ئەو دەنگا بۆ پارلەمانى عێراق چ پەیامێکى دەبێت؟ ئەگەر باس لە داکۆکیکردن لە مافەکانى گەلى کورد و کارکردن بە دەستوورو شەڕى بودجەو گەڕانەوەى ناوچە دابڕاوەکان و چارەسەرى کێشە هەڵپەسێردراوەکان بکات، ئەوە ڕەنگە پەیامى هەموو کیانە سیاسییەکانى کوردستانیش بێت، کەوابوو لێرەدا کەسانێکى تر خۆیان نان بڕاو ناکەن بۆ لایەنێک کە خاوەنى هەمان پەیامى لیستى خاوەن دەسەڵات بێت،و بەمەش گۆڕان چانسى بەرگرى کردنى لە پێگە جەماوەرییەکەى کەمتر دەبێت.


هەرچەندە هێشتا زووە بۆ گەشتن بە خەمڵاندنى ئەنجامێکى دروست بۆ پارلەمان، بەڵام پێناچێت گۆڕان بتوانێت بەرگرى لە پێگەى جەماوەرى خۆى بکات، بە تایبەت ئەگەر ئەوە لە بەرچاو بگرین کە خەڵکانێکى زۆر بە هیواى ئەوەى کە گۆڕان ژیانیان وەک لەوەى کە هەیە باشتر بکات، خۆیان "نان بڕاو" کرد و ئێستاش بێ کار ماونەتەوە، کاتێکیش لیستى گۆڕان تواناى کارێکى نییە بۆ بە کار خستنەوەیان، ئەوان توڕەن و پەشیمانن، نان بڕاو کراوێک وتى "تەواو بێزا ربووین و نەمان بینى کاک نەوشێروان وەفاى بۆ ئەو کارەى ئێمەو هەبێت سوپاسمان بکات، هیچ توانایەکیشی بۆ گەڕانەوەمان نییە" ئەمە نمونەیەکە لەو چەندین کەسى ترى هاوبیرو هاوشێوە، تێوەگلانى قایمقامى هەڵەبجەو سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى بەگەندەڵى کە لایەنگرانى لیستى گۆڕان بوون و گەورەکردنەوەى کێشەکە لەلایەن دەزگاکانى سەربەدەسەڵاتەوە، خستنە ڕووى بۆ ڕاى گشتى کاریگەرى زۆرى هەبووە لەسەر لایەنگرانى گۆڕان، هەر بۆیە بەلەبەرچاو گرتنى ئەو هۆکارانەى باسمان کردن وەدەست خستنەوەى ئەو دەنگانەى کە گۆڕان لە هەڵبژادنى پارلەمانى کوردستان وەدەستى خستن، بۆ پارلەمانى عێراق زەحمەت دەبێت.