٢٣\۴\٢٠١٠ ئایا ئیسلام له‌ته‌ك سه‌ربه‌ستی و دیموكراسیدا دێته‌وه؟
زاهیر باهیر - به‌شی دووه‌م -
ئایین و ترس، ئایین و دڵڕه‌قی، ئایین و به‌دكاری و خراپه‌كردن...
گه‌رچی كه له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م به قسه‌یه‌كی Russell به كورتی كرد سه‌باره‌ت به ئایین و ترس، ئایین و دڵڕه‌قی و خراپه‌كاری، ئێستاش ده‌توانم زیاتر تیشك بخه‌مه سه‌ر ئه‌وه به هێنانه‌وه‌ی قسه‌ی كه‌سانیتر و به‌ڵگه‌ی مێژویی، كه ده‌توانین هه‌موو ئه‌مانه به به‌ڵگه بۆ به‌رپه‌چدانه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی كه ده‌ڵێن ئایین: بووه‌ته هۆی ڕاگرتنی ئاسایش، وه‌ستانی خه‌ڵك له كوشتن و بڕین و دزی و تاڵانی و ده‌ستدرێژیكردنه (لاقه‌کردن) سه‌ر ئافره‌ت و منداڵ و كه‌مئه‌ندام و بێتوانایان ..هتد گوایه ئایین نه‌مێنێت ئیدی كۆڵه‌كه و دیواری ویژدان و ڕه‌وشت و مرۆڤایه‌تی هه‌مووی هه‌ره‌س ده‌هێنێت، به‌كورتییه‌كه‌ی ئه‌مان ده‌ڵێن گه‌ر ئایین نه‌مێنێت ئیدی دنیا ئاخر ده‌بێت.
ئیبن وه‌ره‌ق له‌لاپه‌ڕه 157ی هه‌مان په‌رتووكدا كه ده‌توانم بڵێم قسه‌كه‌ی Russell ته‌واو ده‌كات، ده‌ڵێت " ترس دواجار له‌ژێر نێڵه‌ی كاری نامرۆیانه‌دا ئه‌خلاق بۆگه‌ن ده‌كات، كه به‌دووره له پاكی و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی، بۆ خۆپاراستن له ئه‌شكه‌نجه‌دانی دۆزه‌خ كه بۆ باوه‌ڕداران له‌و ڕاستییه كه‌متر نییه له دڵخۆشبوون به نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی جوانكردنه‌وه كه به‌ناوی به‌هه‌شته‌وه ناو ده‌برێت".
جورج بێرناردشۆش له بۆنه‌یه‌كدا جارێك وتوویه‌تی " له ڕاستیدا به‌خته‌وه‌ری ئه‌و بڕوادارانه له گوماندارێك (واته له‌خودا)، زیاتر نییه له‌و ڕاستیه‌ی كه پیاوێكی سه‌رخۆش به‌خته‌وه‌رتره له كه‌سێكی ئاسایی (ناسه‌رخۆش) " لاپه‌ڕه 167The God Delusion, By Richard Dawkins .
ئیبن وه‌ره‌قیش درێژه به‌م باسه‌ده‌دات و له‌لاپه‌ڕه 180 دا ده‌ڵێت" هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ده‌سته و دامه‌زراوه‌یه‌كی ئایینیت هه‌بوو هه‌روه‌كو Kant و Paine وتوویانه به‌بێ هیچ گومانێک تۆ فه‌رمانڕه‌واییه‌كی دڵڕه‌قی به‌دفه‌ڕت هه‌یه، هزرێكت هه‌یه كه له غیابی ڕه‌خنه‌ی عه‌قڵیانه‌دا په‌نای هوشیاری و پێشكه‌وتنی ئه‌خلاق نادات. له حكوومه‌تێك یا سیسته‌مێكی ئیسلامی‌دا خوا و فه‌رمانڕه‌وایه‌تییه‌كه‌ی ره‌هایه. قسه‌و وته‌كانی له سنووری ڕه‌هایه‌تیش ده‌ترازێت، به‌بێ مشتومڕكردن، به‌بێ گومان، به‌بێ پرسیار و تێڕامان. ناتوانین گله‌ییه‌ك له هه‌قی خودا بكه‌ین، هه‌وه‌ها ناتوانین هه‌قی ڤیتۆ له ڕایه‌كانی خودادا به‌كار بهێنین. خوای موسوڵمانان دیمۆكراتی نییه، ناتوانین لێی ڕزگارمان بێت وه‌كو چۆن له سیسته‌مێكی دیمۆكراتی‌دا ده‌توانین له‌و مرۆیه‌ی كه له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه هه‌ڵبژێردراوه، ڕزگارمان بێت. خۆ گه‌ر ده‌سه‌ڵات گه‌نده‌ڵ بێت ئه‌وه ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها به‌ڕه‌هایی گه‌ندڵه".
Hamilton Gibb سه‌باره‌ت به‌هه‌مان مه‌سه‌له ده‌ڵێت " خوا وه‌ستایه‌كی زۆر شاره‌زایه، ئه‌و پیاوه‌یه ده‌سه‌ڵاتێكی ڕه‌های هه‌یه ، بوونه‌وه‌ره‌كانی هه‌میشه له ترس و خه‌ته‌ری ژێر ڕه‌حمه‌تی یا ته‌واوی توڕه‌یی ئه‌ودان، ئه‌مه‌ش بناخه‌ی دیراسه‌ی موسوڵمانانه له‌سه‌ر سروشتی خوا و پرنسیپه‌كانی ئه‌خلاق" په‌رتووكه‌كه‌ی ئیبن وه‌ره‌ق لاپه‌ڕه 157.
له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا له‌و كاته‌وه‌ی كه ئایینی ئیسلام و جووله‌كه و مه‌سیحی دروستبوون و هاتوونه‌ته ژیانی خه‌ڵكه‌وه تاكو ئێستا ئه‌و هه‌موو کوشتوبڕه به کۆمه‌ڵییه، ئه‌و‌هه‌موو ترساندن و زیندانه، ئه‌و هه‌موو هه‌ڵكه‌ندن و گواستنه‌وه‌ی خه‌ڵكی له ڕێوشوێنی خۆیان، ئه‌و هه‌موو سزا توندوتیژ و دڵڕه‌قانه‌ی كه ڕوویانداوه و به‌كارهاتوون هه‌مووی خه‌ڵكانی دیكتاتۆری ئاییندار یا پارت و ڕێكخراو‌ی ئایینی چ جڵه‌وی ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌تیان به‌ده‌سته‌وه بووبێت یا له ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات بووبن، كردوویانه. هه‌ر چاوێك به‌چه‌ند ساڵی پێشوودا یا كۆنتر بگێڕین به ده‌یان نموونه ده‌توانین بهێنینه‌وه. سه‌ددام حسه‌ین هه‌تا ده‌ستی نه‌كرد به جه‌نگ له‌ته‌ك ئێران‌دا نه‌بوو به ئیسلام به‌و واتایه‌ی كه قورئان بخوێنێته‌وه و نوێژ بكات و ڕۆژوو بگڕیت و سه‌ردانی مزگه‌وته‌كان بكات و بودجه‌یه‌كی گه‌وره بۆ دروستكردنی مزگه‌وتی تازه یا تازه‌كردنه‌وه‌ی مزگه‌وته كۆنه‌كان، ته‌رخان بكات، ئه‌و شه‌ڕه‌ی له‌ته‌ك ئێران‌دا كرد و ناویشی نا جه‌نگی قادسییه. له جه‌مسه‌ره‌كه‌ی ئه‌و سه‌ریشه‌وه خومه‌ینیش كه كه‌وته جه‌نگه‌وه، هه‌ر به‌ناوی ئیسلامه‌تی و هه‌م بۆ ئیسلامیش بوو، له سه‌ر سووره‌ته‌كانی قورئان و وته‌كانی په‌یامبه‌ر ده‌ڕۆیشت.
سه‌ددام كه كوردی ئه‌نفال كرد نه‌ك هه‌ر به‌ناوی ئایینه‌وه بوو هه‌ندێكیش له زانا و مامۆستا ئایینییه‌كانیش بانگه‌وازی بێئایینیبوونی كوردیان كرد، ناوی ڕاگواستنی دێهات و شارۆچكه‌كان و وێرانكردنیانی له سووره‌تی ئه‌نفال و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌یه‌وه وه‌رگرتبوو. هه‌ر سه‌ددامی موسوڵمان نه‌بوو كوشتاری له شیعه‌كانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق دروستكرد و كوردستانیشی كیمیاباران كرد.
تالیبان و ئه‌لقاعیده‌ش كه‌ڵكیان له‌سووره‌ته‌كانی قورئان و پێڕه‌وكردنی له کوشتوبڕی خه‌ڵكدا، بینیوه و تا ئێستاش ده‌یكه‌ن. هه‌ر تالیبانه‌كان نه‌بوون كه بته‌كانی بوزایان لهBamiyan وردوخاش كرد. هه‌ر موجاهیدینه‌كان نه‌بوون له هه‌شتاكاندا به‌تۆپ بێ ده‌ستپاراستن له ژن و پیر و په‌ككه‌وته و منداڵانی بێ‌تاوان، كابولیان ده‌دایه به‌ر تۆپ و ئاڕپیجی. هه‌ر حه‌ماس و پارتوڵا نه‌بوون و نین خۆیان یا سه‌یاره ده‌ته‌قێننه‌وه خه‌ڵكانی هه‌ژار و بێده‌ره‌تانی ئاسایی ده‌كوژن.
جووله‌كه‌ی ئه‌رسه‌دۆكسیش هه‌موو به‌یانییه‌ك كه‌له خه‌و هه‌ڵده‌ستێت وا فێركراوه كه به ده‌نگی به‌رز ڕۆژانه بیڵێته‌وه" ستایش بۆ تۆ (بۆ خوا) كه نه‌تكردووم به غه‌یری جووله‌كه، ستایش بۆ تۆ كه‌نه‌تكردووم به ژن، ستایش بۆتو كه نه‌تكردووم به به‌نده" لاپه‌ڕه 259 له‌په‌رتووكی The God Delusion. كه جووله‌كه‌یه‌ك ئه‌مه هزرینی بێت چۆن ده‌توانێت له دروستكردنی كوشتارێك كه پێویست بێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و حوكمڕانانی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل و پاراستنی، سڵ بكاته‌وه، ئیدی چۆن سه‌برا و شاتیلای فه‌له‌ستین ڕوونادات؟ چۆن كاره‌ساته‌كه‌ی شاری جه‌نینی فه‌له‌ستین و هێرشه دڕندانه‌كه‌ی ئیسرائیل بۆ سه‌ر لوبنان 3 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ڕوونادات؟ چۆن كوشتا‌ره‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی غه‌ززه‌ی فه‌له‌ستین كه 1600 كه‌س له غه‌ززه و 13 كه‌سی ئیسرائیلیش كوژران، ڕوونادات؟
كه (به‌ریتانیا)ش (هیندستان)ی به‌جێهێشت و دواتریش پاكستان له‌دایك بوو، گه‌رچی ئه‌م دروستبوونه خواستێكی دورودرێژی كۆمه‌ڵه یا گروپی موسوڵمانان بوو كه له ساڵی 1906 دا له‌سه‌ر ده‌ستی موحه‌مه‌د عه‌لی جه‌ناح دا دروستبوو، پێشڕه‌وایه‌تی ئه‌م خواسته نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیه‌ی ده‌كرد، كه‌چی پرسه‌که زیاتر به‌لایه‌نی مه‌زهه‌بی و ئایینی‌دا شكایه‌وه و ئه‌مه‌ش بووه هۆی گه‌لێك ڕوداوی دڵته‌زێن. با له‌ده‌می (ئه‌حمه‌د ڕه‌شید)ه‌وه بیگێڕینه‌وه كه له په‌رتووكه تازه‌كه‌ی ، Descent into chaos دا ده‌ڵێت " ملیۆنه‌ها له هینده‌كان و سیخه‌كان كه له‌پاكستاندا ده‌ژیان به‌ره‌و هیندستان ملیان نا ، له كاتێكیشدا كه موسوڵمانه‌كانی هیندیش به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژ ئاوای پاكستان كۆچیان ده‌كرد . 12 ملیۆن خه‌ڵكی سه‌رلێشێواو ماڵیان ده‌گواسته‌وه، له‌نێوان 500.000 كه‌س بۆ ملیۆنێك که‌س له جه‌نگێكی سكتاریانه‌دا كوژران. پاكستان له گۆمی كینه و ڕق لێكهاتنه‌وه‌ی كه‌مایه‌تیه‌كانه‌وه دروست بوو، له كاتێكدا كه به ملیۆنه‌ها موسوڵمان ده‌یانویست له هیندستانێكی سكوێلاردا بمێننه‌وه. ده‌وڵه‌تێكی نوێی نه‌ته‌وه‌یی له ڕیگه‌یه‌کی تراژیدییه‌وه ده‌ستیپێكرد ، هه‌ر له‌و كاته‌دا پرسیارێك دروست بوو".
خۆگه‌ر چاو به ڕابوردووشدا بگێڕیته‌وه ئه‌وه هه‌ر دروستبوون و بڵاوكردنه‌وی ئایینی ئیسلام به جه‌نگ و غه‌زا ده‌ستیپێكرد كه ئه‌مه‌ش دواتر له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌مه‌وییه‌كان و عه‌باسییه‌كان و دواتریش شه‌ڕی نێوانی سه‌فه‌وی و عوسمانی، به ملیۆنان خه‌ڵك كوژران و كه‌مئه‌ندام و زه‌ده‌بوون، یاخود له شوێن و ڕێگای خۆیان هه‌ڵكه‌نران. خۆ ئه‌م كوشتا‌رانه له‌سه‌ر ده‌ستی ئایینی مه‌سیحیشدا ڕوویداوه، به‌ڵام باسه‌كه‌ی من له‌سه‌ر ئیسلام و ئایینی ئیسلامه بۆیه لێره‌دا من ناچمه ئه‌و ورده‌كارییه‌وه.
كێیه كه گوته‌ی مه‌ترسیداری نابه‌رپرسانه ده‌دات كه ده‌ڵێت "گه‌وره‌ترین تێكده‌ری ئاشتی جیهان منداڵ له‌باربردنه" كه‌چی خه‌ڵاتی نۆبێل بۆ ئه‌م ڕاو و بۆچوونه وه‌رده‌گرێت. ئه‌وه كه‌سێكی بێئایین و خوانه‌ناسه یا دایكه ترێسه‌ی مرۆڤپه‌روه‌ر و به ئایینه؟
كێ بوو له‌سه‌ر ده‌ستیدا جه‌نگی جیهانی دووهه‌م ڕوویدا؟ كابرایه‌كی ئایینی مه‌سیحی یا كابرایه‌كی بێئایینی بێبڕوای خوانه‌ناس؟ بێگومان هیتله‌ری ئاییندار بوو.
Steven Weinberg كه زانایه‌كی ئه‌مه‌ریكییه و له‌بواری فیزیاداخه‌ڵاتی نۆبیلی وه‌رگرتووه، ده‌ڵێت" ئایین سوکایه‌تیكردنه به كه‌رامه‌تی مرۆڤ. به‌بێ ئایین و به هه‌بوونیشی تۆ خه‌ڵكانێكی باشت هه‌ن كه كاری باش ده‌كه‌ن و خه‌ڵكانێكی خراپیشت هه‌ن كه كاری خراپ ده‌كه‌ن، به‌ڵام بۆ خه‌ڵكانی باش كه كاری خراپ بكه‌ن ئایین هۆیه‌كه".
Blaise Pascal یش شتێكی له‌و چه‌شنه ی وتووه" پیاوان كاری وا به‌د به كامڵییه‌وه و به ئاگاییه‌وه ناكه‌ن، كاتێك كه ده‌یكه‌ن له بڕوای ته‌واو به ئایینه‌وه‌یه" The God Delusion, Richard Dawkins ، لاپه‌ڕه 249.
هیتله‌ریش وه‌كو گه‌لێكی تر ئایینی بووه، ڕاسته گه‌لێك هۆی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كێشمانكێشی نێوان وڵاته‌كان بووه هۆی ڕوودانی جه‌نگی جیهانی دووه‌م به‌ڵام له‌سه‌ر ده‌ستی هیتله‌ردا ئه‌وه هه‌ڵگیرسا و باوه‌ڕدارێتی ئه‌ویش یارمه‌تیده‌رێكی گه‌وره‌بوو بۆ دروستكردنی ئه‌و كوشتاره مرۆڤییانه‌ی كه ڕوویدا به‌تایبه‌ت دژی جووله‌كه.
هیتله‌ر هێشتا هه‌ر كه زۆر لاو بووه ئایینی به‌توندی گرتووه و تێڕوانینی سه‌یری هه‌بووه. بڕوانه له خه‌باتی منMein Kampf سه‌باره‌ت به هیتله‌ر ده‌ڵێت هه‌ر كه بیستی كه جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی هه‌ڵگیرسا، ئه‌مه‌ی وت " له‌سه‌ر ئه‌ژنۆم چۆكم دادا و سوپاسی به‌هه‌شتم، سه‌روه‌ره‌كه‌م كرد ....................به‌و چاكه‌یه‌ی كه به من دراوه كه مۆڵه‌تی ئه‌وه‌م پێدراوه له زه‌مه‌نێك و زه‌مینێكی ئاوادا بژیم" ئه‌مه‌ی له 1914 دا وتووه كه ته‌مه‌نی ته‌نها 25 ساڵ بووه به‌ڵام له ساڵی 1920 كه ته‌مه‌نی 31 ساڵ بووه براده‌ره نزیكه‌كه‌ی كهRudolf Hess بووه كه دواتریش بوو به جێگری له نامه‌یه‌كیدا بۆ سه‌رۆك شالیارانی Bavaria ده‌ڵێت " من Herr Hitler به‌شه‌خسی و به باشی ده‌ناسم زۆریش نزیكم لێی. ئه‌و كاراكته‌رێكی نائاسایی به‌ڕێزی هه‌یه هه‌روه‌ها گه‌لێكیش میهره‌بانه، ئیمانداره و كاسۆلیكێكی باشیشه" لاپه‌ڕه 273 -274 .، هه‌مان سه‌رچاوه.
Dawkins زیاتر تیشك ده‌خاته سه‌ر ئه‌م لا‌یه‌نه‌ی ژیانی ئایینداریی هیتله‌ر، بۆیه په‌نجه بۆ هه‌ندێك له قسه‌كانی، نامه‌كانی ، نووسینه‌كانی ڕاده‌كێشێت. هه‌ر له‌هه‌مان لاپه‌ڕه‌دا ده‌ڵێت " له گوته‌كه‌ی به‌رلینی 1933ییدا، هیتله‌ر وتی : ئێمه قه‌ناعه‌تمان هه‌یه كه خه‌ڵكی پێویستێتی و داوای ئه‌م باوه‌ڕ و ئیمانه‌ش ده‌كات. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه ئێمه هه‌ڵده‌ستین به‌جه‌نگی دژ به‌بزووتنه‌وه‌ی بێئایینه‌كان، ئه‌وه‌ش نه‌ك به‌بانگهێشه‌كردنی ته‌نها له ڕێگای تیۆرییه‌وه، ئێمه ده‌یان پروێنین" له‌ساڵی 1941 یشدا به‌سه‌ركرده‌ی هێزی سه‌ربازی وت: من بۆ هه‌میشه به كاسۆلێكێتی ده‌بێت بمێنمه‌وه" لاپه‌ڕه274.
ئه‌مه یه‌كه‌م وتاردانی نه‌بووه و یه‌كه‌م نووسینیشی نه‌بووه كه‌وا به‌و ڕاشكاوییه‌وه باس له پته‌وی بڕوای خۆی به ئایین بكات. له یه‌كێك له وتاردانه به‌ناوبانگه‌كانی ساڵی 1922ی‌دا چه‌ند جارێك ئه‌وه دووباره ده‌كاته‌وه كه ئه‌و مه‌سیحییه ده‌ڵێت: "وه‌كو مه‌سیحییه‌ك هه‌ستم ڕووی پێ كردمه سه‌روه‌ره‌كه‌م، په‌یامبه‌ره‌كه‌م وه‌كو جه‌نگاوه‌رێك، ڕووی پێ كردمه پیاوێك له وه‌ختێكدا بوو كه ته‌نها بووم ، ئه‌ویش به موا‌لییه‌كانی (ئه‌وانه‌ی كه دوای كه‌وتبوون) حاته درابوو، ده‌ركم به‌وه كردبوو كه ئه‌م جووله‌كانه بۆچی و به‌ره‌و كوێ و !! بانگی پیاوان بكه‌م كه شه‌ڕیان له دژ بكه‌ن، ڕاستگۆیه‌تی له‌ته‌ك خوادا گه‌وره تره نه‌ك له‌وانه‌ی كه ئازا‌ر ده‌چێژن به‌ڵكو له جه‌نگاوه‌ران. له خۆشه‌ویستییه‌كی بێ‌سنوور وه‌كو مه‌سیحییه‌ك ، وه‌كو پیاوێك ئه‌یخوێنمه‌وه له ده‌روازه‌ی ئه‌و پرۆسێسه‌وه كه پێمان ده‌ڵێت چۆن سه‌ره‌نجام سه‌روه‌ر هه‌ڵكشا به ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی خۆی ئه‌وانه‌ی كه بونه‌ته مایه‌ی گیروگرفت له په‌رستگه‌كه‌یان ده‌ریانپه‌ڕێنێت، ئه‌وانه‌ی وه‌كو ئاژه‌ڵێك، مار، خۆیان حه‌شارداوه. چه‌ند گرنگه جه‌نگه‌كه‌ی (جه‌نگی سه‌روه‌ر) بۆ جیهان دژی جووله‌كه ژاراوییه‌كان. له دوای 2000 ساڵه‌وه تاكو ئه‌مڕۆ، به‌سۆزێكی قووڵه‌وه زۆر به‌قووڵی له هه‌میشه زیاتر ده‌رك ده‌كه‌م به‌و ڕاستییه، كه ئه‌وه بووه، ئه‌بووایه خوێنی به‌سه‌ر خاچه‌كه‌دا بڕشتایه. وه‌كو مه‌سیحییه‌ك به‌ئه‌ركی نازانم كه له خۆم بگه‌ڕێم هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێنرێم، به‌ڵكو ئه‌ركی سه‌رشانمه كه ببمه جه‌نگاوه‌رێك له پێناوی ڕاستی و داددا....خۆ ئه‌گه‌ر شتێكیش بتوانێت ئه‌وه بخاته به‌رچاو كه ئێمه كارێكی ڕاست ده‌كه‌ین ئه‌و په‌ژاره و نائارامییه‌یه كه ڕۆژانه له زیادبووندایه، بۆ مه‌سیحییه‌كی وه‌كو من، بۆ خه‌ڵكه‌كه‌م، دیسانه‌وه ئه‌مه ئه‌ركی سه‌رشانمه" لاپه‌ڕه 275 هه‌مان سه‌رچاوه.
Dawkins باوه‌ڕی وایه ك هیتله‌ر هه‌ندێك وشه‌ی له مـارتن لۆسه‌ره‌وه وه‌رگرتووه (داوكینز مه‌به‌ستی له كاریگه‌ری و به‌هێزی وشه‌كانه، نه‌ك ئه‌وه‌ی لوسه‌ر وه‌كو هیتله‌ر بیری كردبێته‌وه) هه‌ر بۆیه له هه‌مان لاپه‌ڕه‌دا په‌نجه بۆ ئه‌وه ڕاده‌كێشێت كه هیتله‌ر ئه‌مه‌ی به‌ڕێككه‌وت نه‌وتووه چونكه له Mein Kampf دا ده‌ڵێت" ئه‌مڕۆ من باوه‌ڕم وایه كه من به‌پێی ویسته‌كانی ده‌سه‌ڵاتداری بێپایانی دروستكه‌ری بوونه‌وه‌ران ده‌ڕۆم: به‌به‌رگریكردن له خۆم دژی جووه‌كان ، من له پێناوی كار و فه‌رمانه‌كانی سه‌روه‌ردا ده‌جه‌نگم" ئه‌مه‌ی له‌ساڵی 1925 دا وتووه.
لێره‌دا ئایینداره‌كان، باوه‌ڕداره‌كان، ڕه‌نگه پرسیاری ئه‌وه بكه‌ن بڵین خۆ ستالین بێئایین بووه و ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌شی كوشتووه.
گومان له‌وه‌دا نییه كه ستالین و هیتله‌ر هه‌ردووكیان دڵڕه‌ق بوون و كوشتارێكی گه‌وره‌یان دروستكردووه به‌ڵام وه‌کDawkins یش ده‌ڵێت ته‌نها به‌ڵگه‌یه‌كی بچو‌وكیش نییه كه بێئایینیی پاڵی به‌ستالینه‌وه نابێت بۆ دروستكردنی ئه‌و قه‌تڵوعامه‌ی كه كردوویه‌تی .
ئه‌م لێكدانه‌وه‌ی سه‌ره‌وه به‌ره‌و پرسیارێكی زۆر گه‌وره‌مان ده‌بات كه تا ئێستا ده‌سه‌ڵاتداره‌كانمان، حكوومه‌ته‌كانمان یا بیریان لێنه‌كردۆته‌وه یا به‌ئه‌نقه‌ست فه‌رامۆشی ده‌كه‌ن له به‌رامبه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری و ڕامیاری خۆیاندا، پرسیاره‌كه‌ش ئه‌مه‌یه: ئایا لۆمه‌ی ئایین بكه‌ین یا هه‌ڵگرانی ئایین؟ به‌واتایه‌كی تر بۆ به‌رگریكردن له خۆمان یا بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه ده‌بێت جه‌نگ دژی خودی ئایینه‌كان بكه‌ین یا هه‌ڵگرانی؟ هه‌ر ئه‌مه‌ش ده‌مانباته ناو به‌شێكی تری ئه‌م باسه‌وه.
|