٢٩\۴\٢٠١٠
ئایا ئیسلام
له‌ته‌ک سه‌ربه‌ستی و دیموکراسیدا
دێته‌وه؟
زاهیر باهیر
- به‌شی شه‌شه‌م و کۆتایی
-
ئیسلام و سه‌ربه‌ستی،
ئیسلام و مافی مرۆڤ.
له به‌شی کۆتایی ئه‌م باسه‌دا ده‌مه‌وێت له سه‌ربه‌ستی و مافی مرۆڤ
له ڕوانگه‌ی ئیسلام و ئه‌وه‌ی که به‌ناوی بانگه‌شه‌ی سه‌رانسه‌ری بۆ
مافی مرۆڤ که له لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانه‌وه
ده‌نگی له‌سه‌ر دراوه و قه‌بووڵ کراوه، بدوێم، هه‌روه‌ها ئه‌مه‌وێت
گه‌ر به‌کورتییش بێت هه‌ڵوێستی هه‌ندێک له زانایان و پیاوانی ڕامیاری
ئیسلامی و ده‌وڵه‌ته ئیسلامییه‌کانیش، ده‌ربخه‌م یا باس بکه‌م.
گومانی تێدا نییه که ئه‌مڕۆ پێناسه‌یه‌ک هه‌یه بۆ مافه‌کانی مرۆڤ له
هه‌موو بواره‌کانی ژیان و ناو کۆمه‌ڵگه‌دا که ئه‌وه‌ش وه‌ک جاڕنامه‌یه‌ک
له لایه‌ن ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانه‌وه له شاری جنێڤ ده‌رکراوه،
دواتریش زۆربه‌ی زۆری هه‌موو وڵاتان له‌سه‌ری قایل‌بوون، له‌ژێر ناوی
Universal Declaration of Human Rights (UDHR) The . هه‌ڵبه‌ته مه‌رج
نییه هه‌موو وڵاتان په‌یڕه‌وی بکه‌ن به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه
ئه‌مڕۆ ئه‌و پێناسه‌یه هه‌یه و ئه‌وه‌شی که په‌یڕه‌وی نه‌کات
نا‌توانیت نکوڵی لێبکات، یا به ئاشکرا بڵێت من پێشێلی ده‌که‌م، به‌ڵکو
هه‌میشه سه‌رکۆنه‌ی تاوانه‌کانیان ده‌که‌ن که دژ به مافی مرۆڤ و
مرۆڤایه‌تی ده‌یکه‌ن.
گومانیش له‌وه‌دا نییه که پێناسه‌یه‌کی سه‌رانسه‌ری له‌سه‌ر مافی
مرۆڤ و سه‌ربه‌ستییه‌کانی له‌لایه‌ن که‌سان و زانایانی ئیسلامی و ده‌وڵه‌ته‌کانیشیانه‌وه،
نییه. هه‌ر بۆیه ده‌بینین که هه‌ر یه‌که‌یان له ڕوانگه‌ی جیاوازه‌وه
لێی ده‌ڕوانن، واته مه‌رج نییه هه‌موویان له‌ته‌ک جاڕنامه‌ی
ئیسلامی بۆ مافی مرۆڤ The Universal Islamic Declaration of Human
Rights (UIDHR) ڕیککه‌وتبێتن و ڕێکبکه‌ون – دواتر به به‌ڵگه‌وه
دێمه‌وه سه‌ر ئه‌م باسه چونکه ئیسلام لێکدانه‌وه‌یه‌کی سه‌رانسه‌ری
مه‌بده‌ئیانه‌ی نییه له قه‌بووڵکردنی مافی مرۆڤ یا ببێته
یارمه‌تیده‌ر و پشتگریکه‌ری ئه‌وه‌ی له سه‌رانسه‌ری جیهاندا باوه‌و
پێکهاتنی له‌سه‌ر کراوه. ئه‌مه بێ له‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی یا
ئابووری و ڕامیاری له وڵاتان و حوکمڕانانی ئیسلامی‌دا، بناخه و بنه‌ماکانی
ئیسلام و ئایینی ئیسلامی گه‌نده‌ڵ کردووه، له باشترین حاڵه‌تدا له
هه‌ندێک بواردا بڕێک له مافه‌کانی مرۆڤ قه‌بووڵ ده‌کرێت ئه‌ویش به
به‌ندومه‌رجێکی زۆره‌وه، ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێت ئایین به هه‌رسێ
به‌شه‌که‌یه‌وه: ئیسلام، مه‌سیحی یا جووله‌که ئایینی پیاوه، ئایینی
نێرینه‌یه، که له‌و حاڵه‌ته‌دا زۆر گرانه دان به مافی به‌شه‌که‌ی
تری مرۆڤدا بنێت. هه‌ر بۆیه ته‌فسیری مافی مرۆڤ له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی
ئێران و ئایه‌توڵڵاکانه‌وه جودایه له میره‌کانی سعوودیه و که‌ندا و
یا زانکۆی ئه‌زهه‌ر یا جاڕنامه‌کانی مافی مرۆڤ هه‌ر له‌ڕوانگه‌ی
ئیسلامه‌وه له قاهیره‌وه تا ده‌گاته که‌سه ناسراوه‌کانی تر.
بۆ نموونه ڕای خومه‌ینی له‌سه‌ر مافی مرۆڤ ئه‌مه بوو" ئه‌وه‌ی که
ناوی مافی مرۆڤی لێده‌نێن، شتێک نییه جگه له پیاده‌کردنی چه‌ند
یاسایه‌کی گه‌نده‌ڵ که له لایه‌ن زایونیزمه‌وه دامه‌زراون بۆ هه‌ره‌سهێنانی
ئایینه ڕاسته‌قینه‌کان" لاپه‌ڕه 35 Islam and Human Rights ، Fourth
Edition، By Ann Elizabeth Mayer
ئایه‌توڵا عه‌لی خامه‌نه‌ئیش له‌و سه‌رده‌مه‌ی که سه‌ره‌ک کۆمار بوو
وتی" گه‌ر بته‌وێت بزانیت چی هه‌ڵه‌یه و چی ڕاسته، ئێمه په‌نا نابه‌ینه
به‌ر نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان، به‌ڵکو په‌نا ده‌به‌ینه به‌ر
قورئانی پیرۆز. بۆ ئێمه جاڕنامه‌ی سه‌رانسه‌ری مافی مرۆڤ، شتێک نییه
جگه له شتی هیچوپووچ که له لایه‌ن شوێنکه‌وتووه‌کانی شه‌یتانه‌وه
کۆکراونه‌ته‌وه" هه‌مان لاپه‌ڕه‌ی هه‌مان سه‌رچاوه.
مه‌لیک فه‌هدیش سه‌باره‌ت به‌و گوشاره‌ی که له‌سه‌ری بوو له کردنی
جۆرێک له ڕیفۆرم و ڕێگه‌دان به خه‌ڵکانی وڵاته‌که‌ی تاکو هه‌ر هیچ نه‌بێت
چه‌شنێک له ئازادی و سه‌ربه‌ستیان هه‌بێت، ده‌ڵێت" ئه‌و سیسته‌مه
دیمۆکراتییه‌ی که ئه‌مڕۆ له جیهاندا له ئارادایه و ده‌یه‌وێت
ببێته سیسته‌مێکی باو، نه‌شیاوه و بۆ خه‌ڵکانی ناوچه‌که‌ی ئێمه
ده‌ستنادات. پێکهاته‌ی خه‌ڵکانی ئێمه جیایه و جیاوازییان هه‌یه
له‌گه‌ڵ خه‌ڵکانی تری جیهاندا. ناتوانین ئه‌و ڕێگه‌یه‌ی که له
لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه له وڵاتانی تردا به‌کار ده‌هێنرێت پێڕۆی بکه‌ین به‌سه‌ر
خه‌ڵکه‌کانماندا. ئێمه بیروباوه‌ڕی ئیسلامیمان هه‌یه، که
ده‌ستوورێکه به ته‌واوی یه‌کگیره له‌گه‌ڵ سیسته‌مه‌که‌ماندا. به
بڕوای من دیمۆکراسی ڕۆژئاوایانه ڕه‌نگه له وڵاته‌کانیاندا بگونجێت
به‌ڵام بۆ وڵاتی ئێمه ده‌ستنادات" لاپه‌ڕه45 هه‌مان په‌رتووک.
له وڵاتی ئه‌فغانستانیش له سه‌رده‌می تالیبانه‌کاندا هیچ جۆره
سه‌ربه‌ستییه‌ک بۆ پیاویش نه‌مابوو، ئه‌وه هه‌ر باس له سه‌ربه‌ستی
ژنان هه‌ر نه‌ده‌کرا. ئه‌فغانستان که به به‌راورد له‌ته‌ک سه‌رجه‌می
وڵاتانی ئیسلامی‌دا زۆر له‌پێش هه‌موویانه‌وه بووه نه‌ک هه‌ر له
سه‌رده‌می نه‌جیبوڵڵادا بگره له ساڵانی چله‌کانیشدا. له‌ساڵانی 64 و
65 دا ئافره‌ت هه‌ڵبژێردراوه بۆ ئه‌ندامی په‌رله‌مان، ئه‌م وڵاته له
سه‌رگه‌رمی گه‌شه کردندا بوو له ساڵانی حه‌فتاکان و سه‌ره‌تای سه‌رده‌می
حوکمی نه‌جیبوڵاشدا، به‌ڵام له ساڵی2001دا دوای ڕاونانی تالیبان و
دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تێکی "دیمۆکراسی" گه‌رچی له ده‌ستووره‌که‌یدا له
مادده‌ی 22 باس له یه‌کسانی هاو‌وڵاتییان ده‌کات، پیاو یا ژن ده‌بێت
مافی خۆیان هه‌بێت له به‌رده‌م یاسادا به‌ڵام له "مادده‌ی 3 و 4 دا
ده‌ڵێت هیچ یاسایه‌ک نابێت دژایه‌تی بیر و باوه‌ڕه‌کانی ئایینی پیرۆزی
ئیسلام بکات، که واته لێره‌دا ئاشکرا نییه که سه‌ربه‌ستی و یه‌کسانی
مافی مرۆڤ چۆن له ئیسلامدا تێیده‌نۆڕدرێ یا پێڕۆ ده‌کرێت" لاپه‌ڕه
112، هه‌مان سه‌رچاوه.
له وڵاتی سوودانیش چ له سه‌رده‌می جه‌عفه‌ر نومه‌یریدا 1983- 1985 چ
له‌سه‌رده‌می عومه‌ر به‌شیریشدا سه‌ربه‌ستییه‌کانی مرۆڤ ور‌ده ور‌ده
ته‌سککرایه‌وه تا گه‌یشته ئه‌وه‌ی که له‌وێش وه‌کو گه‌لێکی تری
وڵاتانی ئیسلامی له ڕوانگه‌ی ئایین و شه‌ریعه‌تی ئیسلامییه‌وه
ته‌ماشابکرێت، به‌تایبه‌ت که دێته سه‌ر سه‌ربه‌ستی ئافره‌ت. بۆیه
جێگای سه‌رسوڕمان نییه که هه‌ر له‌م وڵاتانه‌دا له کاتێکدا گه‌ر
ڕێکخراوێکی پارێزگاری له مافی مرۆڤ گه‌ر به ناویش هه‌بوو بێت دواتر
یاساخ کراون و کارمه‌نده‌کانیشیان، هه‌ندێکیان دوور خراونه‌ته‌وه یا
به نهێنی فڕێنراون و سه‌رنگونکراون. بۆ نموونه به‌شیر له سووداندا
به‌و ڕێکخراوه‌ی که هه‌بوو قایل نه‌بوو هه‌ڵیوه‌شانده‌وه و یه‌کێکی
تری له‌جێیدا دروستکرد که وه‌کو خۆی له مافه‌کانی مرۆڤ بڕوانێت و له
فه‌رمانه‌کانی ئه‌ویش ده‌رنه‌چێت. له ئێرانیشدا له دوای ئه‌وه‌ی
که به‌شۆڕش ناونرا له سه‌ره‌تادا واته‌پێش ئه‌وه‌ی که"ڕاپه‌ڕین"
له‌بار ببرێت و حکوومه‌ت خۆی قایم بکات و ده‌سگا ده‌وڵه‌تییه‌کان وه‌کو
هێزی سه‌ربازی، پۆلیس ، سیخوڕی، به‌سیج و پاسدار، پێکبهێنێت و خۆیان
بگرن، وه‌کو هه‌مووان ده‌زانین به‌ده‌یان ڕێکخراوی ڕامیاری و کۆمه‌ڵایه‌تی
و پیشه‌یی و ، رێکخراوانی مافه‌کانی مرۆڤ له سه‌ربه‌ستی و ئازادی مافی
مرۆڤدا له غیابی داموده‌سگایه‌کی دیکتاتۆری و هه‌بوونی جۆرێک له
سه‌ربه‌ستی و ئازادی دروستبوون به‌ڵام ئه‌وه هه‌ر زوو به‌ر شه‌قی
دیکتاتۆرییه‌ت که‌وتن و دواتریش واته له ساڵانی 1981 و 1982 دا
ڕیکخراوه مه‌ده‌نییه‌کان و مافه‌کانی مرۆڤ و دادی کۆمه‌ڵایه‌تی و
له‌پاڵ یاساناسه‌کان و مرۆڤه ده‌رکه‌وتووه‌کانی سه‌ربه ڕێکخراوه‌کان،
هه‌موویان یاساخ کران و باجی خۆیانیان دا.
له ئێران‌دا گه‌یشته ئه‌و ڕاده‌یه‌ی که له مادده‌ی 4ی ده‌ستووری
ئێرانی‌دا باس له پله به پله کردنی به ئیسلامکردن ده‌کات، تاکو ئه‌مه‌ش
هه‌نگاوێک بێت بۆ که‌مکردنه‌وی سه‌ربه‌ستییه‌کان و به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتنیان.
له‌م مادده‌یه‌دا ده‌ڵێت "هه‌موو ده‌سگا مه‌ده‌نییه‌کان، پاره‌وپوول،
ئابووری ، کارگێڕییه‌کان، کو‌لتوور ، له‌شکر و هێزی سه‌ربازی، یا
ڕامیارییه‌کان و یاسا‌و ڕۆڵه‌کانی تر ده‌بێت له‌سه‌ر بناغه‌ی ستانده‌ر و
بنه‌ماکانی ئیسلام دابمه‌زرێت. ئه‌م بنه‌مایانه‌ش به‌ڕه‌هایی و به‌ته‌واوی
به‌جێده‌هێنرێت، له‌هه‌موو ئه‌و ماددانه‌ی که له ده‌ستووردا هاتووه
و هه‌ره‌ها له هه‌موو ئه‌و یاسا و ڕێسانه‌ی که هه‌ن، که
حوکمه‌کانی له لایه‌ن دادگای ئیسلامییه‌وه و The Guardian Council
حوکم له‌م کاروبارانه‌دا ده‌دات.. که ئه‌م دادگا و حوکمانه‌ش ده‌بێت
به‌پێی مادده‌ی 110 له‌لایه‌ن سه‌رۆکی ڕۆحی و ئایینییه‌وه دابنرێت و
هه‌ر ئه‌مانیش ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌هایان پێدراوه که بڕیاری ئه‌وه بده‌ن چ
یاسایه‌ک له‌ته‌ک یاساکانی ئیسلامدا ده‌گونجێت" هه‌مان سه‌رچاوه لاپه‌ڕه
38.
ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی هیچ وه‌ختێک سازشی نه له‌سه‌ر ده‌قه‌کانی قورئان
و نه له‌سه‌ر وته و بێژه‌کانی په‌یامبه‌ر نه‌کردووه، ئه‌م ته‌نانه‌ت
نه‌ک هه‌ر له‌و جاڕنامانه‌شیدا که له‌سه‌ر پرسی مافی مرۆڤ به بۆچوونی
قورئانن و ئایینی ئیسلامی که مافی ڤیتۆی هه‌بوو، ڕازی نه‌بووه، به‌ڵکو
ئه‌م ده‌یشیویست له جاڕنامه‌ی سه‌رانسه‌ری مافی مرۆڤدا ده‌وری سه‌ره‌کی
هه‌بێت و داوای ده‌کرد که ئه‌ویش له‌سه‌ر بناغه‌ی قورئان و ئایینی
ئیسلامی بنووسرێته‌وه. هه‌ر به‌ته‌نها ئه‌م نه‌بوو که‌ئه‌مه‌ی ئه‌ویست،
به‌ڵکو هه‌میشه گه‌لێکی تر له مامۆستا و زانایانی ئیسلامی له پاڵ هه‌ندێک
له فه‌رمانڕه‌وایاندا به‌هیچ یه‌ک له‌و جاڕنامانه ڕازی نه‌ده‌بوون،
له کێشمه کێشی ئه‌وه‌دا بوون که لێی بقرتێنن تاکو به ئیسلامی تری
بکه‌ن یا ئه‌وه‌ی که خۆیان ده‌یانویست شوێنی ئه‌وانه‌ی تری پێبگیرێته‌وه.
چونکه به‌رده‌وام ئه‌مان پرسی سه‌ربه‌ستی و مافی مرۆڤیان به‌ته‌عه‌ددا
و ته‌حه‌ددا له ئیسلام و باوه‌ڕی ئیسلامی زانیوه و پێیان قه‌بووڵ نه‌کراوه،
ئالێره‌دا بوو که خومه‌ینی ده‌یویست که جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافی
مرۆڤ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ده‌ستووری ده‌وڵه‌تی ئێرانی بێت، ده‌یوت" ده‌مه‌وێت
ئه‌و له ڕوانگه‌ی ئیسلامییه‌وه بنووسرێته‌وه تاکو ده‌ستوورێکی
ئیسلامیانه بهێنرێته کایه‌وه. نه‌ک ئه‌وه‌ی که له لایه‌ن
ڕۆشنبیرانێکه‌وه که کاریگه‌ریی بێگانه‌یان له‌سه‌ره و باوه‌ڕیان به
ئیسلام نییه" هه‌مان سه‌رچاوه‌لاپه‌ڕه 83.
بۆ زیاتر پێداگرتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که له ئایینی ئیسلامی و بزووتنه‌وه‌که‌یدا
ڕایه‌کی یه‌کگرتوو نه‌بووه له‌سه‌ر سه‌ربه‌ستییه‌کانی مرۆڤ، ده‌بێت ئه‌و
ڕاستییه‌ش ببینین که هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ئیسلامه‌وه که‌سانی به‌توانا
و ناودار هه‌بوون که ئیجتیهادێکی زۆریان کردووه له‌و ئایینه‌دا، له
هه‌ندێک بواردا زۆر ئه‌هوه‌ن تربوون له خومه‌ینی و هه‌ندێک که‌سانی
تر، که دواتر دێمه‌وه سه‌ریان. بۆ نموونه هه‌ر له ئێران‌دا له
سه‌ره‌تای ئه‌وه‌ی که ناوی شۆڕشی لێ‌نرا و که به‌ڕای من ده‌بوو ناوی
ڕه‌دده‌ی لێبنرێ و له‌و په‌ڕی حاڵه‌تدا ده‌توانین بڵێین هه‌وڵێکی
شۆڕشگێرانه‌ی له‌بارچوو، ئایه‌توڵڵای تاڵه‌قانی بوو که له پرسی
ئازادی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵدا که‌وته ڕوو به‌ڕوو بوونه‌وه و دژایه‌تی
له‌گه‌ڵ خودی خومه‌ینی و گه‌لێکی تریاندا، سه‌رئه‌نجامه‌که‌شی به‌دوور
خستنه‌وه و کاڵکردنه‌وه‌ی ناو و ناوبانگی کۆتایی هات. تاڵه‌قانی
ئیسلامی به موافیقی مافه‌کانی مرۆڤ ده‌زانی، بۆ ئه‌مه‌ش ئه‌م ئیدانه‌ی
سه‌رکوتکه‌ران و داپڵۆسه‌رانی ده‌کرد، له‌کاتێکدا خومه‌ینی و ده‌سته‌و
دایه‌ره‌که‌ی ده‌یانویست سنوور بۆ سه‌ربه‌ستی و ئازادییه‌کانی تاکه‌کانی
مرۆڤ دانێن که له‌و هه‌وڵه شۆڕشگێرانه‌ی شوباتدا گه‌رچی سه‌رینه‌گرت
به‌ڵام تاڕاده‌یه‌ک به‌ده‌ستهێنرابوون. Anne Mayer له
په‌رتووکه‌که‌یدا له لاپه‌ڕه 34دا له‌سه‌ر تاڵه‌قانی واده‌ڵێت "
ئیسلامی به کاروانێکی سه‌ربه‌ستیهێنه‌ر ده‌زانی، له ڕه‌چه‌ڵه‌کدا به
ئایینێکی بێزیانی ده‌زانی سه‌باره‌ت به‌به‌ستنه‌وه و ته‌سککردنه‌وه‌ی
سه‌ربه‌ستییه‌کانی تاک، که ئه‌مه‌ش له ڕوانگه‌ی ڕه‌سمییه‌وه که
پاساوی ته‌سککردنه‌وه‌ی سه‌ربه‌ستییه‌کانی ده‌دا، دوور بوو. ئه‌م ڕای
وابوو که چینی ده‌سه‌ڵاتدار له ئێران‌دا کار بۆ به‌رژه‌وندییه‌کانی
خۆیان ده‌که‌ن به به‌کارهێنانی پێناسه‌ی (ئیسلام) بۆ کۆیله‌کردن و به‌کارهێنانی
هه‌ژاران ......گه‌رچی تاڵه‌قانی باسی له مافی مرۆڤ نه‌کردووه، به‌ڵام
ئه‌وه‌ی ده‌گه‌یاند که ئیسلام و مه‌ده‌نییه‌ت و مافه ڕامیارییه‌کان
هاوپه‌یمانی سروشتیی یه‌کترن".
که‌سێکی دی ناوداری بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی ئێران، که ئایه‌توڵڵا مونته‌زیری
بوو، که که‌سی دووه‌م بوو، واته پاش خومه‌ینی ئه‌و بوو زۆر دژ بوو به
ناوه‌ڕۆکی ده‌ستووری ئیسلامی ده‌وڵه‌تی ئێران سه‌باره‌ت به‌مافی مرۆڤ،
هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌مه‌ش که‌وته به‌ر گوشار و ڕوو به‌ڕوو بوونه‌وه
له‌گه‌ڵ خودی خومه‌ینی و ئه‌وانی تریان، له کۆتایی ژیانی خومه‌ینیدا،
له‌چوارچێوه‌ی خانووه‌که‌یدا به‌ندیان کرد. له‌ته‌ک ئه‌مه‌شدا ئه‌م هه‌ر
له قسه‌ی خۆی نه‌که‌وت و له‌ساڵی 1997دا ڕه‌خنه‌ی له نادیمۆکراسێتی
ئێران گرت، ئه‌و وێڵی ئایدۆلۆجی ئیسلامی بوو، ئه‌و ده‌یگوت یاسای
ئیسلامی، دادگای ئیسلامی و ده‌سگا خێرخوازییه‌کان، ده‌بێت له ده‌وڵه‌ت
جیابکرێنه‌وه و له ڕێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه دابنرێن. مونته‌زیری تا ئه‌و
ساته‌شی مرد له قسه و ده‌ربڕینی ڕاکانی خۆی نه‌که‌وت، ته‌نانه‌ت له
هه‌ڵبژاردنی ئه‌م دواییه‌ی ئێران‌دا به‌توندی ڕه‌خنه‌ی له
هه‌ڵبژاردنه‌که گرت و به‌نادیمۆکراسی ده‌زانی و له‌و دیمانه‌یه‌یشیدا
که‌بۆ که‌ناڵی 4، که یه‌کێکه له که‌ناڵه‌کانی ته‌له‌ڤزوێنی بریتانی،
ساز درابوو، ڕای خۆی له‌سه‌ر ئه‌و پرسیه دووپات کرده‌وه.
هه‌ڵبه‌ته زۆر که‌سانی تر بوون و هه‌ن که له‌ناو ئیسلامدا هه‌مان
ڕای تاڵه‌قانی و مونته‌زیریان هه‌بووه. به‌ڕای من ئه‌مانه هه‌موو
ئیجتیهادی خۆیان بووه که له ئاییندا کردوویانه. ئه‌مان ئیسلامیان
وه‌کو ئایینێک، بیروباوه‌ڕێک بۆ خواپه‌رستی و نێوانی خۆیان و خوای
خۆیان، بینیوه. وه‌کو وتم ئه‌مه ئیجتیهادی خۆیانه له ئاییندا و
بیروبۆچوونی خۆیانه سه‌باره‌ت به‌و ئایینه، ئه‌مان وا ئایین لێکده‌ده‌نه‌وه.
به‌ڵام ده‌قه‌کانی قورئان بڕاوه‌ن، واته ڕه‌ش یا سپی، قورئان ده‌توانرێت
ته‌رجومه بکرێت به‌ئه‌مانه‌ته‌وه به‌ڵام به‌ڕای من ناتوانرێت ته‌فسیر
بکرێت چونکه به پێی ئیسلام قورئان زاده و به‌روبوومی مێشکی مرۆڤ
نییه، بگره هی خوایه و خواش نه ده‌نگی هه‌یه و نه‌ڕه‌نگی هه‌یه و
نه‌جنسیشی هه‌یه، تۆ نا‌توانیت لێکدانه‌وه یا ته‌فسیر بۆ نووسینێکی
وا بکه‌یت که له لایه‌ن مرۆڤه‌وه نه‌نووسرا بێت. هه‌روه‌ها خوا
نووسینی تری نییه تاکو لێی وردببیته‌وه و به‌راوردی سووره‌ت به‌سوو‌ره‌ت
یا دێڕ به‌دێڕی بکه‌یت گه‌ر له ده‌قێکدا شتیکی ناڕوونت به‌رچاو که‌وێت
ئه‌وه بتوانیت به‌پێی ده‌قه‌کانی تر لێکیبده‌یته‌وه، هه‌روه‌ها ڕه‌فتار
و کردار و ئه‌تواری خوا نا‌بینیت تاکو له ڕێگای ئه‌مانه‌وه حوکم به‌سه‌ر
ده‌قه ناڕوونه‌کاندا بده‌یت.
با ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێت ئه‌و مافه مرۆڤیانه‌ی که تاڵه‌قانی و
مونته‌زیری و خه‌ڵکانی دی بانگه‌شه‌یان بۆ کردووه و تاڕاده‌یه‌کیش
ژیانی خۆیان بۆ کردۆته قوربانی، کاتێک که باسیان لێکردووه باسیان
له مافی مرۆڤی پیاو کردووه نه‌ک ئافره‌ت. ده‌قه‌کانی قورئان و وته و
بێژه‌کانی په‌یامبه‌ریش له‌ته‌ک یارانیدا زۆر ڕوون و ئاشکران
سه‌باره‌ت به که‌سایه‌تی ئافره‌ت خۆی و کێشه‌کانی.
به‌پێچه‌وانه‌ی تاڵه‌قانی و مونته‌زیری و که‌سانی دیکه‌ی میانڕه‌وتره‌وه
جۆره که‌سانێکی تر هه‌بوون که ئه‌وه‌نده به قورئانه‌وه
په‌یوه‌ستبوون که له‌سه‌ر ئه‌لف و لام و جیمێکی جه‌نگێکیان به‌رپا
کردووه. ئیجتیهادی ئه‌مان بۆ سه‌لماندنی ده‌قه‌کانی قورئان بووه
له‌ته‌ک هه‌ندێک له وته و بێژه‌کانی په‌یامبه‌ردا.
یه‌کێک له‌و که‌سه ناودارانه ئه‌بولئه‌علای مه‌ودوودییه که به‌هێچ
شێوه‌یه‌ک باوه‌ڕی به مافی مرۆڤ به‌تایبه‌ت مافی ئافره‌ت نه‌بووه و
نییه، گه‌ر له یه‌کێک له نووسینه‌کانیشیدا باسی له مافی مرۆڤ
کردبێت هه‌میشه په‌یوه‌ستی کردۆته‌وه به یاسای ئیسلامییه‌وه که
ئه‌مه‌ش یانی بینینی ئه‌و پرسه له ڕوانگه‌ی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی و ده‌قه‌کانی
قورئانه‌وه.هه‌روه‌ها نه تاڵه‌قانی و نه‌مونته‌زیری و نه ئه‌وانه‌ی
تریشیان باس له سه‌ربه‌ستی خه‌ڵکانی غه‌یره‌دین ( واته غه‌یری ئایینی
ئیسلام) ناکه‌ن و دانیان پێدا نانێن، هه‌ڵوێستێکی واش نیشان ناده‌ن ده‌رباره‌ی
ئه‌و موسوڵمانانه‌ی ئایین و بڕوایان بۆ ئایینێکی تر ده‌گۆڕن یا ده‌چنه‌سه‌ر
ئایینێکی تر، یا له پرسی ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن زیناکردن، هه‌بوونی منداڵ
له ده‌ره‌وی چوارچێوه‌ی خێزانی ژن و مێردایه‌تی و گه‌لێک ورده‌شتی
تریش. نه ئه‌مانه به مافی خودی مرۆڤ ده‌زانن و نه قه‌بووڵیشی ده‌که‌ن.
مه‌ودوودی کابرایه‌کی ڕامیاری فێڵباز بووه، له‌و نامیلکه‌یه‌ی که
سه‌باره‌ت به مافی مرۆڤ نووسیوێتی خۆی له قه‌ره‌ی گه‌لێک شت نه‌داوه
به‌تایبه‌ت پرسی خودی مافی مرۆڤ، ئه‌م وه‌کو زۆربه‌ی زۆری ڕامیارییه‌کانی
تر دووڕوو و فێڵباز بووه، نه‌یویستووه ڕووی ڕاستی خۆی ده‌رخات، یا
لایه‌نه خراپه‌کانی ئیسلام و قورئان ده‌رباره‌ی ئافره‌ت و مافی مرۆڤ
ده‌رخات به‌ڵام له‌جێگای تردا وه‌کو نووسین و گوتار و قسه و لێدوانی
سه‌رپێی له‌ناو کۆمه‌ڵدا، ڕای خۆی ده‌ربڕیوه و له سه‌یید قوتب و
سوڵتان حوسه‌ینی ته‌هبه‌ندی باشتر نه‌بووه. له‌و وتاره‌ی که‌له‌سه‌ر
Purdah (ڕووپۆشی ئافره‌ت) نووسیوێتی به‌رگری له شه‌ره‌فی خێزان کردووه.
له‌و نامیلکه‌یه‌یشیدا که به‌بناغه‌ی "مافی مرۆڤ" لای ئه‌و ناسراوه،
Ann Mayer له هه‌مان په‌رتووکدا له لاپه‌ڕه 121 دا وا سه‌رنجی لێده‌دات
و ده‌ڵێت " ئه‌و واته مه‌ودوودی ڕێزی له ڕووسووری ئافره‌ت، ( کچێتی)
گرتووه..............ئه‌و بۆ ڕاگرتنی خاوێنیی ئافره‌ت ( واته کچێتی)
تێکه‌ڵاو نه‌بوونی ئافره‌ت بووه لای ئه‌و، بۆ ئه‌مه‌ش له‌ماڵ یا له
چوارچێوه‌ی خێزاندایه. ئه‌مه ته‌نها "مافێکه" که مه‌ودوودی به
ئافره‌تی ڕه‌وا بینیوه. که ئه‌مه‌ش واته ڕێزگرتن له ڕووسووری و
کچێتی، له ڕاستیدا به مافی مرۆڤ حیساب ناکرێت، جگه له خستنه
زه‌رفیانه‌وه و به‌ته‌وای شاردنه‌وه‌یانه له به‌رچاوان، یا
خستنیانه ناو که‌مپێکه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی جیهان. قسه‌کانی مه‌ودوودی
له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌مه ده‌گه‌یه‌نێت".
مه‌ودوودی هه‌مان هه‌ڵوێستی خراپی سه‌باره‌ت به‌غه‌یره‌دین هه‌بووه
هه‌ر وه‌کو چۆن به‌رامبه‌ر ئافره‌ت هه‌یبووه. ئه‌و ده‌قاوده‌ق به
قورئان و وته و بێژه‌کانی په‌یامبه‌ر کاری کردووه. بۆ نموونه ڕای
له‌سه‌ریان وابووه که غه‌یره‌دین له‌چاو ئیسلامدا پله دوون،
پشتگیری له دانی سه‌رانه "جزیه" کردووه، ڕای وابووه که غه‌یره‌دینه‌کان
نابێت به‌شداری خزمه‌تی سه‌ربازی بکه‌ن، نابێت پله و پایه‌ی به‌رزیان
له کارگێڕییه‌کانی ده‌وڵه‌تدا پێبدرێت، باوه‌ڕی به پێڕۆکردنی شه‌ریعه‌تی
ئیسلامی هه‌بووه به‌رامبه‌ریان، له‌ته‌ک جودایی و جوداخوازی مامه‌ڵه‌ی
ده‌وڵه‌تدا بووه له‌گه‌ڵیاندا. بۆ نموونه مه‌ودوودی و پارته‌که‌ی که
جه‌ماعه‌تولئیسلامی له که‌مپه‌ینی دژه ئه‌حمه‌دییه‌کاندا بوون (ڕێبازی
ئه‌حمه‌دی له شانه‌ی، ئه‌حمه‌دییه‌وه هاتووه، که
دامه‌زرێنه‌ره‌که‌ی میرزا غوڵام ئه‌حمه‌ده که له ساڵی 1907 دا له
هیندستان له‌دایک بووه).
پارته‌که‌ی مه‌ودوودی دوژمنایه‌تی سه‌رسه‌ختی ئه‌حمه‌دییه‌کانیان
کردووه، ئه‌وه‌ی که قورئان و ئایین به ئه‌حمه‌دییه‌کانی ڕه‌وا
بینیوه و مامه‌ڵه‌ی کردوون، ئه‌مانیش هه‌مان شتیان پێ ڕه‌وا بینیون.
سه‌رۆکشالیارانی پێشینه‌ی پاکستان، زولفه‌قار عه‌لی بۆتۆ، زۆر که‌ڵکی
له بیروباوه‌ڕی مه‌ودوودی و یارمه‌تی پارته‌که‌ی وه‌رگرت تا ئه‌وه
بوو له‌ساڵی 1974دا عه‌لی بۆتۆ ده‌ستووری ده‌وڵه‌تی پاکستانی سه‌باره‌ت
به ئه‌حمه‌دییه‌کان، هه‌موارکرد که ئه‌حمه‌دییه‌کان موسوڵمان نین.
زیائولحه‌ققیش که له ساڵی 1984دا هات، دۆستێکی نزیکی پارته‌که‌ی مه‌ودوودی
بوو ، جه‌نگێکی گه‌وره‌یان دژ‌ی ئه حمه‌دییه‌کان و غه‌یره‌دینییه‌کان
به‌رپاکرد (بۆ به‌شێک له‌م زانیارییانه‌سوودم له هه‌مان سه‌رچاوه
وه‌رگرتووه لاپه‌ڕه‌ی 162 ).
سوڵتان حوسه‌ینی ته‌به‌ندی، ئه‌و وه‌کو مه‌ودوودی زۆر ڕامیاری نه‌بووه
و نییه. ئه‌و به ڕاشکاوی ده‌ڵێت که ئیسلام دژایه‌تی یه‌کسانی
نێوان پیاو و ژن ده‌کات، ئه‌و ده‌ڵێت " من قه‌ت ڕامیاریم نه‌کردووه
هیچیش له ڕامیاری نازانم یا له ناوه‌ڕۆکی یا له جاڕنامه‌ی ئیسلامی
گه‌ردوونیی مافی مرۆڤ که ڕه‌نگه هه‌یبێت. من ته‌نها له ڕوانگه‌ی
ئایینه‌وه به‌تایبه‌ت له په‌یوه‌ندی له‌ته‌ک دیراسه‌ی سروشتی خودا و
پیرۆزی ئایینه‌وه بۆ ئیسلام و که له‌ته‌ک بیروباوه‌ڕی شیعه‌دا دێته‌وه،
دیققه‌ت ده‌ده‌م" هه‌مان سه‌رچاوه‌لاپه‌ڕه 119. ته‌به‌ندی به‌و ده‌ره‌جه‌یه
سووربووه له‌سه‌ر پێڕۆکردنی ئایینی ئیسلامی کاتێک که جیاوازی هه‌بووه
له نێوانی UDHR و UIDHR جاڕنامه‌ی ئیسلامی گه‌ردوونی مافی مرۆڤ ئه‌م
پێی له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرت که‌ده‌بێت UDHR له‌سه‌ر شێوازی ئیسلامی
بنووسرێته‌وه.
هه‌موو ئه‌م هه‌وڵانه‌شی له دژایه‌تیکردنی ئافره‌ت و کێشه‌که‌یانا بوو،
چونکه ئه‌م ڕای به‌م چه‌شنه‌بوو" ژن ده‌بێت گوێڕایه‌ڵیی مێرده‌که‌ی
بکات، داوا و خواسته‌کانی به‌جێبهێنێت، نه‌چێته ده‌ره‌وه بێپرسی ئه‌و،
ده‌بێت ئاگاداری ماڵ و خانوو بێت و له‌ته‌ک که‌ره‌سه‌کانی ناوماڵدا، ته‌نها
به‌فه‌رمانی مێرده‌که‌ی ده‌توانێت بانگهێشتنی خه‌ڵک بکات، شه‌ره‌فی
خێزان بپارێزێت، پارێزگاری له‌ناو و پیاوه‌تی مێرده‌که‌ی بکات ئه‌و
مێرده له هه‌ر شوێنێکدا بێت ئاماده‌بێت یا نائاماده نه‌بێت" هه‌مان
سه‌رچاوه‌لاپه‌ڕه119 – 120 .
ته‌به‌ندی به‌ڕاشکاوییه‌وه باس له شه‌ریعه‌تی ئیسلامی ده‌کات و پێ
له‌وه ده‌نێت که شه‌ریعه‌تی ئیسلامی یه‌کسانیی له نێوانی موسوڵمانان
و ناموسوڵماناندا قه‌بووڵ ناکات و ئه‌م سه‌رنجه‌شی زۆر به‌توندی گرتووه.
بۆ نموونه ئه‌م سه‌باره‌ت به مادده‌یه‌کی UDHR که گه‌ره‌نتی یه‌کسانیی
له‌نێوانی ئایینه جیاجیاکاندا، ده‌کات، ته‌به‌ندی پێی له‌سه‌ر ئه‌وه
داده‌گرێت " کاتێک دێته سه‌ر جیاوازی ئایینه‌کان و بیروباوه‌ڕ و بنه‌ماکانی،
یه‌کسانی ناخوات. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گه‌وره‌یی و باشیی، له
ڕاستیدا خۆی له په‌رستنی یه‌ک خودادا، ده‌بینێته‌وه و گوێڕایه‌ڵبوونیه‌تی
بۆ فه‌رمانه‌کانی ئه‌و له ئاسمانه‌وه" لاپه‌ڕه 154 هه‌مان سه‌رچاوه.
هه‌موو ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه، ڕه‌قیی قورئان و توندوتیژی سزاکانی، گیانی
لێنه‌بوردن و پێکهاتن و قه‌بووڵنه‌کردنی یا پێکه‌وه هه‌ڵنه‌کردنی
جنسێک له‌ته‌ک جنسێکی تر، خاوه‌ن ئایینێک له‌ته‌ک بێئایینێک...هتد
بووه‌ته به‌ربه‌ست و گیروگرفتێکی گه‌وره له ڕێگای جاڕنامه‌ی سه‌رانسه‌ری
مافی مرۆڤدا، بۆیه له ساڵانی هه‌شتاکان و به‌تایبه‌ت نه‌وه‌ده‌کاندا
کۆششێکی زۆر له لایه‌ن خه‌ڵکانی ئیسلامی بیروباوه‌ڕی جیاوازه‌وه که
زیاتریش پشتیان به مۆدێلی ڕۆژائاوایی به‌ستووه، ویستویانه و ده‌یانه‌وێت
شیرازه‌ی هه‌بوونی ستانده‌ری ئیسلام یا ئیسلامێتی، تێکبچێت، چونکه
ده‌زانن یاسای ئیسلامی ده‌بێت شل بکرێت، به‌تایبه‌ت که دێته سه‌ر
یاسا و دادگای ئیسلامی و گه‌شه سه‌ندنی ئابووری و مامه‌ڵه‌ی بازرگانی
و تاڕاده‌ی بیرکردنه‌وه له بوون یا به ئه‌ندامێک له ڕێکخراوی
بازرگانی جیهانی. ئه‌مانه هه‌موو وا پێویست ده‌کات گۆڕانکارییه‌ک له
یاسای ئیسلامی‌دا بکرێت، به‌واتایه‌کی تر ئیسلام مۆدیرنایز بکریت. بۆ
ئه‌مه‌ش چه‌ن ئایین هه‌وڵی به‌کۆمه‌ڵ له‌لایه‌ن وڵاتانی عه‌ره‌بی و
وڵاتانی ئیسلامی تره‌وه له‌ژێر ناوی ده‌ستووری زانکۆی ئه‌زهه‌ر و
قاهیره و شوێنانی تر دراوه، دواتریش ئه‌مه وه‌کو ته‌حه‌ددایه‌کی
جاڕنامه‌ی سه‌رانسه‌ری بۆ مافه‌کانی مرۆڤ، که‌وتۆته‌وه.
کۆتایی باسه‌که‌م به‌تیشک خستنه‌سه‌ر به‌نده‌کانی ده‌ستوری ئیسلامی و
بنه‌مای مافه‌کانی مرۆڤ که له جاڕنامه جیهانییه‌که‌دا هاتووه، ده‌هێنم،
که ئه‌مه‌ش له خۆیدا به‌راورد کردنێکه له نێوانیاندا..
جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافی مرۆڤ هه‌ندێک ماف به‌ڕه‌هایی جاڕ ده‌دات ، تا
ئه‌و ڕاده‌یه‌ی که هیچ پاساوێک ناهێنێته‌وه له ڕێگه‌گرتن له‌و
مافانه. له‌وانه مافی سه‌ربه‌ستی و یه‌کسانی، ڕێزگرتنی مافی یه‌کسانی
له به‌رده‌م یاسادا بۆ هه‌موو که‌سێک، یاسای یه‌کسانی ته‌واو بۆ دادگه‌رێتی
بیستنی کێشه له‌لایه‌ن ده‌سگای یاسایی سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌نه‌وه. هه‌روه‌ها
پارێزگار‌یکردن له لایه‌ن یاساوه، مافی هاوسه‌ریکردن ، هه‌بوونی مافی
یه‌کسانی له زه‌ماوه‌ند و ته‌ڵاقداندا، سه‌ربه‌ستی بیرکردنه‌وه و
ڕاده‌ربڕین. هه‌روه‌ها سه‌ربه‌ستی ئایین و مافی گۆڕینی ئایینیش. مافه‌کانی
مرۆڤ له‌م ده‌ستووره‌دا هه‌موو لایه‌نێکی مرۆڤ و هه‌موو کون و قوژبنێکی
کۆمه‌ڵگه و کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی گرتۆته‌وه. ئه‌م جاڕنامه‌یه
که له ساڵی 1948 دا ڕێککه‌وتنی له‌سه‌ر کرا سه‌ره‌تایه‌ک بوو بۆ
مافی مرۆڤ و دواتریش بره‌وی زیاتری پێدرا و فراوانتر بوو، ئه‌وه بوو
له ساڵی 1966دا مافه‌کانی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتووریشی گرته‌وه
و له ساڵی 1976 دا له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانه‌وه
په‌سه‌ندکرا. بۆ نموونه له یه‌کسانیبوون یا یه‌کسانێتی له ڕووی
پاراستن و پارێزگاری لێکردنه‌وه له خاڵی 7 ی ئه‌م ده‌ستووره‌دا وا
هاتووه" هه‌مووان له‌به‌رده‌م یاسادا یه‌کسانن هه‌مووانیش به‌بێ
جیاوازی به‌یه‌کسانی مافی پاراستن و پارێزگاری لێکردنیان به‌پێی یاسا
دژ‌ی مامه‌ڵه جیایی هه‌یه یا دژ‌ی پێڕۆنه‌کردنی ئه‌م جاڕنامه‌یه‌یه له
هاندانی هه‌ر جیاوازییه‌کدا." لاپه‌ڕه 104 هه‌مان سه‌رچاوه. ئه‌و
جیاوازییه‌ی که له‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌دا هاتووه به‌ته‌واوی له‌خاڵی 2 دا
ڕوونکراوه‌ته‌وه "مه‌به‌ست له جیاوازییه‌کان که له‌سه‌ر بنه‌مای جنس،
ئایین و مه‌زهه‌ب، ڕه‌نگ و پێست، زمان ، ڕاوبۆچوونی ڕامیاری، نه‌ته‌وه
یا به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک له کوێوه هاتوون، موڵک و خانووبه‌ره و هتد" هه‌مان
لاپه‌ڕه. له خاڵی 4.1 دا داوا ده‌کات " هه‌موو ده‌وڵه‌تان پێوانه‌یه‌کی
یا بڕیارێکی کاریگه‌رانه‌یان هه‌بێت تاکو مامه‌ڵه‌کردنی جیا ڕاگرن و نه‌یهێڵن
که پابه‌نده به بناغه‌ی ئایینی و مه‌زهه‌ب " هه‌مان سه‌رچاوه‌لاپه‌ڕه‌ی
150. هه‌روه‌ها مادده‌ی 18 ده‌ڵێت " هه‌موو که‌س مافی سه‌ربه‌ستی
بیرکردنه‌وه‌ی هه‌یه، مافی هۆشمه‌ندی و ئایین، ئه‌م مافه مافی سه‌ربه‌ستی
ئه‌وه‌ش ده‌گرێته‌وه که ئایین و بیر‌و باوه‌ڕه‌که‌ی بگۆڕێت، ئه‌م سه‌ربه‌ستییه
ئه‌وه‌ش ده‌گرێته‌وه ئیدی به ته‌نها یا له‌ته‌ک کۆمه‌ڵگه‌یه‌که‌دا و
له‌ته‌ک خه‌ڵکانی تردا به نهێنی یا به‌ئاشکرا پراکتیزه‌ی ئایینه‌که‌ی
بکات له نوێژکردن و به‌جێهێنانی ئه‌رکه‌کانی تری ئایینه‌که‌ی" لاپه‌ڕه
168 -169 هه‌مان سه‌رچاوه.
ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه کورته‌یه‌کی گه‌لێک کورت بوو که ته‌نها له چه‌ند
خاڵێکی مافی مرۆڤدا هاتووه. ئێستاش با ته‌ماشایه‌کی مافه‌کانی مرۆڤ له
ڕوانگه‌ی جاڕنامه‌و ده‌ستووره‌کانی ئیسلامییه‌وه بکه‌ین.
له جاڕنامه‌ی قاهیره‌دا له خاڵی 24 دا ده‌ڵێت " هه‌موو مافه‌کان و سه‌ربه‌ستییه‌کان
که له‌م جاڕنامه‌یه‌دا کۆبوونه‌ته‌وه ملکه‌چی یاسای ئیسلامین"
له‌خاڵی 25 دا پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرێت" شه‌ریعه‌تی ئیسلامی تاکه
سه‌رچاوه‌یه‌که وه‌کو ته‌فسیرێک بۆ لێکدانه‌وه یا ڕوونکردنه‌وه‌ی هه‌ر
یه‌کێک له خاڵه‌کانی ناو ئه‌م جاڕنامه‌یه" لاپه‌ڕه 93 هه‌مان سه‌رچاوه.
به‌شداربووانی ئه‌و جاڕنامه‌یه سوورن له‌سه‌ر داڕشتنی ده‌ستووره‌که
که به‌پێی یاسای ئیسلامی بێت، بۆ سه‌لماندنی قسه‌که‌م تکایه بڕوانه
به‌نده‌کانی 22، a 22، b 22 له‌وه‌ش زیاتر خاڵی c 22 که ده‌ڵێت" ئه‌و
زانیارییانه‌ی که له جاڕنامه‌که‌دا هاتوون نابێت به‌کارببرێن یا به‌خراپی
به‌کار بهێنرێن تاکو پیرۆزی و که‌رامه‌تی په‌یامبه‌ر بڕووشێنێت، مۆراڵ
و به‌های به‌که‌م بگرێت یا لێکیهه‌ڵوه‌شێنێته‌وه، یا ئه‌زیه‌تی کۆمه‌ڵگه‌که
بدات و بۆگه‌نی بکات و بڕوای له‌ق بکات" هه‌مان لاپه‌ڕه‌و هه‌مان سه‌رچاوه.
له‌خاڵی 10 شدا یه‌کسانیی مامه‌ڵه‌کردنی ئایینی که‌مایه‌تییه‌کان ده‌سته‌به‌ر
ناکات، مامه‌ڵه جودایی ناموسوڵمانان یاساخ ناکات، ئه‌م بڕگه‌یه
ئاماژه به قورئان ده‌کات ئه‌وه پراکتیزه ده‌کات له مامه‌ڵه‌کردنی
که‌مایه‌تییه ناموسوڵمانه‌کاندا. لاپه‌ره‌ی 156 .
له ده‌ستووری ئێرانیشدا له‌خاڵی 19دا له باسی مافه‌کانی خه‌ڵکدا ده‌ڵێت"
هه‌موو خه‌ڵکانی ئێران هه‌ر گرووپێکی که‌مایه‌تی بن، یا تیره و تایه‌فه‌یه
بن له یه‌کسانی مافه‌کاندا سوودمه‌ند ده‌بن، هه‌رچییه‌ک ڕه‌نگ و
پێستیان بێت، به‌هه‌ر زمانێک بدوێن، یا له‌و چه‌شنه هیچ ئیمتیازێکی
تایبه‌تیان نابێت" لاپه‌ڕه210 هه‌مان په‌رتووک، به‌ڵام به‌ئاشکرا له‌م
خاڵه‌دا ده‌بینیت که هیچ باس له‌مافی ژنان ناکات، باس له‌مافی مرۆڤه‌کان
ناکات له‌کار و ده‌ستکه‌وتندا، پله‌و پایه‌یان له کارگێڕییه‌کانی ده‌وڵه‌تدا،
له کارگێڕییه‌کانی تری ناو کۆمه‌ڵگه‌دا، به دیاریکراوی باس له خه‌ڵکانی
یا ئافره‌تانی ناموسوڵمان ناکات ، که چۆن نابێت جیاوازییان له‌ته‌کدا
بکرێت، ئایا ده‌توانن له‌سه‌ر ئایینی خۆیان بمێنننه‌وه گه‌ر شوویان
به کابرایه‌کی موسوڵمان کرد. به‌ڵام له‌خاڵی 20 دا ده‌ڵێت " هه‌موو
هاووڵاتیانی ئه‌م وڵاته (ئێران) پیاو و ژن هه‌ردووکیان، هه‌ردوو لایان
سوود له پارێزگاریی یاسایانه‌یان ده‌بینن چ ڕامیاری، ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی
یا مافی کولتووری، که ده‌بێت بگونجێ ت له‌ته‌ک بنه‌ماکانی ئیسلامدا"
هه‌مان لاپه‌ڕه.
هه‌روه‌ها له‌ده‌ستووری زانکۆی ئه‌زهه‌ریشدا، له خاڵی 12 و 13 دا
بانگه‌شه‌ی ده‌رخکردنی قورئان له قوتابخانه‌کاندا هاوشانی خوێندن و
فێرکردنی نه‌رێت و خووه‌کانی په‌یامبه‌ر ده‌کات. له خاڵی 11 دا جه‌خت
له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کاته‌وه، ئامۆژگار‌ی ئایینی و ئاییندارییان ده‌بێت
به‌شێکی سه‌ره‌کی به‌رنامه‌ی خوێندن و په‌روه‌رده‌و فێرکردن بێت. لاپه‌ڕه
62.
له خاڵی 12 دا داوا له حکوومه‌ت ده‌کات که دیراسه‌ی ئه‌ر‌که
ئایینییه‌کان بکرێت به‌ڵام باس له‌وه ناکات که موسوڵمانان ده‌بێت سه‌باره‌ت
به‌سه‌ربه‌ستی و ئازادی فێر بکرێن.
له ده‌ستووری نووسراوی ئه‌زهه‌ردا مافه‌کان له ڕوانگه‌ی ئیسلامه‌وه
گردبۆنه‌ته‌وه، بۆ نموونه خاڵی 29 مافی ئایین و سه‌ربه‌ستی
بیروباوه‌ڕ و سه‌ربه‌ستی کار، سه‌ربه‌ستی ڕاده‌ربڕین، سه‌ربه‌ستی
دروستکردن و په‌یوه‌ندیکردن به‌کۆمه‌ڵه‌و سه‌ندیکاوه، سه‌ربه‌ستی که‌سه‌کی،
سه‌ربه‌ستی سه‌فه‌رکردن، سه‌ربه‌ستی گرتنی کۆڕ و خڕبوونه‌وه، ده‌سته‌به‌ر
ده‌کات، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه به‌پێی سنووری شه‌ریعه‌ت. خاڵی 37 مافی
کار کردن و بژێو په‌یداکردن به‌پێی ئه‌حکامی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی ده‌سته‌به‌ر
ده‌کات. خاڵی 43 پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرێت مافه‌کان به‌پێی بنه‌ماکانی
شه‌ریعه‌ت سوودیان لێ وه‌رده‌گیرێت. لاپه‌ڕه 92 هه‌مان سه‌رچاوه.
ئه‌مه جگه له‌وه‌شی که مامۆستا و زاناکانی ئیسلام ئیجتیهادی خۆیان
له‌مه‌شدا کردووه بۆ نموونه سنووری سه‌ربه‌ستی لای ته‌به‌ندی داده‌خرێت
کاتێک که تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه موماره‌سه‌ی مافه‌کانی خۆیانیان کرد له
هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه له شه‌ریعه‌تی ئیسلام و ئایین و ده‌وڵه‌ت، واته
کاتێک که مافی مرۆڤ هه‌ڕه‌شه‌ی له ئاسایشی کۆمه‌ڵگه و ده‌وڵه‌ت بۆ
به‌ده‌ستهێنانی ئه‌وه‌کرد ، ئیدی ئه‌وه سنووری یا هێڵی سووری به‌زاندووه
و ده‌بێت بوه‌ستێنرێت.
له ئێرانیشدا، هه‌ڵوێستی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی و شه‌ریعه‌تی ئیسلامی له
سنووری قورئان لاینه‌داوه، ئه‌وه بوو که‌وتنه داپڵۆسینی به‌هاییه‌کان
(به‌هایی له‌چه‌رخی نۆزده‌دا له لایه‌ن به‌هائوڵڵاوه که له ساڵی
1863 دا خۆی به په‌یامبه‌ری خودا ڕا‌گه‌یاند، هاتووه. به‌هاییه‌کان
پێ له‌سه‌ر یه‌کسانیی پیاو و ژن داده‌گرن له‌ته‌ک برا موسوڵمانه‌کاندا،
هه‌روه‌ها پشتگریی حکوومه‌تی جیهانی ئیسلامی و ئاشتی جیهان ده‌که‌ن).
Ann Mayer هه‌ر له‌و په‌رتووکه‌یدا له لاپه‌ڕه 159 ده‌ڵێت " له
مانگی نۆڤه‌مبه‌ری 2005 دا ئایه‌توڵڵا ئه‌حمه‌د جانانی که که‌سێکی
نزیکی ئایه‌توڵڵا عه‌لی خامه‌نه‌ییه له گوته‌یه‌کیدا وتی،
ناموسوڵمانان مرۆڤ نین به‌ڵکو ئاژه‌ڵن به‌سه‌ر زه‌ویدا دێن و ده‌چن و
سه‌رقاڵی گه‌نده‌ڵین". (ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت که
دوژمنایه‌تیکردنی ناموسوڵمانان پاش ئه‌م هه‌موو ساڵانه نه‌سڕاوه‌ته‌وه).
له 12 -08 2003 دا که په‌رله‌مانی ئێرانی ده‌نگی له‌سه‌ر پێکهاتنی
ژنان دا، ئه‌م پێشنیازه به‌بیانووی دژایه‌تیکردنی یاسای ئیسلامی و ده‌ستوری
ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ئێرانی له‌لایه‌ن کۆمیته‌ی چاودێرییه‌وه قه‌بووڵ نه‌کرا.
هه‌ر لێره‌دا جێگای خۆیه‌تی که سه‌ر‌گوزه‌شته‌ی وه‌فدێکی ئێرانی که
له 21 -08 -86 دا که دیداری ده‌وڵه‌تی زیمبابۆیان کردبوو بخه‌مه‌وه
یادی خوێنه‌ر. له‌م سه‌فه‌ره‌دا به‌ته‌واوی هه‌ڵوێستی ده‌وڵه‌تی
ئێرانی و که‌ڵه سه‌رکرده ئایینییه‌کانیان له‌سه‌ر ئافره‌ت زۆر به‌ڕوونی
ده‌رده‌که‌وێت. ئه‌وه ده‌رکه‌وت که ئیسلام چه‌ند ڕێز له ئافره‌ت و
توانای ئافره‌ت ده‌گرێت و چۆنیان ده‌بینێت. سه‌رۆک کۆماری ئه‌وکاته‌ی
ده‌وڵه‌تی ئێران، عه‌لی خامه‌نه‌یی، که سه‌رۆکی وه‌فده‌که‌ی ئێران بوو،
داوایان کرد ژنانی شالیار و پایه بڵندکانی زیمبابۆی که به‌شێک بوون
له وه‌فده‌که‌ی زیمبابۆی، له‌سه‌ر مێزێک دانیشن بڕێک دوور بێت له
مێزه‌سه‌ره‌کییه‌که‌ی سه‌رۆکانی وه‌فده‌که‌وه. به‌ڵام سه‌ر‌کرده‌کانی
زیمبابۆی داواکانی ئه‌وانیان ڕه‌فز کرد، پێیان وتن که ژنان یه‌کسانن
به‌پیاوان و هه‌مان مافی پیاویان هه‌یه. زیمبابۆییه‌کان ده‌یانزانی
ترانجاندنی وه‌فدی ژنان له‌سه‌ر مێزێکی تر و دوورخستنه‌وه‌یان، نه‌ک
هه‌ر جیاکردنه‌وه و هه‌ڵاواردنی ژنانه، به‌ڵکو ئه‌مه به‌کرده‌وه
داگرتنی که‌سایه‌تی ئافره‌ته و ناساندنیانه به‌پله دوو و به‌که‌م
سه‌یر کردنیانه. له ڕوانگه‌ی ئایه‌توڵڵاکان و ده‌سته و دایه‌ره‌که‌یانه‌وه
ژنان ئه‌و نرخ و به‌هایه‌یان نییه که له‌سه‌ر مێزێکی سه‌ره‌کی یا
له هه‌مان مه‌جلیسی پیاوانی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات دانیشن. ئه‌م زانیارییه‌م
له هه‌مان په‌رتووک ده‌ر‌هێناوه.
ئه‌مانه‌ی که له‌سه‌ره‌وه باسم کردن چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌ک بوون سه‌باره‌ت
به‌و ڕایه‌ی که پێشتر له‌م نووسینه‌دا ده‌رمبڕی که وتم ڕایه‌کی یه‌کگرتوو
نه‌بووه و نییه له ڕوانگه‌ی ئیسلامییه‌وه بۆ سه‌ربه‌ستییه‌کان و
ئازادییه‌کانی مافی مرۆڤ. دواتریش له باسکردنی ڕا و بۆچونی هه‌ندێک که‌سانی
ناوداری ئایینی ئیسلامی و بزووتنه‌وه‌که‌ی و ئه‌و نووسینانه‌ی که له
زانکۆی ئه‌زهه‌ر و قاهیره و شوێنی تر نوسراوه و به‌راوردی به
جاڕنامه‌ی گه‌ردوونیی بۆ مافه‌کانی مرۆڤ، ڕۆشنایی زیاتری بخه‌مه‌سه‌ر.
_____________________________________
بۆ نووسینی ئه‌م باسه
که‌ڵکم له‌م سه‌رچاوانه‌ی خواره‌وه‌وه گرتووه:
1- چه‌ند ژماره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌ی گاردیانی
به‌ریتانی.
سه‌رچاوه‌کوردیه‌کان:
1- عه‌لمانیه‌ت و ئاین. نووسینی د. محه‌مه‌د
ئارکۆن. وه‌رگێڕانی بۆ کوردی نه‌وزاد ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د.
2- به‌راوردێک له‌نێوانی قورئان و زانست‌دا. نوسینی ته‌ها وه‌هاب.
سه‌رچاوه‌ئینگلیزیه‌کان:
1-The Islamist ، by Ed Husain
2- Th God Delusion، by Richard Dawkins.
3- Why I am not a Muslim، by Ibn Warraq.
4- Descent Into Chaos، by Ahmed Rashid
5- Islam and Human Rights ، Fourth Edit، by Ann Elizabeth Myer
له‌نده‌ن
ماڵپه‌ڕی
زاهیر باهیر
|