٧\١٢\٢٠١١
ئایا ئیسلامییه‌کان
دیموکراسین؟*

نووسینی: عه‌بدولڕه‌حمان
را‌شد
وه‌رگێڕانی: محه‌مه‌دی مشیر
له پڕێکدا زۆرێک له نووسه‌رانی عه‌ره‌ب و خۆرئاوا خۆبه‌خشانه گه‌واهیاندا
که بزاڤه ئیسلامییه سیاسییه‌کان دیموکراسین و شایسته‌ی ئه‌وه‌ن ده‌رفه‌تی
حوکمڕانیان بدرێتێ، ئه‌وانه‌ی ئه‌و گه‌واهیدانه‌شیان به‌هه‌ند وه‌رگرت
حیزبه ناسراوه‌کانی وه‌ک ئیخوانییه‌کانی میسر، بزاڤی نه‌هزه‌ی تونس ،
ئیخوانه‌کانی سوریا و حیزبی عه‌داله‌ی مه‌غریب بوون.
هه‌مووان پشتیان به‌و گوته‌یه به‌ستا که ده‌ڵێ گرووپه ئیسلامییه‌کان
له ده‌رفه‌تی کاری سیاسی بێبه‌شکران و به‌هاری عه‌ره‌بیش ده‌رفه‌تێکه
بۆ تاقیکردنه‌وه‌ی ئاستی میللی‌یان و پابه‌ندبوونیان به دیموکراسی.
هه‌ڵبه‌ته ئاخاوتن له سه‌ر پێدانی مافی به‌شداریکردن له کاری سیاسی
کارێکی په‌سنده، ئه‌مه‌ش مافێکه ده‌درێته هه‌مووان نه‌ک ئیسلامییه‌کان
به ته‌نیا. به‌ڵام بانگه‌شه‌کردن بۆ ئه‌وه‌ی که دیموکراسین و سه‌رباری
ئه‌وه‌ش گوایه ده‌رفه‌تیان پێنه‌دراوه دوو درۆن.بۆ نموونه له سودان
به‌ره‌ی ئیسلامی به سه‌رکردایه‌تی حه‌سه‌ن ئه‌لتورابی به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌کانی
ساڵی 1986 ی کردوو، ئیسلامییه‌کان 51 کورسییان له په‌رله‌مان وه‌ده‌ستهێنا،
واته دوای هه‌ردوو حیزبی ئوممه و یه‌کگرتوو پله‌ی سێیه‌میان ده‌سته‌به‌رکرد.سه‌رباری
ئه‌وه‌ش که گومانیان له پاکی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌که نه‌کرد،
که‌چی دوای دوو ساڵ پیلانیان بۆ کوده‌تایه‌ک داڕشت و به هاوکاری عه‌مید
عومه‌ر ئه‌لبه‌شیر ده‌ستیان به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات داگرت که تائێستاکه‌ش
فه‌رمانڕه‌وایی وڵات ده‌کات پاش ئه‌وه‌ی سامانی ئه‌و وڵاته‌ی وێرانکردو
چه‌ندین جه‌نگی هه‌ڵگیرساند.
جه‌زائیر ئه‌زموونێکی جیاوازتری هه‌بوو، کاتێک رژێمی سه‌ربازی، که له
پشتی په‌رده‌وه حوکمڕانی وڵاتی ده‌کرد، ناچاربوو دوای حه‌وت ساڵ له
خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی، که ئیسلامییه‌کان تێیدا چالاک‌بوون،بڕیاری هه‌ڵبژاردن
بدا.دواتر سه‌ربازه‌کان هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵی 1991-یان له‌بار برد،
چونکه ئه‌گه‌ری سه‌رکه‌وتنی ئیسلامییه‌کان له ئارادا بوو، به‌ڵام
پێویسته ئه‌وه‌ش باسکه‌ین که سه‌رکرده‌یه‌کی میانڕه‌وی به‌ره‌ی
ئینقازی وه‌کو عه‌باس مه‌ده‌نی کێشه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌یه‌کی گه‌نجی
توندڕه‌وه‌ی وه‌کو عه‌لی به‌لحاج دا هه‌بوو که زۆرینه‌ی خه‌ڵکی له گه‌ڵدابوو
له ناو بزووتنه‌وه‌که‌دا و به ئاشکراو به به‌رچاوی پێڕه‌وانی له مه‌یداندا
دیموکراسی ره‌تده‌کرده‌وه و رایده‌گه‌یاند "لا دیمقراطیة و لا د‌ستور
.. بل قال الله و قال الرسول" به‌مه‌ش توندڕه‌وه‌کان هێرشیان کرده سه‌ر
سینه‌ما و مارکێته‌کان تا له ئاکامدا سه‌ربازه‌کان ده‌رفه‌ته‌که‌یان
قۆسته‌وه‌و حوکمی عورفیان راگه‌یاند.
ئه‌زموونی سێیه‌م ئه‌وه‌ی فه‌له‌ستینه که ده‌سه‌ڵات تێیدا رازیبوو حه‌ماس
بهێنێته ناو هه‌ڵبژاردنه‌کان به‌مه‌رجێ پابه‌ندبێت به دیموکراسی و
رێز له‌و رێککه‌وتنه بگرێت که له گه‌ڵ ئیسرائیل دا مۆرکراوه، ئه‌وه‌بوو
له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵی 2006 دا سه‌رکه‌وت و له کۆی 132کورسی 76
کورسی به‌ده‌ستهێنا و سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌تی پێدرا، به‌ڵام حه‌ماس ده‌ستی
به سه‌ر هه‌موو ده‌ستگاکاندا گرت و له شه‌ڕێکی خوێناویدا ده‌سه‌ڵاتی
فه‌له‌ستینی له که‌رتی غه‌ززه ده‌رکرد.
نابێ ره‌وتاره‌کانی حیزبوڵڵاش فه‌رامۆشبکه‌ین که له لایه‌کیان به‌شداری
له‌کاری دیموکراسی ده‌کات له رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌وه و له لایه‌کی
دیکه‌شدا خواسته‌کانی به زه‌بری چه‌ک ده‌سه‌پێنێ. له هه‌ندێ ئه‌زموونی
دیکه‌شدا ئیسلامییه‌کان دیموکراسییان قۆسته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌جێنداکانی
خۆیان بسه‌پێنن، هه‌ر وه‌کو ئه‌وه‌ی له کوێت دا روویدا کاتێک
ئیخوانییه‌کان و سه‌له‌فییه‌کان و شیعه‌کان کتێبیان قه‌ده‌غه‌کرد و
ئاهه‌نگ و چالاکی هزرییان یاساغ کرد،ئه‌مه‌ش بۆخۆی تۆقاندنێکی هزرییه.
من دژی به‌شداریکردنی حیزبه ئیسلامییه‌کان نیم له کاری سیاسی‌دا
مادامه‌کێ ئاماده‌بن رێز له بنه‌ماکانی کاری دیموکراسی بگرن،به‌ڵام
هه‌روه‌کو روونمکرده‌وه ئه‌مه ته‌نها بۆ جارێکیش رووینه‌داوه.پێویسته
له‌سه‌رمان ده‌رک به‌وه بکه‌ین که سروشتی حیزبه به‌ئایدیۆلۆژیکراوه‌کان
و گرووپه‌کانی ئیسلامی سیاسی له هه‌ردوو لایه‌نی تاکتیک و هزردا
حیزبه‌کانی دیکه ره‌تده‌که‌نه‌وه هه‌رچه‌نده‌ش باسی لێبوورده‌یی و هه‌رسکردنی
هزری دیموکراسی بکه‌ن.
له‌و باوه‌ڕه‌دام که ئه‌زموونی تورکیا باشترین نموونه‌یه‌پێشکه‌شی ئه‌و
وڵاته عه‌ره‌بییانه بکرێت که ده‌یانه‌وێ راستگۆیانه ده‌رفه‌ت بده‌نه
هه‌موو هێزه میللییه‌کان، له پێشه‌وه‌شیاندا ئیسلامییه‌کان. ده‌شێ
سوپا زامنکار بێت به‌وه‌ی ئازادییه‌کان و مافه‌کان،که هه‌رده‌م جێگه‌ی
مشتومڕو ململانێن، بپارێزرێن، ئیسلامییه‌کان له پرسه‌کانی سیاسه‌تی ده‌ره‌کیدا
هیچ جیاوازییه‌کیان له گه‌ڵ نیشتمانپه‌روه‌ر و نه‌ته‌وه‌گه‌را و به‌عسییه‌کاندا
نییه، به‌ڵام دیدێکی چه‌پێنه‌رانه‌یان هه‌یه دژ به ئافره‌تان و پێڕه‌وانی
ئایین و ئاینزاکانی دیکه، به هه‌مان شێوه‌ش دژی مافی ده‌ربڕین و
ئازادییه که‌سییه‌کانن که له‌گه‌ڵ ئه‌واندا ناگونجێن.
________________________________________
*
سه‌رچاوه: (الشرق الاوسط) ٥ی دیسێمبەری
٢٠١١ - ژمارە ١٢٠٦٠.
ماڵپه‌ڕی
محه‌مەدى مشیر
|