ئایا کامیان تاوانبارتر بوو فه‌رحان موتله‌گ یان ته‌ها یاسین ره‌مه‌زان؟
ده‌رسیم دیبه‌گه‌یی
دادگای باڵای تاوانه‌کانی ئێراق، یه‌که‌م دانیشتنی دادگایی‌کردنی تاوانبارانی ئه‌نفالی له‌ڕۆژی دووشه‌ممه رێکه‌وتی (21.8.2006)دا ده‌ستپێکرد. تاوانبارانی سه‌ره‌کی شاڵاوه‌کانی ئه‌نفال یاخود تاوانبارانی سه‌ره‌کی ده‌ستگیرکراوی ئه‌و تاوانه گه‌وره‌یه بریتیبوون له (سه‌ددام حوسێن مه‌جید، سه‌رۆک کۆماری ئێراق که له‌ڕۆژی شه‌ممه به‌رواری (30.12.2006)دا له‌سه‌ر تاوانی دوجه‌یل له‌سێداره‌درا، عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید ، ناسراو به (عه‌لی کیمیاوی)، به‌رپرسی بیرۆی باکووری رێکخستنه‌کانی حیزبی به‌عسی عاره‌بی سۆشیالیست، لیوا روکن سوڵتان هاشم ئه‌حمه‌د ئه‌لجبوری، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی یه‌کی سه‌رده‌می ئه‌نفاله‌کان، فه‌ریق روکن حوسێن ره‌شید محه‌مه‌د عه‌ره‌ب ئه‌لتکریتی، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆکی ئه‌رکانی سوپا بۆ ئۆپراسیۆنه‌کان له‌کاتی ئه‌نفاله‌کاندا، فه‌ریقی روکن سابیر عه‌بدولعه‌زیز حوسێن عه‌لی ئه‌لدوری، به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگری سه‌ربازی گشتی (مدیر الاستخبارات العسکریة العامة)، عه‌میدی روکن فه‌رحان موتله‌گ ساڵح ئه‌لجبوری، به‌ڕێوه‌به‌ری رێکخراوی هه‌واڵگری ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵات له که‌رکوک‌و تاهیر تۆفیق یوسف ئه‌لعانی، سکرتێری لیژنه‌ی کاروباری باکوور‌و ئه‌ندامی بیرۆی باکووری رێکخستنه‌کانی حیزبی به‌عس).
دوای (60) دانیشتنی دادگا‌و له‌دانیشتنی ژماره (61)دا که له‌ڕۆژی یه‌کشه‌ممه (24.6.2007)دا به‌ڕێوه‌چوو، دادگای باڵای تاوانه‌کانی ئێراق بڕیاری کۆتایی به‌سه‌ر شه‌ش تاوانباره‌که سه‌پاندو هه‌ریه‌که ئه‌و سزایانه‌ی بۆ بڕینه‌وه: (1- عه‌لی کیمیاوی، پێنج سزای له‌سێداره‌دان، یه‌کی هه‌تا هه‌تایه، یه‌ک سزای پازده ساڵی، دوو سزای ده ساڵی‌و دووانی حه‌وت ساڵی. 2- سوڵتان هاشم، چوار سزای له‌سێداره‌دان، دوو سزای هه‌تا هه‌تایه، یه‌ک سزای پازده ساڵی، یه‌ک سزای ده ساڵی‌و دووانی حه‌وت ساڵی. 3- حوسێن ره‌شید تکریتی، چوار سزای له‌سێداره‌دان‌و سزایه‌کی حه‌وت ساڵی. 4- سابیر عه‌بدولعه‌زیز دوری، سێ سزای هه‌تا هه‌تایی‌و سزایه‌کی ده ساڵی. 5- فه‌رحان موتله‌گ ساڵح، دوو سزای هه‌تا هه‌تایی‌و سزایه‌کی ده ساڵی). هه‌روه‌ها تۆمه‌تبار تاهیر تۆفیق ئه‌لعانی، بڕیاری ئازادکردن‌و بێتاوانی له به‌شداریکردنی له‌شاڵاوه‌کانی ئه‌نفال بۆ ده‌رچوو.
به‌گوێره‌ی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی که له‌به‌رده‌ست دادگای باڵای تاوانه‌کانی ئێراقدا هه‌بوون، فه‌رحان موتله‌گ ساڵح، واژۆی له‌سه‌ر چه‌ندین به‌ڵگه‌ی له‌سێداره‌دانی رۆڵه‌ی کورددا هه‌یه، که له‌و بابه‌ته‌دا ئاماژه به‌هه‌ندێکیان ده‌که‌م. یه‌که‌م به‌ڵگه‌نامه بریتییه له نووسراوێکی رێکخراوی هه‌واڵگری ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵات (منظومة استخبارات المنطقة الشرقیة)، که به‌واژۆی تاوانباری ئاماژه‌پێکراو، به‌ژماره (307)ی به‌رواری (22.2.1988)دا بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌واڵگری سه‌ربازی گشتی نێردراوه، بریتییه له‌گولله‌بارانکردنی پێشمه‌رگه‌یه‌کی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان به‌ناوی (به‌همه‌ن مه‌حمود که‌ریم)، که پێشتر له هاوینی ساڵی (1986)دا له‌دوای لێدانی ئۆتۆمۆبێلێکی سه‌ر به (رێکخراوی موجاهیدینی خه‌لقی ئێرانی) له‌سه‌ر رێگای گشتی سلێمانی - چه‌مچه‌ماڵ، چوار که‌س له موجاهدینی خه‌لق که جاشی سه‌ددام‌و به‌عس بوون کوژران، هه‌روه‌ها له‌و چالاکییه‌دا پێشمه‌رگه (به‌همه‌ن مه‌حمود که‌ریم) به‌برینداری ده‌ستگیرکراوه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌کیش به‌ناوی (غازی ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د) شه‌هیدبووه.
به‌ڵگه‌ی دووه‌م بریتییه له‌نووسراوێکی (منظومة استخبارات المنطقة الشرقیة)، که به‌واژۆی تاوانبار عه‌مید روکن فه‌رحان موتله‌گ ساڵح‌و به‌ژماره (27)ی به‌رواری (2.5.1988)، ئاراسته‌ی عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جیدی رازگری نهێنی بیرۆی باکووری حیزبی به‌عسی عاره‌بی کراوه، که سه‌باره‌ت به دیاریکردنی چاره‌نووسی (عوسمان میکائیل ده‌روێش ره‌شید)، دانیشتووی شارۆچکه‌ی که‌لار که له‌ڕۆژی (6.4.1988)دا له‌ناو شارۆچکه‌ی که‌لاردا له‌دوای ده‌ستنیشانکردنی له‌لایه‌ن کوردێکی خۆفرۆشه‌وه ده‌ستگیرکراوه. ناوبراو سه‌ر به‌ڕێکخستنه‌کانی (یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان) بووه‌و، به‌گوێره‌ی قسه‌کانی تاوانبار (عه‌مید روکن فه‌رحان موتله‌گ)ی به‌ڕێوه‌به‌ری مه‌نزومه‌ی ئیستخباراتی شه‌رقی، عوسمان میکائیل به‌هاوکاری دوو که‌س له‌هاوڕێیانی رێکخستنه‌کانی (ی.ن.ک)دا له‌مانگی ئازاری هه‌مان ساڵدا دوو رومانه‌یان له‌ناو شارۆچکه‌ی که‌لاردا ته‌قاندۆته‌وه. له‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌دا عه‌مید روکن فه‌رحان موتله‌گ، پێشنیاری ئه‌وه ده‌کات که ده‌ستبه‌جێ عوسمان میکائیل گولله‌باران بکرێت. دواتریش هه‌روه‌کو تاوانبار عه‌مید روکن فه‌رحان موتله‌گ ساڵح له‌دانیشتنی ژماره (46)ی دادگایی‌کردنی تاوانبارانی ئه‌نفالدا، که له‌ڕۆژی سێشه‌ممه رێکه‌وتی (20.2.2007)دا به‌ڕێوه‌چوو، گوتی: (به‌ڵی عوسمان میکائیل گولله‌بارانکرا، ئه‌ی ده‌تانه‌وێت چیمان لێبکردایه؟ من به‌گوێره‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆم پێشنیارم کردووه بۆئه‌وه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی دادگادا گولله‌باران بکرێت، عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید-یش ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی پێ‌درابوو که بڕیاربدات هه‌رکه‌سێک به‌بێ دادگایی‌کردن له‌سێداره‌بدرێت. من ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتی خۆم به‌کارهێناوه‌و سنوور به‌زێنیم نه‌کردووه).
به‌ڵگه‌ی سێیه‌م بریتییه له نووسراوێکی رێکخراوی هه‌واڵگری سه‌ربازی رۆژهه‌ڵات که به‌واژۆی تاوانبار عه‌مید روکن فه‌رحان موتله‌گ ساڵح‌و، به‌ژماره‌ی (ش3/ق3/قادسیة صدام 384) له‌ڕێکه‌وتی (2.11.1987)دا (که به‌گوێره‌ی قسه‌کانی خۆی ئه‌و رۆژه یه‌که‌م رۆژی ده‌ستبه‌کاربوونی فه‌رحان موتله‌گ بووه له مه‌نزومه‌ی شه‌رقیه‌دا)، موژده‌ی کاولکردنی (9) دێهات له‌دێهاته‌کانی (چه‌مچه‌ماڵ)ی به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌واڵگری سه‌ربازی گشتی راگه‌یاندووه که له‌نێوان (27 و 28ی ئۆکتۆبه‌ری 1987)دا رووخێنراون، گونده کاولکراوه‌کانیش ئه‌مانه‌ن: (کانی چنار، خواموراد، عه‌لی مه‌نسوور، قه‌ڵائینجان، چاڵگه، شۆراو، مالومه، هه‌نجیره‌و کانی سارد).
به‌ڵگه‌ی چواره‌م بریتییه له نووسراوێک به‌واژۆی تاوانبار عه‌مید روکن فه‌رحان موتله‌گ ساڵح‌و له‌به‌ڕێوه‌به‌رێتیه‌که‌ی ئه‌و به‌ژماره‌ی (ش3/ق3/قادسیة صدام 1289)ی به‌رواری (5.8.1988)دا ده‌رچووه‌و، بۆ سه‌رکردایه‌تی نووسینگه‌ی رێکخستنی باکووری حیزبی به‌عس ناردویه‌تی، فه‌رحان موتله‌گ له‌نووسراوه‌که‌یدا باسی ئه‌وه ده‌کات، که له‌کاتژمێری (10)ی پێشنیوه‌ڕۆی رۆژی دووشه‌ممه رێکه‌وتی (1.8.1988)دا، فه‌رمانی گولله‌بارانکردنی (13) کوردیان جێبه‌جێکردووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ناوی گولله‌بانکراوه‌کان‌و ناوی رێکخستنه‌که‌یان له‌لایه‌ن دادگای باڵای تاوانه‌کانی ئێراقه‌وه سڕاوه‌ته‌وه.
به‌ڵگه‌ی پێنجه‌م بریتییه له نامه‌یه‌کی ده‌زگای ئیستخباراتی شه‌رقیه به‌واژۆی تاوانبار عه‌مید روکن فه‌رحان موتله‌گ ساڵح، به‌ژماره‌ی (ش3/ق3/قادسیة صدام 69)ی به‌رواری (10.1.1989)، که بۆ سکرتارییه‌تی سه‌رکردایه‌تی نووسینگه‌ی رێکخستنی باکووری حیزبی به‌عسی عاره‌بی نێردراوه، له‌نامه‌که‌دا هاتووه که له‌کاتژمێری (10)ی پێشنیوه‌ڕۆی رۆژی سێشه‌ممه رێکه‌وتی (10.1.1989)، فه‌رمانی گولله‌بارانکردنی (10) که‌سیان جێبه‌جێکردووه، که هه‌ر هه‌موویان سه‌ر به رێکخستنه‌کانی (یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان)ن که ئه‌مانه‌ن: (1- شاکر عه‌لی عه‌بدوڵڵا. 2- هه‌مزه جمعه حمه‌مه‌د فه‌رحان. 3- عادل جمعه محه‌مه‌د. 4- عه‌بدولحه‌سه‌ن ئیسماعیل مسته‌فا. 5- ئارام ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د. 6- ئه‌نوه‌ر حه‌مه‌ڕه‌شید حه‌مه‌لاو. 7- که‌مال عه‌زیز ئه‌حمه‌د. 8- ئه‌بوبه‌کر فه‌قێ فه‌ره‌ج. 9- هه‌مزه کاکه‌حه‌مه خه‌لیفه. 10- سیروان عه‌زیز ئیبراهیم). مه‌نزومه‌ی شه‌رقییه بۆ گولله‌بارانکردنی چوار که‌سی یه‌که‌م پشتی به‌ستووه به‌نووسراوێکی تاوانبار عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید به‌ژماره (9)ی رۆژی یه‌کشه‌ممه رێکه‌وتی (2.1.1989)، هه‌روه‌ها بۆ گولله‌بارانکردنی شه‌ش ده‌سگیرکراوه‌که‌ی تر فه‌رحان موتله‌گ ئاماژه‌ی به‌نووسراوێکی تری تاوانبار عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید کردووه به‌ژماره (50)ی رۆژی دووشه‌ممه رێکه‌وتی (3.1.1989).
دوای ئه‌وه‌ی دادگای باڵای تاوانه‌کانی ئێراق، له (24.6.2007)دا بڕیاری کۆتایی سه‌باره‌ت به‌هه‌ر شه‌ش تاوانباره‌که‌ی ئه‌نفال ده‌رکرد، دۆسییه‌ی ئه‌و شه‌ش تاوانباره نێردرایه دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه، دادگای ناوبراویش دوای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌و وردبینی، سزاکانی هه‌ردوو تاوانبار فه‌ریق روکن سابیر عه‌بدولعه‌زیز ئه‌لدوری‌و عه‌میدی روکن فه‌رحان موتله‌گ ساڵح-ی له هه‌تاهه‌تاییه‌وه گۆڕی بۆ له‌سێداره‌دان، که‌چی له‌کاتی ده‌نگدان بۆ په‌سه‌ندکردنی بڕیاری دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه، ده‌نگی دادوه‌ر عارف شاهین، که به‌ڕه‌گه‌ز کوردێکی شیعه‌یه‌و سه‌رۆکی دادگای باڵای تاوانه‌کانی ئێراقه، ده‌نگی یه‌کلاکه‌ره‌وه بوو بۆ سه‌پاندنی بڕیاره‌که، چونکه تا ئه‌وکاته چوار ده‌نگ له‌گه‌ڵ له‌سێداره‌دان‌و چوار ده‌نگیش له‌دژی له‌سێداره‌دانیان بوون، که‌چی ئه‌و دادوه‌ره کورده ده‌نگی له‌دژی له‌سێداره‌دانی سابیر دوری‌و فه‌رحان موتله‌گ دا‌و هه‌ردووکیانی له‌مردن رزگارکردن. گومانیش له‌وه‌دا نییه ده‌نگنه‌دانی دادوه‌ری ناوبراو بۆ له‌سێداره‌دانی هه‌ردوو تاوانباره‌که، چه‌ندین نهێنی شاراوه له‌خۆوه ده‌گرێت!!
دادوه‌ر عارف شاهین، که کوردێکی شیعه‌یه، ئه‌وه‌نده‌ی پابه‌ندو دڵسۆزه بۆ ئایینزای شیعه، ئه‌وه‌نده پابه‌ندو دڵسۆز نییه بۆ کورد‌و کوردستان. هه‌مووشمان ده‌زانین که شیعه‌کان‌و عه‌لی سیستانی نه ده‌یانه‌وێت فه‌رحان موتله‌گ هه‌روه‌ها نه سابیر دوری له‌سێداره بدرێن، سه‌باره‌ت به فه‌رحان موتله‌ق له‌به‌رئه‌وه‌ی ناوبراو سه‌ر به‌خێڵی جبورییه‌و، خێڵی جبوریش ئه‌وانه‌ی ده‌که‌ونه کوردستان‌و خۆرئاوای ئێراق سه‌ر به‌ئایینزای سوننه‌ن‌و، هه‌روه‌ها ئه‌و جبورانه‌ی که له‌باشووری ئێراقدا ده‌ژین هه‌موویان سه‌ر به‌ئایینزای شیعه‌ن، بۆ نموونه سه‌عدی توعمه عه‌باس جبوری، که سه‌رده‌مانێک رازگری سه‌رکردایه‌تی گشتی هێزه چه‌کداره‌کان بوو له‌کاتی ئه‌نفاله‌کان‌و به‌شداری چالاکانه‌ی شاڵاوه دڕندانه‌کانی ئه‌نفالی کردووه، ماوه‌یه‌کیش یارمه‌تیده‌ری سه‌رۆکی سوپا بۆ کاروباری ئۆپراسیۆنه‌کان، دواتریش سه‌رۆکی ئه‌رکانی سوپا‌و چه‌ند ساڵێکیش وه‌زیری به‌رگری ئێراق بووه، شیعه‌ی باشووره. جبوره شیعه‌کان هانایان بۆ سیستانی بردووه که ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌کاربهێنێت تاوه‌کو تاوانبار فه‌رحان موتله‌گ سزای مه‌رگی به‌سه‌ردا نه‌سه‌پێندرێت. خۆ هه‌ر دوابه‌دوای ده‌رچوونی سزای تاوانبارانی ئه‌نفال له (24.6.2007)دا، ده‌سته‌ی داواکاری گشتی (جه‌عفه‌ر ئه‌لموسه‌وی‌و مونقز ئال فیرعه‌ون) له‌ژێر کاریگه‌ری مه‌رجه‌عیه‌ی شیعی (سیستانی)دا داوای سووککردنی سزای هه‌ردوو تاوانباره جبورییه‌کان (فه‌رحان موتله‌گ‌و سوڵتان هاشم)یان به‌فه‌رمی له‌دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه کرد، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی که هێزه سوننییه‌کان‌و وڵاته عاره‌بییه‌کان نه‌ک ته‌نیا داوای سووککردنی سزاکان، به‌ڵکو داوای ئازادکردنی هه‌موو تاوانبارانی ئه‌نفال به عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید-یشه‌وه ده‌که‌ن.
ده‌ستتێوه‌ردان‌و باڵاده‌ستی شیعه له‌کاروبارو بڕیاره‌کانی دادگای باڵای تاوانه‌کانی ئێراق به‌ئاشکه‌را به‌دی ده‌کرێت‌و هه‌ستی پێده‌کرێت. له‌سێداره‌دانی تاوانبار ته‌ها یاسین ره‌مه‌زان (ده‌سته‌کانیان خۆشبێت که شیعه‌کان له‌سێداره‌یاندا)، سه‌ره‌ڕای نه‌بوونی به‌ڵگه‌ی پێویست بۆ له‌سێداره‌دانی، هه‌روه‌ها ده‌رنه‌کردن‌و په‌سه‌ندنه‌کردنی بڕیاری له‌سێداره‌دان له‌دژی تاوانبار فه‌رحان موتله‌گ، سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی به‌ڵگه‌ی پێویست‌و ته‌واو بۆئه‌وه‌ی له‌سێداره بدرێت، که بڕینه‌وه‌ی سزاکانی هه‌ردوو تاوانبار ته‌ها جه‌زراوی‌و فه‌رحان موتله‌گ له‌ژێر کاریگه‌ری‌و باڵاده‌ستی شیعه‌کانه‌وه بووه که بووه هۆی ئه‌وه‌ی یه‌که‌میان له‌سێداره بدرێت‌و دووه‌میان له‌سێداره‌دان رزگاری بێت، به‌ڵگه‌ن بۆ سه‌لماندنی بۆچوونه‌کانم. به‌گوێره‌ی دادگایی‌کردنی تاوانبارانی دۆسیه‌ی دوجه‌یل له دادگای باڵای تاوانه‌کانی ئێراق، ئه‌و دادگایه نه‌یتوانی بیسه‌لمێنێت که جه‌زراوی که‌سی ئازار‌و ئه‌شکه‌نجه، زیندانی یان کوشتووه، بۆیه به‌زیندانیکردن به‌هه‌تا هه‌تایه سزای بۆ بڕییه‌وه. دادگای ناوبراو ئه‌وه‌ی که تاڕاده‌یه‌ک توانی به‌سه‌ر ته‌ها جه‌زراوی که دوژمنی له‌مێژینه‌ی شیعه‌کان بوو ساغی بکاته‌وه، پێشنیارکردنی بڕینه‌وه‌ی دار‌و دره‌خت‌و له‌ناوبردنی دارستانه‌کان بوو له‌لایه‌ن تاوانباری ناوبراوه‌وه به‌درێژایی یه‌ک تا سێ کیلۆمه‌تر به‌هه‌رچوار ده‌وری شارۆچکه‌ی دوجه‌یلدا، هه‌روه‌ها به‌شداریکردنی سوپای میللی (الجیش الشعبي) بوو که ته‌ها یاسین ره‌مه‌زان فه‌رمانده‌ی گشتی ئه‌و سوپایه بووه. باشه خۆ فه‌رحان موتله‌گ ساڵح، به‌واژۆی خۆی‌و به‌نووسراوی فه‌رمی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی مه‌نزومه‌ی شه‌رقیه که ناوبراو به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و ده‌زگایه بووه، به‌گوێره‌ی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی که له‌سه‌ره‌وه‌دا ئاماژه‌م پێکردوون نۆ گوندی کوردستانی کاولکردووه، هه‌روه‌ها (25) هاووڵاتی کوردی گولله‌بارانکردووه که یه‌کێکیان پێشمه‌رگه‌و (24)ه‌که‌ی تریش سه‌ر به‌ڕێکخستنه نهێنییه‌کانی ناوشار بووینه، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی که به‌ده‌یان هه‌زار کوردی دێهاتنشینی ده‌ستگیرکراو له‌لایه‌ن سوپاوه له‌ڕێگه‌ی مه‌نزومه‌که‌ی ئه‌وه‌وه راده‌ستی بیرۆی باکووری حیزبی به‌عس‌و عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید کران‌و ئه‌ویش هه‌موانی زینده به‌چاڵکرد! له‌لایه‌ک ئه‌گه‌ر ده‌ستخستنه ناو کاروباری دادگای باڵای تاوانه‌کانی ئێراق له‌لایه‌ن شیعه‌کان‌و له لایه‌کی تریشه‌وه خه‌مساردی سه‌رکردایه‌تی کورد نه‌بێت، بۆ ده‌بێت ته‌ها یاسین ره‌مه‌زان له‌سه‌ر داربڕینه‌وه‌ی شیعه‌کان له‌سێداره‌بدرێت، که‌چی فه‌رحان موتله‌گ ساڵح له‌سه‌ر گولله‌بارانکردنی (25) هاووڵاتی کورد‌و کاولکردنی نۆ گوندی کوردی‌و راده‌ستکردنی ده‌یان هه‌زار کورد به عه‌لی کیمیاوی له‌سێداره نه‌درێت؟ ئایا دار‌و دره‌خت‌و دارستانه‌کانی شیعه له‌خوێنی کورد به‌نرخترن؟ باشه دارستان بڕینه‌وه تاوانێکی گه‌وره‌تره یان تاوانی به‌عاره‌بکردنی که‌رکوک‌و راگوێزان‌و ده‌ربه‌ده‌رکردنی دانیشتوانه کورده ره‌سه‌نه‌که‌ی به‌فه‌رمان‌و واژۆی چه‌ند پارێزگارێکی وه‌کو (فه‌ریق روکن هیشام سه‌باح فه‌خری، فه‌ریق روکن مه‌حمود فه‌یزی ئه‌لهه‌زاع، فه‌ریق یه‌که‌می روکن ئه‌یاد فته‌یح خه‌لیفه ئه‌لڕاوی، لیوای روکن نۆفل ئیسماعیل خزه‌یر، فه‌ریق روکن قه‌یس عه‌بدولڕه‌زاق محه‌مه‌د جه‌واد ئه‌لهادی) که له‌هه‌مانکاتدا ئه‌نفالچیش بووینه؟ خۆ تاوانبار ته‌ها یاسین به‌هۆی ئه‌وه‌ی که ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی به‌ناو شۆڕش، ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی هه‌رێمی ئێراقی حیزبی به‌عس، ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی نه‌ته‌وایه‌تی حیزبی به‌عس، جێگری سه‌رۆک وه‌زیران‌و فه‌رمانده‌ی گشتی به‌ناو سوپای میللی بووه له‌بری جارێک ده‌بوایه پێنج جار سزای له‌سێداره‌دانی بۆ ده‌رچوبایه، به‌ڵام ئه‌وان له‌سه‌ر دۆسیه‌ی دوجه‌یل‌و له‌ناوبردنی دار‌و دره‌خت‌و دارستاندا له‌سێداره‌یاندا نه‌ک له‌سه‌ر پۆسته‌کانی له‌حیزب‌و حکومه‌ت، تاوانبار جه‌زراوی به‌هۆی ئه‌و پۆسته گه‌ورانه‌ی که هه‌یبووه به‌شداربووه له‌بڕیاردان‌و نه‌خشه‌دانانی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت‌و جێبه‌جێکردنی گشت ئه‌و تاوانانه‌ی که له‌لایه‌ن حیزب‌و حکومه‌ته‌که‌ی سه‌ددام-ه‌وه له‌دژی گه‌لانی کوردستان‌و ئێراق ئه‌نجام دراون. ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌که له به‌ڵگه‌کان:
26.4.2008 شه‌ممه
|