په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٨\٢٠١٧

ئایا کرێکاران چینێکی شۆڕشگێڕن؟


زاھیر باھیر      


وەڵامی ئەم پرسیارە لە وتارێکی ئاوا کورتدا ئاسان نییە، ڕەنگە چەند کتێبێکی بوێت بە تایبەت گەر بمانەوێت ئامارێکی زۆر و ڕۆڵی کرێکاران لە خەباتیانا و لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا و کەنەدا و ئوسترالیا ، بەرچاوبخەین.


پێش ئەوەی بچمە ناو کرۆکی بابەتەکەوە دەبێت پێناسەی چەمکی کرێکار یاخود چینی کرێکاران ، بکەم . بۆ ئەمەشیان پێ لەوە دەنێم کە کارێکی ئاسان نییە.


" بە گوێرەی فەرھەنگی ئینگلیزی دانشگای کامبریج چینی کرێکاران گروپێکی کۆمەڵایەتین کە پێکھاتون لە خەڵکانێک پارەیەک پەیدا دەکەن ، زیاتر ھەقدەستیان بە گوێرەی کاژیری کارکرندیانە ، یاخود ڕۆژانەیە ، ڕاشکاوانە ئەوانەن کە کاری جەستەیی دەکەن...............چینی کرێکاران ( ھەرەوەھا چینی کارگەر و پڕۆلیتاریا) ئەو کەسانەن کە بە مووچە، کاردەکەن ، بە تایبەت لە کاری دەستیدا لە پیشەکاندا کە شارەزاییان ھەیە و لە کاری پیشەسازییدان. کارەکانی چینی کرێکاران لەوانەش ئەوانەی کە کاری دەستی لە کەرتی پیشەسازیدا دەکەن ، ھەندێکیشیان کاری زھنی و لەتەک ئەو کارانەی کە خزمەتگوزارین"

پێناسەی گشتی چینی کرێکاران ، لە لایەن مارکسیەکانەوە سۆشیالیستەکانەوە ئەوانەش دەگرێتەوە کە ھیچیان نییە بیفرۆشن جگە لە ھێزی بازوویان، ھێزی کاریان و شارەزاییان . ئا لەم بارەشدا ھەردوو گروپ: کرێکارانێک کە کاری جەستەیی و ئەوانەشی کە کاری زھنیی دەکەن، کاری دەستیی و فکریی بە ھەموو جۆرەکانییەوە دەگرێتەوە. لای ئەمان تەنھا ئەوانە ناگرێتەوە کە داھاتیان لە خاوەندارێتی بزنس و ئەوانەی کە کرێکارانی دیکە بەکاردەھێنن.


زۆر ئاشکرایە ئەو دونیایەی کە مارکسی تیادا دەژیا یەکجار گۆڕاوە، ھەر ئاواش خودی چینی کرێکارانیش و پێناسەکەشی. ئەوەی کە لە کۆمەڵدا تا ئێستا نەگۆڕاوە و ھەیە چینی کرێکارانن، چینی ناوەنجی و چینی باڵای نێو کۆمەڵن.


لە کاتێکدا کە زۆرینەی مارکسییەکان و سۆشیالیستەکان و ھەندێکیش لە ئەنارکیستەکان باوەڕیان وایە کە پاڵپێوەنەری یاخود دینەمۆی بردنمان بەرەو کۆمەڵی سوشیالیستی ، کرێکارانە ، ھەر لەبەر ئەمەش پێناسەکردنی چینی کرێکاران ھێشتا پێویستە. پێناسەکردنی چینی کرێکاران لە پێناسەی جیاوازدا ، ڕەنگە سەرەنجامێکی جیاوازمان لە کۆمەڵی جیاوازی ئایندەدا بداتەدەست.


زۆرێک لە ئێمە بڕوامان وایە کە زۆربەی زۆری کۆمەڵ کرێکارن. بەم پێوەدانەش کرێکاران ، خانەنشینکراوان ، بێکاران، ئەوانەی کە کار بۆ خۆیان دەکەن، یاتەنانەت قوتابیان و ئەوکەسانەشی کە پارەیەکی مشە وەردەگرن ، کە ھەندێکمان بە چینی ناوەنجییان لە قەڵەم دەدەین، ھەموو ئەمانە دەگرێتەوە.


ئەگەر ئەو پێناسەیەی سەرەوە بۆ چینی کرێکاران وەرگرین ، دەگەینە ئەو سەرەنجامەی کە چیینی کرێکاران چینێکی یەکگرتوو نین، ئامانجەکانی ھەر بەشێکیان لە ئێستادا جیاوازە و یەکگرتنیشیان لە ڕادەی مەحاڵدایە. ڕەنگە ئەمەش ھۆکارێک بێت کە ھاوکاری و کۆمەک و ھاریکاریی لە نێوانیاندا نابینین، ھەر ئەمەشەکە تێشکان بەدوای تێشکانا، چارەنوسیانە.


ئەگەر ھەموان لەسەر ئەوەش یەکبگرینەوە کە چینە کرێکارە تەقلیدییەکە لەتەک کرێکارانی دووکانەکان و فرمانگاکان و بەشی خواردنەوە و خۆراک و کرێکارانی سەر کێڵگەکان ، کە بەمانە ھەموویان دەوترێت کرێکار، ھێشتا ھەر ڕووبەڕووی گرفت دەبینەوە. ئەمانە بەشێکی کەمی کۆمەڵن ھەر لەبەر ئەمەش گرانە کە باوەڕ بێنین لە ڕێگای ئەمانەوە کۆمەڵێکی ناچینایەتیمان بۆ دێتە بەرھەم . ھەروەھا بە ھۆکاری جیاوازی ھەلومەرجی کارکردنیان و ئەندامبوونی نقابەی جیاواز ھاریکاریی و یەکێتی نێوانیان یەکجار سەخت دەبێت.


پێشئەوەی کە زیاتر بڕۆم ، دەبێت پرسیاری ئەوەش بکەم ئەی شۆڕش چییە؟ ئایا چەند چاکسازییەکی سەرەکییە؟ تێکۆشانی چینایەتییە و چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرێت کە بمانگوێزێتەوە بۆ ژێر دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاریا؟ بەزۆر ھێنانە خوارەوەی حکومەتە و دانانی یاسای کۆمەڵایەتیی؟ یاخود گۆڕانکاریی و گواستنەوەی کۆمەڵە بۆ کۆمەڵێکی ناقوچکەیی و نا چینایەتی لە ڕێگای تێکۆشانی ھەرە زۆرینەمان بێ گوێدانە پاشخانی کۆمەڵایەتیمان؟


بە بۆچوونی من شۆڕش ، شۆڕشێکی کۆمەڵایەتییە ، پرۆسەیەکی دووروو درێژە کە بەرەو ئایندەمان بەکێش دەکات. لێرەدا ڕەنگە لەتەک مارکسییەکان و کۆمۆنیستەکانا کە بانگەوازی کۆمەڵی سۆشیالیستی دەکەن ، یەکبگرینەوە، بەڵام ڕێگا و ڕێڕەومان بۆ گەیشتن بەو مەبەستە ، جیاوازە.


پێناسەمان بۆ چینی کرێکاران ھەر کامێک بێت لەوانەی سەرەوە ، ھەمو بەڵگەکان لە زەمینەی واقیعدا ئەوە نیشان دەدەن ، کە چینی کرێکاران چینێکی شۆڕشگێڕ نییە. بەڕای من ھەرگیزیش شۆڕشگێڕ نەبوون. ئەگەر واتای شۆڕش گۆڕینی کۆمەڵی ھەنووکەیی بێت بۆ کۆمەڵێکی ناچینایەتی و ناقوچکەیی ، ئەوە ئەرکی سەرشانی چینی کرێکاران نییەو ھەرگیزیش نەبووە.


مارکس قسەیەکی یەکجار ڕاست و بایاخداری کردووە کە وتوویەتی" ئەوە ھۆشیاریی مرۆڤ نییە کە بڕیاری بوونی دەدات ، بەڵکو بە پێچەوانەوە ، بوونە کۆمەڵایەتییەکەیەتی کە بڕیاری ھۆشیاریی دەدات" . من وا ھەستدەکەم مارکس پێچەوانەی ئەم قسەیەی خۆی ھەنگاو دەنێت کاتێک پەیگیریی دەکات کە شۆڕش ئەرکی سەر شانی چینی کرێکارانە. چینی کرێکاران ھەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە و ئێستاشی بەدەمەوە بێت، خەبات و تێکۆشانەکەی ئابوورییانە بووە نەک سیاسیانە و وەرگرتنی دەسەڵات. دیارە ئەمەش ھۆکارێکە کە کرێکاران خەبات و تێکۆشانی خۆیانیان بە نقابەوە گرێداوەتەوە و کەمتر لەشانی پارتە سیاسییەکانەوە بوون . کرێکاران کارو خەباتیان بە گوێرەی قسەکانی مارکس دەکەن ، ھەر لەبەر ئەمەش ھۆشیاریی ئەوان ئەو بازنەیە نابەزێنێت و نایانبات بەرەو خەباتکردن بۆ دروستکردنی کۆمەڵی ناچینایەتی و دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاریا. ئەوان نە دژ بە دەوڵەتن و نە دەوڵەتی پڕۆلیتاریاشیان دەوێت. بەدانی ئەم ڕۆڵە گرنگە بە کرێکاران و بارکردنیان بەمە ، مارکس عادیل نەبووە. ئەمە جگە لەوەی کە لێرەدا پرسیارێکی زۆر گرنگ دێتەو پێشەوە ئەویش ئەوەیە ئەگەر کرێکاران چینێکی شۆڕشگێڕن ئیتر مارکسییەکان بۆچی حیزبی بۆ دروستدەکەن تاکو ھۆشیارییان بکەنەوە و ڕێکیان بخەن؟!! تەنانەت خودی مارکسیش لە چەند شوێنێکدا فتوای حیزبی کرێکاریی داوە.

 
شرۆڤەی من بۆ ئەم پەیامەی مارکس ئەوەم دەداتە دەست کە چینی کرێکاران نابێت و ناکرێت زیاتر شۆڕشگێڕ بن لە خانەنشینان، قوتابی و خۆێندکاران، بێکاران، پەککەوتوان کە لەسەر بیمەی پەککەوتەین و ھەروەەھا ئەوانەشی کە لە سەر جۆرێک لە بییمەکانن. ‌ھۆکارەکەش ڕوونە ، ئەویش ئەوەیە ، ئەوانەی کە کرێکارن ، داھاتەکەیان زۆر باشترە لەوانەی کە لەسەرەوە ناونوسم کردن . بەڕاستیش ھەر ئەمەش ھۆکارەکەیە کە ئەو جۆرە خەڵکانەی سەرەوە زۆر چالاکترن. ئەوە ئەوانن کە بەشداریی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان دەکەن و بە کێشەکانی نێو کۆمۆنێتییەکە تێکەڵ دەبن . ئەوە ئەوانن کە ھاوکاریی و ھاریکاریی بە کرێکارانی مانگرتوو بۆ داخوازییەکانیان،دەکەن ، لە کاتێکدا ھاوەڵە کرێکارەکانیان ھەر لەو کارگەیە یا لەو فرمانگایە یا لەو شۆپە بەردەوامن لە کارکرنیان و چییان پێبوترێت ئەوە دەکەن.


ئەوە ڕاستییە کە چینی کرێکاران توانا و پاوەری ئەوەیان ھەیە بە ھاوکاریی یەکدی لە ماوەیەکی کەمدا حکومەت بھێننە خوارەوە بە کردنی چالاکی جیا جیا. دەتوانن سیستەمەکە لە کار بخەن ، بەڵام ئەوە ئامانج و ئاڕاستەشیان نییە . جێی سەر سوڕمان نییە پارتی موحافیزین لە بریتانیادا دەتوانیت ڕووبەڕووی نقابە ببێتەوە و بیاندات بە دادگە ، گەر داخوازییەکانیان لە داخوازی ئابوورییانەوە بچیتە قاڵبی داخوازیی سیاسیانە.


مێژوی خەباتی چینی کرێکاران لە سەر ئاستی دونیا ئەوەی نیشانداوە ئەوانەی کە ویستویانە کە سیستەمەکە و کۆمەڵ بنەرەتیانە بگۆڕن چینی کرێکاران نەبوون و ئەوانیش نابن. بەڵکو ئەوانە توخمە سۆشیالیست و ئەنارکیستەکانی ناو کرێکاران و ناو کۆمەڵ بوون . ئەم ڕاستیەش لە ڕوسیای ١٩٠٥ و شوباتی ١٩١٧ و ئیسپانیای ١٩٣٦ و ١٩٣٧ بە باشی دەرکەوت کە بەشی زۆریان سۆشیالیست و ئەنارکیستەکان بوون. ئەوە سۆشیالیست و ئەنارکیستەکان بوون کە دینەمۆی بزوتنەوەکان بوون ڕۆڵی سەرەکییان ھەبووە ، ئەوان بوون کە بازنەی داخراوی خەباتی ئابوورییانەیان شکاند و بەرەو ئامانجی کۆتایی ملیان نا. بە کورتی سنوری خۆیان بەزاند.


سەرەتای ئەو بیرۆکەیە کە چینی کرێکاران شۆڕشگێڕن و دروستەکەریی کۆمەڵی سۆشیالیستین ، مارکسە ، بەڵام لە ژیان و واقیعدا تیورە ئابوریی و سیاسییەکەی خزمەتی دوژمنانی کرێکاران کە کاپیتاڵیزمە، کردووە، نەک سۆشیالیزم . کتێبی کاپیتاڵ ھیچ وەخت بایاخی بۆ کرێکاران نەبووە ئەوەندەی کە بۆ ئەوانەی کە خزمەتی کاپیتاڵیزم دەکەن، گرنگبووەو گرنگە. لە وتارەکەی مانگی ئۆکتۆبەری پارەکەدا من خۆم لەم بوارە داوە، گەر کەسێک بخوازێت با بفەرموێت ئەمە لینکەکەیەتی: www.zaherbaher.com/…/%da%86%d9%87%e2%80%8c%d9%be-%d9%88

ئەوە ڕاستییە لە دوای جەنگی جیھانی دووھەمەوە دونیا گۆڕنکاریی گەوەرەی بەسەردا ھات و بزوتنەوەی کرێکاران تا دێت لاوازو لاوازتر دەبێت. ماوەیەکی یەکجار دوورو درێژە کە چینی کرێکاران لە ھەموو دونیادا ھیچی وایان بەدەست نەھێناوە. نەک ھەر ئەوە ، بەڵکو لە بارێکیشدا نەبوون و نین کە تەنانەت پارێزگاریی لەوانەش بکەن کە پێشتر بەدەستھێنراون.


لە سای سیستەمی ھەنووکەییدا ، چینی کرێکاران ئەوەیە کە بووکچین وەسفیان دەکات " ....... مارکسییەت لە دەستپێشکەری دایلێکتی کاپیتاڵیزم، دا نوشستی ھێنا . پڕۆلیتاریا لەبری ئەوەی گەشە بکات بۆ چینێکی شۆڕشگێڕ لە ناو منداڵدانی کاپیتاڵیزم دا ، دەرکەوت کە بوو بە ئۆرگانێک لەناو خودیی لاشەی بورجوازییدا" The MuurrayBookchin Reader, Edited by Janet Biehl, Page ١٣١-١٣٢.


لە ڕاستیدا چینی کرێکاران سیستەمەکەیان زیاتر بەھێز کرد، پارێزگارییان لێکردووە و باشتریشی دەپارێزن . کرێکاران ھەر وەکو ھەموو کەسێکی، یا کەرتێکی دیکە لە ناو کۆمەڵ، تەنانەت پۆلیس و سەربازیی و تۆڕە سیخوڕییەکان ، خزمەتی ئەم سیستەمە، دەکەن.


ئەوە چینی کرێکارانە کە سامان دروستدەکات ، ھەروەھا قازانج و پارێزگاریی لە جەنگ، لەھەر شوێنێک ڕووبدات ، دەکات. ئەو جەنگەی کە دەبێتە ھۆی کوشتنی خەڵکانێکی زۆری بێ گوناح و مەزڵوم و ژینگەکەشیان وێراندەکات. پێگەی کرێکاریی، ھۆشیارانە یا ناھۆشیارانە بە بەرھەمھێنانی زیاتری قازانج و سامان بزوتنەەوی خەڵکی تێدەشکێنێ ، لە ناویاندا کرێکارانیش لە پارچەکانی دیکەی جیھان . پێویست ناکات تاکو بڵێین بەڵگەکان نیشانی دەدەن کە کرێکاران تەنھا دەربەستی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیانن، ھەتا ئەگەر ئەوە لەسەر حسابی کوشتنی خەڵکی و ھاوەڵە کرێکارەکانیشیان بێت لە وڵاتانی دیکەدا.


ئێمە پێویستە تەماشای ڕاستییەکان و بەڵگەکان بکەین، زیاتر لە بینین و پەنابردن بۆ تێکستی ناو کتێبەکان کە زیاتر لە ١٥٠ ساڵە نوسراون . پێوستمان بە زیندوان ھەیە نەک مردوان لە ھەڵسەنگاندن و شرۆڤەکردنی بارودۆخی ئێستادا. دەبێت ئەوەشمان لەبیر نەچیت کە ئەنارکیزم ھزرە نەک ئایدۆلۆجی سڕبوو، ڕێڕەوی ژیان و بەڕێکردنێتی، مێتودێکی بەکردەوە و زیندوانەیە لە ھەڵسەنگاندنی ڕوداوەکان و بارودۆخەکان بەڕۆچونی ناو واقیعەکە ، نەک نێو کتێبەکان.

 
گەر وای دابنێین کە پڕۆلیتاریا تاکە چینێکە کە بەرەو سۆشیالیزممان دەبات ، ئەمە چی دەگەیەنێت؟ جگە: لە تەسککردنەوەی شۆڕش بۆ تەنھا کۆمەڵی یا وڵاتانی پیشەسازیی ، نەک لە وڵاتانی دیکە ، ئەمە فەرامۆشکردنی ڕاستی بزربوونی پرسی دادوەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی و ئازادیی و نەبوونی ئاسایشن لە ھەر شوێنێکی ئەم دونیایەدا، کە ھەموو ئەمانە بنەمای شۆڕشن وزەمینەی دروستکردنی کۆمەڵی سۆشیالیستی/ئەنارکیستین ، یانی پێ لێنان و سەلماندنی ئەوەیە کە لە کۆمەڵانی پێش سەرمایەدارییەوە کە لە کاتێکدا کێشەی چینایەتی و کۆمەڵی ھەرەمی ھەبوون ، بە گوێرەی ئەو ڕایەی سەرەوە بەڵام لەگەڵ ھەبوونی ئەوانەشدا ھێشتا شۆڕشی سۆشیالیستی زەرووریی نەبووە ، ئەمەش ھەر لەبەر ئەوەی کە چینی کرێکاران و تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو لەو کۆمەڵانەدا نەبوون . دیسانەوە یانی پشتگوێخستنی پرسی کۆمەڵی قوچکەیی/ھەرەمیی کە ئاشکرایە کە ئەم کۆمەڵە قوچکەییەبەرایی و دەستەبەریی ھێنانەکایەی کۆمەڵی چینایەتیی بووە . یانی بەبایاخ وەرنەگرتنی کێشەی ئیکۆلۆجی وەکو پرسێکی سەرەکی شۆڕش.


شۆڕش ، شۆڕشی کۆمەڵایەتییە ، شۆڕشی سەرجەمی کۆمۆنێتییەکەیە نەک بە تەنھا شۆڕشی پڕۆلیاتاریا لە ناو کۆمۆنێتییەکە و لە ناو خودیی کۆمەڵدا. جۆرێکە لە شۆڕش کە زۆرو کەم ھەر ھەموو کەسێک لە کۆمۆنێتییەکە و لە کۆمەڵ بێ گوێدانە جیاوازی پێگە و زەمینەی ژیانیان ، لە ڕێگای جیا جیاوە لەم شۆڕشەدا بەشداریی دەکەن . لە ڕێگای خۆڕێکخستنیانەوە لە گروپە ڕادیکالە سەربەخۆ ناقوچکەییەکانا، لە شانی یەکەوە و بەھاریکاریی و ھاوکاریی یەکدی خەبات و تێکۆشانیان، چالاکییەکانیان دەکەن و لە ڕێگای دروستکردنی کۆنفیدراسوێنەکانەوە لە ڕێگای بەگژاچونەوەی دەستەجەمعیانە و جەنگکردن دژ بە سیستەمەکە خەباتیان یەکدەخەن.

 

١٩\٨\٢٠١٧ - لەندەن
ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک