۴\٨\٢٠١٤ ئایا کورد دەکرێتە ئامانج؟
تا دوێنێ رووی هێڕشەکانی داعش لەناوەند بوو، بەڵام دوای ئەوەی نەیانتوانی یان نەیانویست بەرەو ناوەند پێشڕەویی بکەن، ئێستا رووی هێڕشەکانیان بۆسەر ئەو شوێنانەیە کە هێزی پێشمەرگەی لێیەو لە حاڵەتی بەرگریکردندان، ئەمەش دەکرێت دەیان خوێندنەوەی بۆ بکرێت و بپرسین داعش بۆ چ مەبەستێک هاتووەتە ئەم ناوچەیە و چ ئامانجێکی هەیە؟
کەواتە ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان کەوتووەتە ژێر دوو گوشارەوە، یەکێکیان حکومەتی ناوەندیەو ئەوەکەی تریشیان رووبەڕونەوەو بەرگریکردنە لەخاکی پیرۆزی کوردستان، دەکرێت لێرەوە بێین ئەوە شرۆڤە بکەین، بۆچی کاتێک سەرۆکی هەرێمی کوردستان خودی مالیکی لەجمو جۆڵی ئەو گرووپە تووندڕەوانە ئاگادار دەکاتەوەو دەستی هاوکاری بۆ درێژ دەکات، لێ مالیکی رەتیدەکاتەوە؟ لێرەوە دەبێت لەداعش بکەوینە گوومانەوەو رەنگە سیناریۆکە بەشێوەیەک داڕێژرابێت، کوردو سونەی عارەبی تێدا بکرێتە ئامانج، چونکە ئەوە لەلای هەمووان ئاشکرایە، ئەم هێزە لێرە نامێنێتەوە، بەڵام کاتێک بەجێیدەهێڵێت، داشی حکومەتی عێراقی سوار دەکات، بەمانایەکی تر، کورد دەبێت تا چ ئەندازەیەک رووبەڕووی داعش دەبێتەوە، بەبارتەقای ئەوەش روبەڕووی پیلانگێڕی ناوەند ببێتەوە؟ لەبەر ئەوە چۆن لێکیدەدەمەوەو شەن و کەوی دەکەم، ئەم ماستە بێ موو نیەو رەنگە لەمەو دوا ئایەتەکە قڵپەوە ببێ و کوردو ناوچە کوردنشینەکان بکرێنە ئامانج، بۆیە نابێت باوەڕ بەو جموجۆڵە تاکتیکیەی داعش بکەین کە هاتووە بۆ تەقاندنەوەی مەزارگەکان، ئەوە دیوێکی سیناریۆی داعشە، دەبێت هەوڵ بدەین بۆ ئەوەی دیوەکانی تری بهێنینە زوبان؟
_________________________________ هەموو بابەتەکان دەربارەی ''داعش'' لێرە ببینە: www.emrro.com/dosyeydahish.htm
|