په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٦\٢٠١٤

ئایا کورد دەیەوێ و دەتوانێ

لەم هەلومەرجە مێژوویی و هەستیارەدا سەرکەوتوو بێتەدەر؟

تاهیر خالیدی     


سەرکەوتنی داعش لە ڕاونانی سپای عێراق لە موسڵ و تکریت و چەند ناوچەی‌تر و داسەپاندنی دەسەڵاتی خۆی لەو ناوچانە، ڕادەست‌کردنەوەی کەرکووک و شوێنە دابڕاوەکانی تری کوردستان لە لایەن سپای عێراقەوە بە هێزی پێشمەرگە، نیشتەجێ‌بوون و بەرگری‌ کردنی هێزی پێشمەرگە لە هەموو ناوچە دابڕاوەکانی کوردستان و داسەپاندنی دەسەڵاتی کوردی لە هەموو خاکی باشووری کوردستان، بەرهەمی هەرەس هێنانی سیاسەتی ئەمریکا بێت لە پێکەوەنانی نەخوازراوی سێ پێکهاتەی شیعە، سوننە و کورد لە عێراق یان شکستی سیاسەتەکانی دەوڵەتی شێعەی عێراق یان پیلان و نەخشەی دەرەکی بۆ ململانێ لەگەڵ دەسەڵاتی شیعە و یا تێکەڵاوێک لە هەموو ئەمانە، هیچ لەوە کەم ناکاتەوە کە ئەمرۆ و لە عەرزی واقیعدا عێراق دابەش بووە بە سەر سێ هێز لە سێ ناوچە کە بریتین لە ناوچەکانی شێعە، سوننە و کورد.


ئەم دابەش بوونەش بە شێوەیەک چووەپێش کە کەس ناتوانێ بە ئاسانی کورد تاوانباربکات لە هەڵوەشاندنەوەی عێراقدا. ئەمەش لەمڕۆدا بوەتە هۆکارێک کە هیچکام لە داگیرکەرانی کوردستان، بە ئاسانی نەتوانن کورد تاوانبار بکەن وبیانوی پێبگرن. جیاوازلەوەش، لە چوارداگیرکەری کوردستان، ئەمرۆکە تەنیا دەوڵەتانی تورک وئێران دەتوانن خەتەربن لەسەر کورد، ئەو دوو دەوڵەتەش یەک هەڵوێست نین وتورکان، تەواو بە پێچەوانەی ئێران، ڕایانگەیاند کە دژی دابەشکردنی عێراق نین وبەو شێوەش لانیکەم لەبارێکەوە خەتەر لەسەر کورد کەمتر بوەتەوە. هەروەها کۆمەڵگای نێودەوڵەتی وزلهێزەکانیش هیچ ئاماژەیەک تەنانەت، بە کەمتەرخەمیش لە لایەن کوردەوە، لەو دابەشبوونەی عێراق ناکەن وسۆزوهەستێکی سەیر نیشان نادەن لە پشتیوانی دەوڵەتی شێعەی عیراقی. ئەمریکاش لە لایەک لە عێراق نیە کە بەکەیفی خۆی مەرج بۆ کورد دابنێت ولە لایەکی تریش لە ململانێ بەینی ئێران وسعودییەدا نایهەوێت بە تەواوی هەموو هێزی لە سەر ئەجەندای ئێران دابنێت.


کاتێک چاو لە سێ پێکهاتەکەی عێراقیش‌ دەکەیت، لە هەندێک بابەتەوە وەزعی کورد لە سوننە وشێعە باشترە. بەنموونە، کورد لە ٢٠٠٣ وە تا ئێستا وەزعی ئەمن وئاسایش وخٶشگوزەرانی گەلێک لەوان باشتر بووە. کوردستان شەڕی تێدا نەبووە و یەکجار زۆر ئاوەدانتر بووە لە پێش ٢٠٠٣وە. خەڵکی بە عام دەوڵەمەندتر بوون وکوردستان پەناگای خەڵکانی لێقەوماوی پێکهاتەکانی تریش بووە. کوردستان خاوەن پەرلەمان، دەوڵەت وکۆمەڵێک موئەسسەساتە کە بە هەموو کەم‌ وکوڕیەکانییەوە زۆر لە ئاستێکی لە سەرەوەتر دایە. کورد خاوەنی هێزێکی زەبەلاحی ئەمنی وئاسیش وپێشمەرگەیە. کورد بوەتە دەرهێنەری نەوت و بە ئاشکرا نەوتی خۆی دەفرۆشێت، ئەوەش بارێکی ئابووری باشی بۆ کورد پێکهێناوە. جیاواز لە هەموو ئەمانە کورد ئیستاکە لە شەر لەگەڵ هیچ لایەنێک نیە، بەڵام لایەنی سوننە وشێعە لە شەرێکی خوێناویدان لەگەڵ یەک. لە پشتی ئەو شەڕەش دوو بەرەی دژی یەکی دەوڵەتانی سوننە و شیعە، بە سەرۆکایەتی سعودییە و ئێران، وەستاون و بۆیەش ئەگەری ئەوە کە ئەو شەڕە بەم زوانە بکوژێتەوە و لایەنەکانی شیعە و سوننە لەوەزیاتر کزتر و شپرزتر نەبن زۆر کەمە.


لەدوای ڕووداوی داعش ئەوەندەی لە وتار، خیتاب، وتووێژ و ڕاوبۆچوونی کورددا بە گشتی، دەبیسترێت ودەبینرێت ئەوەیە کە کۆدەنگییەکی زۆر، لە هەموو بەشەکانی کوردستان هەیە، لە سەر ئەوەی کە هەلێکی گەلێک لەبار بۆ کورد ڕەخساوە وکورد دەبێت کەڵکی لێوەربگرێت. کورد ئەوەندە تامەزرۆی بەدیهاتنی ئەو خەونە لەمێژینەیەتی کە هەندێک جار بڕوا ناکات ئەو بارو دۆخە ڕەخسابێت. بەرێوەبەری کوردیش لە باشوور، وەک بەرپرسی سەرەکی وبڕیاردەر لە سەر ئەم دۆخە، بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە کە هێزی پێشمەرگە هەموو خاکی کوردستان دەپارێزێت ولە هیچ شوێنێک ناکشێتەوە و هێرش بۆ سەر هیچ لایەنێکیش ناکات. دروشم وشایی هێزی پێشمەرگەش لە جەبهەکان، پەیتا پەیتا بڵاودەبێتەوە. گروپی خۆبەخش سەرقاڵی کۆکردنەوەی یارمەتین بۆ پێشمەرگە. خەڵکانێک ئامادەبوون بچنە بەرەی شەرەوە.


ئەم هەڵوێستانە هەموو باشن بەڵام ئایا کیفایەت دەکات بۆ ئەوەی کورد بتوانێت لەم ململانێدا سەرکەوێت؟ ئایا کورد بریارێکی جیدی داوە کە چی دەوێت وچۆن جێبەجێ دەکات؟ بە واتایەکی تر ئایا کورد خاوەنی ستراتیژییەکی سیاسی ونیزامییە بۆ ئەم هەلومەرجە هەستیارە؟ ئایا جگە لە هەڵوێست وقەرار، کورد توانای بەرگریکردنی لە خۆی هەیە؟ ئایا کورد لە بەرانبەر دوو ئەجەندای سەرەکی لە عێراقدا، ئەجەندای ئێران وسعودیە، کە لە رواڵەتی داعش وهەموو کۆنە بەعسییەکان لە لایەک وبەرەی شیعە لە لایەک خۆی ‌دەنوێنێت، سەربەخۆ و یەک هەڵوێستە؟ ئەم پرسیارانە ودەیان پرسیاری تر پێویستی بە وەڵامە.


وەڵامدانەوە بەم شێوە پرسیارانە بۆ ئەنجامدانی کارێکی ئاکادیمیک نیە، بەڵکوو لە نانی شەو گرینگترە بۆ ئەم دۆخەی کورد. لە ژێر سێبەری وەڵامی ئەم پرسیارانەدایە کە کورد دەزانی چی دەکات وچۆنی دەکات. قەراری حیزبە سەرەکییەکانی کوردستان کە دوای گەڕانەوەی سەرۆکی هەرێم بۆ کوردستان ڕاگەیندرا، وەڵامێکی تەواوە نیە وهەڵسووکەوتەکانی حیزبە دەسەڵاتدارەکانیش گومان ونیگەرانییەکی گەورەی لای کوردان دروست کردووە.


گرینگی ئەم هەلومەرجەی ئێستای کورد، ئەو بەرپرسارەتییە دەخاتە ئەستۆی هەموو کوردێکی نیشتیمانپەروەر کە زۆر ڕوونتر مەترسییەکان باس‌بکات. ئاشکراشە هەندێک کەس ولایەن پێ خۆشحاڵ نین بە ئاماژە بە خاڵە لاوازەکان. ئەوانە وەک کەو بیردەکەنەوە و وادەزانن کە ئەگەر سەریان لە بەفر چەقاند ئیتر دەرناکەون. لەبیریان دەچێت کە نەیارانی ئێمە دەیان وسەدان لێکۆڵەرەوە دادەنێن بۆ هەڵسەنگاندنی هەلومەرجی کورد، بە داخەوە لە کوردانیش کەڵکی زۆر وەردەگرن بۆ کۆکردنەوەی زانیاری پێویست.


ئەوەندەی کە بۆ ئێمەی کورد گرینگە کە هەلومەرجە تازەکە وئەوانەی لە قازانجی خۆمانە بیبینین و، کەڵکی لێوەرگرین، دەیان قات گرینگترە کە خەتەر و مەترسییەکانیش ببینین و، هەوڵی چارەسەری، یان خۆ ئامادەکردن بۆ ململانێیان بدەین. لە سەرەوە ئاماژە بە هەندێک خاڵ کرا کە یارمەتیدەرن بۆ کورد. لێرش ئاماژە بە هەندێک مەترسی وخەتەرەکان دەکرێت.لەوانە:


١- گەورەترین وخەتەر ترین خاڵ ئەوەیە کە کودەنگییەکەی کورد گومانی لە سەرە. ئەم هاودەنگ نەبوونە مێژویەکی دوور و درێژی هەیە و لەم چەن ساڵەی بنیادنانەوەی عێراقە شکست خواردوەکەشدا ڕەنگدانەوەی هەبووە. تازەترین هاودەنگ‌ نەبوونەکە لە ڕووداوەکەی هاتنی داعشیشدا بە زەقی خۆی دەنواند. لایەنێک پەیتا پەیتا ڕایدەگەیاند کە، ڕووی داعش لە کورد نیە و، داعشی بە خەتەرێکی ئەوتۆ بۆ کورد نیشان نەدەدا، لایەنێکی تر خەتەری داعشی وەک بەرێوەبوونی ئەنفالیکی تر بۆ کورد پێناسە دەکرد.هەندێک لایەنیش بێ دەنگ وبێ هەڵوێست. لایەنێک لە تەلەویزیونەکەی نیشانیدەدا کە سەیتەرەی پێشمەرگەکانی لە گەل داعش لە موسڵ تەنیا ٣٠٠ مەترێک دوورن وهیچ لایەکیش هێرش بۆ یەک ناکەن. لایەنێکی تر نیشانیدەدا کە لە دەووری کەرکووک لە چ شەڕێکی خوێناوی دایە لەگەڵ داعش. لایەنێک بە شیعەکانی سەدری ئیجازە دەدات لە کەرکوک خۆپیشاندان رێکبخەن و بڵین بەرگری لە کەرکووک دەکەن. لایەنی تر بۆ کۆنەبەعسییەکان ئاسانکاری دەکات کە لە هەولێر کۆبنەوە وداوای گۆرینی حوکم لە بەغدا بکەن. ئەمانە وکارەساتی دروستکردنی یەکلایەنانەی ئەنجومەنی پارێزگا و زۆر شتی تر گومانێکی گەورە دروست دەکات کە ڕێبەرانی کورد لە باشوور هاودەنگ وهاو هەڵوێست بن. خەتەری ئەم هاوهەڵوێست نەبوونە ئەوەیە کە لە لایەک هێزو توانای کورد دابەش دەکات، ورەی کورد دەشکێنێت ولەوەش گرینگتر هەلومەرجی زۆر لەبار بۆ نەیارانی کورد پێک دێنێت کە کەڵک لە ناتەبای کورد وەربگرن.


٢- خەتەری دووهەم ئەوەیە کە کورد خاوەنی ستراتیژیەتێکی سیاسی ونیزامی ڕوون بۆ هەلومەرجی ئێستا نیە. ئەوەی کە کورد هێرش ناکاتە سەر هیچ لایەنێک، ستراتیژی نیە. نەیاران بێدەنگ نابن وتەحەمولی کورد ناکەن. ئەوەنییە کە هەر ئەم رۆژانە ئێران تۆپبارانەکەی دەستپێکردوەتەوە؟ ڕاستە ئەم ڕووداوەی داعش زۆر سەریع و چاوەروان‌ نەکراو بوو، بەڵام نابێت لەبیرمان بچێت کە ڕەوتی ڕووداوەکان زۆر سەریع دەچێتە پێش، هەل ومەرجی ئێستا یەکجار هەستیارە، دوورنیە کە گۆڕانکاری تر بێتە پێش و مەرج نیە کە هەموو گۆڕانکارییەکان لە قازانجی کورد بێت. بۆیە دابینکردنی ستراتیژی لە کارەبا وغاز وبنزین گرینگترە بۆ کورد، لەبەر ئەوەی کە لە ژێر سێبەری ڕوونی ستراتیژیدا، دەتوانێت وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە و بە پیری کێشەکانەوە بچێت و پرۆگرامی کورتخایەن و درێژخایەنیان بۆدابنێت. ستراتیژیەکی ڕوون، گونجاو و نەتەوەیی، دەبێتە هۆکارێکی گەورە بۆ هاندان و ڕێکخستنی هەموو هێز و توانای کورد. هەندێک ئامانجی ئەو ستراتیژییە دەتوانرێت بکرێتە ووشەی سەرزاری هەموو تاکێکی کورد.هەر کەمتەرخەمی یەک بۆدانانی ستراتیژییەکی نەتەوەیی لە ئێستادا دەتوانێت خەسارەتێکی گەورەبێت لەسەر کورد و و دەبێتە خاڵێکی ڕەش لە ناوچاوانی هەموو ئەوانەی ئەو کەمتەرخەمی یە دەکەن. هەڵوێستی حیزبە سەرەکییەکانی باشوور تا ئێستا، ئەوە پێناسە دەکات کە، چاوەڕوانی ڕەوتی ڕووداوەکانن و لە باشترین حاڵەتدا خوازیاری پێگەیەکی بەهێزترن لە عێراقی نامەبارەکی داهاتویاندا. هەڵبەت لە پاڵ ئەو هەڵوێستانەیاندا، کە دەڵین لایەنگری پاراستنی یەک پارچەیی خاکی عێراقن، چەند جارێک سەرۆکی هەرێم ئەو دروشمەی داوە کە کاتی ئەوە هاتووە کورد چارەنووسی خۆی دیاری بکات. بەڵام ئەم دروشمەی سەرۆکی هەرێم دەتوانێت تەنیا بۆ یاری دەسەڵات لە بەغدا و پرۆپاگەندە بۆ خۆی لە ناوکوردان بێت ئەگەر بە جیدی ئامرازەکانی ئەو پرۆسەیە دیاری نەکات و سەرپەرشتیاری نەکات.


٣- خەتەری سێهەم ئەوەیە کە لەو وەهمەدا دەژین و رایدەگەیەنن کە پێشمەرگە ناکشێتەوە. بۆ نیشاندانی بەڵگەش هەندێک بەرپرس نیشاندەدەن کە بە کۆمەڵێک هێز وسەیارەوە لەو دەشتانەدا دێن و دەڕۆن و هەندێک جار شایی دەگێرن. ڕاستە هێزی پێشمەرگە و ئاسایش لەم چەند ساڵەی دوای ڕووخاندنی سەدام، توانیویانە ئاسایش و باری ئەمنی لە ناوخۆی کوردستان بپارێزن. بەڵام ئایا ئەم هێزە توانای پاراستنی خاکی کوردستانی لە بەرانبەر داگیرکەردا هەیە؟ ئەگەر چاو لە ئەزموون بکەین، ئەزموونێکی وەهامان نیە. پێشمەرگەی باشوور ساڵانێک شەڕی پارتیزانی کردووە و قەت ئیمکانی ئەوەی نەبووە و نەیتوانیوە شارۆچکەیەکیش بپارێزێت. وەک نموونە لەبیرمان نەچێت کە لەکاتی تێکشکانی لەشکری سەدام لە کوێت و گەڕاندنەوەی بۆ کوردستان، گەرچی بەرەی کوردستانیش هەبوو، بەڵام هێزی پێشمەرگە نەیتوانی تەنیا دوو ڕۆژ بەرگری لە نیشتمانی بکات. ئەگەر تەنیا ئاماژە بە توانای ئەمرۆش گرینگە، پرسیار ئەوەیە کە ئایا یەک لەو بەرپرسانەی پێشمەرگە کە ناو بە ناو ڕەسمەکانیان لە دەشتی کەرکوک و دەشتی موسڵ بڵاودەبێتەوە، دەتوانن ڕوو لە ئێران بکەن و دەستدرێژی بێ بیانوی ئێران بۆ خاکی کوردستان، وەڵام بدەنەوە؟ بەدڵنیاییەوە نە، ئەگەر ئێران یەک مانگیش تۆپبارانی باشوور بکات هیچ کام لە مەحموود سەنگاوییەکان فزەشیان نایەت. جیاواز لەوەش، هێزی پێشمەرگەی ئیستا لە عەرزی واقیعدا دوو هێزە و هەر هێزەش، گوێلەمشتی حیزبەکەی خۆیەتی. پێشمەرگە بە ئەزموونەکانی دەورانی شەڕی سەدام یان نەماون یان توانایەکی ئەوتۆی شەریان نەماوە، هەندێک لە سەرکردەکانی پێشوی پێشمەرگە ئێسا لە لیستەی هەرە گەندەڵی کوردستاندان. وەک دوایین ئاماژەش پێویستە بزانین کە ئەو هێزەی کە ئیستا بووەتە جێگای هیوا بۆ پاراستنی کوردستان، کاتێک معاشەکەی لە بەغداوە دەبڕدرێت، چوار مانگ بێ مەعاش دەمێنێتەوە. هێزێک کە دوایی چوار مانگ مەعاش وەرگرێت زەحمەتە چاوەڕوانییەکی ئەوتۆی لە شەڕدا لێ بکرێت. مەبەست لە هێنانە ئارای ئەو خاڵە لاوازانە ئەوەیە کە بیری جیدی بکرێت لە گۆرینی ئەو وەزعەی پێشمەرگەدا.


٤- مەترسی چوارەم بەردەوام بوونی نا دادپەروەری، گەندەڵی ونادموکراتییە لە کوردستاندا. بەردەوام بوونی ئەو دۆخە، هێزەکانی کوردی بێ بەش دەکات لە پشتیوانییەکی هەمە لایەنەی کۆمەڵانی خەڵک لەم هەلومەرجەدا. هەر تاکێکی کورد بە نێر و مێیە‌وە، مافی ئەوەی هەیە کە هەموو چرکەیەک لە خۆی پرسیار بکات کە ئەو نیشتیمانە چی بۆ من تێدایە و لە ئەگەری ڕزگاربوونی یەکجاریشیدا وەزعی من چۆن دەبێت؟ ئەگەر سەروەت وسامانی ئەو نیشتیمانە و، دەسەڵات لەو نیشتیمانەدا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش نەکرێت ومافی مرۆڤی تێدا پارێزراو نەبێت! بۆ خەڵکی ئامادەی بەرگری و فیداکاری بن؟ مەترسی ناڕازی بوونی خەڵکی تەنیا ئەوەش نیە کە پالپشتی هەمە لایەنەی هیزی کوردی نەبن بەڵکو مەترسی گەورەتر ئەوەیە کە کۆمەڵێک خەڵکی ناڕازی و، کۆمەڵێک لە پێکهاتەکانی تری دانیشتووی کوردستان، لە ژێر کاریگەری سیاسەتی هەڵەدا بکەونە ژێر کاریگەری نەیارانی کوردەوە. ئەو کات هێزی زێرەوانی ودژە تیرۆر ناتوانێت چارەسەری ئەو دۆخە بکات. موسڵ نمونەیەکی زۆر بەرچاو وتازەیە لە ڕۆڵی نارەزایەتی کۆمەڵانی خەڵک لە کاتی هەستیاردا، حەفتا یان هەشتا هەزار هێزی سوپای عێراق یەک رۆژ خۆی ڕانەگرت کاتێک خەڵکی موسڵ لەگەڵ مالکیدا نەبوون.


٥- خەتەری ئێران.ئەجەندای ئێران بە ڕوونی پشتیوانییە لە دەسەڵاتداری سەرەکی شێعە لە عێراق و پاشکۆ بوونی کورد لە عێراقدا. ئێران بە هەموو هێزییەوە تێدەکۆشێت کە لە لایەک شێعە سەرکەوێت ولە لایەکی ترەوە کورد کز و پاشکۆی شێعە بێت. بۆ ئەو مەبەستەش دەیەوێت کە کورد توشی شەرێکی هەمە لایەنە لە گەل داعش بکات. لە کاتێکیشدا کە هەموو کوردی پێ رازی نەکرێت، هەوڵدەدات، بە دابەشکردنی هێزەکانی کوردی، لایەنێکی کوردی توشی ئەو شەڕە بکات. بەو شێوە هەم لانیکەمی پاڵپشتی بۆ بەرەی شێعە لە ناو کورداندا ساز کردووە و، هێزەکانی خۆی لەو رێگاوە دەنێرێتە ناوەوەی کوردستانەوە و، هەم زەربەیەکی وەها گورچک بڕی لە کورد داوە، کە نە ئێستا و نە لە دوا رۆژدا، کورد لە باشووری کوردستان توانای بەرگەریکردنی لە خۆی وەک کورد نەبێت. بە دڵنیاییەوە هێزەکانی ئێرانی بۆ بەرێوەبردنی ئەم ئەجەندای خۆیان لە هەموو شێوازێک، فریودان، پارە وکرینی بەرپرسان، ترس و تۆقاندن، تۆپباران و هەڕەشە و... کەڵک وەردەگرن. مەترسی ئەوە هەیە کە لایەنێکی کوردی فریوی ئەم ئەجەندای ئێرانە بخوات.


٦- داعش وکۆنە بەعسییەکان خەتەری ئاخرن لە سەر کورد. مێژوی بەعسیەکان بۆکورد هەڵەبجەیە و لەم ماوەی دوای رووخاندنی سەددامی دیکتاتۆریشدا هیچ ئاڵوگۆرێک لە هەڵوێستیاندا بە رانبەر کورد نەبینراوە. دەسڵاتداری بەعسیەکان لە عیراق بە بەشداری کورد، بێگوومان گەراندنەوەیە بۆ دۆخی جاران. بەرنامە وسیاسەتی داعشیش لە بەعسیەکان خراپتر و نالەبارترە بۆ هەموو ناوچەکە بە کوردیشەوە. ئەوەی کە داعش دەکاتە خەتەری دوایی، ئەوەنییە کە پرۆگرام وئەجەندای ئەوان بە نیسبت کوردەوە باشتر بێت، بەڵکو ئەوەیە کە ئەجەندای ئەوان لە پلەی یەکەمدا گۆرانی حوکمە لە بەغدا یان بە واتەیەکی تر داسەپاندنی دەسەڵاتی بەعس و سونە و داعش لە عێراق. ئەگەر کورد تێکەڵاوی ئەجەندای بەعسییەکان نەبێت و تامەزرۆی پاشکۆ بوونی بەعسی نەمابێت، ئیستاکە خەتەرەی داعش لە پلەی یەکەمدا نیە بۆ ئەمرۆی باشوری کوردستان بەلام هەموو کاتێک مەترسی ئەوە هەیە کە کورد یان بەشێکی، تێکەڵاوی ئەجەندای داعش و بەعسییەکان بێت.


بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو خاڵانەی باسکران، کورد چۆن دەتوانێت لەم هەل ومەرجەدا سەربەرز و سەرکەوتوو بێتە دەر؟


هێڵە سەرەکییەکانی سیاسەتی ئەمڕۆی باشووری کوردستان کامانەن؟


لە نانی شەو گرینگتر داڕژتنی ستراتیژییەکی گونجاوە بۆ ئەمرۆی باشووری کوردستان. بۆدابینکردنی ستراتیژییەکی گونجاو پێویست بە یارمەتی کۆمەڵێک پسپۆری لێهاتوو دەکا، هەڵسانگاندنێکی زانستییانە وقووڵ لە سەر وەزعی ئەمرۆی جیهان، ناوچەکە، وڵاتانی دەوروبەری عێراق و بەرژەوەندییەکانیان، وەزعی ئەمرۆی پێکهاتەکانی عێراق لە هەموو بابەتێکەوە، وەزعی کورد بە گشتی، وەزعی باشووری کوردستان و هەموو پێکهاتەکانی بە تایبەتی لەمڕۆدا بکرێت و لە ژێر تیشکی ئەو لێکدانەوانەدا و بە لەبەرچاوگرتنی هەموو خاڵە پۆزەتیڤ و نیگاتیڤەکان، ستراتێژییەکی بیرلێکراوە دابین بکرێت. مەبەست لە نوسینی ئەم‌ نوسراوەیە، چوونە ناو ئەو باسە قوڵە ودابینکردنی ستراتژی نیە بەڵکوو ئاماژەیە بە هەندێک خاڵی گرینگ لەو پەیوەندییەدا. بە نموونە:


یەکەم: کورد پێویستی بە کۆدەنگییەکی تەواو هەیە کە بریاری خۆی بدات کە چی دەوێت وچۆن دەکرێت بەو ئامانجانەی بگات.ڕاستە کۆدەنگی بۆ کورد هەموو کاتێک پێویست بووە ودەبێت بەڵام لە ئێستادا و لە باشووری کوردستان یەکەم خاڵ و گرینگترین خاڵە بۆ پاراستن و بەرگریکرتن لە بەرژەوەندی نەتەوەیی کورد بەگشتی و لەو بەشەی کوردستاندا بەتایبەتی. هەروەها پێویستە ئەوەش بزانین کە گرینگترین پیلانی نەیارانی کورد ئەوەیە کە ئەوکۆدەنگیە پێک نەیەت وئەوەندەش کە هەیە تێکی بدەن. بە مانایەکی تر بە بێ کۆدەنگی هەر باس وخواستێک سەبارەت بە بەرگری لە بەرژەوەندی نەتەوەی، جگە لە پرۆپاگەندەی حیزبی هیچی تر نیە وهیچ رۆڵێکی نابێت.


دووهەم: کورد دەبێت ستراتیژییەکی سیاسی ونیزامی، سەربەخۆ بۆ خۆی دیاری بکات. ئەو ستراتیژییە، نەقشە رێگای کورد بێت بۆ رزگاری لەم هەلومەرجە هەستیارە. دابینکردنی ستراتیژییەکی گونجاو وکۆدەنگی لایەنەکان، بەرپرسایەتی دەخاتە ئەستۆی هەموو حیزب ورێکخراوو تاکێکی کورد لە هەر کوێ بێت. خاڵی سەرەکی ئەو ستراتیژییە پێویست بە خۆ دوور گرتن لە ئەجەندای داعش و شیعە بێت و گەڕاندنەوەی سەروەری تەواو بۆ کورد لە سەر نیشتیمانی خۆی بێت.


سێهەم: لەهەمووکاتێک زیاتر کورد پێویستی بە لەشکەری نەتەوەیی کوردە نەک میلیشیای حیزبی. دەبێت بە زووترین‌ کات هەوڵ بدرێت ئەو لەشکرە رێک بخرێت. لە ژێر فەرمانێکی بێ‌ئەملاو ئەو لای گشتیدا بێت. هەتا ئیمکان‌ هەبێت بە مودیرنترین ئامرازی شەر پر چەک بکرێت. لەهەموو ئیمکاناتێک بۆ فێربوونی زانستی بەرگری وململانێ کەڵک وەربگیردرێت. گەندەڵی ناو ڕیزەکان وەلابندرێت. وەزعی ژیان وخۆشگوزەرانی هێزی چەکدار وعایلەکانیان بە باشترین شێوازی مومکن دابین بکرێت. دەبێت دڵنیابین کە بە بێ هێزێکی رێکخراوی وەها، بە بێ ئامرازی مودێرنی ئەمرۆیی شەڕ، بە بێ فەرماندەی گشتی ، بە بێ نەقشە و بەرنامەی رێک و پێک، بە بێ رازی بوون و دڵخۆش بوونی هێزی چەکدار، ئیمکانی بەرگری لە نیشتیمان خەیاڵە.


چوارەم: دەبێت کۆمەلگای کوردی بە هەموو پێکهاتەکانییەوە ئامادەی پشتیوانی لە سترتیژی سیاسی رێبەری بن.ئەم پشتوانییە وەدی نایەت ئەگەر ململانێیەکی باش لەگەل گەندەڵی وناعەدالەتی نەکرێت. خەڵکی پشتیوانی ناکەن ئەگەر دڵنیا نەبن کە لە دەسەڵات وداهاتی ئەمرۆ و دوا ڕۆژی کوردستاندا خاوەن بەش نەبن. خەڵکی بروا بە دروشمەکان ناکەن ئەگەر داهاتی ئەمرۆ بە شێوازی نا دادپەروەرانە دابەش بکرێت، مافی ژنان وەلابنرێت، مافی مرۆڤ و رۆژنامەنووسان پێشیل بکرێت. جیاواز لەوەش دەبێت نەقشە رێگا، تا ئەو جێگایەی دەکرێت بکرێتە جێ باوەری خەڵکی. خەڵک دەبێت قانیع ببن کە رێبەری، گونجاوترین رێگای هەڵبژاردووە بۆ سەرکەوتن و سەربەرزی نەتەوەکەی وداوایان لێبکرێت کە چالاکانە لەم بەرگرییەدا بەشداربن. هەر وەها دەبێت بزانین کە دوژمن ونەیارانی کورد هەموو کاتێک وهەر ئەم چرکە ساتەش لەسەر خەڵکی ناڕازی کار دەکەن وهانیان دەدەن. هەر کەمتەرخەمییەک لەم بارەوە کارەساتی لێدەکەوێتەوە کە دوایی چارەسەرکردنی زەحمەتە.


پێنجەم: بەکار هێنانی دیپلۆماسییەتی نەتەوەیی، گونجاو وچالاک. کورد پێویستی بەوەیە کە دەسبەجێ واز لە پەیوەندیی حیزبی لەگەڵ دەرەوە بێنێت. پێویستە تیمێکی دیپلۆماسی لێهاتوو پێک بێنێت. ئەو تیمەش دەبێت چالاکانە وبە زانیاری تەواوەوە لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەوێتە کار. دیپلۆماسییەتی کوردی دەبێت هەموو ئەگەر و تواناکان هەڵسەنگێنێت و لە هەموو دەرفەت و بەرژەوەندییەکان کەڵک وەرگرێت. دیپلۆماسییەتی کوردی دەبێ ڕۆڵێکی کاریگەری هەبێت لە ڕاکێشانی سەرنجی کۆمەڵگای نێونەتەوەی بۆ ئەوەی کە، پێکەوەنانی پێکهاتەکانی عێراق جگە لە شەر و ماڵوێرانی بەرهەمێکی تری نەبووە و پێداگرتن لە سەر ئەو هەڵوێستەیان وەزعەکە خراپتر دەکات.


ئەم‌ خاڵانە گرینگترین خاڵن کە هەست دەکەم دەبێت بایەخی تەواوی پێ بدرێت. هیوادارم توانیبێتم بە وڕووژاندنی ئەم خاڵانە دەرگای دیالۆگ وباسێک لەگەل دڵسۆزان و نیشتیمانپەروەرانی کورد بکەمەوە.

 

 

٢٦\٦\٢٠١٤
 

_________________________________

هەموو بابەتەکان دەربارەی ''داعش'' لێرە ببینە:

www.emrro.com/dosyeydahish.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک