ئایا له سایه‌ی بۆرژوازیدا ئاین بێ (ڕۆڵ)ه و بۆته که‌له‌پوور.
عامر سابیر
له به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌ی که ڕێبوار ئه‌حمه‌د له پێشه‌کی کتێبی (جه‌هاله‌تی ئیسلام و دنیای هاوچه‌رخ) دا ئه‌ڵێت «دین له‌ئه‌مڕۆدا به‌شێکه له هه‌وڵ و ته‌قه‌لای بۆرژوازی، بۆ پارێزگاری له کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تی و موڵکایه‌تی تایبه‌تی و قانوونمه‌ندی سه‌رمایه» حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن له وتارێکیدا له‌سه‌ر هه‌مان کتێب، به‌ناونیشانی (له قه‌ڵه‌می نووسه‌رانه‌وه بۆ خوێنی شه‌هیدان،21/8/2008) ئه‌و بۆچوونه‌ی پێ نادروسته و ئه‌ڵێت «چینی بۆرژوا پێویستی به ئایین نییه، ئایین بووه به به‌شێک له که‌له‌پوور، ئه‌و بۆچوونه‌ی ڕێبوار بۆ سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست دروسته، کڵێسا ئه‌گه‌ر له ڕاژه‌ی هه‌ژاراندا نه‌بێت، لای که‌م هیچ زیانێکی بۆ فه‌رمانڕه‌وایانی وڵاتانی سه‌رمایه‌داری نییه»
سه‌ره‌تا ئه‌وه بڵێم که چینی بۆرژوازی، کڵێسا به مه‌ترسی و زیان له‌سه‌ر خۆی نازانێ به‌ڵکو به پاڵپشتی خۆی ده‌زانێ، هه‌موو ئایینه‌کان کۆکن له‌وه‌دا که به (سه‌رمایه‌داران و کرێکاران) ئه‌ڵێن: ڕازیبن به به‌شی خۆتان، ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان پێویسته ساڵانه به‌شێک له سامانیان بکه‌نه خێر و چارتی و زه‌کات، وه هه‌ژارانیش پێویسته ڕازیبن و شوکری خوا بکه‌ن و ئه‌م دنیا هیچ نییه و ئه‌و دنیا گرنگه.
ئه‌مه ئه‌و ناوه‌ڕۆکه‌یه له ئاین که چینی بۆرژوازی پێویستییه‌تی، بۆیه به‌رده‌وام له هه‌وڵی مانه‌وه و تازه‌کردنه‌وه و زیندوکردنه‌وه‌ی ئایندایه، وه ئه‌یه‌وێت به‌رده‌وام کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی پێ گێژ بکات.
من له‌وباوه‌ڕه‌دام که له وڵاتانی سکۆلاری سه‌رمایه‌داریدا، به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م ڕاستیانه‌ی خواره‌وه ده‌رده‌که‌وێت که بۆچوونی ڕێبوار ئه‌حمه‌د دروسته و حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن به‌هه‌ڵه‌دا چووه.
١) له زۆربه‌ی هه‌ره زۆری وڵاتانی ڕۆژئاوادا، هه‌ر سه‌رمایه‌دارێک (هه‌ر که‌سێک) کۆمه‌ک بکات به کڵێسا، ئه‌توانێت ئه‌و بڕه له کۆمه‌ک، له رێژه‌ی باجی ساڵانه‌ی که‌م بکاته‌وه که ده‌یدات به ده‌وڵه‌ت.
٢) سه‌رانی ده‌سه‌ڵاتداری بۆرژوازی ئه‌مریکا، به هه‌ردوو باڵه‌که‌یه‌وه، کۆتایی هه‌موو وتارێکیان به (God Bless You) وه (God Bless USA) ده‌هێنن. ٣) ئه‌گه‌ر ئاین بووبێته که‌له‌پوور، بۆچی هه‌ر له‌و وڵاتانه‌دا لانی که‌م سه‌د که‌ناڵی ئاسمانی، بیست و چوار سه‌عاتی هه‌یه که به خۆڕایی په‌خش ئه‌کرێت، که سه‌ر به کڵێسا جیا جیاکانن، وه زۆربه‌یان کۆمه‌کی مالی گه‌وره له ده‌وڵه‌ت وه‌رده‌گرن بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی جه‌هل و خورافه و گێژکردنی کۆمه‌ڵگا.
٤) پاپای ڤاتیکان (که گوایه نوێنه‌ری سێ سه‌د ملیۆن کاسۆلیکی دنیایه) که سه‌ردانی هه‌ریه‌ک له‌و وڵاتانه ده‌کات، به سه‌دان هه‌زار خه‌ڵک پێشوازی لێده‌کات و هه‌واڵی ئه‌و سه‌ردانانه‌ی ئه‌بێته تایتڵ و هه‌واڵی یه‌که‌می ماس میدیای بۆرژوازی.
٥) جۆرج بوشی دانیشتووی کۆشکی سپی، هه‌ر به چه‌شنی ئوسامه بن لادنی ناو ئه‌شکه‌وته‌کانی تۆرابۆرا، ئه‌ڵێت خوا پێی وتووم که شه‌ربکه‌م، وه بۆ ئه‌م شه‌ڕه‌ی خواش، به سه‌دان هه‌زار ئینسانی بێ‌تاوان له‌ناوده‌بات.
٦) له هه‌ڵبژاردنی (نۆڤه‌مبه‌ری 2007)ی ئوسترالیادا، سه‌رۆکی ئۆپۆزسیۆن که ئێستا سه‌رۆک وه‌زیرانه، ئه‌چێته به‌رده‌م کڵێسا و به شێوه‌یه‌ک له پاڕانه‌وه ئه‌ڵێت من به‌رده‌وام هه‌موو یه‌کشه‌مه‌یه‌ک بۆ نووێژکردن سه‌ردانی کڵێسا ئه‌که‌م. وه له 1901 ه‌وه تا ئێستاش په‌رله‌مانی ئوسترالیا، ده‌ستپێکردنی هه‌ر ڕۆژێکی کارکردنی به خوێندنه‌وه‌ی (Lord Prayer) ده‌ستپێده‌کات. که له 26/10/2008 دا (Speaker of the House) واته سه‌رۆکی په‌رله‌مانی ئوسترالیا که ناوی (Harry Jenkins) ه پێشنیاری کرد، که له‌سه‌ر ئه‌و بنچینه‌یه‌ی ئوسترالیا ده‌وڵه‌تێکی سکۆلاره، پێویسته ئه‌م ده‌ستپێکردن به ناوی خوا و خوێندنه‌وه‌ی (بایبڵ) ه که هه‌ر چه‌نده بیست چرکه‌یه‌ک ده‌خایه‌نێت، گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت وه یان لاببرێت و به گۆرانییه‌کی ئوسترالییه ئه‌سڵییه‌کان که به (Aboriginal) ناسراون، جێگه‌ی بگرێته‌وه، له به‌رانبه‌ر ئه‌م پێشنیاره‌دا جگه له حیزبی سه‌وز، سه‌رۆکی هه‌موو حیزبه‌کانی ناو په‌رله‌مان له دژی وه‌ستانه‌وه.
٧) ..........هتد
١۴\١٢\٢٠٠٨
|