٢٣\٩\٢٠١٠
ئایا لیستى ئازادى
و عەدالەتى کۆمەڵایەتى سهکۆى چەپەکان بوو؟

هیوا رەش
لە دەمەدەمى هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەى ڕابردووى کوردستاندا و لە
ئاکامى غرورى سیاسیى هێزە دەسەڵاتدارەکان و وەدەرنان و ئاوڕ نەدانەوە
لێیان ، هەندێک حزبى خۆ بە ( چەپ ) زانى دۆستى دەسەڵات ، دواى نائومێد
بوون لە بەخششى کورسى و پلە و پارە ناچار بوون پەنا وەبەر کۆکردنەوەى
ئارەقەى تکاویان ببەن و لەسەر ئەم بنەمایە لیستێکى چاوخوار لە ئاستى
جەماوەریان پێکهێنا کە زیاتر خەریکى سەرەتاتکێ بوون لە گەڵ دەسەڵاتدا
نەک هەوڵدان بۆ تێکۆشان بۆ وەدیهێنانى خواست و داواکانى خەڵک ، لیستى
ناوبراو کە حزبى شیوعى کوردستان سەرپەرشتیارى بوو بە یاوەریى هەندێک لق
و پۆپى خۆى و حزبى زەحمەتکێشان ( باڵى مەکتەب سیاسى ) وەکو لیستێکى
بەرهەڵستکارى دەرەوەى دەسەڵات هاتنە مەیدان و بە گوڕ و تاوەوە کەوتنە
خۆیان و هەستان بە سازدان و کۆبوونەوەى چەندین دیدار لەگەڵ حزب و گروپ
و کەسانى چەپ ، دیارە ئەمەیان بە مەبەستى سەرخستنى خۆیان بوو بۆ
گەییشتن بە مەرامى تایبەتى ، دوور لەوەى بۆ خزمەت کردنى بزاوتى چەپ بێت
.
لە سەرەتادا زۆرێک ئەم هەوڵە تازەیەیان بە خۆشنوودییەوە پێشوازى کرد و
بە هەنگاوێکى ئەرێنیى لە قەڵەم درا و ئومێد بەخش بوو بۆ ئەوەى هەرچى
زووترە چەپەکان لە نێو بازنەیەکى نیمچە بەرەییدا بۆ ئاییندە خۆیان کۆک
و تەیار بکەن ، ئێمەش لە پارتى چەپ ستاییشى ئەم هەنگاوەمان کرد
هەرچەندە تێبینیمان لەسەرى هەبوو ، بەڵام بە کارێکى باشمان زانى و هیچ
لێدوان و هەڵوێستێکى نەرێنیمان لە بەرامبەریدا نەنواند ، بە تایبەتى
لەبەر ئەوەى خۆمان کە لە لیستى سپى سەربەخۆدا خۆمان کۆ کردبۆوە و لە
ئاکامى فڕو فێڵ و تەڵەکەبازیى گومانلێکراوانى ناو لیستەکە هەوڵەکەمان
لەبار بردرابوو و لەبەر بارى داراییمان نەماندەتوانى هیچ ئامادەسازییەک
بۆ پێشوازى هەڵبژاردنەکە و چوونە ناو پرۆرسەکەوە بکەین ، بۆیە لیستى
ئازادى و عەدالەتى کۆمەڵایەتیمان لە هیچ پێ باشتر بوو ، و لە لیستى
دەسەڵات بە پەسەندترمان ئەزانى و ناڕاستەوخۆ پشتیوانیمان لێ ئەکرد .
سەرانى حزبى شیوعى کە سەرپەرشتیارى لیستى ئازادى بوون ، دواى چەند ساڵ
لە دژایەتى و بوختان هەڵبەستن لە بەرامبەرمان ، داواى دانوستان و
وتووێژیان لێمان کرد ، ئێمە لە پارتى چەپى کوردستان وەکو هەموو جارێک
ئەم دەرگایەمان بە ڕوویاندا دانەخست بەڵام بە وریاییەوە مامەڵەمان لە
تەکیاندا کرد بەو ئومێدەى پێگەى چەپ بەهێز بکەین و فاکتەرێک بین بۆ
ڕزگار کردنى ئەو دۆخە ناهەموارەى بەسەر چەپ لە کوردستاندا هاتووە .
پێش چەند ڕۆژێک لە دەستپێکردنى هەڵبژاردن و لەسەر داواى سەرانى حزبى
شیوعى لە بارەگاى نوسینگەى سلێمانى مەکتەبى سیاسى ئەواندا
کۆبوونەوەیەکى هاوبەش لە نێوان سەرکردایەتى هەردوو حزب ( پارتى چەپى
کوردستان و حزبى شیوعى کوردستان ) لە ئاستێکى باڵادا ئەنجام درا و لە
لایەن پارتى چەپەوە هاوڕێیان ( محەممەد پشدەرى ، ڕزگار تاهیر ، سەڵاحى
ئاسنگەر و هیوا ڕەش ) ، لە لایەن حزبى شیوعیشەوە ( کاوە مەحمود –
ئەندامى مەکتەبى سیاسى و وەزیرى ڕۆشنبیرى و وتەبێژى فەرمى حکومەتى
هەرێمى کوردستان لە دواى هەڵبژاردن ، زیرەک کەمالى ئەندامى سەرکردایەتى
و وڕاوێژکارى سیاسى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ، ئاشتى تاڵەبانى و
گۆرانى ئەندامى سەرکردایەتى و بەرپرسى محەللى سلێمانى ) ئامادەى
کۆبوونەوەکە بوون ، دواى وتووێژێکى زۆر لەمەڕ بارودۆخى سیاسى کوردستان
و عێراق مەسەلەى هەڵبژاردن و ئامادەکارییەکانى تەوەرێکى گەرموگوڕى
کۆبوونەوەکە بوو ، سەرەنجام بەوە گەییشتین کە لیستى ئازادى و عەدالەتى
کۆمەڵایەتى لە بەرامبەر پاڵپشتى کردنى ئێمە لەوان ، پێویستە ئەوانیش
گەرەنتى ئەوەمان بدەنێ کە وەکو ئۆپۆزیسیۆن بمێننەوە و واز لە
سەرەتاتکێى پارتى و یەکێتى بهێنن، بێگومان لێرەوە جیاوازى نێوانمان بە
ڕاشکاوى سەرى هەڵدا ، ئەوان نەچوونە ژێر ئەو بارەوە و ئێمەش بەڵێنى
هاوکارى کردنیانمان نەدا ، بۆیە بێئاکام کۆبوونەوەکەمان کۆتایى پێهێنا
!
ئەم پێشەکییەم زیاتر بۆ ئەوە نووسى کە هەندێک گۆڤار و ڕۆژنامە هەن بۆ
فرۆشیى زیاتریان ئەیانەوێت ڕاستییەکان لە جەماوەر بشارنەوە و چەواشەیان
بکەن ، بە سازدانى دیدار و توێژینەوە و باس و خواسى چەپ ، ئەوانە
ئەهێننە گۆ و برەویان پێ ئەدەن کە فڕیان نە بە چەپەوە هەیە و نە ئاواتى
پتەو بوونى پێگەى چەپیشیان هەیە لە کوردستاندا بەڵکو ( چەپ ) ێکى تا
سەر ئێسک ڕاستن ، و زیاتر بۆ چاوبەستەکیى ئیدیعاى چەپ و چەپگەرایى
ئەکەن وبە مەبەستى چەواشە کردنى خەڵک و ڕێگرتن و دواخستنى هێزى
ڕاستەقینەى چەپ کار ئەکەن ، نکوڵێم لەوە نیە کە حزبى شیوعى لە
پێگەکەیاندا ئاراستەیەکى نووزە لێبڕاوى چەپ ئامادەیى هەیە کە لە
بەرامبەر سیاسەتى ڕاستڕەوانەى سەرکردایەتییەکەیان بە ئەژنۆى خۆیاندا
ئەکێشن و لەناو خەڵکیشدا ڕووگیر بوونە ، وەلێ ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە
ڕەوتى سەرانى حزبەکە وەکو چەپ بناسرێ ! کە فێڵیان لە یاوەرەکانى خۆیان
کرد لە بازنەى لیستى ئازادى و عەدالەتى کۆمەڵایەتیدا و کردیانن بە
بەردەباز بۆ وەدەستهێنانى کورسییەکى پەرلەمان و وەزیرێکى وتەبێژ ، لە
ناوخۆشدا بە هەمان نەفەس کار ئەکەن و لە کۆبوونەوەکانیاندا چەپى عەیارە
بیست و چوار و لە کردەوەشدا ڕاستێکن ئاوى پارتى و یەکێتى ڵێڵ ناکەن ،
وەکو ئاماژەم پێدا وەزیرەکەیان کراوەتە دەمسپى حکومەتى هەرێمى
کوردستانیش کە پارتى و یەکێتى بەڕێوەى ئەبەن و ئەندامێکى
سەرکردایەتییەکەشیان ڕاوێژکارى سیاسى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانە،
ئەم سیاسەتە دووفاقییەى سەرانى حزبى شیوعى زەبرى کاریگەرى لە پێگەى چەپ
داوە لە کوردستاندا ، بە هەڵگرتنى ناو و دروشمەکەیان ( ناوى گەورە و
دێى وێران ) بێت سەرقافڵەى چەپن و وەکو دیکەش پینەچییەکى کاراى گەندەڵى
و ناعەدالەتین ، ئەم تێکەڵەیە لە سیاسەتى دووڕووییە لە ڕواڵەوتدا چەپ و
لە ناوەڕۆکدا ڕاست، ئەخوازێت کە ڕۆژێک زوو تر ئەندام و لایەنگر و
هەوادارە شۆڕشڤانەکانى حزبەکە وەخۆیان بکەون و مەودا تەسک بکەنەوە بۆ
بە ئاقار نەبردنى حزبەکەیان بەرەو کەنارى نەمان .
چەپگەرایى ئیدیعا نیە ، بەڵکو وابەستەیە بە قۆناغى نەشونماى چینایەتى
کۆمەڵگاوەو ئاراستەیەکى فکرى و هەڕەمێکى تەنزیمى و دروشمگەلێکى
واقیعییە ، ئێستا لە کوردستاندا جیاکاریى چینایەتى و ناعەدالەتى
کۆمەڵایەتى و گەندەڵى ئیدارى و بە تاڵان بردنى سامانى وڵات و حزباندنى
کۆمەڵگا و سەرهەڵدانى چینێکى مشەخۆر کە دەستیان بەسەر سامان و داهاتى
وڵات و چۆنێتى دابەش کردنەکەیدا گرتووە ، ئەم واقیعە سەرهەڵدان و
بوژانەوەى بزاڤى چەپى لە کوردستاندا کردۆتە پێداویستییەکى مێژوویى ،
ئەمەش مەترسیى گەورەى لە سەر دەسەڵاتداران پەیدا کردووە ، چونکە ئەرکى
مێژوویى چەپ وا ئەخوازێت لە هەمبەر ئەو هەموو نایەکسانییەدا بێدەنگ
نەبن و شەقامى کوردى بورووژێنن و ڕێگا لە ستەمى سیاسى و ئابورى و
کۆمەڵایەتى بگرن و بنەما دیموکراسییەکان فراوان بکرێتەوە و مافى مرۆڤ و
هاوڵاتى بوون پارێزراو بێت و مڵۆزمایەتى حزب بەسەر حکومەتەوە نەمێنێت و
هەڵبژاردنەکان دوور لە ساختەکارى و چاو ترساندن بەڕێوە ببرێت تیرۆرى
فکر ڕەت بکرێتەوە ، بۆیە بە لاڕێدا بردنى خەڵکى چەپخواز و جەماوەرەکەى
بۆ پاراستنى بەرژەوەندى چینایەتى و درێژ کردنەوەى تەمەنى ستەمگەراییان
، دەسەڵاتداران هەمیشە بەو ئاراستەیە بیر ئەکەنەوە کە ناسنامەى چەپەکان
لە بەر چاو جەماوەر تەڵخ بکەن ، لەبەر ئەمەش بوو بە سیاسەتى ( پادار
بگرن بێپا دەستەمۆیە ) یان لە هەمبەر لیستێکى وەکو - ئازادى و عەدالەتى
کۆمەڵایەتى – یان گرتە بەر و بە مەترسییان دانەنان لە هاوکێشەکەدا
چونکە لایان عەیان بوو کە ئەوان پێیان ناکرێ پشت لە ناز و نیعمەتى
باوەشى دەسەڵات بکەن ، بێگومان لە ئاییندەدا شێواز و رێگەى تر ئەگرنە
بەر تا بە دەمکوت و سەرکوت و کوشت و بڕ ئەگات ، بۆیە ئەبێت ئێمەش لەو
هەنگاوانەى دوژمنانى چینایەتیى ووریا بین و هەوڵ بدەین پێناسە و
ڕێوشوێنى چەپ بۆ خەڵک بەیان بکەین نەک وەکو ئەوانەى کە تا ئێستا ناوى
چەپیان زڕاندووە ، ئەمەش پێوەرەکانى لەمانەدا دەر ئەکەوێت :
1 – تێکەڵبوون بە دەسەڵات و ناعەدالەتییەکانى بە هەموو شێوەیەک ڕەت
بکرێتەوە .
2 – پەرە بە خەباتى هاوبەشى مەدەنیانە ( ڕێپێوان – ناڕەزایەتى دەربڕین
– مانگرتن و خۆپیشاندان ) و شێوازەکانى دیکە بدرێت لە پێناوى دەسکەوتە
جەماوەرییەکاندا .
3 – نەترسانە کەلێن و درزەکانى ستەمەکان ئاشکرا بکەین و بە گژیاندا
بچینەوە و خەڵکیان بۆ بهێنینە سەر شەقامەکان .
4 – دەسبەردارى ویستە کەسایەتى و حزبایەتییەکان ببین و ویستە
جەماوەرییەکان لە پێشینەى ئەرک و کارەکاندا دابنێن .
5 – یەکتر قبوڵکردن و لێکگەییشتن و لێکنزیکبوونەوە بکرێتە بناغەى بیر
کردنەوە بۆ کۆ کردنەوەى هێز و تواناى پەرش و بڵاوى چەپەکان بە
لێبووردەییەوە هانگاوى بۆ بنێین .
هەرچى چەپى ڕاستگۆ هەیە بۆ ئەوەى بتوانن لە ئاستى بەجێگەیاندنى
ئەرکەکانى ئەمڕۆدا بن و کارتى دەستى خۆ بە چەپگەرا و چەپزانەکانى
دەسکەلاى دەسەڵات بسووتێنن و ئەبێت لە سەنگەرى داکۆکیى لە مافە
زەوتکراوەکانى خەڵکى بەشخوراوەوە بێنە مەیدان و چى تر موجامەلەى
دەسەڵات نەکەن و برەو بە هوشیارى چینایەتى بدەن ، ئەگەر وا نەکەین
دەسەڵاتى سەرمایەدارى زیرەکانەتر وەخۆ ئەکەون و بە بەرنامەى نوێترەوە
هاوشێوەى لیستى ئازادى و عەدالەتى کۆمەڵایەتى بەرهەم ئەهێنن و لە
ڕاپەڕاندنى ئەرکە مێژووییەکان دوامان ئەخەن .
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|