په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٨\٢٠١١

ئایا لیستی گۆڕان بەرنامەی گۆڕانی بنەڕەتی بۆ کۆمەڵگەی کوردستان پێیە؟


زاهیر باهیر


لە گەمەی ڕامیارییدا پێویستت بەوە نییە، کە بەرنامەی سەرومڕ و بنەڕەتی گۆڕانی تەواوی کۆمەڵگەت هەبێت، جونکە پرسەکە لە گۆرینی دەموجاوەکان و دەستی دەستیکردنی دەسەڵاتدا، کۆتایی دێت. ڕامیارەکان خۆیان پێشوەخت و هەر لە سەرەتادا ئەوانە دەزانن، بەڵام هەمیشە وا پێوویست دەکات، کە بۆ گەیشتن بە مەرامەکانیان، بەرگی داخوازییەکانی خەڵکی و ناوبانگی ڕیفۆرمی بەبەردا بکەن و بە دروشمی بریقەدار و هاتوهاوار و هەراوهۆریای سەر شەقاماکان و بلندگۆکان و شەڕە دەنوکی نێو میدیاکانیان، بیڕازێننەوە.

ئەمە نەک هەر لە کوردستانی ئێمەدا، بەڵکو لە سەرجەمی هەموو ئەو دەوڵەت و میرییانەی کە پرۆسێسی گەمەی ڕامیاریی هەڵبژاردن دەگرنە بەر، هەر وایە.


چونکە باسەکەی من لەسەر کوردستانە بەگشتی و بزووتنەوەی گۆڕانە بەتایبەتی، بۆیە من لێرەدا بە کورتی پەنجە بۆ هەندێک بوار ڕادەکێشم، کە لە ڕاستیدا دەتوانرا هەندێک لەو ڕیفۆرمانە بکرانایەتە داخوازی سەرەتایی بۆ دەستپێکردنی هەندێک گۆڕانی بنەڕەتی. بەڵام لەبەرئەوەی کێشەی سەرەکی لای گۆڕان دەستبردن بۆ ئەو گۆڕانکارییە بنەڕەتییە نەبووە و نییە، بۆیە سەرەتا و کۆتاییەکەشی بە قۆستنەوەی زەمینەی گەندەڵی مەوجود، بە قۆستنەوە و ئیحتیواکردنی ناڕەزایی خەڵکی بۆ مەبەستی ڕامیاریی، کۆتایی هات ، ئەمەش نائومێدیەک و تیشکانێکی دیکەی لە مێژووی خەڵکانی ناڕازاییدا تۆمارکرد.

من لێرەدا بە کورتی پەنجە دەخەمە سەر خاڵە لاوازەکانی لیستی گۆڕان و بزووتنەوەی گۆڕان چ لە ڕوی پێکهاتەی بزووتنەوەکەوە و چ لە ڕووی لایەنە لاوازەکانییەوە:

١- لیستی گۆڕان، لیستێکە زۆربەیان بێجگە لە ئەندامە گەنجەکانی، یا لە سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی یا لە کادیرە پێشکەوتووە کۆنەکانی هەمان پارت بوون، کە ئەگەر هەموو دەسەڵاتێکیشیان لەناو یەکێتیدا نەبووبێت، ئەوا دەسەڵاتێکی گەلێک فراوان و باڵایان هەبووە و ئێستاش نەک هەر کاروباری خۆیان دەڕوات، بەڵکو دەتوانن یارمەتی خەڵکی تریش بدەن، کە کارێکیان بە یەکێتی هەبێت. ئەمەش واتە ئەوەی کە خۆیان هەر لە سەرەتاوە گەندەڵ بوون و بەگەندەڵی ماونەتەوە، واتە خۆیان لە دەسەڵات و پارە و موڵکیەتێک،کە لە سەردەمی تورەقیاندا بەدەستیان هێناوە، دانەماڵیوە. هەروا لەو کاتەدا نەک هەر خۆیان گەندەڵ بوون، بەڵکو برەویشیان بەگەندەڵیش داوە و نە لە پێشتر و نە لەو سەردەمەشدا و نە لە ئایندەشدا هەوڵیان بۆ چەسپاندنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی نەداوە و ناشدەن. ئەم خەڵکانە کەوتنە ژێر کاریگەری بزووتنەوەی ناڕەزایی خەڵکییەوە و ئیدی ڕیزەکانی یەکێتی نیشتمانییان بەجێهێشت.

٢- لیستی گۆڕان وەک ڕێکخستنێکی ڕامیاریی پێکهاتوو لە کۆنە رامیارانی ناوچەیەکی دیاریکراوی هەرێم (سلێمانی)، بۆ ئەوەی بتوانن بە خێرایی بزووتنەوەی گۆرانخوازی خەڵکی لە هەرێمی کوردستاندا دەستەمۆ بکەن و بۆ بەدەسەلاتگەیشتن و سەرخستنی جەنگی دەسەلاتخوازانەیان بەرامبەر کۆنە ڕەقیبەکانی پارتی بەرامبەر (پدک) و تازە ڕەقیبەکانی نێو پارتی دایک (ینک) بەکاری بهێنن، جەنگی دژە-بنەماڵەیان راگەیاند و شارچییەتی و ناوچەگەرییان کردە چەقی ڕەوایی هەڵمەتەکەیان. وەها ڕامیاییەک هەم لە بەرخوردییان بەرامبەر بەشەکانی دیکەی ناوچەکەی خۆیان و هەم لە سەرەنجامی هەڵبژاردنەکاندا دەردەکەوێت. بەم جۆرە لەلایەک لە ناوچەکانی دیکەدا گومان لەسەر بزووتنەوەکە (بزووتنەوەی گۆران) لەژێر دۆمینەتی لیستی گۆران دادەنێت و لەلایکی دیکەوە، خودی بزووتنەوەکە لە ئامانجە سەرەتاییەکانی دوور دەخاتەوە و دەیکاتە مەقاشێک بۆ گەییشتن بە پارلەمان و مسۆگەریی دەسەڵاتی کەسانێک کە پێشتر لە ناو (پارتی دایک)دا دەسەڵاتیان کەوتبووە مەترسی یا چانسی بەدەستهێنانی وەها دەسەلاتێکیان نەبوو. ئەگەر بە وردی سەرنجی کارکردی قسەگەرانی لیستی گۆران (نەک بزووتنەوەی گۆران) لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم و تەنانەت بەشەکانی پارێزگەی سلێمانی، پێکهاتەی دەزگە و لیست و سەرکردایەتی و سەرەنجامی هەڵبژاردنەکان بدەین، بەڵگەی سەلماندی ئەو شتانەی کە من لێرەدا ڕیزم کردوون، زۆر بە ئاسانی بەدەست دەهێنرێن.

٣- گۆڕان پلانی سەرومڕ یا ڕامیارییەکی ستراتیجی بۆ کوردستان و کۆمەڵگەکەی نییە. بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر بنەمای یەک پرس، یەک کەیس، کە گەندەڵییە خۆی دروست کردووە، هەر ئەمەش لەپاڵ هەندێک پرسی دیکەی بچووکدا، بووەتە کەیسی سەرەکی لەلای ئەوان. بەڵام وەکو هەمووان دەزانین گەندەڵی ناوەرۆکو تایبەتمەندییەتی سیستەمی سەردەمە، جا ئیتر لەهەر شوێن و جێیەکی ئەم سەرزەمینەدا بێت، تەنانەت لە ئەوروپاشدا ئەوە دەبینین، (بۆ زانیاری زۆرتر تکایە تەماشای بابەتی : گەندەڵی بە تەنها ڕواڵەت و خەسڵەتی کۆمەڵگایە یا ڕژێمی دیکتاتۆری نییە، کە لە ئازاری ٢٠٠٩ دا بڵاوم کردۆتەوە).


گەندەڵی لەناو جەرگەی ئەم سیستەمە هەڵقوڵاوە و بەشێکە لێی و پەیوەستە پێوەی. گەندەڵی ناتوانرێت لە کۆمەڵگەی چینایەتی، لە سیستەمی سەرمایەداری جیا بکەیتەوە، چونکە خودی سیستەمەکە لەسەر بنچینەی خاوەندارییەتی تایبەتی و پەیوەندی بەرهەمهێنانی نایەکسان و نادادوەر دروست بووە، لەسەر بنچینەی بێبەشبوون، نایەکسانی، نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی و گەلێکی دیکە. بەم شێوەیە ئەرکی سەرەکی ئەم سیستەمە، بەدەسەتهێنان و زیادکردنی زۆرتری قازانجە، هەر لەبەر ئەمەشە لە وەها سیستەمێکدا پارە و قازانج لە پێش مرۆڤەوەیە، واتە فەزڵی پارە بەسەر مرۆڤ و پێداویستیەکانی مرۆڤدا دەدات. لە ڕاستیدا گۆڕان و بزووتنەوەکەی ئەڵتەرناتیڤێکی دیکەیان نییە، بێجگە لە گۆڕینی دەموچاوەکان و دەستی دەستیپێکردنی دەسەڵات، بەڵام من دڵنیام ئەم بزووتنەوەیە، کە خوازیاری “گۆڕینی” دەموجاوەکانی دەسەڵاتە و لەسەر بارودۆخە ڕامیاریەکە و لەسەر دەسەڵاتیش بەهەر دوو باڵەکەیەوە، کاریگەری خۆی داناوە و دادەنێت، بەڵام ئەمەش واتای ئەوە ناگەیەنێت، هەمان کاریگەری لەسەرکۆمەڵگەکە دادەنێت و داخوازییەکانی کۆمەڵگەکە دەهێنێتە دی. لە چەند وشەیەکدا دەتوانم بڵێم، ڕەنگە گۆڕانکاری لە دەسەڵات و ڕامیارییەکانی دەسەڵاتدا بکات، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەڵیم، کە کۆمەڵگە ناگۆڕێت. بۆ پاساودانی قسەکانی سەرەوەم، ئەوە زۆر بەکورتی سەرنجی خوێنەر بۆ چەندخاڵێکی گرنگ، کە دەکرێت گۆڕانکاری لەوێوە دەست پێبکات، ڕادەکێشم:

- ئەوەی کە لیستی گۆڕان لە پرسی ئابووریدا دەیەوێت، بەگشتی ڕێکخستنەوەی شادەمارەکانی ئابوری و ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگەیە بە شێوەیەک و لە شێوەیەکدا کە هەندێک لە خەڵکانی خۆیان و خەڵکانی دەوڵەمەند و کەسە ناودارەکان، دیسانەوە بەشی شێریان بەر بکەوێتەوە، واتە لە لایەکەوە هێڵانەوەی ئەو جیاوازییەی کە لەنێوانی خەڵکدا هەیە و کارکردنی زیاتریش بۆ زیادکردنی ئەو کەلێنە مەوجودەی، کە لە ئێستا هەیە.


- لیستی گۆران نە بەرنامەی بۆ پارێزگاری لە کەرتە خزمەتگوزارییەکانی سەر بەدەوڵەت هەیە و نە چاککردنی ئەوانەشی کە ماوەتەوە، پلانیان بۆ گشتییکردنی یا گێڕانەوەی ئەوانەی کە لە ئێستادا کراونەتە کەرتی تایبەتی نییە. پلانیان بۆ گشتییکردنی هیچ کەرتێکی تایبەتی نییە، پلانیان بۆ داخستنی سنوور لەبەردەم کاڵا و هەموو مەتریاڵێکی دیکە، کە تەنها بۆ پرسی سوود و قازانج و کەڵەکەکردنی پارەی زیاترە نییە، کە لەلایەن کۆمەڵێک بازرگانی ناوەوە و دەرەوە بەپشتیوانی یا بەشداری بەرپرسیاران لە سوود و قازانجێکدا کە بە دەست دێت، یاخود بەلایەنی کەمەوە باجیان لەسەر دانێن و باجەکەش بگەڕێتەوە بۆ میزانییەی دەوڵەت، تاکو پێداویستییەکانی خەڵکی پێ دابین بکرێت. پلانی بۆ دانانی باج لەسەر بزنس و کۆمپانییەکان و خەڵکانی دەوڵەمەند نییە، پلانی بۆ گۆڕینی سیستەمی پەروەردە و فێرکردن نییە، یا بە لایەنی کەمەوە لە نەکردنەوەی فێرگە و زانکۆی تایبەتی و نمونەیی و سەر بە دەوڵەتانی ناوەکە نییە. پلانی بۆ چاککردن و پێشەوەچوونی سیستەمی چارەسەرکردن وخەستەخانەکان نییە، پلانی بۆ پارێزگاریکردنی ژینگە نییە، بە پێچەوانەوە پلانی خراپکردن و وێرانکردنی ژینگەی هەیە. پلانی بۆ دروستکردنی سیستەمی هاتوچۆ لەناو خودی شار و شارۆچکەکان و بەیەکەوە بەستنەوەیان نییە، سیستەمێک کە بە نرخێکی هەرزان، لە کاتی خۆیدا بەبێ دواکەوتن بەڕێوە بچێت و لە هەمان کاتیشدا مسۆگەری پاراستنی ژیانی گەشتیاران و هاتووچۆگەرانی بکات، یا بیەوێت سیستەمێک دروست بکات تاکو شۆفێرەکان و ئۆتۆمەبێلەکانیشیان لە ئاستێکی وادا بن، کە مەترسی لەسەر ژیانی نەفەرەکانیان و خەڵکانێکیش، کە پیادە لە دەرەوەن و سەرقاڵی کاروباری خۆیانن، کەم بکاتەوە. پلانی بۆ دروستکردنی خانوو و سەرپەنای گونجاو بە کرێیەکی گونجاو و هەرزان نییە و هەروا پلان بۆ دابەشکردنیان بەسەر خەڵکانێکدا، کە ڕەوا و پێویستە و مافی خۆیانە کە پێیان بدرێت. پلانی بۆ چاککردن و دروستکردنی سیستەمێک لە نووسینگە و فەرمانگە و کارگێڕییەکان و شوێنە خزمەتگوزاریەکاندا بۆ خەڵکانی کەمئەندام نییە، تاکو وەکو هەر کەسێکی دیکە بەئاسانی و بەبێ گیروگرفت بێن و بچن و کاروباری بەبێ چاوەڕوانی یارمەتی خەڵکی خۆیان ڕاپەڕێنن، تاکو خۆیان بە منەتبار یان بە کەم نەزانن. پلانیان بۆ سنووردانان بۆ نرخی کاڵا و پێداویستییەکانی دیکەی ژیان و پاراستنی ژیان و مافی کڕیار و بەکاربەر لە کوالیتی و شیاوی بەکاربردنیدا نییە ، چونکە دیارە ئەمانیش باوەڕیان بە بازاڕی ئازاد هەیە.

- لیستی گۆڕان پلانی بۆ لادێکان و ئاوەدانکردنەوەیان و برەو پێدانی کشتوکاڵ لە کوردستاندا نییە، لەم بار و سەردەمەی ئێستادا نەک شارەکان قەرەباڵخ بوون و بە نەگەڕانەوە و کۆچکردنی خەڵکی لە لادێیەکانەوە فشاریان خراوەتە سەر و خەڵکی بەرهەمهێنەری لادێکان، کە پێشتر تا ڕادەیەک نەک هەر بەشی خۆیان میوە و سەوزە و دانەوێڵەیان هەبوو و بەرهەمهێنەر بوون و یارمەتی شارنشینەکانیشیان، پێدەدا، کەچی ئەمڕۆ بوونەتە بەکاربەری بێکار و بێبەرهەم.

سەبارەت بە پڕۆگرامی پەروەردە و فێرکردنکردنیش، هەر وەکو ئەوانەی سەرەوە بەردەوامییەتی بەهەمان پڕۆگرامی سەردەمی سەدام حوسەین دەدرێت. ئەگەر لە ئایندەشدا، گەر نیازی گۆڕانکارییەکیان هەبێت، لەوپەڕی حاڵەتدا بەهەمان یا لەو شێوە پڕۆگرامانە زۆر بە باشی ڕازی دەبن، کە ئەمڕۆ لە ئەمەریکا و وڵاتە ئەوروپیەکاندا پەیڕەو دەکرێن، کە سەرجەمی ئەوانەیش لە خزمەتی بزنسدان، هەر لە بچوکترین بزنسەوە تا کۆمپانییە گەورەکان بۆ کەڵەکەکردنی پارە و قازانجی زیاتر لەبریپەرەدان بە تەبایی و خۆشەویستی و هاوبەشیکردنی هەمو شتێک و گیانی بەتەنگەوەهاتن لە نێوانی فێریاران و خوێندکاران و مامۆستایاندا.

- سەبارەت بە پاشکۆیی کوردوستان و عێراق بە ئەمەریکاو بریتانیاو هاوپەیمانەکانیانەوە، گۆڕان هەڵوێست و سیاسەتێکی ڕونیان نیە. هیچ گلەیی و ناڕەزاییەکیان دەربارەی داگیرکرن و داگیرکەران یا سیاسەتی داگیرکەران و پلانیان سەبارەت بە ئابوری، میلیتەری و سەربازی و فێرکردن و پەروەردەکردن و سیاسەتی تازە لیبرال “لیبراڵی نوێ” نییە. هەروەها سیاسەتێکی ئاشکراو ڕونیشی سەبارەت بە دەسەڵاتدارانی ناوچەکەو کێشەی مەزهەبی و کەمایەتیە نەتەوەکانی ژێردەستیاندا ، نییە.

 دەربارەی سیستەمی بەڕێوەبردنی میریی و بەڕێوەبەرایەتییەکان و سەرتاپای دەزگە کۆمەڵایەتیەکانی ناو کۆمەڵگەدا، لیستی گۆڕان پێ لەسەر سیستەمی دیمۆکراتی پەڕلەمانتەری دادەگرێت و باس لە هەبوونی تەکنۆکرات لەدەسەڵاتدا دەکەن، کە ئەو دەسگەیانە لەبری ڕامیارییەکان بەڕێوەبەرن. واتە داماڵینی ئەو ئیدارانە لە ڕامیاری و ڕامیارەکان، گوایە بەپێی قسەکانی لیستی گۆڕان ئیدی بەمە خەڵکی بەتوانا جێگەی خەڵکانی بێتوانا و نە گونجا و ناسایستە دەگرنەوە. ئەوە ڕاستە بەم کارە هەندێک ڕیفۆرم دەکرێت و چارەسەری بەرتیل و بەخراپی بەکارهێنانی کارگێرییەکان دەکات، بەڵام من دڵنیام کە هەموو کادیرە پێشکەوتەکانی لیستی گۆڕان و سەرکردەکانی ئەوە دەزانن، کە کێشە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگە هەر لە نرخی بەرزی کاڵا و پێداویستییەکانی خەڵکو کرێی خانووبەرە و بەنزین و نەوت و گاز و کارەبا و ئاو و هاتووچۆ و ... هتد، لەتەک کێشەی دابەشکردنی داهات و سامان، نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی و جیاوازی چینایەتی و کێشەکە خەستتر دەکاتەوە، ئەوکاتەش هەموو بڕیارەکان لە دەستی ڕامیارییەکانەوە دەگوێزرێتەوە بۆ دەستی بزنسمانەکان و خاوەنکۆمپانییە گەورەکان، گەرچی لێرەش لە ئێستادا بڕیاری ڕامیاریەکانیش بڕیاری بزنسمانەکانە و لە بەرژەوەندی بزنس و خۆیان دەردەکرێت.

بەکورتییەکەی، ئەگەر لیستی گۆڕان دەسەڵاتیش بگرێتە دەست ، یاخود هەتا هەرە زۆرینەی جێگەکان لە دەسەڵاتدا بەدەست بهێنێت، دەتوانن گۆڕانکارییەکی زۆر کەمی وەکو: کەمکردنەوەی ببێکاری، ڕێکخستنەوەی فۆرم و قەوارەی ئەوەی کە لە خزمەتگوزارییە دەوڵەتییەکان ماوەتەوە، بەیاساییکردنی گەندەڵی ، تا ڕادەیەک خستنە شوێنی خەڵکی کارامە لە شوێنی خەڵکانی ناکارامە. دەستکورتکردنەوەی ڕامیارییەکان لە کاروباری فەرمانگە “سڤیلییەکان” و لەتەک هەبوونی جۆرێک لە سەربەستی لیبراڵییانە، کە ئێستاکەش بوونی هەیە. کەواتە، گەر کۆمەڵگەی کوردی بەختەوەر بێت، دەبێتە ‌کۆمەڵگەیەکی “سڤیلی“ وەک ئەوەی کە لە (ئەمەریکا و بەریتانیا و کەنەدا)دا دەیبینین. بەو شێوەیە گیروگرفتە بنەڕەتییەکانی وەکو: نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی، نەبوونی سەربەستی تەواو بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە سەرەرای جوداییان لە هەموو ڕوویەکەوە، بێکاری و بێخانووبەرەیی، ویرانی پاراستنی ژینگە و ڕەچاونەکردنی مرۆڤ و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، گیروگرفتی دابەشکردنی بەرهەم و داهات و سامان، جیاوازی نێوان دەوڵەمەند و هەژار و گەلێکی دیکە هەر وەکو خۆیان دەمێنێتەوە و خەستر دەبننەوە، لەبەرئەوەی لە ڕوانگە و ئەڵتەرناتیڤی لیستی گۆرانیشدا مرۆڤەکان بەرکار (object) و سزاوار بە ملدان مشەخۆری و سەروەری کەسانێکی دیکەن. هەر ئەمەشە خاڵی هاوبەشی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و ئایینەکان و هەموو دەسەلاتخوازان لە ڕاستەوە بۆ چەپ، هەر ئەمەشە دەزوولەی هۆنینەوەی گشت قۆناخەکان و سیستەم و دەسەڵاتە سەروو خەڵکییەکان و تەواوگەربوونیان بۆ یەکتری، ئەوەی کە قسەگەرانی سەربەدەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن ناوی دەنێن “پێداویستبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی فەرمی و پارلەمانی”.

 

ماڵپهڕی زاهیر باهیر

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک