١٢\١٢\٢٠١٢
ئایا مارکسیزم روو
لە هەڵکشانە؟
ئایە مارکسیزم وەڵامدەرەوەیە بەم قەیرانەی ئێستای جیهان؟

ئامادەکردن و دەستکاریی و وەرگێڕان: سالار
حەمەسەعید
بۆ وەڵامدانەوە بەم پرسیارە دەبێ بڕوانینە ئەو بارودۆخەی کە باڵی
کێشاوە بەسەر تەواوی دونیادا. هەروەک ئاشکرایە سەرمایەداری لە
قەیراندایە لە گشت جیهاندا. یەکیک لە بەڵگەکان کە مارکسیزم ڕوو لە
هەڵکشانە ئەمەی خوارەوەیە: نووسینێکی مارکس و ئەنگلز کە ئەویش
مانیفێستی کۆمۆنیستە ،دادەنرێ بە دووەمین شاکاری هەموو سەردەم و
ڕۆژگارێ لە پڕفرۆشیی و گرنگییدا. لەم پەرتووکە زۆر بەناوبانگەی مارکس و
ئەنگلزدا باس لە ناکۆکی چینایەتی کراوە و وەک چەمکێکی بنەرەتی و کلیلی
ناوبراوە. یەکێک لە ڕستە زۆر بەناوبانگەکانی نێو مانیفێست دەڵێ:" بەو
پێیە ئەوەی بۆرژوازی بەرهەمی دێنێ لە سەرووی هەموویانەوە، گۆڕهەلکەنانی
خۆیەتی. ڕووخانی (بۆرژوازی) و سەرکەوتنی پرۆلیتاریا بە یەک ئەندازە
حەتمییە".
ئێستا گۆڕهەڵکەنانی سەرمایەداری لەژێر باری کاری تاقەت پڕوکێن و کرێئ
کەم و سەعات کاری زیاد دا دەناڵن ئەمەش پاش تێپەڕبوونی ١٦٤ ساڵ بەسەر
نووسینی مانیفێست و ناوبردنی کرێکاران (پرۆلیتاریا) بە گۆڕهەڵکەنانی
سەرمایەداری.
فەیلەسوفێکی مارکسیستی بە ناوی (جاک غانسیە) کە پرۆفیسۆرە لە زانکۆی
پاریس دەڵێ: باڵادەستی سەرمایەداری لە ئاستی جیهاندا دەگەڕێتەوە بۆ
بوونی حیزبی شیوعی چینی کە کرێکاری هەرزان بە نرخێکی کەمتر دەداتە
کۆمپانیا سەرمایەداریە غەیرە مەحەلیەکان و کرێکاران بێ بەش دەکات لە خۆ
ڕێکخراوکردن.
بەڵگەیەکی تر لەسەرهەڵکشانی مارکسیزم فرۆشی زیادی داس کەپیتاڵ (سەرمایە)کەی
مارکسە لە ٢٠٠٨ەوە لەوکاتەوە کە قەیرانی ئابووری سەرمایەداری ئەمریکا و
ئەوروپای گرتەوە. هەروەها فرۆشی کتێبی مانیفیستی کۆمۆنیست و پەرتووکی (گرۆندیسە)
کە وەک سەردێرەکانی ڕەخنەی ئابووری سیاسی وایە، ئەوانیش ڕوو لە
زیادبوونن. لەم دواییانەدا لەنێو (١٠) بیرمەند دا مارکس هەڵبژێردرا کە
وێنەکەی بخرێتەسەر ماستەرکارت (کە کارتێکی ئیعتبار/کرێدتە)ێکی نوێ ئەم
کارە لە لایەن بانکی سپارکاسی ئەڵمانیەوە لە (چێمنتز) ئەنجامدرا.
لە ئەلمانیای رۆژهەلات دا لەسالانی ١٩٥٣ تا ١٩٩٠ چێمنتز ناسرابوو بە -ستادی
کارل مارکس-بە پی ی ئامارێکی رۆیتەر لەوشوێنانەی کە سەر بە ئەڵمانیای
رۆژهەڵاتی پێشوو بوون لە ٥٢٪ی خەڵکی ناوچەکە لەوباوەڕەدان کە
بازاری ئازاد نەگونجاوە و وەڵامدەرەوەی پێداویستیەکانی خەڵک نیە.
دەگونجێ مارکس لە گۆرستانی های گەیت ی لەندەن نێژرابێ بەڵام لای
ئەڵمانیەکان کە تینووی -کریدت/ئیعتماد-ن هێشتا زیندووە. ئایا مارکس
قبووڵی دەکرد کە وێنەکەی بەکاربێت بۆ کرێدت کارت، کارتێک کە خەڵکی
هەرچی زیاتر پێ دەخاتە ژێر باری قەرزەوە وە چینێک نقومی قەرزبکات کە بە
گۆڕهەڵکەنانی بۆرژوازی لەقەڵەمیان دەدا. ئەمە ئەو جیهانە
سەرمایەداریەیە کە راستیەکان هەڵدەگێڕێتەوە تاکو گۆڕهەڵکەنانی ئەم
سیستەمە بکات بە گژی ڕەخنەگری سەرسەخت ی سەرمایەداری و کرێکاران بە
لاڕێ دابەرێ.
دوو دەیە پاش ڕووخانی دیواری بەرلین، ئەوە گاڵتەجاڕیی نییە کە وێنەی
مارکس لەسەر ماستەرکارت چاپ بکرێ بۆ ناوزڕانی ئەو کە تاسەرئێسقان دژ بە
سەرمایەداری بوە و تەواوی ژیانی تەرخانکردوە بۆ نووسینی کاپیتال کە
نوسراوێکی ڕەخنەگرانەیە لە بنەماکانی سیستەمی سەرمایەداری.
غانسیە دەڵێ: بۆرژوازی بۆ داماڵینی چەکی دوژمنانی، فێربووە لە
قەیرانەکانیدا کایەک دەکات کە ئەویش کایەی حەقدەستی
بەهرەلێگیراوە.بەڵام ئێمە نابێ بیرۆکەی زەرورەتی مێژوویی
پێچەوانەبکەینەوە و بگەینە ئەوبەرئەنجامەی کە وەزع و بارودۆخی ئێستا
هەتا هەتاییە. چونکە گۆر هەڵکەنان هێشتا لێرەن. بەشێوەی کرێکارانی
خاوەن هەلومەرجی لەرزۆک و ناهەمیشەیی وەک کرێکارانێک کە لەڕادەبەدەر
بەهرەیان لێگیراوە وەک کارگەکانی ڕۆژهەڵاتی دوور.
حکومەتەکان دەیانەوێ قەیرانەکانیان بەسەر جەماوەری خەڵک دا بسەپێنن،
بەڵام ناڕەزایەتیەکانی یۆنان و ئیسپانیا و ووڵاتانی تری ئەوروپی پیشانی
ئەدات کە ئیرادەیەک هەیە ناهێڵێ ئەوەی حکومەتەکان دەیانەوێ لەژێر ناوی
جیاجیا دا بۆیان بچێتەسەر. تێری ئیگلتن، پرۆفیسۆری ئەدەبیاتی ئینگلیزی
ساڵی ڕابردوو کتێبێکی دەرکردبە ناوی "بۆچی مارکس ڕاست بوو" ، ئەمەش
نموونەیەکی تری بەرەو مارکسیزم چوونە.
بەڵگەی تریش هەیە کە لای لاوانیش هێشتا مارکسیزم ڕێگەچارەیە بۆ نموونە
(بلاک وێڵ پاڵ) کە تەمەنی ٢٢ ساڵە و کە لیسانسی تەواوکردوە لە دراما و
ئەدەبیاتی ئینگلیزی لەزانکۆی گۆڵدسمس لە بەریتانیا لای ئەم مارکسیزم
گونجاوە و ئومێدەوارە کە ئەم میتۆدە ببینێت وەک ڕێبازێک بۆ تێگەیشتنی
ئەوەی کە ئێستا ڕوودەدات. بلاک وێڵ لەوباوەڕەدایە کە ئەوەی لە میسردا
ڕوودەدات بێ وێنەیە لەبەرئەوەی زۆر لەو کڵێشانەی کە قابیلی باسکردنیش
نەبوون تێک شکێنران بۆ نموونە: گوایە شۆڕش تەنیا ڕووداوێکە و هیچ شتێکی
تر نیە دەرکەوت کە وانیە و ئەوەی لە میسر ئەبینرێ ئەوەیە کە شۆڕش تەنها
ڕووداوێک نیە بەڵکو پڕۆسەیەکی بەردەوامە و لەخاڵێکدا ناوەستێ و کۆتایی
پێ نایەت.هەروەها گرنگی ڕێکخراوبوونی سەلماند. لاوان گرنگی نادەن بە
تەداعی بوونی (ئەسۆسییەیشن) مارکسیزم بە ستالینیزم و لەوباوەڕەدان کە
چیدی پەیوەستکردنی ستالینیزم بە سوسیالیزم و کۆمۆنیزم بڕ ناکات و خەڵک
لەو وەهمە رزگاریان بووە و دەزانن چیتر پرۆپاگەندەی بۆرژوازی بە
شوبهاندنی سۆسیالیزم بە نازیزم و شۆڤینیزم و ستالینیزم ناتوانێ نەوەی
نوێ لە خشتەبەرێت. ئۆون جۆنز کە تەمەنی ٢٧ ساڵە و لاوێکی چەپ و نووسەری
کتێبی (چاڤز: بە دێوکردنی چینی کرێکار) دەڵێ: شۆڕشێکی خوێنین روونادات
لە بەریتانیادا. بەڵام ئەمێد هەیە بۆ کۆمەڵگایەک لە لایەن کرێکارانەوە
و بۆ کرێکاران. جۆنز لەو باوەڕەدایە کە مارکس جگە لە ڕێ و ڕێگەی شۆڕشی
پڕ توندوتیژی باوەڕی بە ڕێگەی تریش هەیە بۆ کۆمەڵگای پاش سەرمایەداری (پۆست
کاپیتالیزم).
دووبارە ڕووتێکردنە نووسینەکانی مارکسیستە کلاسیکیەکان هۆکەی
دەگەڕێتەوە بۆ هەرچی زیاتر زەقبوونەوەی ناکۆکیە چینایەتیەکان لە تەواوی
دونیادا، هەروەک دەشزانرێ دژایەتی چینایەتی دادەنرێ بە بەردی بناغەی
شیکردنەوەی مارکس و ئەنگلز بۆ کۆمەڵگای سەرمایەداری هەر دژایەتی
چینایەتیەشە بۆتە هۆی گەڕانەوە بۆ مارکسیزم. چینایەتی و چەمکی چینایەتی
دووبارە مانای پەیداکردۆتەوە وە گەڕاوەتەوە بۆ واقعیەتی خۆی بەهۆی
قەیرانی ئابووری یەوە کە کاریگەری داناوە لەسەر ژیانی خەڵک بە شێوازی
جۆراوجۆر . بۆرژواکان و سیاسەتمەدارە بۆرژواکان دەڵێن: ئێمە هەموو
پێکەوەین لە مەدا و هەموومان لەناو یەک کەشتی داین. بەڵام ئەمە قسەیەکی
نەفرەت هێنەرو پووچە. چیدی ئەو قسە پڕوپووچانە ناچێتە گیرفانی هیچ
مرۆڤێکی سادە وە کە گوایە کۆمەڵگا چینایەتی نیە و تەنها پێکهاتووە
لەیەک چین ئەویش چینی مام ناوەندە، هەروەک لە نەوەدەکانی سەدەی پێشوودا
لە ئەوروپا ی ڕۆژئاوا بە تایبەت بەریتانیادا باسی لیوەدەکرا . ئۆون
جۆنز دەڵێ: ئەمە جەنگێکی کراوەی چینایەتیە. چەمکێک کە زۆر پتەو و
موحکەم و قایمە لە مارکسیزمدا ناکۆکی چینایەتیە. ئەوەی تێبینی دەکرێ
ئەوەیە کە لە زۆر وولاتی سەنعەتی گەورەدا ووردە ووردە کارگە و
مانیفاکتۆرەکان لەبەرچاونامێنن و ئەوروپا بەرەو ناسەنعەتی بوون دەچێ
ئەویش بەهۆی هەستانی بۆرژوازی بە کارێک لە دژ بە کرێکاران لە جەنگی
چینایەتیاندا ئەو کارەش بریتی یە لە گواستنەوەی سەنعەت و پیشەسازی و
چالاکی پیشەسازیان بۆ ووڵاتانێک کە حەقدەست تیا هەرزان و کرێکاران
زیاتر ڕام کراون لە کرێکارانی ئەوروپا. مارکسیزم ئەوەی فێری خەڵکی
دەکات بریتی یە لە شیکردنەوەی قەیرانە ئابووریەکانی سیستەمی
سەرمایەداری. بە پێ ی مارکس قەیرانی ئابووری کاتێک ڕوودەدات کە لە
ئابووری سەرمایەداری درزێک یا قلشتێک دروست دەبێت ئەویش کاتێک واقعیەت
دەگات بە سەرابی خۆبەرهەمهێنی پڕلە وەهمی پارە کە پارەی زیاتر بەرهەم
دێنێ. ئەم حاڵەتە کە پێشبینی کراوە لۆژیکی تیا نیە، ناتوانێ هەتاهەتایە
بەردەوام بێت . ڕیشەی ئەم قەیرانە بە ڕای مارکس ئەو کەلێنەیە کە
دەکەوێتە بەینی بەهای بەکارهێنان(قیمە استعمالیە) وبەهای ئاڵوگۆڕی
(قیمة تبادلیة) یەوە، لۆژیک و مەنتیقی بەهای ئاڵوگۆڕی ڕێ ی خۆی دەگرێ
بی گوێدانە پێداویستی واقیعی خەڵکانی واقیعی و ڕاستین.
هۆکاری سەرەکی ڕووتێکردنە مارکسیزم لەلایەن لاوانەوە بە تایبەت لە
ئەوروپادا ئەگەڕێتەوە بۆ لەپەل وپۆکەوتنی سۆسیال دیمۆکراسی و بێ سوودی
و کارکردی بەدی سیاسەتی تەقەشوف (ئۆستێریتی). ئایندە پەیوەستە بە
ئیرادەی ئینسانەکانەوە بۆ تیکۆشان هەروەک مارکس و ئەنگلز لە کۆتایی
مانیفێستی کۆمۆنیست دا دەڵێن: دەبالە شۆڕشێکی کۆمۆنیستیدا چینە
دەسەڵاتدارەکان بلەرزن، پرۆلیتاریا هیچی نیە کە لەدەستی بدا جگە لە
زنجیرەکانی ،بەلام جیهانێکیان هەیە کە بەدەستی بێنن.
_________________________
سەرچاوە:
رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی.
کانوونی یەکەمی
٢٠١٢
ماڵپەڕی سالار حەمەسەعید
|