١٤\٧\٢٠١٦
ئایا مەسعود
بارزانی ئەبێتە ئەمیری ئیمارەتی کوردستان.

ئهحمهد رهجهب
ئاشکرایە وڵاتانی کۆنەپەرست و دوواکەوتوو شۆڤەنستی دراوسێی کوردستان لە
مێژەوەو ئێستاشی لە گەڵدابێ دژایەتی کوردو کوردستانیان کردووەو
ئەیکەن و قەت بە بیری شاو سەرۆک و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە نەھاتووە
ئاورێک لەم دراوسێیە کە پێێ ئەوترێت کوردستان بدەنەوە.
سەرەرای وڵاتانی کۆنەپەرست و شۆڤەنیستی دراوسێی کوردستان: ئێران،
تورکیا، ئەردەن، عەرەبستانی سعودی و کوێت ھەندی لە وڵاتانی کەنداو وەک
دەستێکی دوژمنکارانەو دەرەکی ھاتوونەتە پێشەوە، وەک ئیمارات و قەتەر
گوایە دژایەتی تیرۆر ئەکەن و، لە رێی باری ئابووری و پرۆژەی وەبەرھێنان
کوردستان زیاتر ئاوەدان ئەکەنەوە بەڵام ئەمانەش ئەبنە ھاوتەریبی
وڵاتانی داگیرکەرو، ھەر ھەموویان چاویان لە ماشینەو لوشدانی سامانی
سرۆشتی ناوچەکانی کوردستانە.
ئەمریکا وەک زلھێزێکی جیھانی زووربەی شادەمارو جومگەکانی ژیانی خاوەن
دەسەڵاتی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بەدەستەوەیەو، رۆڵێکی چەپەڵ و
نامرۆڤانە ئەبینێت و، وەک داشی داما ئەیانجوڵێنێت و، جاروبار
کردەوەکانی جۆرێک لە گرژی و ئاڵۆزی لە گەڵ وڵاتانی یاوەری دروست ئەکات.
بەرپرسە باڵاکانی کوردستان بەشێوەی فەرمی ھاتووچۆی وڵاتانی دراوسێ
ئەکەن بەڵام ھەندی جار بە نھێنی بەشداری کۆبوونەوە گومانلێکراوەکان لە
ئەردەن و وڵاتانی کەنداو ئەکەن و چاویان ئەکەوێت بەو کەسانە کە لە
عێراق ھەڵاتوون و، پارەو دولاری زۆریان بردووەتە دەرەووو، نەخشە
دائەنێن بۆ کاری تیرۆریستی لە عێراق و، بۆ لەناوبردنی حکومەت و
نەیارەکانیان و، شایانی باسە ھەندێکیان کەناڵی تایبەتی ھەیە بۆ نموونە:
عەون حسەێن ئەلخشلوک کەناڵی (البغدادیە) و، سەعەد ئەلبەزاز کەناڵی (
الشرقیە ) و، خەمیس ئەلخنجر کەناڵی ( التغییر ) یان ھەیە ولەم
دوواییەدا باڵیۆزی ئەمریکا ( ستیوارت جونز ) - ١٠٠ - سەد ملیۆن دۆلاری
بەو کەسانە داوەو، بەناوی یارمەتی و، ستایشیانی کردووەو، وتوویەتی ئەم
کەناڵانە بوونەتە دەنگی ھاوڵاتی عێراقی.
ھەولێر بووەتە مەنزلگاو میوانخانەی کەسانی بەعسی و گومانلێکراو وەک:
عەون حسەێن ئەلخشلوک، خەمیس ئەلخنجر، ئوسامە ئەلنوجەیفی، حاتم عەلی
ئەلسلێمان، ئەحمەد حوسەێن ئەلدەباس، خەلێل ئەلتکریتی، خەزعەل ئەلجەمعی،
سەیف ئەلمەشھەدانی، عەبدولسەمەد ئەلغرێری، نەزوان ئەلکوبەیسی، غەنی
ئەلمەجھول، فەلاح ئەلنەقیب، لەیس ئەلتاڵبانی، محەمەد یاسین، محەمەد
ئەلمەفرەجی، مەحمود عەبدولعەزیز، عەبدولرەزاق ئەلشەمەری، غازی فەیسەڵ،
رافع ئەلروفاعی، ئەسیل ئەلنوجەیفی ورافع ئەلعیساوی و، سەرکرەکانی
تەریقەتی نەقشبەندی سەر بە عیزەت ئەلدوری و، ژمارەیەکی دیکەش و،
زووربەی ئەو ناوانە ئەندام و کادیرو وئەندامی سەرکردایەتی حزبی بەعسی
عەرەبین و، چڵکاوخۆرەکانی موخابەرات و ئەمنن و، دەستیان خوێناویە و،
جێی شەرمەزارین بۆ ھەرێم و حکومەتی کوردستان و، ئەمانە لە ھەولێر بە
تایبەت خێزانی ھەڵاتووی ترسنۆک حارس ئەلزاری و، عەلی حاتم ئەلسلێمان
خانوو بازارو موڵیان ھەیە و، بە دزیی و گەندەڵی و کوشتن تاوانبارن و
ھەڵاتوون..
لە ھەولێر تاقمیک بە نیازن ( سوپای ئازادی عێراق) وەک ئەوەی لە سوریا
ھەیەو پرە لە تیرۆریست بە ناوی: سوپای ئازاد کە لەلایەن ئەنجومەنی
بەدناوی ئیستەنبول بەرێوە ئەبرێت دامەزرێنن و، ئەوانەی بەم کارە
سەرقاڵن ژمارەیەک لە سەرکردەکانی لیواو فرقەو فەیلەقەکانی سوپاکەی
سەدام حوسەێنن وەک: مانع رەشید، تالع ئەلدوری و مزھر ئەلموتنی و، ھەر
ھەموویان لە ھەولێر نیشتەجێن و، لەلایەن وڵاتانی توندرەوی کەنداو
عەرەبستانی سعودی خەرجیان زامن ئەکرێت.
شاراوە نییە ھەرێم و حکومەتی کوردستان پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان لە گەڵ
رژێمی تورکیای شۆڤەنیست ھەیەو، لە تەموزی ساڵی ٢٠١٥ تا ئێستاو، بە
فەرمانی رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆمار سوپای تورکیا ئوپراسیۆن لە
دووای ئۆپراسیۆن دژ بە کوردو کوردستانیانی باکور بەرێوە ئەبات و،
تاوانی جینوسایدو قەلاچۆکردن ئەنجامئەدەن و، ماڵەکانیان وێران و خاپور
کراون و، سامانیان بە تاڵان بردووەو، بوونەتە کۆچبەرو زێدی باوباپیران
لێیان زەوتکراوەو، سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە شانوباڵی
ئەردۆگان و جزبەکەی بە ناو "" دادو گەشە پێدان "" ھەڵئەدەن و، ناتوانن
ئەو تاوانانە دەرحەق بە کوردانی باکور کراو ئەکرێن ریسوا بکەن.
لەو بارودۆخەداو، باری قەیرانی بودجەو موچەو، شەری نکریس و چەپەڵی
دەوڵەتی ئیسلامی - داعش - و، بەرنگاربوونەوەیان لە گەڵ ھێزەکانی
پێشمەرگە، جێی سەرسورمانە وڵاتی قەتەر پرۆژەیەکی نھێنی بەناو: چارەسەری
پرسی کورد لە باکووری کوردستان بخاتەروو، باس لە تێکچوونی
پەیوەندییەکانی نێوان کوردو تورک بکات، کە بە ( رەگەزێکی تێکچوونی
سیاسی و کۆمەڵایەتی دەوڵەتی تورکیا ) ناوی ئەبات و، ئەڵێت ئەو وڵاتە
ئەکەوێتە رکابەرییەکی ناوخۆیی کە (ئەزموونە سیاسییەکەی بروخێنێ).
دەسەڵاتدارانی تورکیا ھەرچەندە گۆڕانکاریی لە سیاسەتەکانیاندا بکەن،
کێشەی کورد لەو وڵاتە بەردەوامە و، ھەمیشە ( تۆوێکی) ترسناکە، کە
ئەتوانرێ لێیەوە پرۆژەی رووبەڕووبوونەوە بەرھەم بھێنرێت.
لە پرۆژەکە نووسراوە: قەتەر، دوور لە راگەیاندن و بە ھاوئاھەنگیی لەگەڵ
تورکیا ژوورێکی گفتوگۆ لە نێوان کورد و تورک دروست بکات و رێکبکەون
لەسەر سەروەریی تورکیا و مافی ( برا کوردەکان)، وەک نەتەوەیەکی وڵات
ھاووڵاتییەک و، بەردەوامبوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو کوردانەی
ھاوبیری مەسعود بارزانین، لە تورکیادا، بۆ دۆزینەوەی ھەلێک بۆ
گفتوگۆیەکی سیاسیی مێژوویی لە نێوان نەتەوەکانی تورکیا.
پرۆژەکەی قەتەر ئەڵێت : گرنگترین شت بۆ سیاسەت و کۆمەڵگەی کوردی
دوورکەوتنەوەیە لە { بیری مارکسی} ، دیارە وڵاتانی کۆنەپەرست و
دوواکەوتوو رقیان لە بیری پیرۆزی مارکسییەو، ئەگەر بۆ پشتگیری رژێمی
تورکیای خوێنرێژ نەبێت، قەتەر پرۆژە ناخاتەروو.
قەتەر دیسانەوە پرۆژەیەکی دیکەی بە ناوی (پرۆژەی قەتەر) کە لە
میدیاکانی ئەم وڵاتەدا بڵاوکراوەتەوە پێشکەش ئەکات بۆ کۆتاییھێنان بە
قەیرانی تورکیا، کە بە ھەماھەنگی لەگەڵ عەرەبستانی سعودی و، بە
راوێژکردن لە گەڵ تورکیاو ھەرێمی کوردستان کراوەو، مەسعود بارزانی
بڕبڕەی پشتی سەرکەوتنی پرۆژەکەیەو، ئەردۆگان لە کێشەی کورد رزگار ئەکات
و، درێژیش ئەبێتەوە بۆ پێشگرتن بە بەرفراوانخوازییەکانی ئێران لە عێراق.
لە پێناوی سەرکەوتنی پرۆژە چەپەڵەکەی قەتەرو عەربستانی سعودی مەسعود
بارزانی بەشداری لەم پرۆژەیەدا ئەکات و مەرجەکانی سعودیە و تورکیا و
قەتەر قەبوڵ ئەکات، کە ئەم سێ وڵاتە قایل بوون بە دامەزراندنی (
میرنشینێک) لە ھەرێمی کوردستان بە تەنھا، چونکە پرۆژەی کوردستانی گەورە
لە دژی بەرژەوەندی وڵاتانی ناوچەکەیە، بۆیە ئەو لایەنە کوردییانەی
بەشداری ئەم پرۆژەیە ئەکەن،ئەبێت دژی سەربەخۆیی کوردستانی گەورە بن و،
ئەبێت سەربەخۆییەکە کورتبکرێتەوە تەنھا لە ھەرێمی کوردستاندابێت و،
ئەشتبێت ئەم ھەرێمە دژایەتی بەشەکانی دیکەی کوردستان بکات و، جەخت
لەسەر پرۆژەکەی قەتەریش کراەوەتەوەو، بەشێوەی ئاشکرا بارزانی پێش چەند
مانگێک رایگەیاند، کە بڕوای بە سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان ھەیە بە
تەنھا، نەک تەواوی پارچەکانی دیکەی کوردستان.
لەم چوارچێوەیەدا دووپاتکراوەتەوەو، ئەبێت بارزانی بەشداری پرۆسەی
کۆتاییھێنان بە پەکەکە و ھەدەپە بکات و، کار بکات بۆ پشتیوانی ئەو
حیزبانەی دژایەتی پەکەکە ئەکەن لە باکوری کوردستان، ھەروەھا حیزبەکەی
بارزانی (پارتی دیموکراتی کوردستان) لە چەندین بواری کۆمەڵگای
مەدەنییەوە دەست بکات بە چالاکی لە باکوری کوردستان، سەرباری کەناڵی
رووداو، کە بە روونی پشتیوانی لەم پرۆژەیە دەکات.
دژایەتیکردنی ئێران یەکێک لە مەرجەکانی دیکەی قەتەر و عەرەبستانی سعودی
و تورکیایە بۆ بارزانی و، ئەبێت، بارزانی کۆنترۆڵی پارێزگای سلێمانی
نێزیک لە ئێران بکات و لەبەرامبەردا قەتەر و سعودییە توانای ماڵی و
سەربازی پێویست ئەدەنە بارزانی، ھەروەھا ئەم وڵاتانە قایل بوون بە
ئەنجامدانی راپرسی لە ھەرێمی کوردستان، بە جۆرێک جیابوونەوە لە عێراق،
بۆیە رەنگە بارزانی راپرسی دوا بخات لەپێناو تێگەیشتن لە نیەتی
راستەقینەی قەتەر و سعودییە و تورکیا.
ئەم سێ وڵاتە دڵنیان کە ئێران دژی راپرسی ھەرێم ئەوەستێتەوە، ئەمە
ئەبێت بەھۆکاری ھەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان ھەرێم و ئێران و، بەمەش ھەرێم
ئەبێتە یەمەنی دووەم و، ئەگوازرێتەوە بۆ پاسەوانی سعودییەو قەتەر و
تورکیا و شەڕی بە وەکالەتی ئەوان لەگەڵ ئێران و عێراقی شیعی.
بە رووانین لە پرۆژەی قەتەر و سعوییە و تورکیا ھەرێم وێران ئەبێت، بۆیە
لە سەر کوردستانە، کە پێش چونە بواری جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە، پێشی پێ
بگرن.
وردە وردە پیلانی عەرەبستانی سعودی و قەتەر لەسەر کوردەکان بە ھاوبەشی
لە گەڵ چەند لایەنێکی کوردی دەر ئەکەوێت، ئەو پلانەش تێوەگلانی ھەرێمی
کوردستانە لە شەڕ دژ بە ئێران، ئەم پلانانەش لە ژێر ناوی ( گەردەلولی
ئیرادە) ی سعوودی بەھاوبەشی لەگەڵ چەند دەوڵەتێکی عەرەبی سونی و تورکیا
بەڕێوە ئەچێت.
قەتەر پڕۆژەیەکی راگەیاندووە بۆ لەناوبردنی شۆڕشی کورد لە تورکیا و
سووریا، بۆ ئەو مەبەستە بارزانی وەک بەدیل خراوەتەڕوو، تاکوو جێگەی
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و حزبەکەی دەمیرتاش پڕبکاتەوەو،
مەبەست ھەدەپەیە، کە لەم دواییەدا، تورکیا زنجیرەیەک رێوشوێنی
گرتۆتەبەر بۆ بەندکردنی ھەموو سەرکردەکانی ئەو پارتە، ئەمەش بۆ ئەوە
ئەکرێت، تاکوو کار ئاسانی بکرێت بۆ جێبەجێ کردنی پلانەکە.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە : ئایا بارزانی ئەبێتە ئەمیری ئیمارەتی کوردستان؟
ئەگەر وەڵام بەڵێ بێت، دڵمان خۆش ناکات و، خیانەتێکی نیشتمانی گەورەیە
تەنھا دڵی ئیخوانەکان و عەلی قەرەداغی ئەمینداری رابیتەی موسڵمانانی
جیھان و، کەسانی وەک خۆی خۆش ئەکات، بۆیە پێویستە کوردی عێراق لە
خەباتی خۆی بەردەوام بێت و نەبێتە بەشێک لەو جەمسەرگیرییە تائیفیەی کە
تەنیا وێرانکاری و ماڵوێرانی لێ ئەئەکەوێتەوە و شەڕ لە نێوان ئێران و
ھەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندی ھیچ لایەکیاندا نییە.
١٠\٧\٢٠١٦
ماڵپهڕی ئهحمهد رهجهب
|