١١\٨\٢٠٢٠
ئایا مردن بە کۆرۆنا لاوازیی جەستەییە یان جیاوازییی کۆمەڵایەتی!

عەبدوڕەحمان محەمەد
لەو ووڵاتانەی کە دەزگاکانی ئامار و پلان دانان تیایاندا زانستی و
بڕواپێکراوە، کە ئەنجامگیریەکانیان لە سەر بناغەی داتا و ژمارەیە،
ڕۆژانە بە ووردی بە دوایی ھۆکار و ئەنجامەکانی ئەم پەتای کۆڤید١٩ وەن،
بزانن لە چ توێژو و چینێک، لە کام گەڕەک و ناوچەیەک، لە لەشی چ جۆرە
مرۆڤێکدا ، زیاتر ئەم پەتایە بڵاو دەبێتەوە و زیاتر تاکەکانی توووش
دەبن و ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەووە، بۆیە پێویستە ئێمەش تێگەیشتنمان ھەبێت
لە سەر ئەم پەتا تازەیە.
بۆیە، زۆربەی ھێزە ڕاستڕەوەکانی جیھان و تا مەزھەبیە باوەکانی کۆمەڵگای
ڕۆژھەلاتیش، ئەم پەتایە و کارکردەکانی دەبەستنەوە بە بایۆلۆجی یا
پێکھاتەیی جەستەیی مرۆڤەکانەوە، لە دەرئەنجامدا مرۆڤە تووشبووەکان
تاوانبار دەکەن کە نەیانتوانیووە تەندروستی خۆیان ڕاگرن و سیستەمی
بەرگریان لاوازە! یا جیاوازی پێکھاتەی نەژادی نێوان ئاسیایەکان و
ئەفریقیە ڕەش پێستەکان و ئەمەریکای باشوور! کە ئەمە درێژ کراوەی
ئایدۆلۆژیایی ڕەگەزپەرستیە کە دەیان کۆمپانیای زەبەلاح لە پشتیەوەتی و
دەیەوێت، بیر و ھۆشی ئینسانەکان لە ھۆکارە بنەڕەتیەکان دوور بخاتەوە و
چەواشەی بکات.
بۆیە ئەم کارە خورافی و بێ بنەمایانە دەبێت بخرێنە ژێر باس و
لێکۆڵینەوە و خەڵکی لێ ئاگادار بکرێتەووە و شەرمەزار بکرێن بۆ ئەم
بۆچونە نازانستیانە.
نموونەکان زۆرن، با لە کەرکووکەوە دەست پێ بکەین، چونکە ئاماری
تووشبوان زۆر زۆرە و بزووتنەوە ئیسلامیەکان بە تایبەتی سەلەفیەکان
چووەتە نێو زۆربەی خێزانەکانی ئەو شارەوە(بە تایبەتی خێزانە کرێکار و
زەحمەتکێشەکان) وشێوەیەک لە فەزایی تاڵیبانەکانی ئەفغانستانی بە سەر
ئەو شارەدا زاڵ کردووە! ئیتر جۆرێک لە بڕوانەبوون بە ڤایرۆس و مەرگێکی
دیاریکراوو کە کەس ناتوانێت یەک چرکە یا کاتژمێر پاشی بخا یا پێشی بخات
لە نێو خەڵکیدا بڵاووە ، گوێ لە ڕینمایی و ئامۆژگاریەکان کەمترە، کەسێک
دەڵێت:
ئەمڕۆ لە گەڕەکی پیشەسازی کەرکوک(حی الصناعە)، تەماشام کرد تەنکیەکی
ئاو دانراووە، پەرداخێکی بە سەرەوەیە، دوازدە ١٢ کەس ئاوی بەو پەرداخە
خواردەووە!؟ دەڵیت بە کابرایەکم گووت ئەوە نابێت، ناتەندروستە و تووشی
کۆرۆنا دەبن، نابێت بە یەک پەرداخ ئاو بخۆنەوە، دەڵێت کابرا گووتی،
مەترسە ، تەنھا بڕوات بە خوا و نێردراوەکانی و خزمەتکارانی مالی خودا
ھەبێت، تووشی کۆرۆنا نابیت!؟ دەڵێت منیش پێیم گوت: عەنتەرەی کوڕی
شەداد(یەکێک بوو لە شاعیرو فەرماندەکانی ئیسلام) ، ڕۆژێک گایەک بە
دواوەوەی بوو ڕای دەکرد لە ترسا، پێیان گوت تۆ عەنتەری چۆن دەترسیت لەو
گایە؟ دەڵێت عەنتەرە گوتی: کێشەکە ئەوەیە، ئەو گایە نازانێت عەنتەرەی
کوڕی شەداد کێیە! ئەمەش یەکێک لەو خاڵانەی کە زۆرێک لەو خەڵکانەی
کۆمەڵگای ئیسلامی، خۆی ناشارێتەوە و خۆی و ھەزارانی تر توش دەکات،
دوایی دەڵێن، کەسەکە خۆی فشاری خوێن و شەکرە و جگەرو پەنکریاسی تەوا و
نەبوو!؟
بە پیی ئامارەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا، زۆرێک لە ڕەش پێست و کەمایەتیە
نەتەوەکانی تر توووشی ئەم پەتایە بوون، کە زیاترن لە دانیشتوانە
ئەسڵیەکان یا سپی پێستەکان. بە پێی ئامارەکان، خەڵکی ڕەش پێست و کەمە
نەتەوایەتیەکان، کارە سەرەکیەکان دەکەن، ئەم کارانە ئەوانەن لە ھەندێک
کارگەی بنەڕەتین و نابێت بوەستن، یا کاری جێگەی پیرو پەکەوتەکان و
شۆفێری پاس و سیستەری نەخۆشخانەکانن، کە ناتوانن وەک کارەکانی
بەڕێوەبردن لە ماڵەوە لە سەر کۆمپیوتەر و بە ئۆنلاین کارەکانیان
ڕاپەڕێنن و تێکاڵاوییان زۆرە و زیاتر دوچاری تووسبوون دەبن بەم پەتایە.
خاڵێکی تری، ئەم خەڵکە کرێکار و زەحمەتکێشانە، زیاتر بە ھۆکارەکانی
گواستنەوەی گشتی ھاتووچۆ دەکەن و لە جێگا داخراوەکاندا زیاتر ئەم
ڤایرۆسە بڵاووە. یا بە گشتی گەڕەکە ھەژارنشینەکان، زیاتر قەرەباڵەغ و
تێکەڵاووە. بە پیی ئامارەکان لە بیست ٢٠ ڕەش پێست و کەمە
نەتوایەتیەکانی ئەوروپا، کەسێک توش دەبێت بەرامبەر تەنھا یەک لە سەد
کەس لە سپی پیستێک یا ھاووڵاتیە ئەسڵیەکان، ھەروەھا ئامارەکان تووشبوان
لە نێوو کۆمۆنیتی بەنگلادیشی و پاکستانیدا بە ڕادەیەک لە نێو
کۆمینیتیەکانی تردا کەمترە، ڕادەی ژنانی بەنگللادیشی لە نێو کرێکارە
سەرەکیاکاندا، کە دەبیت و حەتمیە بڕۆنە سەر کار لە ھەر مەترسیەکیشدا
بێت ٪٤٣ یە!
بۆیە ، ئەو قڵیشتە یا جیاوازیە کۆمەڵایەتیەی کۆمەڵگای بەشەریەت، کە
ئینسانەکانی بە سەر چین و توێژەکاندا دابەش کردووە، سەرچاوەی
نەھامەتیەکانی ھەموو کۆمەڵگایە، بە تایبەتی چینی کرێکارو زەحمەتکێشی
کۆمەڵگا، کە لە ھێزی دەست و بازووی زیاتر ھیچی تری نیە تا بە گەڕی بخات
بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی!، ئامارەکانی کوردستانی لای خۆمان ڕۆژانە
شاھیدی چەندین کردەوەی خۆکوژین و جیابوونەوەی ھاوسەرەکانن و ھەڵھاتنی
لاوانن!
بۆیە، توشبوانی کۆرۆنا، یا کۆڤید١٩، ئەو خەڵکانەن، وەک دەڵێن( ئەگەر
ئاگریش ببارێت، دەبێت ھەر بچنە دەرەووە بۆ پەیداکردنی پارویەک،
لوقمەیەک، بۆ منداڵەکانیان، زارۆکەکانیان، بێچووەکانیان).
ئەگەر لەش و لارمان لاواز بێت و توشی بەدخۆراکی ھاتبێتین و کۆمەڵێک
نەخۆشیمان تیادا بێت، گەڕەکەکانمان زۆر قەرەباڵەغ بێت و ئەگەر چەند سەر
خێزان لە یەک خانوودا بژێین و ئەگەر نەتوانیی دووری یەک بین چونکە
ئێمەی زەحمەتکێش، ھەموو کاتێک پێویستمان بە یەکە، ئەگەر بۆ قەرزکردنی
مشتێک پارەش بێت، دەبێت ڕۆژانە یەکتر ببینین.
٩\٨\٢٠٢٠
ماڵپهڕی عهبدوڕهحمان
محهمهد
|