١٥\٨\٢٠٢٠
ئایا مستەفا کازمی
جێگای ئومێدە؟

زاھیر باھیر
ھەڵسەنگاندنی ئێستای کەسایەتی کازمیی و ھەڵپە و قسە و وتار و
کردەوەکانی بێ ڕەچاوکردنی ھاتنی ھەڵبژاردنی نوێ و پاشخانی کۆمەڵایەتیی
و سیاسیی و پێگەی ئەو لە حکومەت و ئاڵانی لە بارودۆخێکەوە کە لە
راستییدا یەکجار ئاڵۆز و ئەستەمە، کارێکە کە یەکلایەنانە حوکم بەسەر
ئەودا دەدین.
حوکمکردنی عێڕاق لە سەردەمێکی ئاوادا کە کۆمەڵی عێڕاقی و ئیدارەکەی و
بوونی حیزب و ڕێکخراوێکی زۆر و دەستتێوەردانی لە لایەن ئێران و
ئەمەریکا و ھەژموونی وڵاتانی دیکەش لەسەری، ھەر ئاوا کارێکی ئاسان
نییە. لە کاتێکدا کازمی نە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی، نە تائیفی، نە دینیی
بەھێز، نە حیزبیی ئاوای نییە و ھاوکاتیش خاوەنی ھیزێکی چەکداریی گەورەش
نییە. نەبوونی ئەمانەش ئەوەندەی دیکە ئەرک و گەیشتنی پەیامەکانی کازمی
یا بەدەستھێنانی ئامانجەکانی کازمی سەختتر دەکات.
گەر تەنھا کارایی حکومەتی ئاخوندەکانی ئێران و دەستتێوەردانیان لەسەر
عێراق بوایە، بۆ کازمی ئاسان بوو کە جۆرێک لە ڕێککەوتن لە سەر بناخەی
پرۆتۆکۆڵی نێوانی دوو وڵاتی دراوسێ، دوو دەوڵەتی جیاواز یا خود ھاوشێوە
و ھاوبەرژەوەند، جۆرێک لە ڕێکەوتن زامن بکات. بەڵام گرفتەکە زۆر لەمە
گەورەترە. ھەژموونی ئێران و داخوازییەکانی ئێران لەسەر حکومەتی عیراق
لە ڕێگای ڕاستەوخۆ و پەیوەندی نێوانی سەرانی دوو حکومەتەوە یاخود دوو
حیزبەوە نییە بەڵکو لە لایەن کۆمەڵێک حیزبەوەیە کە ھەر یەکەیان بە جیا
لەویتریان داخوازی و مەرجی خۆی لەسەر حکومەت ھەیە.
ئا لەم بارودۆخەدا کازمی ناتوانێت لەتەک سەدرییەکان، مالیکییەکان،
خەزعلییەکان، عامرییەکان، کەتائیبی حیزبوڵا و... تد ھەر ھەموویان بگاتە
سەرەنجامێک. ھۆکاری ئەمەش ئاشکرایە چونکە ئەو لایەنانەش نە لەناو
خۆیانا ڕێکن و نە بەرژەوەندی میللەتیشیان دەوێت.
کەواتە پرسەکە پرسی ھەڵبژاردنی کەسەکان نییە و سەرەنجامیشش بە گوێرەی
نیازباشیی و چالاکیی و پەیام و ویستەکانی ئەو کەسە نایەتەدی. ڕەنگە
کازمی لە زۆر ڕووەوە لە مالیکی و حەیدەری و عەبدولمەھدی باشتر بیت،
بەڵام ئەم باشییەی ئەم تەنھا دەچێتە قاڵبی حوکمڕانێکی خراپ کە چەند
جیاوازییەکی لە تەک حوکمڕانێکی خراپتر، ھەیە و دەبێت. گەر بە ڕونتر قسە
بکەم خەڵکی عێراق بە کوردیشەوە لە نێوانی دوو ھەڵبژاردەدان کە ئەویش
خراپ یا خراپتر.
لەو کاتەوەی کە عێراق وەکو دەوڵەت دامەزراوە، باوەڕ ناکەم ھەرگیز بە
بارودۆخێکی ئاوا ئاڵۆز و شیواو و " بێ خاوەن"دا، تێپەڕیبێت. عێراقی
سەردەمی سەدام حوسەین خراپ بوو، لە ھەندێک ڕووەوە زۆریش خراپ بوو،
بەڵام بەم ڕادەیەی ئێستا نەبوو کە ھەموو لایەک و ھەموو دەوڵەتێک و
ھەموو دەسگەیەکی سیخوڕیی ئا بەو ئازادییە تەراتێنی خۆیانی تیادابکەن.
لە سەردەمی سەدام-دا ھێزێکی چەکدار جگە لە ھێزی کوردی کە ئەویش بەو
لاوازییە، لە ئارادا نەبوو، ئیدارەیەکی دیکتاتۆر، سەرکوتکەر، بەڵام
پارێزەری خاک و " نیشتمان" بوو، ئاسایشی ناسیاسی ھەبوو، مووچە و کار و
یاخود بژێویی، ئاو کارەبا و گاز، تا ڕادەیەک ھەبوو، رێز و شکۆمەندیی و
دانەڕمانی کەسایەتیی تاکەکانی کۆمەڵ و خودی کۆمەڵ، ھەبوو، پەیوەندیی
کۆمەڵایەتیی، شتێک لە ویژدان مابوو... گەلێک شت مابوون، ئەوەی کە نەبوو
مافی سیاسیی و ئازادیی و نەبوونی دەربڕینی ڕا و بۆچوون و دروستکردنی
ڕێکخراو و پارتی دژ بە بەعس و ھەندێکی دیکە بوون، کە نەبوون.
لە ئێستادا ئەوانەی کە لە سەردەمی سەدام حوسەین، ھەبوون، ھیچیان نەماون،
بەڵکو سەربارێکی گەورەشی ھاتۆتە سەر کە ئەوەندەی دیکە عێراقی خراپ
کردووە. وەڵامی پرسیارەکەی سەرەوەم: ئایا کازمی وێڕای باشیی و
نیازباشیی خۆی، دەتوانێت بەشێکی زۆر لەو کەموکوڕییانەش بنەبڕ بکات،
چەند ڕیفۆرمێکی سەرەکی بکات؟ بە ڕای من زۆر زۆر ئەستەمە. پرسیارێکی تر:
ئایا دەبێت دەنگی بۆ بدەین؟ من وەکو خۆم باوەڕم بە ھیچ جۆرە
گۆڕانکارییەکی بناخەیی لەسەر دەستی کەسانی کارێزما و حیزبەکان و
کودەتای سەربازیی و کودەتای حیزبی و سیستەمی ھەڵبژاردن نییە. ھاوکاتیش
ناتوانم ئامۆژگاری دانیشتوانی عێراق بە کورد و عەرەب و تورکمانەوە بە
دەنگدان یا نەدانی دەنگ بکەم. بەڵام ڕاستییەک ھەیە کە گەلی عێراق
ئەزموونێکی دوور و درێژی حیزبایەتی و حوکمڕانی ھەیە، ھەر ئاواش
ئەزموونی ھاتنی کەسان و لایەنی جیاواز لە ساڵی ٢٠٠٥وە. ئەمانەش تا
ڕادەیەک ئەوەی سەلماندووە کە گۆڕانکارییەکان لە ڕێگای دەستاودەستکردنی
دەسەڵاتەوە نایەنە دی. ڕەنگە باشترین ڕێگا بۆیان بڕواکردنە سەر خۆیان و
سەندنەوەی ھەموو متمانەیەک لە سیاسییەکان و حیزبەکان دەسەڵاتخوازان و
وڵاتانی دەرودراوسێ و ئەمەریکا و دەوڵەتانی ڕۆژئاوایە. گەر بکرێت خۆیان
ھەوڵی خۆڕێکخستنی خۆیان بدەن و ھەموو کاروبارەکانی خۆیان بەکۆمەڵ بە
هەرەوەزییانە، بە هەماهەنگیی و ھاریکاری یەکدی بەڕیوەبەرن. ئەمە تاکە
بژاردە و تاکە چارەسەرە.
١٣\٨\٢٠٢٠
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|