په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٨\٢٠١٦

ئایا ئۆکسجینی چەپی کوردی یەکێتییە؟!

بەنگین پیرۆت    


زۆربەی حیزبە هاوبیرەکان چەپ و ئیسلامی، هاوبۆچونی یەکگرتنن هەروەک چۆن حیزبی ئایندە و حیزبی زەحمەتکێشان_ئاراستەی یەکگرتن، چونە ناو یەکێتیی.
داینەمۆی وشیاری سیاسی و نیشتمانی حیزبە، بۆیە حیزب لەژیانی خەباتی مەدەنی و بیری پێشکەوتنخوازی گرنگی خۆی هەیە، دەشێ کادیرێک وشیاری سیاسی و فکری، هانی بدات خەباتی مەدەنی و دیموکراسیانەی خۆی لە حیزبێکەوە بۆ حیزبێکی چالاکتر بگوازێتەوە، بەڵام مومارەسەی دیموکراسی، ڕێکخراوە مەدەنی و حیزبە دیموکراتخواز و بەتایبەتی چەپەکان دەبێ بمێنن و گەشە بەڕەوتی خەبات و وشیاری سیاسی تاک بدەن.


ئەگەر گریمانە بکەین کادیرە شیوعیەکان وەک {مامۆستا شوان حسن کادیری پێشکەوتوی حیزبی شیوعی لەم بارەیەوە لەواڵەکەی خۆی لەفەیسبوک پۆستێکی کردوە} بێنە ناو ڕیزەکانی یەکێتیی، نەک کۆی حیزب لەچەشنی حیزبی ئایندە، ئایا دۆخی چەپ ئەگەر حیزبی شیوعی بەدایکی چەپ لەقەڵەم بدرێ، لەئێستا و داهاتو، بەکوێ دەگات؟ ڕەنگە یەکێ بپرسێ حکومڕانی حیزبە چەپە عەلمانیەکان، نمونەی خەروارێکە {وەک یەکێتییەک ڕەخنەیەکی زۆرم لەسەر حکومڕانی و کاری حیزباتی یەکێتیی هەیە چ جای یەکگرتنی کۆی چەپەکان}.


شیوعی و یەکێتیی، یەک ڕوئیان لەڕوی تێڕوانیان بۆ دیموکراسی ومافی چارەنوس و ئازادی و هتد.. دوو دیدگای جیاواز و دوو چەپی جیاوازنیشن.


حیزبی شیوعی چەپێکی مارکسییە بەڵام لەجیهانی ژینگەی حیزباتی دابڕاوە وەک هەر حیزبێکی شیوعی سەرمایەداری قوتی داوە لەگێژاوێکی ئاڵۆزدایە. یەکێتییش لەبری حیزبێکی چەپی سۆسیال دیموکرات، کۆمپانیایەکی زەەلاحە.


ئەگەر حیزبی شیوعی و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەیەک سەرچاوەی مێژوویی و یەک تێزی نیشتمانیش بن، دوو ئارمانجی سیاسی لێکیان جیادەکاتەوە. بۆیە بەپێویستی دیموکراسی دەزانم حیزبە چەپەکان مومارسەی حیزبیانەی خۆیان بکەن، لەوەی بیر لەهاتنە ناو یەکێتیی و چونە ناو حیزبێکی تر بکەنەوە، خۆ ئەگەر هاتنیش بۆ ناو یەکێتیی، بەزەرورەتی هاوسەنگ ڕاگرتنی هێزی دەزانن لەئاست پارتی، یەکێتیی ماڵێکی گەورەیە جێگەی هەموانی تێدا دەبێتەوە، لەئێستاوە بەخێرهاتنتان دەکەین، مام گوتەنی سەرچاومان هاتن. بەڵام یەکگرتنی کۆی چەپەکان بەهێز بونی چەپ نیە، هێندەی خۆیان گوتەنی هاوسەنگیە بەرامبەر پارتی.


کام حیزبە چەپە جێ دەستی وشیاری فۆبیای فێندەمنتالیسمی گروهە توندڕەوە ئیسلامیەکانەوە دیارە؟ هێندە بوون بەبار بەسەر بودجەی وڵات چیتان بۆ باشکردنی گوزەرانی خەڵک کردوە؟ لەخۆتان پرسیوە بۆچی لەکوێ یەکێتیی و شیوعی و گۆڕان و پارتی و کۆمەنستێک هەبێ، ئیسلامی توندڕەوی لێیە؟


دەبێ لەمەو دوا یەکێتیی چی بکات؟ بەکورتی دەبێ یەکێتیی خوێندنگەی تێگەیشتن لەزمانی ژانی خەڵک بۆ خۆی و کادیرەکانی بکاتەوە چونکە پێگەی یەکێتیی پێویستی بەهێزی ژیری کاری کادیرانە هەیە و کۆتای بەژێرباری دۆگما بهێنێت. ئایا یەکێتیی یا کادیرە یەکێتییەکان پێویست دەکات بەخۆیاندا بچنەوە فێری ئەلف و بێی نوێگەری حیزباتی و سیاسەت بکرێن؟ بەڵێ پێویست دەکات، چونکە هاتنی کادیری حیزبەکان بۆ ناو یەکێتیی خوێنی تازەیە دەبێ یەکێتیی خۆی پێ نوێ بکاتەوە، کۆتای بەباڵادەستی هەندێک کەسی مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەند و مەکتەب و مەڵبەند و کۆمیتەکان بهێنێت کە لەباڵانسی وشیاری سیاسی و فکریان زیاترە لەگەڵ وشیاری خەباتی حیزباتی ئێستا ناگونجێت.


دەبێ یەکێتیی کۆنگرە بکات، بەدەسەڵاتی کەسانێکدا بچێتەوە، چیتر یەکێتیی بەکارنەهێنرێت، کە بەرژەوەندی خۆیان خستۆتە سەروی بەرژەوەندی خەڵک. دەبێ لەبری پۆست و سامان بەخشین و خەمخواردنی ئەم و ئەو، یەکێتیی، خەمەکانی خەڵک بەخەمی خۆی بزانێت.


حیزب کێیە و خەڵک کێیە؟ چی خەمی حیزبە چی خەمی خەڵکە؟ ئەرکی کادیر چیە و چۆن خەمی خەڵک خەمی سەرەکی خەباتی مەدەنیانەیە؟ ئەرکی ڕۆشنبیری کادیری ڕۆشنبیر و خاوەن ئەندێشەی ڕوون و جیهانبینی بۆ ژیانی حیزباتی چیە؟ تاچەند پێویستی گەشەکردنی حیزبە؟ زۆر پرسیاری تر دەبێ یەکێتیی بەڕۆحیەتی چەپ لەپاڵ هەنگاونان بەرەو ژیاری شارستانیەت و دیموکراتیزەکردنی ڕەوشی ئۆرگانە حیزبیەکان، بەئەرکی کادیرەکانی خۆی بزانێت. نەک ئەوەی ئێستا کە لە ئۆرگانە حیزبیەکانی، دەگوزرێت. بەدانیشتن و گوێ گرتن لەقسەی بەرپرسە حیزبیەکان، هەست بەقەیرانی گوێگرتن و دابڕانێکی قوڵ لە نێوان خەڵک و کادیرەکانی یەکێتییدا دەکرێ، لەڕوی فکری و جۆری گوزەران پانتایەکە فراوانترە، بەشێوەیەک هەریەکەیان لەسەر هەسارەیەک ژیان دەکات. دەبێ یەکێتیی بگەڕێتەوە بۆ "ئەمەت لەکوێ بو؟‌ نەک گەڕانەوە بۆ خەیاڵ پڵاوی ئۆلگاریشە خێڵەکیە کۆمەڵایەتیەکان کە وەک مۆرانە ئۆرگانە حیزبیەکان بنکۆڵ بکات.


دەبێ گەڕانەوە بۆ ناو خەڵک بەئەولەویەت بزانرێ، کە گەڕانەوەیە بۆ ماهیەتی یەکێتیی. هەندێک بەرپرسە حیزبیەکانی وا بیردەکەنەوە یەکێتیی بەملکەچ بونی بۆ ئیرادەی گەڵ زیان دەکات، ئەگەر ئەوانە لەناو خەڵک بونایە وا بیریان دەکردەوە؟


کادیرە دێرینەکانیش هێندەی ژیان و تەمەن ماندوی کردون لەوەیە حیزباتیش ماندوتری کردبن، چۆن دەکرێ فێری ژیانی جۆرە حیزباتیەک بکرێنەوە کە ناتوانن لەڕابردوو دابڕێن؟ بەبڕوای من یەکێتیی بژێوی ژیانیان دابین بکات لەژیانی حیزباتی دایانبڕێ دابڕانە لەڕابردوو دابڕانیشە لەدوێنێ و دابڕانیشە لەفرۆشتنەوەی خەبات. بۆیە چەند خوێن و نەوەی نوێ پێویستی حیزباتی ئەمڕۆیە هێندەش یەکێتیی پێویستی بەدابڕانی نەوەی دوێنێیە.


بەڕاشکاوی دەڵێم تا یەکێتیی لەسەر سپیەکان دانەبڕێ ناتوانێت سەر ڕەشەکان قبوڵ بکات. کێشە فکریەکان مۆرانەی کلۆر کردنی خەباتی نەوەی نوێیە، وەک چۆن بیری نوێ، بیری تازەیە، بیرکردنەوەی نەوەی ڕابردوش بیرکردنەوەیە لەوەی خەڵک و یەکێتیی دەبێ وەک ئەوان بیر بکەنەوە. دەستبەردار نەبون لەبیرکردنەوەی نەوەی دوێنێ، کودەتای فکری هەرەسەکە فراوانتر دەکات گورزێکە هەستانەوەی نەوەێ نوێ ئەستەمە، یەکێتیی زۆر لەو حیزبانە بچوکتر دەبێتەوە، کە ئێستا بەناوی یەکگرتنی چەپەکان، بەخەیاڵی سەردەمی بلوکی سوسیالستی بانگەشەی ئاوەدان کردنەوەی کۆنە کاول دەکەن.

 

ماڵپەڕی بەنگین پیرۆت

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک