٢٣\٧\٢٠١٢
ئایە
ئۆڵەمپیک خێر و
بەرەکەت بۆ دانیشتوانی لەندەن دەھێنێ، یا بۆ کۆمپانییە گەورەکان؟

زاھیر باھیر
دەسەڵات و سیاسییەکان لە بریتانیادا، لەو بڕیارانەی کە دەیدەن و
ھەمیشەش لە خزمەتی کۆمپانیا گەورەکان و بزنسمانە گەورەکاندایە، وەکو
ھەموو کاتێکی تریان وامان پێدەفرۆشنەوە کە ھەر ھەموویان بە سوودو
بەرژەوەندی دانیشتوانی بریتانی و بەتایبەتی خەڵکە ئاساییەکەی
دەگەڕێنەوە. ئێمەش ، لەبەر ئەوەی کە دەستەبژێری خۆمانن و ھێناوماننەتە
سەر کورسی دەسەڵات ، دەبێت متمانەیان پێبکەین و ئەوەی دەیڵێن بەڕاستی
بزانین. بێگومان بۆ ئەوەشی کە خەڵکی لێیان نەکەوێتە گومانەوە،
بڕیارەکانیان دەبێت بە پرۆسێسی غەڵبە غەڵب و چەلەحانێی ناو ھۆڵی
پەڕلەماندا، بڕوات، پێش ئەوەی ببنە بڕیارێک یاخود یاسایەک. لەولاشەوە
بەپشتی پرۆپاگەندەو زوڕنای میدیای لیبراڵ ، قرچەشکێنێکی باشی بیرو
ھۆشمانی بۆ دەکەن تاکو بە ئاسانی و بە ئاسایی قبوڵی ئەو بڕیارانە،
بکەین.
لە ساڵی ٢٠٠٥ وە ھەر کە لەندەن شانسی میواندارێتی یاری ئۆڵەمپیکی ٢٠١٢
ی بردەوە، ئیدی لە دوای ئەو کاتەوە باس ھەر باسی ئەوەیە کە چۆن
ئۆڵەمپیک وەرزشی خەڵکەو ھەلێکی زۆر باش ڕەخساوە بۆ بریتانیا بە گشتی و
بۆ لەندەن بە تایبەتی تاکو خەڵکەکەی لە نزیکەوە بەشداری و تەماشای
بکەن، ھەروەھا دەبێتە ھۆی ھێنانی خێرو بەرەکەتێکی زۆر بەخولقاندنی
کارو بوژانەوی ئابوری بریتانیا. ھەر باس باسی خۆئامادەکردن بووە بۆ ئەم
یارییانە تاکو وای نیشان بدەن کە ئەمان، لە ھەموو بوارەکاندا، لە چین
سەرکەوتوانە تر دەیبەن بەڕێوە، چ لە بواری پاراستنی ئاسایش ، لە
نیشاندانی ڕۆژی کردنەوەو کۆتاییھاتنی یارییەکان، لایەنی ھاتووچۆو لە
گەیشتنی یاریکەران و میدیاو تەماشاکەراندا و تا دەگاتە بەکارھێنانی
شوێن و شێوە خزمەتگوزارییەکان و گەلێکی تریش لەمانە.
بەڵام لە ھەقەتدا یارییەکان، پەیوەندییەکی زۆر کەمیان بە وەرزشەوە
ھەیەو لایەنێکی زۆر کەمیشیان سەبارەت بە وەرزشە، بەڵکو مەسەلەکە
مەسەلەی پارەیەو دروستکردنی پارەی زیاترو کاپیتاڵی زیاترە بۆ کۆمپانیا
زەبەلاحەکان و بزنسمانە گەورەکان. ھەر لەبەر ئەمەشە کە بە دەیەھا
کۆمپانیای گەورەی وەکو :Adidas, G4S, Nike,
Puma, McDonald, Dow Chemical, Coca-Cola, Cadbury, Heninken, Atos ،
,Visa Company, British Telecom, British Airways EDF, General
Electric جگە لە چەند کۆمانیایەکی گەورەی تریش کە تایبەتن لە
دروستکردنی بیناو بازاڕو ئوتێل و پارک و ڕیگاوبان و شوێنی تر، یارمەتی
مەرجدارانەی سەرگرتن و بەڕێوەبردنی ئۆڵەمپیک دەدەن.
ھەموو ئەم کۆمپانیانە سوودمەندن چ لەبارەی ھەرزانی ڕێکلامەوە کە لە
کەناڵە تەلەفزوێنیەکان بۆیان دەکەن، چ لە دەستکەوتنی ھێزی کاری بەلاشدا
کە خەڵکانێک بە خۆبەخشانە کاریان گرتۆتە ئەستۆ کە ژمارەیان تا ڕۆژی
١٢/٠٧/٢٠١٢ ٢٥٠٠ کەس بووە، کە ئەم ژمارەیە لە چوونە سەرەودایە، ئەمە
جگە لەو سوودو قازانجە ئاسساییەی کە خۆیان بۆ ناوەتەوە. کەچی ئەم
کۆمپانیانە بەدۆستی ئۆڵەمپیک و وەرزش و خەڵک ناوزەدە دەکرێن، کە لە
کاتێکدا زۆربەیان دەبێت سەرزەنشت و لۆمە بکرێن، بدرێنە دادگا بەرامبەر
بەو تاوانانەی کە لە ھەقی مرۆڤایەتی و کریکارەکانیاندا و تێکدانی
ژینگەو ھێنانی کارەسات بۆ خەڵکانی ناو کۆمۆنێتی ئەو شوێنانەی کە بارگەو
بنەیان لێھەڵداوە، دەیکەن، بەتایبەتی لەو وڵاتانەدا کە بەرەو گەشە
سەندن ھەنگاو دەنێن. ئەمە جگە لەوەی کە بە سەدەھاھەزار ، گەر ملیۆن
نەبێت، لە خەڵکانی گەنج و منداڵان، دووچاری قەڵەوی و جۆرەھا نەخۆشی
کوشندە بوون بەھۆی خواردن و خواردنەوەکانی ئەوانەوە.
من لێرەدا ھەر تەنھا ڕۆڵی کۆمپانیای نایک و ئەدیداس لە بەنگلادش،
دێنمەوە یادی خوێنەر ، کە ئەم دوو کۆمپانیایە بەشێکی زۆری بازاڕی
سپۆرتیان لە بریتانیادا کە بە ٤ ملیارد پاوەند خەمڵێنراوە ، داگیر
کردوە. ئەدیداس لە ١٥٪ و نایک لە ١٨٪
ئەم بازاڕەیان داگیر کردوە، ھەروەھا لە پشتی ٢٦ تیمی وەرزشەوەن کە
لەسەر ئاستی نەتەوەیین، کە لەوانە: بریتانیاو ئەڵمانیاو ئەمەریکاو
چینن.
ڕیکۆردی شوومی ئەم کۆمپانیانە لە شاردنەوەدا نییە، لە وڵاتێکی وەکو
بەنگلادشدا کە کارگەو کۆمپانیایان ھەیە کە لانی کەمی کرێ لە ڕۆژێکدا ٩٤
پێنسی بریتانییە ( یەک پاوەند = بە ١٠٠ پێنس) کەچی ئەدیداس تەنھا ٧٢
پێنس کرێ دەدات، ئەمە جگە لە ھەراسانکردنیان و لێدانیان و سوکایەتی
پێکردنیان و تەحەڕوشپێکردنی جنسی. کە ئەم مامەڵەیەی ئەدیداس ئەوەندە
کۆمۆن( شایع) بووە بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی گاردیانی بریتانی
٠٣/٠٣/٢٠١٢ کە چاوپیکەوتن لەگەڵ دوو بەش لە سێ بەشی کرێکارەکانیاندا
کراوە، نیشانی دەدات ھەر ھەموویان بە چەشنیک لە چەشنەکان سوکایەتییان
پێکراوە.
لەندەن و ئۆڵەمپیک یا لەندەن و زۆنی جەنگ:
کولفەی (تێچونی -
خەرجە) ئۆلۆمپیک بە ھەموویەوە لە سەرەتادا، لەلایەن
کاربەدەستانی ئەوکاتەی دەوڵەتەوە تەنھا بە ٢.٣٨ ملیارد پاوەند
خەمڵێنرا. لە ساڵی ٢٠١٠ سەرکەوت بۆ ٩.٣ ملیارد پاوەند ، لە سەرەتای
٢٠١١ وتیان بە ١٠ ملیارد پاوەند تەواو دەکرێت. کەچی ئەمساڵ ئاشکرا بوو
کە لە ھەقەتدا ١٣ ملیارد پاوەند دەکەوەێت کە لەم پارەیەش لە ٩٨٪
(٩.٣ ملیارد پاوەند) باجدەری بریتانی دەیدات، تەنھا لە ٢٪ی
ئەم پارەیە لەلایەن کۆمپانییە گەورەکانەوە دەدرێت ئەویش بەو مەرجەی کە
ڕیکلامەیان لە میدیاداو لە شوێنە گشتییەکاندا بەخۆڕایی بێت و باج لەسەر
کۆمپانیەکانیان ئەوەی کە ھی خودی بریتانیا خۆیەتی، کەمبکرێتەوە
ئەوانەشیان کە نیشتمانی دایکیان، وڵاتانی ترە ، باجیان وەکو لەسەر
کۆمپنیاکانی خودی بریتانی، لەسەر حساب بکرێت، چونکە باج لەسەر
کۆمپانیا، لە بریتانیادا نزمە بە بەراورد لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی
ئەوروپیدا یا وڵاتانی سکەندناڤیدا. ڕۆژنامەی گاردیان دەری خست کە کە بە
ھەموویان بۆ ئەو ماوە کورتە ٦٠٠ ملیۆن پاوەند باجیان بۆ دەگەڕیتەوە،
واتە ٦٠٠ ملیۆن پاوەند لە ھەقی خۆیان کەمتر دەدەن.
نزیکەی ٢ ملیارد پاوەند تەنھا بۆ زامنکردنی ئاسایش لە ناوەوەو دەرەوەی
گێمەکان، تەرخان کراوە. ئا لەم پارەیە بۆ دروستکردنی پەرژینێکی
(سیاجێک) کارەبایی ١١ میلی بە دەوری شوێنی یارییەکاندا ٨٠ ملیۆن
پاوەندە، دانانی ٦ بنکەی موشەکی دژە تەیارە لەسەر ئەو ماڵانەی کە نزیکن
لە شوێنی یارییەکەوە، بەکارھێنانی ٥٥ تیمی سەگ ، ھێنانی گەورەترین
پاپۆڕی جەنگی HNS Ocean، کە لە ڕوباری تایمس کەنار بگرێت لەگەڵ ٤
فڕۆکەی جەنگی کە پێی دەڵێنJets Typhoon Fighter ئەمە جگە لە چاودێری
کردنی چەندەھا ھەلیکۆپتەری جەنگی و پۆلیسی لە ئاسمانەوەو قەدەغە کردنی
بەشێک لە ئاسمان لە فڕینی فڕۆکەی بێمۆڵەت. بەواتایەکی تر تەنھا فڕۆکە
جەنگییەکان و ھەلیکۆپتەرە میلیتەریەکان و پۆلیسییەکان، بەو بەشەی
ئاسماندا کە قەدەغە کراوە، دەتوانن بفڕن . بە کورتییەکی ١٣٥٠٠ سەرباز
، زۆر لەوە زیاتر کە لە ئەفغنستانن ، ١٠٠٠٠ پۆلیس ، ١٠ ھەزار گاردی تر
کەلەلایەن گەورەترین کۆمپانیای جیھانی زامنکردنی ئاسایشەوە بە ناوی
Group for Security کە بە G٤S ناسراوە و گرێبەستی ٢٨٤ ملوێن پاوەندیان
ھەیە بۆ دابینکردنی ١٣٥٠٠ گارد بۆ یارییەکە. . وا پێشبینی دەکرێت بە
ھێنانی بۆدیگاردو پاسەوانی تایبەتی لە لایەن سەرۆکی دەوڵەتەکانەوەو
پیاوە دەسەڵاتدارەکانەوە تەواوی ژمارەکە بچێتە ٤٢ ھەزار چەکدار ، بە
کورتییەکەی لەندەن دەبێتە زۆنی جەنگ لەبری مەڵبەندی وەرزش و ئۆڵەمپیکیش
مەترسی زیاتری تیرۆریزم لەسەر خەڵکی زیاد دەکات تاوەکو ئاشتی.
ھەر لەبەر ئەم مەترسییەش بوو کە دانیشتوانی یەکێک لەو تاوەرانەی
(Tower) کە ئەو مووشەکانەی لەسەر دانرابوو ، پاش ڕێکخستنی خۆیان
لە گروپێکدا، وەزارەتی بەرگری و شالیاری بەرگرییان بردە دادگا لەبەر
ئەوەی یەکەم: ھەبوونی ئەو موشەکانە لەوێ مەترسی ژیانیان بۆ دروست دەکات
بەھۆی ئەگەری زیاتری تیرۆریزمەوە، ھەروەھا ئاوەڵابوونیان بۆ مەبەستی
میلیتەری و سیخوڕی و چاودێریکردنیان، واتە زەوتکردنی ئازادی ھاتوو چۆو
ھەڵسوکەوتی خۆشیان و ئەوانەشی کە دێنییان دەکەن. داوی ئەوەیان دەکرد
لەکاتی سوور بوونی دەوڵەت و وەزارەتی بەرگری لەسەربەردەوامیدان بە
مانەوەی ئەم بنکەیە، ئەرکی دەوڵەتە کە سەرجەمی دانیشتوانی ئەو تاوەرە
یا بگوێزێتەوە بۆ خانوویەکی تر یاخود بخرێنە ئوتێلەوەو دەوڵەتیش
خەرجەکەی بدات. دووھەم: وەزارەتی بەرگری بەھیچ شێوەیەک ڕاوێژی لەگەڵ
دانیشتوانی تاوەرەکەدا، نەکردووە لە سەر ئەم مەسەلەیە ، بەڵکو دەرکەوت
کە بە نھێنی لەگەڵ شارەوانیدا کردویەتی، کە ئەمەش ھەقێکی یاسایی و
مرۆڤانەی خۆیانە.
لە ڕۆژی ١٠/٠٧/٢٠١٢ ، کە کەیسەکەیان لەلایەن دادگاوە بینرا، دۆڕاندیان.
دادگاو پارێزەری وەزارەتی بەرگری وتیان کە ھێزی سەربازی و پۆلیسی نە
لەکاتی ئاشتی و نە لەکاتی جەنگدا، زەروور نییە بۆیان کە پرس و ڕاوێژ
بە کەس بکەن ، دەتوانن لە ھەر شوێنێکدا بیانەوێت، ھەتا ناوماڵەکانیش
بێت، بنکەی خۆیان دانێن ، ھەقی ئەوەشیان ھەیە کە ھیچ قەرەبوویەکی
دانیشتوان، نەکەنەوە.
ئۆڵەمپیک و گرانکردنی باری ژیانی دانیشتوانی لەندەن:
واپێشبینی دەکرێت لە سەردەمی بەڕیوەچوونی یارییەکانی ئۆڵەمپیکدا ژمارەی
خەڵکی لەندەن بە ملیۆنێک زیاتر بچێتە سەرەوە بە ھاتنی ١٠٥٠٠ یاریکەر،
٢٨ ھەزار لە ھێزی میدیا، فرۆشتنی ٨.٨ ملیۆن بیتاقە، کە زۆربەی ئەم
بیتاقانە لەلایەن خەڵکانی وڵاتانی ترەوە یا خەڵکانێک کە بریتانین و
بەلام دانیشتوی لەندەن نین، کڕراون و ئامادەی تەماشاکردنی یارییەکان
دەبن.
لەندەن مەشوورە بە شارێکی جەنجاڵ و قەرەباڵغ، ئاووھەوا پیسی،
گرانییەکی بێوێنە ، پڕ لە گیروگرفت و تاوان. ئێستاش کە ملیۆنێک خەڵکی
تریشی بێتە سەر ھەڵبەتە سەنگ و قورسییەکی زیاتر دروست دەکات بە تایبەت
لە ھاتوو چۆو بەکارھێنانی ھۆیەکانی ھاتووچۆدا و کردنی تاوانی زیاتردا.
لە لەندەندا خەڵکێکی زۆر لە خەڵکانی زگورت و خانەوادە بێجێگاو ڕێگان.
پێشوەختی ئۆڵەمپیک، بەپێی ڕاپۆرتێکی گاردیانی ڕۆژی ١٩/٠٧/٢٠١٢ تێکڕای
دانیشتوانی بریتانی لە ٤٠٪ی داھاتیان بۆ کرێ
یا سلفەی عەقاری خانویان ، دەڕوات. لە نێو ٢٩ وڵاتی ئەوروپییدا تەنھا
دانیمارک و یۆنان پارەی زیاتر لە بریتانیا لە داھاتیان بۆ مەسەلەی
خانووبەرە دەڕوات. بێگومان ھاتنی ئۆڵەمپیکیش بەشدارییەکی گەورە دەکات
لە سەرخستنی کرێ ی خانوو ئەپارتمێنتەکاندا( شوقە) . لە ھەقەتدا ھەر لە
مانگی دوازدەی ساڵی پارەوە ئەم دیاردەیە دەرکەوتووەو بوەتە ھۆی ئەوەی
کە خاوەن موڵک و خانووەکان لە ڕۆژھەڵاتی لەندەن و شوێنە نزیکەکانی تری
ئۆڵەمپیک کرێی خانویان زۆر سەرخستوەوە، لە ھەندێک شوێندا خاوەن
خانووکان داوایان لە کرێچییەکانیان کردوە کە یا دەبێت ڕازی بن بە
سەرخستنی کرێکەیان یا دەبێت خانوەکانیان بۆ چۆڵ بکەن. ئەمەش وایکرد کە
گەلێک کرێچی لە خانوەکانیان دەربکرێن چونکە خاوەن خانوەکان دەتوانن و
یاساش لە پشتیانە کە خانوەکانیان بە پارەیەکی خەیاڵی بۆ ئەو ماوە کورتە
بدەنەوە بە کرێ بە خەڵکانێک کە لە دەرەوەی لەندەنەوە یا بریتانیاوە دێن
بۆ سەیری یارییەکان.
لە شەقامەکانی ناو لەندەن و دەوروبەری لەندەندا ١٠٩ میل دابڕاوە بۆ
بەکارھێنانیانی ئەو شەقام و لەینانە (Lane) تەنھا لەلایەن وەرزشکەران
و کەسوکاریان و(Very Important Person VIP)
بۆ گەیشتنیان بە شوێنی ئۆلەمپیکەکە، کە ٣٠ میلیان لە ناو جەرگەی لەندەن
دایە، بەکارھێنانی ئەم لەینانە لە ھەموو کەسێکی تر قەدەغەکراوە.
گیروگرفتی ھاتوچۆ گەورەترین گیروگرفتە لە لەندەن دا گەرچی پاسێکی زۆر
لە ئارادایە کە ڕۆژانە ٦ ملوێن خەڵک دەگوێزنەوە، شەمەندەفەری ژێر
زەمینیش زیاتر لە ٣ ملیوین خەڵک ڕۆژانە بەکاریان دەھێنن ئەمە بێ لە
شەمەندەفەرەکانی سەرزەوی و تەکسی و سەیارەی تایبەتی خەڵک . ھەر بەھۆی
ئەم قەرەباڵغییەی کە ھەیە، گەیشتنە شوێنێکی زۆر نزیک وەختێکی زۆر دەبات
، بێگومان لەمەولا ئەم کێشەیە خراپتر دەبێت نەک ھەر بەوەی کە
سەیارەیەکی زیاترو پاسێکی زیاتر لە سەر شەقامەکان دەبن، بەڵکو بەشێکی
جادەکان وەکو لەسەرەوە باسم کردن ، بۆ گەیشتنی ئەو خەڵکانەی لە سەرەوە
دەستنیشانم کردن، بۆ شوێنی یارییەکانو کاروباری ئۆڵەمپیک، بەکار
دەھێنرێت.
پیسبوونی ژینگە بەھۆی ھەبوونی کارخانەو کۆمپانیاو ئۆفیس و سەیارەو
پاس و لۆری و شەمەندەفەرو فڕۆکەی مەدەنی و جەنگی، پۆلیس، کە زۆرن ،
گیروگرفتێکی تری لەندەن و دانیشتوانی لەندەنە لەگەڵ دەنگ و غەوغایەکی
زۆردا. لە لەندەن و دەوروبەری لەندەن دا ٥ فڕۆکەخانەی ناوخۆو
نێودەوڵەتی ھەن، ھەرە گەورەکەیان Heathrow یە کە ھەموو نیو خولەکێک
یا فڕۆکەیەک دەنیشێتەوە یا یەکێک ھەڵدەستێ، ئەمە جگە لە فڕۆکەخانەکانی
تر،. بێگومان لە ڕۆژی ١٦/٠٧/٢٠١٢ وە ھاتن و فڕینی فڕۆکە زیاتر بووەو
ڕۆژ بەڕۆژیش تا کارەساتی ڕۆژی دەسپێکردنی ئۆلەمپیک و چەند ڕۆژێکیش دوای
تەواو بوونی، ھەر لە زیاد بووندا دەبێت، کە ئەمانەش دەبێتە پیسکردنی
زیاتری ژینگەی لەندەن و دەوروبەرەکەی.
گەرچی ڕەنگە ھەندێک بزنسی بچوک بۆ کاتێکی دیاریکراو کەمێک سوودمەند بن،
یاخود چەند ھەزار کارێک بە پارەیەکی کەم و لە ھەل و مەرجێکی سەختی
کارکردن و نەبوونی نقابەو نەبوونی مافی پارەی خانەنشینی ، بخولقێنێت،
بەڵام لە ڕاستیدا ھەتا مانگی نیسانی ئەمساڵ زیاتر لە ٣٠٠ بزنسی بچوک
بەھۆی ئەوەی کە زۆر نزیکن لە شوێنی ئۆڵەمپیکەوە، لە شوێنەکانی خۆیان
ھەڵکەنراون لەگەڵ ١٢٠٠ ماڵیش کە پێیان چۆڵکراوە تاکو خانوەکانیان
بڕوخێننرێن و بەکاریان بھێنن بۆ کاروبارو شوێنی یارییەکان. ئەمە جگە
لەوەی کە دروستکردنی پارکی ئۆڵەمپیک ٧٧٦ ملیۆن پاوەندی تێچوە ، بێگومان
دوای تەواوبوونی یارییەکانیش خەڵکانی ئاسایی ناتوانن ئەم پارکە بەکار
بھێنن ، چونکە ئەمیش بەشێکە لە ھەموو مومتەلەکاتەکانی ئۆڵەمپیک ، یا
بەھۆی ئۆڵەمپیکەوە، دروستکراون.
دانانی نوقتەی پاسەوان و سەیتەرەی زۆرو خستنە ژێرچاودێری کردنی خەڵک و
پرۆسێسی پشکنینی خەڵک و سەیارەو ھەراسانکردنیان بەردەومەو تاکۆتایی
یارییەکانیش ھەر بەردەوام دەبێت.
داگیرکردنی زەوییەکی زۆر کە پێشتر موڵکی کەس نەبووە و لەلایەن ھەموو
خەڵکەوە بەکار دەھێنران ، بۆ دروستکردنی شوێنی ئۆڵەمپیک و
پێداویستییەکانی تری لەگەڵ دروستکردنی ٣٠٠٠ خانوو فلاتی
(شوقە) گەلێک مۆدیرن بۆ وەرزشەوانەکان و ھاوسەرو کەسوکاری
نزیکیان، کە ناوی گوندی ئۆڵەمپیکی، لێنراوە. بێگومان لەکۆتایی
یارییەکاندا ئەم خانوو فلاتانە، بەھۆی گرانییانەوە، ناتوانرێت لەلایەن
خەڵکانی ئاساییەوە بەکار بھێبرێت یان بەکرێ بگیرێت . ھەر لە ئیستاوە
١٤٣٩ فلاتیان بە نرخی ٥٥٧ ملیۆن پاوەند بە کۆمپانیایەکی قەتەری ،
فرۆشراوە، کە باجدەری بەریتانی لەم ڕەدەڵ و بەدەڵەدا ٢٧٥ ملیۆن پاوەندی
زییان لێکەوتوە. ئەو خانوو فلاتانەشی کە ئەمێننەوە کرێ و نرخەکانیان بە
ڕادەیەک بەرز دەبێت کە لە توانای خەڵکانی ئاساییدا نابێت.
ھاندانی گیانی ناشیونالیستی و پیرۆزکردنی زیاتری سرودی نەتەوەیی و
نیشتمانیانە. ناساندنی بڕگەو یاسای نوێ لەپێدانی دەسەڵاتی زیاتر بە
پۆلیس و گاردەکانی پاراستنی ئاسایش لەکاتی دەرکەوتنی ھەر شتێکی بەناو "
شاز" یا کەسێک ، گروپێک، بە ھەڵە، بە نەشارەزایی ڕییان بکەوێتە ئەو
شوێنانەی کە لە خەڵکی قەدەغەکراون، دیسانەوە بەناوی "شکاندنی حورمەتی
یاسای ئاسایش" دەتوانن خەڵکی بە پشکنین و پرسیارو وەڵام و چاودێری
کردنی بەردەوامیان و ھەتا گرتنیشیان ، ھەراسان و بێزار بکەن. ھەر
سەرەتای ئەمساڵ بوو شالیاری ئۆڵەمپیک و وەرزش لە تەلەفزووێن و میدیادا
بێئابڕوانە داوای لە دراوسێ دەکرد کە سیخوڕییەتی بەسەر دراوسێوە بکات
لە کاتی بینینی مامەڵەیەک، یا ڕەفتارێکی " غەریبداا"
کاردانەوەی خەڵکی بریتانی لە بەرامبەر ئۆڵەمپیکدا:
گەرچی بە ملیارد پاوەند بۆ ئەم یارییە گەورەیە سەرف کراوە، بە ملیۆنیش
وتەو وتارو باس و خواسو ستایش و دیمانەو چاوپێکەوتن و حیکایەت و
یادوەری و زۆری تر لەمانە لە سەری، وتراوە و ڕیسراوە تاکو ھەم پاساوی
سەرفکردنی ئەو ھەموو پارەی پێبدەنەوە کە لە پێناوی بۆنەیەکی چەند
ھەفتەییدا سەرف کراوەو، کە چ کەسێک زیاتر لە کۆمپانییە گەورەکان سوودی
زۆری لێنابینێت، ھەم بۆ ستایش کردنی بریتانیاو سیاسییەکان و وروژاندنی
گیانی نەتەوەیی و نیشتمانی تاکو خەڵکانی ئاسایی کارەساتو
نەھامەتییەکانییان لەبیر بکەن کە بەھۆی ئەم قەیرانەوە، تووشی بوون، کە
سیاسییەکان و سەرجەمی لیبراڵەکان و کۆمپانییە گەورەکان و بانقەکان ،
بەرامبەر بەم قەیرانە لێپرسراوان. لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا ڕاپرسییەکان
کە لەڕێگای پۆڵەکانەوە کراوە دەری دەخەن کە خەڵکی ھیچ خۆشییەکی بەم
یارییانەدا ناچێت و بە گشتی لەگەڵیدا نین. بۆ نموونە پۆڵی یەکەم کە لە
کۆتایی مانگی پێشوو سەرەتای ئەم مانگەدا کرا ، لە نێوانی ئەوانەی کە
پرسیاریان لێکرابوو لە لەندەن دا لە ٤٩٪ و
لە دەرەوەی لەندەنیش لە ٥٣٪، لەگەڵیدا
نەبوون، تەنھا لە ٤٪ زۆر بە کوڵ و دڵەوە
لەگەڵیدابوون. لە ڕۆژانی ١٠/٠٧/٢٠١٢ دواتر، لە پۆڵی دووھەمدا کە BBC
لەسەر ئاستی بریتانیا ئەنجامی دا تەنھا لە ٣٦٪ی
ڕاپرسان لەگەڵیدان. لە ھەردوو پۆڵەکدا خەڵکی زۆر ناڕازییەو ئەوەی ڕەچاو
کردووە کە تەنھا کۆمپانیا گەورەکان سوودمەند دەبن.
لەھەمان کاتیشدا ھەر لە دەمێکەوەیە زیاتر لە ٣٠ گروپ و ڕێکخراو،
چالاکیەکانیان کردووە بە یەک و لەژێر ،, The Counter Olympics Network
(CON)
http://counterolympicsnetwork.wordpress.com خۆیان
ڕێکخستوە بۆ کردنی چالاکی جۆراو جۆر، ئێستاش بانگەشە بۆ خۆپیشاندانێکی
گەورە دەکەن بۆ ڕۆژی ٢٨/٠٧/٢٠١٢ . CON بڕوای
وایەو ڕایگەیاند " کە ئۆڵەمپیکی ٢٠١٢ لە سروشتەکەی خۆی وەرگێڕراوە بۆ
فیستیڤاڵی کۆمپانیا گەورەکانی جیھانی، کە بە ملیارد پاوند لە ئێمە
دەبەن تەنھا بۆ زیادکردنی قازانجی تایبەتییان، ئەمە لە کاتێکدا پیرەکان
و خەڵکانی کەمئەندام و نەخۆشەکان و بێکاران و گەنجان و لاوان و خەڵکانی
تریش سزا دەدرێن بۆ ئەو قەیرانەی کە بەشی دارایی و پیشەسازی
خولقاندویانە. ڕاوەستان و بێدەنگبوونمان بەرامبەر ئەمە، نیشانەی ڕازی
بوونمانە، کە لە ھەقەتدا ئێمە ئەمەمان ناوێت گەرتۆش بێزاری لە ھەموو
ئەمانە وەکو ئێمە ، وەرەو بەشداری ئەم خۆپیشاندانە بکە".
ئەم چەند ڕستەیەی کە CON دەیڵێت زۆر ڕاستە ، کە لە کاتێکدا بەو پارەیە
دەتوانرا قوتابخانە و خەستەخانەی زیاتر دروست بکرایەو بێکارانی
پێبخرایەتە ئیشەوە.
لەلایەکی تریشەوە دوو لە نقابە گەورەکانی بریتانیا کە یەکێکیان
نوێنەرایەتی کارمەندانی پشکنینی پەساپۆرت لە فڕۆکەخانەکانی بریتانیا و
لەاوانە فڕۆکەخانەی Heathrow و بەندەرەکان و سەر سنورەکان دەکات،
بڕیاری داوە ڕۆژی ٢٦/٠٧/٢٠١٢ مانبگرن دوای ئەوەش ھەتا ڕۆژی ٢٠/٠٨/٢٠١٢
ش (ئۆڤەر تایم)
نەکرێت بە مەبەستی دژی بەتایبەتکردنی کەرتەکەیان، زیادکردنی مووچەی
خانەنشینی و زیادی موووچەو دژی دەرکردنی کرێکاران. ھاوکاتیش بەشێک لە
شۆفێرەکانی شەمەندەفەرەکانی ھێڵی ئاسنینی بەستنەوەی لەندەن بە ھەندێک
شاری دەرەوەی لەندەن، بەکۆمەک دەنگیان داوە لە ڕۆژی ٠٦/٠٨/٢٠١٢ وە بۆ ٣
ڕۆژ مانبگرن بۆ ھەمان مەبەستی سەرەوە. ئەم دوو مانگرتنە، دەوڵەت و
دەسەڵاتی تۆقاندووەو شپرزە کردوە و کەوتوونەتە پڕۆپاگەندەیەکی زۆر دژی
ئەو دوو نقابەیە، چوونکە لە ھەقەتدا ئەم دوو مانگرنتە لەو کاتە ناسکەدا
شکستییەکی گەورە دەبێت ھەم بۆ دەوڵەت و ھەم بۆ ئۆڵەمپیکیش.
٢١\٧\٢٠١٢
- لەندەن
ماڵپهڕی
زاهیر باهیر
|