٩\٤\٢٠١٤
ئایا پەرەسەندن و
پێنانە کۆمەڵگەی مەدەنی
بە واتای
ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانیی ھاوڵاتییەکانێتی؟

زاھیر باھیر
یەکێک لە درۆ گەورەکانی دیکەی ڕامیارەکان و
فەرمانڕەوایان و ئابووریناسە لیبراڵەکان، دوای درۆی دیمۆکراسی
پەڕلەمانتاری و ھەڵبژاردن، درۆی پەرەوسەندن و گەشەکردن و پێشەوەچوونی
کۆمەڵگە و پێنانە ناو قۆناغی مەدەنییەت (سڤیلیبوون) لەتەک زیادبوونی
داھات و سامانی نەتەوەیی، گوایە خۆشگوزەرانی تاکەکانی یا
ھاووڵاتییەکانی بەدووی خۆیدا دێنێت.
بێگومان ئەمە بابەتێکە کە دەتوانرێت چەندین نووسینی لەسەر بنووسرێت و
مشتومڕێکی زۆری لەسەر بکرێت، بۆیە باسەکەی من ڕەنگە زیاتر ڕاکێشانی
سەرنجی خوێنەران بێت و ھەڵوێستەیەک بێت لەگەڵ تێڕاونینێک لە سەرتاپای
ئابووری و لێدوانێکی کورت بێت بۆ ئەو مەبەستەی سەرەوە و چەند تێڕامان و
پرسیاێکیش بەدووی خۆیدا ڕاکێشێت..
لەبەرئەوەی من لە بریتانیا دەژیم و ئەم وڵاتەش بە حەوتەمین دەوڵەتی
جیھان دەژمێررێت و سیستەمی سەرمایداری لێرە بە ھەبوونی تەواوی
ئامرازەکانی بەرھەمھێنان و دروستکردنی پارە و سامانێکی ھێجگار زۆر لە
ڕێگەی بەرھەمھێنانەوە، لەمێژە ھەواری خۆی ھەڵداوە ، لەبەرئەوە من
زیاتر ئەم وڵاتە دەکەمە نیشانە و بەڵگە و ئامارەکانیش لێرەوە زیاتر
سەرچاوە دەگرن.
نکوڵی لەو ڕاستییە ناکرێت، کە بریتانیای ئێستا لە ھێچ بوارێکدا نە
کۆمەڵایەتی و نە ڕامیاریی و نە ڕۆشنبیری و نە ئابووری و ھەتا لە ڕوی
کوڵتورییشەوە، بریتانیای ساڵانی پەنجاکان و شەستەکانی چەرخی ڕابووردوو
نییە. کەواتە ھەبوونی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیای نوێ و پێشەوچوونی ئەم
وڵاتە لە گەلێک ڕووەوە و کەڵەکەبوونی زیاتری سەرمایە و خۆگرتنەوەی ئەم
وڵاتە لە جەمسەربەندی چینایەتی (ئیستیقتابی چینایەتی)دا،بێبەش نییە.
ھەموو ئەمانەش لە ساڵانێکدا بوونەتە ھۆی زیادبوون و ھەڵکشانی سامانی
نەتەوەیی، یا وڵات، بەڕادەیەک کە لە چەند دەھەی ڕابوردوودا، ڕوودانی
ئەمانە لە لامان خەون و خەیاڵ بوون. لەگەڵ ھەموو ئەو پێشکەوتن و
پێشەوەچووونەشدا، کەچی نیشانەیەکی ئاشکرای نکۆڵیھەڵنەگری بۆ
کەمکردنەوەی کەلێنی نێوانی ھەژاران و دەوڵەمەندان و خۆشگوزەرانی
دانیشتووانەکانی، لە ئارادا نییە.
ئامارەکان ئەو ڕاستییەی سەرەوە، دەسەلمێنن . لە نێوەڕاستی ساڵی ١٩٦٠دا
ڕێژەی بێکاری لە ١٪ بووە لە نێوەڕاستی ساڵی ١٩٧٠ دا ئەم ڕێژەیە چووتە
سەرەوە بۆ لە ٢٪ . ھەر لە ساڵی ١٩٧٠دا ژمارەی ئەو گەنجانەی، کە لە
نێوان ١٦ تا ٣٠ ساڵ بوون و کرێی سەرکاریان لە خوار کرێی ئاساییەوە بووە،
ژمارەیان ١.٧ ملیۆن گەنج بوون، بەڵام ئەم ژمارەیە بۆ ھەمان توێژی نێو
کۆمەڵگە لە ساڵی ٢٠١٣دا سەرکەوت بۆ ٢.٤ ملیۆن کەس. لەگەڵ ئەمەشدا لە
٣٧٪ی ئەمانە بە کاری کاتی / ناجێگرەوە گیرساونەتەوە، کە ئەم ڕێژەیە لە
ساڵی ٢٠٠٧ دا لە ٢٧٪ بووە. ئەمە جگە لەوەش، کە لە ساڵی ١٩٧٠دا ڕێژەی
کەسانێک کە نیمەکارییان دەکرد لە ٣٠٪ بووە، بەڵام لە مانگی ئابی ساڵی
٢٠١٣دا ئەم ڕیژەیە سەرکەوت بۆ لە ٥٨٪ کە دەکاتە ٢.٩ ملیۆن کەس.
ئامارەکانی ڕۆژی ٣١/٠١/٢٠١٤ ئەوە نیشاندەدەن، کە بەرزبوونەوەی موچە لە
ساڵانی ھەفتاکان و ھەشتاکاندا بە ڕێژەی لە ٢.٩٪، لە نەوەدەکاندا بە
ڕێژەی لە ١.٥٪ و لە ساڵی ٢٠٠٠دا بە ڕێژەی ١.٢٪ بووە. لە ساڵی ٢٠١٠شەوە
بە ڕێژەی لە -٢.٢٪ ( ناقیس ٢.٢ ) دابەزیوە. ھەر ئەمەش ھۆیەکە لە
ھاتنەخوارەوەی ستانداردی ژیانی خەڵکی بۆ ئاستی ٥٠ ساڵ لەمەوبەر.
دیارە ئەم ئامارانەی سەرەوە جێی سەرسوڕمان نین، کە لە کاتێکدا دەبینین
لە ساڵی ١٩٧٩ دا لە ١٪ دەوڵەمەندەکان خاوەنی لە ٦٪ سامانی وڵات بوون.
لە ساڵی ٢٠٠٦دا ئەم ڕێژەیە ھەڵکشاوە بۆ لە ١٥٪ و ساڵی ٢٠١٣ داھات و
سامانی ھەمان توێژ بەرزبووەتەوە بۆ لە ٥٠٪ی سامانی وڵات. لەوەش
دڵتەزێنتر ڕاپۆرتێکی کۆمەڵەی خێریی ئۆکسفامی ڕۆژی ١٧/٠٣/٢٠١٤
سەلماندویەتی سامانی تەنیا ٥ خێزان لە بریتانیادا ٢٨.١ ملیار پاوەندە
زیاترە لە سامان و داھاتی لە ٢٠٪ دانیشتووانی ئەم وڵاتە کە ژمارەیان
١٢.٦ ملیۆن کەسە. ئەمە لە کاتێکدا کە لە ساڵی ١٩٩٧وە تاکو ئایاری ٢٠١٠
پارتی لەیبەر(کرێکاران) فەرمانڕەواییکردووە. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی
١٧/١٢/٢٠١٣ی Institute for Fiscal Studies ئەو کەسانەی کە ئێستا
تەمەنیان ٣٠ ساڵ و ٤٠ ساڵن، واتە لە ساڵانی ٧٠ و ٨٠ کاندا لە دایکبوون،
بەراورد بەوانەی کە تەمەنیان ٥٠ ساڵە یا لە سەروو ئەو تەمەنەوەن، لە
بارودۆخێکی زۆر سەختدا دەژین. لە لایەکی دیکەوە لە ساڵی ١٩٩٧ ژمارەی
گەنجانی تەمەن نێوان ١٨ تا ٢٤، کە نە کاریان ھەبووە و نە لە
ڕاھێنانیشدا بوون بۆ کار دەستکەوتن، ژمارەیان ٦٦٤.٠٠٠ بووە، ئەم
ژمارەیە لە ساڵی ٢٠١٠دا سەرکەوتووە بۆ ٩٢٠.٠٠٠ گەنج. لە ھەندێک شوێنی
ئەم وڵاتەدا ڕێژەی بێکاران کە کاری بەردەوامییان نییە، لە ٥٠٪ زیاترە.
لە ئێستادا ژمارەی ئەو ژنانەی لەسەر جۆرە کارێکن، کە کرێیان لە ٢٠ ساڵ
لەمەوبەر کەمترە، زیاترە. ژمارەی ژنانی تەمەن نێوان ١٨ تا ٢٤ ساڵ لە
شوێنەکانی سەر کاری وەکو ھوتێل و شوێنەکانی پاککردنەوەدا، لە مانگی
نۆڤەمبەری ٢٠١٣دا لە ڕێژەی لە ٧٪وە بۆ ڕێژەی لە ٢١٪ بەرزبووەتەوە. ئەمە
لە بەرامبەر گەنجانی ڕەگەزی نێرینەدا بۆ ھەمان تەمەن، لە ڕێژەی ١٤٪وە
بۆ لە ٢٥٪ بەرز بووەتەوە. بە پێی ڕاپۆرتی گاردیانی ٠٢/٠١/٢٠١٤ ژمارەی
ئەوانەشیان، کە کرێی سەر کاریان لە لایەنی کەمی کرێ، کەمتریان پێدەدرێت
٢٩٩.٠٠٠ کەسن. بەگوێرەی ئامارەکانی مانگی سێبتەمبەری ٢٠١٣ بڕی ساڵانەی
موچەی حەقیقی ( موچەیەک کە لەگەڵ بەرزبوونەوەی کەرەسەو پێداویستییەکانی
ژیانی ئێستادا بالانسێکی ھەبێت بە بەراورد بە پێشتر)، ١٥٠٠ پاوەندی
بریتانی لە ساڵی ٢٠١٠ کەمترە. لە ڕاپۆرتێکی دیکەی ھەمان ڕۆژنامە لە
ڕۆژی ٠٧/٠٢/٢٠١٤ ھاتوە کە لە ھەنووکەدا موچە بە بەراورد بە
بەرزبوونەوەی پێداویستییەکانی ژیان و ھەڵئاوسانی پارە ، لە ئاستی موچەی
ساڵی ٢٠٠٤دایە و بۆ ئەوەشی بگاتەوە بە ئاستی موچەی ساڵی٢٠٠٩، تا ساڵی
٢٠٢٠ دەخایەنێت. لە ھەمان کاتدا دوەڵەمەندەکان ساڵانە داھاتیان بە بڕی
٣٥ ملیار پاوەند، زیادیکردوە. لە لایەکی دیکەوە بەپێی دوا ڕاپۆرت کە
لە ٢٨/١٢/٢٠١٣دا بڵاوبووەتەوە ژمارەی ئەو کەسانەشی کە لەسەر دابەشکردن
و بەخشینەوەی خواردن (خواردنی خۆڕایی) دەژین ژمارەیان ٦٠٠.٠٠٠ کەسن.
ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی گاردیانی ١٥/٠١/٢١٤ پاش توێژینەوە و پرسیارکردن لە
٣٥ ھەزار کەس ئەوە دەسەلمێنێت، کە پێنجیەکی ئەو کەسانە بۆ دانی
کرێخانوو یا بۆ دانەوەی سلفەی عەقارەکەیان، پارەیان قەرزکردوە و لە ١٩٪شیان
لە ماوەی ١٢ مانگی ڕابوردوودا یا قەرزیانکردوە یا زیاد لە بڕی
دیاریکراوی ھەژماری بانکیان پارەیان خەرجکردووە.
ھەروەھا لە بارەی ژیانی منداڵانی ئەم وڵاتەوە، لە کاتێکدا ئەگەر باوک و
دایکیان، یا بەخێوکەرانیان، گوزەرانیان بەرەو خراپی ڕۆیشتبێت، بەبێ
گومان ئەو بارودۆخە لە سەر ژیانی منداڵەکانیشیان ڕەنگیداوەتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی نووسینگەی نەتەوەیی منداڵان، National Children’s
Bureau ڕۆژی ٢٥/٠٨/١٣ ژمارەی منداڵانێک کە لە برسێتیدا دەژین ٣.٦
ملیۆنە، کە ئەم ژمارەیە لە ساڵی ١٩٦٩ تەنھا ٢ ملیۆن بووە و لە ٦٣٪ ئەم
منداڵەنەش تەنھا یەکێک لە دایک و باوکیان یا ئەوەی کە بەخێویاندەکات،
کاری ھەیە. ( پێناسەی برسێتی منداڵێک بەوەکراوە گە لە ماڵێکدا بژی کە
داھاتی لە ژێر لە ٦٠٪ی بڕی داھاتی ئەو ساڵەوە بێت) . بەگوێرەی
ڕاپۆرتێکی دیکە کە ڕۆژی ١٣/٠٧ /١٣ لەلایەن سەرۆکی ڕێکخراو/ نێوەندی
بریتانی ١١٠٠٠، شارەزای تەندروستی منداڵان The Britain’s ١١٠٠٠
Specialist in Children Health بڵاوبووەوە، دەڵێت " ڕۆژانە ٥ منداڵ
گیانیان لەدەستدەدەن و ٢٠٠٠ی دیکەش تا دەگەنە تەمەنی ١٤ ساڵیی دەچنە
ڕیزی ئەوان" . ھەروھا ڕاپۆرتەکە دەڵێت " ژمارەی ئەو منداڵانەی کە
ساڵانە لە بریتانیا دەمرن، گەیشتۆتە ٦١٩٨ کە زۆربەی ئەم مردنانەش
دەتوانرا ڕێگە لە ڕوودانیان بگیردرایە.
ئەوە ئاشکرایە کاتێک ئابووری لە گەشەکردندا دەبێت، داھاتی نەتەوەیی یا
وڵاتیش لە ھەڵکشاندا دەبێت. لەم بارەدا ئاساییە کە بزنسمانەکان و
کۆمپانیاکانیش قازانجیان لە زیادبووندا بێت. بەڵام لە کاتێکدا کە بە
ھۆی قەیرانی ئابووریییەوە گەشەکردنی ئابووری تا ڕادەیەک دەوەستێت،
ئەمەش لەسەر گوزەرانی سەرجەمی تاکەکانی کۆمەڵگە و خێزانیان و
پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان، ڕەنگدەداتەوە، کەچی لە ھەمان کاتدا
پشکی بزنسمان (خاوەنکار) و کۆمپانییەکان، ھەر لە زیادبووندا دەبێت، بەو
ڕادەیەی کە سامانی ١٠٠٠ دەوڵەمەندەکەی بریتانیا، بەگوێرەی وتارێکی (شەمس
میلانی) ڕۆژنامەنووس و نووسەر، کە لە گاردیانی ٣٠/١٠/٢٠١٢، بڵاویکردەوە
لە ساڵی ٢٠٠٨وە، بە بڕی ١٥٥ ملیۆن پاوەند زیادیکردوە . لێرەدا خوێنەر
دەتوانێت بپرسێت، باشە لەو بار و دۆخەدا کە ئابووری لە قەیراندایە،
ئەمە چۆن ڕودەدات؟
وەکو لە سەرەتاشدا وتم، قسەی من لەسەر بریتانیایە کە ڕەنگە زۆر یان کەم،
دوور یا نزیک ھەمان کەتوار ڕووبەڕووی وڵاتانی وەکو ئەمریکا و وڵاتانی
خۆراوا، بووبێتەوە و لەوێش ھەمان شت بێت. من لێرەدا ھۆکارە
سەرەکییەکانی بۆ ئەمانەی خوارەوە دەگێڕمەوە:
یەکەم: بڕینی ھەندێک لە بیمەکان و کەمکردنەوەی ھەندێکی دیکەیان بوونەتە
ھۆی دانانی کاراییەکی زۆر لە سەر ژیانی خەڵکی و خانەوادەکانیان، لە
ھەمان کاتیشدا دابەزاندنی باج لەسەر دەوڵەمەندەکان و کۆمپانیا
زەبەلاحەکان و ڕێگادان بە گواستنەوەی سەرمایەکەیان بۆ وڵاتگەلێک، کە یا
ھەر باج لەسەر سەرمایەکانیان دانانێن یاخود بڕی باجەکە، پارەیەکی زۆر
کەمە. ئەمە جگە لەوەشی کە یاسای باج لەم وڵاتەدا، پڕە لە کون و کەلەبەر،
کە ئەوانیش بە ھۆی پارێزەر و ژمێریاری زۆر وریاوە، ئەو کەلێنانە بۆ
خۆڕزگارکردن لە دانی باج دەدەزۆنەوە.
دووھەم: بنەما و باوەڕی بزنسمان و کۆمپانییەکان، وەکو ھەمووان دەزانن،
دەستکەوتنی قازانجی زیاتر و کەڵەکردنی پارە یا سەرمایەی زیاترە، ھەر
لەبەرئەوەش باری ئابووری ھەر چۆن خراپ ببێت و ھۆکارەکەشی ھەرچی بێت،
ئەوان باجی ئەوە دەخەنە سەر کڕیار، واتە ھاووڵاتیان . بۆ نموونە
سەرخستنی نرخی سەرجەمی پێداویستییەکانی ژیان لە کڕینی نانێکەوە تا
بەنزین و کارەبا و گاز بە ڕێژەیەکی سەرسوڕھێنەر تا دەگاتە
بەرزبووونەوەی کرێخانوو، کە بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی شێڵتەر کرێخانوو بە بڕی
لە ٥٠٪ی داھات، لە لەندەندا، نرخەکەی بەرزبووەتەوە . پەروەردەکردنی
منداڵ و تێچون و خەرجی لە بەخێوکردن و گەوەرەکردنیاندا، بە بڕی لە ١٩٪
لە ساڵی ٢٠٠٨ و زیادیکردوە و بەتایبەت لە بواری خەرجی دایەنگە و باخچەی
منداڵان و کرێی دایەنی تایبەت و خویندنیاندا بەڕێژەی لە ٧٧٪ش لە دەھەی
ڕابوردووەوە بەرزبووەتەوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نێوەندی
متمانەی خێزان و منداڵان، Family and Children Trust ی ڕۆژی
١٨/٠٣/٢٠١٤، دوو منداڵی ٥ ساڵ و ٢ ساڵ بۆ ھەموو ڕۆژەکە، کە دایک و
باوکیان لەسەر کارن، خەرجی ئاگادارییکردنیان لەلایەن دایەنەوە لە
ساڵێکدا ١١٧٠٠ پاوەند لەسەر دایک و باوکەکە دەکەوێت.
تەنانەت کولفەی [خەرجی] مردنیش لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٨وە بە ڕێژەی لە ٢٠٪
زیادیکردووە. ژمارە و ڕێژەی خەڵکانی بێ جێگاو بێ خانوو بەرەش (بێسەرپەنا)
دیسانەوە سەرکەوتووە، دەوڵەتیش بۆ ئەوەی لە داگیرکردن و
دەستبەسەراگرتنی خانووە چۆڵەکاندا، ڕێگە لەو کەسانە بگرێت، ساڵی پار،
٢٠١٣، ئەو جۆرە کارەیان کردە نایاسایی و لەو کاتەوە بە " تاوان" کردن
ھەژماردەکرێت و سزاکەشی بەندیخانە و دانی غەرامەیە [دانی پارەیە].
ھەر بە ھۆی ئەم قەیرانە ئابوورییەوەیە، کە بە ملیۆن کرێکار و کارمەند
لەسەر کار دەرکراون و یا موچەکانیان کەمکراونەتەوە، دیسانەوە ئەمەش
بووەتە ھۆی ھێنانەخوارەوەی ستانداردی ژیانیان.
ئامارەکان ئەوە نیشاندەدەن کە ١.٢ ملیۆن لە کرێکاران لایەنی کەمی کرێ
وەردەگرن، کە ئەم لانی کەمەی کرێش بۆ تەمەن ٢١ ساڵ و سەروتر ٦.٣١
پاوەندە لە ساتێکدا( سەعاتێک)، ١.٤ ملیۆنی دیکەش تەنھا ٥٠ پێنس ( نیو
پاوەند) زیاتر لەوان وەردەگرن. لە ساڵی ٢٠١٣دا سێیەکی زیاتری گەنجانی
تەمەن نێوان ١٦ ساڵ بۆ ٣٠ ساڵ، کە بە ڕێژەی سەدی دەکاتە لە ٣٧٪ کاری
کاتییان / ناجێگیریان، وەرگرتوە . ٢ ملیۆن لەوانەی کە سەرپەرشتی/
ئاگاداریی پیر و پەککەوتووان دەکەن، لە ساتێکدا تەنھا ٥ پاوەند
وەردەگرن ئەمە لە کاتێکدا کە زۆربەیان ڕۆژانەکاریان لە ساتی ٧ی
بەیانییەوە دەستپێدەکات و تا ساتی ١٠ی شەو درێژەدەکێشێت و لە
ھەفتەیەکدا ٤٨ سات کاردەکەن. ٥ ملیۆنی دیکەش کرێیەک وەردەگرن، کە لە
ژێر کرێی خۆژیاندنەوەیە، لە لەندەندا بە ٨.٥٥ پاوەند و لە دەرەوەی
لەندەنیش ٧.٤٥ پاوەند بۆ ھەر ساتێک خەمڵێنراوە، لە ٢٧٪ ژنان و لە ١٦٪
پیاوان مووچەی خۆژیاندنیان پێنادرێت، واتە کەمتر لەو بڕە پارەیە،
وەردەگرن.
سێھەم: ھەر ئەم قەیرانە ئابوورییە ھەلێکی باشی داوەتە دەست کۆمپانیاکان
و خاوەنبزنسەکان تاکو کرێی کرێکاران کەمبکەنەوە، لە فول-تایمەوە (تەواوکات)
بیانکەن بە پارت-تایم (نیمەکات)، مافەکانیان کەمبکەنەوە، ھەل و مەرجی
سەرکاریان سەختر بکەن. گرێبەستەکانیان بۆ ماوەیەکی کورت (کاتیی) بن ،نەک
بۆ ھەمیشە، تا ئەو ڕادەیەی کە ھەندێک لە کۆمپانیا گەورەکان و
سوپەرمارکێتەکان بە ئاگەداری دەوڵەت، جۆرێک لە گرێبەست(یان) داھێناوە،
کە گوایە لە ھێنانەخوارەوەی ژمارەی بێکاراندا یارمەتی دەوڵەت دەدەن، کە
کۆنتراکتی بێماوەیی Zero-hours contracts پێیدەڵێن. ئا لەم
گرێبەستەدا کرێکاران ھیچ مافێکیان نییە و کەی خاوەنکار بیەوێت،
دەتوانێت دەریانبکات بەبێ قەرەبووکردن یاخود پێدانی پارەی چەند ڕۆژێکیش،
لەتەک ئەوەشدا دەشتوانێت ھەر کاتێک پێویستی بە ئەوان بێت تەنانەت لە
ڕۆژانی پشووشیاندا بۆ سەر کار بانگیانبکاتەوە، ھەر بەو شێوەیەش ئەو
کرێکارانە ناتوانن بە دڵنیاییەوە پلانی ھەفتەی داھاتوویاندابڕێژن.
ئەمانە ھەندێک لەو شوێنکارانەی بریتانیان، کە ئەو جۆرە گرێبەستانەیان
ھەیە : Sainsbury’s , Morrison, Marks & Spencer, Home base , B & Q,
Preta Manager, Tesco, Asda , Argos , Amazon , Sports Direct ,
McDonald, Burger king, JD Weathersooon , Buckingham Palace و زۆر
شوێنی دیکەش، بۆ نمونە ١٤٥ لە زانکۆ و کۆلیجەکانی بریتانیا ئەو جۆرە
گرێبەستەیان لەگەڵ کرێکار و کارمەندەکانیاندا ھەیە. ئامارەکان
نیشانیدەدەن، کە لە ١٧٪ی کرێکارانی کەرتە تایبەتییەکان و لە ٢٤٪ی
کرێکارانی کەرتە حکومییەکان و لە ٣٤٪ی کرێکارانی چێشتخانەکان و
ئاشپەزییەکان و مەیخانەکان و لە ٤٨٪ی کرێکارانی پەروەدە و فێرکردن و
لە ٢٧٪ی کرێکاران و کارمەندانی خەستەخانە و کلینیکەکان لەسەر بناخەی
ئەم جۆرە گرێبەستە بە خاوەنکارەکانیانەوە گرێدراون. جگە لەمەش زیاتر لە
٢ ساڵە، دەوڵەتی بریتانی پرۆژەیەکی دیکەی داھێناوە، کە ئەوانەی بێکارن
و لەسەر بیمەی بێکاریی دەژین، بەزۆر دەنێررێن بۆ ئەو شوێنانەی، کە
گرێبەستیان لەگەڵ دەوڵەتدا ھەبێت لەبەکارھێنانی ئەو پرۆژەیەدا. ئەو
کەسانەی کە دەنێردرێن وەکو کرێکارێکی فول-تایم (تەواوکار) کاردەکەن،
بەڵام بەتەنیا لە بەرامبەر بیمەی بێکارییەکەیان، کە بەمەش نەک تەنیا
کۆمپانیاکە، سۆپەر مارکێتەکە، یا باڕ و چێشتخانەکە، لە ٪١٠٠ ھێزی کاری
ئەو کەسە دەدزن، بەبێ ئەوەی یەک پاوەندیان پێبدەن، بەڵکو ھەر یەک لەو
کەسانە جێگەی کرێکارێکی تەواوکاری بەکرێ بۆ خاوەنکارەکە پڕدەکەنەوە،
واتە ڕۆژانەکاری بەخۆڕایی بەپێی ئەو گرێبەستە، لەولاشەوە ناوی ئەم
کەسانە لە لیستی بێکاراندا دەردەھێنرێت، ئەمەش دەچێتە خانەی
دەستکەوتەوە بۆ دەوڵەت، کە گوایە دەوڵەت کاری بۆ ئەم کەسانە دۆزیوەتەوە
و سوپاسگوزاری ئەو شوێنانەشە بۆ ئەو کۆمەکەی کە پێیدەکەن.
بێگومان ئەم بار و دۆخە خراپەی ئابووری زۆربەی خەڵک، ھەر لە بریتانیا
نییە، بەڵکو تەنانەت لە جیھاندا کە وەک ئامارەکان دەریدەخەن، ڕێژەی
بێکاری کە لە ساڵی ٢٠١٣ دا لە ٦٪ بووە ، لە مانگی جێنیوەری ٢٠١٤دا بۆ
٦.١٪ سەرکەوتووە. لە نێو گەنجاندیشدا لە ١٣.١٪ ڕێژەکەیەتی، ئەو ڕێژەیە
لە بریتانیا بە تەنھا ١٨.٦٪ . ئامارەکان ئەوە دەردەخەن، کە تەنھا ٨٥
کەس لەم جیھانەدا توانیوویانە کۆنترۆڵی ١.١ تریلۆن پاوەند بکەن، کە
بەرامبەرە بە داھاتی ساڵانەی ٣.٥ ملیار دانیشتووانی سەر زەمین. لە
١١.٩٪ی ھێزی کاری ئەم جیھانە داھاتی ڕۆژانەیان لە ١.٢٥ دۆلار یاخود
تەنھا ٧٥ سێنتی پاوەندێکە. ٨٣٩ ملیۆنی دیکەشیان داھاتی ڕۆژانەیان تەنھا
٢ دۆلارە، کە ئەم ژمارەیەش لە ساڵانی سەرەتای دووھەزاردا ٦٠٠ ملیۆن
کرێکار بووە. بەکارھێنانی توندوتیژیش بەرامبەر ژنان لە ٢٨ وڵاتە
ئەوروپییەکەدا، کە گوایە ئەمان لە دیمۆکراسی و مافی ژنان و لە
لێوانلێوی مەدەنییەتیشدا، لە لوتکەی وڵاتانی دیکەدان ، بەڕێژەی لە ٪٣٠
زیادیکردووە.
لە ئەمەریکا، وڵاتی یەکەمی جیھان، لە ١٥٪ی خەڵکەکەی کە بە ژمارە دەکاتە
٤٦.٥ ملیۆن کەس لە برسێتی و ھەژاریدا دەژین، کە ٥٠ ساڵ لەمەوپێش سەرۆکی
ئەو سەردەمەی ئەمەریکا، Lynon B Johnson کەوتە ھەڵمەتی نەھێشتنی برسێتی،
بەڵام لە ئێستادا ژمارەکە لەو کاتە زیاترە، چونکە برسێتی لە ئەمەریکا
لە ساڵی ١٩٧٣وە لە زیادبووندایە، ئەمەش لەبەرئەوەی خەڵکە ئاساییەکەی
داھاتی ساڵی ٢٠١٠ ی، لە ئاستی داھاتی ساڵی ١٩٦٤دا بووە . ١٠٢ ملیۆن کەس
کە لە تەمەنی کارکردندان، بێکارن، ئەم ژمارەیە بە ڕێژەی لە ٪٣٦ لە ساڵی
٢٠٠٠ وە چووەتە سەرەوە ، بڕی ماوەی نێوانی بێکاری خەڵکی و پێشتریان، لە
ئێستادا ، لە مانگی جێنیوەری ٢٠٠٩ وە نزیکەی دووقات زیادیکردووە لە
١٩.٦ ھەفتەوە بۆ ٣٧.١ ھەفتە . ٤٧ ملیۆن کەس لەسەر بیتاقەی خواردنن کە
بەرزترین ژمارەیە لەو کاتەوەی کە ئەم پڕۆگرامە لە ساڵی ١٩٦٩ وە دانراوە.
ئەمە جگە لەوەی کە ھەر بە تەنھا لە ئەم ساڵدا ١.٣ ملیۆن کەس تەنانەت
بیمەی بێکارییەکەیشیان، لەدەستداوە، سەرەڕای ئەوەش، نزیکەی ٤٠ ملیۆن
کەسیش لە خەڵکەکەی ھەتا پێش ھەڵبژاردنەوەی ئۆباما، توانانی
دەستڕاگەییشتنیان بە خەستەخانە و چارەسەری خۆرایی نەبووە، لە ئێشتاشدا
ئەمە کێشەیەکی گەورەیە لە نێوان دووباڵە لیبراڵەکدا، کۆمارییەکان و
دیمۆکراتییەکاندا.
لە ھیندوستان کە دەوڵەتی ئەو وڵاتە پاش ئەمەریکا، بۆ گرتنەوەی جێگەی
دەوڵەتی چین، ململانێی لەتەکدا دەکات، داھاتی زیاتر لە ٦٠٠ ملیۆن کەس
لە خەڵکەکەی لە ١ دۆلار لە ڕۆژێکدا تێناپەڕێت، ھەمو ساڵێک ٢ ملیۆن
منداڵ لە ژێر تەمەنی ٥ ساڵییەوە دەمرن، نیوەی ئەوانەشیان کە دەمێنننەوە
و لە قوتابخانەدان، بێبەشن لە خواردنێک کە بەھای بژێوی تیادابێت،
ساڵانە لە ٤٠٪ قوتابییەکانی قوتابخانە دەوڵەتییەکان، قوتابخانەکانیان
بەجێدەھێڵن. ساڵی ٢٠١٢ کە لەوێ کارەبا بڕا ٧٠٠ ملیۆن کەسی گرتەوە، کە
نیوەیان بەھۆی کەمیی بڕی ئەو کارەبایە کە ھەیان بوو، ھەستیان پێنەکرد.
زیاتر لە ٢٥٠.٠٠٠ خاوەنکێڵگە و کەسانێک کە لە کێڵگەکاندا کاردەکەن، لە
ساڵانی نەوەدەکانەوە تا ئێستا، لەبەر خراپیبوونی باری ژیانیان،
خۆکوژییان کردووە. ( ئەم ئامارانە لە وتارێکی جۆن پلجەی ڕۆژنامەنوس و
پەرتووکنووس و فیلم دەرھێنەرەوە ، کە لە ڕۆژی ٠٣/٠١/٢٠١٤دەدا، لە
ڕۆژنامەی گاردیانی بریتانیدا بڵاویکردەوە، وەرگیراون).
لە وڵاتێکی وەکو نایجیریا، کە بە وڵاتێکی خاوەن نەوت و وڵاتی دووھەم
دەوڵەمەندی ئەفەریقا ھەژماردەکرێت، لە ٧٠٪ دانیشتووانەکەی داھاتی
ڕۆژانەیان دۆلارێک و لە دۆلارێک کەمترە. ھەروەھا وڵاتانی وەکو یۆنان و
فەرەنسا و ئیسپانیا و ئیتالیا و پۆرتوگال و ئێرلەندە، ئەوەندەمان لەسەر
بیستوون، بێزاربووین.
لەگەڵ ھەموو ئەم ھەژاری و نەھامەتییانەی، کە خەڵکی لە سەرانسەری
جیھاندا تیایاندا دەژین، زۆربەی زۆری کۆمپانیا گەورەکان و بزنسامانە
گەورەکانی جیھان، پارەی زیاتریان کەڵەکە کردوە و سەراپای جیھان و
مرۆڤایەتییان، خراپتر قۆرخکردووە، ئەوەتا بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئۆکسفام،
کە لە مانگی جێنیوەری ئەم ساڵ، ٢٠١٤دا ، بڵابووەوە نیشانیدەدات، کە
داھاتی ٨٥ کەسە دەوڵەمەندەکەی جیھان ١.٢ تریلیۆن پاوەندە، ئەمە لە
کاتێکدا کە ئێمە لە قەیرانێکی ئابووریی قووڵدا دەژین.
ئا لێرەدا پرسیاری دووھەم دێتە پێشەوە، کە ئەویش ئەوەیە، ئایا ئەم
قەیرانە قەیرانی سەرمایەدارییە، قەیرانی بزنسمانە گەورەکان و کۆمپانیا
گەورەکانە یا خوود قەیرانی ئێمە؛ ژێرچەپۆکانی ئەوانە؟ بە چەند وشەیەکی
دیکە ئایا باجی ئەم قەیرانە ئەوان دەیدەن یا ئێمە دەیدەن؟!!
پاش تێڕوانینی وردی بارودۆخی ژیانی خەڵکی لەسای ئەم قەیرانانەدا، کە بە
بەردەوامی دێن و دەڕۆن بەتایبەت ئەمەی ئەم جارەیان، کە لە ساڵی ٢٠٠٨دا
دەستیپێکردووە و تا ئێستاش ھەر بەردەوامە، دوا پرسیار کە لەم وتارەدا
بەدووی خۆیدا ڕاماندەکیشێت، ئەویش ئەوەیە؛ ئایا قەیرانە ئابوورییەکان
دەبنە ھۆی ڕوودانی شۆڕش؟ بە واتایەکی دیکە برسێتی و ھەژاری زیاتر و بێ
جێگایی و بێ خانووبەرەیی (بێسەرپەنایی) و کەوتنە سەرجادەی ھەزارەھا
خێزان بە ھۆی نەداراییانەوە، لە دانی کرێخانوو و سلفەی عەقاری
خانووەکانیان و ھەڵکەندرانی ملیۆنەھای دیکەش لە شوێن و ڕێگەی خۆیان و
ڕاکردنیان و ئەم وڵات و ئەو وڵات کردنیان بۆ مشووری ژیان و گەلێکی تری
لەم نەھامەتیانە، کە دەرەنجامی ئەم قەیرانانەیە، ئایا بۆ ڕوودانی شۆڕش
بەسن؟ ئاخۆ قەیران بە تەنھا دەبێتە ھۆی کڵپەسەندنی شۆڕش؟ یاخود ڕادەی
ھەستکردنی خەڵکی بەو نەھامەتیانەی کە ڕووبەڕوویان دەبنەوە و ھوشیاری
تاکەکان و وازھێنان لە پاشکۆیەتی ڕامیارەکان و پارتەکانیان و
وانەوەرگرتن لە گرێنەدانەوەی ئومێد بە پرۆسەی ھەڵخەڵەتێنەرانەی
ھەڵبژاردن و دیمۆکراسی پەڕلەمانتاری و گۆڕانکاری کۆمەڵگەکان لە بنی
کۆمەڵگاوە، دەبێتە ھۆکاری شۆڕش؟
ھەڵبەتە ئامانجی من لە نووسینی ئەم وتارە و پێشنیارکردنی ئەم پرسیارانە
ئەوە نییە، کە وەڵامی ئامادە بە خوێنەر بدەمەوە، لەبەرئەوە من
وەڵامدانەوەی پرسیارەکان بۆ خودی خوێنەر بەجێدەھیڵم، تاوەکو بەخۆی
بیریان لێ بکاتەوە و بگاتە سەرەنجامێک.
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|