په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\١١\٢٠١٠

 ئایا "پەرلەمان"ی عێراق گرێکوێرەکەی کردەوە!؟


موحسین کەریم  


سەرەنجام دوای ٨ مانگ لە بنبەست، ئەوەی پێی دەوترێ پەرلەمانی عێراق، یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بەست بۆ بڕیاردان لەسەر پێکهێنانی حکومەت! مەسەلەی بنەڕەتی کەوەکو ئاکامی دانیشتنەکەی پەرلەمان راگەیەنرا ‌هەڵبژاردنەوەی تاڵەبانی بوو وەکو سەرۆک کۆمار کە ئەویش بە نۆرەی خۆی داوای لە نوری مالیکی کرد لەماوەی مانگێکدا کابینەی حکومەتەکەی بناسێنێ!


دوای ٨ مانگی رەبەق لە راکێشانی خەڵکی عێراق بۆ ناو گاڵتەجاری هەڵبژاردن و دەنگدان، تازە دوای ئەوەی کە سەرکردەی هێزە بۆرژوایەکانی عێراق لەسەر ئەوە رێدەکەون دەسەڵات لەنێوان خۆیاندا دابەش بکەن، ئەوسا یەکەم دانیشتنی پەرلەمان ساز دەدرێ! هەڵبەت رێکەوتنی نێوان ئەو لایەنانە رواڵەتی مەسەلەکە نیشان دەدا، دەنا لەپشتی ئەم رێکەوتنەوە مەسەلەو ئەجندەی سیاسی دیکە کاردەکات.


هەموو کەسێک ئاگاداری ئەوەیە کە چۆن لەماوەی رابردودا سەرانی ئەو هێزانە قاچێکیان لە ئێران و سوریەو یەکێکی تریان لەسعودیەو تورکیا بوو، یان کاربەدەستانی پایەبەرزی ئەمریکی و ئێرانی لەپەیوەند بە پێکهێنانی حکومەتەوە گەیشتنە عێراق و چەند پێشنیاری جۆراوجۆرکرا! ئەمە بێجگە لەوەی کە بەنهێنی و دوور لەچاوی راگەیاندنەوە، چەندجار کۆبونەوەو دانیشتنی ئەم سەرکردانەو لێپرسراوانی ئێرانی، ئەمریکی، سعودی و تورکی و.....تاد. کراوە. چەند هەزار تەلەفۆن لەنیوانیاندا کراوە. چەندجار دەزگای موخابەراتی ئەو وڵاتانەو سەرکردەکانی ئەو لایەنانە کۆبونەتەوەو چ پیلانێکیان چنیوە!؟ تەنانەت سەرکردەی ئەو لیست و لایەنانە خۆشیان ئەوە ناشارنەوە کە سەریان بەم دەوڵەت و بەو دەوڵەتەوە بەستۆتەوە و ئیعتراف بە دەوری سەرەکیی ئەمریکاو ئێران دەکەن لەمەسەلەی رەنگرێژکردنی دەسەڵاتی سیاسی داهاتوی عێراقدا!


ئەگەر سەرنجی مەرجەکانی ئەو لایەنانە بۆ بەستنی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت و کاردانەوە سەرەتاییەکانیان بدەین ئەوا بەرۆشنی ئاستی لەرزۆکی ئەو رێکەوتنەمان بۆ دەردەکەوێ.


دوای چەندرۆژ لە کۆبونەوەی سەرانی لیستە"براوەکان"، سەرەنجام رۆژی چوارشەممە ١٠/١١/٢٠١٠ لەسەر ئەوە رێدەکەون کە تاڵەبانی پۆستی سەرۆکی کۆماری بدرێتێ وەکو پاڵیوراوی لیستی کوردستانی، پۆستی سەرۆک وەزیران بۆ مالکی وەکو سەرۆکی لیستی دەوڵەتی یاسا و پاڵێوراوی لیستی هاوپەیمانی نیشتمانی(هێزەکانی ئیسلامی سیاسی شێعەو سەر بەئێران)، پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ لیستی عێراقیە و هەروەها دروستکرنی پۆستێک بۆ عەلاوی سەرۆکی لیستەکە، کە هاوشانی پۆستی سەرۆک وەزیران بێت بەناوی( ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ سیاساتی ستراتیژی)یەوە. بێگومان ئەم پۆستەی عەلاوی دەبێت بەیاسا پێک بێت و سەلاحیاتەکانی دیاری بکرێ.


بەڵام هەرلەو کۆبونەوەیەدا لەسەر پێشوپاشخستنی بەندەکانی کۆبونەوەی پەرلەمان دەبێتە هەرایان و عەلاوی و هاشمی کۆبونەوەکە جێدەهێڵن و تەنانەت عادل عبدولمەهدیش یەکێک لە سەرکردەکانی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی بەدوای ئەواندا کۆبونەوەکە جێدەهێڵێ- عەلاوی و سەرکردەکانی لیستەکەی پێداگرییان لەسەر ئەوەبووە کە بڕیاردان لەسەر پێکهێنانی( ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ سیاساتی ستراتیژی) و دیاریکردنی سەلاحیاتەکانی و هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دورخستنەوەی ٣ سەرکردەی لیستی عێراقیە لە پرۆسەی سیاسی کە بە بوونی پەیوەندی بە بەعسەوە تۆمەتبار دەکرێن، پێش بڕیاردان لەسەر هەڵبژرادنی سەرۆک کۆمار بکرێ- بەڵام ئەمریکا داوا لەعەلاوی دەکات بگەڕێتەوە بۆناو گفتوگۆکان!


لە کۆبونەوەی پەرلەمانیشدا کە ئێوارەی پێنجشەممە ١١/١١/٢٠١٠ بەسترا، ئوسامە نجێفی یەکێک لە سەرکردەکانی لیستەکەی عەلاوی وەکو سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا، بەڵام دوای ئەوەی پێشنیارەکەیان بۆ دەنگدان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دورخستنەوەی٣ سەرکردەکەیان لە وەرگرتنی پۆستی حکومی بەهۆی پەیوەندیان بە حیزبی بەعسەوە، لەلایەن ئەندامانی لیستەکانی ترەوە دەنگی پێنادرێ، خۆی و عەلاوی و ژمارەیەکی زۆری ئەندامانی لیستەکەیان هۆڵی پەرلەمان جێدێڵن! پاشان بەبێ بوونی ئەوان تاڵەبانی بۆ پۆستی سەرۆکی کۆمار دیاریدەکرێ. ئەویش مالکی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی وەزیران دەستنیشان دەکات، بەڵام هێشتا بە نوسراوی رەسمی داوای لە مالکی نەکردوە بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەتەکەی. بڕیارە دوای کۆتایی هاتنی پشووی"جەژنی قوربان" ئەو داوایە لە مالکی بکات کە ئەویش دەبێت لەماوەی مانگێکدا ئەندامانی کابینەکەی دیاریبکات. بێگومان دەتوانن ئەم ماوەیەش وەکو فرسەتێک بۆ بەکراوەهێشتنەوەی دەرگای ساتوسەوداکانیان لەسەر پۆستەکان لەگەڵ لیستی عێراقیەدا بەکاربێنن.


هەڵبەت دوای کشانەوەی لیستی عێراقیە لە کۆبونەوەی یەکەمی پەرلەمان، دەزگاکانی راگەیاندنی نزیکی پارتی لێدوانی قسەکەری لیستی سەدریەکانی بڵاوکردەوە کە گوایە مەسعود بارزانی و مالکی وەکو نوێنەرانی لیستەکانی کوردستانی و هاوپەیمانی نیشتمانی ئیمزای خۆیان لە رێکەوتنەکەیان لەگەڵ عەلاوی و لیستی عێراقیە وەرگرتۆتەوە، بەو بەڵگەیەی کە ئەوان وەفادار نەبوون بۆ رێکەوتنەکەو دەنگیان بە تاڵەبانی نەداوە بۆسەرۆک کۆمار! بەمجۆرە وا هاتەبەرچاو کە یەکەم گێمی یاریەکەی پەرلەمان دوای ٨ مانگ چاوەڕوانی بەقازانجی یاریزانەکانی سەر بەتیمی ئێران تەواوبووبێت! بەڵام دوای دوو رۆژێک لەبڵاوبونەوەی ئەو هەواڵە، مەسعود بارزانی بەردەوامبوونی خۆی لەسەر هێشتنەوەی ئیمزاکەی لە رێکەوتنامەکە راگەیاند. عەلاوییش داوای لێبوردنی لە تاڵەبانی کرد بەرامبەر بە جێهێشتنی پەرلەمان و دەنگ پێنەدانی و لیستی عێراقیەش بەشداری کۆبونەوەی دوەمی پەرلەمانی کرد !


بەهەرحاڵ، لەنیوان گێمی یەکەم و دوەمدا، دوو قۆناغ دەکرێ رەچاوبکرێ. یەکێکیان مانۆرەکانی تاڵەبانی و هاوپەیمانەکانیەتی تاکاتی بەرەسمی راسپاردنی پۆستی سەرۆکی حکومەت بە مالکی، کە دەکرێ لەو ماوەیەدا دانوسانەکانیان لەگەڵ لیستی عێراقیەدا بەسەرەنجام بگەیەنن و گلەییو توڕەبونەکانی ئەمریکاش لەخۆیان بڕەوێننەوە. قۆناغی دووەم دوای راسپاردنی رەسمی مالکی دێت بۆ ناساندنی کابینەکەی و یەک مانگە! ئەم دوو قۆناغە چارەنوسی هەموو یاریەکە دیاری دەکەن!

ئەگەرچی بەرەی براوە دەیەوێ لیستی عێراقیە بە پێشێلکاری رێکەوتنەکە تاوانباربکات تا لە پرۆسەی دانوسانەکاندا بیخاتە مەوقعیەتێکی لاوازەوە، بەتایبەتی کە وادەردەکەوێ گرێی پێکهاتنی حکومەت کەمەسەلەی بنەڕەتی بوو کراوەتەوە. بەڵام وەکو ئەوەی لەماوەی ٨ مانگی رابردودا دەرکەوتوە، دورخستنەوەی لیستی عێراقیەو عەلاوی لە پرۆسەی دابەشکردنی دەستکەوتەکان کارێکی ئاسان نیە. لیستی عێراقیە دەتوانێ گەمەکە بشێوێنێ! بۆیە سەرەڕای هەر بەندوبەستێکی تر کە رەنگە لەماوەی داهاتودا لەلایەن لایەنە ناکۆکەکانەوە ئەنجام بدرێ، بۆ لیستی عێراقیە ئەو ماوەیە وەکو پرۆسەیەکی تاقیکردنەوەی رادەی پابەندبوونی لایەنەکانی دیکە بە رێکەوتنامەکەوە تەماشا دەکرێ. ئەوان چاوەڕوانی ئەوە دەکەن کە ئایا لەماوەی داهاتودا لیستەکانی دیکە بەکردەوە هەنگاو دەنێن بۆ دامەزراندنی پۆستی( ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ سیاساتی ستراتیژی) بەسەڵاحیاتی تەنفیزی هاوتای سەڵاحیاتەکانی سەرۆک وەزیرانەوە کە بڕیارە عەلاوی سەرۆکی بێت! سەرەڕای پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ لیستی عێراقیە، لانی کەم چاوەروانی ئەوەن کە دوو وەزارەتی گرنگ و سیادیشیان پێبدرێت لەپاڵ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دوورخستنەوەی سەرکردەکانیان لە حکومەت و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لە ئاستی بەرێوەبەرە گشتیەکانەوە!

ئەگەر لیستەکانی دیکە ئەوانە جێبەجێ بکەن ئەوا لیستی عێراقیە بەشداری حکومەت دەکات و ئەوەی پێی دەڵێن"حکومەتی هاوبەشی نیشتمانی" پێکدێت. ئەمەش پارسەنگی ئەو لاسەنگیە دەکاتەوە کە لیستی عێراقیەو ئەمریکاو هاوپەیمانە ناوچەییەکانی لە یەکەم هەنگاوەکانی دابەشکردنی دەسەڵاتەکاندا روبەروی بوونەوە! لەغەیری ئەوەدا رێگایەک نامێنێتەوە بۆ عەلاوی و لیستەکەی بێجگە لەوەی کەیاریەکە لەوانی دیکە بشێوێنن. ئەمریکاش بەئاسانی مل بەوە نادات ئێران ئەو گۆڵەی لێبکات. نەک پشتیوانی تەواو لە عەلاوی دەکات بەڵکو فشارەکانیشی لەسەر یاریزانەکانی ناو تیمی ئەوبەر، لەبابەتی لیستی کوردستانی و هی دیکەش زیاد دەکات بۆ ئەوەی کە پرۆسەی پێکهاتنی کابینەی نوری مالیکی تەواو نەکرێ و ریسەکەی بکرێتەوە بە خوری!!

بەکورتی رۆژەکان و یەک مانگی داهاتوو ئەوە دیاریدەکات کە ئایا پەرلەمان توانیویەتی گرێکوێرەی هەشت مانگی رابردوو بکاتەوەو هودنەیەکی درێژماوەتری چوار ساڵی لەنێوان سەرکردەکانی جەنگدا پێکبهێنێ، یان دووبارە کێشمەکێشی خوێناوی لەنێوانیاندا دەست پێدەکاتەوە، کە باجەکەی هاولاتیانی مەدەنی عێراقی دەیدەن!؟ ئەوە پرۆسەیەکی دەستشکاندنەوەیە لەنێوان ئێران و ئەمریکادا کە هێشتا بەلای کەسیاندا نەشکاوەتەوە!
 

ماڵپهڕی موحسین کهریم