١٣\٧\٢٠١٨
ئایا راستە
وڵاتەکەتان و ''ئوممەت'' رووبەڕووی ''تەحەدییات''ی گەورە دەبنەوە؟

ئهحمهد رهجهب
لە پاش ھەلبژاردنەکانی تورکیا لە مانگی حوزەیران (یونی) ٢٠١٨ ھەندێ لە
بەرپرسانی حکومەتی ھەرێم و سەرۆک و ئەمینداری حزبە کوردستانییەکان
کەوتنە رکابەری یەکترو کێبرکێ بۆ ئەوەی دەستپێشخەر بن لە پیرۆزبایی
کردن لە سەرۆکی روورەش و تیرۆریست رەجەب تەیب ئەردۆگان کەتەرو وشکی
باکوری کوردستانی سووتاندو، دێھات و شارەکانی لە گەڵ زەویدا تەختکردو،
ھەر بە فەرمانی ئەو سوپاو جەندەرمەو ھێزە داپلۆسێنەرەکانی ھەواڵگیری
میت دەستیان کرد بە تێھەڵدان و گرتنی کوردان و زیندانکردنو کوشتنی
خەڵکی سڤیل بە کۆمەڵ.
بەڵێ. بە بەرچاوی دونیاوە ئەردۆگان تەرو وشکی پێکەوە سوتاندو، باکووری
کوردستانی کردە دۆزەخ و، ھێرشێکی سەربازی بەر بڵاوی کردە سەر گوندو
شارەکان و، دەیان ھەزار سڤیلی بێتاوان کوژران و، دەیان ھەزاری تر لە
سەر خاکی باوباپیرانیان دەربەدەرکران و، پەرلەمانەکەی دیکتاتۆر
ئەردۆگان دەستیانکرد بە لێسەندنەوەی پارێزبەندی لە پەرلەمانتارانی
کوردو، زوربەیان گیراون و لە زیندانەکان ژیان بە سەر ئەبەن.
قەت رۆژێک لە رۆژان رژێمێکی خوێنرێژو سەرکوتکەری خەڵکی سڤیل بێ تاوان
نابێت لە بیر بکەین، رژێمێک ھەموو کات بە ئاگرو ئاسن وەڵامی ھاوڵاتیان
و پرسەکانی کوردی داوەتەوەو، سەرەرای پێشێلکردنی تەواوی پرنسیپەکانی
مافەکانی مرۆڤ و، تەواوی یاساکانی رەچاوکراوی جیھانیی سەبارەت بە مافە
سەرەتاییەکانی مرۆڤ ژێر پێ خستووەو، کەس نەیتوانیوە بەرگری لە مافی
ھاوڵاتیبوونی خوێ بکات.
سوڵتانی رەگەزپەرست و تیرۆریست رەجەب تەیب ئەردۆگان بە پشتبەستن بە
حزبە دێزەکەی و، تاقمە تیرۆریستییەکان سەرەرای تاوانەکانی لە ناوخۆی
تورکیا پەل ئەھاوێژێت بۆ وڵاتانی ترو، تاوانی نوێ ئەنجام ئەدات وەک
گرتنی شارەکانی سوریاو، تاوانە قیزەوەنەکەی لە عەفرین و، وادیارە
بەوانەش ناوستیت لوتبەرزانە درێژە بە ھێرشکردن ئەدات و، رۆژانە بە تۆپ
وھەلیکۆپتەرو فرۆکەی جەنگی لە گوندو وشاروچکەو شاخەکانی کوردستان ئەدات
و، لەم دوایەدا سوپای خوێنرێژی تورکیا ھێرشیان کردە سەر باشوری
کوردستان، بەھەلیکۆپتەر سەربازیان لە ناو خاکی باشوری کوردستان لە گەڵ
چەکی قورس و کەرەستەی سەربازییان دابەزاند.
تورکیا بە ئاشکراو لە سەر زاری رەجەب تەیب ئەردۆگان وبیناڵی یەلدرەم و
بەرپرسە باڵاکان ئەڵێن ھەموو مافێکمان ھەیە بۆ ھێرشکردن و، بیانووکەیان
لێدانی گرێلاو قەندیلە و، لەوەشدا وەک پیشەی ھەمیشەییان درۆزنن چونکە
ھەر { پە کە کە و قەندیل} نییەو، رۆژانە تۆپ و فرۆکە جەنگییەکان لە
زاخوو ئامیدی و سیدەکان وخواکورک و شوینی تر ئەدەن.
تورکیا لە مێژەوە، لە کاتی شەری نگریسی پارتی دیموکراتی کوردستان و
یەکێتی نیشتمانی کوردستان سنووری کوردستانی بەزاندوخاکەکەی داگێرکردو،
نزیکەی ١٩ مۆڵگەی چاندووەو، وجێی ئاماژەیە ئەو مۆڵگانە پرن لە تەقەمەنی
و کەرەستەی سەربازی مۆدیرن لە گەڵ ھەلیکۆپتەرو تانک و تۆپ و دۆشکاو،
شارەکانی کوردستان پرن لە چڵکاوخۆرانی ھەواڵگیری میت.
سەرانی تورکیا نایشارنەوەو، بە بەر چاوی دونیاو حکومەتی عێراق و ھەرێمی
کوردستان و سەرجەم حزبە کوردستانییەکان درێژە بە بەزاندی سنوورو
داگیرگردنی خاکی کوردستان ئەدەن و، سەرەرای ئەو کردەو دوژمنکارانەو، لە
باتی ئەوەی ئەو کردەوانە ریسوا بکرین، ھەندێ کەس ئەیانەوێت رووی رەشی
ئەردۆگان و حزبە دێزەکەی "" ئاکپارتی"" سپی بکەنەوەو بۆ نموونە و، لە
پێش ھەموو کەس نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان و، لە
نامەکەیدا بۆ ئەردۆگان ئەڵێت : بەبۆنەی سەرکەوتنی بەڕێزتان بۆ
سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە سیستەمێکی تازەدا، پیرۆزبایی لە ئێوە و
پارتەکەتان دەکەین.
لە سەردەمی ئێوەدا پەیوەندییەکانی کۆماری تورکیا و ھەرێمی کوردستان
پێشکەوتنی زۆر گەورەیان بەخۆیەوە بینی(بردنی نەوتی کوردستان بە مفت -
بەلاش)، ئەوەش کاریگەرییەکی زۆر باشی ھەبوو لەسەر ئارامی و پێشکەوتنی
ژیانی خەڵک(سەرکوتکردنی کوردانی باکورو، بێ مووچەیی باشور)، نموونەیەکی
زۆر گرنگیش بوو بۆ ناوچەکە (داگیرکردنی کوردستان). ئێمە وەک ھەرێمی
کوردستان، جارێکی دیکەش بەو بۆنەیەوە ئارەزوومەندیی ھەمیشەییمان بۆ
درێژەدان بە پێشخستنی ئەو پەیوەندییانە دووپات دەکەینەوەو ( بەیانی
سەرۆکی حکومەتی کوردستان لە تورکیا ئەبێت و ئەردۆگان سویند ئەخواو، تا
ماوە دژی کورد ئەبێت).
ئێخوانچیەکان بە شانازییەوە سەیری تیرۆریست ئەردۆگان ئەکەن و، بزانن
ئیخوانچییەکەی کوردستان سلاح بھاء الدین چی ئەڵێت :
بەڕێز جەنابی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیاالسلام علیکم
ورحمە اللە وبرکاتە
بەناوی خۆم و سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانەوە جوانترین و
گەرمترین پیرۆزبایی لە بەڕێزتان و وڵاتی تورکیا دەکەم بە گەل و
سەرکردایەتییەوە. دیارە سەرکەوتنی ئەم کاروانەی ئێوە لە کاتێکدایە کە
وڵاتەکەتان و ئوممەت ڕووبەڕووی تەحەدییاتی گەورە دەبنەوە،
دەستنیشانکردنی ئێوە بۆ سەرکردایەتیکردنی ئەم کاروانە لە ئیرادەی
گەلانی تورکیا بەرجەستە دەبێ بە ھەموو ڕەنگ و شەبەنگەکانییەوە. خوای
گەورە سەرکەوتووتان بکات و بتانپارێزیێ.
تورکیا درێژە بە گرتن وکوشتنی کوردان ئەدات و، دیھات وماڵەکانیان وێران
ئەکات و، پەرلەمانتارانی کورد ئەگرێت و ئەیانخاتە زێندانەوەو، شاریکی
خۆراگر وەک عەفرین لە گەڵ زەویدا تەخت ئەکات و، خاکی باشوری کوردستان
داگیر ئەکات.
لە بری ریسواکردنی سەرانی تورکیاو کردەوە نامروڤانەکانیان ، بەرپرس و
سەرۆک و ئەمینداری حزبە بەناو ""کوردستانییەکان"" خۆیان ریسوا ئەکەن و،
بە دوژمنانی کوردوکوردستان ئەڵێن :خوای گەورە سەرکەوتووتان بکات و
بتانپارێزیێ.
نەتەوەی کورد دوژمنی خۆی لە بیر ناکات و مێژوویش رەحم بە کەس ناکات.
ماڵپهڕی ئهحمهد رهجهب
|