په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٢\٢٠٢٠

ئایا ساندەرز دەبێتە قازە رەشەکەی ئەمەریکا؟ 


عەلی مەحمود محەمەد  


تیۆری قازی رەش ئەگەر بەتەمای بیت بۆت دەرچێت نەگبەتییەو دەبێت ھەر چاوەڕوان بیت نەخوازەلا لە ئەمەریکاش، لێ ساندەرز بە ئیرادەوە جەنگ لە ھەمبەر گەورەکان دەکات بۆ ئەوەی بگات بە قازی رەش، کە جیھانی دیلمۆن و یەکسانی لە ژێر پەڕو باڵەکەی خۆیان شاردۆتەوە.

دوا راپرسی رۆژی چوارشەمە ١٩ی فیبریەوەری رۆژنامە بەناو بانگەکانی واشنتۆن پۆست و ئای بی سی نیوز دەریدەخەن، بیرنەر ساندەرز لە پێشەوەی کاندیدەکانی پارتی دیموکراتە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بە ھێنانی ٣٢٪ی دەنگەکانی بەربژێرەکانی پارتەکەی، بایدن١٧٪، بلمبۆرگ ١٤٪و ئەلیزابیس وارین ١١٪ و .....

ھاوکات ساندەرز بە ٣٠٪ لە پێشی ھەمووانەوەیە بۆ سەرکەوتن بەسەر ترامپد، بایدن ١٩٪، بلمبۆرگ١٨٪ و .....

لە لایەکی ترەوە لە نوێترین راپرسی ناو دیموکراتەکاندا کە سی بی ئێس و ئێن پی ئاڕ ئەنجامیان داوە ، ساندەرز بە ھێنانی رێژەی ٣٥٪ لە ھەرێمی نیڤادا سەردەکەوێت، وە دووەم دەبێت لە ھەرێمی کارولینا بە رێژەی ٢٠٪ ، وە ٤٦٪ی باڵی پێشکەوتنخوازی دیموکراتەکان دەنگی پێ دەدەن، ئەلیزابیس وارین ١٩٪، ھاوکات ٤١٪ی پیاوان و ٢٤٪ی ژنان دەنگدەری ئەون، وە ٥٤٪ی گەنجانی کەمتر لە ٤٥ ساڵ و ١٣٪ی پیرەکان دەنگی پێ دەدەن، کەواتە ساندەرز نوێنەری داھاتوو وە گەنجانە، لەم ھەلمەتەدا کڵپەی ژێر خۆڵەمێشەکە دانامرکێتەوە.

سەرەکوتنی ساندەرز لە راپرسیەکان پێش کۆمارییەکان دیموکراتەکان بە تایبەتیش باڵی ۆڵستریتی ناو دیموکراتەکان پێیان ھەزم ناکرێت ، بۆیە بە پەلە بلۆمبۆرگی جولەکەی خاوەند ٦٨،٩ ملیار دۆلاریان ھێنایە پێشەوە بۆ ئەوەی بیکەنە لەمپەرێکی بەھێز لەبەردەم دەرچوونی ، دوو جوو بە دو جیھان بینی و دیدی جیاوە لە مەیدانن، ئەوان پێیان وایە سەرمایەی بلۆمبۆرگ کە ٢٣ جار زیاترە لە ترامپ، سەرکەوتنیان بۆ دەگەڕێنێتەوە، سەرکەوتنیان دەکات بە دوو، ھەم ساندەرزی چەپگەرایان لە کۆڵ دەکاتەوە، ھەمیش ترامپ و کۆشکی سپیان بۆ دەگەرێنێتەوە.

موئەسەسەی سیاسی دیموکراتەکان و سەرمایەداران و باڵی راستی دیموکراتەکان بەھەموو ھێزیانەوە بەرەو روی ساندەرز بونەتەوە، ئەویش پەیگیرانە بێ سڵەمینەوە لە جەنگە سیاسییەکەی بەردەوامە، سەرکردەکان دیموکرات دەرچونەوەی ترامپ بە باشتر دەزانن لە کاندیدکردنی ساندەرز بەھۆی ترسیانەوە لە وشەی سۆسیالزم، تەنانەت دەزگای ئەیباکی جولەکەش دژ ی وەستانەوە بەھۆی ھەڵوێستەکانیەوە سەبارەت بە چارەسەری دۆزی فەڵەستین و ئیسرائیل . وێرای ئەوەی خۆی جووەو لە کێڵگە بە کۆمەڵەکانی جوشدا گەورە بووە، ساندەرز موعجبی بیوجین فیکتۆر دیبسە، چالاکوانی کرێکاری و ھەڵسوڕاوی بەرجەستەی سۆسیالستی سەرەتاکانی سەدەی بیستی ئەمەریکایە، کە لە ساڵی ١٩١٢ زیاتر لە ٦٪ی دەنگەکانی ئەمەریکای ھێنایەوە، بانگەوازی روخانی سەرمایەداری و دامەزراندنی کۆمەڵگای سۆسیالستی دەکرد، تەکانی گەورەی بە بیری سۆسیالستی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا د، ئێستا ساندەرزیش بە تەمەنی ٧٨ ساڵانەی گەنجانەوە ئەمسەرو ئەوسەری ئەمەریکا دەکات، وێڕای زۆری نەیارەکانی ، بەڵام بە ورەو توانایەکی گەنجانەوە برەو بە ھەڵمەتەکەی دەدات، پارە لە دەوڵەمەندەکان وەرناگرێت بۆ بانگەشە، بەڵکە دەیەوێت بە یاسا بەخششەکان رێک بخات و کۆتایی بە کورسی کڕین بھێنێت، ناوەندی کۆمەکەکانی ١٥ دۆلارن.

مایکل کازین مێژوو نوس و مامۆستای زانکۆی جۆرج تاون لە نیورۆک تایمز نووسی ساندەرز لەکاتی دۆڕانیشیدا ھەر براوەیە، چونکە بەرنامەی خۆی کردە بەرنامەی ھەڵبژاردن ، سۆسیالزمی کردە دیاردە، ئۆکسایۆ کۆرتیز ئەندامی کۆنگرێس لەسەر پارتی سۆسیالست دیموکراتی ئەمەریکادەڵێت : گرنگیم بە سیاسەت ناد، لە دوکانێک کارم دەکرد، ساندەرز ھێنامیە ناو سیاسەتەوە، دوای کاندیدکردنی بیرنی ساندەرز ، پارتی سۆسیالست دیموکراتی ئەمەریکا ژمارەی ئەندامانی لە ٦ ھەزارەوە گەیشتە ٥٦٧٩٤ ئەندام ناوەندی تەمەن لە ٦٠ ساڵەوە دابەزی بۆ ٣٣ ساڵ ، ئۆکسایۆش ئێستا دوای ترامپ دووەم ئەستێرەی سیاسەتە لە ئەمەریکا ، لە ھەڵبژاردنی پێشوو ساندەرز ١٣ ملیۆن دەنگی ھێنایەوە.

وێڕای باڵی نەرێتی دیموکراتەکانی نزیک لە ۆڵ ستریت کە توانای خۆیان یەکخستووە دژ بە ساندەرز ، راگەیاندنەکانیش شەڕی مان و نەمانی لە گەڵ دەکەن، کە زۆرینەیان لە لایەن ملیاردێرە ئۆلیگارشیەکانەوە کڕدراون، ساندەرز کەناڵەکانی راگەیاندن بە ئامرازی ھەڵخەڵەتێنەر بە دەست سەرمایەدارانەوە دەزانێت.

ژماردنە ئابڕوبەرەکەی ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکەی دیموکراتەکان لە ئەیەوا کە بەرپرسی حیزبی دیموکرات بووە قوربانی و دەستی کێشایەوە، کۆمپانیای شادوز کە ئەرکی ژماردنەکەی لە ئەستۆ بوو ، متمانەی نەھێشت ، دەریخست لە پشت ھەڵبژاردنەکانەوە، فێڵ و گزی و سات و سەودا ھەیە، حیزب دەبێت لە بەرامبەر کاندیدەکانی بێلایەن بێت، کەچی وا نییە.

لە ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٦ ەشدا ، ساندەرز دور خرایەوە، دوبارەی سیناریۆکەیە ئەمەی لە ئەیەوا بینیمان، ئەمەریکا تژییە لەم نموونانە، لە ساڵی ٢٠٠٠لە فلۆریدا جێب بۆش حاکم بوو، دەنگەکانی ئال گۆری سوتاند لە بەرژەوەندی بۆش، تا سەری خست، لە ساڵی ٢٠٠٤ یش بۆش بەرامبەر کێری وایکردەوە، تەنھا بەرامبەر ساندەرز وا نییە، لە فیلادلفیا بەرپرسی حیزبی دیموکرات بوب رادی ھەڕەشەی کرد لە ئەندامانی پارتەکەی کە دەنگیان بە کاندیدێکی پارتی خێزانی کرێکاران " wfp، ٥٢٧٤٨ ئەندام " بەناوی برۆکس داوە لە ھەمبەر کاندیدی کۆمارەکان، بۆ یەکەمجار لە مێژووی شارەکەدا سەرکەوت بۆ ئەنجومەنی شارەکە، لە کاتێکدا پارتی خێزانی کرێکاران کار بۆ سەر خستنی لیستی ئەلیسا بیس وارن و پارتی دیموکرات دەکەن.

ساندەرز و گەنجان.

دەزگای شیج بە ھاوکاری دەزگای کولیج بولس لە راپرسییەکدا رایگەیاند نیوەی قوتابیانی زانکۆی ئەمەریکی پشتیوانی بیرنی ساندەرز دەکەن بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریک، ئەلیزابیس وارین کە پێشکەوتنخوازێکی دیکەی کاندیدەکانە پشتیوانی دووەمی ھەیە بە رێژەی ١٨٪ و ئەندرۆ یانغ " ڕندرو یانغ کە داوای موچەی بنەڕەتی ١٠٠٠ دۆلار بۆ ھەمووان دەکردو دروشمی "نە چەپ، نە ڕاست، بۆ پێشەوە" ی ھەڵبژاردبوو ١٠٪ ی پشتیوانی گەنجانی ھەبوو، دواتر پاشەکشەی کرد ، و........ بۆنی براون بەرپرسی بەشی لێکۆڵینەوە لە دەزگای شیج رایگەیاند دوو کێشە بنچینەیین بۆ قوتابیانی زانکۆ ژینگەو نا یەکسانی داھات، لەسەر ئەم بنچینەیە دەنگ دەدەن، ئەم داواکارییانەش لە بەرنامەی ساندەرزدا ھەن.

ھاوکات بە پێی راپرسیەکان ساندەرز لەناو گەنجان و کرێکاران لە پێشەوەی ھەموواندا بوو لە نیو ھامبشیر، گەنجان بە رێژەی ٥١٪ دەنگیان پێ داوە.

کورسی سەرۆکایەتی و شەڕی ئۆلگارشییەکان.

تا ٣ی فیبریوەری ئەمساڵ بانگەشەی ھەڵبژاردنی کورسی سەرۆک کۆماری ٢،١٨ ملیار دۆلار لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکەی خەرجکراوە، شەڕە قورسەکە ھێشتا زۆری ماوە، سێ ئۆلیگارشی زەبلاح لە شەڕەکەدان ئەوانیش بلۆمبۆرگ ٣٨٦ ملیۆن دۆلاری خەرجکردوە، تۆم ستایەر ١٩٩،٩٩ ملیۆن دۆلار، ترامپ ٢٣٢ ملیۆن دۆلار.

بانگەشەی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لە ساڵی ٢٠١٦ بڕی ٦،٥١ ملیار دۆلار تێچووی بووە،لە ساڵی ٢٠١٢ ەدا بڕی ٦،٢٩ ملیار دۆلارو لە ساڵی ٢٠٠٨ بڕی ٥،٢٩ ملیار دۆلار تێچوی بانگەشەی ھڵبژاردنەکان بووە، بەم پێییە ساڵ لە دوای ساڵ نرخی کورسییەکە لە بەرز بونەوەدایە.

ساندەرز دەیەوێت شۆڕشێکی سیاسی دژ بەم دیاردەی کورسی کڕینە ئەنجام بدات، بە تایبەت لە پرۆسەی سیاسی و لەناویشیاندا دەنگدن و کڕینی کورسی سەرۆکایەتی لە لایەن ملیاردێرەکانەوە، دەیەوێت دەسەڵات بگەڕێتەوە بۆ زۆرینەی خەڵک کە بێ سەرمایەن .

پیًشتر بلۆمبۆرگ لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٢ بۆ ٢٠١٣ ، زیاتر لە ٢٧٠ ملیۆن دۆلاری خەرج کرد بۆ کڕینی پۆستی پارێزگاری شاری مەزنی نیۆیۆرک ، ئێستا دەیەوێت ھەمان پرۆسە دوبارە بکاتەوە بۆ کڕینی کۆشکی سپی، بەمەش ململانێی سیاسی لە ململانێی بەرنامەو جیھان بینییەکانەوە دەبێتە ململانێی کڕینی کورسی سەرۆک کۆماری.

ساندەرز دەڵێت سامانی بلۆمبۆرگ ھاوتایە بە سامانی ١٢٥ ملیۆن ئەمەریکی ھەژار ، ئەمەش لە بنەڕەتەوە کارێکی نا ئەخلاقی گەورەیە، رەخنەی لە ھەڵوێستەکانی بلۆمبۆرگ سەبارەت بە لانی کەمی کرێ ، ئاسایش بە تایبەت بەرامبەر بە رەش پێستەکان، باج لەسەر دەوڵەمەندەکان و رێکخستنی ۆڵ ستریت گرت.

بلمبۆرگ تا ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن دۆلاری تەنھا لە پڕۆپاگەندەی تەلەفزیۆنی خەرج کردووە، رۆژانە ملیۆنێک دۆلار لە ریکلامی فەیسبووک خەرج دەکات، ٤٠ ملیۆن دۆلاری تەنھا بۆ ھەڵبژاردنی ٣ی مەی سێشەمەی گەورە تەرخان کردووە، کە ھاوتا لە ١٤ ھەرێم ھەڵبژاردن بەڕێوە دەچێت، ٤٠ ملیۆن دۆلاری بۆ ھەڵبژاردنی کالیفۆرنیاو ٣٣ ملیۆن تکساس، ..... تەرخانکردووە ، وەک رایگەیاند ئەرکی تەنھا ئەوەیە رێگری بکات لە دەرچوونی ساندەرز، بە پشت بەستن بە باڵی راستی دیموکراتەکان.

بلمبۆرگ تاوانبارە بە رەگەزپەرستی، مامەڵەی خراپ لە گەڵ ژنان، خۆ دزینەوە لە باج....، ھەرچەندە دەڵێت دوای سەرکەوتن کۆمپانیا راگەیاندنەکەم دەفرۆشم بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکان لێکنەدەن وەک ئێستای ترامپ.

ساندەرز و سۆسیالزم.

ئەنجومەنی راوێژکارانی ئابووری ئەمەریک، بیرنەر ساندەرزی لە پاڵ مارکس و لینین و ماو ریز کرد، ترێِ ریجان لە فۆکس نیوز ھێرشی توندی کردە سەر وڵاتی دانمارک و بە وڵاتی ناشرینی سۆسیالستی ناوی برد، ماوەیەکە بەھۆی ساندەرزەوە بێ گوێدانە ئەوەی لە وڵاتانی ئەسکەندەنافی بەتایبەتیش دانمارک و فینلەند، راست لەسەر حوکمن یان چەپ، بەھۆی سیاسەتی پەروەردەو تەندروستی و ژینگەییەکەیانەوە، لە لایەن باڵی راستی ئەنتی سۆسیالستی کۆمارییەکانەوە ھێرش دەکرێتە سەریان.

ساندەرز دەیەوێت ھەندێ ریفۆرم بکات وەک ھاوپەیمانە ئەوروپیەکانی ناتۆ لە ئەوروپ، نەک سەرمایەداری بڕوخێنێت،نە سۆسیالزمەکەی ساندەرزو نە ئەوەی دانمارک و سوید، نە ئەوەی فۆکۆیاماش کە بە پێویستی دەزانێت بۆ ئێستای مرۆڤایەتی دوای واز ھێنانی لە تیۆری کۆتایی مێژووەکەی، لە کۆتاییدا چارەسەری ریشەیی کێِشەکانی سستەمی سەرمایەداری ناکەن، ئەم سۆسیالیزمە موڵکداریەتی تایبەتی ھەڵناوشێنێتەوەو حکومەتی کرێکاریش دانامەزرێنێت، بگرە ھەر سەرمایەداری بە کەمێک ویژدان و مکیاجەوە لەسەر تەختی دەسەڵات دەھێڵێتەوە.

کەسێک داوای کرێ زیاتر و ھاوکاری و پشتیوانی بکات بە سۆسیالستی دەدەنە قەڵەم.

ئێستا زۆر لە ئەمەریکیەکان بە پۆزەتیف سەیری سۆسیالزم دکەن، سۆسیالزم کرێی زیاتر و بیمەی تەندروستی و بێکاری و خوێندن بە خۆڕایی و .... بێت ، بەخێر بێت.

لە راپرسییەکی پەیمانگای کول ئاپ دا ٦٥٪ی دەنگدەران بۆچونی پۆزەتیفیان لەسەر سۆسیالزم ھەیە، ساندەرز دەڵێت ئەوان دەتان ترسێنن بە سۆسیالزم لە راستیدا خۆیان سۆسیالستخوازی کۆمپانیاکانن، بەڵام ئێمە سۆسیالستی زۆرینەین، بانگەشەی ساندەرز وایکردووە لە دەوڵەتێکی سەرکەوتکەری نەرێتخوازی توندی بیری سۆسیالستی وەک ئەمەریک، وایکردووە لە ھەموو کات زیاتر گفتوگۆ بکرێت لەسەر وشەی سۆسیالزم.

ھەرچەندە ساندەرز پێشەنگ بوو لە بزووتنەوەی ١٥ دۆلار بۆ کاژێرێک کارو پشتیوانی داخوازەکانی مامۆستایان ، لێ یەکێتی مامۆستایانی شیکاگۆ ، بە کەمترین لە نیوەی دەنگەکان رەتی کردەوە پشتیوانی بانگەشەی ساندەرز بکەن، ١٣٦ دژ ، ١٢١ لە گەڵ و ٢٨ بێلایەن ، بەھۆی ھەڵوێستی ئۆپۆرتۆنستیانەی سەرکردەکانییەوە، لێ یەکێتی کرێکرانی پۆست، پەرستیارانی یەکگرتوی نیشتمان، کرێکارانی کارەب، ساندیکی کرێکارانی لۆس ئەنجلس و ......پشتیوانی ھەڵمەتەکەین ، وێڕای زۆرینەی پارتە چەپ و مارکسییەکانی ئەمەریکا لە نێویاندا پارتی سۆسیالست دیموکرات و حیزبی شیوعی.

ئەم بزاوتە جێگای رێزو پشتیوانی و گرنگە بۆ بزاوتی سۆسیالستی جیھانی، ئەوەی جیمی کۆربین و بیرنی ساندەرز کردیان لە دوو وڵاتی نەرێت پارێزد، گرنگی مێژووی خۆی ھەبوو، بە دەرنەچونیشیان خزمەتی گەورەیان بە بزووتنەوەی سۆسیالستی کردو جێی خۆیەتی پەندو ئەزموون لە تاقیکردنەوەکانیان وەربگرترێت، بەکارھێنانی پارتی سەرمایەداری بۆ ئامانجی سۆسیالستی.

بەڵام تاکە رێگا سۆسیالزمەکەی کارل مارکسە لە سەردەمی ئێستادا بۆ جێگرتنەوەی سستەمی سەرمایەداری کە رۆژ لە دوای رۆژ وەحشیگەراییەکەی لە بواری نایەکسانی، جەنگ و وێرانکردنی ژینگە.. دەردەکەوێت، سۆسیالزمێک بە تامی مرۆڤایەتی بۆ سەردەمی پیشەسازی زیرەک و شۆڕشی چواری پیشەسازی و لە دایک بوونی بریکاریا.

 

ماڵپه‌ڕی عه‌‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک