٢٨\٩\٢٠١٨
ئایا سەربەخۆیی
کوردستان ئاواتێکی لەکیسچووە؟! (ئابووریی سیاسی).

ئەیوب رەحمانی
ئەم وتارە زیاتر چاوی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە تا پارچەکانیتر، ئەگەرچی
کەم تا زۆر ئەوانیش ئەگرێتەوە! چوون باشوور ٢٧ ساڵە نیوە حکومەتێکە و
ئەگەرچی گەندەڵی هەوسارپچڕاو حەیسییەتی بە حکومەتی کوردییەوە
نەهێشتۆتەوە، بەڵام دیسانیش ڕەنگە هەندێک بودجەیان بۆ دوواڕۆژ پاشەکەوت
کردبێت و ژێرخانێکی ئابوورییان ڕەنگە بینا کردبێت و کۆمەڵێک کاپیتالیست
وەک کارگ هەڵتۆقیون، وە ڕۆژئاواش چەند ساڵێکە ئەزموونی حکومەتدارییان
هەیە، بەڵام ڕۆژهەڵات بێجگە لەو چەند مانگەی پاش ڕووخانی شا بە
دەستێوەردانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی، کە ئەزموونێکی جێگای شانازیش بوو بۆ
ئەحزابی کورد و چریکەکانیش، ئیتر ئەزموونێکی دیکەی وەهامان نەبووە و
هیچ ژێرخانێکی ئابووریمان نییە لەوێ و بۆیە هەلومەرجەکە جیاوازترە لە
پارچەکانی دیکەی کوردستان و خەڵک لە ڕۆژهەڵات بە گشتیی نەتەوەیترن و
بۆهەر پرسێکی باش یا خراپی کوردەکان لەهەر چووار پارچە، ئەوان دایم لە
شەقام و پشتیوان بوون، سەرەڕای هەموو ئازارەکانی خۆیان!
پێشەکیی
کارناسە ئابوورییەکانی ئاڵمان وەک دیرک مولر و فلۆڕیان هۆم و پێتر
هووپڕ و دەیڤید فۆڵکێڕتس و دوکتر کڕاڵ و هتاد پێشبینی دابەزینێکی
ئابووریی مەزن لە داهاتوویەکی نزیکدا، مەزنتر لە ڕکوودی ئابووریی ساڵی
٢٠٠٨ دەکەن. مەزن لەبەر ئەوەی کە گووایە ئەمجارە ڕکوودێکی جیهانیتر و
بەربڵاوتر چاوەڕوان ئەکرێت و هاوکات ماوەی بەردەوامییەکەشی درێژتر
ئەبێت لەجاری پێشوو. ئەوان هەلومەرجی هەنوکەی ئابووریی جیهان بە
هەلومەرجی پێش بووەلەرزەیەک لەقەڵەم دەدەن کە نیشانەکانی ئەم بووەلەرزە
ئابوورییە ئەگەرچی هەن و دیارن، بەڵام ناتوانن پێمان بڵێن دەقیقەن کەی
ڕوودەدات یان دەسپێدەکات، تەنیا دەڵێن ڕوودەدات و لە پێشمانە و بەریشی
پێناگیرێت!هۆم لە کتێبە نوێکەیدا کە ساڵی پار بڵاوی کردەوە بەناوی
"دەسکەوت لە داکەوتنی نرخدا"کتێبەکە لای من دەس ئەکەوێت، بەردەوام
نمونە لە هەلومەرجی پێش ڕکودەکەی ٢٠٠٨ دێنێتەوە و وشیاریی دەداتە
ئینڤێستۆڕەکان کە چلۆن بتوانن لە کاتی ڕوودانی ئەم کڕاشەدا نەک هەر
دەسمایەکانیان بپارێزن بەڵکوو هاوکات دەسکەوتیشیان هەبێت و سەرکەوتوو
بن. هەنوکە سیستمی دەسمایەداریی بە قۆناخێکی ئێجگار ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت،
سەرۆککۆماری ئەمریکا بەردەوام هێرش ئەکاتە سەر ئابووری وڵاتانی جیهان و
بەتایبەت وڵاتی چین و وڵاتانی ئوروپایش لەوانە ئاڵمان و تا ئێستا
لەلایەن سیستمی سوسیالیزمی دەوڵەتی چینەوە وڵامیشی وەرگرتۆتەوە بەوەی
چینیەکانیش هەمان کاریان لەگەڵ کاڵاکان و بەرژەوەندییە ئەمریکییەکان
کردوۆتەوە. هەندێک لەم کارناسە ئاڵمانییانەی ناویان هاتووە نایشارنەوە
کە چین تا ١٥ ساڵیتر پێش ئەمریکا کەوتۆتەوە و تا ئەوکاتە چین لەهەردوو
بوواری ئابووری و سەربازیشدا قسەی یەکەم دەکات لە جیهاندا. پاش ئەو
ڕکودە دەبێت کە چین بەهۆی زۆربوونی هێزی یەک میلیارد کەسیی کارەوە پێش
ئەمریکا ئەکەوێتەوە، چوون ئەوکات دەسمایە کەمتر لە هێزی زۆر و بۆری کار
گرنگ دەبێت!! بەرژەوەندییەکان تێک ئاڵاون و هەوڵدان بۆ باشترکردنی
ئابووری وڵاتەکان وایانکردووە کە تەنانەت لەمەڕ بەرژەوەندییە
تەسکەکانیش، پڕنسیپە ئابووریی و حقوقی و تەنانەت ئەخلاقییەکانیش تا
ئاستێک ژێرپێ بنرێن و بۆنمونە وڵاتانی ئوروپایی چاوپۆشی لە هەموو
پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و
هەندێک وڵاتی دیکتاتۆڕلێدراوی دیکەش دەکەن بەهۆی بەرژەوەندییە
ئابووریەکانی خۆیانەوە و تا ئێستاش کەم تا زۆر هەر لەگەڵ بەرجامە
هەڵوەشاوەکە ماون و ئەیانەوێت ئەمریکا ڕازی بکەن بە گەڕانەوە و هتاد کە
ئەمەش باسێکی دوور و درێژە! بەڵام هەر لێرەدا ئاماژەیەکی کورت بەمە
بکەم کە ڕەنگە بیستبێتیشتان کە کەرەستەکانی تموح بۆ شەڕ لە داهاتوودا
کەمتر نەوت و گاز بەڵکوو زیاتر لیسیۆم و ئاو دەبن، بۆیە ئەم باسە با
بمێنێت بۆ کۆتایی و ئاکامی وتارەکە!
دەسپێک
ڕەنگە ئێستا ئیتر سەربەخۆیی درەنگ بووبێت بۆ کوردان، ئەگەرچی نابێ
هەرگیز کۆڵبدەین، بەڵام لەوانەیە ئێستا ئیتر زەرەری زیاتر بێت لە
قازانجی، بۆچی؟ وەک لە فەیسبووک بەڵێنیم دابوو، هەوڵدەدەم شیکارییەکی
مەیدانیی بۆ ئەم باسە بکەم و لەم وتارەدا وڵامێک بەم پرسیارە بدەمەوە!
بێگوومان من تەنیا کوردێک نەبووم کە هەر لە سەرەتای نووسینە
سیاسییەکانمەوە سەربەخۆییخواز بووم، چوونکە بەخۆشییەوە
سەربەخۆییخوازانی کورد هەنوکە زۆرن، بەڵام بە دڵنیاییەوە یەک لە
پێداگرترین کوردە سەربەخۆیخوازەکان بووم و هەم و ئەشمێنم، ئەمەش نەک لە
نیگای ناسیۆنالیزمی کوردەوە چوون من کوردم، بەڵکوو لەڕووی شکۆ و
سەروەریی ئینسانیی مرۆڤەکانەوە و بۆ ئاسوودەییان و ڕزگاریی لە
بندەستەیی. هۆکارەکانی ئەم تێڕوانینەم لە زۆر وتاری دیکە بە زمانگەلی
جۆربەجۆر پێشتر لانیکەم لە دەساڵی ڕابردوودا نووسیونەتەوە کە چۆن و
بۆچی کورد ئەبێ سەربەست و سەربەخۆ بێت، بۆیە لێرە ئیتر ناچمەوە سەر ئەو
باسانە بەقووڵیی، بەڵام ئێستا...!
مرۆڤ بوونەوەرێکی ژیرە و ئەمەش جیای ئەکاتەوە لە هەموو بوونەوەرانی
دیکە. ئەم بوونەوەرە ژیرە بۆ ئەوەی لەبوواری فکری/هزرییەوە یا تەنانەت
جەستەیشەوە پەروەردە ببێت و ڕۆژ بە ڕۆژ گەشەی زیاتر بکات پێویستی بە
سەربەستیی و سەربەخۆییە وەک هەوای پاک بۆ ژیان، چ وەک تاک و چ لە
کۆمەڵگادا، چوون مرۆڤی بندەست و ناسەربەست لەباریی شعووریی و
مەعرفیشەوە مرۆڤێکی ناتەواو لەخشت دەردەچێت. وەک سەلماوە و ئەیبینین،
کۆمەڵگا و مرۆڤە سەربەست و سەربەخۆکان لە وڵاتانی پێشکەوتووی ڕۆژئاوایی
زیاترین پێشکەوتنی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پزشکی و کەرەستەسازییان پێشکەش
وڵاتەکانیان و هەموو مرۆڤایەتی کردووە و کۆمەڵگا داخراوە
ئاینییەکانیشبەپێچەوانە تا هاتوون تووشی نوشست و گەندەڵی هەوسارپچڕاو و
شەڕ و دوواکەوتوویی و هەژاریی و نائاسوودەیی کۆمەڵگاکانیانو زەرەر و
زیانی بێ ئەنداز و لەکیسچوونی سامانی نەتەوەیی و زەمەن و هتاد
بوونەتەوە و لێرەشەوە سیستم و پەروەردە و تاک و کۆمەڵگاکانیان بە گشتی
و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ گەندەڵتر و داخراوتر و نەخۆشتر بوونەتەوە.ئەمانە هەموو
خەساریی گەورەیان لێداون کە تاوەکوو ئەمڕۆش بەرۆکیانی بەر نەداوە!
نمونەی وڵاتانی دوواکەوتووی بەحوکمی ئاینیی وەک ئێران و ئێراق و سورییە
و تا ئاستێکیش ترکییە، کە دەستبەرقەزا داگیرکەرانی کوردستان و
نیشتیمانی هەزاران ساڵەی کوردانیشن ولە قووڕاویی ئیڕتیجاعی خۆیاندا
چەقیون، بۆ مانەوە لە دەسەڵاتی خۆیان کۆمەڵگاگەلێکی نەخۆشیان پێکهێناوە
بە سیستمگەلێکی نەخۆش و گەندەڵەوە، جا لەم سیستمانەدا زێدە ستەمی
نەتەوەیی یا ئاینیی و ڕەگەزیشت بەسەرەوە بێت، ئیتر ژیان هەموو ڕۆژێک
لەناویدا شەڕێکی بەخەسار و لەکیسچوونی تەمەنە! ئەم هەلومەرجە
قووڕبەسەریی و ئەوپەڕیی ناڕەزایی پێکدێنێت لە ژیان تا ئاستی کۆیلایەتی
ڕووت، هەر بۆیە لەمجۆرە کۆمەڵگایانەدا یەکێک لە دەرفەتەکان بۆ
ڕزگاربوون لە خەمۆکی کۆمەڵگا یا دێپڕەیشنی گشتی و تاک، سەربەستیی و
سەربەخۆیی و هیوا و ئومێدە بەم مژار و چەمکانە! هیوا بە ڕزگاریی، هیوا
بە دوواڕۆژێکی گەشتر، هیوا بە خەبات و هاوکات هەوڵدان بۆ ڕزگارییە بە
هەموو هێز و بڕست و توواناکانەوە و لە وەها کۆمەڵگاگەلێکی چەوساوە،
تاوانە خەڵک لەوپەڕیی بندەستەییدا، بە بێ هەوڵی بێووچان بۆ ئازادیی،
دەست لەسەر ئەژنۆ، دانیشن و خەبات نەکەن و سەری مەسڵەحەتیان بەگشتی
دابخەن، لەکاتێکدا سەربەستیی و سەربەخۆیی وەک هەوای پاک بۆ ئەوان و
نەوەی نوێیان گرنگە و زۆریش گرنگە!
بەڵام کورد کە بەگشتیی نەتەوەیەکی ئێجگار دلێرە، تەنیا کەمینەیەکی
ئێجگار بچووکیدەستییان داوەتە خەباتێکی چڕوپڕی کۆڵنەدەرانەی نەپساوە و
بێوچانی خوێناویی و بەداخەوە زۆرینە لە بندەستەییدا سەری مەسڵەحەتییان
داخستووە و ژیانێکی مەمرە و بژیی ناڕازیی لەژێر چەپۆکی ئاسنینی
داگیرکەرانیدا دەبەنە سەر و ئەگەرچی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بۆنمونەڕۆژانە لاوان و دایکان و باوکانی کورد ڕاپێچی گرتووخانە و
ئەشکەنجەگاکان دەکاتن و هەر ماوەی جارێک چەند کوردێکی شۆڕشگێڕلەسێدارە
دەدەن، بەڵام کەمترین ناڕەزایەتیش بۆ ئەم ئاکارە قێزەونەی داگیرکەر
لەئارادابووە کە ئەغڵەب لە یەک دوو بازنەی بنەماڵەیی خەسارلێکەوتووان
تێناپەڕێت، لەکاتێکدا کە ئەم گرفتانە گرفتی نەتەوەیەکن و نەک چەند
بنەماڵەیەک و ئازار و لەسێدارەدانی یەک نەفەر ئەبێت ببێتە ئازاری
یەکپارچەی کۆمەڵگایەک و ئەبێت بە هێرش بۆسەر شعووریی نەتەوەیەک بەناوی
کورد چاوی لێبکرێت. هەروەک لەکاتی شەهیدکردنی بێڕەحمانەی شووانە سەید
قادر هەموو کوردستان شڵەقا، ئەبێت ئێستاش بۆهەر ئیعدامێک، بۆهەر
گرتنێک، بۆ هەر ئەشکەنجەکرانێک، بۆ هەر شەلاقکارییەک و بۆهەر ئەتکی
حورمەتکردنێک، هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کوردەکانی دیکەش لەهەر
چووارپارچەی کوردستان یەکپارچە بڕژێنە سەر شەقامەکان و هەر هیچ نەبێت
لە کەرەستە مەدەنییەکان کەڵک وەربگرن، وەک چۆن ئەم شانۆ عەزیمە لە
یەکگرتنیان لە ١٦ی خەرمانانی ئەمساڵ پاش لەسێدارەدانی چووار لاوی کورد
و هێرش بۆسەر بنکەکانی حیزبی دێمۆکڕات لەخۆیان نیشان دا، کە هەر لێرەوە
دەستی خەباتکارانەیان بەگەرمی ئەگووشم. نا، نا، من هەرگیز ئەوەندە
گووستاخ نیم بڵێم خەبات نەبووە و نییە، چوونکە بێ لووتفی دەبێت و
لاوانی ئێمە ڕۆژانە و قارەمانانە وەک وترا دەچنە پای پەتی سێدارە و
خۆشم یەک لەم خەباتکارانە بووم و هەم و ئەشمێنم، بەڵام ئەوەی هەیە کز و
ناکاریگەرە، لە کاتێکدا کە دەبوو کۆمەڵگا بەردەوام لە شڵەقان و کووڵان
و هەڵچوون و ناڕەزایەتیی گشتیدا بوویایە و کوردستان نەک شوێنی
حەوانەوەی ئارام بۆ جاش و پاسدار و نیزامیکارەکانیان، بەڵکووئەوان
دەبوو ڕۆژانە لە سەنگەریی پاشەکشەدا بوونایە، چوون هێزێکی داگیرکەرن و
نەک خۆیی و ئەمەشیان سەلماندووە لە ٣٩ ساڵی ڕابردوودا! درێژبوونەوەی
ئەم هەلومەرجە خەڵکی تا ئاستێکی باوەڕپێنەکراو ناچار بە قەبووڵیی
وەزعەکە کردووە و ئاکامەکەیشی بۆتە ئیدغام و ئاسیمیلاسیۆن، واتە بوونە
بەسیجی گشتیی بۆ ئەوەی بتوانن لەو کۆمەڵگایەدا هەندێک بژین و بتوانن
لاوانیان بنێرنە زانکۆکانو بە ڕوواڵەتیش بووبێت هەندێک ئاساییتر
بژین!!ئالێرەدا ناچارم تێبینییەک بدەم: من پاڕانەوە و لاڵانەوە لە
ڕژیم، کە ئیعدامم نەکات، بە خەبات نازانم، کە ئەگەرچی لە ڕووی
ئیحساسییەوە بنەماڵەکان بۆ ڕۆڵەکانیانی دەکەن و ڕەنگە ئەم هەلومەرجە
تووش هەرکەس ببێت و لەوانە منیش، بەڵام ئەمە گڕ و تین و غوروریی
شۆڕشگێڕانەمانی لەکەدار کردووە و ئەیکات، بۆیە با وریا بین!
ئەوەی ئێستا هەیە ئەمەیە کە بەداخەوە کورد بەگشتیی لە هەر "چوارپارچە"
وشیاریی نەتەوەیی لاوازە و هۆکاری ئەمەش ئەتوانێت زۆر شت بێت، وەکوو
دەستێوەردانی داگیرکەران لە هزری کوردانی بندەستیان و بەڕێوەبردنی
سیستماتیکی سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆنیان جیلاوجیل هەر لەپاش پەیماننامە
شوومەکەی لۆزان لە پاش شەڕی یەکەمی جیهانی لە ٢٤.٠٧.١٩٢٣ و پارچە پارچە
کرانی نیشتمانی کوردان!یاخود بەهۆی ئەوەی کوردستان لە سەردەمی کۆنتر لە
ئێستا، کاتێک پاش شەڕی یەکەمی جیهانی ترک و فارس و ئەعراب دەوڵەت
نەتەوەیان پێکدەهێنا، کورد بەڵام و زۆر بەداخەوە ئەمارەت نشینی بە
ئیسلامیکراو بووە و سیاسەتمەدارانی ئاینی ئیسلامی ئەو سەردەمەی کورد کە
بەزۆریی شێخ و مەلا و دەرەبەگ و ئەمانە بوونە پاڵیان داوە بە برایەتی
ترکانی عوسمانییەوە و بەشێکیشیان بە عەرەب و سەفەوییەکانەوە لکاون و
ئەوەی زۆر بەلایانەوە گرنگ نەبووە یا تەنانەت ئەتوانم بڵێم زەروورەتە
حەیاتییەکەییان دەرک نەکردووە، پێکهێنانی کیانێکی سەربەخۆی نەتەوەیی
بووە بۆ کوردان بەناوی وڵاتی کوردستان. وە زۆر هۆکاری دیکەش لەوانە
بەشەڕدرانی خێڵە کوردەکان لەگەڵ یەکتر لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە
و ئەمەش ئەگەڕێتەوە بۆ هەم لاوازییان و هەمیش مادەگەرایی و
پارەپەرەستیی و تەنانەت ناڕسیست بوونی ئەم سەرۆک خێڵانە و
داهاتوونەبینین و بیرتەسکیی و وردەگیردان بە یەکتر و کارگەلی منداڵانەی
وەک ئێستاش بەداخەوەلەناو ئەحزابدا کەم تا زۆر هەر هەیە و ماوە و
بەگشتیی هەرەبچووکبوونی پانتایی ئاوزیان و نادوورئەندیشییانی نوواندووە
و هتاد....!! کەواتە خێڵگەرایی ئەبێت لەناو سیاسەتی کوردیدا جارێک بۆ
هەمیشە وشک بکرێت و ئەشێ هەر ئێستا لەناو حیزبەکانەوە دەسپێبکرێت بە
مۆدێڕنکردنەوەی خۆیان، "بەکردەوە و نەک تەنیا لەسەر کاغەز"، خێڵچییەتی
فڕێ بدرێتە ناو زبڵدانی مێژووەوە! ئەو حیزبەی خێڵچییەتی دەکات، جێگای
بڕوا نییە و ناتوانێت متمانەی بدەیتێ و کلیلی ڕزگاریی نەتەوەیەکی پێ
بسپێریت، چوونکە وەها حیزبێک لە باشترین حاڵەتدا تەنیا بەشوێن ناو و
ناوبانگ و خۆدەوڵەمەندکردنی کەسانی سەرەکی خۆیان و چەند بنەماڵەیەک
لەوحیزبەدان و ئەمەش ئاو لە هاوەن کووتینە و دەوردانەوەی ئەو مێژووەیە
کە تا ئێستا بووە و هەر ئەوەیە کە ئێستا بەداخەوە لە باشوور هەیە! ئەمە
یانی تەنیا یەک بنەماڵە ئەتوانێت بۆ بەرژەوەندییەکی تەسک، یاخود بۆ
لاوازکردنی حیزبی بەرانبەریی، نیوەی وڵاتێک وەک ئاوی خوواردن بفڕۆشێت و
پاشانیش وەک ئەوەی هیچ نەبووبێت هەر لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، چوونکە
سیستمەکە نەخۆشە و ئەو یەک لە چەڕخدەندەکانی ئەم سیستمە نەخۆشەیە. بۆیە
ئەبێت بەناچار گشت سیستمەکە هەڵوەشێنیتەوە و ئەمەش تەنیا لەڕێگای
دێمۆکڕاتیزە کردنی ڕاستەقینە و نەک درۆین دەکرێت!
تەنیا لە پەراوێزدا ئەیڵێم، بۆ ئاگاداریتان شەڕی پاڕتی و یەکیەتی لە
باشوور هەرگیز شەڕێکی ئایدیۆلۆژیک نەبووە و قەتیش نابێت، ئەگەرچی ئەگەر
واش بوویایە هەر خراپ دەبوو، بەڵام هەویش نییە! بەڵکوو شەڕی دوو
بنەماڵە و دوو تایەفەیە کە ئەگەڕێتەوە بۆ قینی کۆنی ناوچەکانی
سەیدەکان، ئەگەر هەڵە نەبم، و بارزان! هەر بەم پێیەش تەنانەت شەڕی
کۆمەڵە و دێمۆکڕاتیش شەڕی بۆکان و مەهابادە، کە لەم ناوەدا بۆکان سنەشی
بەیارمەتی وەرگرتووە، واتە سنە شەڕ بۆ بۆکان دەکات لە دژی سابڵاخ!!
لەمناوەدا تەنیا پێکاکا ستالینیزمە و هەموو شەڕەکەی تەنیا بۆ
ئەوجالانە!! ئەزانم کە ڕەنگە ئەم بۆچوونە بە گەوجانە بزانیت، بەڵام
هەندێک لە مێژووەکان ورد بەرەوە و هەندێک خوێندنەوە بۆ کێشەکانی
شارگەرایی و ناوچەگەرایی ئەو شار و ناوچە و تایەفانە بکە کە ناویانم
هێناون، ئەوجار وەرە بە بەڵگەوە بۆمی بسەلمێنە کە وانییە!! دیارە من
تەپوتۆزیی حیزبی و ئایدیۆلۆژیش لەم کێشە و ئاژاوانەدا ئەبینم، بەڵام
فوو لە تۆز و خۆڵەکان بکە، ئەوجار دۆزینەوەی ناوەرۆک و سەرچاوەی
شەڕەکان زۆر ساکارن. جا بۆیە داوا لە ئەندامانی ئەم حیزبانە دەکەم،
جارێکیتر بە خۆیاندا بێنەوە و شەڕی خەڵکیتر بە خوێنی خۆیان نەکەن،
بەڵکوو ئەو خوێنە گەشانە و ئەو هەموو وزە و کاتە گران بایەخانە هەر هیچ
نەبێت بۆ نەتەوەکەیان بە ڕشتن بدەن. لە من وتنە!
ئەگێڕنەوە دەڵێن شێخ مەحمودی بەرزەنجیی (١٩٥٦-١٨٨١) مەلیکی سلیمانی یا
دەستی لەگەڵ ئینگلیسییە ئیستعمارچییەکان نەداوەتەوە یا کە دەستیشی
لەگەڵیان لێدابێتەوە ئەوا دەسماڵێکی لە دەستی پێچاوە بۆ ئەوەی گووایە
"گڵاو" نەبێت و پێستی دەستی لە دەستی غەیرە موسوڵمانێک نەکەوێت! ڕاستی
و درووستییەکەی لە ئەستۆی ڕاوییان، چوون من لە هیچکوێنەمخوێندۆتەوە،
بەڵام زۆر پێدەچێت ڕاست بێت، چوون کۆمەڵگای کوردیی تا ئێستاش هەر وایە
و حیزبەکان تا ئەمڕۆکەش هەر بە دەست بنەماڵە و کەسایەتییەکانەوەن،
مەگەر وانییە؟ سەرۆک حیزبەکانی ئێستا چەند ساڵە لەو پۆستەیاندان، بە
چەپ و ڕاستیانەوە؟! ئەمکارەی شێخیش خۆی واتای ئیحساساتیی
هەڵسووکەوتکردن لە سیاسەتی کوردیدا ئەنوێنێت و تەنانەت ئەگەر بەهۆی
داگیرکەربوونی ئینگلیسییەکانیش ئەوکارەی وەک ناڕەزایەتی کردبایە من بە
ڕەوای ئەزانم و لەمحاڵەتەدا ئیتر هەر دەستی لێنەدەداوە و نەک دەسماڵی
تێپێچێت! بێجگە لەمە هەر ئەو خێڵگەراییە وایکردووە کە کوردەکان قەت
نەهاتوون هەموو یەکبگرن و پێکەوە داوای دەوڵەتی یەکپارچەی کوردی بکەن،
بەڵکوو هەرکەسە و هەوڵی بۆ شار و گووند و بنەماڵە و ناوچەی خۆی بووە!
بۆ نمونە وەک لە ویکیپێدیاشدا داندراوە، کە ئەم نووسراوەی ویکیپێدیا
قابیلی گۆڕانە و هەمووکەس ئەتوانێت دەسکاریی تێدا بکات، نووسراوە:
"لە ١ی کانوونی دووەمی ١٩١٨ لە کۆبوونەوەیەکدا لە سلێمانی لەگەڵ
کۆڵۆنێڵ ئارنۆڵد وێڵسن، مەندوبی سیڤیلی میسۆپۆتامیا بە وەکالەت،
سەرکردە کوردەکان داوای پاڵپشتیی بریتانیایان کرد بۆ دامەزراندنی
کوردستانێکی یەکگرتوو و سەربەخۆ لە سایەی پاراستنی بریتانیادا (من:
ئەبێ مەبەستی بەرژەوەندییەکانی بریتانیا بێت!). لەنێوان ساڵانی ١٩١٩ و
١٩٢٢، شێخ مەحموود بەرزنجی کە سەرکردەیەکی کوردی کاریگەر بووە لە
سلێمانی، حکومەتێکی کوردیی پێکھێنا و دوو شۆڕشی دژی حوکمی بریتانیا
کرد. دوو ساڵی پێچوو تا دەسەڵاتی بریتانی توانی ڕاپەڕینەکانی سەرکوت
بکات."
ئەم خەباتە، هەرچەند عەشیرەیش بووبێت، بەمحاڵەش هەر ڕەوا و شۆڕشگێڕانە
بووە بەڵام گرفتی تێدا بووە، لەبەر ئەمەی کە دامەزراندنی کوردستانێکی
سەربەخۆ، تەنیا لە سلیمانی و دەور و پشتی بووە و لە باشترین حاڵەتدا
مووسڵ و ڕەنگە کەرکووکیشی گرتۆتە خۆی کە ئەوکات عووسمانییەکان بە هی
خۆیانیان ئەزانیین، هەمووی ئەم سێ شار و ئەمارەتانە دەیانکردەدە لەسەر
سەدی کوردستان یا تەنانەت کەمتر لەوەش، ئەی ئەو ٩٠ لەسەر سەدەکەی دیکەی
کوردستان چی؟ یا نمونەی دیکە لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا (١٩٤٦) لە
ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرۆکایەتی پێشەوا قازی محەمەد هەر تەنیا
مەهاباد تا بانەی لەخۆ گرتبوو ئەویش بەهۆی هێزەکانی حەمە ڕەشیدخانەوە
کە بانە و سەقزیشی کۆنتڕۆڵ دەکرد، دەنا ئەو کۆمارە تا بانەش نەدەگەیشت!
وە دەیان نمونەی دیکەی لەم چەشنانە وەک شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە
باکووری وڵات و کۆماری ئاگریی و هیدیکە...!
لە لایەکی دیکەوە پشتبەستن بە موسوڵمانانی دەوروپشتمانەوە گەورەترین
هەڵەی سیاسەتمەدارانی کورد بووە تا ئێستاش، چوونکە بینیشمان موسوڵمانان
چییان بەسەرمان هێناوە بەتایبەت بەسەر ژنان و کچانی کورددا لە ١٠٠٠ ساڵ
پێشترەوە تا ئەم ساتەش و بەتایبەت لەم سەتساڵەی ئەخیردا. فەرهەنگ و
ئایین و کولتوریان شێواندین بەسەر یەکدا و کولتوری بیابانیان بۆ هێناین
بە دیاریی! کتێبێکیان بەناوی قوڕئان دایە دەست ئەژدادمان، بەڵام
لەولاوە هەموو کەرامەت و ئینسانییەت و غورور و فەرهەنگ و زمان و مێژوو
و نیشتیمانیان لێستاندین.
((پێش بڵاوکردنەوەی ئەم وتارە پێداچوونەوەیەکم پێدا کردەوە و ئالێرە
پاراگرافێکی درێژی یەک و نیو لاپەڕەییم سڕییەوە، چوون مێژوو بوو و
وتارەکەی زۆر درێژ کردبووەوە، بۆیە ئەگەر پسان یا پچڕانێک لە وتارەکەدا
هەست پێ بکرێت ڕەنگە تا ئاستێک ئەمە هۆکارەکەی بێت، بەداوای
لێبووردن!))
دەی ئاخر ئەم نەتەوە کە خۆی، خۆی بە نەتەوە نازانێت، وە هێشتا قۆناخی
خێڵچییەتی تێنەپەڕاندووە بە حیزبە بەئیستیلاح مۆدێڕنەکانیشییەوە، بەڵام
ئایا شایانی ئەمەیە سەربەست و سەربەخۆ بێت؟!
من دەڵێم، بەڵێ، دیسانیش و هەر زۆریش نەک کەم شایانیی سەربەخۆیی و
سەربەستییە و ئەوپەڕیشی، بەڵام ئێستا ئیتر سەربەخۆیی بۆ کورد زۆر
وەدرەنگ کەوتووە و تەنانەت من کەمتر بەقازانجی ئەبینم، منێک کە لەپێناو
سەربەخۆیدا خەباتم کردووە و زیاتر لە سەد وتارم لەمبارەوە بە زمانگەلی
جۆربەجۆر نووسیونەتەوە، بۆچیپێموایە سەربەخۆیی وەدرەنگ کەوتووە؟!
پاش خوێندنەوەکانی من لەم دوواییانەدا، کە سەرم بەهەر کتێب و
ماڵپەڕێکدا دەکرد بۆ ئەوەی چووار بابەتی نوێ و مۆدێڕن و ئەمڕۆیی
بخوێنمەوە، سەرم لە باسێکی ئێجگار مۆدێڕن دەرهێنا بەناوی بلاکچاین یا
بلۆکچاین! بلۆکچاین ئەگەرچی یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٨ باسی هاتە ناو
کۆمەڵگا ئاکادێمیکییەکانەوە، بەڵام زووتریش لە سەرەتای نەوەدەکاندا
باسی لێوەکراوە لە باسی چارەسەرکردنی کێشەی حەواڵە پووڵییەکان لە ڤیزا
و ماستڕ کارتەکاندا. لە ساڵی ٢٠٠٨ کەسێک یاخود کەسانێکی نەناسراو
بەناوی نهێنی ساتۆشی ناکامۆتۆ، سپینامەیەکی بڵاوکردەوە، کە لەم
ئادڕەسەی خووارەوەکووردییەکەی دەست دەکەوێت، بەناوی " بیتکۆین،
سیستمێکی خەرجکردنی هاوتابەهاوتای ئێلێکتڕۆنیی" (www.emrro.com/bitkoyinsistem.htm).
لەم سیستمەدا پێناسەی تێکنۆلۆژییەکی تازە کراوە بەناوی بلۆکچاین و ئەم
سیستمە هاوتابەهاوتایە بەشێوەیەکی دێسێنتڕاڵ یاخود ناموتەمەرکیز
کاردەکات بەجۆرێک کە ئیتر مرۆڤەکان بۆ زۆربەی کارەکانی خۆیان
پێویستییان بە ناوەندێکی سێهەم یا ناوبژیوان یا بەڕێوەبەرایەتیی
کۆمەڵگا نامێنێت. بۆ نمونە مرۆڤەکان ئەتوان بە کەڵکوەرگرتن لە بلۆکچاین
پارەکانیان، جا چ زۆر بێت وەیا کەم گرنگ نییە، بە هەرزانترین و
دڵنیاترین شێوەکان بۆ یەکتر حەواڵە بکەن یا شتومەک و خانوبەرە و
هەمووشتێکی پێ بکڕن بە بێ ئەوەی پێویست بە بانک بکاتن و خەرجی زۆر و
بۆر بە بانکەکان بدەن! کێشەی متمانە پێکردن، کە یەکێک لە گەورەترین
کێشەکانی مرۆڤایەتییە و بۆ چارەسەری ئەم گرفتە ئێمە بانکەکان و
ناوەندەکان و تەنانەت دەوڵەتەکانمان پێکهێناون، ئیتر بە بلۆکچاین
چارەسەر دەبن و مرۆڤ لە داهاتوودا و بە کەڵکوەرگرتن لە بلۆکچاین نە
پێویستی بە بانک دەمێنێت و نە بە دەوڵەت و نە بە هیچ ناوەندێکی دیکەی
وەک ئەحزاب، واتە لە داهاتوودا هەموو شتێک بەشێوەی ناموتەمەرکیز و
ئاوتۆماتیک بە کەڵکوەرگرتن لە ئینتڕنێتی ئەشیا و لە تکنیکی سماڕت
کۆنتڕاکت و پێڕ توو پێڕ بە باشترین و بێ کێشەترین شێوەکان دەڕۆنە پێش و
ئیتر نە گەندەڵی لەکاردا دەبێت و نە زوڵم و زۆر و نە دزیی و فزیی و
هتاد....!
دیارە هەر ئێستاکە هەر هەموو بانکەکانی جیهان و دەوڵەتە زلهێزەکانیش
لەئاست ئەم تێکنۆلۆژییەدا وەستاون و بە هێنانەوەی بەهانەگەلی جۆربەجۆر
و یاساگەلی دەستوپێگیر ئەیانەوێت بەکارهێنانی سنووردار بکەنەوە یاخود
ڕێگاگەلێک بدۆزنەوە کە کۆنتڕۆڵکردنی بگرنە دەست خۆیان، واتە موتەمەرکز
یا سێنتڕالیزەی بکەن. ئەوەی تا ئێستا بەریانی پێگرتووە هەموو ئەو مرۆڤە
ئازادانەن کە هەوڵدەدەن بە زۆریی کەڵک لەم تێکنۆلۆژییە وەربگرن و پەرەی
پێ بدەن. ئێستا لە حاڵی حازردا حدودی ٥٠ بۆ ١٠٠ میلیۆن مرۆڤ لەم
جیهانەدا بلۆکچاین ئەناسن یا خود ناویان بیستووە و لەمناوەدا دەڕسەدێکی
کەمتریش کەڵکی لێوەردەگرن، بۆیە دەوڵەتەکان نەیانتوانیوە تا ئێستا
دەسەمۆی بکەن یا بیخەنە ژێر ڕەکیفی خۆیان، بەڵام ئەگەر بێت و ئەم
ڕادەیە لە بەکاربەران بگەنە یەک میلیارد مرۆڤ و زیاتر، ئیتر هەموو
دەوڵەتەکان و بانکەکانیشوردە وردە پێویست نابن و ئەشێ پاش ماوەیەک بە
شێنەیی کارەکانیان کەم بکەنەوە و لەکۆتایشدا دووکانەکانیان تەختە بکەن!
بۆیە لەسەر هەموو مرۆڤێکی ئازادیخوازە کە تا ئەتوانێت ئەم تێکنۆلۆژییە
بناسێت و کەڵکی لێوەربگرێت. چۆن؟ تەنیا کافییە بەهەر زمانێک کە
شارەزایت هەیە لە ئینتڕنێت خوێندنەوە و پێداچوون و گەڕان بۆ بلۆکچاین و
بیتکۆین و ئاڵتکۆینەکانی دیکەش بکەیت و وردە وردە تۆش خۆت فڕێ بدەیتە
ئەم بەحرە قووڵەوە بۆ ئەوەی فێری مەلە کردن ببیت لەناویدا، دەنا هەرگیز
فێری نابیت، تا ئەو ڕۆژەی ئیتر ناچار بە کەڵکلێوەرگرتنی دەبیت و هەر
ئێستاش وردە وردە خەریکە دێنە ناو سماڕتفۆنەکانەوە و بۆ نمونە تێلگرام
پوڵی دیجیتاڵی "تۆن"ی خۆی بڕیارە بخاتە تێلگرامەوە و والێت یاخود کیفی
پووڵی بۆ دابنێت و هەروەها ئێستا لە هەندێک وڵاتی ئوروپایی تۆ دەتوانیت
بە ئێس ئێم ئێس پارە بنێریت و بە سیستمی دێسێنتڕاڵی ستاتووس کە من
کەڵکلێوەرگرتنی تەوسییە دەکەم چوون دێسێنتڕاڵە غەیری قابیلی کۆنتڕۆڵ،
کە هەر ئێستا ئەتوانیت لەسەر هەندییەکەت دایمەزرێنیت، و چەتی پێبکەیت و
ئەتوانیت ئێتر (ETH) و ستاتوس (SNT) بۆ ئەم و ئەو بنێریت و
ناموتەمەرکیزە و وەک وترا هیچ دەوڵەتێکیش ناتوانێت دایبخات مەگەر
ئینتڕنێت یا بەرق بۆ هەمیشە بکووژێننەوە، کە ئەمەش ناموومکینە! جا
ئەمانەش هێشتا سەرەتای کارن و جارێکە شتێکی ئەوتۆ دەستی پێنەکردووە،
چەند ساڵیتری ماوە تا غەوغا بکاتن!!تێبینی: وریای هەڵگرتنی کلیلە
خسووسییەکانی و سییدەکەی یاخود ١٢ وشەکەی لەسەر کاغەز بنووسەوە و
هەرگیز ئەم کلیلە تایبەتییانە لەسەر تەلەفون و کۆمپیوترەکەت زەخیرە
مەکە، بەڵکوو بەدەست بیاننووسەرەوە و لەناو دەفتەرێکی تایبەت لە شوێنی
چاک هەڵیانگرە و تەنانەت دووجار یا زیاتر بیان نووسەرەوە و لە دوو شوێن
یا زیاتر هەڵیان بگرە، واتە بەدەست کۆپییان بکەرەوە و نەک بە کەرەستەی
چاپ و سکەینەر و هەرگیز وێنەشیان لێ هەڵمەگرەرەوە، چوونکە پووڵە
دیجیتاڵییەکان هی ئەو کەسانەن کە کلیلە تایبەتییەکانیان لە لایە، تکایە
لەمبوارەدا وریا بن، با تووش زەرەر و زیان نەبنەوە!
لە لایەکی دیکەوە بڕیارە لەداهاتوودا ئینتڕنێتی ئەشیا کە کۆینی ئایۆتا
(IOTA) بۆ ئەم مەبەستە بەرنامەڕێژی کراوە، وە هەندێک تێکنۆلۆژی دیکەش
هەرچی ئەشیایە بە ئینتڕنێت و بەیەکیانەوە ببەستنەوە و سیستمی بلۆکچاین
بەرەو پێشەوە بەرن و خێراتر بە مەبەستمان بگایەنن لەگەڵ زیاتر لە ١٦٠٠
کۆینی دیکە کە تا ئێستا بە کەڵکوەرگرتن لە بلۆکچاین درووست کراون.
ئەڵبەتە پسپۆڕانی ئەمبووارە پێیانوایە کە زۆربەی زۆری ئەم ١٦٠٠
ئاڵتکۆینانە وەرشکست دەبن و نامێنن، بۆیە لە کڕینیان یاخود بەشداریی
کردن لە ئای سیی ئۆکان (ICO) یا ئای پیی ئۆکاندا (IPO) ئەشێ وریا بن و
تەنیا ئەو شتانە بکڕن کە بەڕاستی خوێندنەوەتان بۆ کردووە و لە تیمەکەی
دڵنیان و ئەزانن کە لەداهاتوودا بڕیارە کێشەیەک چارەسەر بکەن و باشن
یاخود ئەوانە بکڕن کە ناسراون و کۆنن و لە لیستی ١٠٠ دانەی سەرەتادان (www.coinmarketcap.com).
ئەوجار زۆر وریای فرت و فێڵی دیجیتاڵی بن کە لەم سەرەتاوە ماڵتان وێران
نەکەن، چوون ئەگەر وریا نەبن و لێی نەزانن تەنیا بە چەند کلیک ئەوەی
کڕیوتانە دەدزرێن و ناشزانن کێ بردوونیی! ئەگەریش هەر لێی نازانن، لێی
دوور بکەونەوە جارێکە و زیاتر بخوێننەوە با سەرتان سڵامەت بێت و
دەستتان نەسووتێت!
لەپاڵ هەموو ئەمانەدا کە دەستیان داوە بە دەستی یەکەوە بۆ پێکەوە
بەستنی جیهان لەداهاتوودا، بڕیارە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر لە باتریی و
سیستمی هیبرید بۆ ماشینەکان و هەروەها لە سووتەمەنیی ئاویی وە هەروەها
سیستمی هێزی میغناتیسی کەڵکوەربگیرێت، ئەمانەش بۆ پاراستنی زیاتری
ژینگە و کەمکردنەوەی گازە گووڵخانەییەکان و کەربون و هتادە، وە بەواتای
کەمتر کەڵکوەرگرتنە لە سووتەمەنییە فوسیلییەکانی وەکوو نەوت و بەنزین و
گاز لە داهاتوودا و دیسان ئەمەش راستەوخۆ بەواتای نزمتربوونەوەی ڕۆژ
لەگەڵ ڕۆژی نرخی نەوتی خاو دەبێت، چوونکە نەوتی خاو لەداهاتوودا
کەمترین کەڵکی دەبێت بۆ سووتاندن و بەپێی مەنتقی بازاڕی "عەرزە و
تەقازا یاخود پێشکەش و پێداویستیی" ئیتر شتومەکێک کە تەقازای بۆنەبێت
هەرزان و هەرزانتر دەبێت و نرخی نەوتی خاویش وەها هەرزان دەبێت لە ١٠
بۆ ١٥ ساڵی داهاتوودا، کە بایەخی دەرهێنانی لەژێر زەویدا نامێنێت.
چوونکە هەر بەرمیل نەوتێک کە دەری بێنیت لە ژێرزەوی و هەناردەی بکەیت،
دەوروپشتی ١٥ دۆلاری خەرجە، بەڵام ئەگەر نرخی ئەم بۆشکە بکاتە ١٠ دۆلار
لە بازاڕدا، ئیتر هیچ بەشەرێک نایات ٥ دۆلاریشی لە گیرفانی خۆی سەربخات
و بە زەرەر بیفڕۆشێت. ئیتر وڵاتانی نەوتدار ناتوانن بەنەوت بژین و
تەنانەت داگیرکەرانی کوردستانیش هەربۆخۆیان کوردستان چۆڵ دەکەن و ئەوەی
کەرەستە و ئاسنەواڵەی پالایشگاکان کە بەکەڵکیان بێت ئەیگووازنەوە و
چاڵە نەوتەکان بەخاڵی جێدێڵن بۆ کورد و ئەوەی ئەمێنێتەوە، پیسبوونی
زەوی و زاری ئەم وڵاتەیە بە نەوتی ڕەشی هەڵجوو لەژێر زەویی و پیسکردنی
زیاتری ژینگە دەبێت. ئەو نەوتەی ١٠٠ ساڵە شەڕی لەسەر دەکرێت، ١٥ ساڵیتر
کەس نایهەوێت و تەنیا مەسرەفی بۆ قیر و پلاستیک ئەبێت کە ئەمەش
پێداویستییەکەی تا ٨٠٪ کەم دەکاتەوە، چوون تۆ وایدابنێ کە میلیاردەها
ماشین و نەک هەر ماشینی لێخووڕین، بەڵکوو ماشینگەلی ناو کارخانەجاتیش
ئیتر یا بە باتری لیسیۆم یاخود بە بەرقی ئەتۆمی یا ناوەکیی کار دەکەن،
ئیتر دەوڵەت نەتەوە لە کوردستانێک کە کەمترین ژێرخانی ئابووریی بۆ
کرابێت، چۆن پێکدێنیت، ئەمیش لەکاتێکدا کە بلۆکچاین لە ٢٠ ساڵی
داهاتوودا نیاز بە دەوڵەتیش ناهێڵێت!!
لەم هەلومەرجەدا بەم ئاکامە گەیشتووم کە بودجەی کوردستان نزیکەی ١٠٠
ساڵە ئەدزرێت و لە تاران و بەغا و ئەنکارا و دیمشق لە خەزێنەی
سیستمەکانیان هەڵگیراوە. سیستم مەبەستم دەوڵەت نییە، بەڵکوو دەوڵەتی
پشت دەوڵەتە!! کورد ئەبێت ئەم دوورئەندیشییەی ببێت و مادام تا ئێستا
نەیتووانیوە بەدەوڵەت ببێت و هەندێک دەسمایە بۆ داهاتووی خۆی پاشەکەوت
بکاتن، ئەبێت خۆی زۆر ژیرانە تێکەڵ بکات لەگەڵ سیاسەتی ئەم پێتەختانە و
بچێت لەوێ بە شەڕیی سیاسی و پاڕلەمانی بەشی خۆی بپچڕێت، دەنا کە
جیابووەوە، ئیتر چاوی بە قرووشێک ناکەوێت، لەمڕووانگەوەیە کە من
ئەمڕۆکە ئیتر جیابوونەوە بە هەڵە دەزانم چوونکە کات وەدرەنگ کەوتووە،
بەڵکوو ئەبێت هەر لە "پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامی"، کورد خۆی بەتەواویی
لەناو سیستمی ئێراندا ئیدغام بکات و وەکوو یەکێک لە خاوەنانی ئەسڵی
ئێران هەموو مافەکانی گەلە بندەستەکەی وەربگرێتەوە و تەنانەت
خەسارەتەکانی ئەو هەموو بنەماڵە خەساردیتووە بێنێتەوە و شارەکانی و
ئابووری و کولتووری و زانکۆکانی و نەخۆشخانەکانی و ڕێگاوبانی و... و
هتاد ئاوەدان کاتەوە، تا بودجە ماوە، دەنا بەوەش ناگات هەرگیز!!
ئەمڕۆکە لەسەر منە وتن و ڕەنگە ئەگەر ئیحساسیی لەگەڵ ئەم هەلومەرجەدا
هەڵسوکەوت بکەین، منیش هەر وەک جاران پێداگریی سەربەخۆیی بمێنم، بەڵام
ئەمجارەیان هەوڵمداوە لە ئیحساسات دوور بکەومەوە و لۆژیکی قەزییەکە
ببینم و بخوێنمەوە...!تکایە تۆش ئەگەر هاوڕامی یاخود لە دژمی، بۆمی
ڕوون بکەرەوە کە بۆچی وابیر دەکەیتەوە، بەڵام تکایە با بۆچوونەکان دوور
بن لە هەست و ئیحساسی خاڵی و زیاتر مەنتقی و هەڵقووڵاوی خوێندنەوە بن و
ئیتر بەهیوای ڕزگاریی و ڕووخانی هەرچی زووتری نیزامی فاشیستی مەسەبیی
کۆماری ئیسلامی لە ئێران و ئازادیی گەلان و پڕ بە گەرووم هاوار ئەکەم،
نەسرەوتن تا سەرکەوتن!
٢٧\٩\٢٠١٨
- ٥ی
رەزبەریی ٢٧١٨
ماڵپهڕی ئهیوب رهحمانی
|