٤\٦\٢٠٢٥
ئایا سزادانی
تاوانکارانی پیاو بە لە سێدارەدانیان نامرۆڤانەیە و
دەبێ نەمێنێ یان
سزادانیان بە خەساندن لە ڕێی دەرمانەوە؟

شوان عەزیز
من پێموایە ئەگەر تاوانبار لە هەر بوارێکدا تاوان ئەنجامبدات دەبێ سزا
بدرێت. جا ئەو پیاوانەی کە دەستدرێژیی
سێکسیی دەکەنە سەر ژنان و کچان و
تاوانی گەورە لە دژی ژنان ئەنجامدەدەن، ئەوانیش دەچنە ناو ئەو
چوارچێوەیە و تاوانبارن و دەبێ سزای خۆیان وەربگرن! لێرەدا بۆچوونەکەی
من لەسەر بەریتانیایە کە سزای لەسێدارەدانی لە ساڵی ١٩٩٨وە
هەڵوەشاندۆتەوە بە هۆی کاریگەریی یاسای مافی مڕۆڤ لەو وڵاتەدا،
هەروەها بەریتانیا ئەندامە لە ئەنجومەنی پاراستنی مافی مڕۆڤ لە
ئەوروپادا، بەڵام ئەوەتە ئێستا حکومەتی بەریتانیا دەیەوێت سزایەکی تر
بچەسپێنێت و بە یاسایی بکات کە ئەویش سزای خەساندنە لە ڕێی دەرمانەوە.
ئەو سزایە، بە بڕوای من، هەم توندوتیژ ترەو هەمیش زیاتر دژی مافی مڕۆڤە
بە بەراورد بە سزای لە سێدارەدان. من پیم وایە سزای خەساندن، جا بە هەر
ڕیبازیک بێت، ترسناکتر و نامڕۆڤانەترە لە سزای لەسێدارەدان، چونکە ئەو
پیاوەی کە دەیخەسێنن نامرێ و لە ژیاندا دەمێنێ و لە نێو کۆمەڵگادا دێت
و دەچێت بەڵام وەک گاجووتێکی خەساو وایە و هیچ هەڵپە و ئارەزوویەکی بۆ
سێکس و خۆشەویستی نامێنێت و بە هیچ شێوەیکیش تەنانەت بیریش لە سێکس و
خۆشەویستی ناکاتەوە. بەڵام گرفتە گەورەکە ئا لێرەدایە کە مێشکی ئەو
پیاوە خەساوە کاردەکا
و بەئاگادەبێت و دەزانێت چیان لێکردووە و
دەزانێت جیاوازیی ئەو لەگەڵ پیاوانی تر چیە لە بواری سێکس و
خۆشەویستییدا! ئەو پیاوە خەساوە نەمردووە و ماوە، بەڵام هەر ڕۆژێک بۆ ئەو
مردنیکە و هەموو ڕۆژ و ساتێک خۆزگە دەخوازێت کە ئەگەر هەڵیانواسیبایە و لە
ژیاندا نەمابایە زۆر باشتر دەبوو لەو ژیانەی ئێستای. کەسی سزادراو بە
ریگەی هەڵواسین و لەسێدارەدان یەک جارە و چەند خولەکێکە و دەڕوا و
کۆتایی دێت، بەڵام سزادان بە ڕێبازی خەساندن هەموو ڕۆژ و ساتێک مردنیکە. ئەم
بارودۆخەش بە لای کەسی خەساوەوە، بە بڕوای من، چەندین کێشەی تر
بەدواخۆیدا دەهێنێت و بۆی هەیە جۆری تاوانەکان شێوەیەکی تر بەخۆوە بگرن
و بە ڕێگایەکی تر ئەنجامبدرێن. من
پێموایە بۆی هەیە بە شێوەی کاتیی و
بۆ ماوەیەک تاوان لەو بوارەدا کەم ببێتەوە بەڵام زۆری پێناچێت
تاوانەکان شێوە و جۆریان دەگۆڕێت و بۆی هەیە ترسناکتر و گەورەتریش
ئەنجامبدرێن! من
پێموایە، وەک چۆن سزای لە سێدارەدان لە بەریتانیا و
چەندین وڵاتی تریش
نییە و هەڵوەشاوەتەوە، دەبێ هەر ئاهواش سزای
خەساندنیش نەخرێتە دەستوورەوە و دەبێ دژایەتیشی بکرێت و لە جیاتی
خەساندن دەبێ بیر لە جۆرێکی تری سزادان بکرێتەوە!
جا ئەو بابەتەی کە نووسینەکەی ئێمەی دەربارەیە ئەوەیە کە بە پێی
نووچەیەک کە لە لایەن ڕاجیڤ سیاڵ بەرپرس و سەرنووسەری بەشی هەواڵەکانی
ناوخۆ لە گاردیانی بەریتانیادا لە ٢٢ی ئایاری ٢٠٢٥دا بڵاوکراوەتەوە
ئەوەیە کە: "لەو ڕۆژانەی ڕابردوودا بەرپرسێکی باڵای نێو دەزگای یاسایی
و دادی بەریتانیا بە ناوی شابانە مەحمود باسی لە سزادانی خەساندن
کردووە بۆ ئەو پیاوانەی کە تاوانی گەورەی سێکسیی و دەستدرێژیی گەورەی
سێکسیی لە دژی ژنان و کچان ئەنجام دەدەن! هەروەها شابانە نیازیشی هەیە
کە سزای خەساندن بە ڕێگای
کیمیایی، واتە داودەرمان، بخاتە بواری
جیبەجێکردنەوە وەک تاقیکردنەوە لە ئینگلتەرا و وەیلز!".
"پێشبینی دەکرێت کە وەزیری دادی بەریتانیا پشتگیریی لە ڕیفۆرم و
چاکساسازیی سزاداندا بکات لە ئینگلتەرا و وەیڵز کە بەشێکی بریتی دەبێ لە
بەکارهێنانی داودەرمان کە دەبێتە هۆی سەرکوت و بێدەنگکردنی ئارەزووی
سێکسیی! (واتە بریتی دەبی لە پێدانی جۆرێک لە حەب و دەرمان بە کەسی
تاوانبار کە دەبێتە هۆی خەساندنی ئەو کەسە!". (سەرچاوە: گاردیان)
بە پێی سەرچاوە فەڕمییەکانی دەوڵەتی شانشینی بەریتانیا شابانە مەحمود،
ئەفسەر و بەرپرسی هەرێ باڵای تاج، قسە لەسەر سەرکوت و بێدەنگکردنی
ئارەزووی سێکس دەکا بە ڕێگەی داودەرمانی
کیمیایی لە دژی ئەو کەسانەی
کە تاوانی گەورەو قورس لە بواری سێکسدا لە بەرامبەر ژنان و کچاندا
ئەنجامدەدەن و هەروەها دەستدرێژیی
سێکسیی دەکەنە سە ژنان و کچان!". (سەرچاوە:
گاردیان)
"بەشی تایبەت بەو کارە لە وەزارەتی دادی بەریتانیا نیازی هەیە کە
بەرنامەکەی فراوانتر بکات و وەکو پاکیجێکیش لە ٢٠ بیست هەرێمدا تاقیبکاتەوە لەسەر زیندانییانی زیندانەکانی ئینگلتەرا و وەیڵز و ئازادکردنی
هەزاران لەو زیندانییانە کە بە تاوانی سێکس و دەستدرێژیی سێکسیی زیندانیی
کراون. ئەمەش وا دەکا کە ئەو
گوشار و قەرەباڵغیەی کە لەسەر زیندانەکان
هەیە کەم ببێتەوە و نەمێنێت! هەروەها ئازادکردن و دانانی تاگ، واتە
ئامڕازی ئەلەکتڕۆنی بۆ چاودێرییکردنی تاوانباران، لەسەر پیاوکوژان و
ئەوانەی کە دەستدرێژیی
سێکسیی ئەنجامدەدەن دوای ئەوەی کە نیوەی سزاکەیان
لە زینداندا تەواو کردووە.". (سەرچاوە: گاردیان)
"شابانە، قسە لەسەر پێداچوونەوەیەکی وردی سەربەخۆیانە و بێلایانانە
دەکات لە سەر ئەنجامەکانی ئەو کارە. هەروەها شابانە داوا لە دەسەڵات
دەکات کە بنکەیەک دابمەزرێنێت کە لە سەر بەڵگە دامەزرابێ بۆ ئەو داودەرمانە
کیمیاییانەی کە ئارەزووی سێکس کەمدەکەنەوە و سەرکوتی دەکەن یان
دەبنە هۆی ئەوەی کە کەسی دەسدرێژیکار بیرکردنەوەی سێکسکردنی نەمێنێت.
جێگەی باسە ئەو پێشنیارە کە بۆ دەوڵەت و لایەنی دەسەڵات کراوە لە نێو
٤٨ پێشنیاری تردایەکە دەڤید گاوک خستوونیەتەڕوو بۆ ئەو مەبەستە!
پێشبینی دەکرێت کە شابانە ڕۆژی پێنجشەمەی داهاتوو وتەیەک لە ناو
ئەنجومەنی لۆردەکاندا پێشکەش بکات بۆ ئەوەی ئەو ڕێو شوێنانە دیاریبکات
کە ئەو پێی باشن لە چوارچێوەی چاکسازیی دادپەروەریی تاوانکاریدا!
سەرچاوەکانی سەر بە دەسەڵات و حکومەت ڕایانگەیاند پێشبینی دەکرێت کە
شابانە ڕەزامەندی لە سەر ڕێو شوێنە سەرکیەکانی پێداچوونەوەکە دەرببڕێت،
کە لە نێویاندا بریتیە لە مەرجی پێدانی تاگ بە زیندانییەکە، واتە پێدانی
ئامڕازی ئەلەکتڕۆنیی چاودێریکردن بدرێ بە تاوانبارەکە ئینجا ئازادکردنی ئەو زیندانییانەیە کە ڕەفتاریان باشە دوای ئەوەی کە سێ یەکی ماوەی
سزاکەیان لە زینداندا تەواو کردووە!". (سەرچاوە: گاردیان)
هەروەها شابانە ڕەرزامەندیی لەسەر ئەوەش دەربڕیوە ئەو زیندانیانەی کە
تاوانی گەورە و دەستدرێژیی قورسی سێکسییان ئەنجامداوە و نیوەی سزاکەشیان
لە زینداندا تەواو کردووە با ئازاد بکرێن و نیوەکەی تری سزاکەیان با بە
خزمەتکرن لە لە نێو کۆمیونیتیدا تەواو بکەن!
یەکێک لە پێشنیارەکانی دەڤید گاوک وەلانراوە و گوێی پێنەدراوە کە ئەویش
بریتیە لە: "پێویست دەکا کە پیسترین و ترسناکترین لە تاوانباران
ڕێگایان پێبدرێت کە زووتر داواکاری پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی بە مەرج ئازاد
بکرێن هەر کاتێک کە متمانەیان لە لایەن کەسانێک و سەرچاوەکانی نزیک لە
وەزیری داد بەدەست هێنا!
ڕاپۆرتەکە وەزیرەکان هان دەدا بۆ ئەوەی بناخەیەکی دامەزراو لەسەر بەڵگە
دامەزرێنن دەربارەی بەکارهێنانی ڕێگای سەرکوتی
کیمیایی بۆ ئەو کەسانەی
کە تاوانی سێکسیی ئەنجامدەدەن و هەروەها لەو ئەنجامانەش وردببنەوە کە
لە ئەنجامی پڕۆگرامی هاوشێوەدا بەدەست هاتوون لە وڵاتانی وەک
ئەڵمانیاو دانیمارک و پۆلەندا!
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە: "دەتوانرێت وروژانی سێکسیی و سەرقاڵبوون بە
سێکسەوە کەم بکرێتەوە لە ڕێگەی پێدانی داودەرمانی
کیمیاییەوە کە
ئارەزووی سێکسیی سەرکوت دەکەن و کەمیدەکەنەوە. ئەو داودەرمانانە
دەتوانرێت بدرێن بەو کەسانەی کە دەستدرێژی و تاوانی سێکس ئەنجامدەدەن".
هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات:" ئەو بەرنامەو پڕۆگرامەی کەس اڵی
٢٠٢٢ لە سەر زیندانییەکانی زیندانەکانی خوارووی ڕۆژئاوای ئینگلتەرا
تاقیکرایەوە کە بریتیبوو لەوەی داودەرمانی کەمکردنەوەی ئارەزووی
سێکسییان دەدا بە زیندانییەکان، ساڵی داهاتوو ئەو بەرنامەو پڕۆگرامە
تەواو دەبێ و داوا دەکرێت کە بەردەوامی پێبدرێت و بودجەشی بۆ تەرخان
بکرێت.".
هەروەها سەرچاوەیەکی نزیک لە شابانە گوتی: "حکومەت پلانی هەیە کە ئەو
بەرنامەیە فراوانتر بکات بە جۆریک کە ببێتە قۆناغێک و سەرەتایەک بۆ
ئەوەی لێرەوە بەسەر تەواوی وڵاتدا جێبەجێ بکرێت".
ئەو بەرنامە و پڕۆگرامە لە ڕێگەی دوو جۆر دەرمانەوە جێبەجێ دەکرێت:
یەکەم: دەرمانی SSRIs کە بریتیە لە کورتکراوەی Selective serotonin
Re-uptake Inhibitors کە ئەو دەرمانە بیرکردنەوەو ئارەزووی زۆری سێکس
کەم دەکاتەوەو سەرکوتی دەکات.
دووەم:دەرمانی دژە ئەندرۆجین Anti -androgens
دەبێتە هۆی کەم کردنەوەی بەرهەم هینانی هۆڕمۆنی تێستۆستەڕۆن کە
هۆڕمنۆنێکی نێرینەییەو پەیوەستە بە ئارەزووی سێکسەوە.
ئەو جۆرە دەرمانانە شانبەشانی کارە دەروونییەکانی تر کە هەندێک تاوانی
سێکس دەکەنە ئامانج لە بارەی شتی تریشەوە کاری خۆیان دەکەن بۆ نموونە
ئارەزووی هێز بەدەستەوە گرتن و زاڵبوون بەسەر دەوروبەردا.
دیسان سەرچاوەیەک لە حکومەتەوە گوتی: "شابانە پێی وایە و قسە لەسەر ئەوە
دەکا کە دەبێ خەساندن و نەهێشتنی ئارەزووی سێکس بە زۆرەملێیی بێت نەک
ئارەزوومەندانە لە بەرامبەر ئەو کەسانەی کە تاوان و دەستدرێژیی گەورەی
سێکس ئەنجامدەدەن!".
ڕێژەی تاوان و دەستدرێژیی
سێکسیی لە نێو تەمەنی گەورەساڵاندا لە کۆتایی
مانگی ئازاری ٢٠٢٥ دا گەییشتۆتە ٪٢٠ کە ئەوانە یەکسەر دەستبەجێ سزا
دراون. ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەداوە کە بەشداریی ئەو تاوانبارانە لەو
بەرنامە و پڕۆگرامانەدا لە ئینگلتەرا و وەیلز بە خۆبەخشانە و
ئارەزوومەندانە دەبێ!
لە نێو ئەو ڕاسپاردە و پێشنیارانەدا کە دەڤید گاوک، وەزیری پێشووی داد
لە حکومەتی پارێزگاراندا، دەڵێ پێویستە حکومەت بیانکات بریتین لە:
یەکەم: دڵنیابوون لەوەی کە دەبێ سزا ی دەستبەسەرکردن تەنها لە
بارودۆخێکی تایبەت و جیاوازو ناوازەدا کەمتر بێت لە ١٢ مانگ نەک لە
هەموو بارودۆخێکدا.
دووەم: درێژکردنەوەی ماوەی سزای هەڵپەسێرراو بۆ ماوەی سێ ساڵ و هاندانی
ڕێبازی دواخستنی سزا بۆ ئەوانەی کە تاوانەکانیان سووکن.
سێیەم: زیاتر ئاوەڵاکردنی دەستی دادگا بۆ بەکارهێنانی جۆرەها سزا بۆ
نموونە قەدەغەکردنی
گەشت و هاتوچۆ لە تاوانبار، قەدەغەکردنی لێخوڕینی
ماشێن و ئۆتۆمۆبێل، هەروەها نەهێڵن بەشداریی بکەن لە تپیی وەرزشیی بۆ
نموونە تۆپتۆپێن.
چوارەم: ڕێگا بە ئەفسەرانی چاودێرێی لە تاوانباران بدرێت تاکو بتوانن
ئاستی چاودێریکردن ڕێکبخەن بە پێی ئاستی مەترسی تاوانبارەکان و
گوێڕایەڵیی تاوانباران بۆ فەرمان و ئەرکەکانیان!
فراونکردنی دادگاکانی تایبەت بە تاوانەکانی ناوخۆی خێزان تاکو بتوانن
باشتر هاوکاری قوربانیانی ناوخۆی خێزان بکەن.
پێنجەم: فراوانکردن و درێژکردنەوەی کاری تاگکردنی دەستدەێژییکاران و
تاوانکاران لە دژی ژنان و کچان.
شەشەم: ڕاهێنانی زیاتر بە دەسەڵاتی دادوەریی و ستافەکەی تاکو زیاتر
بتوانن و شارەزابن لە یارمەتیدانی ژنان و کچانێک کە توندوتیژیی و
تاوانیان دەرهەق کراوە.
حەوتەم: گوڕينی مەبەستی یاسایی لە سزادان. بۆ نموونە دەبێ دادوەر و
دادگا چاویان لەوەبێ کە هاوکاریی قوربانییەکە بکەن بە
ئەندازەی ئەوەی بیر لە
جۆری سزا و ماوەی سزای تاوانبار بکەنەوە.
هەروەها دەڤید گاوک داوا لە حکومەت دەکات کە بودجە و هاوکاری زیادبکرێت
بۆ بەشی خزمەتگوزاریی چاودێریی و دەڵێ دەبێ ئامڕازەکانی چاودێریکردن،
واتا تاگ، بۆ دەستبەسەرکراو و زیندانییکراوەکان زیادبکرێن و فراوانتر
بکرێن. ئەو پێیوایە ئەگەر بێت و لەو بارەوە حکومەت سستی بنوێنێت ئەوا
ڕووبەڕووی پەرچەکرداری ڕای گشتیی دەبێتەوە. ئەو دەڵێ: "ئەگەر بەشی
چاودێریکردن هاوکاریی نەکرێت ئەوا مەترسییەکەی لەوەدا دەبێ کە ئێمە هیچ
بەرەو پێشچوونێک بەدەست ناهێنین لە بواری چاکسازیی
و گێڕانەوەی تاوانباران بۆ نێو کۆمەڵ!
لەو بارەوە سەرۆکی پۆلیسی بەشی نیشتیمانییش هەمان داواکاریەکەی دەیڤید
گاوکی بۆ زیادکردنی هاوکاریی و بودجەی بەشی خزمەتگوزاریی چاودێریکردن
دووبارە کردەوە.
ساشا هاشێت، سەرۆکی بەشی پۆلیسی نیشتیمانیی بۆ دادپەروەریی تاوانکاریی،
دەڵێت: "دەرچوونی تاوانباران لە زیندان نابێ بەو
واتایە بێت کە لە ژێر
کۆنتڕۆڵی پۆلیسدا نەمێنن. ئەگەر ئێمە بمانەوێت کە ژمارەی زیندانییان لە
زینداندەکاندا کەمبکەینەوە دەبێت دڵنیابین لێیان کە لە دەرەوەی
زیندان و نێو کۆمەڵگادا نەتوانن تاوان ئەنجامبدەن و کۆمەڵگا لێیان
پارێزراوبێت!".
"دەبێ هاوکاریی و زیادکردنی بودجە بۆ ئەو مەبەستە لە پێداچوونەی
خەرجیەکانی داهاتوودا دەربکەوێت و هەروەها لە وەبەرهەمهێنانیشدا لە
بواری زیادکردنی ئامڕازەکانی چاودێریی واتە تاگ و وەبەرهەمهێنان لە
بواری خزمەتگوزاری چاودێرییکردندا.".
لەو بارەوە گرووپی چاکسازیی هاوارد پشگیریی لەو ڕاسپاردەو پێشنیارانەکرد.
ئەندریە کومبەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکار، گوتی: "ئێستا تۆپەکە لە مەیدانی
حکومەتدایە. چارەسەرکردنی قەیرانی توانای زیندانەکان پێویستی بە
دەستێوەردانی گەورە هەیە، ئەمەش کاتێک دەردەکەوێت کە دەربکەوێت کە ئەو
بەرنامەیە ئەنجامی باشی بەدەست هێناوە و تاوان و تاوانکاریی لە نێو
کۆمەڵگادا بنەبڕکردووە.
لەو بارەوە پارتی پارێزگاران ئەو پێداچوونەوەی دەیڤید گاوکیان بەدڵ
نییە و
سەرکۆنەیان کردووە. ئەوەتە ڕۆبەرت جێنریک، وەزیری داد لە حکومەتی
سێبەردا گوتی: "بە هەڵوەشاندنەوەی سزای کورت بۆ زیندانیان کە
تاوانەکانیان سووکە بۆ نموونە هەندێک تاوانی وەک دزیی و دەستدرێژیی و
بەسەردادان و هەڵکوتانەسەر خەڵک و ماڵان بە مەبەستی دزیی دەچنە خانەیەک
کە بە تاوان دانانرین و ئەنجامدەرانیش دەچنە خانەی بێتاوانانەوە. ئەمەش
وەک دیارییەک وایە کە پێشکەشی تاوانباران دەکرێت کە تاوان ئەنجام دەدەن
و وا نیشاندەدەن کە بە نەزانیی کردوویانە".
تێبینی: خەساندن بە ڕیگای داوودەرمانی
کیمیایی جۆن دەبێ؟
ئەو جۆرە خەساندنە بریتیە لە پێدانی جۆرێک لە دەرمان بە مەبەستی کەمکردنەوە یا بە تەواویی نەهێشتنی ئارەزووی سێکس و تەنانەت هەندێک جاران
بیرکردنەوەی سیکس لەناودەبات. ئەو کەسانەی ئەو دەرمانانەیان دەدرێتێ
دەیانگەڕێننەوە بۆ سەردەمی مێرمنداڵییان لە ڕووی ئارەزووی سێکسەوە.
هەڵسوکەوت و ئارەزووی
سێکسیی ئەو کەسانە دەوەستێنن! ئەو دەرمانە
دەگونجێت جۆریک بێت لە SSRIs کە بریتیە لە کورتکراوەی: Selective
Serotonin Reuptake Inhibitors کە کار دەکاتە سەر بیرکردنەوەی ئارەزووی
سێس و هەروەها Anti-Androgens کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی هۆرمۆنی
تێستۆستەرۆن کە هۆڕمۆنێکی نێرینەیە و پەیوەستە بە ئارەزووی سێکس.
هەرچەندە دەتوانرێت کەسەکە بگەڕێنرێتەوە دۆخی پێش پێدانی دەرمانەکە
بەڵام دەرمانەکە لایەنی خەراپەی تریشی هەیە بۆ نموونە کەسەکە تووشی
خەمۆکیی دەکا، تووشی بیرکردنەوەی خۆکوژیی دەکات، تووشی ئارەقکردن و
گەرمبوونی لەشی دەکات هەروەها چەندین کاریگەریی لاوەکیی تەندروستیی
تریشی بەدوادادێت.
جێگەی باسە کە ئەو جۆرە دەرمانە لە هەندیک لە دەسەڵاتەکانی دادوەرییدا
بەکاردەهێنرێت وەک مەرج و پارێزبەندییەک بۆ ئازادکردنی تاوانبارانی
بەشی دەسترێژیی سێکس بۆ سەر ژنان و کچان. هەروەها هەندێک دەزگای
تەندروستیی بۆ چارەسەری هەندیک جۆری شێرپەنجەش بەکاریدەهێنن!

شابانە مەحمود کێیە؟
شابانە مەحمود ساڵی ١٩٨٠ لەدایکبووە،پارێزەر و سیاسەتمەدارێکی خەڵکی
بەریتانیایە. سەر بە پارتی کرێکارانە (لەیبەر پارتی). ساڵی ٢٠٢٣ بۆ ٢٠٢٤
وەزیری دادی سێبەر بووە، لە ساڵی ٢٠٢٤وە وەزیری داد و ڕاوێژکاری
لۆردەکانە. ئەندامی پەڕلەمانە و نوینەری بیرمینگهام و لەیدوود لە نێو
پەڕلەماندا لە ساڵی ٢١٠وە. دەرچووی کۆلیجی یاسایە.
__________________________________________
لە وەرگێڕانی ئەو بابەتەدا بۆ کوردی سوودم لەو
سەرچاوانە وەرگرتووە:
Shabana Mahmood considers chemical castration for
serious sex offenders | Prisons and probation | The Guardian
https://www.google.com/search?q=Shabana+Mahmood&sourceid=chrome&ie=UTF-8
https://www.google.com/search?q=Shabana+Mahmood&sourceid=chrome&ie=UTF-8
https://youtu.be/LNeZ_Wu
Wikipedia
ماڵپهڕی
شوان
عەزیز
|