په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٤\٢٠١٤

ئایا تێکەڵکردنی ئاین بە سیاسەت کێشەکان قووڵتر یاخود چارەسەر دەکا!


ئاریتما موحەمەد     


ئاین دەتوانێ کاریگەری ئەرێنی و رۆڵی مەزن لەناو کۆمەڵگادا بگێڕێت، بەڵام ئیتر نابێ خۆی هەڵواسێت بەسەر هەموو پرس و باسە جیاوازەکانی پێوەندیدار بە کۆمەڵ.


لەم بابەتەدا هەوڵ دەدەم کە بە کورتی بپرژێمە سەر کاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنییەکانی ئاین و پێوەندی نێوان بنەما دیموکراتییەکان و ئاین پێکەوە شرۆڤە بکەم و زۆر ڕوانگە و بیروبۆچوونی جیاواز لەو پێوەندییەدا بخەمە بەرباس و لێکۆڵینەوە و پێوەندی نێوان ئاین و کۆمەڵگا و بیرە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵ پێکەوە هەڵسەنگێنم و ڕوانگە گشتیی و جیهانییەکانی سەردەمی ئەمڕۆ لەگەڵ قۆناغە جیاوازەکانی ئاین و کولتوور و دابونەریت و سیستەمی سیاسیی شی بکەمەوە و ڕێگەچارەکانی قەیرانی ئاین و سیستەمی سیاسیی و دەسەڵاتدارێتی حوکوومەتەکان و زێدەڕەوەییە ئیدۆلۆژییەکانی دەسەڵاتدارێتی سیستەمی سیاسیی و ئاینی و داخراوەیی بیرە تاکڕەوییەکانی تاکەکان ڕوون بکەمەوە.


رۆڵی ئاین لە کۆمەڵگای کوردستان و جیهاندا:


دەبێت رۆڵی ئەو کەسایەتییە ئاینیانە بەرز بنرخێنین کە لە مێژووی کوردستاندا خزمەتیان بە بزاڤی نەتەوەیی و کولتوور و ئەدەبی کوردی کردووە و بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی خەبات و تێکۆشانیان کردووە و شۆڕش و بزووتنەوەیان هەڵخستووە و سەروەرییان خوڵقاندووە، دەبێ قەد ئەوە لە بیر نەکەین کە ئاین بەبەشێکی گرینگ و کاریگەر لە هەر کۆمەڵگایەک پێناسە دەکرێت، بەتاییبەت کۆمەڵگای کوردی کە لە ناوچەیەکی ئاینیی هەستیاردا جێی گرتووە و هەمیشە ئاین لەسەر شۆڕش و بزاڤە کوردیی و کۆمەڵایەتییەکان کاریگەری ئەرێنیی و نەرێنیی داناوە و لە زۆر قۆناغی مێژووییدا یەکێ لە ڕێگەکانی تێکشکاندنی بزووتنەوە کوردییەکان کەڵک وەرگرتنی داگیرکەران لە ئاین بووە، ئاین لە کۆمەڵگای کوردستاندا پرسێکی یەکجار هەستیارە کە دەبێت بەئەسپایی هەڵسووکەوتی لەگەڵ بکرێت، چونکوو تاکوو ئیستاش ڕێکخراوە ئاینییەکانی کۆمەڵگای کوردستان لەژێر کاریگەری وڵاتانی دەرەکیی و عەرەبیی و ئیسلامیی ناوچەکە دان.


لە دێر زەمانەوە ئاین بەبەشێکی گرینگ لە کولتووری کۆمەڵگا پێناسە کراوە، واتا ئاین کاریگەری ئەرێنیی و نەرێنیی بەسەر کۆمەڵگا و خەڵکەوە داناوە و هەمیشە هەژموونی ئاین لەناو گەل و کۆمەڵگادا بە ڕوونی خۆی دەرخستووە و رۆڵی یاسا و ڕێسایشی گێڕاوە و ئیستاش لە بەشێکی زۆر لە وڵاتانی دوونیا چ لە ئەورووپا و چ لە کوردستان و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی دوور و نزیک و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات ئاین بە یەکێ لە سەرچاوە هەرە گرینگ و مەزنەکانی یاسا دانان پێناسە دەکرێت. بەڵام ئاین لە بەشێک لەو کۆمەڵگانە ڕێفۆرم و گۆڕانکاری تێدا کراوە و لە زۆر بوواردا کاریگەری بە بەسەر زۆر پرس و بابەتی هەستیار و چارەنووسسازەوە نییە و دەور و رۆڵی لەناو کۆمەڵگادا کز و لاواز کراوە، بەڵام دیسانەوە هەروەک باسکرا لە زۆربەی وڵاتان حوکوومەتەکان گرینگیی و بایەخ بە رۆڵی ئاین دەدەن و تەنانەت ئاین کاریگەری بەسەر یاساکان و حوکوومەتەکانەوە هەیە و لەناو خودی حوکوومەتەکانیشدا رۆڵی ئاین لە یاسا بەڕوونی لەبەر چاو گیراوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر کەسێک زانیاری تەواو و درووستی لەبارەی ئەو وڵاتانەوە پێ نەبێت، زانیاری لە بارەی کولتوور و دۆخی ژیانی ئەو خەڵکانەوە نەبێت، نازانێت کە سیستەمی سیاسیی ئەو وڵاتانە چەندە لە ژیر کاریگەری ئاین دان و چەندە ئاین رۆڵی گرینگ لەناو ئەو سیستەمانەدا دەگێڕێت.


ئەگەر باس لە کۆمەڵگای ئەورووپی بکەین، لەپاش شەڕ و هێرشی کلیسا بۆ سەر ڕووناکبیران و کەسانی زانستپەروەر و لەداردان و لەخاچدانی ئەو چینە نوێخواز و پێشکەوتووخوازەی کۆمەڵگا، کاریگەری ئاین هێدی هێدی کز بووەوە و رۆڵی لاواز کرا و ڕێفۆرم و گۆڕانکاری لە مەسیحییەتدا هاتە گۆڕێ. چونکوو لەو سەردەمەدا مەسیحییەت باڵی بەسەر هەموو کۆمەڵگا کێشابوو و هەژموونی زاڵ بوو بەسەر تێکڕای پرس و باسە گرینگ و چارەنووسسازەکانی ناو کۆمەڵگا، هەر ئەوەش هۆکاری ئەوە بوو کە کێشەکان زۆر بن و ئەو ئاینەش وڵامدەری هەموو ویست و داخوازییەکانی چینە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگای پێنەبوو و زۆرتر و پتر لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە بۆ چارەسەری کێشەکان ڕێگای کپکردنەوەی دەنگی ناڕازیی و ڕەخنەگران لە پێش بگرێت و سەرکوتیان بکات و بەربەستەکان تێک بشکێنێت و ئەو کەسانە کە رۆڵیان لە خوڵقاندنی "کێشەکان"دا هەبوو تیرۆر بکات و لەناو ببات. هەر ئەوەش بۆ ماوەیەکی کورت توانی کە کێشەکان کپ بکاتەوە. دەرئەنجامەکەشی ئەوە بوو کە زۆر کەسی ڕووناکبیر و نوێخواز و پێشکەوتووخواز بووە قوربانی سیاسەتەکانی مەسیحییەت و دەسەڵاتی دەمارگرژییانەی کلیسا. ئەوەش بە دەسپێکی بەخۆداچوونەوەی قوڵی کۆمەڵگای ئەورووپی لە پێوەندی بە ئاین بەئەژمار دێت.


کۆمەڵگای ئەورووپی ئەزموونی ڕەش و تاڵی لە سیستەم و دەسەڵاتدارێتی کلیسا و مەسیحییەت بەدەست هێنا، هەر بۆیە هەوڵیاندا کە سنوورێک بۆ زێدەڕەوییەکانی کلیسا و دەسەڵاتدارێتی ئەو ئاینە لەناو کۆمەڵگا دابنێن و ڕێ و شوێنی پێویست لەبەر بگرن. دەسپێکی ئەو هەوڵ و بیرە نوێیە لەوە دەستی پێکرد کە ئاڵووگۆڕ بەسەر ئەو ئاینەدا بهێنن و داستان و چیرۆکی نوێی پێوە زیاد بکەن و هندێک لە داستان و چیرۆکەکانی ناو ئەو ئاینە دەستکاری بکەن و پتر رۆڵی ئاینێکی ئاشتیخواز و نەرمونیان بگێڕێت، نەک هێرش بکاتە سەر دژبەرانی ئاین و ڕەخنەگرانی ئەو بووارە سەرکۆنە و سەرکوت بکات. واتا رۆڵی ئاینێک بگێڕێ کە لە دەرەوەی دەسەڵاتەوە دەور و رۆڵ بنوێنێ و تەنیا هەوڵ بۆ ئەوە بدات کە پەیامی ئاشتیخوازیی لەناو کۆمەڵگادا بڵاو بکاتەوە، نەک لە هەوڵی بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات و یەکڕەنگ کردنی کۆمەڵگادا بێت. لەو کاتەوە تاکوو ئیستا ئاین لە کۆمەڵگای ئەورووپی دەسەڵاتی بێسنووری لە دەست داوە، بەڵام هاوکات لە سیاسەتدا بەشدارە و رۆڵی لە یاسا و کولتوور و کۆمەڵگا دیار و بەرچاوە.


لە کۆتاییدا لە ئاینی مەسیحییەتدا ڕێفۆم و گۆڕانکاری هاتە کایەوە. هەنووکە مەسیحییەت لە کۆمەڵگای ڕۆژئاوایی بەبەشێکی گرینگ و بەرپرس لە ئاست کێشەکان دێتە ئەژمار و رۆڵی بایەخدار و مەزنیش لەناو ئەو کۆمەڵگانەدا دەگێڕێت. ئیستا پێوەندی نێوان چینەکانی کۆمەڵگا، دەسەڵات، حوکوومەت و ئاین بتەوە و هەمووان تێکەڕا رۆڵ دەگێڕن و کۆمەڵگا بەڕێوە دەبەن و هیچکام لەو لایەنانەش زێدەڕەوی ناکات و یاساش بۆ تێکڕای لایەنەکان، حوکوومەت و چینوتوێژەکانی کۆمەڵگا و ئاینەکان یەکسانە، چونکوو لە نووسینەوەی یاسای بنەڕەتی وڵاتدا رۆڵی هەموو ئەو لایەنانە لەبەر چاو گیراوە و هەمووان مافەکانی خۆیان لە جێبەجێکردنی یاسادا دەبیننەوە و کاتێک کە یەکێ لەو لایەنانە رۆڵی زیاتر بنوێنێ دواتر بەرەو قورخکردنی دەسەڵات هەنگاو دەنێت و گوشار بۆ سەر چینەکانی دیکە دێنێت و هەوڵ دەدات کە هەژموونی خۆی بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنێت، ئەوەش دەبێتە هۆی تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵگا.


ئیدۆلۆژی سیاسیی، ئاینی و دەسەڵات:


بۆ نموونە، ئیدۆلۆژی ئاین، سیستەمی فاشیستی و دیکتاتۆری، تەک حیزبی و ئیدۆلۆژییە نەگۆڕەکان، گرینگی نەدان بەفرە چەشنی و فرەگەرایی، لەو چەشنە ڕێکخراو و سیستەم و حوکوومەت و دەسەڵاتانەن کە بە ئارەستەی خوڵقاندنی قەیران هەنگاو دەنێن و لەو پێوەندییەدا کۆمەڵێک فاکتەری ڕوون لە بەردەست دان کە بە کورتی ئاماژەیان پێدەکەم. کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕژیمی بەعسی عێراق دوو نموونەی هەرە ڕوون و ئاشکرای ئەو سیستەمانەن کە بەرەو ئارەستەی قەیران هەنگاویان ناوە و دەرئەنجامی ئەو هەنگاونانەشمان بینیوە کە چەندە مەترسیدار بووە، کەڵکیان لە هەموو کەرەستەیەک وەردەگرت بۆ ئەوەکە پەیامی شەڕانگێزی خۆیان بگەیەنن و بۆچوونی خۆیان بەسەر کۆمەڵگا و هەموو لایەکدا بسەپێنن.


فەلسەفەی ئەو بیروهزرە فاشیستیی و کۆنەپەرستییەش تەنیا لە بیروبۆچوونی تاکە چینێکی کۆمەڵگاوە سەرچاوە دەگرێت و تەنیا لە بیری بەرژەوەندییەکانی خۆی و لایەنێکی دیاریکراودا بوون و لە ڕوانگەی ئەو ئیدۆلۆژییە یاخود ئەو سیستەم و دەسەڵات و حوکوومەتەوە لە کۆمەڵگا دەڕوانن و قازانجی گشتیی کۆمەڵگا و چینەکانی دیکە لەبەرچاو ناگرن. بۆیە تێکڕای چینەکانی کۆمەڵ و نوێخوازان و دژبەران و ڕەخنەگرانی ئەو بووارە بە نەیاری سەرەکیی خۆی پێناسە دەکات و هەوڵی سەرکوت کردنیان دەدات. لە ئاکامیشدا بارسەنایی هێز و دەسەڵات لە بەرژەوەندی ئەو لایەنەدا دەشکێتەوە و کۆمەڵگا تووشی قەیرانی مەزن دەکات کە بۆ سەدان ساڵی دیکەش کاریگەرییە نەرێنییەکانی بەسەر کۆمەڵگاوە دیار و بەرچاو دەمێنن.


ئاکام و دوایین قۆناغی سیاسیی هەر دەسەڵاتێکی تەکڕەو و فاشیست و ئیدۆلۆژیخواز و کۆنەپەرەست کە تەنیا لە ڕوانگەی چینێکی تاییبەتەوە یاساکان دابڕێژێت و بڕیار لەسەر بەرژەوەندی گشتیی کۆمەڵگا بدات، بەوە کۆتایی پێ دێت کە کۆمەڵگا و وڵات بەرەو قەیران و وێرانە و ڕۆخان و داڕمانی ئابووری دەبات و تەنیا گەلیش لەو هەڵە سیاسیی و مێژوویی و ئیدۆلۆژییانە زەرەرمەندی یەکەم دەبێت. بۆیە گەل چاو و چاوێلکەی سەرکەوتنی کۆمەڵگایە، واتا ئەگەر ئەو چاوە کز و لاواز بێت، هەموو هەڵەکان نابینێت تاکوو تێیدا نوقم دەبێت. بۆیە ئیسلامی سیاسیی و فاشیزم، کۆنەپەرەستیی سیاسیی و ئیدۆلۆژی ئاینیی و دیکتاتۆری هەمیشە لە هەولی ئەوەدان چاوی کۆمەڵگا کز و لاواز بکەن کە هێزی بینینی ڕۆخان و داڕمانە سرووشتیی و دەستکردەکانی کۆمەڵگایان نەبێت و هەڵەکانیان دەستبژێر نەکەن. بۆ ئەوەش پەنا بۆ زۆر پرس و بابەتی سەیروسەمەرە دەبەن کە بەردی بناغەی خوڵافات لە کۆمەڵگادا پێ دابڕیژن و کولتوور و ناسنامەی سەرەکیی گەل لە بەرژەوەندی بیرۆکەکانیان گەشە پێبدەن و بەرەو پێش ببەن و کۆمەڵگای پێ پەروەردە بکەن.


ڕەشەکوژیی موسڵمانەکانی وڵاتی "بەرمە"میانمار" لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لەلایەن بووداییەکانی ئەو وڵاتە، هەروەها کوشتنی نوێخواز و لیبڕاڵ و سۆسیالیستەکان لە لایەن ئیسلامییەکانەوە و هەوڵدان بۆ داسەپاندنی سیستەمی ئیسلامی سیاسیی بەسەر کۆمەڵگا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گەورە دا، یاخود پاکتاوکردنی موسڵمانەکانی ئەفریقای ناوەند لە لایەن ڕێکخراوی تیرۆرستی "ئانتی بالاکا" کە لە مەسیحییەکانی ئەو ڵاتە پێک دێت، یان کوشتنی مەسیحییە قەتبییەکانی میسر لەلایەن ڕادیکالیزمی ئیسلامی سیاسییەوە، یاخود سیستەمی دەسەڵاتدارێتی لە چەشنی تاڵیبانی ئەفغانستان و داعش لە ڕۆژئاوای کوردستان و ڕێکخراوی تیرۆرستی ئەلقاعیدە و دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق کە هەوڵ بۆ سەپاندنی ئیسلامی سیاسیی لە کۆمەڵگا دەدەن و ڕووناکبیران و نوێخوازان سەرکوت دەکەن و دەیانکوژن و هەوڵ بۆ "دووگما" و داخراوەیی کۆمەڵگا دەدەن.


بناغە و بنەمای هەموو ئەو هەوڵانە لە فەلسەفەی ئیدۆلۆژی سیاسیی و ئاینی سەرچاوە دەگرێت کە تێکڕای ئەو هەوڵانەش بەرهەمی ڕوانگەی یەکلایەنەیە و بیر لە قازانج و بەرژەوەندی گشتیی کۆمەڵگا و چینەکانی کۆمەڵ ناکاتەوە و بەربەستەکانی قورخکردنی دەسەڵات تێک دەشکێنێت بۆ ئەوەکە دەسەڵاتی بەرفەراوان بۆ خۆیان دەستبەر بکەن، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش یەکێ لەو سیستەمانەیە کە بە کەڵک وەرگرتن لە ئاین دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتووە و پێویستە وەک یەکێ لەو دەسەڵات و حوکوومەتانە کە تەنیا بەرژەوەندی تاقمێکی دەسەڵاتخواز و کۆنەپەرەست لەبەرچاو دەگرێت، ئاماژەی پێبکەین. لە پاش سەرکەوتنی شۆڕشی نەتەوەکانی ئێران و ڕۆخانی ڕژیمی پاشایەتیی، مەلاکان دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت و کۆماری ئیسلامی ئێران پێکهات و ئیتر بۆ جارێکی دیکە نەتەوە بندەستەکانی ئەو وڵاتە کەوتنەوە ژێر دەسەڵاتی حوکوومەتی ناوەندیی، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە ژێر ناوی "جیهاد" هێرشی کردەسەر کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و دەیان گوند و ناوچەی وێران کرد و هەزاران رۆڵەی کورد گیانیان لەدەست دا، دوای ئەوەش تێکڕای هێزە لائیک و سیکوولارەکانی ئەو وڵاتە کەوتنەبەر تێغی هێزەکانی ڕژیم و تەفروتوونا کران و سیستەمی ئیسلامی سیاسیی لە چەشنی کۆماری ئیسلامی و "وەلایەتی فەقی" باڵی بەسەر ئەو وڵاتەدا گرت. هۆکاری بنەڕەتیی ئەو هێرشە بەربڵاوەی ڕژیمی ئێران بۆ سەر ڕووناکبیران، جیابیران، شۆڕشگێران، ئازادیخوازانی کورد و نەتەوەکانی دیکە، لەو ڕوانگە تاکلایەنە کە تەنیا بەرژەوەندی ئەو تاقمە کە دەسەڵاتیان قورخ کردووە سەرچاوە دەگرێت و بنەمای بڕواکانی ئەو چینەش لەسەر پێوەری ئیدۆلۆژی ئیسلامی سیاسیی دامەزراوە، بۆیە تاکوو دێت بەرەو تاکڕەویی سیاسیی و ئابووری هەنگاو دەنێن و کۆمەڵگا ملکەچی سیاسەت و بیروڕاکانی خۆیان دەکەن و هەوڵ بۆ نەویی کردنی ملی گەشەسەندووی کۆمەڵگا لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەدەن.


شۆڕش و دەستبەسەردا گرتن:


بەشێک لە کۆمەڵگاکان لەپاش ئەوەکە هەستیان بە نادادپەروەریی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و ئابووریی کرد و هەستیان بە بەرتەسکبوونی ئازادی و ژێرپێنانی مافەکانی مرۆڤ کرد و دەرفەتی هەستانەوەیان بۆ ڕەقسا، هەوڵ بۆ وەڕێخستنی شۆڕش دەدەن و لە دژی سیستەمی سیاسیی دەسەڵات هەڵدەستنەوە و خەبات دەستپێ دەکەن. بە کۆی گشتیی ئەو خەباتە هەمەلایەنە مەدەنیی و خۆماڵییە "شۆڕش" یاخود "هەستانەوە" دەوترێت. "شۆڕش و هەستانەوە" بەو ئاڵووگۆڕە گشتیی و ڕیشەییانە دەوترێت کە لەلایەن کۆی گشتیی کۆمەڵگاوە هەوڵی بۆ دەدرێت و سەرتاپای سیستەمی سیاسیی، ئابووری، کۆمەڵایەتیی و کولتووری لەخۆ دەگرێت و سیستەم و چوارچێوەیەکی نوێ جێگرەوەی ئەو سیستەمە کۆنە دەکات و ئاڵووگۆڕی پێویست پێک دەهێنێت و دەرفەت و هەلی نوێ دەخوڵقێنێت و کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی لەسەر ڕەنگ و ڕیشە، بنچینە و بناغەی دەسەڵات و یاسا دادەنێت و هەموو قوژبنێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووری دەپێکێت. بەڵام هەرکە شۆڕش و هەستانەوەکە سەرکەوت، بەپێی زانستی مێژوو لە زۆربەی هەستانەوەکاندا کۆمەڵێک کەس و کەسایەتیی بەرژەوەندیخواز کە خۆیان بەبەرۆکی ئیدۆلۆژییە سیاسیی و ئاینییەکاندا هەڵواسیوە هەوڵ بۆ دەستبەسەردا گرتنی شۆڕش دەدەن و بەبەڵێنی بێبنەما خۆیان دەسەپێننە سەر کۆمەڵگا و لە هەستی پاکی کۆمەڵ کەڵکی نابەجێ و بەرژەوەندیخوازانە وەردەگرن و پاش ئەوەش کە بنەماکانی ئەو سیستەم و دەسەڵاتەی کە ئامانجیان بووە تنوتۆڵ کرد و دایانکوتا، ئیتر دەکەونە دژایەتی کردنی کۆمەڵگا و بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵ لە ڕوانگەی خۆیانەوە شرۆڤە دەکەن و دادەڕێژن و ئازادییەکان بنبڕ دەکەن و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی کە تازە سەریان هەڵداوە سەرکوت دەکەن و بەهێز هەوڵ بۆ داسەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان دەدەن و ...هتد.


ئەوەش لە شۆڕشی گەلانی بندەستی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ی زایینی ڕوویدا و تێدا سیستەمێکی نوێ، بەڵام کەون و پاشکەوتووانە بەناوی کۆماری ئیسلامی ئێران درووستبوو و تاقمێکی کەمینە دەسەڵاتیان بەسەر نەتەوە بندەستەکانی ئەو وڵاتەدا گرت و ڕێیان لە دابین بوونی مافە نەتەوەییەکانی ئەو نەتەوە ماف لێزەوتکراوانەدا گرت کە بە گورزی هێز بەو وڵاتەوە لکێنراون. لەو شۆڕشانەی کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو لە وڵاتانی باکووری ئەفریقا ڕوویدا تا ئاستێک ئەنجامی شۆڕشەکان دەستی بەسەردا گیرا و هەوڵ بۆ بێدەنگ کردنی کۆمەڵگا درا. هەر هەموو ئەو خاڵانەی کە لە سەرەوە شرۆڤەم کرد، ئاماژە بەوە دەکەن کە کاتێک ئیدۆلۆژییە ئاینیی و سیاسییەکان بەدەسەڵات دەگەن و تێکەڵ بەسیاسەت دەکرێن، کاریگەری نەرێنی لەسەر کەسایەتیی تاکی کۆمەڵگا دادەنێن و بەرفەراوان و جیاواز، پلۆراڵ و ڕەنگاوڕەنگ لە کۆمەڵ و پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگا ناڕوانن، یاخود ئەو کەسایەتیی و تاکانەی کە خۆیان بەو ئاین و ئیدۆلۆژییە سیاسییەدا هەڵواسیوە بەو چەشنە لە جیاوازییەکانی کۆمەڵگا ناڕوانن و هەوڵ بۆ یەکڕەنگ کردنی کۆمەڵگا لە چەشنی ڕەنگی خۆیان دەدەن، بۆیە پێویستە کە پەرە بە بوواری ڕۆشەنبیریی گشتیی کۆمەڵ بدرێت و پێش ئەوەی کە ئەو ئیدۆلۆژییانە بەدەسەڵات بگەن یاخود هەوڵی بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات بدەن بە شێوەیەکی زانستی بۆ کۆمەڵگا شرۆڤە بکرێن و ڕووبەری بەرفەراوانیی و پانتایی سیاسیی و کۆمەڵایەتییان ئەژمار بکرێت و پێشکەوتنی کۆمەڵ و گۆڕانکارییەکانی نوێی کۆمەڵگا هاوکات لەگەڵ ئیدۆلۆژی نەگۆڕ و یاسا پێکەوە هەڵسەنگێنن، بۆ ئەوەکە کۆمەڵ بتوانێ بە ئاسانی بڕیار لەسەر بژاردەی خۆی بدات و دەستنیشان بکات.


لەولاشەوە لە فەلسەفەی بەشێک لە ئاینانەدا باس لە ئازادی و جیاوازبوونی کۆمەڵگا و مرۆڤایەتیی کراوە و دانی بەو ڕاستییانەدا ناوە و ئاماژەی بەوەش کردووە کە مەبەست لەوەی کە خودا کۆمەڵگا و زمان و ناسنامەی جیاوازی ساز کردووە بۆ ئەوە بووە کە مرۆڤەکان هەمیشە و بەردەوام لە پێوەندی گرتن لەگەڵ یەکدا بن و هەست بە ماندووبوون و یەکڕەنگیی جیهان نەکەن، کەواتا پێویستە کە هەمووی کێشە و بەربەستەکانی کۆمەڵگا نەخرێنە سەر ئاینەکان، بەڵکوو ئەو کەسایەتیی و تاکانەش کە دەستیان بەسەر ئاین و ئیدۆلۆژییەکاندا گرتووە کاریگەری نەرێنیان لەسەر ئاین داناوە و لە ئاین بۆ بەدەست هێنانی دەسەڵات و ویستی خۆیان کەڵکیان وەرگرتووە و ڕۆلی پڕ بایەخی ئاینیان لە بەرژەوەندی خۆیان بەکار هێناوە.


بایەخی ئاین لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە:


ئاین لە باری دەروونناسیی و لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە پرسێکی یەکجار گرینگ و پڕ بایەخە و هەر لە سەرەتای دەسپێکی مێژوو بوونی هەبووە و لە ئاینە ئاسمانییەکانەوە بگرە تاکوو دەگاتە ئاینەکانی دەستکردی مرۆڤ هەموو بۆ پڕ کردنەوەی ئەو بۆشاییە کە لە ناخی مرۆڤ دایە و بۆ هەمان هەست کە پێوەندی بەدەروونی مرۆڤەوە هەیە، درووست بوونە و رۆڵی خۆیان دەگێرن و زۆرجار مرۆڤ لە ئەو پەڕی بێ هیواییدا پەنا بۆ ئاین دەبات و کاریگەری باش و ئەرێنی لەسەر دەروونی مرۆڤ دادەنێت. بەڵام ئیتر نابێ لەبەر ئەو رۆڵەی کە ئاین لە کۆمەڵگادا دەیگێڕێت و کاریگەری بەسەر دەروونی مرۆڤەوە هەیە، دەسەڵاتی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و ئابووری لە هەموو ئاست و پرسە جیاوازەکانی کۆمەڵگا لەدەست بگرێت و هەژموونی خۆی بسەپێنێتە سەر کۆمەڵ و بەدوای قورخکردنی ژیانی کۆمەڵگاوە بێت. ئەو هەوڵەی ئاین دژکردەوەی کۆمەڵگا بەدوای خۆیدا دێنێت و قەیران دەخوڵقێنێت و کێشەکان بەرفەراوانتر دەکات و کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی مرۆڤەکان دادەنێت. بەتاییبەت لەو کاتەدا کە تێکەڵ بە سیاسەت و ژیانی گشتیی کۆمەڵگا و مرۆڤەکان دەکرێت و کەسانێکی بەرژەوەندیخواز خۆیانی پێدا هەڵدەواسن و درووشمەکانی بەرز دەکەنەوە و نوێنەرایەتی ئاین دەکەن.


چونکوو خودی ئاین پرسێکی گرینگ و بایەخدار و هاوکات پاک و پیرۆزە، لەبەر ئەوە وەک خودی ئاین و فەلسەفەکەی رۆڵی ئەرێنی دەگێڕێت، بەڵام کاتێک کە مرۆڤە هەلپەرەستەکان خۆیانی پێدا هەڵدەواسن و لە ڕێگای ئاینەوە بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات هەوڵ دەدەن، ئیتر ئاین تێکەڵ بە پرسە سیاسیی و مرۆیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکانەوە دەکرێت و ئاین بەبێ ئەو پرسانە لەلایەن "کەسانی بەناو ئاینییەوە" بایەخی نامێنێت و تا کاتێک ئاین بێدەسەڵات بێت تاکە زێدەخوازەکانی کۆمەڵگا کە بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات هەموو سنوورە دوور و هێڵە سوورەکان دەبەزێنن و بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات پەنا بۆ ئاینیش دەبەن ئارام نابن، چونکوو ئاین بەباشترین ڕێگە بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات دەزانن و بە ئاسانی بەسەر ڕای گشتیی کۆمەڵگادا زاڵ دەبن و دواتر بۆچوونەکانی خۆیان وەک پەیامی ئاسمانیی دەرخواردی کۆمەڵگا دەدەن. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران باشترین ئاماژەیە بۆ ئەو مەبەستە و تەنانەت "عەلی خامنەئی" خۆی بە نوێنەری خودا لەسەر گۆی زەوی دادەنێت و ڕەخنەگرتن لە بۆچوون، سیاسەت و هێڵ، بناغە و بنەما گشتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ڕەخنەگرتن لەخودا پێناسە دەکات و تاکوو هەنووکەش دەیان هەزاران کەس و بەتاییبەت هەزاران رۆڵەی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر ئەو پەیام و سیاسەتەدا گیانیان لەدەست داوە و کوژراون و لە سێدارە دراون.


سیاسییە ئیسلامییەکانی کۆمەڵگای کوردستانیش بەهەمان ڕێدا دەڕۆن کە دەسەڵات بەدەستەوە بگرن و هەژموونی خۆیان لەپاڵ ئایندا بەسەر کۆمەڵگای کوردستاندا بسەپێنن، بەپێی ئەزموونی ئیسلامی سیاسیی لە چەند دەیەی ڕابردوو دا، کەسانی هەلپەرەست لەپاڵ ئایندا خەبات بۆ دەستبەسەردا گرتنی هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگا دەکەن و دەیانهەوێت کە کۆمەڵگا بەتەواوەتی بخەنە ژێر کاریگەری و هەژموون و ڕکێفی سیاسیی خۆیانەوە و دەسەڵات بەسەر تێکڕای پرس و بابەتە چارەنووسسازەکانی کۆمەڵگادا بگرن. دەیانهەوێت کە تاکە سەرچاوەی یاسا دانان ئاین بێت، کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگایەکی فرە ئاینییە و تەنیا لەناو ئاینی ئیسلامدا دەیان لەقوپۆ هەن کە بۆچوونیان لەگەڵ یەک جیاوازە و پێکەوە ناگونجێن و سونی و شیعە بەدوو بەرەی ڕوون و ئاشکرای ناو ئاینی ئیسلام پێناسە دەکرێن کە سەدان ساڵە لە دژی یەک خەباتیان کردووە و سەدان هەزار کوشتەیان لەیەکتر داوە. هەنووکە ئەو قۆناغە تێپەڕیوە کە تاکە سەرچاوەی یاساکان ئاین و شەریعەت بێت. ئیستا یاسا لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان لەسەر پێوەرەکانی مافی مرۆڤ دادەڕێژرێت کە مافی هەموو چین و ئاین و بیروبۆچوونە جیاوازەکانی کۆمەڵگا لە خۆیدا جێ و کۆ دەکاتەوە. دەکرێ کە یەکێ لە سەرچاوەکانی یاسادانان ئاین بێت، ئەوەش لەبەر ئەوەکە یاسای دژ بە ئاین دانەڕێژرێت و ئاین دەبێت خۆی لەگەڵ یاساکانی مافی مرۆڤدا بگونجێنێت و ڕێکبخات. کۆمەڵگای پێشکەوتوو و سەرکەوتوو کۆمەڵگایەکە کە تێکڕای چینەکانی ناو ئەو کۆمەڵە، تێکڕای بیروبۆچوونەکان و ئاینەکانی ناو کۆمەڵگا یاسا لە قازانج و بەرژەوەندی خۆیاندا ببیننەوە و هیچکات هەوڵ بۆ یەکدەست کردنی کۆمەڵگا نەدەن، شیرازەی کۆمەڵگای پێشکەوتوو لەسەر پێوەرەکانی مافی مرۆڤ و مافی یەکسان بۆ هەمووان دامەزراوە.


ئاینی ئیسلام:


ئاینی ئیسلام لە مێژووی خۆیدا کۆمەڵێک قۆناغی گرینگی تێپەڕاندووە کە دەکرێ بەگەڕانەوە بۆ بەشێک لەو قۆناغانە چارەسەری کێشەکانی نێوان لایەنە سیکوولار و ئیسلامییە سیاسییەکان بکرێت، هەڵبەت ئەگەر ئیسلامی سیاسیی بەدوای چارەسەردا بگەڕێت و پتر گرینگی بەپێگەی ئاین لە کۆمەڵگا بدات، نەک بەدوای دەسەڵات و هەژموونی سیاسیی و ئابووری و زێدەخوازی لە ناو کۆمەڵگادا بێت. باشترین ڕێگەچارە بۆ ئیسلامی سیاسیی ئەوەیە کە قۆناغی یەکەم و پێش "هیجرەتی" پێغەمبەری ئیسلام بکەنە فەلسەفەی بنەڕەتی خۆیان و ئامانجی ئیسلامی سیاسیی دەبێت لە کۆی گشتیدا بەدەست هێنانی ئەو مافانە بێت کە لەو قۆناغەدا ئاینی ئیسلام بەدەستی هێناوە. ئەگەر ئیسلامی سیاسیی لە زێدەخوازییەکانی بەردەوام بێت، پێم وایە کە لە داهاتوودا لەگەڵ کێشەی بنەڕەتی ڕووبەڕوو دەبن و خەڵک لەو ئاینە دەکشێنەوە، بۆ نموونە لە سێبەری کۆماری ئیسلامی ئێراندا ڕۆژانە دەیان ئێرانی دەبنە مەسیحی و ئاینی خۆیان دەگۆڕن و لە ئیسلام دوور دەکەونەوە، من لەسەر ئەو باوەڕەم کە ئیسلامی سیاسیی گرینگی بەپێگەی ئاین لە کۆمەڵگا نادات و بەدوای ویستی خۆی دەکەوێت، بۆیە پێویستە کە ئیسلامی ڕاستەقینە لە دژی ئیسلامی سیاسیی بووەستێتەوە و پەلاماری بدات و لەوە زیاتر ئەو ئاینە تووشی قەیران نەبێت.


پێش "هیجرەت"ی پێغەمبەری ئیسلام لە مەکە بۆ مەدینە کۆمەڵێک پرس و باسی گرینگی هێناوەتە گۆڕێ کە دەکرێ ئاینی ئیسلام بنەمای ئەمڕۆیی خۆی لەسەر ئەو پێوەرانە دابڕێژێتەوە و خۆی لە هەوڵدان بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی سیاسیی ببوێرێت. بەو شێوە دەکرێ ڕێ لە ڕێفۆرم و گۆڕانکاری لەو ئاینەدا بگرن، چونکوو ڕێفۆرم و گۆڕانکاری چوارچێوەی ئاینەکە دەگۆڕێت و ئەوەی کە بەدڵی مرۆڤی ئەمڕۆیی بێت جێگیر دەکرێت، هاوکات سەردەمی ئەمڕۆ سەردەمێکی پێشکەوتووە کە هیچ بیروبۆچوونێک تەنانەت ئەگەر درووست و پێویستیش بێت ناتوانێ یەکلایەنە دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت و هەژموونی سیاسیی خۆی بسەپێنێتە سەر کۆمەڵگا. دەورانی خەلافەتی ئیسلامی کۆتایی پێهاتووە و هیچکام لە لایەنە ئیسلامییە سیاسییەکانیش ناتوانن کە تەنیا خۆیان بە نوێنەری ئیسلامی ڕاستەقینە بزانن، چونکوو ئیسلامی ڕاستەقینە بەرژەوەندی ئاین لە بەرچاو دەگرێت و بەدوای دەسەڵاتی سیاسیی ناکەوێت.


نوێنەرایەتیی ئیسلامی ڕاستەقینە لە کوردستان:


خەبات و تێکۆشانی شێخەکانی کوردستان وەک شێخ سەعیدی پیران، شێخ عەبیدووڵای نەهری، شێخ مەحموودی نەمر، ژێنێڕاڵ مەلا مستەفای بەرزانی و شێخ عێزەدین حسێنی، کە کۆمەڵێک کەسایەتیی ئاینی و خەباتکاری کورد بوونە کە لەپێناو مافەکانی نەتەوەی کورددا خەباتیان کردووە، هەروەها پێشەوا قازی موحەممەدیش کەسایەتییەکی ئاینی بووە کە رۆڵی مەزنی لە سەردەمی خۆیدا گێڕاوە و یەکەمین سەرۆککۆماری کورد لە مێژووی هاوچەرخدا بووە و لە دوای تیئۆری نەتەوەیی ئەحمەدی خانی، بە کردەوە خەباتی بۆ دەوڵەتی کوردستان دەستپێ کردووە، هەروەها ئەدەب و شێعر و زمانی کوردی لەلایەن دەیان شاعیری مەزنی گەلەکەمان وەک مەولەوی تاوگۆزی کە هاوکات مورشید و شێخ بوونە و لە خانەقا خوێندوویانە، ئەدەبی کوردی لەسەر دەستی ئەوان پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و دەیان دیوانی شێعریان نووسیوە، یاخود کەسایەتییەکی وەک مامۆستا مەلا عەبدوولکەریمی مودەڕیس کە دەیان لە دیوانی شاعیرانی کەلاسیکی کوردی لەلایەن بەڕێزیانەوە پێداچوونەوەی بۆ کراوە و لەچاپ دراوە و نووسراونەتەوە و بەو چەشنە خزمەتی مەزنیان بە ئەدەب و کولتوور و ناسنامەی نەتەوەیی کورد کردووە و ئەدەبی کوردیی و ناسنامەی نەتەوەیی گەلەکەمان بەو شێوە و لەلایەن ئەو کەسانەوە ڕێ لە توانەوەی گیراوە.


هونەرمەندی ناوداری گەلەکەمان مەزهەر خالەقی کە لە بنەماڵەی شێخەکانی کوردستانە دەڵێت کە هیچکات ئاین ڕێگر نەبووە لەوە کە هونەری کوردی بەرەپێش بچێت و گەشە بکات. تێکڕای ئەو کەسایەتییە ئاینییانە کە لە سەرەوە ئاماژەم پێکردن نەتەوەیی و بەشێکیان ئەدەبیی بوونە و گرینگی و بایەخی مەزنیان بەپرسی نەتەوەیی و ئەدەب و ناسنامەی کوردی داوە، بەڵام هیچکات هەوڵیان بۆ ئیسلامیی کردنی کۆمەڵگای کوردستان نەداوە و نەتەوەکانی دیکەی دانیشتووی کوردستانیش ماف و ئازادی خۆیان هەبووە و کوردستان کە ناوەندی ئاینە ئاسمانیی و مرۆییەکانە، لە ڕەوتی مێژوویدا بە ناوچەیەکی ئاینزا ناسراوە و ئەم فرە ئاینییە نەبووەتە کێشە و لەمپەر لە بەردەم دانیشتووانی کوردستاندا و کێشە و ئاڵۆزی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی لێنەکەوتووەتەوە. کەچی لەپاش تێپەڕبوونی ئەو مێژووە پڕ لە هەورازونشیوەی کورد، لە سەدەی بەجیهانیبووندا و لە سەردەمی کرانەوەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و کولتووری بەڕووی یەکدا، ئیسلامی سیاسیی لە هەوڵی تێکدانی پێوەندییە مێژووییەکانی نێوان پێکهاتە ئاینییەکانی کوردستانە، ئەوەش پێچەوانەی ئیسلامی ڕاستەقینەیە، هاوکات دوورە لە ڕێبازی کەسایەتییە ئاینییەکانی کورد، ئیسلامی ڕاستەقینە لە کوردستاندا ئەو شێخ و شاعیر و کەسایەتییانەی کە لە سەرەوە ئاماژەم پێدا نوێنەرایەتییان کردووە و دەستکردنی داگیرکەر نەبوونە.


ئیسلامی سیاسیی لە کوردستان:


سەرەتای ئیسلامی سیاسیی لە ئاستی کوردستانی گەورەدا بۆ سەردەمی داگیرکردنی کوردستان لەلایەن ئیمپراتوورەکانی عووسمانی و سەفەویی دەگەڕێتەوە کە هەمیشە لە ڕێگای ئاینی ئیسلامەوە هەوڵیان بۆ ئەوە داوە کە بزووتنەوە و شۆڕشەکانی کورد تووشی ڕۆخان و هەڵوەشان بکەن، ئەوەش لە ڕێگای "سازکردنی ئیسلامی سیاسیی" لە کوردستان کە پڕۆژەکانی خۆیان لەناو کورددا بە ئاینی ئیسلامەوە دەبەستەوە و لەو ڕێگایەوە کاریگەری نەرێنیان لەسەر نەتەوەی کورد دادەنا و پڕۆژەکانی خۆیان بەرەو پێش دەبرد. هەرکات شۆڕشێک لە یەکێ لە ناوچەکانی کوردستان سەری هەڵدابێت، تۆمەتی دژایەتی کردنی ئاینی ئیسلامی خراوەتە پاڵ و بەو شێوەش لە لایەن گەلەوە پشتیوانی لێنەکراوە، یاخود پشتیوانی گەلی لەدەست داوە، دەیان جار ئەو ڕووداوە لە مێژووی نەتەوەکەماندا ڕووی داوە و شۆڕشی کورد لەبەر ئەوەکە بە دژایەتی کردنی ئاینی ئیسلام تۆمەتبار کراوە، ڕۆخێنراوە و گەل پشتی نەگرتووە. ئەوەش خاڵی لاوازی کۆمەڵگای ئێمە و هەر کۆمەڵگایەکی ئاینییە کە هەمیشە لە کاتی وەپاڵ درانی تۆمەتی لەو چەشنە، ئەو بزووتنەوە دەڕۆخێت و دەسەڵاتی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی لەدەست دەدات. بەداخەوە بەشێکی زۆر لە ڕاپەڕینەکانی کورد ئەوەیان ئەزموون کردووە و تەنانەت کەسایەتیی گەلێکی ئاینیش کە هاوکات خزمەتیان بە دۆزی کورد کردووە بوونەتە قوربانی ئەو پیلانانە. بۆیە زۆر جار لە ڕەوتی مێژووی نوێدا بزووتنەوەی کومونیستی وەک دژکردەوەی ئەو پیلانانە و لە دژی ئاین درووست بوونە، بەڵام لەبەر هەمان پرسی دژایەتی کردنی ئاین سەرکەوتوو نەبوونە و لەناو چوونە، یاخود پشتیوانی گەلیان بەدەست نەهێناوە.


شۆڕشی شێخەکانی کوردستان و تەنانەت رۆڵی پێشەوا قازی موحەممەدیش بەشێکی لە پێناو تێکشکاندنی ئیسلامی سیاسیی لە کوردستاندا بووە کە لەو سەردەمەدا پاشماوەکانی ئەو دوو ئیمپراتوورییە لەناو کورددا بەدژی نەتەوەی کورد و شۆڕشەکانی کورد کەڵکیان لێوەر دەگرت و دەسەڵاتی سیاسیی کوردیان بەدژایەتی کردنی ئاینی ئیسلام تاوەنبار دەکرد، ئەوەش لە ڕێگای کۆمەڵێک کەسایەتیی ئاینی کە دەستکردنی خۆیان بوونە. ڕاپەڕینەکانی شێخەکانی کوردستان بەشێکی نەتەوەیی بووە و ئەو بەشەکەیتریشی لە پێناو ڕاستکردنەوەی ئەو هێڵانەی ئاینی ئیسلام بووە کە لە ڕێگای ئیمپراتوورییەکانی سەفەویی و عووسمانییەوە بەلاڕێدا بردرابوون و کەڵکی سیاسییان لە بەرژەوەندی نەتەوەکانی فارس و تورک لێوەر دەگرت.


هەروەک لە نێۆڕۆکی ئەم وتارەدا ئاماژەم پێکردووە کە ئیسلامی سیاسیی لە بنەڕەتدا لەلایەن دەوڵەتانی داگیرکەری کورد لە ناوچەکە درووست بووە و بۆ بەلاڕێدا بردنی خەباتی نەتەوەیی و خۆماڵیی کورد لەلایەن ئەو وڵاتانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت. لە مێژووی نەتەوەی کورددا تێکڕای ئاینە جیاوازەکانی کورد و نەتەوە جیاوازەکانی دانیشتووی کوردستانیش پێکەوە لەگەڵ یەکدا ژیاون و هیچکام لەو ئاینانە لە کۆمەڵگای کوردستاندا هێرشیان نەکردووەتە سەر یەکتر، بەدەر لەو ئاژاوەگێڕییانە نەبێت کە لەلایەن پاشماوەکانی ئیمپراتووری عووسمانی و سەفەویی وەڕێخراون کە تاکوو هەنووکەش بەردەوامە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەقوپۆی دیکەی لێدەبێتەوە و ئیستاش ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەو تاکتیکە کۆنە لە هەوڵی لاوازکردنی رۆڵی خەبات و تێکۆشانی کورد لە ناوچەکە دایە. ڕژیمی ئێران بە زەقکردنەوەی جیاوازیی نێوان شیعە و سونی لە ئاینی ئیسلام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لە هەوڵی درزخستنە ناو پێکهاتەکانی کوردستان دایە و لەو لاشەوە بەساز کردنی ڕێکخراوی ئیسلامی سیاسیی لە هەوڵی لاواز کردنی پێگەی کورد لە ناوچەکە دان و هەوڵ بۆ بەلاڕێدا بردنی خەباتی نەتەوەیی کورد دەدەن، لە باشووری کوردستانیش بەهەمان شێوە ئیسلامی سیاسیی بە پشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەرەسەندن دایە. هەمووی ئەو هەوڵانە لە دژی ناسنامەی نەتەوەیی کورد لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە بەڕێوە دەچێت و تەنیا مەبەستی ئەوەیە کە کاریگەری نەرێنی لەسەر کولتوور و ناسنامەی نەتەوەیی کورد هەبێت و کورد لە ئامانجە مەزنەکەی دوور بکەوێتەوە. کەواتا بەو دەرئەنجامە دەگەین کە ئیسلامی ڕاستەقینە لە ماوەی پێنج سەدەی ڕابردوودا ئەو ئیسلامە بووە کە کەسایەتییە ئاینییە شۆڕشگێڕەکانی کوردستان نوێنەرایەتییان کردووە و هاوکات لە پێناو مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورددا گیانی خۆیان فیدا کردووە.


داهاتووی سیاسییە ئیسلامییەکان:


ئیسلامی سیاسیی لە ئاستی کوردستانی گەورە و بەتاییبەت لە ئاستی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەبێ ئاڵووگۆڕ لە گوتارەکانی خۆیدا پێک بهێنێت و چەندە بۆی گرینگە کە رۆڵی ئاینی ئیسلام لە کۆمەڵگا گرینگ و بایەخدار بێت، دەبێ ئەوەندەش ڕێز لە کەسایەتییە مەزنەکانی نەتەوەیی کورد و بزاڤی نەتەوایەتیی ئەم نەتەوە بگرێت و هێڵە سوورەکانی ئەم نەتەوەیە نەبەزێنێت و لە چوارچێوەی کۆمەڵگای کوردستان دەور و کاریگەریی و رۆڵی ئەرێنیی خۆی بنوێنێت و پەیامی ئاشتی پێ بێت، ئیسلامی سیاسیی ئیتر ناتوانێ بەم شێوە کە ئەمڕۆ لە کۆمەڵگای کوردستان چالاکە پێگەی خۆی بەهێز بکات، ئەگەر لە داهاتووشدا بەهەمان چەشن درێژە بە چالاکییەکانی بدات ئەوا کۆمەڵگا پێشی پێدەگرێت و برەو بە پێشڕەوییەکانی نادات، دەبێت ئیسلامی سیاسیی ئەو پرسیارە ئارەستەی خۆیان بکەن کە بۆچی چیتر کۆمەڵگا پشتیوانییان لێناکات، بێگومان لەبەر ئەوە ئیسلامی سیاسیی و سەلەفییەتی سیاسیی ئیسلامی و تنئاژۆی ئیسلامی سیاسیی بە مەترسی بۆ سەر کۆمەڵگا پێناسە دەکەن، حوکمڕانی ئیسلامی سیاسیی و سەلەفییەتی ئیسلامیی لە بەشێک لە عێراق، سووریە و ئەفغانستان بینیوە و دەزانن کە کۆمەڵگا تووشی دووگماتیزمی ئیسلامی دەکەن و کۆمەڵ بەرەو پاشکەوتوویی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی دەخەنەڕێ. ئاینی ڕاستەقینە ئەو ئاینەیە کە هاوڕەنگی کۆمەڵگا بێت و سنوورەکانی مرۆڤایەتی نەبەزێنێت و گوتارەکانی تێکەڵ بەژیان و باروودۆخی کۆمەڵگا بکات و لەگەڵ چینوتوێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا پێوەندی بتەوی هەبێت و پەیامی سەربەستی و ئازادی بۆ گەل بهێنێت. ناکرێ کە ئاین یاخود ڕێکخراوی ئیسلامی سیاسیی دوو لەسەر سێی کۆمەڵگا بەدووژمنی سەرەکی خۆی بزانێت و لەدژیان پلان دابڕێژێت.


ئیسلامی سیاسیی هەردەم بە کەڵک وەرگرتن لە ئاینی ئیسلام هێرشی بۆ سەر نەتەوەی کورد هێناوە و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیان لەخوێندا خەڵتاندووە و بێڕێزییان بە ناسنامەی نەتەوەیی کورد کردووە. دەکرێ بە ئاماژەدانێک بە ڕژیمەکانی ئێران، ڕێکخراوە سەلەفیی و تنئاژۆکانی عێراق، ئێران، سووریە و کوردستان ڕاستیی ئەو بەڵگانە بسەلمێنین کە هەمیشە ئیسلامی سیاسیی لە دژی ماف و ویست و داخوازییەکانی نەتەوەی کورد وەستاوەتەوە. تەنانەت ڕێکخراوەکانی ئیسلامی سیاسیی لە سووریە کە بەشێک لە ڕێکخراوی تیرۆرستی ئەلقاعیدە پێک دێنن، خوێن و ماڵی هاوڵاتییانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان "حەڵاڵ" کردووە. دەستدرێژی بۆ سەر کچان و ژنانی کورد بە"حەڵاڵ" دەزانن و بە دەستکەوتی ئیسلام پێناسەی دەکەن. بەڵام لە ڕاستیدا فەلسەفەی ئاینی ئیسلام کۆیلایەتی بە"حەرام" دەزانێت، کەچی زۆربەی لایەنە سیاسییە ئیسلامییەکانی کوردستان تەنانەت ئەو کردەوانەی ڕێکخراوە تیرۆرستییەکانی داعش و ئەلقاعیدەیان بەڕوونی ئیدانە نەکرد. ئەوە هەڵەیەکی زۆر مەزنە کە ئیستاش ئیسلامی سیاسیی لە کوردستان لە فەلسەفە و نێۆڕۆکی پەیام و سیاسەتیاندا لە دژی دەستکەوەتە نەتەوەییەکانی نەتەوەی کورد دەوەستنەوە، ئەگەر دەستکەوتێک بەدەست بێت و هەژموونی ئەوانی بەسەردا زاڵ نەبێت و دەور و رۆڵی تێدا نەگێڕێن، ئیتر بایەخ و گرینگی ئەوتۆی پێ نادەن و هەموو هەوڵی خۆیان بۆ ئەوە دەخەنەگەڕ کە ڕای گشتیی لەدژی دەستکەوتە نەتەوەییەکانی کورد و بزووتنەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان یەکخەن، تەنیا بەمەبەستی ئەوەکە بە ئامانجی سیاسیی کە هاوکات ئامانجی داگیرکەرانی کوردستانیشە بگەن.
ئەگەر چاوێکی خێرا بە ڕووداوەکانی مێژووی سەد ساڵی ڕابردوودا بخشێنین بە ئاسانی بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە نەتەوەی کورد لە هیچ قۆناغ و سەردەمێکدا لەبەر ئیسلامبوونی هێرشی نەکراوەتە سەر، بەڵکوو بەپێی ڕاسپاردەکانی ئەو ئاینە و بە کەڵک وەرگرتن لە تێبینییەکانی ئاینی ئیسلام ئەنفال، زیندەبەچاڵ و کیمیاباران کراوە و کچان و ژنانی کورد فرۆشراون، کۆمەڵگای کوردستان و بزووتنەوەی کورد لە هیچکام لە قۆناغەکانی خەباتیدا پێویستی بە ڕێکخراوی ئیسلامی نەبووە، چونکوو ئاینی ئیسلام لە کۆمەڵگای کوردستاندا مەترسی لەسەر نەبووە و نییە و بگرە زۆربەی کەسایەتییە ئیسلامییەکان کورد بوونە و لە ڕەوتی مێژووی ئیسلامدا دەیان کەسایەتیی کورد هەن کە هەموو تەمەنیان بۆ خزمەتکردن بە ئاینی ئیسلام تەرخان کردووە و هاوکات بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی کوردستان موسوڵمانن و ئەگەر لە ڕۆژانی هەیینیدا چاو لە مزگەوتەکانی کوردستان بکەین، دەبینین کە خەڵکێکی زۆر بۆ نوێژ و تاعەت ڕووی تێدەکەن و هاوکات باوەڕییان بە ئیسلامی سیاسیش نییە.


ئیسلامی سیاسیی دەبێ لەوە تێبگات کە ئیتر کۆمەڵگای کوردستان فریوی جوانکارییەکانی ناخوات و پێویستە کە نەتەوەی کورد هێزی خۆی لە پێناو ئایندا بەفیڕۆ نەدات، چونکوو ئاین لە کۆمەڵگای ئێمەدا مەترسی لەسەر نییە، داگیرکەرانی کوردستان دەیانهەوێت لە ڕێگای ڕێکخراوی ئاینی و ئیسلامی سیاسییەوە بزووتنەوەی کورد بەلاڕێدا ببەن و لە هێز و پێگەی کورد لە ناوچەکە کەم بکەنەوە. کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگایەکی فرە ئاینی و فرە ڕەنگە و چەندین ئاینی جیاوازی تێدایە و تێکڕای ئاینەکانیش سەربەست و ئازادن کە پەیامی ئاشتی و ئازادی بە لایەنگرەکانیان بگەیەنن و هاوکات دوور بن لە نانەوەی تۆی ئاژاوە و دووبەرەکی لە نێوان پێکهاتە ئاینییەکانی کوردستان دا، تێکڕای ئەو ئاینانە کە ئەمڕۆ لە کوردستان هەن ئاین گەلێکی ئاسمانی و مرۆڤایەتین و پەیامی ئاشتی و ئازادی و دادپەروەرییان پێیە و پێویستە کە رۆڵی ئیدۆلۆژی وشک لەناو کۆمەڵدا نەگێڕن و ژیان ئاسانتر بکەن و خۆیان لەگەڵ باروودۆخی ئەمڕۆیی کۆمەڵگا بگونجێنن و بڕیار لەسەر ژیانی خەڵک نەدەن.


هەنووکە بەشێک لە ڕێکخراوەکانی ئیسلامی سیاسیی بەو ئارەستەدا هەنگاو دەنێن کە بەسەپاندنی هێز ناتوانن لە دوونیای ئەمڕۆدا بەدەسەڵات بگەن و کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا دابنێن و پڕۆژەکانیان یەکلایەنە بەرەو پێش ببەن، لەلایەکی دیکەشەوە فرە بوونی ڕێکخراوی ئیسلامی سیاسیی لە کۆمەڵگای کوردستان بەو واتایە دێت کە کێشەی نێوان لایەنەکانی ئیسلامی سیاسیی قووڵ بووەتەوە، ئەوەش بە یەکێ لە هۆیەکانی قەیران پێناسە دەکرێت. پێم وایە کە هەنووکە ئیسلامی سیاسیی بەرەو پاشەکشێ کردن دەڕوات و ئەو خاڵەش کە دەبێتە هۆی ئەوەکە ئیسلامی سیاسیی پاشەکشە بکات هۆشیاری و کرانەوەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگایە کە بووەتەوە هۆی ئەوەکە ئیسلامی سیاسیی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تووشی قەیران بێت، بەڵام مەترسی ئەوەش هەیە کە ئەو لەقوپۆیانە کە لە ئیسلامی سیاسیی دەبنەوە، تووندووتیژی زێتر لەخۆ بنوێنن وەک ئاماژەیەک بەچاوترسێن کردنی کۆمەڵگا. لێرەدا ئاماژە بە ڕووداوێک دەکەم کە لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا لە ئەفغانستان ڕووی داوە؛ لەپاش ئەوەکە هێزەکانی تاڵیبان لە ئەفغانستان تووشی قەیران بوون و سپا و هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە پێگەی خۆیان بەهێزتر کرد و تا ئاستێک پاشەکشەیان بە تیرۆرستەکانی تاڵیبان کرد، تاڵیبانیش لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفغانستان کۆمەڵێک کەسی مەدەنیی و سڤیلی دستبەسەر کرد و بە هاوکاری کردنی هێزەکانی ئەفغانستان و ڕۆژئاوا تۆمەتباریان کردن و دواتر بە شێوەیەکی نامرۆڤانە کوشتنیان و تەرمەکانیان تیکەتیکە کرد و لەسەر ڕێگەوبان فڕەێیان دان، هەروەها لە سووریەش چەند ڕووداوێکی لەو چەشنە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش ئەنجام دراون، ئەنجامدانی ئەو کارەش تەنیا لەبەر ئەوە بووە کە خەڵک چاوترسێن بکەن و هێز و بوونی خۆیان بسەلمێنن.


ئیسلامی سیاسیی و دیموکراسی:


هەنووکە بەشێکیتری ڕێکخراوەکانی ئیسلامی سیاسیی لە کوردستان بەشێوەیەکی پێشکەوتوو و سەردەمیانە بۆ گەییشتنە دەسەڵات کەڵک لە پرەنسیبەکانی دیموکراسی، ئازادی و بنەما هزرییەکانی ئەو پڕۆسەیە وەردەگرن و بۆ بەدەست هێنانی دەسەڵات بەکاری دێنن، بەڵام کاتێک کە گەییشتنە دەسەڵات و حوکوومەتیان پێک هێنا ئیتر دەکەونە دژایەتی کردنی دیموکراسی و هەوڵ بۆ بەلاڕێدا بردنی ئەو پڕۆسەیە دەدەن. ئەوەشمان لە وڵاتانی میسر، توونس و لیبی بینی، کاتێک کە لە ڕێگای هەڵبژاردن و کایەی دیموکراسییەوە گەییشتنە دەسەڵات، هەوڵی ئەوەیاندا کە بنەماکانی وڵات و یاسای بنەڕەتی وڵات لەسەر پێوەرەکانی یەکلایەنەی تاییبەت بە ئیسلامی سیاسیی دابڕێژن و پرەنسیبەکانی ئازادی، دیموکراسی و مافی مرۆڤیان وەلانا، ئاکامی ئەو هەوڵانەی ئیسلامی سیاسیی و ڕێکخراوە تنئاژۆکانی ئیسلامی بووە هۆی ئاژاوە لەو وڵاتانەوە و بشێوی سەرتاپای ئەو وڵاتانەی گرتەوە و هەنووکە وڵاتی لیبی لەلایەن کۆمەڵێک ڕێکخراوی ئیسلامی سیاسییەوە بەڕێوە دەچێت و ئەو وڵاتەیان لە نێوان خۆیاندا دابەش کردووە و تەنانەت ڕۆژی ١٣ی ٤ی ٢٠١٤ی زایینی سەرۆکوەزیری ئەو وڵاتە لە ژێر گوشار و هەڕەشەی ڕێکخراوەکانی ئیسلامی سیاسیی دەستی لەکار کێشایەوە و وتی کە ئەو گرووپە چەکدارانە هەڕەشەی ئەوەیان لێکردووم کە ئەگەر دەست لەکار نەکێشمەوە خۆم و ماڵ و منداڵەکانم دەکوژن.


کۆمەڵێک بەڵگەی سەلمێنراو لەبەر دەست دان کە ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕێکخراوە ئیسلامییەکان پێش بەدەسەڵات گەییشتنیان درووشمی زەق و بریقەدار هەڵدەگرن و پاش ئەوەکە دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت هێرش دەکەنەسەر دژبەرەکانیان و هەوڵ بۆ یەکدەست کردنی کۆمەڵگا دەدەن و ڕەخنەگران بە دژایەتی کردنی خودا تاوەنبار دەکەن و کۆمەڵگا بەرەو داخراوەیی سیاسیی و کولتووری دەخەنەڕێ و ئاین بە سەرچاوەی بڕیاردان پێناسە دەکەن. نوێترین نموونەی ئەزموونی ئیسلامی سیاسیی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گەورەدا شۆڕشی نوێی میسر بوو کە تێدا ئیسلامییەکان دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت و دواتر بۆ خەڵک دەرکەوت کە ئەو سیستەمە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئیسلامی سیاسیی لە ئێران و ئەفغانستانی سەردەمی تاڵیبان نییە، ئەوەی کە ئیخوانەکانی میسر دەیانویست لە کۆمەڵگا جێگیری بکەن و بەرەو پێشی ببەن ئەوەبوو کە بە شۆڕشی نەرم لە هەستی ئاینی خەڵک کەڵک وەرگرن و خۆیان بسەپێننە سەر کۆمەڵگا و ئیتر بکەونە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی خۆیان کە ئەوەش خۆی لە قەدەغەکردنی ئازادییەکان و فرەچەشنی و فرەگەرایی کولتووری و ئاینی دەبینییەوە و هەموو مافەکانی خەڵکیان لە ژێر ناوی ئاین زەوت دەکرد و دواتر بە فەرمانی خودا پێناسەیان دەکرد، ئەزموونی ڕێکخراوەکانی ئیسلامی سیاسیی لە دوو دەیەی ڕابردوو لە ئاستی ناوچەکەدا ئەوەی سەلماندووە و هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەکە پێگەیان لەناو کۆمەڵگا لاواز و بێ هێز و کەم ڕەنگ بێت.


لە ئاکامی ئەزم نەکردنی ڕێفۆرم و گۆڕانکاری و پاشەکشە نەکردنی ئیسلامی سیاسیی لە زێدەڕەوییەکانی، کێشەکانی کۆمەڵگا پتر قووڵ دەبنەوە، چونکوو لایەنگری سیکوولاریسم ڕووی لە زیادبوونە و مەزنترین خاڵ و کۆڵەکەی سەرەکیی و بنەڕەتی دیموکراسیش، جیایی ئاین لە دەوڵەت و سیاسەتە، سیکوولاریسمە، ئازادییە، ڕەخنە گرتن و پێداچوونەوە بۆ پرس و بابەتە سەرەکییەکانی ناو کۆمەڵگا و ڕەخنە گرتن لە رۆڵی ئاینەکان و هەوڵدان بۆ گونجاندنی ئەو ئاینانە لەگەڵ سەردەمی ئەمڕۆیە، یەکێ لە بنەما هەرە سەرەکییەکانی بەجیهانیبوونیش دیموکراسی و ئازادی و کرانەوەی کولتووری نەتەوە جیاوازەکان بەڕووی یەک دایە، ئەوەش لەلایەن ئیسلامی سیاسییەوە ئیدانە دەکرێت، یاخود هەوڵدان بۆ پێکهێنانی ئاڵووگۆڕ و ڕێفۆرم لە بنەما سەرەکییەکانی ئاین، کە ئەوەش پێچەوانەی ڕوانگە ئاینییەکانە و دژکردەوەی ئیسلامی سیاسیی لێدەکەوێتەوە و پەرە بە ڕادیکالیزمی ئیسلامی و تنئاژۆی ئیسلامی سیاسیی دەدات.


بەڵام لەناو کۆمەڵگای کوردستان و بەتاییبەت لەناو تەریقەتی نەقشبەندیدا کەسایەتیی گەلێک هەن کە ڕەخنەی قووڵ و پرسیار خوڵقێن لە ئاینی ئیسلام بە ئاسایی سەیر دەکەن، بە مەرجێک ئامانج لە ڕەخنە گرتنەکە دەبێ ڕوون و شەفاف بێت و مەبەستی گاڵتەجاری و بێڕێزی کردنی پێوە دیار نەبێت و لە ئاینی ئیسلامدا شارەزایی هەبێت. بەڵام چەندین گرووپی دیکەی جیاواز لە کوردستان هەن کە پرس و باسەکانی ناو ئاینی ئیسلام بە نەگۆڕ و جێگرتوو پێناسە دەکەن و هەر ئاڵووگۆڕ و ڕێفۆرمێک لە ئایندا بە کووفر و دژایەتی کردنی خودا بە ئەژمار دێنن. ئەوەش بەیەکێ لەو هۆکارانە پێناسە دەکرێت کە ڕێگری لە کەسانی زانستپەروەر و شارەزا دەکات کە تووخنی ئەو پرس و باسانە نەکەون و خۆیان لە ورووژاندنی ئەو پرسە هەستیارانە ببوێرن، چونکوو تنئاژۆی ئیسلامی سیاسیی لەدژی هەر چەشنە سنووردارکردنێکی ئاین بە تووندی دەوەستێتەوە و پێشی پێ دەگرێت، تاکوو ئیستا دەیان فیلسووفی مەزن لە ئاستی جیهاندا بە هۆی هەوڵدان بۆ پێکهێنانی ئاڵووگۆڕ لە ئاینی ئیسلامدا ڕووبەڕووی تیرۆر و کوشتن بوونەتەوە و لەو پێناوەدا گیانیان لەدەست داوە.


قۆناغەکانی ئاینی ئیسلام:


ئەگەر ئاینی ئیسلام بەسەر دوو قۆناغ دابەش بکەین، بێگومان پێش هەموو شتێک قۆناغی یەکەم واتا پێش “هیجرەت” و قۆناغی دووەم واتا دوای “هیجرەت”بە بیرماندا دێت. لە ڕوانگەی زۆر کەسەوە قۆناغی دوای هیجرەت، قۆناغێکی دژوار و هاوکات مەترسیدارە، چونکە بە تەواوەتی "شەریعەت" تێکەڵ بە سیاسەت دەکرێت و ئیسلام وەک حوکوومەت و دەسەڵات شەریعەت دەکاتە یاسای بنەڕەتی دەسەڵاتی ئیسلامی و گەلانی موسوڵمان. هاوکات ئەو سیاسەت و تاکتیکانەی کە لە سەردەمی پێش هیجرەت کاریان پێدەکرا، وەلانران و ئاینی ئیسلامیان لەگەڵ ڕێکنەخست، بەڵکوو دەبوو کە کۆمەڵگا و خەڵک، وڵات و سیستەم و دەسەڵات خۆی لەگەڵ ئاینی ئیسلامدا ڕێکبخات. لە دوای هیجرەتیش، ئاینی ئیسلام دەسەڵات بەدەستەوە دەگرێت و یاسای قورس دادەڕێژێت، ئەو یاسانەی کە ئەو ئاینە لە دوورگەی عەرەبستان لە سیستەم و دەسەڵاتی سیاسیی جێگیری کردن، بۆ ئەو سەردەمە و لەو دوورگەیەدا پێشکەوتوو بوون و وەک ڕێفۆرم و گۆڕانکاری چاوی لێدەکرا، چونکوو کۆتایی بە زیندەبەچاڵ کردنی کچان هێنا و دابونەریتی کۆیلایەتی لەناو برد و بۆ یەکەمینجار دەسەڵات، یاسای بنەڕەتی داڕشت و دادپەروەری کۆمەڵایەتی هێنایە کایەوە، یاسایەک کە هەرچەند لە ڕوانگەی زۆر کەسەوە لە زۆر بوواردا پێویستی بە سرنجی زیاتر هەبوو، بەڵام لە قازانجی کۆمەڵگای عەرەبستان بوو و کۆمەڵێک کێشەی کۆمەڵایەتیی یەکلایی کردەوە و چارەسەری بۆ کێشەکانی کۆمەڵگا پێبوو.


لە پاش هاتنی ئاینی ئیسلام دوورگەی عەرەبی ئاڵووگۆڕی قووڵ و بنەڕەتی بەخۆیەوە بینی و هەژموونی ئیسلام یارمەتیدەری کولتووری عەرەبی بوو بۆ ئەوەکە باڵ بەسەر جیهانی ئیسلامدا بکێشێت. لە ڕێگای ئاینی ئیسلامەوە بەشێک لە دابونەریتی عەرەب تێکەڵ بە کولتووری ئیسلام کرا و لەگەڵ ئەو ئاینەدا تەشەنەی کردووەتە ناو کولتووری کورد و نەتەوەکانی دیکە، بۆ نموونە "سەنگسار" یاخود بەردباران کردنی ئافرەتان پێش هاتنی ئاینی ئیسلام لە دوورگەی عەرەبیدا باو بووە، بەڵام بووەتە بەشێک لە کولتووری ئیسلامی، چونکوو ئەو نەریتە عەرەبی بووە و بەهەڵە تێکەڵ بە کولتووری ئیسلامی کراوە و تاکوو ئیستاش هەزاران ژن و پیاو بوونەتە قوربانی ئەو نەریتە کۆنە کە لە بنەڕەتدا بەشێک نییە لە کولتووری ئیسلامی، دەیان دابونەریتی دیکەی عەرب هەیە کە تێکەڵ بە کولتووری ئیسلامی کراوە و ئیستاش بووەتە بەشێک لە ناسنامەی ئیسلام.


کۆی وتار:


بەڵام ئەگەر باس لە رۆڵی ئاینی کوردی و کولتووری کورد لە دیرۆکی کوردستاندا بکەین، دەبینین کە رۆڵی ئاینی زەردەشت و کولتووری کورد گەڵێک مەزن و کاریگەر بووە و کۆمەڵگای کوردستانی لە دووگمایی و داخراوەیی ڕزگار کردووە و پەرەی بە مرۆڤایەتیی و مرۆڤپەروەری داوە. ئاین لە سەردەمی ئەمڕۆدا نابێ دژایەتی مافی چینەکانی جیاواز لە کۆمەڵگا بکات و لەگەڵ ئازادی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی، کرانەوەی سیاسیی و کولتووری و نشتیمانی دژایەتی بکات و دەبێت لە ڕاستای بەختەوەر کردنی کۆمەڵگا هەنگاو هەڵنێتەوە، سەدەی بیست و یەک سەدەی دەرکەوتنی بیروبۆچوونی جیاواز و سەدەی کرانەوەی کۆمەلایەتیی لە هەموو ئاستەکان بەڕووی کۆمەڵگای جیهانییە و بەربەستەکانی بەردەم پێشکەوتن و نوێگەرایی ناتوانن کێشە و لەمپەر لەسەر ڕێی ئەو پڕۆژە نوێیەی جیهان ساز بکەن. ئەگەر بێتوو هەر ئیدۆلۆژییەکی سیاسیی یاخود ئاینیی هەوڵ بۆ ئەوە بدات کە لەمپەر لەسەر ڕێی ئەو پڕۆژە جیهانییانە ساز بکات کە دەبنە هۆی کرانەوەی کولتوورەکان بەڕووی یەکدا و بەرفەراوانبوونی ئازادی و جێگیربوونی دیموکراسی، ئەوا لە ئاکامدا دەبێتە هۆی پەراوێز خستنی ئەو ئیدۆلۆژییە و رۆڵی لە کۆمەڵگا کز و لاواز دەکرێت. ئیسلامی ڕاستەقینەش لە ڕەوتی مێژوویدا بەناو کۆمەڵێک قۆناغی جیاواز و دژواردا تێپەڕ بووە و هەرکام لەو قۆناغ و خەلافەت و حوکوومەتانەش کاریگەری نەرێنیان لەسەر ئاینەکە داناوە و لەقوپۆی جیاوازی لێبووەتەوە کە هەرکام لەو لەقانەش کاریگەری لەسەر نێۆڕۆک و فەلسەفەی ئاینی ئیسلام بەجێ هێشتووە.


لە کۆی گشتیی ئەو وتارەدا بەو دەرئەنجامە دەگەین کە ئەمڕۆ تێکڕای ئاین و ئیدۆلۆژییە نەگۆڕەکان بە قەیران و هەوراز و نشیودا تێپەڕ دەبن و دوونیای تێکنۆلۆژی و پێشکەوتن و کرانەوەی کولتووری جیهان بەڕووی یەکدا بووەتە هۆی ئەوەکە ئیدۆلۆژییە نەگۆڕەکان بە گشتی وڵامدەری ویست و داخوازییەکانی کۆمەڵگا بەدینەهێنن، هەر وەک لە دەسپێکی ئەم وتارەدا ئاماژەم پێکرد کە هەنووکە ئاین پتر وەک پرسێکی دەروونیی و پێویست بە ڕۆح و دەروونی مرۆڤ پێناسە دەکرێت. هەنووکە تنئاژۆی ئیدۆلۆژی و ئاینی سیاسیی تووشی کێشە و قەیران هاتوون و تاکە ڕێگەی دەربازبوون لەو قەیرانە ئەوەیە کە ئاینەکان ئەو رۆڵەی کە لەناو کۆمەڵگادا کەوتووەتە ئەستۆیان بەجێی بگەیەنن و خۆیان لە سیاسەت و دەسەڵات و هەوڵدان بۆ حوکوومەت کردن بپارێزن. بەو شێوەیە هەم ئاین لە کۆمەڵگادا رۆڵی خۆی دەگێڕێت و هەم لە یاسادا مافی هەموو ئاین و چینوتوێژەکانی کۆمەڵگا لەبەرچاو دەگیرێت و هاوسەنگی هێز و ماف و ویست و داخوازی لە نێوان هەموو لایەنەکان دەپارێزرێت و بە شێوەیەکی یەکسان بۆ هەمووان دەستبەر دەکرێت.


لە کۆتایی ئەم وتارەدا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بەوە بکەم کە دەبێت کۆمەڵگا ئەوەندە گەشەسەندوو بێت کە رێگری لەوە بکات کە دوو ئیدۆلۆژی سیاسیی و ئاینی تێکەڵ بەیەک بن و دەسەڵات بەدەستەوە بگرن، چونکوو کاتێک کە ئەوە ڕوویدا ئیتر قورخکردنی دەسەڵات و کەمڕەنگ کردنی رۆڵی کۆمەڵگا دەستپێ دەکات و پەرە بە تووندوتیژی لە کۆمەڵگا دەدرێت و فاشیزم، دیکتاتۆری، کۆنەپەرەستی و دواکەوتوویی دەستی یەک دەگرن و کۆمەڵگا تووشی قەیرانی مەزن دەکەن و کۆڵەکە سەرەکییەکانی کۆمەڵگا تووشی ڕۆخان دەبن و کۆمەڵگای مەدەنی پێک نایەت.

 

ماڵپه‌ڕی ئاریتما موحەمەدی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک