١٦\٨\٢٠١٣
ئایا
خەڵاتەکانی وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان دەگاتە ناوچە دابڕاوەکان؟؟!!

ئەحمەد رەجەب
لە
سەرەتای ئەم مانگەدا وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان و بەرێوەبەرایەتی گشتی
وەرزش لە رێ و رەسمێکی شایستەو قەشەنگدا بە مەبەستی رێزگرتن لە ئەرک و
ماندووبوونی وەرزشوانە دێرینەکانی کوردستان خەڵاتی رێزلێنانی بەخشییە
کۆمەڵێک وەرزشوانی دێرینی پارێزگای ھەولێر کە ھەر یەکەیان لە بوارێکدا
خزمتی بزاڤی وەرزشی کردووە.
لەو مەراسیمەدا وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی کوردستان دوکتۆر کاوە مەحمود
لە وتەیەکدا وتی: خەڵاتکردنی وەرزشوانانی دێرین بەزەییھاتنەوە نییە بە
ئەوان، بەڵکو ئەرکی حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانە کە ڕێز لە
ماندووبوون و خزمەتی ئەوان بگرێت، ئەوانیش مافی خۆیانە خزمەتیان بە
ھەند وەربگیرێت".
وەزیری ڕۆشنبیری وتیشی: لە ساڵی ٢٠١٠ وە خەریکین بۆ ئەوەی ڕێنمایی و
ڕێگەیەکی یاسایی دەستنیشان بکەین بۆ ئەوەی ئەو ڕێزلێنانە بکەینە
مانگانە بۆ وەرزشوانان و نووسەران، بۆ ئەو کارەش دوو بۆچوونی جیاواز
ھەیە و ھەوڵەکانمان بۆ جێبەجێکردنی ئەو کارە بەردەوام ئەکەین و، ھەروا
تی: "ڕەنگە حکوومەت پارە بۆ ئەو کارە تەرخان بکات، بەڵام ئەبێت ڕێنمایی
ھەبێت بۆ دابەشکردنی، ئەگینا کارەکە ئەبێتە میزاجی تاکەکەسی.
لە کۆتاییشدا د. کاوە مەحمود ھیوای تەمەن درێژی بۆ وەرزشوانانی دێرین
خواست و دڵنیای کردن کە ھەوڵ ئەدەن ئەو خەڵاتکردنە بە شێوەیەکی یاسایی
و بە ڕێنمایی بکەنە پرۆژەیەکی باشتر بۆ وەرزشوانانی دێرینی کوردستان.
گوومانی تیانییە ئەو ھەنگاوەی وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان کارێکی باشەو
پێویستی بە پشتکیری ھەیەو، جێی دەستخۆشییەو، ئەبێ ھەموو لایەک ھەوڵی
بێوچان بدات بۆ دۆزینەوەی شێوازێکی یاسایی بۆ پێدانی یارمەتی و ھاوکاری
و رێزلێنان بۆ وەرزشوانانی دێرین و، بەو کارەش رەوشی وەرزش لە
کوردستاندا پێشئەکەوێت و، ژێرخانی وەرزشیش باشترو توکمە تر ئەبێت و
ھاوکات یاساکانی وەرزش پەسەند ئەکرین و دەزگا حکومییەکان کاری لەسەر
ئەکەن.
لێرەدا پێویستە ھەڵوەستەیەک بکەین و بزانین بۆچی و لە بەرچی خەڵاتەکان
تا ئێستا سێ کەرەت پارێزگای ھەولێری گرتووەتەوەو پارێزگاو شارەکانی تری
کوردستان بێبەش کراون، ھەرچەندە وەزارەتی رۆشنبیریی ولاوان پاساو
ئەھێننەوە کەوا لە رۆژانی داھاتوودا لە سلیمانی و دھۆک ئەو خەڵاتی
رێزلێنانە بە سەر وەرزشوانانی دێرین دابەش ئەکەن.
من لە کاتێکدا ئەو ھەنگاوەی وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان و
بەرێوبەرایەتی گشتی وەرزش بە کارێکی باش و پۆزەتیڤانە دائەنێم و
پشتگیری لێ ئەکەم، بە ھیوام وەک مادە (١٤٠)ە شوومەکەی لێنەکرێت و سەر
لە کەس نەشەوێنرێت و، پارێزگاو شارەکانی کوردستان دیارن، جگە لە
ھەولێرو سلیمانی و دھۆک، پارێزگاو شارەکانی ناوچە دابڕاوەکان: کەرکوک،
خانەقین، مەخمورەو و و... ھتد.
با تەنھا بڵێن ناوچە دابڕاوەکان و، چیتر نەڵێن ناوچە جێناکۆکییەکان،
ناوچە دابریندراوەکان، ناوچەکانی دەرەوەی ھەرێم و، خۆمان بەو ناوانە
نەخەڵەتێنین و، وەرزشوانانی دێرینی ئەو دەڤەرانەش پشتگوێ نەخرێن و
فەرامۆش نەکرێن، با وەک وەرزشوانانی دێرینی ھەولێر خەڵات بکرێن و، بۆیە
وا ئەڵێم چونکە بەرپرسەکانی کوردستان تازە بە تازە ئەڵێن حکومەتی بەغدا
ھیچ بریارێکی سیاسی بەرامبەر بە مادەی (١٤٠) وەک کۆسپ دانانات بۆ
گەراندنەوەی کەرکوک و ناوچەکانی تر بۆ سەر ھەریمی کوردستان و، ئەڵێن:
گیرو گرفتەکە پرسێکی تەکنیکییەو بە ئاسانی چارەسەر ناکرێت و، ئێمە
پێویستیمان بە ""کات و کارکردن و سەبرە""..
لە جێیەکی تر سەبارەت بەپرسی ""ناوچە جێناکۆکییەکانیش"" بەرپرسێکی
حکومەت ئەڵێت: رێزگرتن لە دەستور رێزگرتنە لە ""یەک پارچەیی خاکی عێراق
و ، رێزنەگرتن لە دەستوریش مەترسییە لەسەر عێراق"" و، ھەر لەوتەکەیدا
بەرپرسەکە ئاماژەی کرد کە خەونی دێرینی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
شادبونەوەی ناوچە دابڕاوەکانە بەھەرێمی کوردستان، دوپاتیشی کردەوە کە
ھەموو ھەوڵو تواناکانی خۆیان دەخەنەگەر تا لەچوارچێوەی مادەی ١٤٠ی
دەستوردا کێشەی ناوچە دابڕاوەکان چارەسەر بکرێتو ناوچە دابڕاوەکان
بگەرێنەوە باوەشی خاکی ھەرێمی کوردستان، لەمباریەوە بەرپرسەکە وتی:
پێویستە پەرلەمانی عێراقو حکومەتی عێراق کار بکەن بۆ جێبەجێکردنی
مادەی (١٤٠) ی دەستور.
من وەک وەرزشوانی دێرین داواکارم کەس بەم کارە {خەڵاتی وەرزشوانانی
دێرین} بازرگانی نەکات و پروپاگەندە بڵاو نەکاتەوەو، خوێ وەک فریشتە
نەنوێنێ کە خەمخۆری پلە یەکە بۆ چارەسەری کیشەی دانیشتوانی ناوچە
دابڕاوەکان و، وەرزشوانە دێرینەکانی و، ھەوڵ نەدات ئەم خەڵاتە بکات بە
تیرو دەسکەلا بۆ پێکانی نیشانەیەکی دیاری کراو، بەڵکو ھەوڵ کۆشش بکرێت
خەڵاتەکە ھەموو لایەک بگرێتەوەو ھەرەمەکی خەڵات دابەش نەکرێت.
ئایا خەڵاتەکانی وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان دەگاتە ناوچە
دابڕاوەکان؟؟!!
وەرزشوانی دێرینی شاری خانەقین و باقوبە (دیالی)
سالانی: ١٩٥٩، ١٩٦٠، ١٩٦١، ١٩٦٢
ئەحمەد رەجەب
١٤\٨\٢٠١٣
ماڵپهڕی ئهحمهد رهجهب
|