په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

ئایا غەریزە کۆمەڵگاکەمانی تەنیوەتەوە؟

عەبدوڵڵا ئەحمەد گەرمکی

 

سەرەڕای ئەوەى رۆژانە دوژمنانی گەلەکەمان پلان دادەڕێژن بۆ ئەوەى مافەرەواکانمان بەدەست نەخەین و هەموو تەقەلایەک دەدەن لەپێناو ئەوەى کە بەئامانجەکانمان نەگەین، کەوا چەندین ساڵە تێکۆشانی لەپێناودا دەکرێ، بەڵام مەخابن مەسەلەى غەریزە کۆمەڵگاکەمانی تەنیوەتەوە و ئەمڕۆ لەکوردستاندا دەبینی لەبەر ئەوەی زۆربەى تاکەکان بۆ شەخسی خۆیان تەنها هەوڵ دەدەن بەبێ ئەوەى ببێتە ئومێدێک بۆ دەوروبەری. فەردیەت گەیشتۆتە ئاستێک کە هەر کەسەو بڵێ من، ئینجا تۆ، ئیدى ئەمەش لەژێر ناوى دیموکراتی و ئازادیدا مامەڵەى خۆیان بەمشێوەیە دەکەن و نازان ئەو مامەڵەکردنانە دوورە لەپێوانەکانی دیموکراتی و ئازادی، ئەمەش بەرەو هەڵدێرمان دەبات، بۆیە ئێستا رەوشێک لەکوردستان هاتوەتە گۆڕێ رەوشێکى جیاوازترە لەساڵانى رابردوو، ئەم رەوشەی ئێستاش گەر نەتوانین باش بقۆزینەوە ئەوا بێگومان بەخراپ بەسەرماندا دەشکێتەوە، هەنووکە هەرچەندە زۆربەى خەڵک موچەخۆرە، بەڵام تێرخواردن نییە، ئەمەش ئەوە ناگەیەنێ کە خەڵکی هەژار نەماوە نا، بەڵام کاتێک کەسێک لەشتێکدا نەوسن بوو بۆ نمونە لەخواردنی میوەیەکەوە بیگرە ئەوا بزانە لەرووی جنسیشەوە نەوسنە  و بەردەوام ئەو جۆرە کەسایەتیانە هەوڵ دەدەن پارەیەکى زۆر بەدەست بهێنن و نەوسی خۆیان بشکێنن و بەتایبەت لایەنى غەریزەیی و لەژێرەوە تێر بکەن و لەسەریشەوە لەناو خەڵکیدا خۆیان بەکەسی باش و بەرەوشت پیشان بدەن، ئەم کردەوانەش نەک تەنها گەنجان دەیکەن، بەڵکو ئەوانەى کە قۆناخی گەنجیشیان تێپەڕاندووە هەر هەمان رەفتاری دەکەن و وەکو پیاوەتەنى دەڵێ تا گەورەبی ئەوەندە دڵتەڕتر ئەبیت.

         سکرتێرە، یان دانانی ژن لەهەندێ جێگەدا تەنها وەک سێمبول.

گەر چاوێک بەوەزارەتەکان و هەندێ جێگای فەرمانگەکان بخشێنین دەبینین زۆرجار ژنان وەک سێمبولێک دادەنرێن، چونکە وەک دەڵێن هەبوونى (جنس الگیف) لەهەر جێگایەک پێویستە، ئەمەش بێگومان تەنها بۆ ورژانی رەگەزى نێرینەیە، چونکە وا باس دەکەن مامەڵەکردن لەگەڵ ژنێکدا زۆر جیاوازە وەک ئەوەى لەگەڵ پیاوێکدا بیکەى، چجای ئەوەى لەفەرمانگەکانى حکومەتدابێ، بۆیە بەدەرککردن بەمە دەبینین زۆربەی وەزارەتەکان، سکرتێرەکانیان ژنە ئەم ژنانەش هەندێ جار بۆ کاری ناشیاو بەکاریان دەهێنن و هەمانکات سکرتێرەن و لەگەڵ ئەمەشدا موراجیع بیەوێ سەردانی بەرپرسان بکات، دەبینێ سکرتیر ژنە و بەشێوەیەکى رۆمانسیانە پێی دەڵی جەنابی بەرپرس لێرەیەو سکرتێرەش بەئسلوبێکى نەرم و ورژێنەر وەڵامى ئەداتەوە، ئەمەش جەوێکى رۆمانسیانە دروست دەکات کە پیاو حەز بکات هەمیشە سەردانی ئەو بەرپرسانە بکات کە سکرتێرەکانیان ژنە، هەروەها لەزۆربەى فەرمانگەکاندا دەبینی رێژەیەکى بەرچاوى ژنە ئەمەش جێگای دڵخۆشیە، بەڵام دەبینی هەندێ جار لەشەخسی هەندێ ژنی هەڵخەڵەتاو ئەو دەرفەتەى کە لەماڵەوە پێ دراوە و بۆخۆی وەزیفەیەکى هەبێت دەبینی بۆ کاری نەشیاو بەکاری دەهێنێ، ئەم رەوشەش جارێکى تر دەسەڵات خوڵقاندویەتى، چونکە واپیشانی دەدا کە ئیتر قودسیەت و کوردایەتى لەهیچ شتێکدا نەماوە تەنها دونیا رابواردن و تێرکردنى غەریزەیە، بۆیە دەبینی نەک تەنها گەنجان هەتاوەکو ئەو پیاوانەى کە خاوەنى خێزانیشن بەدەوام هەوڵی ئەوە ئەدەن کە بتوانن لەگەڵ هاوکارەکەى خۆیدا ئەو پەیوەندییەى کە کارەکەیان دروستی کردووە دەیەوێ بیقۆزیتەوە بۆ مەرامی خراپ.

           تەکنیک و غەریزە.

    دواى رووخانی رژێمی بەعس ئیدی بەشێوازێکى بەرچاو تەکنیکە جۆراوجۆرەکان هێنرانە کوردستان و زیاتر بڵاوبوەوە لەوانەش (مۆبایل، سەتەلایت، ئەنتەرنێت... تاد) ئەمانەش بێگومان هەم سودمەندبوونە و هەمیش زیانبەخش بوونە، و ماوەى ئەم پێنج ساڵەى رابردووشمان بۆ دەرکەوت کە ئەو ئامێرانە زیاتر ئەمڕۆ وەکو پێویستیەکى غەریزەى زۆرجار بەکار دەهێنرێن وەک پێویستیەکى فکری زەروری ژیان بەکار نەهێنراوە، زۆرێک لەلاوان بەکچ و بەکوڕەوە تەنها لەبەر ئەوەى لەمۆبایل پێکەوە قسەیان کردووە بوونەتە قوربانی و هەروەها تا ئێستاش زۆرێک لەگەنجان عاریان نەکردووە لەوانەى پێش خۆیان کە هەر بەوکردەوەیە پیاچوون، ئێستاش دەبینی رێژەیەکى زۆری گەنجان هەر ئەو کردەوەیە دەکەن، بەوتەى هەندێ لەگەنجان کە دەڵێن ئەم مۆبایلە زۆر کارئاسانی بۆکردووین، لەبەر ئەوەى لەرابردودا نەدەتوانرا ئاوەها بەسانی قسە لەگەل خۆشەویستەکەت بکەیت، جاران تا نامەیەکت پێ ئەگەیان زۆر زەحمەت بوو، بەڵام ئێستا هەموو ژووانەکان بەمۆبایل پێکدەهێنرێ، هەروەها زۆربوونى سەتەلاتیتیش لەماڵاندا ئەمەش لایەنى نێگەتیڤی هەبووە، چونکە لەرێگای سەتەلایتەوە سەیری کولتوری وڵاتانى تر کراوە و بەوەش کاریگەری خستوەتە سەر خەڵک تا رادەیەک، ئەمە لەکاتێکدایە کە داب و نەریتی کوردەواری رێگا بەزۆر هەڵسوکەوت کە ئەمڕۆ دەکرێ نادات، بەڵام ماوەى چەند ساڵێک و بەهەبوونى سەتەلایت و لەرێگایەوە سەیرکردنی دنیایەکى تر گۆڕان لەهزر و ئسلوب و مێشک و فیزیکیشدا دروست کردووە، هەروەها هەبوونى ئەنتەرنیتیش سەرەڕای ئەوەى پێویستیەکى ژیانە لەرۆژگاری ئەمڕۆمان و ئێستا گەر لەماڵانیش کەم بێت، بەڵام لەزۆربەى شاروشارۆچکەکان سەنتەری ئەنتەرنێت هەیە و زۆرێک لەگەنجان رووی تێدەکەن، بەڵام بێگومان گرنگ ئەوەیە کە بزانرێت بۆ کاری پێویست بەکار بهێنرێت، بەڵام بەداخەوە زۆرێک لەو گەنجانە تەنها بۆچاتکردن بەکاری دەهێنن، بۆ ئەوەى لەو رێگەیەوە کچێک یان کوڕێک بناسن و دواتر بەیەک بگەن ئیتر بۆ هەر مەبەستێک بێت.

       بەڵێ غەریزە کۆمەڵگای تەنیوەتەوە.

ئێستا لەرەوشێکی مەترسیدارداین، چونکە مەسەلەى غەریزە کۆمەڵگای تەنیوەتەوە و زۆرێک لەخەڵک بەبەردەوامی بەدواى ئەوەوەن چۆن بتوانن داخوازیەکانى خۆیان لەرووى غەریزیەوە جێبەجێ بکەن، ئیدی بەبێ گوێدانە پێوانەکان، ئاین و رەوشتیش، هەر لەم چەند ساڵەى رابردوودا زۆرمان بینی و بیست لەشار و شارۆچکەکانى کوردستان کە نەک تەنها کچ چەندین ژن لەگەڵ کوڕاندا هەڵهاتوون، یانی غەریزە ئەوەندە پاڵنەر بووە ئامادەبوونە خۆیانی لەپێناودا دابنێن، یان زۆرێک کچ و کوڕ دەبینی لەماڵەوە دڵیان پێی خۆشە ئەیانێرنە خوێندن، بەڵام ئەو دەرفەتە بۆ کاری ناشیاو بەکار دەهێنن و زۆرجار ئەو هەلانە ئەقۆزنەوە بۆ رابواردن، ئەمە بەبێ ئەوەى ئەوە لەپێش چاو بگرن گەر پێیان بزانرێ ژیانیان ئەکەوێتە مەترسییەوە، هەروەها رێژەیەکى بەچاوى لەژنانی سەرووى چل ساڵی دەبینرێ فێری کردەوەى سێکسی دەبێ لەکاتێکدا وەکو گەنجێکیش نییە، بەڵام ئیدی لەبەر نەبوونى بێت یان زەوقی خۆی بێت یان لەبەر هەر هۆکارێکی تر بێت تەماشا دەکەى کردەوەى سێکسی ئەنجام ئەدا، هەمانکات رێژەیەکى زۆر لەپیاوانی سەرووى چل ساڵیش بەهەمانشێوە بەدواى کاری دوور لەرەوشتەوەن و هەمیشە و چاو برسیانە هەوڵ ئەدەن هەلی ئەوەیان بۆ برخەسێ کە کردەوەیەکى سێکسی ئەنجام بدەن. بیگومان سەرجەم ئەم کردەوانەش کە دەکرێن هەمووی ژێر بەژێر دەکرێ و لەسەرەوەش هەر ئەو مرۆڤانە خۆیان بەپوختە نیشان ئەدەن و هەندێکیان خۆیان بەباوەڕمەن و هەندێکی تریان وەکو شەریف خۆی پیشان ئەداو هەندێکى دیکەشیان وەکو مرۆڤێکى دروست، بەڵام لەژێریشەوە دەیبینی ئەمە کردەوەکەیەتی.

          چی بکرێ بۆ رێگەگرتن لەم دیاردەیە.

بێگومان مەسەلەى غەریزە یەکێکە لەو مەسەلانەى کە چەند شرۆڤەى لەسەر بکرێ هێشتا کەمە بۆ ئەوەى مرۆڤ بگەیەنرێتە ئەو ئاستەى عەقڵی بەسەر غەریزەیدا حاکم بێت، نەک غەریزەى بەسەر عەقڵدا، مرۆڤ تەنها پێوانەکانی ئەخلاقی مرۆڤایەتى لەپێش چاو بگرێ ئیدى ئەم کردەوانەى لەپێش چاو بۆ شیدەبێتەوە، و بۆ رێگە گرتن لەم دیاردەیە دەبێ هەم ژنان بکەونە ناو تێکۆشانەوە هەمان کات خەڵکى هۆشیار، چونکە لەکۆمەڵگاکەماندا زۆرترین قوربانی ئەم دیاردەیە ژنانن و ئیتر دەبێ قبوڵى نەکەن وەکو کاڵا ببینرێن و یان تەنها وەکو ئامرازێک بۆ ورژاندى غەریزەى پیاو  ببینرێن و بەکار بهێنرێن.  هەروەها کەسایەتى و خەڵکى رۆشنبیر هەر یەکە و لەلای خۆیەوە بکەوێتە تێکۆشانێکەوە بۆ رێگەگرتن لەو دیاردەیە، چونکە هەر ئەو کۆمەڵگایە دەبێتە قوربانی بۆ ئەمەش توعیە بڵاوبکرێتەوە و هەمووان پێکەوە هەوڵی ئەوەبدرێ کە چیدی کوردستان بەو ئاراستەیەدا نەڕوات، چونکە دوژنمان هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدان کە بەئامانجەکانمان نەگەین و خەڵکیش گەر بەدیاردەى دیکەوە سەرقاڵ ببن ئەوا حەتمەن بەخراپی بەسەر گەلەکەماندا ئەشکێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش کوردان چ لەناوخۆی وڵات و چ لەدەرەوەى وڵات نەکەونە ئەو داوەوە و بڵێن با ئێمەش ئەورپیانە هەڵسوکەوت بکەین، ئەمە هەڵەیە، چونکە ئێمە وەکو کورد خاوەن تایبەتمەندی و کولتورێکى جوانى خۆمانین ئەوەى ویستی لەو کولتورە دوورمان بخاتەوە دەبێ دژی رابوەستین.

germiki@gmail.com