٩\١١\٢٠٢٣
ئایا خودی ژن لەوە
بەئاگایە كە فێڵی لێكراوە؟

تاڤگە سابیر
ئەگەر ماڵ تاکە شوێنێکی راستەقینەی ژن بێت بە حوکمی ئەوەی منداڵێ دەبێت
مەرجە بەخێوی بکات، کە ئەوەی تەنها یەک لەو سەدەها بیانووەیە ،کە ژن لە
ماڵەوە بەند دەکات کەواتە ئەوەی، کە لەسەر گۆر زەوی دەمێنێتەوە ماڵی
پیاوە، کە میلۆنەها کەسیش وای بۆ دەچێت، کە ئەوە ئێمە نین وامان دابەش
کردووە بەڵکو خودا خۆی ئەم دابەشکردنەی بە پیرۆ زانیوە هەڵبەتە ئەو
کەسانە ئەوەندە پێویستیان بەوە نییە بگەڕێنەوە ناو دەقە ئاسمانییەکان ،
چونکە دواجار ئەو یاسا زاڵە بووەنە کەلتوورو رێ ورەسمێکی چەسپاو ئەو
دابەشکردنە ئەگەر وەهمییش بێت لای ملیۆنەها بەپێی ئەو سیستەمە
پاترپارکییەی ؛پیاوسالارییەی؛ کار دەکات بووە بە یاساو کەلتوورێکی
پیرۆز دەرەوە هی پیاوەو ژوورەکانیش هی ژنان .
هەتا ئەو جەنگاوەرانەی ئامادەن شەڕ لەسەر رووخاندنی ئەو دیوارە بکەن،
کە ژنان و پیاوان فڕێ دەداتە دوو مەملەکەی لێکدی دوور مەملەکەتێکی بێ
سنوور و مەملەکەتێک، کە تەنها هێلانەیەکی چکۆلەیە زۆر جاران لەژێژ
گوشاری ئەو کەلتوورەو بڕوا بەهێزو پیرۆزە هەرەس دێنن و دەکشێنەوە
هەڵبەت بەهێزو پیرۆز لە دیدی هەڵگرانی باڵە تەقلیدی و پاشکەوتووەکان لە
ناو کۆمەڵی کوردەواریدا هیچ هێزێکی رادیکال نییە بەتایبەتی لە هەڵگرانی
فیکری سیاسی ناو حیزبەکان دیارە لە ناو نووسەران و رۆشنبیران ئەو بەرە
بەهێزە نییە ، کە ڕوانینە تەقلیدییە تووڕەی بکات و فیکرێک بەرهەم بێنێت
دژ بەو کەلتوورە کۆنە و داڕزیوە. کێشەکە تەنها ئەوە نییە ، کە ژنان
بخرێنەوە کونجی ژوورەکان ،بەڵکو ئەوان لەسەر شەقم و کۆڵان و ناو
دەزگاکانیش ئەوەندە راڕاو پڕ ترسن ، کە هەرگیز ناتوانن خۆیان بن ناک
هەر ئەوەندەو بەس......
ژنە هەرە ئازادیخوازەکانیش رۆڵێکی پاسیڤ و گوێڕایەڵ دەبینن بۆ هەمیشە
رۆڵی (بکەر) بە پیاو دەبەخشن و رۆڵی (بەرکار) بۆ خۆیان بە رەوا دەبینن
، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ (زمان) خۆی هەمیشە هەموو ژنان خاوەنی ئەو زمانەن
، کە بۆنی ژێردەستەیی و خۆ بەدەستەدانی لێدێت من وەک خۆم زۆر جار
گوێبیستی ژنانی زۆر رادیکال بوومە ، کە وتوویانە " من ئامادە نیم لەشی
خۆم بەو پیاوە یان پیاوان ببەخشم". ئەوە هەمان رستەی داپیرەکانیانە،
بەڵام لە رێزمانێکی جوانتردا ئەوە پیاوانن بەشێوەی جۆراوجۆر بایەخ و
نەخی ماددی بۆ ژنان دادەنێت و ئەوانیش قبوڵیانە، ئەوە کەلتوورە وا
دەکات ژن دڵی بە مارەیی و پێشەکی و پاشەکی خۆش بێت.
هەڵبەتە هەر کۆمەڵگایەک کۆمەڵێک فەلسەفەو خەسڵەتی خۆی هەیەو بۆ
دابەشکردنی ژنان و پیاوان بەسەر دونیای جیاوازدا و کاریگەری تەواویش
لەسەر یەکەیەکەی ئەو خەڵکانە بەجێدەهێڵن لەسەر کۆی پەیوەندی و رایەڵی
رۆحی و مۆراڵی هەر هەموو کۆمەڵگا هەر ئەوەشە مەبەستی منە ، کە بزانین
پیاوان هەڵگری چ بیربۆچوونێکن لەمەڕ ژنان ئایا ئەو رۆڵەی دراوە بە ژن
شیاوە یان جێی گومان و پرسیارە؟ ئایا ژن خودی خۆی بەوەی زانیوە ، کە
فێڵی لێ کراوە وئەم کەلتوورە بە پیرۆز دەزانێت؟ هەوڵێکی سەرەتایی بۆ
گومانکردن لەو بەهاو مۆراڵ و بیروبۆجوونانە زۆر پێویستە ،چونکە
لەمڕۆکەدا هێزێکی گەورەی سەلەفی پشتبەستوو بە ئایین و کەلتووری
پاشکەفتی هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ هاندانی ژنان ، کە ماڵ بە مەملەکەت و
شوێنی شیاوی خۆیان بزان ئاگینا ناتوانن نەوەیەکی پاک و خوداناس
فڕێبدەنە ناو دونیا جیاکردنەوەری نێر و مێ لەسەر بناغەی ئەوەی لە ڕووی
سێکسی و فسیۆلۆژییەوە دوو بوونەوەری جیاوازن.
مێژوویەکی زۆر دێرینی هەیە بەلایەنی کەم لەوەتەی ، کە مێژوو هەیە
تۆمارەکان ئەوە دەسەلمێنن ، کە هەر لەم ناوچەیەدا واتا لە میزۆپۆتامیا
پیاو شەڕ لەسەر هێزو سەردەستەیی و زاڵبوونی خۆی دەکات و بە
پەراوێزکردنی ژنی کردووە بە فەلسەفەی خۆی ئەو مێژووە لە شەش هەزار تا
دە هەزار ساڵ تەمەنی هەیە ، رەنگدانەوەی ئەو بۆچوونە لەم سەردەمەداو بە
ئاشکرا لای ژمارەیەک لە دەروونناسەکانی ئەم سەردەمەدا نەخشی خۆی کێشەوە
، گەرانەوەیەک بۆ قوتانجاری (شیکاری دەروون) زۆر شتمان پێدەڵێت
بەتایبەتی لای ( ئیریک ئێرکسن) هەر بۆ نموونە فۆرمولەیەکی وا، کە دەڵێ
" پیاو بەهێزەو ژن لاوازە، پیاو دڕەو ژن نەرم و نیانە ، پیاو بزێوەو ژن
هێمنە، پیاو عەقڵ بەکار دەهێنێت و ژن سۆز پیاو بایەخ بە بیروباوەڕکان و
شتەکان دەدات ژن بایەخ بە خەڵک و هەست و نەستەکان دەدات.... هتد لەناو
سروشتیشدا پیاو بە خۆرو رەناکی و شاخ بەراورد دەکرێت ژن بە مانگ و
تاریکی و ئاو پیاو گەرمەو ژن سارد هەموو ئەم خەسڵەتانە جۆرە فێڵ و
تەکنیکێکە ، کە خەیاڵ و رۆح مێنتالتی ژن ئامادە دەکات بەوەی ئەم
وەسفانە بە جوان ببینێ و پێیان رازی بێت.
دیارە لە پشت هەر گەمەیەک و کارێکەوە شێوازێک یان سیستەمێکی بیرکرنەوە
و رەفتار هەیە سیستەمێک ، کە کۆن و پەنهان و بەهێزە بەڵام دەستکردی
پیاوە، ئەوە پیاوانن کە دواجار خاوەنی ئەو سیستەمە کۆمەڵایەتییەن ، کە
لە باو و باپیرانەوە بۆیان ماوەتەوە دواجاریش کۆمەڵناس و مرۆڤناس و
ئایین پەروەران و سیحربازەکان و شامانەکان و ئاخوندەکان ئەو تەونە
ئاڵۆزەیان لە پەیوەندی " نێر بە مێەوە" چنیوەو بە سەدەها رایەڵی دیارو
نادیار پیاوانی گەمارۆ داوە ، بەڵام ئەوەی کە بوتە جوغزی ژیان و
رەفتاری نێر و مێ لەگەڵ یەکدیدا وێنە دەکات ، کە لە زۆربەی شوێن و
زەمەنەکاندا ئاڵۆز بووە لەپای ئەوە ئاڵۆز بووە ، کە بڕوای تەواوی بە
جیاوازی نێرومێ هەیە لە ڕووی فیزیکی و فسیۆلۆژییەوە بە رادەیەک ، کە
هەردوو توخمەکەی بە یەکدی نامۆ کردووەو دوو دونیای دژ بە یەکی
دروستکردووە.
راستە کە ئەمرۆکە بزافێکی شەرمنی ژنانە لە کوردستان دوای گۆرانی ئەو
جوگرافیا وێنەکێشراوە دەکات گۆراینی ئەم مێژووەی کردووە بە خەم ، بەڵام
ئەم بزافە لەسەر دەستی ژمارەیەکی کەم لە ژنان بانگەشەی بۆ کراوەو لەژێر
باڵی ئەو حیزبە کۆنەپارێزو شەرمنانەدا هاتوونەتە دەرێ جگە لەوەش هەژاری
لە پەیوەندییەکان و راگەیاندن و دەرگا داخستنی میدیاکان بە ڕووی ئەم
کێشە هەڵواسراوە وای کردووە ئەو بزافە نەبێت بە بزافی هەر هەموو ژنان
سەرتاسەری جگە لە رازیبوونی ژنان خۆیان بەو چارەنووسەر بێئاگابوو لەو
فێلە گەورەیە سەرباری نەبوونی کەمترین هوشیاری بە ماف و داواکانی خۆیان.
ئەو کێشەی ، کە تا دوێنێ شاراوەو نادیار بوو بە شەرمەوە بە ترسەوە قسەی
لەسەر دەکرا ،بەڵام ئەمرۆکە بووەتە بابەتی گفتوگۆ و دەمەتەقێی ژمارەیەک
لە ژن و پیاوانی کورد ، بەڵام هێشتا لە بازنەیەکی زۆر بچوکدایەو نە
بۆتە خەمێکی میللی و سەرتاسەری نە کۆمەڵێک فاکتەری سیاسی و ئابووری و
کۆمەڵایەتی هەن، کە گۆرانێک لەو پەیوەندییە دروست بکەن و گومان گەورە
لەو کەلتوورە بکەن، نە بزافێکی ئازاو راستەقینەش هەیە، کە بە زەبری
سەپاندنی کۆمەڵێک یاسای مەدەنی شتێک لەو مەسەلەیە بگۆرێت، هێشتا جیهان
هی پیاوەکانە و جێگەیەکی بەرتەسک، کە دەکرێت ماڵ بێت هەر هێلانەیەکی
چکۆلەی لەم چەشنە هەموو مەملەکەتی ژن بێت.
ماڵپەڕی تاڤگە سابیر
|