١١\٣\٢٠٢٠
ئایە دەکرێ لۆمەی
خەڵکی بکەین لە رانەپەڕینیان دژ بە دەسەڵات؟
زاھیر باھیر
زۆرێك لە نوسەران و ڕۆشنبییران و ئەهلی فەیسبووك سوکایەتییەکی زۆر بە
دانیشتوانی کوردستان دەکەن کە گوایە ترسنۆکن، هیچوپوچن، هەر شایستەی
ئەو ژێردەستی و زۆرداری و نەبوونییەن. هەندێکیشیان ئەهۆنانە و دەیانکەن
بە مەڕ و پێویستبوونیان بە شوان.
من ڕایەکی زۆر جیاوازم لەو کەسانە هەیە و هەرگیزیش ڕێگا بەخۆم نادەم
ئەگەر خۆم، یامنداڵەکانم لە پێشەوەی ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانەوە،
نەبم و نەبن ، بێم و بانگەشەیەکی ئاوا بکەم و هاوکاتیش تاوانباریان
بکەم بە نەکردنی کارێك لەوانەی سەرەوە.
بەڕای من ئەوەی کە لە کوردستانا دەگوزەرێت هەمان شتە کە لە سەراپای
وڵاتانی ئەوروپی و ئەمەریکی و کەنەدا و ئۆسترالیا و وڵاتانی دیکەدا
دەگوزەرێت. بە بەراوردیش بە دەوڵەمەندی ئەم وڵاتانە و ئەو جۆری
ستاندەرەی کە ژیانی خەڵکی لێرە پێویست دەکات، زەمینەی ڕاپەڕین هەیە.
لەم وڵاتانەش زۆر داخوازیی و پرس هەیە کە خەڵکی دەبێت ڕۆژانە بۆی بچێتە
سەر شەقام و تەنانەت لە وڵاتێکی وەکو بریتانیا و ئەمەریکادا زۆر ڕەوایە
کە خەڵکی بە هەموو چەشنەکان دژایەتی دەوڵەت و دەسەڵات بکات بۆ
بەدیهێنانی داخوازییەکانیان.
بەهەر حاڵ ئەوەیان پرسێکی دیکەیە و من زیاتر دەمەوێت لەسەر کوردستان [
باشور ] بدوێم و هۆکاری ئەوەی کە بۆچی خەڵکی ئامادەی ڕاپەڕین نییە، قسە
بکەم. گومان لەوەدا نییە کە بارودۆخێکی یەکجار خراپ لە کوردستانا
دەگوزەرێت و دانیشتوانی ئەوێ زۆر زیاتر لە ئێمەیەك کە لە دەرەوەی ئەوان
دەژین دەزانن و هەر ئەوانیشن کە زیاتر لە هەموو کەسێکی دیکە باجەکەی
دەدەن .
بەڕای من هۆکارێك هەن کە خەڵكی لە کوردستانا ڕاناپەڕن و قەبوڵی ئەو
بارودۆخە دەکەن. ئەو هۆکارانەش:
یەکەم: تێکەڵەیەکی کولتوریی خێڵایەتی و دینی: ئەمە ڕێگرێکی گەورەیە
لەوەی کە خەڵکی بە خۆیدا بێتەوە و بیەوێت چارەسەری زامەکانی خۆی بکات و
پەنا بۆ شتێك لایەنێکی دیکە، نەبات. ئەو کولتورە دینی و خێڵەکییە
هەمیشە لەخزمەتی دەسەڵات و سەرەوەریی و باڵادەستیدا بووەو یارمەتی
مانەوەی ئەوانی داوە و کاری داخوازیکردن بووە لە هەژاران و بە
قەبوڵکردنی ئەو بارودۆخە ، نەبا خوا خراپەی خراپتر بدات ، کە ئەمەش
لەڕێگادایە.
دووەم: کۆمەڵی کوردی: لانی کەم کۆمەڵی کوردی لە ساڵی 1946 وە تاکو
ئێستا ڕێگای پینەدراوە کە بە مێشك و عەقڵی خۆی بیر بکاتەوە یاخود
متمانەو بروا بکاتە سەر خودی خۆی ئەوەش بەشێکی بە هەبوونی هەمە چەشنە و
زۆرینەی پارتی سیاسیی کە هەموو هەوڵ و کۆششیان لە پێناوی دەسەڵاتا بووە.
بۆ ئەمەش ئەوان شەڕی فکری و سەربازیی مەیدانییان کردووە بۆ زیادکردنی
پانتایی هەژموون و دەسەڵاتیان. هەر بەم هۆکارەشەوە ئەوان هەمیشە لە
ڕواندنی تۆوی ئیدۆلۆجییەتی خۆیانا بوون لەو شوێنانەدا. هەموو ئەمانەش
وای لە خەڵکی کوردستان کردووە کە بڕواو متمانە بکەنە سەر ئەوان ، لەبری
خۆیان .
سێیەم: سیستەمی پەروەردەی خێزانی و ڕۆشنبیریی و فەرهەنگیی : ئەمانەش
کەهەر هەموویان لە سەر بناخەیەکی قوچکەیانە دامەزراون ، کار و هەوڵیان
لە پێناوی دروستکردنی تاکی ئازاددا نەکردووە. تاکێكیان دروستنەکردوە کە
بناخەیەکی پتەوی خۆ خۆیی و سەربەخۆی ، هەبێت بەڵکو لەبری ئەوە تاکێکیان
دروستکردووە کە دوای کولتوری کۆمەڵایەتی [ بەشە خراپەکەی] و دینی و
وابەستەیی و نامۆیی، ببێت.
چوارەم: ئەو بارودۆخە تایبەتییەی کە کوردستانی تیادایە : ئەو بارو دۆخە
تایبەتییە کە کە کوردد لەوێدا پێیدا تێپەڕیوە و هەر لە کارەساتی شەڕی
نەگریسی کوردایەتی و ڕاگوێزینی زۆرە ملیی و کوشتن و بڕین لە سەر دەستی
حکومەتە یەکبەدوایەکەکانی عێراقدا و کیماوی و ئەنفال و مانەوە لە
بەرانبەر هەڕەشەی گەورەتری حکومەتانی دەوروبەر : عێراق، ئێران ، تورکیا
.. ئەمان هەمووی وبوونی بارێك لە ئەزموون بۆ خەڵکی وای لێکردوە کە
دەڵێت ڕەنگە هەر " دەستی لینەدەین، باشتر بێت" . بی گومان میدیای
دەسەڵات و حکومەتی هەرێم و حیزبەکانیش هەمیشە بەوە خەڵکی کوردستانیان
ڕاگرتووە و ترساندووە.
پێنجەم : فاشییەتی دەسەڵات : حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتەکەی هەر وەکو
هەموو دەسەڵاتێکی دیکە دڕندە و فاشین لەسەرکوتکردنی خەڵکیدا. دەسەڵات
هەر کات کار بگاتە سەر ئەوەی جێگایان پێ لەق بکرێت بە هیچ شێوەیەك
دەستناپارێزن لە کوشتن و بڕین و هەموو شێوەیەکی تۆقاندن و تیرۆر دژ بە
خەڵکی ڕاپەڕیو بەکاردەهێنن. خەڵکی لە کوردستانا ئەمەیان بیینوە و
دەیبینن و ناکرێت هەر وا بە ئاسانی سنگی خۆیان و منداڵیان بنێنە بەر
گولەی دەسەڵاتەوە.
شەشەم: خودی بارودۆخی کوردستان: ڕاستە ئەمڕۆ بارودۆخی کوردستان خراپە
بەڵام هێشتا بە بەراورد بە خەڵکی بەغدا و باشور و ئێران و میسر و
هیندستان و پاکستان و نایجیریا و خواروی ئەفەریقا و زۆری تر لە ولاتانی
دونیا، بارودۆخی خەڵکی لە کوردستان زۆر لەوان باشترە . ئیتر خەڵکی بە
جۆرێك لە جۆرەکان ژیانی خۆی دەبر کردووە و ئەو برسێتی و ڕەشوڕووتییەی
کە لەو شوێنانەی کە ناوم هێنان، هەیە ، لە کورستاندا ئەوەندەی من بزانم،
نییە. دیارە ئەمەس ئەوە ناگەیەنیێت کە دەبێت برسێتی و نەبوونیی، شۆڕش و
ڕاپەڕین دروستبکات، بەڵام بمانەوێت و نەمانەوێت ڕۆڵی خۆی هەیە.
شەشەم : ڕۆڵی چەپ و کۆمۆنیست و ئەنارکیستەکان: لە ڕاستیدا چەپ و
کۆمۆنیستەکان ڕۆڵێکی ئەو تۆیان نەبووە لەناو خەڵکیدا. شەڕی نێوخۆیی
خۆیان لەسەر دەسەڵات و پلەبەندیی نێو حیزبایەتی و شەڕی ئیدۆلۆجیانە
کردونی بە چەندەها بەش و کەرتەوە کە ناتوانن دەورێکی ئاوایان لە
کوردستانا هەبێت هەم لە پشتگیری خەڵکی و هەم لە بەشداری خۆیشاندانەکانا،
لە هەر ڕووداوێکدا کە دێتە پێشەوە.
هەرچیش ئەنارکیستەکانە ئەوانیش پێگە و سەنگێکیان لە کوردستانا نییە تا
ئێستاش قورسایی سەرەکی خراوەتە سەر کردنی هەڵمـەتی ڕۆشنگەریی سەبارەت
بە ئەنارکیزم و ناسینی و گواستنەوەی ئەزموونەکانی دەرەوە بۆ ئەوێ. بە
پلەی دووهەیش بانگەشەی دروستکردنی گروپی خۆجێیی ئاسۆیانە و ڕێکخراوی
جەماوەریی ناقوچکەیی و کردنی کاری هەرەوەزی، دەکەن . ئەمە جگە لەوەی کە
ئەنارکیستەکان باوەڕیان بە حیزب و ڕۆلی حیزب و سەرکردایەتی و
ڕابەرایەتی هیچ جۆرە خۆپیشاندان و ڕاپەڕینێك نییە. ئەوەی کە ئەوان
باوەڕیانە بەشداریکردنە و چالاکبوونە لەو ڕووداوانەدا و گواستەنەوەی
ئەزموونەکانە و متمانەپێکردنی تاکە و دروستکردنی وەرکشۆپە بۆ
لەیەکدییەوە فێر بوون و هاوبەشکردنی ڕۆشنبیریی و بەهرەی شەخسی [تالەنت]
و سەلیقە و توانایە . هاوکاتیش ڕێگەگرتن ، گەر بکرێت ، لە حزب و
حیزبییەکان و کەسانی ناودار و ئیدۆلۆجیا بۆ کۆنترۆڵکردنی خەلكی و لە
قاڵبدانیان بە مەبەستی بەکارهێنانیان بۆ بەرژوەندی تایبەتی حیزبیان و
کەسایەتییەکان و دەوڵەتانی دەرودراوسێ و ناوچەکە.
ئالێردا پێ لەوە دەنێم کە بەشێكی نەبوونی جوڵەی کۆمەڵایەتی دەکەوێتە
سەر ئەستۆی ئێمە هەموومان کە دەکرێت لۆمەی خۆمان بکەین ، نەك خەڵکی کە
نەمان توانیوە ئەو پێگە و سەنگەمان هەبێت چونکە لە ڕاستیدا هۆکارێکی
ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئێمە وەکو پێویست چالاك نین و
نەمانتوانیوە و ناتوانین ، فکر و مەبادیئەکانمان بە باشی و بە ڕوونی
بگەیەننیە خەڵکی.
٧\٣\٢٠٢٠
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|