په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

ئایا ئەم حکومەتە، حکومەتی هەژارەکانیشە؟

سەلام عەبدوڵا  


ئەبو فەهمی وتی: بۆچی سەردانی ماڵە هەژارەکانی ئیمام عەباس ناکەی؟
- جا ئەوە پرسیارە!
(ئیمام عەباس) لە کناری ئەڵوەنەوەو شوێنێکی دڵگیرە، بۆیە خانەقینییەکان لە رۆژانی جەژن لێی کۆدەبنەوەو ئاهەنگی خۆیان دەگێڕن، بەبێ ئەوەی ئاین رۆڵێکی لەبەرچاو ببینێ(ئاین و هەڵپەڕکێ و دەهۆڵ و زوڕناو چاوبازی کوڕان و کچان، کوجا مەرحەبا)!


لەسەرەتای ئەو گردە کە بە(گردەکەی ئیمام عەباس)، ناسراوە، تەلاری جۆراوجۆری کۆمپانیاو ماڵانی بەرپرس و بارەگای حزبی ریزکراوە، پاشان ئەو ماڵانە دەبینرێن کە بە(ماڵە ئیرانییەکان)ناسراوەو لەراستیدا دانیشتوانەکەی کوردن و ماوەی 30ساڵە لەو شوێنە نیشتەجێن، بەڵام سەرەڕای ئەوەی لەگەل خانەقینییەکان خزمایەتییان دامەزراندووە، لێ هێشتا هەر وەک هاوڵاتی پلە دوو مامەڵەیان لەگەل دەکرێ و زۆربەشیان رەگەزنامەیان نییە!


تا مرۆڤ هەنگاو دەنێت، با بڵێین لەبەردەم لوتی ئەو(ئیمام)ە دادەگیرسێت، چەندین خێزانی هەژارو دەستکورت و نەخۆش نیشتەجێن و بەشێوەیەکی لەبەرچاو، هەموو جۆرە هیواو گەشبینییەک لە رووخساریان مردووە، تەنانەت ژیان بووە بە بار بەسەریانەوەو نازانن کاتەکەیان لەناو ژوورە قوڕینەکانیان بەچی بەسەر ببەن. مرۆڤ دەتوانێ زۆر بە ئاسانی بیسەلمێنێ کە ئەم هەژارە پەراوێزخراوانە، نە حکومەتیان هەیەو نە هیچ خەمخۆرێک:


1- فاتمە ئیبراهیم، دایکی 9منداڵە(ئەحمەد، سەعدیە، ریما، ێابرین، حوسین، حەسەن، عزەدین، زەینەب- ناوی منداڵێکی لەبیرچووە!). ئەم دایکە، وتی: باوکی منداڵەکان(هاشم محەممەد ئیسماعیل) کرێکاری دەکردو لە2/2/2007لە نزیک ئیمام وەیس، لەلایەن ئیسلامییەکانەوە رفێنراو لەوساوە تا ئێستا هیچ هەواڵێکی نییەو لەلایەن هیچ بەرپرس یان دەزگایەکی حکومی و تەنانەت رێکخراوێکەوە، بەسەرنەکراوین.
- بە چی دەژێن؟
فاتمە: کوڕەکەم عەلی رۆژکارەو هیچ داهاتێکی ترمان نییە.
بۆ زانیاری زیاترو گەیاندنی کۆمەک بەم خێزانە، پەیوەندی بە ژمارەی تەلەفۆنەکەیانەوە بکەن: 07703667661


2- هەدیل عەلی مەنسور، دایکی(حەسەن، زەینەب، حوسین، عەباس)ەو هەموویان لەناو تاقە ژوورێکی قوڕین، دەژێن.
- هاوسەرەکەت لە ماڵە؟
هەدیل: نەخێر لەسەر کارە.
- کاری چی دەکات؟
هەدیل: هاوسەرەکەم دەرچووی(کۆلیجی پەرەوردەیە لە باقوبە)، بەڵام دانەمەزراوەو ئێستا باخەوان کاردەکات و مانگانە200هەزار دینار وەردەگرێ.
ئایا ئەو بڕە موچەیە بۆ6سەر خێزان بەس دەکات؟
بۆ زانیاری زیاترو گەیاندنی کۆمەک بەم خێزانە پەیوەندی بە ژمارەی تەلەفۆنەکەیان بکەن: 07705005852.

3- حمود داود عەلی خانەنشین کراوەو مانگانە130هەزار دینار وەردەگرێ. ئەم پیاوە نەخۆشی دڵ و شەکرەی هەیە.
ئەوەی دەیەوێت ببێت بە مێوانی"بەهەشت"، پەیوەندی بە ژمارەی تەلەفۆنەکەیان بکات(07708913791)!


4- هەنا شاکر و تەحسین ئەلیاس(رۆژکارە)، 3منداڵیان هەیە(ئاراس، حوسین، زەینەب)و کچەکەیان کەڕەو چاوێکی کوێرەو لە خوێندن بێبەشکراوە. ئەم خێزانە چاوەڕوانی کۆمەکن تا بتوانن سەردانی پزیشک بکەن و نەشتەرگەری پێویست بۆ کچەکەیان بکەن.
.... بەڕێزان"ببوورن" ئەم نەگبەتانە ژمارەی تەلەفۆنیان نەبوو، بەڵام ئەوەی بیەوێت دەتوانێت پرسیاری ماڵەکەیان بکات و 100%دەیدۆزنەوە....
 

لەراستیدا چەندین خێزانی تر ماوەو دەبێ سەردانیان بکەم، بەڵام کات درەنگە.
ئایا ئەو کەس و خێزانانە حکومەتیان هەیە؟!


ئەوەی لەم بەڕێزانە فێربووم ئەمەیە: هەژاران نەک تەنها بۆیان نییە پیر ببن، بەڵکو نابێت نەخۆشیش روویان لێ بکات... دەبێ هەمیشە وەک"تۆپ"بن بۆ خزمەتکردنی ئێوەی بەڕێزو بەحورمەت و بە...و رێز لە یاسا و ئاڵاو بەرژەوەندییە باڵاکان بگرن...بای بای...وا باشتر لیکاوی دەمتان بسڕنەوە!