په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\١١\٢٠١١

ئایە گۆڕانی ده‌موچاوه‌کان

ئەم قەیرانە ئابوورییەی کە ئەوروپا تێی کەوتوە دەڕەوێنێتەوە؟!!


زاھیر باھیر     


ڕەنگە ئەستەم بێت گەر پێشبینی ئەوە ‌ بکەین کە ‌ ئەم قەیرانە ئابووریەی کە ‌ ئەمڕۆ جیھان بە گشتی و ئەوروپا و ئەمریکا بە تایبەتی پیاتێدەپەڕن ببێتە ‌ ھۆی ھەرەس ھێنانی سیستمی ئابووری و سیاسەتی سەردەم . بەڵام گومانی تێدا نیە کە ڕاچڵەکینێکی گەلێک گەورەیە بۆ ‌ لەخەو ھەڵسانی ئابووریناسانی لیبراڵ و سەر‌جەمی دەزگا دراویەکان و ئابووریەکان و کۆمپانیا گەورەکانی جیھان لەگەڵ پارێزەرەکانیاندا ، کە دەوڵەتەکانی جیھانە ‌ بە ھەموو چەشنەکانیانەوە ‌، ئەمە لە لایەک ، لە لایەکی تریشەوە بیرکردنەوە لە ‌ تێگەیشتنی ئەو ڕاستیە کە سیستمی ‌ کاری کرێگرتە، سیستمی سەرمایەداری ، ناتوانێت ھەتا سەر وەکو راستییەکی مێژوویی بمێنێتەوە، بۆیە ڕۆژێک دێت بیرو بۆچون و تێوری ھەزاران نووسەرو ئابووریناس و کۆمەڵناسی لیبراڵ بە کۆن و نوێیانەوە تێدەشکێت ، ئیدی وتەکەی فۆکۆیامە (Francis Fukuyama) " سەرمایەداری کۆتایی مێژوە" بڕوانە کتێبی (The end of history and the last man) ڕاست نابێت و ، لەسەر کەلاکی کۆتایی ئەم مێژووەی فۆکایەمەو ھاوەڵەکانی ، سەرەتای مێژووی سوشیالیزم وە دەردەکەوێت، ئەمە راستییەکی حاشا ھەڵنەگرە ، تەنھا کێشەی کاتەو ھەروەھا کێشەی سۆشیالیزم دەبێتە ‌ پێویستی ژیانی خەڵکی .


دەتوانین داوای بەڵگە بکەین تاکو ئەم لیبراڵانە لە ھەموو بوارەکانی ژیاندا پێمان بسەلمێنن کە ئەم سیستمە لە شوێنێکدا ، لە سەردەمێکدا بێ خوڵقاندنی لەشکرێکی گەورە لە بەتاڵە، بێ لەھەژارخستنی بەشی ھەرە زۆری کۆمەڵگە ، بێ لە دروستکردنی دووجەنگی گەورەی جیھانی و ھەڵگیرسانی دەیەھا شەڕی گەورەتر لە گەلێک شوێنی ئەم جیھانەدا کە بە ملێونەھا خەڵکی کردۆتە قوربانی و دیسانەوە بەقڕدانی ملێونەھای تر لە خەڵکی ، لەپاڵ ڕاونان و ھەڵکەندنی سەدەھا ھەزاری تر لە خەڵک ، بێ لەکەم ئەندامکردن و نامۆ خستنی دەیەھا ملێون خەڵکی تر ، بەدەر لەمانەی سەرەوەو زۆری تریش، با ئەو زاتانە پێمان بڵێن، کە ئەم سیستمە سەرکەوتوو بووەو بەدوور لە گرتنەبەری ئەم ڕێگایەنەش دەمێنێتەوە؟‌ . لە ھەمان کاتیشدا لایەنگران و بڕیاردەران لەناو ئەم سیستمەدا ناتوانن دڵنیایی ئەوەشمـان بدەنێ کە گۆڕانی دەم و چاوەکان و کردنی پینەو پەڕۆکان، خۆیان وتەنی ڕیفۆرم و مۆدیرەنایزکردن، دەستەبەری مانەوەی سیستمەکەیان دەکات.


با ھەر چاوێک بە مێژووی کردارو ڕەفتار، یا چارەسەرەکانی بزنسمان و کۆمپانیا گەورەکان و نوێنەرەکانیان لە دەوڵەتدا، بگێڕین ، تاکو ببینین لەم دوو ، سێ ، ساڵەی کە ‌ ئەم قەیرانە ئابووریانە ‌ دروست بوون ، ‌ توانراوە چ چاکسازیەک ‌ بکرێت ؟ چ ھیوایەکیان بە خۆشیان و بە ئێمەش داوە بۆ ڕەواندنەوەی قەیرانەکە ؟ ھەژدە مانگە لە ‌ یۆناندا چارەسەرە یەک بەدوا یەکەکان، لە: دەستەسڕ داخستن و دەستگیرۆیی کردنەوە، تا سەردانی ئەم سەرۆک و ئەم ئابوو‌ریناس لەپاڵ نوێنەری دەزگا ‌ دراویەکان و کۆمپانیا گەورەکان، ئایا ‌ ێونانی بەرەو ئاڕاستەیەکی باشتر بردوە یا خراپتر؟


ئەم پەتایە نەک ھەر لەوێ چارەسەری نەکرا بەڵکو خۆی بۆ جەرگەی ئەوروپاش کووتاوە، وەکو ئیرلەندەو پورتوغال ، ئیسپانیا ، ئیتالیا ، بەریتانیاو ھەروەھا تا ڕا‌دەیەکیش فەرەنساش . لە راستیدا تەنھا ووڵاتێک لە ئەوروپادا کە تا ئێستا ‌ تووشی تالوکە نەبووبێت تەنھا ئەڵمانیایە.


شایانی باسە گەر ئەوەش ‌ بڵێین بەپێی دەیتایەکی یەکێتی ئەوروپی لە نێوانی مانگی ئازاری ئەمساڵ و مانگی سێپتەمبەردا تێکڕای گەشە کردنی ئابووریی ھەر ١٧ وڵاتەکەی کە بە یورۆ مامەڵە دەکەن و ئەوانەشی کە لەدەرەوەی دراوی یورۆ ن، تەنھا لە سەدا ٠.٢ بووە، ‌ کەواتە کێشەکە لەوەدا نەماوە کە کار لەسەر ڕاگرتنی یۆنان لە چوارچێوەی ووڵاتانی بەکارھێنەری دراوی یورۆدا ، بکرێت، بەڵکو دەبێت لە ئێستادا بەھانای ھەموو ئەوروپاو ئابوورییەکەی ، نەک بەتەنھا یورۆ، بدرێت .ا

چارەسەری دەزگا دراویەکانی جیھان و ئابووریناسەکان وڕامیاریناسانی ھەموو لایەک بۆ ئەم کێشەیە چییە؟


لەڕاستیدا ھەر ھەموو ئەمانەی لای سەرەوە دەستەوەسانن لە بەر‌دەم چارەسەری کێشەکەدا ، چارە لای ئەمان ھەر ھەمان دەرمانە ، ئەو دەرمانەی کە ‌ساڵەھایەکی دوورو درێژە لە زۆربەی شوێنەکان و لە ‌ سەردەمی جیا جیادا ، کە دەرمانی چارەسەر نەبووە، بەکاریان ھێناوەو بەکاری دەھێنن. ئەوان لەلایان مەبەست نیە کە ئەوەی ‌ دەیکەن چارەسەسەرێک بێت یا نا ، بەڵام ئەوان ‌ دەزانن ئەوە تاکە ڕێگایەکە بۆ کەڵەکەکردنی قازانج و سەرمایەی زیاتر.


ھەروەھا بانکەکان و ھەموو لیبراڵەکان و ڕاست و چەپ و حکومەتە سۆشیالیستەکانیش ، ھەر ھەمویان یەکدەگرن بۆ "لابەلا کردنەوەی" ئەو کێشەیە، بە واتایەکی تر ھەر ھەمویان ‌ لە سەنگەری پیلان گێڕیدا دژی زۆربەی زۆری خەڵکەکەیان یەک دەنگ دەبن.


چارەسەرەکانیشیان یا یەکێکە ‌ لەمانەی خوارەوە یا بەکار ھێنانی چەند دانەیەکیانە یا ھەر ھەموویان. لەوانە گەمەی بەرز کردنەوەو نزم کردنەوەی بەھای سووە ، کە بەھەر بارێکدا ھەڵیسوڕێنن دادی کێشەکە ‌ نادات ، چونکە بازاڕ، مارکێت، ڕاوەستاو‌و سەقامگیر نابێت. بەبەرز کردنەوەی بەھای سوو مانای بەھێز کردنی دراوو ھێنانە خوارەوی ‌ ناردنە دەرەوەی بڕی کاڵای ووڵات، کەمبوونەوەی قەرز کردن بۆ کردنی یا کڕینی خانوو زەوی ، ئەمەش سست کردنی بازاڕی خانوو بەرە و ھەروەھا ھێواش بوونەوەی قەرزکردنی پارە لە بانقەکان بۆ بەگەڕخستنی .


‌ داشکانی بڕی سووش، تا ڕادەیەک یانی ھێنانە خوارەوی بەھای دراوی ووڵاتەکە ، کە ئەمەش خۆی بەپێی ڕای ئابووریە لیبراڵەکان دەبێتە ‌ ھۆی ھەڵئاوسانی پارەو کەمکردنەوەی ھێزی کڕینی شتومەک و ھەرەھا کارایی خۆشی لەسەر کەمکردنەوەی ھێنانی یا ھاوردەی کاڵای دەرەوە دادەنێت. ھەر گرتنەبەری ئەم ڕێگایە لای سەران و بەڕێوەبەرانی ئەم سیستمەو ە ، بۆ مامەڵە کردنی ھەڵئاوسانی پارەش ‌ بەکار دەھێنرێت . درک کردنیش بەوەی کە ‌ ئەمە چارەسەر نییە ، یا کار ناکات ، پێویستی بە پسپۆڕی نییە لە ئابووری ناسیدا، چونکە ھەڵ‌ھێنانی ئەم مەتەڵە ‌ زۆر ئاسانە. ‌ گرتنەبەری ئەم ڕێگایەش و ئەوانی تریش یانی خوڵقاندنی زیاتری لەشکری بەتاڵە، واتا ئەمانەی کە تا ئێستا ‌ خۆیان باجیان دەداو بوجەی دەوڵەتیان دەوڵەمەند تر دەکرد ، ئێستا خۆشیان دەبنە سەربار بەسەر دەوڵەتەوەو دەبێت لەسەر شانی ئەوانەی کە ماونەتەوەو لەسەر کارو باج دەدەن، بژین. ئەمەش یانی کەمبونەوەی زیاتری بوجەی دەوڵەت ، کەمکردنەوەی توانای کڕینی تاکەکانی ناو کۆمەڵگە ، یانی ڕاکێشانی بەتا‌ڵەی تر بەدووی خۆیدا.


جاری واش ھەیە دەوڵەت بۆ چارەسەری کێشە ‌ ئابووریەکەی بەناچاری نرخ و بەھای دراوەکەی دەشکێنێت ، کە ‌ ئەمەش کێشەیەکی گران دروست دەکات لەسەر ھاوردەی کاڵای دەرەوە بۆ ناوەوەی ووڵات، ئەمیش لە خۆیدا دەبێتە ھۆی ھەڵئاوسانی پارە ، ئەم پرۆسەیەش ‌ بە ئینگلیزی پێیدەڵێن ( Devaluation ) واتە داگرتنی نرخ و بەھای دراوی وڵاتەکە لە بەرامبەر دراوی وڵاتەکانی تردا و لە بەرامبەر ئاڵتونیشدا. خاڵی پۆزەتیڤی ئەمەش بوژاندنەوەی جموجوڵی ناردنە دەرەوەی کاڵای وڵاتەکەیە ، ئەمەش بەدەوری خۆی کرێکاری زیاتر لە وڵاتدا دەخاتە کارەوەو کاڵای زیاتر دەھێنرێتە بازاڕەوە، بەڵام مەترسی ئەم سیاسەتە ئابوورییە ئەوەیە ، یەکەم : سڵکردنەوەی یا وەستانی پارەداری بێگانەیە لە بەگەڕخستنی پارەکانیان لەم وڵاتەدا. دووھەم: مەترسی کڕینی پارەی وڵات لە لایەن ‌ خەڵکانی ھەرە دەوڵەمەندەوە، ھەروەکو چۆن ‌ جۆرج سۆرۆ لە سەرەتای نەوەدەکاندا کردی بەرامبەر دراوی بریتانی بەکڕینی پاوەندێکی زۆر لە بازاڕدا، بەمەی کە کردی خەریک بوو ببێتە ھۆی ھەرەسی تەواوی پاوەند، ئەو ڕۆژو مانگەی کە ئەمەی تیادا ‌ ڕودا لەلای پیاوانی دەوڵەت و ئابوورییناسەکان بە سێبتەمبەری ڕەش ناسراوە، (Black September).


دووھەم: زیادکردنی باج لەسەر موچەو داھات و ھەروەھا لەسەر خواردن و خواردنەوە و پێداویستیەکانی تری ژیان . ئەمەش کێشەی ئابووری زیاتر خەست دەکاتەوە ، چونکە زیادکردنی باج لە ھەر بوارێک ، ڕەنگە کۆمەکێک بکات بە بودجەی ووڵات و شتێک زیادەی بخاتە ‌ سەر ، بەڵام توانای کڕینی خەڵکی بۆ کاڵاو پێداویستیەکانی تر کەمدەکاتەوە ، ئەمەش ڕۆڵێکی گەورە ‌ دەبینێت ھەم لە سەر کاڵای ھاوردە و ھەم سەرف بوونی ئەو کاڵایانەشی کە لە ناو خودی ووڵاتدا دروست دەکرێت و ھەنووکە لە بازاڕدان . بەڕوودانی ئەمە یانی کەڵەکە بوونی کاڵا لە ‌ بازاڕدا ، کە ئەمەش دەبێتە ‌ ھۆی داخستنی زیاتری کارگەو کارخانەو داخستنی دووکان و کۆگاو چێشتخانەو ‌ بەشەکانی تری خزمەتگوزاری و ‌ دەرکردنی کرێکاران و کارمەندەکانیان . واتە لە بری چارەسەر کردنی قەیرانەکە ، خراپتر کردنێتی . ئەم سیستمەش چارەسەری ئەمە بە دروستکردنی جەنگی گەورەو ھەوڵدانی گواستنەوەی قەیرانەکەیە لە ‌ شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر لەگەڵ کردنی چەند سوکە ڕیفۆرمێکدا، دەکات .


سێھەمیان: بەکار ھێنانی سیاسەتی دەست گرتنەوە( تەقەشوف) ، ئەمیش بە دەست گرتنەوە و کەمکردنەوەی بیمەکان، کەمکردنەوەی خەرجیە گشتیەکان، دەرکردنی خەڵک لەسەر کار، داخستن یا کەمکردنەوەی مەودای خزمەتگوزاریەکان، لێسەندنەوەی ئەو دەستکەوتانەی کە خەڵک لە ڕابووردودا بەخوێن بەدەستیان ھێناون ‌ کە لە ئێستادا بە خۆڕاییە، بەڵام دواتر لە قۆناغی دەست گرتنەوەکەدا ھەموی دەبێتە پارە ، ھەڵکشانی یا بردنە ‌ سەرەوەی تەمەنی خانەنشین کردن لەگەڵ دانان و بە یاسایی کردنی چەند جۆرێک لە باجی ناڕاستەو خۆ. لەپاڵ ئەمانەشدا ھێڕش کردنە سەر نقابە ( سەندیکاکان) بەدانانی یاسای نوێ وسنوردارکردنی وکەم کردنەوەی چالاکیەکانی .


ھەمووشمان دەزانین ھەموو ئەمانە یارمەتی سوک کردنی قەیرانەکە ‌ نادات بەڵکو ئەوەندەی تر خەستی دەکاتەوە. دیسانەوە دەمانخاتەوە ناو بازنەیەکی داخراوەوە .


دواچارەسەر: گەر ئەمانەش ھیچیان کاری نەکرد ، کە کار ناکات، دەبێت بیر لەوە بکرێتەوە کە ‌ سەرۆکی دەوڵەت، شالیاری دارایی ‌ ، یا سەرۆکی بانکەکان بکرێنە قوربانی ، واتە دەبێت دەست لە کار بکێشنەوە و دەموچاوی تر بێتە ‌ پێشەوە ، تاکو گەمەکە لێرەدا تەواو نەبێت و خەڵکی زیاتر لێیان ڕاست نەبێتەوە. گۆڕینی سەرۆکی حکومەتیش لە حاڵەتی ئاوادا جار ھەیە بەزۆر فەرز دەکرێت، کەواتە لێردا تەنانەت ئەو دیمۆکراتیەی کە سەری زمان و بنی زمانیانە، چەندەھا ڕژێمیان بۆ گۆڕیوە تاکو دروستی بکەن، ئا لەم حاڵەتانەدا ، ئەوەش بەخەڵکی ڕەوا نابینن.
لە خوارەوە ڕۆشنایی زیاتر دەخەمە ‌ سەر ئەوانەی کە لە سەرەوە باسم لێوە کردن.


با ئێستاش تەماشای ھەندێک نمونەی زیندوو بکەین کە ‌ ڕۆژانە لە ‌ ئارادایە.


یۆنان: وەکو پێشترباسم کرد ١٨ مانگ لەمەوپێش یۆنان کەوتە حاڵەتێکی واوە کە لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٠ دا ناچار بوو کە ١١٠ ملیار یورۆ بە قەرز وەرگرێت وەکو ھەلێک کە بقۆزرێتەوە بۆ ڕزگار بوونی لەو قەیرانە ی کە ‌ بە بڕی ٣٦٠ ملیار یۆرۆ لە ژێرەوە بوو. بێگومان ئەم قەرزەی بە ھەلو مەرجێکی گەلێک سەخت درایە ، وەکو : سەرخستنی تەمەنی خانەنشینی، بەتایبەتی کردنی کەرتە گشتییەکان و فرۆشتنیان بە بڕی ٥٠ ملیار یورۆ ، کەمکردنەوەی موچەی خەڵکی بە ڕێژەی لە سەدا ٢٠، بەرزکردنەوەی باج و زیادکردنی نرخی پێداویستیەکانی ژیان و گەلێک شتی تریش.


خەڵکانی خۆڕاگری ئەوێ بە ‌ ھەمو توێژالەکانیەوە بەرگرییەکی پاڵەوانانەیان کردو ‌ بەبەردەوامی لەسەر شەقامەکان بوون بۆ بەرگری لە ژیانیان ، بۆیە حکومەتی پارتی سوشیالیست ( پاسۆک) کە پاپەئەندرو سەرەک شالیار بوو، نەیتوانی ئەوانەی سەرەوە بەتەواوی بکات. دواتر بەناچاری لە ژێر فشاری سندوقی دراوی جیھانی ، بانکی ناوەندی ئەوروپا و ئۆباما ‌و ‌ ئەمەریکادا، پاپە ئەندرو زۆربار کرا کە نەیارە سەرەکیەکەی کە لە پارتی نەیاردا بوو، ڤێنیزلۆس ، ( Evangelos Venizelos) بکاتە شالیاری دارایی، واتە ئیتر بڕیارەکان لە لایەن ھەردوو حیزبەکەوە ‌ دەردەچێت و ‌ بە ھەردوکیانیش دەیسەپێنن. بەڵام ئەم پینەو پەڕۆیەش ھەر سەری نەگرت نەیانتوانی بەرنامەی شوومی دەزگا دراویەکان و یەکێتی ئەوروپی بچەسپێنن ، ھەر لەبەر ئەوەش سندوقی دراوی جیھانی بە بڕی ٨ ملیار یورۆی لە قەرزەکە ‌ ڕاگرت و پێی لەسەر ئەوە ‌ دادەگرت کە دەبێت ڕیفۆرمەکان ‌ لە یۆناندا بەتەواوی جێبەجێ بکرێت، لەم لاشەوە ‌ دەوڵەتی یۆنان ھاواری ئەوەی لێ بەرز بووەوە کە ‌ ئیتر ناتوانێت موچەی کارمەندانی سەر بەدەوڵەت بدات ، گەر ھەتا ١٦ -١٢ -٢٠١١ ئەم یارمەتیەیان پێنەگات، ئیدی ھیچ چارێکیان نامێنێت و بارودۆخەکە ‌ بێ چارەسەر دەمێنێتەوە.


دوای ئەوەی کە سندوقی دراوی جیھانی ملی بۆ داخوازیەکەی پاپەئەندروی سەرەک شالیاران نەدا، ئەمیش دوا کارتی یاریەکەی بەکارھێنا، بە بانگەوازکردنی ڕاپرسی گەل( ڕیفراندەم) بەناوی فرۆشتنی ووشەی دیمۆکراتیەت و حکوومەتی دیمۆکراتیەوە بۆ جێبەجێ کردنی داخوازیەکانی بانکی ناوەندی ئەوروپاو سندوقی دراوی جیھانی، ئەویش ئەو ڕیفۆرمانە بوون کە لەسەرەوە ناوم ‌ ھێنان. ئەم ھەڵوێستەی کە پاپەئەندرو نواندی ھەموو سەرانی سیاسی ئەوروپا و ئەمەریکا و سەرجەمی دەزگا دراویەکانی توڕە و سڕو بەنج کرد، چونکە ‌ ھەموی ھەفتەیەک پێشتر بوو کە حکومەتەکەی پاپەئەندرو ملی بۆ ھەموو مەرج و بەندەکانی ئەوان دابوو، بۆیە شاڵاوو ھێڕشێکی زۆریان کردە سەری و داوای ھەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەیان لێکرد چونکە ‌ دەیانزانی کە خەڵکی یۆنان دەنگ بۆ ئەو ڕیفۆرمە نادات ، دەنگدان بۆ ئەوە، ‌ دەنگدانە ‌ بۆ بەھێواشی مردنیان. بەمەش قسە گرنگەکەی جەیمس کەلەھانی کۆنە سەرەک شالیارانی حکومەتی بریتانی دەھێنێتەوە یادمان کە لە بۆنەیەکدا کردبوی " قەلەکان دەنگ بۆ پێشخستنی کریسمس نادات".


ھەر زۆری نەخایاند کە ‌ پاپەئەندرو لە ژێر گووشاری ناوەوەی حکومەتەکەی خۆی و دەرەوە لە بڕیارەکەی پەشیمان بووەوە، ‌ دواتریش فشاری زیاتریان بۆ ھێنا تا دەست لەکار بکێشێتەوە ، کەسێکی تر بە ناوی لوکاس پاپەدیمۆس( Lucas Papademos) کابرایەکی تەکنۆکرات کە دەر‌چووی زانکۆکانی ئەمەریکایە ‌و دواتر بووەتە ‌ جێگری سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەوروپی و پاش ئەوەش بوە بە ‌ پڕۆفیسۆرو وانەی ئابووریی ‌ لە زانکۆکانی ئەمەریکادا دەوتەوە و لە پاڵیشیدا ڕاوێژکاری دەوڵەتیشی دەکرد. ھەتا ڕۆژی یەکشەمەش ، ١٣-١١-٢٠١١ ، لە بانکی ژمارە ‌ یەکی جیھانی، Goldman Sachs ، ڕاوێژکاری بەگەڕخستنی پارە ‌ بوو.


ھەموو ئەوروپا و ئەمەریکا وا پێشبینی دەکەن کە ئەم کابرا تەکنۆکراتە دەتوانێت ھەر ھەموو کێشەکان چارەسەر بکات ، وەکو ئەوەی پێشتر ھیچ ڕۆڵێکی لە کێشانی نەخشەی ئابووریدا نەبووبێت، و یۆنانیش لە سەر کورسی گەرم و گوڕی یەکێتی ئەووروپی بە ‌ باخەڵی پڕ لە یورۆوە دانیشێت. ھەرچی خەڵکانی نا سیاسی و ناپسپۆڕو نائابوورییناسی وەکو ئێمەشە کە ڕەشە خەڵکەکەین ، بە گۆڕینی پاپە ئەندرۆیە بە پاپەدیمۆسێ ، ‌ باوەڕمان نییە کە گۆڕانکاریەکی بنەڕەت ڕووبدات.

ئیتالیا: ئیتالیا کە سێھەم گەورە ووڵاتی ناوچەی یورۆیە (زۆنی یورۆ) ‌و ھەشتەم وڵاتی گەورەی جیھانە، لە ‌ بارو دۆخێکی گە لێک ئاڵۆزی ئابوورییدا دەژی ، کە لە یۆنان سەختترە. ئیتالیا ١.٩ تریلۆن یورۆ لە ژێرەوەیە ، ئەم قەرزاریەی ئەم یەکسانە بە کۆی قەرزاری ئیرلەندەو پورتوغال و یۆنان و ئیسپانیا. بەشی شێری سەرجەمی قەرزی ھەمو ووڵاتانی ئەوروپا کە ٢.٣ تریلۆن یورۆیە، لە سەری ئیتالیادا شکاوەتەوە. قەرزەکە ئەمەندە زۆرو قەبەیە ‌ ستەمە کە لە ھەرەس ھێنان ڕزگار بکرێت، گەر قەرزیشی پێبدرێت، ڕێژەی دانەوەی سووەکەی بە لە سەدا ٧ دەبێت کە لە کاتێکدا ئابوورییناسەکان وایان خەمڵاندوە کە ڕێژەی گەشەی ئابووریی لەوێ ھەتا دوو ساڵی تر بە ڕێژەی لە سەدا ٠.٠٥ دەبێت، بەمەش قەرزدەران سڵێکی گەورە دەکەنەوە ‌ لە ‌ یارمەتی دانی ئیتالیادا.

بارودۆخەکە گەیشتە ئەو ‌ ڕادەیە کە لە ڕۆژی ٠٨-١١-٢٠١١ دا بۆرسەی ئیتالی بە ڕێژەی لەسەدا ٤ شکا، کە ئەمەش کارایی خۆی لەسەر دراوی جیھان و ھەموو پشکەکان( سەھم) ‌ لە ئەوروپاوە ‌ تا ئەمەریکا، بە ڕادەیەکی بەرز داناو نرخیان ھاتە خوارەوە. ئەمە لە کاتێکدا ئیتالیا ساڵی پار دەیتوانی قەرز بکات و ڕێژەی سووەکەی لە سەدا ٤ بێت کەچی ئەمساڵ ‌ ڕێژەی سووەکە لە نێوانی لە ‌ سەدا ٧ تا لە ‌ سەدا ٧.٧ دەبێت.


ئیتالیا بۆ ئەوەی کە ‌ باری دانەوەی قەرزەکانی سوک بکات ساڵی پار بیری لە ‌ فرۆشتنی کۆمپیالە ( Bonds ) کردەوە. پارساڵ ‌ بایی ٥ ملیار یورۆی ‌ بۆ ماوەی ١٠ ساڵ فرۆشتوە کە ‌ بڕی لە ‌سەدا ٤ سووی دەچێتە سەر لەکاتی کڕینەوەیاندا، بەڵام ھەفتەی پێشوو بەھۆی پشێوی باری ئابووریەکەیەوە ئەو ڕێژەیە ‌ سەرکەوت بۆ لە سەدا ٧.


ئیتالیا بۆ ئەوەی کە ‌ قەرزەکەی سوک بکات دەبێت لە ‌ ئێستاوە کار لەسەر ئەوە ‌ بکات کە ئەو قەرزە بە بڕی ٣٦٥ ملیار یورۆ لە ماوەی ساڵێکدا دابەزێنی کە ‌ ئەمەش کارێکی گەلێک گرانە چونکە ئەو قەرزەی کە دەیدرێتێ تاکو لەو قەیرانە رزگار بێت ، ھەر بۆ ئەو ماوەیە ، ‌ دەبێت ١٣.٢ ملیار یورۆش سوو بداتەوە ئەمە بێ لەخودی قەرزەکە خۆی . ئەمە لە کاتێکدا گەر ئیتالیا مل بدات وبچیتە ژێر ئەم بارە گرانەشەوە ‌ ھیچ دڵنیاییەک نیە کە ئابووریەکەی دەبووژێتەوە و دەتوانێت لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا بچێتەوە دۆخی پێش ڕودانی قەیرانەکە کە ‌ ‌ لە ساڵی ٢٠٠٨ دا دەستی پێکرد، چونکە خودی مەرج و بەندەکانی دەزگا ‌ دراویە قەرزدەرەکان ، کە ‌ سەپاندویانە بە سەر ئیتالیادا ھەر وەکو کردیان بەرامبەر یۆنان، کێشەی زیاتر دروست دەکات و ڕەنگە ھەمان دەرئەنجامی ببێت.


لەگەڵ ھەموو لایەنە نەرێنیەکانی مامەڵەی قەرزدانەکەدا ، ئیتالیا چاری نییە و دەبێت پەسەندی بکات و پەڕلەمانیش دەبێت پاساوی بدات و بیکاتە یاسایەک و شەرعیەتی جێبەجێکردنی پێببەخشێێت . لە ھەمان کاتیشدا دەبێت دەموچاوێکی تر بھێنرێتە ‌ پێشەوە تاکو گەمە سیاسیەکان و دەزگا دراویەکان، کە ‌ ئەم کێشە ئابورییە، کێشەی مردن و ژیانی خەڵکی ئیتالییە، تا ماوەیەکی تریش بڕ بکات. ئەوە ‌ بوو لە ڕۆژی ١٢-١١-٢٠١١ سیلڤۆ بێرلێسکۆنی ملیاردەر کە زیاتر لە ١٧ ساڵە ‌ دۆمینەیتی ( ھەیمەنە) دەسەڵاتی سیاسی و حکومی لەوێ کردوە ، لە ژێر گوشاری ئەمەریکا و ئەوروپا و دەزگا دراویەکاندا دەستی لە کار کێشایەوە ‌ پاش ئەوەی ئەو پیلانەی کە لە لایەن سیاسیەکان و دەزگا ‌ دراویەکانەوە ‌ بۆ خەڵکی ئیتالیا دانرابوو لە سەپاندنی مەرج و بەندەکانیان لە ناو ماڵی سێنەتای ئیتالیدا بە دەنگی زۆربە دەرچوو. ئێستاش ماریۆ مۆنتی ( Mario Monti) کە پڕۆفیسۆرە ‌و کۆنە سەرۆکی کۆمیسوێنی ئەو‌روپا بوو، کراوە ‌ بە ‌ سەرە ک شالیارانی ئیتالیا.


لە ئێستادا ھەموو ھیوای گەورە بزنسمانەکان، کۆمپانیە گەورەکان، دەزگا ‌ دراویەکان و سیساسیەکان بەم کابرا تەکنۆکراتەوە ‌ بەستراوەتەوە کە ‌ گوایە ‌ ئەم دەتوانێت کێشەکان لابەلا بکاتەوە. بەڵام ڕوداوو ئاڵوگۆڕەکان و تاقیکردنەوەکانی پێشتر پێچەوانەی پێشبینەیەکانی ئەوانمان پێدەڵێت ، سەلمێنەری ئەم قسەیەش تەنھا ڕابردووی خۆیەتی کە کاتێک بەرزترین پلەو پایەی لە یەکێتی ئەوروپیدا ، ھەبووە، ‌ چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ نەکراوە، ھەروەھا ‌ مێژووی ژیان و ڕۆژانی ‌ داھاتووش ‌ ‌ شەرمی لە کەس نییەو ھەموو ڕاستیەکان وەکو خۆی دەردەخات.

ھەوڵ و کۆششی ئەمەریکا و ئەوروپا و چین و یابان و ھەموو لایەنەکانی تر بۆ پاراستنی ھەرەسی یورۆ، بۆچی؟


لێرەدا دوو ڕاستی ھەیەو زۆربەی زۆرمان بێ ھیچ گیرو گرفتێک پەی پێدەبەین ، یەکەم بەگشتی قەیرانەکە جیھانیەو ڕوو لە خراپ بوونە نەک باش بوون. دووھەمیش دراوە سەرەکیەکانی جیھان وەکو یورۆو دۆلاری ئەمەریکی و پاوەندی بریتانی و Yuan ی چینی و Yen ی یابانی لەگەڵ دراوە ‌ نا سەرەکیەکانی تری جیھاندا ئەڵقەیەکی نەبچڕاوی زنجیرەیەک پێکدەھێنن ، ھەر ھەموو ئەمانیش لە گیروگرفتدان.


‌ بەھاو نرخی ئەم دراوانەش لە بەھێزی ئابووری وڵاتەکانیاندا خۆی دەبینێتەوە، ‌ بەھێزی ئەم ئابووریەش لە سەر ھەندێک زەمینە ڕاوەستاوە وەکو: نشونمای ئابووری وڵاتەکە و ستاندەری ژیانی دانیشتوانەکەی ( ھێزی کڕینی کاڵا) و ‌ بازرگانی ووڵاتەکە لە ناوەوە و لەگەڵ دەرەوی خۆیدا، ھەروەھا مامەڵە کردن بە خاڵی سەرەکی یاریەکانی بازاڕەوە وەکو ھەڵکشان و داکشانی ڕێژەی سوو (قازانج) و شکاندنی نرخی دراوەکە و بەرز کردنەوەی، یاری کردنێکی لێزانانە بە زیاد کردنی ‌ باج، دانانی باجی تازەی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ لە ھەموو بوارەکاندا، ‌ لەگەڵ بەئاگا بوون لە قسەو بەڵێن و پەیمانی پیاوە ئابوورییناس و سیاسیە دەسەڵاتدارەکاندا.

ئەمڕۆ ئابووریی جیھان بە چەشنێک بەیەکەوە ‌ گرێدراوە کە ‌ مەحاڵە ‌ گەر مەترسی لەسەر یەکێک لە ‌ دراوە سەرەکییە ‌ جیھانیەکان ببێت، کارایی خۆی لەسەر دراوەکانی ترو سەرجەمی ڕەدەڵ و بەدەڵەکانی ئابووری دانەنێت.


بۆ نموونە بریتانیا لە سەدا ٦٠ مامەڵەی بازرگانی و کاروبارەکانی لەگەڵ ووڵاتە ئەو‌روپیەکاندا ھەیە کە بە یورۆیە. لە لایەکی تریشەوە بریتانیا ھەم بە ھۆی کێشەی ئابووری خۆیەوە ھەم کێشەی یورۆشەوە کەمھێنانی بودجەی مامەڵەی بازرگانی ئەمساڵ سەرکەوتوە بۆ ٩.٨ ملیار پاوەند بە ھۆی جیاوازی نێوانی ناردنە دەرەوەی کاڵاو ھاوردنییەوە ( تەسدیرو ئیستراد)، ئەمە جگە لەوەی کە ئێمەی بریتانی بە پێی قسەی سەرۆکی حکومەتەکەمان، دەیڤد کامیرۆن، دەبێت خۆمان بۆ ساڵێکی پڕ لە ‌ زەحمەت ھەڵگرین ھەم بە ھۆی نادیاری چارەنوسی یورۆو یەکێتی ئەوروپاوەو ھەم بەھۆی نشونماکردنی ئابووری بریتانیاوە کە لە ساڵی داھاتوودا پێشبینی گەشەکردنی تەنھا بە ڕیژەی لە سەدا ٠.٠٥ دەکرێت. ئەم بارودۆخە ‌ بەگشتی وای کردوە کە ‌ بڕی بەتاڵە، بێکاری لێرە لە ( بریتانیا) بە فەرمی نزیک بکاتەوە لە ٣‌ ملیۆن کە زیاتر لە ملیۆنێکیان لە نێوانی گەنجاندایە کە لە تەمەنی ١٦ بۆ ٢٤ ساڵن، بەپێی دەیتای دەوڵەت ژمارەی بێکاران ئەوەندە بەرزە ، کە بریتانیا لە ساڵی ١٩٩٤ وە ئەمەی بەخۆیەوە نەدیوە ‌. ھەروەھا نرخی پێداویستیەکانی ژیان بە ڕادەیەکی زۆر بەرز بوونە ‌تەوە ، بۆ نموونە: خواردەمەنی لە ساڵی پارەوە ‌ بە ڕێژەی لە سەدا ٤.٦ چووەتە سەرەوە، جل و پۆشەمەنی بە ڕێژەی لە سەدا ٤.٧ سوتەمەنی بە ڕێژەی لە سەدا ١٩.٨ .

ئەوروپا بۆ ووڵاتی چینیش گەورەترین ھاو مامەڵەی بازرگانیە، لە ڕیزبەندی بازرگانیدا چین دووھەمینە بۆ ئەوروپا، لە ساڵی پاردا بە بڕی ٣٦٣ ملیار یورۆ مامەڵەی لە گەڵ ئەوروپادا کردوە. لە گەڵ پەیدا بوونی گیروگرفتی یورۆدا ئەمساڵ بڕی ئەو مامەڵەیەی ساڵی ٢٠١٠ ی بە ڕێژەی لە سەدا ١٥.٦ دابەزیوە ‌ بەھۆی داخستنی ژمارەیەک لە کارگەو کارخانەو کۆمپانیەکانییەوە. لە ھەمان کاتیشدا چین ماوەی چەند ساڵێکە لە لیستی مامەڵە کردن لە گەڵ ئەمەریکادا لە ڕیزی چوارھەمینەوە ە ‌ بووەتە دووھەم، ئەمە ئەو راستییە دەگەیەنێت کە ووڵاتی چین چەندێک ئابوورییەکەی نشونمای کردوە ، بەڵام ئەوەش دەگەیەنێت ، گەر ئابووریی ئەمەریکا ھەرەس بھێنێت چینیش ‌ لە چی مەترسیەکدا دەبێت.!


ئەمریکا: ھەڵبەتە ئەمریکاش بە چەندەھا شێوە بەستراوەتەوە بە ووڵاتانی ئەوروپاوە ‌و لە تێشکانی یورۆدا و ھەڵوشاندنەوەی یەکێتی ئەوروپاد ا ئەویش زۆر زەرەرمەند دەبێت.


بەپێی ئامارەکانی کۆمیسۆێنی ئەوروپی European Commission Trade لە مامەڵەی بازرگانیدا تەنھا لە ساڵی ٢٠١٠ دا لەم بوارانەدا ئەم ئەژمارانەی خوارەوەمان پیشان دەدات:


لە مەیدانی مامەڵەی بازرگانیدا نێردراوەی ( تەسدیر) ئەوروپا بۆ ئەمەریکا ١٢٥.٢ ملیار یورۆ بووە. ھاوردەی ئەوروپا لە ئەمەریکاوە ١٣١.١٠ ملیار یورۆ بووە.
لە بواری بەگەڕخستنی پارەو بواری پیشەسازیدا ئەوروپا ٧٩.٢ ملیار یورۆ بووە ، لە کاتێکدا ئەمەریکا لە لە ئەوروپادا ٩٧.٣ ملیار یورۆ بووە. لە بواری خزمەتگوزاریدا ئەوروپا ٢٤٢.١ یورۆی بەگەڕخستوە ، لە ھەمان کاتدا ئەمەریکا لە ‌ ئەوروپادا ١٦٩.٥ ملیار یورۆ بووە. ھەر ئەو ئامارانە پێمان دەڵێن ، سەرجەمی بەگەڕخستنی پارە ‌ لە لایەن ئەمەریکاوە لە ئەوروپا دا ٣ جار زیاترە لە مامەڵەی ئەمریکا لەگەڵ ئاسیادا لە ‌ ھەمان بوار‌دا. ھەروەھا بەگەڕخستنی پارە لە ‌ ئەمەریکا دا لەلایەن ئەوروپاوە ٨ جار زیاترە لە ‌ چین و ھیند ، ھەردوکیان بەیەکەوە ‌. شایانی باسە کە ئەوەش بڵێم ئەوروپا ئەوەندە بۆ ئەمریکا جێێ بایەخە کە سەرجەمی ١٥ ملیۆن کرێکارو کارمەندیان ئیشەکانیان پەیوەستە بەو ڕەدەڵ و بەدەڵانەی سەرەوە.‌


لەم چەند دێرەی سەرەوە ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەبێت کە ‌ ھەوڵ و تێکۆشانی ووڵاتانی دەرو دراوسێ و جیھان بۆ ڕێگە گرتن لە ‌ ھەرەس ھێنانی یورۆ لەبەر خاتری خودی ووڵاتی لێقەوماوو یا دانیشتوانەکەی نییە ، بەڵکو شین و شەپۆڕ بۆ خۆیان دەکەن و دەیانەوێت سەقامگیری ئابووری خۆیان لەوێشەوە دەسەڵاتی سیاسی خۆیان، بپارێزن. ئەمان دەربەستی ئەوە نایەن کە ستاندەری ژیانی خەڵکی چەندێک نزمە ، یان دێتە ‌ خوارەوە ، بە دروست بوونی لەشکرێکی گەورەی بەتاڵە بەتایبەت لە نێوانی گەنجاندا، بەکەوتنەوەی برسێتییەکی زۆر. گەر ئەمان کەمێکیش بەتەنگەوە ‌ بھاتنایە، ‌ کەمێک دەستبەرداری کەم بوونەوەی قازانج و سەرمایەکانیان بوونایە، ئەو مەرج و بەندانەشیان بەسەر وڵاتانی لێقەوماودا نەدەسەپان. ئەمان ھەمیشە لە ھەوڵی دۆزینەوەی چارەیەکن کە چارە نیە بۆ کێشەکە. ئەوە بوو ماوەیەک لەمەو پێش وڵاتانی کۆمەڵەی ٢٠ یا گروپی ٢٠ لە کۆبونەوەکەیاندا ٣ بڕیاریاندا: یەکەم : پڕکردنی بانقەکان بە پارەیەکی باش تاکوو بەگەڕخستنی پارەو وزەو توانای بازرگانی و مامەڵەکانی تریش ‌ ببوژێتەوە. دووھەم : لە سەدا ٥٠ ی قەرزەکانی یۆنان کوێرکەنەوە ‌( بکوژێننەوە) گەرچی ئەمەش دادی یۆنان و یورۆی نەدا. سێھەم تەرخان کردنی ٢ تریلۆن یورۆ بۆ یارمەتی دانی ئەو ووڵاتانەی کە دەکەونە ‌ تالوکەوە.


دواتریش ھاتن بانکی ناوەندی ئەورووپیان ناچار کرد بە دابەزینی ڕێژەی سوو لە سەدا ١.٥٠ وە بۆ لەسەدا ١.٢٥ ، کە ئەمەش دەبێت کارایی خۆی لەسەر زیاد بووونی ناردنە دەرەوەی کاڵای ئەوروپی دابنێت بەھۆی ھاتنە خوارەوەی بەھای یورۆوە، ئەمەش تا ئێساتا ڕۆحی ‌ بەبەر ووڵاتە ‌ ئەوروپیەکاندا نەکردۆتەوە و نەبۆتە ھۆی رزگار کردنی یورۆ.


دوا پلان پشاندانی پرۆژەیەکە بەناوی " پرۆژەی کردنەوەی حسابێک بۆ پەیدا کردن و دانانی پارەیەک" کە لەمە ‌ یارمەتی ئەو ووڵاتانە ‌ بدرێت کە لێیان دەقەومێت ھەروەھا ھێنانە سەرەوەی ڕێژەی قەرزاری کە بەپێی ڕێککەوتنی ١٧ ووڵاتی ئەورووپی کە لە ڕێکەوتننامەی ی ماستریختی نەوەدەکاندا، گرتویانە، ‌ لە سەدا ٦٠ بووە بە بەراورد کردن ‌ بە داھاتی ووڵات (دەخل قومی). ئێستا دەیانەوێت بڕی ئەو ڕێژەی قەرزە ‌ سەر بخەن.


ئەمەش چارەسەرێکی تریانە ‌ بۆ کێشەی یورۆو ئابووری ووڵاتانی بەکارھێنەری یورۆ، بەڵام تا ئێستا لەسەر ئەم پرۆژەیە ڕێک نەکەوتوون، گرفتەکەشیان ئەوەیە کە ‌ ھەر ھەمویان ناتوانن بە یەک بڕە پارە بەشداری بکەن لەو پرۆژەیەدا ، ئەگەر ئەوە ڕەچاو نەکرێت، ئەو ‌کاتە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی ئەووروپا وەکو ئەڵمانیاو فەرەنسا دەبێت باری لاری وڵاتانی کەمدەست ڕاست بکەنەوە.


لە لایەکی تریشەوە ئەمان چاوەڕوانی ئەوەش دەکەن کە چین بێت بەھانایانەوەو لەم قەیرانە ‌ ڕزگاریان بکات، ئەمانیش لە بەرامبەر ئەوەدا، ھاوڕان کە چین دەنگی زیاتری لە بڕیاردانی لە سندوقی دراوی جیھانیدا پێبدرێت لەگەڵ کردنی ھەندێک کارئاسانیی تردا لە میانەی مامەڵەی بازرگانی نێوانیاندا، بەڵام تا ئێستا چین ڕەزامەندی خۆی بۆ ئەم پێشنیازە دەرنەبڕیوە. ئا لێرەدا ڕاستیەک ھەیە گەرچی یەکێتی ئەورووپی ، خۆیان نایانەوێت پێی لێبنێن، ئەویش ئەوەیە ‌ھانا بردنیان بۆ چین یانی: یەکەم دانپیانانیانە بە مایەپوچ بونیاندا ، دووھەمیش مانای ئەمان توانای بەڕێوەبردنی ووڵاتانی خۆیانیان نییە بەوشێوەیەی کە دەیانەوێت.

وڵاتانی بەکارھێنەری تاک دراوی یورۆو تەواوی وڵاتەکانی تری ناوچەکەش دەیانەوێت ھەموو شتێک بکەن بۆ وەستانی ھەرەس ‌ھێنانی یورۆ، چونکە ھەرەس ھێنانی یورۆ یانی ھەەرەس ھێنانی یەکێتی ئەوروپی و زەرمەندبوونی ئابووریی جیھانی لەگەڵ سیستەمە دراویەکانیدا.


کە ئەم ھەوڵ و کۆششەش بۆ ڕێگە گرتن لە ھەرەس ھێنانی یورۆ زیاتر وەختیی دەبێت، چونکە لە لایەک ئەم کێشەیە وا بەو ئاسانیە ‌ بەم ڕێگاچارانەی کە ئەیکەن حەل نابێت، چونکە کێشەکە، ‌ کێشەی خودی سیستەمەکەیە ، سیستەمی سەرمایاداری، و لە ‌ لایەکی تریشەوە ‌ ناڕەزایی دەربڕینی خەڵک و بزوتنەوەی دژ بە کاپیتاڵیزم لە بەھێزی و بەرەو پێشەوە چووندایە.‌
 

ماڵپهڕی زاهیر باهیر

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک