په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٢\٢٠٢٠

ئایا محەمەد عەلاوی ئەبێتە سەرۆک وەزیرانی عێراق؟


ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب   


وادیارە حزبەکانی دەسەڵات بە پاڵپشتی حزبێکی کوردستانی ناوی ( محەمەد تەوفیق علاوی) یان داناوە ببێتە سەرۆک وەزیرانی عێراق و سیناریۆکی دانانی عادل عەبدولمەھدی دووبارە ئەکەنەوەو ھەر ھەموویان لە خزمەتی جێبەجێکردنی فەرمانەکانی پاسداران و سوپای ئێرانن و لەم دوواییدا حزبوڵلای لوبنانی لە رێی محەمەد کوسرانی مشەخۆرو بەرپرسی دوسییەی ( فایلی) عێراق خوێ ھاویشتە ناو گەمەی دانانی سەرۆک وەزیران و ئەمانە لە سەرەتاوە جێپێی خویان قایم ئەکەن وەک ھێزێکی توکمە کۆڵەکەی ئێرانن لەناو خاکی عێراقدا داکوتراون.


پێکدادان و ھەڵپژان و ململانێی ‌نێوان خۆپیشاندەران وخەڵکی راپەریوو ھێزە چارە رەشەکانی ئیسلام بە سەرۆکایەتی موقتدا سەدر رابەری رەوتی سەدرو رەوتەکەی بەناو کڵاو شینەکان ، تێھەڵچوون نییە لە نێوان چینە جۆراوحۆرەکانی کۆمەڵگاو، زۆرانی ئابووری نییە لە نێوان چینە زۆرانبازەکان و خۆکوژەکان بەڵکو ھەڵپژان وململانێیە لە نێوان یەک چین، چینێک بێبەشە لە خەیرو سامانی وڵاتەکەی و بە نەداری و ھەژاری وبرسێتی ئەژی و، تاقمێکی دزو گەندەڵ ھەموو سامانی عێراقیان ھەڵلووشی و بۆیە خۆپیشاندان بۆ چاکسازی و لە دژی گەندەڵی دەستێپێکردو، گەندەڵکاران بە سەرۆکایەتی شێتۆکەی توندرەو داوڵەکەی ئێران موقتەدا چەکیان ھەیەو پشتیان بە ئێران ئەستوورەو، بە بەرچاوی دونیا خۆپیشاندەران ئەکوژن.


عێراق بەھێزترین بەڵگەیە بەدەست ئێرانەوە لە حاڵەتی گفتوگۆ کردن لە گەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو، مانەوەی عێراق لە ژێر ھەژمون و کۆ‌نترۆڵ ورکێفی ئێران تا ئەو کاتەی گیروگرفت و کێشەکانی لە گەڵ ئەمریکا چارەسەر ئەکات بژاردەیەکی ئیستراتیژییەو ، موقتەدا سەدریش بەھێزترین داشی دامەیە ‌ بەرامبەر بە راپەرینە مەزنەکەی بەغداو شارەکانی ناوەراست وخوارووی عێراق ، ئەو راپەرینە کە سەرئێشەی بۆ عەمامە و پەرۆ لە سەرەکانی قوم و تاران درۆستکردووەو، ھێرشی تاقمی سەدر بۆ سەر گۆرەپانی { تەحریر} و، ھەرشەکانی پیاوە بە ھێزەکەی شیعە وجەماوەرە دەبەنگەکەی داشێکی بەھێزە دژ بە خۆپیشاندەران و راپەرێنەکە تەنھا زۆرانێکە لە پێناو مانەوەی ئێران و، بە نەمانی تاقمی سیاسی گەندەڵ و، دامەزراندنی حکومەتێکی نیشتمانی بە پێی خواست و ئارەزووی شەقامی عێراقی مانای ئەوەیە سەرەتایەکە بۆ کۆتایی پێھێنانی رژێمی ئێرانی سەرکوتکەر.


لە پاش گفتوگۆو وتەوێژێکی دوورو درێژ لە نێوان ھەردوو سەرکردەی شیعە موقتەدا سەدرو ھادی عامری بە ئاگاداری ئێران گەیشتنە ئەوەی ناوی محەمەد تەوفیق عەلاوی وەک پاڵێوراو بۆ سەرۆک وەزیران بدەن بە بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆمارو، پێشتر تاقمی عامری سەر بە ئێران سێ ناویاندا بە سەرۆک کومارو ھەرسێکیان جێی متمانەی خۆپیشاندەران نەبوون و، ھەروا نەیانتوانی لەرێی مێلیشیاکان و چەکدارەکانیان بە کوشتن و گرتن وخەڵک رفاندن خۆپیشاندانەکان لەناو بەرن و، ئێران لەوە ئەترسێت راپەرینەکە سەربکەوێت و بەوەش کونترۆڵیان بە سەر بارودۆخەکە نامێنێت و ھەموو شتێک لە دەستیان دەرئەچێت و، ھەرەشەی ئەوەی کردووە ئەگەر سەرۆک وەزیران بە پێی نەخشەی خۆیان نەبێت عێراق ئەسووتێنن.


ئەوەی سەیرە حزبی دەعوەی شیعە سەر بە نوری مالکی سەرۆک وەزیرانی پێشووتر دژ بە دانانی محەمەد عەلاوییە بەڵام ھەندێک لە لایەنە سوننییەکان پشتگیری لێئەکەن و ترسی چارەنووسی سیاسی ئایندەیان لێنیشتووە بەڵام گرنگ دوابریاری لاوانی راپەرینەکەیە کە بە ھیچ شێوەیەک گۆی نادەنە پرتەو بۆڵەو بوختانی ناحەزان و ئەوانەی ئەیانەوێت راپەرینەکە لەکەدار بکەن یان لە قورسی و سەنگی کەمبکەنەوە و، بۆ ئەومەبەستە سیخور و کۆمەڵێک شەللاتی لە چەقو ھەڵگرو دەمانجەی بێدەنگی و دار حەیزەران بڵاوکردووەتەوە بۆ تێکدانی راپەرینەکەو ھیچ سوودیان نەبووە.


لە پاش دەستنیشان کردنی محەمەد عەلاوی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران کە ھەر زوو وێنەکەیان لە دیوارداو لە ژێری نووسیان گەندەڵەو نامانەوێت و، بۆ کەمکردنەوەی کاردانەوەیان لە گرتەیەکی ڤیدیۆ ( دەنگ و رەنگ) عەلاوی ھەندی ئەرکی خستە ئەستۆی خۆی وەک : سزادانی بکوژانی خۆپیشاندەران و دژایەتیکردنی گەندەڵی و ناچێتە ژێر باڵی ھیچ حزبێک و ئەگەر فشاریان خستە سەر یەکسەر دەست ئەکێشێتەوە و، سەرەرای ئەمانە بە دەنگی بەرزو حەماسەتی جەماوەر ھەر ھەموویان رەتیان کردەوەو ، وتیان ئاستەنگی زۆر بۆ خۆی کابینەکەی دروست ئەکەێن نەگاتە پەۆلەمان.


گەمەکەی موقتەدا سەدر زوو پەردەی لە سەر ھەڵماڵرا بە ناردنی چەندین کۆمەڵ لە لایەنگیرانی بۆ گۆرەپانی { تەحریر} و، بە زەبری چەقوو دەمانچەو و شەرە تێڵا توانیان بارەگای خۆپیشاندەران و خەڵکی راپەریو لە ( چیشتخانەی تورکی) دەربکەن و، ئەم ھەنگاوەش ھاوکات بوو لە گەڵ واژووکەی دوکتۆر بەرھەم ساڵح ومتمانە بەخشین بە محەمەد عەلاوی و، راگەیاندنە پر درۆکەی موقتەدا کاتێ وتی: گەل عەلاوی ھەڵپژاردووەو، موقتەدا وا ئەزانێت گەلی عێراق تەنھا ئەو سەرلێشێواوانەی خۆیەتی.


لە بەغدا موقتەدا توانی بۆ ماوەیەکی کورت دەستبەسەر مەیدانی { تەحریر} بگرێت و، پاشان زیاتر ریسوا بوو کاتێک خۆپیشاندەران سەربەرزانە گەرانەوە مەیدانەکەو، ئێستا لە بەغداو کوت {واسگ } وعەمارە { میسان} ‌و بەسرەو ناسرییە { زیقار} و سەماوە { موسەننا} وحیللە {بابل}و کەربەلاو و نەجەف و دیوانیە نایانەوێت عەلاوی پۆستی سەرۆک وەزێران وەربگرێت و ، دانیشتوانی ئەو پارێزگایانە ئەڵێن : محەمەد تەوفیق عەلاوی بەشیکە لە حزبە شیعە گەندەڵەکانی دەسەڵات و، ماوەیەکی دوورو درێژ کادری پێشکەوتووی حزبی دەعوەی گەندەڵگار بووە. بۆیە کەس سوور نییە لە سەر ئەوەی عەلاوی ببێت بە سەرۆک وەزیران جگە لە داشی دامەکەی ئێران موقتەدا کە بووەتە ئامانجی خۆپیشاندەران و ھەر ھەموو لە دژی ھاوار ئەکەن و بە گەندەڵی سەرەکی ناوی ئەبەن.


خۆپیشاندەران و خەڵکی راپەریوی بەغداو شارەکانی ناوەراست و خوارووی عێراق داوا ئەکەن:


ھەموو ئەزانن چۆن ( عادل عەبدولمەھدی) یان ھێنا ھەر بەو شێوەیە ( مەحەمەد عەلاوی) یان ھێناوەو، لە لایەن حزبەکانی دەسەڵات پشتگیری لێئەکرێت و نابێت دژ بە دەستیوەردانی ئێران و بەرژەوەندییەکانی بوەستێت و ئەمەش لای خۆپیشاندەران جێی قبولکردن نێیە و، ئایا عەلاوی ئەتوانیت ئەرکەکانی بە باشی بەرێوەببات وەک ھەڵبژاردنێکی پاک و پوختەو پێشوەختە و، دۆزینەوەو دەستنیشان کردنی بکوژانی خۆپیشاندەران و سزادانیان و، فایلی گەندەلکاران بجولێنێت و بدرین بە داگا و، ئەبێت حکومەتی داھاتوو دوور بێت لە تایفەگەری و پشکپشکێنەو بە فەرمانی گەندەڵکاران کار نەکات و، بەبێ ترس و ئازایانە بریار بدات و سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت وکار لە پێناو بەرژەوەندی نیشتمانی بکات و بتوانێت متمانەی خەڵکی راپەریو مسۆگەر بکات، ھەڵوێستی ھەبێت لە پاراستنی ‌ ئازادی و رێزگرتن لە مافی مرۆڤ و، بەو جۆرە ‌ھەڵسوکەوتە کارەکانی حکومەت بەرەوپێش ئەروات و، خەڵکی عێراق زۆر نەھامەتیان دیوەو کاریان ئەوێت نە قسەو باس و سۆز.


ئایا محەمەد تەوفیق عەڵاوی ئەبێتە سەرۆک وەزیران یان جەماوەری راپەریو ئەیخەن و ناھێڵن بگاتە ئاواتەکەی و، ئەگەر بوو بە سەرۆک وەزیران ئایا ئەتوانێت مەرجەکانی ئێران پشت گوێ بخات و، رۆژانی داھاتوو توانای عەڵاوی ئەخاتەروو بەرامبەر بە حزبەکانی دەسەڵات و میلیشیاکانیان.


لە ھەمووی سەیرتر ھەردوو دوژمنەکە ئەمریکاو ئێران پێشوازی لە ھاتنی عەلاوی ئەکەن و، ئەم دووانە ھەردەم بە دوای رزگاری گەلان ناگەرێن جکە لە بەرژەوندی خۆیان و، بەم زوانە محەمەد عەلاوی بۆ خەڵکی عێراق و ناوچەکەو دونیا دەرئەکەوێت.


٥\٢\٢٠٢٠
ماڵپه‌ڕی ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک