ئایا ڕاسته که
کێشه‌ی کورد له ئێران ته‌نیا حیکمه‌تیسته‌کان ده‌توانن چاره‌سه‌ری که‌ن؟!

ئه‌یوب ره‌حمانی
له ماڵپه‌ڕی به‌یان چاوم به سه‌ر تایتلی دیمانه‌یه‌کی کاک خالید محه‌مه‌دزاده
له‌گه‌ڵ یه‌کێک له ئه‌ندامانی کۆمیته ناوه‌ندی حیزبی حیکمه‌تیسته‌کان،
ئاغای فاتحی، که‌وت که وتبوی کێشه‌ی کورد له "ئێران" ته‌نیا
کومونیسته‌کان ده‌توانن چاره‌سه‌ری بکه‌ن و ته‌ئکیدی کردبووه‌وه که
له هه‌مو کوردستان ته‌نیا ئه‌وان کومونیستن و که‌سیتر ئه‌و شانازیه‌ی
نیه و هاوکات هه‌مو ئه‌و ڕێکخراوه سیاسیانه‌ی دیکه که هه‌ر ئێستاکه
له کوردستان چالاکن و خه‌بات ده‌که‌ن له به‌رانبه‌ر حیزبی خۆیاندا
پێناسه ده‌کات و وه‌ک پیشه‌ی هه‌میشه‌یی یه‌ک ته‌نه له دژی هه‌مویان
وه‌ستاوه‌ته‌وه! ئه‌م سه‌ر تایتله ڕایکێشام به‌ره‌و خوێندنه‌وه‌ی هه‌مو
دیمانه‌که هه‌تا کۆتایی و پاشانیش پاڵ پێوه‌نه‌رم بوو بۆ نووسینی ئه‌م
وتاره‌ی به‌ر ده‌ستتان.
دیاره من ناچمه سه‌ر وڵامدانه‌وه به ناوبراو و ته‌نیا ڕای خۆم له‌مه‌ڕ
هه‌ندێک بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار ده‌رده‌برم، له به‌ر ئه‌وه‌ی که باوه‌ڕم
به ئازادی ئه‌ندیشه و ڕا ده‌ربڕین هه‌یه و پێشم خۆشه هه‌مو که‌س ئه‌و
شته‌ی که باوه‌ڕی پێی هه‌یه بێ ترس و دڵه‌ڕاوکێ ده‌ری ببڕێت و
بیخاته سه‌ر تۆڕی ئینتێڕنێت یا تلویزیۆن، با هه‌موان که‌ڵکی لێ وه‌ربگرن
یا خۆ ڕه‌خنه‌ی لێ بگرن و ئه‌مه یه‌ک له‌و ڕێفۆڕم و گه‌شانه‌یه که
زۆرمان دیعایه‌ی بۆ ده‌که‌ین و دروشمه‌که‌ی ده‌ده‌ین، هه‌ر بۆیه ده‌بێت
گه‌شه له پێش هه‌مو شتێکدا خۆمان له ناو مێشک و هزر و شێوه‌ی بیر
کردنه‌وه‌ی خۆماندا دروستی بکه‌ین و ئه‌وجار که ئێمه گۆڕاین و به‌م
شێوه بیر کردنه‌وه نوێیه‌وه چوینه نێو کۆمه‌ڵگا، خۆ به خۆ ئاڵ و
گۆڕ و گه‌شه ده‌چێته ناو کۆمه‌ڵگاش یا با بڵێین کۆمه‌ڵگاش گه‌شه ده‌کات.
که‌واته یه‌ک له‌و خاڵانه که ده‌بێت له ئێمه‌دا و دواجار له
ئاستێکی به‌رینتردا واته له کۆمه‌ڵگاشدا گه‌شه بکات، ته‌حه‌مولی
ڕای جیاواز و ڕای دژی خۆمانه و گوێ بۆ ڕایه‌ڵکردن له ڕای دژی خۆمانه،
هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که ڕه‌خنه و قسه‌مان له سه‌ری هه‌یه و ئه‌مه
ته‌مرینی دێمۆکڕاسیشه بۆ ئێستا و داهاتووش.
له پێشدا پێویسته بڵێم که به پێچه‌وانه‌ی ڕای ئاغای فاتیحی که
کوردستان یه‌کپارچه به مڵکی ئێران ده‌زانێت، کوردستان و ئێران
جیاوازییان هه‌یه و وشه‌ی کوردستانی ئێران به ته‌واوی مانا هه‌ڵه‌یه
و به سه‌رماندا سه‌پاوه. ئێستا ناچمه سه‌ر ئه‌و باسه‌ی که ئێران پێش
پاڕته‌کان و هه‌خامه‌نه‌شیه‌کان به ده‌ست ئێمه‌وه بووه و به‌و
مانایه‌ش ئێران هی ئێمه بووه، چونکه له سه‌ر ئه‌و مێژووه زۆر باس
کراوه و له ته‌حه‌مولی ئه‌م وتاره‌شدا نیه و بۆیه دوپاتیان ناکه‌مه‌وه
به‌س له‌مه‌ڕ مێژوویه‌کی نیزیکتر ئه‌مه به پێویست ده‌زانم که بڵێم،
ئه‌وه‌ی که ئه‌مڕۆ به ئێمه‌ی کوردستانیانی ڕۆژهه‌ڵات ده‌ڵێن ئێرانی،
ده‌بو به بڕوای من له پێش هه‌ر ناسیۆنالیستێکی کورده‌وه، کومونیسته‌کان
دژایه‌تیان بکردایه، بۆ ئه‌وه‌ی که هه‌ر وه‌ک پێشتریش باره‌ها له‌مباره‌وه
نوسیومه، وڵاتی ئێمه کوردستان، پاش کۆتایی شه‌ڕی جیهانی یه‌که‌م و
پیاده کردنی نه‌زمی جیهانی ده‌وڵه‌ته ئیستیعمارگه‌ره ده‌سمایه‌داریه‌کانی
وه‌ک بریتانیا و فه‌ڕانسه و ئاڵمان و هتد و به پێی پلانه نهێنیه‌که‌ی
سایکز پیکو و دواتر، بڕیارنامه‌ی لۆزان دابه‌ش کراوه و کومونیسته‌کان
ده‌بو له سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌ی به‌رزکردنه‌وه‌ی دروشمی سه‌ربه‌خۆیی بۆ
گه‌لی کوردستان و دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی کوردستان و له
دژی نه‌زمی ئیستیعماری کۆن بوونایه که هه‌شتا و پێنج ساڵ پێش ئێستا
نه‌خشه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوینیان به ته‌واوی به زه‌ره‌ی کورد و له
قازانجی خۆیان گۆڕی و هه‌ر له‌م په‌یوه‌نده‌شدا زۆر ئاسایی ده‌بو که
کومونیسته‌کان هه‌ر وه‌ک دروشمی ئیستیقلال یا سه‌ربه‌خۆیی بۆ فه‌ڵه‌ستین
و زۆر وڵاتی دیکه‌ش به‌رز ده‌که‌نه‌وه، بۆ کوردستانیشیان به‌رز کردایه‌وه
به بێ ئه‌وه‌ی بچنه خانه‌ی ناسیونالیزمه‌وه و ئه‌مه‌ش ته‌نیا له به‌ر
ئه‌و ئیدیعایه‌ی که ده‌یکه‌ن که گۆیا ئه‌وان پشتیوانی قایمی مافی
مرۆڤ و مافی گه‌لان و ئه‌مانه‌ن و مادام ئه‌مه ناکه‌ن، من پێم نا
ئاسایین! وه‌ک ده‌زانین ڕه‌چاو کردنی مافی سه‌ره‌تایی سه‌ربه‌خۆیی
میلله‌تان یه‌کێک له ئه‌سڵه‌کانی مافی مرۆڤ و لێنینیزمیشه، به‌ڵام
به داخه‌وه ئه‌وان هه‌رگیز و به شێوه‌یه‌کی مه‌شکوک دروشمی سه‌ربه‌خۆیی
کوردی‌یان نه‌داوه و بگره به قورس و قاییمی دژایه‌تی ده‌که‌ن و به
زۆر کورد ده‌که‌ن به ئێرانی و ئه‌و ته‌عه‌سوبه‌شیان ته‌نیا و ته‌نیا
بۆ ئێرانه و هیچی دیکه و ئه‌و سیاسه‌ته‌ش هه‌ڵقوڵاوی خه‌تی ڕێبه‌ره‌که‌یان
ئاغای ژوبین ڕازانییه که بۆخۆی به ڕه‌گه‌ز فارس و ئێرانی بوو و ئه‌مانیش
ڕێڕه‌وانی خه‌تی به‌ڕێز حیکمه‌ت یا ڕازانین. ئه‌م ڕونکردنه‌وه‌ی من ده‌بێت
ببێته هۆی ئه‌وه‌ی که ئه‌ندامه‌کانی ئه‌و ڕێکخراوه مسقاڵێک زیاتر
بوروژێن و له‌م باسه‌دا زیاتر حه‌ساسییه‌ت نیشان بده‌ن و زۆریش دور نه‌که‌ونه‌وه
و ته‌نیا وڵام به‌م پرسیاره ساده‌یه بده‌نه‌وه که بۆچی ڕێکخراوه‌که‌ی
ئه‌وان فه‌ڕق و جیاوازی بۆ نمونه له به‌ینی کورد و فه‌ڵه‌ستینیدا
داده‌نێن، مه‌گه‌ر هه‌ردوک مرۆڤ نین؟ ئه‌ی بۆ کورد ده‌بێت به زۆر له
ژێر سه‌یته‌ره‌ی ئێران‌دا بمێنێته‌وه، به‌ڵام فه‌ڵه‌ستین وڵاتی سه‌ربه‌خۆی
خۆی هه‌بێت، له حاڵێکدا ئه‌مڕۆ کورد دروشمی دامه‌زرانی حکومه‌تێکی
دێمۆکڕاتی سێکولاری به‌رز کردۆته‌وه، به‌ڵام فه‌ڵه‌ستینیه‌کان به‌شوێن
حکومه‌تێکی ئایینی پڕۆ ئه‌مریکایی یا پڕۆ ئێرانی و ئیسلامیه‌وه‌ن؟!
دیاره من له دژی فه‌ڵه‌ستینیه‌کان و مافی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌وان نیم و
به‌ڵکو ئه‌رێنی ده‌که‌م!
خاڵێکی دیکه‌ی په‌یوه‌ندیدار که گرنگه ئه‌مه‌یه که جیهانی ئه‌مڕۆ
به‌کوردستانیشه‌وه زۆر جیاوازه له گه‌ڵ جیهانی سی ساڵ له‌مه‌وبه‌ر
یا بیست ساڵ و ته‌نانه‌ت ده ساڵ له‌مه‌وبه‌ریش. ئه‌مڕۆ جیهان زۆر
بچکۆله‌تره له‌وکات، ئاڵ و گۆڕی زانیاری زۆر خێراتره، سیاسه‌تی
ئابوری جیهان، ئێستا به‌ره‌و چاک یا خراپ که‌جێگای مشت و مڕ و مه‌ناقه‌شه‌یه،
گۆڕاوه، فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی له‌مڕۆی جیهاندا نوقم و ئاوێته‌ی چه‌مکی
لیبێرته و ئازادیخوازی و یه‌کسانیخوازیه له هه‌مو بوارێکه‌وه، دروشم
و خواستی ناتوند و تیژی ئه‌مڕۆکه قسه‌ی سه‌ر زاری هه‌موانه، به
تایبه‌ت مارکسیسته‌کان که پێشتر له گه‌ڵی نه‌بوون و باوه‌ڕیان به قه‌هری
ئینقیلابی بوو، به‌ڵام له سه‌رده‌می ئێستادا ناتوند و تیژی و نه‌مان
و نه‌هێشتنی ئیعدام و هتد ته‌نانه‌ت لای ئه‌وانیش به قورسی پشتیوانی
لێده‌کرێت و هزری مارکسیستیی نوێ به تایبه‌ت لای حیکمه‌تیسته‌کانیش
ئاوێته‌ی هومانیزمه و خۆشیان ئه‌مه ناشارنه‌وه و به ئاشکرا باسی ده‌که‌ن.
وه‌ک ڕوونیشه، هه‌مو بنچینه‌کانی هومانیزم له هزری لیبڕالیستی و
ئازادیخوازیه‌وه و له بڕوا به ئازادی تاکه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت.
ئازادی تاکیش خاڵی جێگای مه‌ناقه‌شه‌ی هه‌ر دو چه‌مکی لیبڕالیزم و
مارکسیزمه و ئه‌م دژایه‌تیه له دروشمی نه‌مانی خاوه‌ندارێتی که‌سێتیی
یا (نه‌مانی مالکییه‌تی خوسوسی) که دروشمی مارکسیسته‌کانه خۆی به زه‌قی
ده‌نوێنێت و ئه‌مه به مانای ئه‌وه‌یه که ده‌وڵه‌تی سوسیالیستی که
به ده‌ست حیزبی کومونیسته‌وه ده‌بێت (وێنه‌ی چین و کوبا و ویتنام و
کوره‌ی باکور) و ئه‌گه‌ر گریمان هێز بگرێت و دابمه‌زرێت، هه‌ر له دوا
ڕۆژی هاتنه ده‌سه‌ڵاته‌و‌ه ده‌ست به سه‌ر هه‌مو داراییه‌کانی مرۆڤه‌کانه‌وه
ده‌گرێت و ده‌وڵه‌ت ده‌بێته خاوه‌نیان و ئه‌مه‌ش دژایه‌تی زه‌ق و به‌رچاوی
ئازادی تاک و ئیستیعداده‌کانی مرۆڤایه‌تیه و له کرده‌وه‌دا له دژی
هه‌مو ئازادییه، که دیاره مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه پێشێل کرانی ئازادیه
تاکیه‌کانیان به هیچ نرخێک ته‌حه‌مول ناکه‌ن و ئه‌گه‌ر حیزبی کومونیست
به‌م ستڕاتێژیه‌وه له کوردستان سه‌هله له هه‌ر شوێنێکی جیهان هێز
بگرێت و حه‌ول بدات مالیکیه‌تی تایبه‌تی مرۆڤه‌کان داگیر بکات، ئه‌و
نیزامه هه‌رگیز شه‌ش مانگ ده‌وام ناهێنێت و به ناچار ده‌بێت ده‌ست
بداته سه‌رکوتی ستالینیستیانه و زیندانێک به به‌رینی وڵاته‌که‌ی
دروست بکات و ئه‌وجار باڵی ڕۆژئاوا که دایمه له پۆلی به‌رانبه‌ری چه‌پدا
وه‌ستاون، خێرا ڕۆڵی ڕزگاری هێنه‌ر بۆ ئه‌و وڵاته سوسیالیستیه ده‌گرنه
ئه‌ستۆی خۆیان و ئه‌وجار به هه‌موان گه‌مارۆی نیزامی و ئابوری و سیاسی
ئه‌م نیزامه سوسیالیستیه نووێکاره ده‌ده‌ن و شه‌ڕێکی ماڵوێرانکه‌ری
جیهانی دیکه یه‌خه‌ی مرۆڤایه‌تی ده‌گرێته‌وه!
بۆیه پێویسته حیکمه‌تیسته‌کان هه‌ندێک
قوڵتر بڕواننه قه‌زیه‌که و به سانایی و ته‌نیا له ڕوی ته‌عه‌سوبه‌وه
یا به‌رژه‌وه‌ندیخوازی ڕێکخراوه‌یی و تاکه‌که‌سی چاوی لێ نه‌که‌ن به‌ڵکو
واقیع بینانه‌تر بۆی بچن. هه‌ر له ڕوی ئه‌م ڕاستیانه‌وه ده‌بێت
حیکمه‌تیسته‌کان ئه‌وه‌نده بزانن که سوسیالیزم یا کومونیزم، چاک بێت
یا خراپ، ڕزگاریبه‌خش بێت یا نه‌بێت، به‌م شه‌رایه‌ت و وه‌زعه له
کوردستان پێشکه‌ش، له ئه‌مریکاش پێک نایات. بۆ نمونه چین پڕ حه‌شیمه‌تترین
وڵاتی جیهانه و له باری هێزی ئینسانیه‌وه هه‌رگیز به ئاسانی ته‌واوبوونی
نیه و حیزبی کومونیستیش و نیزامی سوسیالیستیشی هه‌یه، به‌ڵام له
باری ئابوریه‌وه ناچار بوو به‌وه‌ی که ئابوری بازاڕی ئازادی ده‌سمایه‌داری
په‌یڕه‌و بکات و ئه‌وه‌تای ماڵئاوایی هه‌میشه‌یی له نیزامی ئابوری
سوسیالیستی کردووه، وڵاته‌که‌ش له بیست ساڵی ڕابردوودا گه‌شه‌یه‌کی
ئابوری بێ وێنه‌ی کرووه، به جۆرێک که چینی نوێ شان له شانی هه‌مو
زلهێزه ئابوریه ده‌سمایه‌داریه‌کانی جیهان ده‌دات و زۆر له پسپۆڕانی
ئابوری و سیاسی جیهان وڵاتی چینی نوێ به زلهێزی ئابوری و نیزامی
داهاتوی جیهانیش پێناسه ده‌که‌ن. پرسیار ئه‌وه‌یه که بۆچی کومونیزم
له وڵاتێکی وه‌ک چین تا ئابوری بازاڕی ئازادی ڕه‌چاو نه‌کرد، هه‌ر له
جێگای خۆیدا چه‌قیبو و مابووه‌وه و هه‌ر که نیزامی ئابوری کومونیستی
وه‌لا نا، ته‌نیا پاش بیست ساڵ به‌م پێشکه‌وتنه‌ی ئێستا گه‌یی؟
که‌واته به کورتی، سیاسه‌تی ئابوری نیزامی سوسیالیستی به که‌ڵکی
کۆمه‌ڵگای ئه‌مڕۆی جیهانی نایات و له کوردستانیش که وڵاتێکی دواکه‌وتوو
و کۆیله ڕاگیراوه له هه‌مو بواره ئابوری و سیاسی و فه‌رهه‌نگی و
هتددا، ئه‌و نیزامه له‌م وڵاته هه‌رگیز ڕۆژێکیش به‌رگه ناگرێت و ئه‌مه‌ش
له ڕوی پێخۆش بوون یا پێ ناخۆش بوون ناڵێم، به‌ڵکو له ڕوی هه‌مو ئه‌و
به‌ڵگانه‌وه ده‌ڵێم که له سه‌ره‌وه باسم لێ کردن!
که دیمانه‌که‌ی ئاغای فاتحیم خوێنده‌وه بێجگه له‌وه‌ی که توش هه‌ندێک
دروشم بووم که ناوبراو هه‌ر وه‌ک زه‌مانی کۆن پشتیان پێ ده‌به‌ستێت،
هاوکات به یه‌کجار بیر و هۆشم گه‌ڕاوه بۆ لانیکه‌م بیست ساڵ پێش
ئێستا و هه‌ستم کرد که له‌و دیمانه کورته‌دا سه‌ره‌ڕای ئه‌و‌ی که
هێرش ده‌کاته سه‌ر هه‌مو حیزبه سیاسیه‌کان له کوردستان، جۆرێک هه‌ڕه‌شه‌ی
تێدایه که پێم وایه ئه‌مڕۆکه نه تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا و نه گه‌لی
کوردستان و نه ڕۆشنبیرانی ناتوانن له به‌رانبه‌ر هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه
کردن له یه‌کتر بێ لایه‌ن و بێ هه‌ڵوێست بن، جا هه‌ڕه‌شه له لایه‌ن
هه‌ر که‌سه‌وه بکرێت، قه‌بێح و جێگای به‌رخورد پێ کردنه. به‌م بۆنه‌وه
خاڵێکی دیکه که زیاتر وه‌ک ڕه‌خنه ده‌توانم له حیکمه‌تیسته‌کانی
بکه‌م ئه‌مه‌یه که هه‌ر وه‌ک خۆشیان ده‌زانن، به پێشکه‌وتنه خێرا و
یه‌ک له دوا یه‌که‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی جیهان له ئاستی ئاڵ و گۆڕه
دیجیتاڵی و ئه‌له‌کتڕۆنیکیه‌کانه‌وه بگره تا ساته‌لیت و ئینتێڕنێت و
هتد.، هاوکات ئاستی ژیری و هۆشیاری مرۆڤیش به خێرایی گه‌شه‌ی کردوه و
ئه‌مڕۆکه هه‌موکه‌س ده‌توانێت و ده‌شبێت ئه‌گه‌ر خه‌ت وتاکتیک و سیاسه‌تی
حیزبێکی پێ هه‌ڵه‌یه یا ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌یه‌کی له حیزبێک یا چه‌ند
ڕێکخراوه هه‌یه ڕه‌خنه‌کانی بگرێت به بێ ئه‌وه‌ی که هێرش بکاته
سه‌ر لایه‌نێک و یا بێ ئه‌وه‌ی که کار و چالاکیه‌کانیان سوک بکات و
بێ ئه‌وه‌ی بوون و حزوریشیان له به‌ر چاو نه‌گرێت. من پێم وایه ته‌نیا
ئه‌وه‌نده‌ی که ده‌ڵێت: "هه‌مو حیزبه کوردیه‌کان ناسیۆنالیستن و
ئێمه هاوکات که له دژی کۆماری ئیسلامین، له دژی ئه‌وانیش خه‌بات ده‌که‌ین"
ئه‌مه هیچ تاکتیک و سیاسه‌تێکی منتقی ته‌وزیح نادات و هیچ مه‌قبولییه‌تێک
به ڕێکخراوه‌که‌ی ئه‌وان نادات که به‌م قسه‌لۆگانه داهاتوی کۆمه‌ڵگای
کوردستان نائه‌من و نائاسایی بکات! هاوکات ئه‌م پرسیاره‌ش دێته پێشه‌وه
که، ئه‌ی بۆ ئه‌م شه‌ڕه به ناسیۆنالیستی فارس نافڕۆشن و بۆچی
ناسیۆنالیزمی فارس له‌م بواره‌دا ئیمۆنیته‌ن، واته ئه‌منیه‌تیان
پارێزراوه یا له‌و هه‌ڕه‌شانه مه‌سون و پارێزراون؟
که‌واته ڕاسته ئه‌گه‌ر بڵێین که مرۆڤی سیاسی ئه‌مڕۆ یا سیاسه‌تمه‌داری
ئه‌مڕۆیی ناتوانێت و نابێت شێوه‌یه‌ک له وتووێژ ڕه‌چاو بکات که ڕه‌نگ
و بۆنی دوژمنایه‌تی و ڕق و کینه‌ی پێوه دیار بێت یا خۆ له حاڵ و وه‌زعی
ئێستای حیزبه‌کاندا که هه‌مو چه‌کدارن و ئیدیعاشیان هه‌یه، ناشێت
دیمانه و وتووێژه‌کان بۆنی شه‌ڕی ناوخۆیی لێوه بێت و وه‌زعه‌که به‌ره‌و
ئاڵۆزی و ته‌قینه‌وه ببات، که ئه‌مه نه ته‌نیا دڵسۆزی بۆ گه‌لی
کوردستان نیه، به‌ڵکو دوژمنایه‌تیێکی مه‌حز و ڕوته و هه‌مو که‌سیش ده‌بێت
قه‌بێحی بکات! هه‌ر حیزبێک، ئه‌گه‌ر بتوانرێت ناوی حیزبی لێ بنرێت، به
هه‌ر بیر و باوه‌ڕێکه‌وه که هه‌یه‌تی ده‌توانێت و ده‌بێت چالاک بێت و
شه‌رتی ئه‌م چالاکیه‌ش هه‌روه‌ک له هه‌مو جیهانی ئه‌مڕۆ جێکه‌وتووه،
ڕێز له حیزب و که‌سی به‌رانبه‌رت، هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که ڕه‌خنه‌ت
لێی هه‌یه و سیاسه‌ت و تاکتیکه‌که‌ی به هه‌ڵه ده‌زانیت. ده‌بێت هه‌ر
به‌و شێوه‌یه هه‌ڵس و که‌وت له گه‌ڵ به‌رانبه‌ره‌که‌ت بکه‌یت که ده‌ت
هه‌وێت خۆیشت هه‌ر وا هه‌ڵس و که‌وتت له گه‌ڵدا بکرێت.
به‌ڕاستی گه‌لی کوردستان چه‌ند سه‌د ساڵه به‌های ئه‌و جۆره هه‌ڵس و
که‌وته شه‌ڕئه‌نگێزانانه ده‌ده‌ن که به حه‌ق نه‌ک کولتوری کوردی
به‌ڵکو میراتی فه‌رهه‌نگی داگیرکه‌رانی کوردستانن که به کورد گه‌ییون،
به‌ڵگه‌شم بۆ ئه‌م قسه ئه‌مه‌یه که ئێمه هه‌رگیز هێرشمان نه‌کردۆته
سه‌ر خاک و وڵاتی که‌س، به‌ڵکو دایمه له لایه‌ن تورک و فارس و عه‌ڕه‌به‌وه
هێرشمان کراوه‌ته سه‌ر و له خه‌شنترین حاڵه‌تدا ته‌نیا به‌رگریمان له
حه‌قانییه‌ت و مانه‌وه‌ی خۆمان کردووه! چه‌ند سه‌د ساڵه ئه‌م گه‌له
ڕه‌نگی ئارامش و ئاسایش و ئاشتی به خۆیه‌وه نه‌دیوه هه‌ر بۆیه په‌ره
پێدانی هه‌ستی شه‌ڕ خوازی له ئه‌مڕۆی کوردستاندا نه ته‌نیا یارمه‌تیده‌ری
ئه‌م گه‌ل و نیشتیمانه نیه، به‌ڵکو ئه‌و په‌ڕی خیانه‌ت و نادڵسۆزیگه‌ریه
بۆ ئه‌م گه‌له و من پێم وایه هه‌ر که‌س و به هه‌ر سیاسه‌تێکه‌وه،
له چه‌په‌وه بۆ ڕاست مادام شه‌ڕ خواز بێت، ئه‌گه‌ر باشترین ڕێگا چاره‌شی
بۆ کوردستان پێ بێت، ئه‌وا دیسانه‌وه مادام شه‌ڕ خواز بێت و کوردستان
و جه‌وی سیاسی ئه‌م وڵاته نا ئه‌منتر بکات، ئه‌وا ڕێگا چاره‌که‌ی
پوشێک نرخی نیه و ئه‌گه‌ریش دیسانه‌وه پێداگری له‌مه‌ڕ شه‌ڕ دروست
کردن بکاته‌وه، ئه‌وا ده‌بێت له‌م ڕێکخراوه‌یه مه‌شکوک بین (مه‌به‌ستم
ڕێکخراوێکی تایبه‌ت نییه، به‌ڵکو هه‌ر کامیان...!)، که کێ و به چ مه‌به‌ستێک
ده‌ینێرێته کوردستان بۆ ئاژاوه نانه‌وه و گه‌لی کوردستان و حیزبه
سیاسیه‌کانیش به هه‌مویانه‌وه پێویسته له‌م بواره‌دا وریا بن! گه‌لی
کوردستان کاتی ئه‌وه‌ی نه‌ماوه که چه‌ندین ساڵی دیکه شه‌ڕ بکات و
ئیدی ناشتوانێت ئه‌م به‌هایه بدات و زۆر به خۆشییه‌وه کۆمه‌ڵگای
کوردستانیش گۆڕاوه و ڕێگا به‌م جۆره توندڕه‌ویانه نادرێت و نابێ
بدرێت!
به گشتی بۆ قسه‌ی کۆتایی، وه‌ک زۆر که‌س له‌م بواره‌دا شاره‌زان، چه‌مکی
کومونیزم بیر‌و باوه‌ڕ یا هزرێکه که پشت به یه‌کگرتنی چینی کرێکار ده‌به‌ستێت
و پێی وایه که له جیهاندا کێشه‌ی چینایه‌تی هه‌یه و فاسیله‌ی به‌ینی
چینی که‌م داهات و چینی ده‌سمایه‌دار زۆر گه‌وره‌یه و هه‌ژاری باڵی به
سه‌ر زۆربه‌ی وڵاتانی جیهاندا و به تایبه‌ت جیهانی سێیه‌مدا کێشاوه و
سه‌ره‌ڕای هه‌بونی سه‌روه‌ت و سامان بۆ هه‌مو مرۆڤایه‌تی، به‌ڵام به‌م
حاڵه‌ش برسیه‌تی هه‌یه و ڕۆژانه سی میلیون مرۆڤ له جیهاندا له
برسان ده‌مرن و هۆکاری هه‌مو ئه‌م برسیه‌تیانه‌ش و هه‌ژاری و ته‌نانه‌ت
ئه‌وه‌ی کێشه‌ی سیاسی و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تیشه له جیهان ده‌گه‌ڕێننه‌وه
بۆ هه‌بونی ده‌سمایه‌دار و زۆر جاریش هێرش ده‌که‌نه سه‌ر هزری
لیبڕالیزم و پێیان وایه که ئه‌وه به هۆی بوونی لیبڕالیزمه که
جیهان به‌م ئاقار‌ه گه‌یشتووه!
ئه‌وه‌ی که نیزامی ده‌سمایه‌داری خوێن مژه، هیچ قسه‌ی تێدا نیه و
منیش له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕایه‌دام و پێم وایه ده‌سمایه‌داری گه‌وره‌ترین
کێشه‌یه له جیهانی مرۆڤایه‌تیدا و هه‌مو ئه‌مانه‌ش له به‌رژه‌وه‌ندی
خوازیی ده‌وڵه‌ته ده‌سمایه‌داره‌کان و که‌سایه‌تیه به‌رژه‌وه‌ندیخوازه
بێ ده‌ر و په‌یکه‌ر و بێ کۆنتڕۆڵه‌کان سه‌رچاوه ده‌گرێت. که‌واته من
له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕایه‌دام، که نیزامی سه‌رمایه‌داری یه‌کێک له هۆکاره‌کانی
نا ئه‌منی و هه‌ژاری و برسیه‌تی له جیهاندایه، هاوکات وه‌ک له سه‌روتریشه‌وه
ئاماژه‌م پێ‌کرد، ناتوانم ئه‌مه‌ش له به‌ر چاو نه‌گرم که کومونیزمیش
هیچ ڕێگا چاره‌یه‌کی مه‌نتقی و ئوسولی بۆ مرۆڤایه‌تی پێ نیه. سیاسه‌تی
ئابوری ئه‌مڕۆکه به‌شێکی جیانه‌کراوه له هه‌ڵس و که‌وتی مرۆڤه‌کان
له‌گه‌ڵ یه‌کتردایه و پێویسته بایه‌خێکی ئێجگار زۆر به ئابوری وڵاته‌کان
یا که‌سایه‌تیه‌کان بدرێت و ئه‌گه‌ر چی سه‌رمایه‌داره‌کان له‌م بواره‌دا
هه‌ندێک ڕێگا چاره‌یان پێه که زۆریش به دڵی من نیه و پێم وایه که‌م
و کوڕی زۆره و زۆرتر له خزمه‌ت و له پشتیوانیکردن له ده‌سمایه‌داره‌کاندایه
تا گشت مرۆڤایه‌تی، به‌ڵام کومونیسته‌کان ڕێگا چاره‌ی ئابوریان له
جیهان به شه‌رتی ڕه‌عایه‌ت کردنیی ئازادی تاک پێ نیه و چه‌پ به
گشتی پێی وایه که ده‌سه‌ڵاتی ئابوری ده‌بێت له ده‌ست ده‌وڵه‌تدا بێت
و ده‌وڵه‌ت به هێز بێت و هه‌مو خه‌ڵکانی جیهانیش به تێکڕا کرێکار بن
و وه‌ک ڕۆبۆت هه‌مو ڕۆژ بچنه سه‌ر کاره‌کانیان و خزمه‌ت به ده‌وڵه‌ت
بکه‌ن و ده‌وڵه‌تیش که حیزبی کومونیست به ڕێوه‌ی ده‌بات کار به هه‌موان
ده‌دات و هه‌مو ده‌بێت ببنه ئه‌ندامی ئه‌م ده‌وڵه‌ت حیزبه و به
شێوه‌یه‌کی خۆبه‌خۆ یا ئاوتۆمات، ئازادی تاکه که‌س و ئیستیعداده تاکه
که‌سیه‌کان نامێنن و جیهان به شێوه‌یه‌کی موزه‌خڕه‌ف یه‌کنه‌واخت و یه‌کڕه‌نگ
و تکراری ده‌کرێت و هه‌مو جیاوازیه‌کان و ڕه‌نگاوڕه‌نگیه‌کان جێگای
خۆیان ده‌ده‌ن به یه‌ک ڕه‌نگ و ئیتر خۆت حه‌دیسێکی موفه‌سه‌ل له باقی
ئه‌م داستانه بخوێنه‌ره‌وه. جیاواز له‌وه‌ی که ده‌سمایه‌داری خراپ
و نامرۆڤانه‌یه، به‌ڵام من به‌ش به حاڵی خۆم ئه‌و ڕایه به بێ
ئینسافی ده‌زانم، که ئه‌گه‌ر وڵاتێکی ده‌سمایه‌دار، به‌رژه‌وه‌ندیخواز،
که به‌ر حه‌سبی قه‌زا له وڵاته‌که‌ی پاڕله‌مانتاریزمێکی دێمۆکڕاتیکیش
ڕه‌چاو ده‌کرێت، به‌ڵام چه‌وسانه‌وه هه‌یه و هه‌ژاری هه‌یه و بێ‌کاری
و زۆر که‌م و کوڕی دیکه ده‌بیندرێن و ته‌نانه‌ت هێرشی ئابوری یا خۆ
نیزامی ده‌کاته سه‌ر وڵاتانی دیکه، به‌ڵام ئێمه ئه‌مه به حیسابی
لیبڕالیزم بنوسین. ئه‌مه بێ ئینسافیێکی گه‌وره‌یه له حه‌قی فه‌یله‌سوفه
لیبڕاڵه‌کان و هزری لیبڕالیزمدا و پێم وایه چه‌په‌کان له‌م بواره‌دا
که‌م کارن و پێویسته له‌م بوارانه‌دا ڕونکردنه‌وه‌ی زیاتر یا خۆ
تێئۆریای تازه له چه‌پ بێننه گۆڕێ که وڵامده‌ره‌وه‌ی ئه‌م که‌لێنانه
بێت که باشتر بێت له‌وه‌ی که تا ئێستا بوونی هه‌یه و من تێ ناگه‌م
بۆ کومونیسته‌کان ده‌چنه شه‌ڕی لیبڕالیزمه‌وه؟ له حاڵێکدا که زۆربه‌ی
زۆری کرده‌وه‌کانی خۆیان لیبڕالیستییه. من پێم وایه و پێشتر له‌م
بواره‌دا وتارم ده‌ر کردووه که چه‌پ نابێت و ناتوانێت ئه‌و
تێئۆریایانه‌ی که مارکس زیاتر له سه‌د و په‌نجا ساڵ پێش ئێستا باسی
لێکردون بۆ ئه‌مڕۆ ڕه‌چاو بکه‌ن. وه‌ک پێشتر باسم کرد، جیهان و هۆشیاری
مرۆڤایه‌تیش به سورعه‌تێکی که‌م وێنه له ئاڵ و گۆڕدایه و نه‌ک
ئایاتی پیرۆز کراوی ته‌وڕات و ئینجیڵ و قوڕئان که هه‌ر یه‌که‌ی زیاتر
له هه‌زار ساڵ ڕابردویان هه‌یه و نه‌ک مانیفێستی کومونیستیش، له گه‌ڵ
ڕێزم بۆ ڕێڕه‌وانییان، به‌ڵام ئایدیۆلۆژییه‌کان هیچکامیان ڕێپیشانده‌ر
بۆ مرۆڤایه‌تی ئه‌مڕۆ نین. کاڕڵ مارکس که خۆی ئابوریزانێکی پسپۆڕ و
شاره‌زا بوو و له ناساندنی نیزامی ده‌سمایه‌داری زۆر سه‌رکه‌وتوو بوو
و تێئۆریاکانی له‌م بواره‌دا و کتێبی ده‌سمایه‌که‌ی ئه‌مڕۆکه‌ش جێگای
تێڕامانن، به‌ڵام له بواری ئازادیه‌کاندا و ڕێگا چاره‌ی ده‌ربازبون له
ده‌سمایه‌داری نه‌یتوانی یا نه‌گه‌یشت که شتێکی ئه‌وتۆ پێشکه‌ش بکات و
ئه‌وه‌نده‌ش که تا ئێستا ماوه‌ته‌وه، که‌م و ناته‌واوه و مرۆڤایه‌تی
به دوا مارکسیشدا شاهیدی له دایک بوونی مارکسێکی دیکه نه‌بووه و
وادیاره مرۆڤ دایمه په‌یغام هێنه‌رێک، ڕزگاریکه‌رێک یا خۆ پێغه‌مبه‌رێکی
بۆ ڕزگاری یا خۆ مه‌شغوڵ کردن پێویسته!!
6 ی ڕه‌زبڕی
2709
ayub.rahmani@kungfutoa.ch
|