٣\۴\٢٠١٠
ئایا تاڵه‌بانی ده‌بێته‌وه
به سه‌رۆک کۆمار!؟

موحسین که‌ریم
مه‌سه‌له‌ی دانانه‌وه‌ی جه‌لال تاله‌بانی بۆ پۆستی سه‌رۆکی کۆمار باس و
خواسێکی له‌ناو میدیای کوردی و عه‌ره‌بی و هێزو لایه‌نه سیاسیه‌کانی
عێراق و کوردستان و بگره هه‌ندێ لایه‌نی ناوچه‌ییشدا دروستکردوه.
لیستی کوردستانی تاله‌بانیی وه‌کو کاندیدی خۆی بۆ ئه‌و پۆسته ده‌ست
نیشان کردوه. له‌سه‌ر ئاستی عێراق هێزه ئیسلامیه‌کانی سه‌ربه‌ئێرانیش،
واته مه‌جلیسی ئه‌علا و ره‌وتی سه‌در که‌هه‌ردولایان پێکه‌وه70 کورسی
په‌رله‌مانیان به‌ده‌ست هێناوه، پشتیوانی لێده‌که‌ن. ئه‌یاد عه‌لاوی
سه‌رۆکی (لیستی العراقیە) ش که له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا پله‌ی یه‌که‌می
به‌ده‌ست هێنا، هه‌ڵوێستی له‌وباره‌وه راگه‌یاندو وتی که کێشه‌یه‌کیان
له‌گه‌ڵ بونه‌وه‌ی تاڵه‌بانی به سه‌رۆکی کۆمار نیه و پشتیوانی لێده‌که‌ن.
ئه‌گه‌رچی لیستی "ده‌وڵه‌تی قانون"ی مالکی که له‌دوای لیستی عه‌لاویه‌وه
دێت، له‌وباره‌وه هه‌ڵوێستی خۆی ئاشکرا نه‌کردوه، به‌ڵام پێناچێ له
پرۆسه‌یه‌کی ته‌وافوقیدا که لایه‌نێکی لیستی کوردستانی بێت بۆ
پێکهێنانی ئیئتلافێکی حکومی ره‌زامه‌ندی نیشان نه‌دات. هه‌ندێ لایه‌نی
ناسیۆنالیستی عه‌ره‌بی و ئیسلامیش که به‌جۆرێک له‌لایه‌ن ووڵاته عه‌ره‌بیه‌کانی
دراوسێی عێراقیشه‌وه پشتیگیریان لێده‌کرێ، ده‌یانه‌وێ بۆ گێڕانه‌وه‌ی
حه‌یسیه‌تی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی و هه‌ویه‌تی عه‌ره‌بی بوونی عێراق ئه‌و
پۆسته بدرێته‌وه به که‌سایه‌تیه‌کی عه‌ره‌ب، به‌ڵام پێناچێ ئه‌و ده‌نگه
له ئێستادا یه‌کلاکه‌ره‌وه‌بێت. ئه‌وه‌ی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یه له مه‌سه‌له‌ی
کاندیدبونه‌وه‌ی تاڵه‌بانی بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆمار رێکه‌وتن و
ئیئتلافاته سیاسیه‌کانه که ئه‌جندای سیاسی دیکه به‌سه‌ریدا حوکم ده‌کات
که دواتر ئاماژه‌یان پێده‌که‌م.
به‌پێی ده‌ستوری عێراق و به‌پێی سه‌ڵاحیه‌ته‌کانی سه‌رۆک کۆمار له ده‌وره‌ی
رابردوشدا، ئه‌و پۆسته پۆستێکی سیاسی گرنگ و حه‌ساس نیه. ئه‌وه‌ی که
گرنگه له نه‌خشه‌ی سیاسی و ده‌سه‌ڵاتی عێراقدا و ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردنی
هه‌یه پۆستی سه‌رۆک وه‌زیرانه. هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ش وادیاریکراوه که
ئه‌و پۆسته بدرێ به‌و لیست و قه‌واره سیاسیه‌ی که زۆرترین ده‌نگی په‌رله‌مان
به‌ده‌ست ده‌هێنێ. بۆیه دانه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته به تاڵه‌بانی له‌لایه‌ن
لیسته ئیسلامی و ناسیۆنالیسته عه‌ره‌بیه‌کانه‌وه که فراکسیۆنه گه‌وره‌کانی
په‌رله‌مان پێک دێنن، له‌پێناو گه‌یشتن به‌رێکه‌وتن و پێکهاتنێکدا بۆ
دروستکردنی ئیئتلافی حکومی داهاتوو ئه‌گه‌رێکی دوور نیه.
ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئاستی کوردستان، کۆمه‌ڵی ئیسلامی ویه‌کگرتوو
پشگیری له تاڵه‌بانی ده‌که‌ن، به‌ڵام "گۆڕان"یش که رکابه‌رێکی سه‌رسه‌ختی
تاڵه‌بانی و یه‌کێتیه له‌نێوان به‌رداشی نه‌دانی متمانه به تاڵه‌بانی
و "شه‌رمه‌زاربوونی نه‌ته‌وه‌یی"دا گیری خواردوه، له کاتێکدا که
روخساری گشتی مه‌سه‌له‌که وا نیشانده‌درێ که تاڵه‌بانی کاندیدی کورده
نه‌ک لیست و حیزبێک! بۆیه ره‌نگه سه‌ره‌نجام لیستی گۆڕانیش به نابه‌دڵی
یان له به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی ئیمتیازاتێک له یه‌کێتی ده‌نگی خۆی بدا
به تاڵه‌بانی!
هه‌روه‌کو پێشتر ووتمان پۆستی سه‌رۆک کۆمار قورساییه‌کی سیاسی ته‌نفیزی
ئه‌وتۆی نیه بۆیه وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته له‌لایه‌ن تاڵه‌بانیه‌وه
بۆ‌لایه‌نه ئیسلامی و ناسیۆنالیسته عه‌ره‌بیه‌کان له‌به‌رامبه‌ر ته‌حالوفاتی
سیاسی-حکومی‌دا قابیلی قبوڵکردنه. به‌ڵام ئایا بۆ ناسیۆنالیزمی کورد به‌گشتی
و به دیاریکراویش بۆهه‌ریه‌که له یه‌کێتی و پارتی قبوڵکردنی ئه‌و
پۆسته بۆ تاڵه‌بانی چ مه‌غزایه‌کی سیاسی هه‌یه؟
له روانگه‌ی ناسیۆنالیزمی کورده‌وه ئه‌و پۆسته پێخۆرێکی پڕوپاگه‌نده‌یی
ناوخۆیی یه تا سیمای فیدراڵیزمه‌که‌یان و به‌شداریکردنه‌که‌یانی له
عێراقی په‌رله‌مانی فیدراڵیدا پێ جوان بکه‌ن. به وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته
ده‌یانه‌وێ به خه‌ڵک بڵێن که له ده‌سه‌ڵاتی عێرقدا شه‌ریکن. ئه‌و حه‌قیقه‌ته
سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه په‌رده‌پۆش بکه‌ن که له‌به‌رخاتری به‌رژه‌وه‌ندی
سیاسی و قازانجی ئابوریی خۆیان کوردستانیان به‌زۆر به‌عێراقه‌وه
گرێداوه‌ته‌وه. ده‌یانه‌وێ بڵێن که فیدراڵیزم باشترین چوارچێوه‌ی
سیاسی-ده‌وله‌تیه بۆ پێکه‌وه‌ژیانی خه‌ڵکی کوردزمان له‌گه‌ڵ باقی
دانیشتوانی عێراقدا! له‌کاتێکدا هه‌موو موشاهه‌داته سیاسییه‌کان پێچه‌وانه‌ی
ئه‌وه نیشان ده‌ده‌ن. باشترین نمونه‌ش پڕوپاگه‌نده‌ی ده‌ورانی هه‌ڵبژاردن
و ئێستاشیانه که ده‌یانه‌وێ ده‌نگی خه‌ڵکی کوردستان به ترساندنیان
له هه‌مان ئه‌و لایه‌نانه‌ی که فیدراڵیزم و ده‌وڵه‌ت و حکومه‌تیان له‌گه‌ڵدا
پێک ده‌هێنن بۆخۆیان مسۆگه‌ربکه‌ن و بیخه‌نه پشتی خۆیانه‌وه.
به‌ڵام له دنیای واقیعدا مه‌سه‌له‌ی وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆک
کۆمار له‌لایه‌ن تاڵه‌بانیه‌وه، یان ده‌قیقتر بڵێین کاندنیبوونی تاڵه‌بانی
وه‌کو کاندیدی لیستی هاوپه‌یمانی بۆ ئه‌و پۆسته بۆ هه‌ریه‌که له‌پارتی
و یه‌کێتی مانای دیکه‌ی هه‌یه. پارتی که باڵاترین پۆستی کوردستانی
بۆ خۆی دابینکردوه، پۆستێکی هاوشانی بۆ تاڵه‌بانی له کوردستاندا نه‌هێشتۆته‌وه،
بۆیه ئه‌و پۆسته بۆ تاڵه‌بانی به‌شیاوترین پۆستی سیاسی ده‌زانێ که
هه‌م سه‌ریه‌شه بۆ پارتی دروست ناکات و هه‌م وه‌کو نیه‌ت پاکیه‌ک بۆ
درێژه‌دان به رێکه‌وتنی ستراتیژی خۆی له‌گه‌ڵ یه‌کێتیدا نیشانی ده‌دات،
که تائێستا به قازانجی پارتی شکاوه‌ته‌وه و هۆکاریکیش بوو بۆ هه‌ڵته‌کاندنی
ته‌بایی ناوخۆی یه‌کیتی و لێکترازاندنی و لاوازکردنی له‌به‌رامبه‌ر
پارتیدا. به‌پێچه‌وانه‌وه تاڵه‌بانی یان ده‌بێ له‌خوار مه‌سعود
بارزانیه‌وه پۆستێکی سیاسی قبوڵ بکات، که ئه‌وه‌ش بۆ شان وشه‌وکه‌تی
خۆی به که‌م ده‌زانێ، یان ئه‌وه‌تا بچێت کاری سکرتێریی حیزبه‌که‌ی
بکات! بۆیه له‌مباره‌دا بۆ یه‌کێتی نیشتمانی و خودی تاڵه‌بانیش وه‌رگرتنی
پۆستی سه‌رۆک کۆماری هاوتاکردنه‌وه‌ی ده‌رونیی ئه‌و لاسه‌نگیه سیاسیه‌یه
که له‌کوردستاندا به‌رامبه‌ر پارتی تێی که‌وتون!
هه‌روه‌کو له‌سه‌ره ئاماژه‌مان پێ‌کرد، ئه‌وه ته‌نها هێزه ناوخۆییه‌کان
نین که خه‌ریکن له شانۆی سیاسی عێراقدا ده‌وری خۆیان ده‌گێڕن و هه‌رئه‌وانیش
نین که پۆسته سیاسیه‌کان دیاری ده‌که‌ن، به‌ڵکو هێزو لایه‌نی ناوچه‌یی
وجیهانی و ئه‌جێندای سیاسی جیاواز و ناکۆکیش رۆلی کاریگه‌ر ه سه‌ره‌کیی
تێدا ده‌بینن.
له مه‌شهه‌دی سیاسی عێراقدا دوو ئه‌کته‌ری ئه‌سڵی ده‌بینرێن. یه‌کێکیان
ئه‌مریکایه که راسته‌وخۆ و به‌ره‌سمی له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کانه‌وه
عێراقی ته‌سلیمکراوه. هێزی سه‌ربازی له‌عیراقدا هه‌یه و له‌ده‌یان ده‌رگاو
په‌نجه‌ره‌وه خۆی خزاندۆته ناو ناوه‌ندی بڕیاری سیاسییه‌وه له‌عێراقدا.
ده‌شیه‌وێ دوای کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی له‌عێراق زه‌مانی مانه‌وه‌ی سیاسی
و ئابوری و ته‌نانه‌ت سه‌ربازیی خۆی به‌شێوه‌ی چه‌ند بنکه‌ی سه‌ربازی
له‌عێراقدا بکات. ستراتیژی سیاسی ئه‌مریکا له‌عیراق و ناوچه‌که‌دا
کۆنترۆلکردنی سه‌رچاوه‌کانی نه‌وت و ووزه‌یه له ناوچه‌ی که‌نداودا.
له‌که‌نار ئه‌مریکادا ووڵاتانی عه‌ره‌بی(به پله‌ی سه‌ره‌کی عه‌ره‌بستانی
سعودی، میسر، کوه‌یت و وڵاتانی که‌نداو) و تورکیا دێن که له‌نه‌خشاندنی
سیمای سیاسی عێراق و ناوچه‌که‌دا به‌رژه‌وه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئه‌مریکادا
گرێده‌خواته‌وه.
ئه‌کته‌رێکی دیکه‌ی شانۆی سیاسی عێراق رژێمی ئیسلامی ئێرانه که له‌دوای
داگیرکردنی عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه شانبه‌شان و هاوتای ئه‌مریکاو
بگره کاریگه‌رتریش له ئه‌مریکا نه‌خش و ده‌خاله‌تی سیاسی هه‌بوه‌و هه‌یه
له‌عێراقدا و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریکادا ناته‌بایه.
هێزه‌کانی ئیسلامی سیاسی شێعه له‌بابه‌تی مه‌جلیسی ئه‌علا و جه‌ماعه‌تی
سه‌در و حیزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی و لق و پۆپه‌کانی هه‌موویان راسته‌وخۆ
له‌ژێر هه‌ژمونی سیاسی ئێراندان. ئێستاش لیستی ئیئتلافی نیشتمانی( ره‌وتی
سه‌در و مه‌جلیسی ئه‌علا ) که راسته‌وخۆ و بێ پێچوپه‌نا رێنمایی له
ئێرانه‌وه وه‌رده‌گرن 70 کورسی په‌رله‌مانیان به‌ده‌ستهێناوه. لیستی
(ده‌وڵه‌تی یاسا) ی مالیکی 89 کورسی به‌ده‌ستهێناوه. ئه‌گه‌رچی مالکی
سه‌رۆکی ئه‌م لیسته تاراده‌یه‌ک ده‌یه‌وێ نه‌چێته‌ژێر هه‌ژمونی ته‌واوی
ئێرانه‌وه‌و توانای مانۆری سیاسی بۆخۆی مسۆگه‌ربکات، به‌ڵام به‌حوکمی
ماهیه‌تی تائیفی حیزبکه‌ی وهێزه‌که‌ی که نه‌یتوانیوه خۆی لێده‌رباز
بکات، ئه‌گه‌ری ئه‌وه زیاتره که سه‌ره‌نجام له‌بڕیاره کۆتایی و حه‌ساسه‌کاندا
به‌لای ئێران‌دا بیشکێنێته‌وه. به‌مجۆره ئێران به بوونی هه‌ژمونی
سیاسی و فکریش به‌سه‌ر گه‌وره‌ترین دوو لیستی په‌رله‌مانیدا تاراده‌یه‌کی
زۆر توانای جێبه‌جێکردنی ئه‌جندای سیاسی خۆی هه‌یه له گۆڕه‌پانی سیاسی
داهاتووی عێراقدا.
لیستی عه‌لاوی وه‌کو نوێنه‌ری ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی و ره‌وتێکی سیاسی
گشتگیری بان-تائیفی عیراقی که به‌ته‌واوی له‌به‌رامبه‌ر پلاتفۆرمی
سیاسی ئێران‌دا پێناسه‌ی خۆی ده‌کات و له‌سه‌نگه‌ری ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانه‌کانیدا
جێگای بۆدیاریکراوه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که له‌ریزبه‌ندی کورسیه‌کانی
په‌رله‌ماندا پله‌ی یه‌که‌می هێناوه، به‌ڵام به‌ته‌نیا ناتوانێ له‌به‌رامبه‌ر
ئه‌و کوتله گه‌وره‌یه‌ی که پاڵپشتی ئێران ده‌کات کارێکی ئه‌وتۆبکات،
بۆیه بردنه‌وه‌ی یاریه‌که بۆ ئه‌مریکا کارێکی ئاسان نیه. به‌ڵام هه‌روه‌کو
ووتمان مه‌سه‌له‌ی دابینکردنی هه‌ژمونی سیاسی و ئابوری و سه‌ربازیی ئه‌مریکا
به‌سه‌ر عێراق و کۆنترۆکردنی سه‌رچاوه‌ی ووزه له ناوچه‌ی که‌نداودا
بۆ ئه‌مریکا مه‌سه‌له‌یه‌کی حه‌یاتی وستراتیژیه. جێگا‌و رێگای جیهانیی
ئه‌مریکا له‌به‌رامبه‌ر باقی زلهێزه‌کانی دیکه‌ی سه‌رمایه‌داری و به‌تایبه‌تی
چیندا له‌روانگه‌ی بۆرژوازی ئه‌مریکاوه تاراده‌یه‌کی زۆر به‌ستراوه‌ته‌وه
به دابینکردنی ئه‌و ده‌وره‌ی ئه‌مریکا له عێراق و ناوچه‌ی که‌نداودا.
بۆیه ئه‌مریکا شه‌ڕی سه‌روماڵ ده‌کات له‌وپێناوه‌دا و هه‌وڵ ده‌دات که
به‌هه‌ر نرخێک بووه ته‌زمینی ئاینده‌ی سیاسی و ستراتیژی خۆی بکات له
عێراقدا. ئه‌مه‌ش مانا عه‌مه‌لیه‌که‌ی ئه‌وه ده‌بێ که مه‌سه‌له‌ی
پێکهاتنه‌کان و ته‌وافوقاته سیاسیه‌کان و پێکهێنانی حکومه‌ت به‌پرۆسه‌یه‌کی
گرژ‌و توندی سیاسی‌دا بچێته‌پێشه‌وه که له‌سه‌رێکیه‌وه ئه‌مریکاو به‌رژه‌وه‌ندیه
جیهانیه‌کانی و به‌رژه‌وه‌ندی ناوچه‌یی هاوپه‌یمانه‌کانی( وولاتانی عه‌ره‌بی
و تورکیا) وه‌ستاوه و له‌سه‌ره‌که‌ی تریه‌وه ئێران و به‌رژه‌وه‌ندیه
ناوچه‌ییه‌کانی وه‌ستاوه.
له‌م نێوه‌دا جێگاورێگای لیستی هاوپه‌یمانی و پێشنیاره‌که‌یان بۆ پۆستی
سه‌رۆک کۆماری جێگا په‌یدا ده‌کات. له‌لایه‌که‌وه ئێران له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دا
ده‌بێت که بۆ به‌سه‌ره‌نجام گه‌یاندنی به‌رنامه‌ی سیاسی خۆی له‌عێراقدا
لیستی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو لیستی ( ده‌وڵه‌تی یاسا و ئیئتلافی
نیشتمانی) یه‌کبخات. به‌مکاره‌ی ده‌توانێ گه‌وره‌ترین کوتله‌ی په‌رله‌مانی
به‌لای خۆیدا رابکێشێ و زه‌مانه‌تی ده‌وری کاریگه‌ری خۆی له‌عێراقی
ئێستا‌و دوای کشانه‌وه‌ی هێزه سه‌ربازیه‌کانی ئه‌مریکادا بکات. له‌چوارچێوه‌ی
ئه‌م نه‌خشه‌یه‌ی ئێران‌دا دانی پۆستی سه‌رۆک کۆمار به تاڵه‌بانی مانا
په‌یدا ده‌کات و ده‌توانێ لایه‌نه ئیسلامیه شێعه‌کانی ژێر هه‌ژمونی
سیاسی-فکریی خۆشی رازی بکات!
له‌لایه‌کی دیکه‌وه، جێگای لیستی هاوپه‌یمانی بۆ ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانه‌کانی
له‌به‌رامبه‌ر نه‌خشه‌و ئه‌جنداکانی ئێران‌دا مانا په‌یداده‌کاته‌وه.
ئه‌مریکا ده‌توانێ به پێکهێنانی هاوپه‌یمانیه‌ک له‌نێوان لیستی عه‌لاوی
و هاوپه‌یمانی کوردستان و هه‌ندێ لیستی دیکه‌دا زۆرایه‌تیه‌کی په‌رله‌مانی
به‌ده‌ستبێنێ. به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ری ئه‌وه زیاتره که لیستی گۆڕان و
بگره لیستی یه‌کگرتوش بچنه‌پاڵ لیستی هاوپه‌یمانی کوردستان له‌مه‌سه‌له‌ی
هاوپه‌یمانێتی ئه‌مریکادا، چونکه هه‌رچۆنێک بێت ناسیۆنالیزمی کورد به‌گشتی
به‌باڵ و لقه‌کانیه‌وه‌و ئیسلامی سیاسی له‌بابه‌تی یه‌کگرتوو متمانه‌ی
سیاسی‌یان به ئه‌مریکا زیاتره وه‌ک له‌ئێران. له‌مباره‌شدا مه‌سه‌له‌ی
کاندیدبوونه‌وه‌ی تاله‌بانی بۆ سه‌رۆکی کۆمار مایه‌ی تێگه‌یشتن و ته‌سه‌ورکردنه.
عه‌لاویش د‌رکی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ده‌کات بۆیه سه‌رباری ئه‌وه‌ی که به‌شێکی
به‌رچاو له سه‌رکرده‌کانی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی که‌له‌ناو لیسته‌که‌یدایه‌و
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ناکۆکن که سه‌رۆک کۆمار که‌سێکی کوردزمان بێت، به‌ڵام
راده‌گه‌یه‌نێت که رێز له‌و پێشنیاره‌ی لیستی هاوپه‌یمانی ده‌گرن.
سه‌ره‌نجام ئه‌وه‌ی که دیاری ده‌کات پۆستی سه‌رۆک کۆماری به‌نسیبی
تاڵه‌بانی بێت یان نا ئه‌و پێکهات و رێکه‌وتنانه‌یه که به‌ده‌وری به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی
ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانه‌کانی وله‌لایه‌ک و ئێران له‌لایه‌کی تره‌وه له‌عێراقدا
ده‌کرێن. ئه‌مه‌ش خۆی پرۆسه‌یه‌کی توند‌و پڕبگره‌وبه‌رده‌و پڕناکۆکی و
دژایه‌تیه که پێناچی به زویی و بێده‌ردیسه‌ر به‌ئاکام بگات. ئه‌وه
بێجگه له‌وه‌ی که به‌هۆی ئیسفه‌نجیبونی لیسته‌کان و هاوپه‌یمانیه‌کانه‌وه
و له‌جه‌رگه‌ی بارودۆخێکی له‌وچه‌شنه‌دا ئه‌گه‌ری تێکچونی هاوپه‌یمانیه‌کانی
ئێستا و سه‌رهه‌ڵدانی هاوپه‌یمانی نوێ ئه‌گه‌رێکی چاوه‌ڕوان کراوه.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی که له‌ونێوه‌دا روون و بڕاوه‌یه ئه‌وه‌یه که خه‌ڵکی
کوردستان به‌بوونی تاله‌بانی به سه‌رۆکی کۆمار یان نه‌بوونی هیچ
قازانجێک ناکه‌ن له‌زیان زیاتر، هه‌روه‌کو له‌ژێرسایه‌ی ده‌سه‌لاتی
حیزبه‌که‌ی تاڵه‌بانی وبارزانی هاوپه‌یمانیدا له کوردستان ته‌نها هه‌ژاری
و نایه‌کسانی و بێمافی و زه‌وتکردنی ئازادی بوه‌ته نسیب وبه‌شیان و
خواستی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و رزگاربوون له مۆته‌که‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی
سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ش ده‌بێته خه‌ونی شاعیران!
29/03/2010
|