٢٢\١\٢٠١٢
ئایەتوڵا مستەر نورى مالیکى
لە نێوان
کلکایەتى ئەمریکا و گوێ لە مستیى ئێراندا.

هیوا رەش
سیاسەتى سەرچڵانەى سەدام حوسێن ، عێراقى کردە بەهەشتى ململانێى
نێودەوڵەتى و دۆزەخیشى بۆ بەشمەینەتیى عێراقییەکان هەڵخست و جەنگى
درێژخایەنى داگیرکارى ئەمریکاى بە دواى خۆیدا هێنا ، سەرەنجام دەوڵەتان
بە شێواز و ئامانجى جیا دەستیان خستە ناو کاروبارى عێراقەوە ، هەریەکە
و بە مەرامى وەدەسهێنانى پشکى زیاترى بەرژەوەندییەکانیان ، تاقم و
گروپە سیاسییەکانى عێراقیان کردە ماشەى دەستى خۆیان ، ( دۆڕاو ) ەکان
کە لە سوریا و وڵاتانى کەنداودا خۆیان دەبینییەوە هەوڵى ئەوەیان دەدا
بە پاڵپشتیى کردنى تیرۆر و ڕەشەکوژیى ، ڕێکخراوە سوننە مەزەبە
تیرۆریستەکان دنە بدەن بۆ ئەوەى ئارامى بشێوێنن و لەو ڕێگەیەوە
بەرژەوەندییەکانى خۆیان بپارێزن ، تاکە داردەستى تورکیا لە گواستنەوەى
ویستەکانى خۆى ، بەرەى تورکمانى بوو ، بۆیە دەکرێت بڵێین هەرچەندە
تورکیا لە وێنا کردنى سیاسەتى خۆى لە ناوچەکەدا کاریگەرییەکى بەرچاوى
هەیە ، لێ بە حوکمى سەنگسوکیى بەرەى تورکمانى نەیتوانیوە لە عێراقدا
ڕِۆڵى بەرچاو بگێڕێت ، جا لەبەرئەوە گەلێک جاران لە پێناوى دەسکەوت و
فازانجدا ناچارى داننان بە هەرێمى کوردستان و پەیوەندى بەستن دەبێت
لەگەڵیدا ، لە هەمووى بەرچاوتر ، ململانێى توندى سیاسى و سەربازى لە
نێوان ئەمریکا و ئێراندا لە سەپاندنى پشکى زیاترى بەرژەوەندییەکانیان
تا دێت چڕتر دەبێتەوە .
بۆ ڕاگرتنى باڵانس لەو نێوەندەدا مالیکى وەکو سەرکردەیەکى دیکتاتۆر
هێنراوەتە پێشەوە ، ناوبراو وێڕاى ئەوەى کەسایەتییەکى قبوڵکراو نیە لە
نێوەندە سیاسییەکاندا ، بەڵام خۆبردنە پێشەوەى لە هەردوو دژەلاى
ئەمریکا و ئێران بۆ پارێزگاریى لە بەرژەوەندییەکانیان زەمینەى بۆ
ڕەخسێنراوە ڕۆژ لە دواى ڕۆژ بە ڕەفتارە نادیموکراسییەکانى جێپێى قایمتر
بکات ، ئەمجارەیان لە سەرەتاى هاتنە سەرکاریەوە چەند وەزارەتێکى
بێوەزیر هێشتەوە ، خۆى کردە سەرۆکى هێزە چەکدارەکانى عێراق ، بە هێزى
سەربازیى دژایەتى مافى بەهەرێمبوونى پارێزگاکان دەکات ، هەنگاوى جدى بۆ
جێبەجێ کردنى مادەى 140 نانێت و خۆى لێدەدزێتەوە ، تا ئێستا چەندین جار
جوڵەى بە – فرقە 12 – ى سوپا کردووە و لەو ڕێگەیەوە پەیامى هەڕەشاوى
ئاراستەى کوردانى ناوچە داگیرکراوەکانى کەرکوک و خانەقین و جەلەولا و
سەعدیە و بندەستەکانیتر دەکات ، شەڕى گرێبەستە نەوتییەکان و بودجەى
پێشمەرگەش لەولاوە بوەستێ ، جگە لەوەى بۆى بکرێ هەڕەشەى بڕینى بودجەى
هەرێمى کوردستان دەباتە سەر کە لەم ڕۆژانەدا بە گەرمیى دوپاتى کردەوە ،
ئەمانە دەریدەخەن کە مەلۆتکەیەکى سەدامیى لە منداڵدانى بیرکردنەوەى
مالیکیدا جوڵەجوڵیەتى .
مالیکى لە پێناوى پتەو کردنى پایەى کورسییەکەیدا عێراقى بەرەو
قەیرانێکى ئاڵۆز و بنبەست بردووە و دەبات ، ناڕەزایەتییەکان لە سیاسەتى
ئەو ، وێڕاى ئەوەى هەرێمى کوردستان و دەڤەرى سوننەکانى تەنیوەتەوە ،
خەریکە بەرەو دەڤەرى شیعەنشینەکانیش تەشەنە دەکات ، بۆ لەبیربردنەوەى
ئەو تەنگژە قوڵانە و ترساندنى خەڵک ، تەماشا دەکەین هەندێک جار لەسەر
هەمان قەوانى سواوى سەدام حوسێن هەڵدەپەڕێت و باس لە بوونى هەوڵ بۆ
ئەنجامدانى کودەتا دەخاتە ناو بازاڕەوە ، ئەمە لە کاتێکدایە بە پێى
دانپێدانى نائاگایانەى خۆى ، چەند ساڵێکە لە هەوڵە تیرۆریستەکانى
کۆنەبەعسییەکان و پیاوانى لیستى عێراقیە ئاگادارە و بێدەنگیى لێیان
کردووە ، ئەمەش خۆى لە خۆیدا بە پێى یاساى سزادانى عێراقى بە تاوانى
پەردەپۆشیى – تستر – هەژمار دەکرێت و دەبێت سزاى وەکو تاوانبار یاخود
سوکتر وەربگرێت ، بەڵام بە سۆنگەى پەلەقاژێى پاراستنى کورسییەکەیەوە
هێڕ و کاس بووە ، بۆیە سەرقاڵە بەوەى سیاسەتى کۆنەپەرستانەى جمهورى
ئیسلامیى ئێرانى پاسداریى بە ڕەزامەندى ئەمریکاى خوێنمژى گەلانەوە
ئاوێتە بکات ، بێئەوەى گوێ بەوە بدات ئاییندەى عێراق چى لێدێت و بە کوێ
دەگات ! خۆى لە هەردوولا دەباتە پێشەوە و ( خورمیش ) انە هەڵسوکەوت
دەکات ، بە مەبەستى پێڕاکێشانى زۆرترى خۆى و پێبڕینەوەى ڕکابەرەکانى ،
لە پێناوى حوکمى تاکڕەوانەیدا ئۆباما دەکاتە براگەورە و ئاخوندەکانیش
بە باپیرە گەورە چاو لێدەکات و لە ئاستى گەورەیى ئەواندا بچوک دەبێتەوە
، بەڵام کاتێک نیمچە گەرەنتییەک وەردەگرێ ئیتر خۆى لێدەبێتە قەلەمون لە
هەمبەر مافە زەوتکراوەکانى کورددا فش دەبێتەوە و دەڵێ – شتێک نەماوە لە
عێراقدا بە ناوى کێشەى کوردەوە – وەکو ئەوەى لاى وابێ مادەى 140 کە
گەورەترین مادەى دانپێدانراوى دەستورییە 140 ساڵە جێبەجێکراوە و
قەرەبوى مادى و مەعنەوى کەسوکارى ئەنفال و کیمیابارانکراوانى هەڵەبجە
کراوەتەوە ! هەروەها بێمنەتیى لە چارەنوسى عێراقییەکان بۆتە هۆى
خوێنبەربوونى هاوڵاتییانى بێتاوان و وزە لێبڕینیان و لەوانى سەرکردەوە
هەناردەى نێو کوچە و کۆڵان و ماڵى خەڵکى بێژیان و بێنان و بێکار و
بێکارەبا و بێئاو دەکرێ ، بۆ نمونە : لە برى پێشکەشکردنى کارنامەى نوێ
بۆ چاکسازى و چارەسەریى گیروگرفتەکان ، بۆ بچوکترین تەنگوچەڵەمە و
مەترسیى لە کورسییەکەى خۆى دەهاوێتە باوەشى ئۆباما و عەوەجەى دەبێتەوە
، جگە لە واڵا کردنى سنورەکان بۆ جرتوفرتى سوپاى قودس و پاسداران بۆ
گۆبەند نانەوە ، بە ئیعازى ئێران پاڵپشتیى ڕژێمى بەعسى فاشى سوریا
دەکات بۆ سەرکوتکردنى گەلانى سوریا ، سیاسەتى ( بانێکە و دوو هەوا ) لە
ناخى مالیکیدا ڕەگى داکوتاوە ، بێئاوڕدانەوە لە مێژوو دەیەوێ چارەنوسى
گاڵتەجاڕى و خوێناوى بەعسییەکان بەسەر خۆیدا بهێنێتەوە .
لێرەدا پێویستە لەسەر سەرکردایەتى سیاسى کورد ( العین بالعین و السن
بالسن ) لە وەڵام بە ڕەفتارى دیکتاتۆرییانەى مالیکیدا هەڵوێست بنوێنن ،
تا بۆیان دەکرێت بایەخى تەواو بە پێشخستنى ئابورى کوردستان و سامانە
سروشتییەکانى بدەن بۆ خۆشگوزەرانیى خەڵک نەک بۆ گیرفانى خود ، هێزى
پێشمەرگە لە ئامادەباشیدا بێت تا لە حاڵەتى بڕینى بودجەدا ڕێگریى بکەن
لە بە تاڵان بردنى سامانى نەوتى ناوچە تا ئێستا داگیرکراوەکانى
کوردستان ، پێویستە هەرێمى کوردستان تاکلایەنە هەنگاو بۆ جێبەجێ کردنى
مادەى 140 ى مردارەوە بنێت و ڕوحى بخاتەوە بەر ئەگەر بە زەبرى هێزیش
بێت ، نابێت چیتر مام جەلالى سەرکۆمار و کاک مەسعودى سەرۆکهەرێم خۆیان
سەرقاڵ بکەن بە ڕێکخستنەوەى ماڵى شێواوى مالیکى و هاشمییەکان و لە برى
ئەوە گرنگى تایبەت بە ڕێکخستنەوەى بارودۆخى کوردستان بدەن باشترە ،
مێژوو سەلماندویەتى و دەبێت عیبرەتى لێوەربگرین کە دوژمنان مولەقانە لە
بۆسەدان بۆ داگیرکاریى کوردستان ، هەر کاتێک حکومەتى بەغا لاواز بوبێت
خۆى بە غەمخۆرى کوردستان نواندووە و لە بەهێزیشدا کوردستانێکى ئەنفال و
کیمیابارانکراو خەون و ئاواتیان بووە ، بۆیە پێویستە حەکیمانە کار
بکەین بۆ بەهێز نەبونى دەسەڵاتدرانى بەغا و نەهێڵین دەرفەتى خۆکۆککردن
بن بۆ کەوتنە وێزەمان ، بە تایبەتى لە هەلومەرجێکى ئاوهادا کە مالیکى
لە بێهێزیشدایە هەڕەشەمان لێدەکات ، ئێمەش دەبێت لە بێهێزیدا بێهێزتر و
نوزەلێبڕاوترى بکەین ، چونکە ساڵح موتڵەگ وتەنى - لە ئێستادا دەستیان
شکاوە - و نێزەیان پێ بە دەستەوە ناگیرێت سکمانى پێ هەڵبدڕن ، جا بۆچى
ئێمە دەستیان بگیرسێنینەوە بۆ ئەوەى شەڵاڵى خوێن و بندەستەییمان
بکەنەوە ؟ !
سەدام بە جەستە لەناوچووە، بەڵام ڕوحى ئاوێتەى گیانى دەیان شۆفینیزمى
وەکو مالیکى و موتڵەگ و سەدر و هاشمى و جەعفەرى و بەربەرى و سەدان
چەقۆکێش و سەرسەریی بووە.
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|