٢٦\١٢\٢٠٢٤
ئایە تاک و کۆمەڵی
کوردان
ماف و
ئازادییەکانی سەردەمیان پێ رەوا بیندراوە؟!

مەهدی یوسف
سەبارەت
بە دەستەواژەی ئازادییەکان، لە لایەکیان مەبەستمان لە ئازادییەکانی
کۆمەڵە کە بریتییە لە بەهرەمەندبوونی هەموو خەڵک لە مافە (هزریی و
فەلسەفییەکان، رامیاریی و رێکخراوەییەکان، نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان،
کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکان، رەگەزییەکان، فەرهەنگییەکان، و... تد)، لە
لایەکەی دیکەش ئازادییەکانی تاکە کە بریتییە لە بەهرەمەندبوونی تاکە
کەسەکان لە هەبوونی (ژیانێکی ئارەزوومەندانە، ئازادیی بیروڕا،
ئازادییەکانی خۆدەربڕین، ئازادیی کار و پیشە و نیشتەجێبوون و گەشت و
هەر جوولە و هەڵسوکەوتێک کە مرۆڤ دەیخوازێ) وەک مافەکانی هەر تاکێک لە
سەرجەم جیهان بە مەرجێک زیان بە بەرانبەر و ئەوانیدی نەگەیەنن.
هەرچەندە ئێستا زۆر میللەت و نەتەوەی جیاجیا لە سەرتاسەری جیهان هەن بە
زۆرێک لە ئازادییە گشتیی و هاوبەشەنیان گەیشتوون ئەگەرچی بە هۆی سروشتی
باڵادەستیی سیستەمی خاوەنداریەتیی تایبەتی ئابووریی لە هەندێک مافی
تاکە کەسییان بێبەشن کراون، بەڵام هێشتا زۆر گەل و نەتەوەش هەن بە هۆی
ئەوەی بە شێوەیەکی راستەوخۆ کەوتووونەتە نێوان بەرداشی سیستەمی
بەرژەوەندخواز و مشەخۆری سەرمایەداریی جیهانیی لە لایەک و توێژێکی
زۆردار و خاوەن دەسەڵات لە نێوخۆی میللەت لە لایەکەی دیکە سەرجەم ماف و
ئازادییەکانیان چ هی تاک چ هی کۆمەڵ پێشێلکراون، گەلی کورد یەکێکە لەو
کۆمەڵانەی لە رێی داگیرکردن و دابەشکردنی نیشتیمانەکەی لە لایەن
دڕندەترین داگیرکەرەکانی سەردەم و بە هاوکاریی بازرگانانی رامیاریی
نێودەوڵەتی.. سەرجەم ماف و ئازادییەکانی پێشێلکراون.. واتە سادەترین
ژیانی شایستە بە مرۆڤی پێ رەوا نابیندرێ!
دیارە ئەو چەوسانەوە و داماڵینەی کوردان لە ماف و ئازادییەکان
مێژوویەکی دێرینیشی هەیە؛ لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئیسلامەوە تا ئێستا بە
شێوەی جۆراوجۆر جێبەجێ کراوە بە تایبەتیش بە بیانووی بە زۆر داسەپاندنی
ئاین گەورە و بچوک و نێر و مێی کۆمەلکوژ کراون.. ئەنفالی ئیسلامی لەسەر
تاقیکراوەتەوە.. واتە ژن و کیژەکانیان بە کەنیزەک بردراون، مەڕومالات و
سەروەت سامانیان بە (غەنیمەت) بردراون و حەلال کراون. هەمیشە و بێ
پچڕان (فەتوا) لەسەر بەڕەوابوونی کوشتنیان دراوە، ئەوەتا لە هەر بستە
خاکێکی ئەو نیشتیمانە و دەوروبەریشی ئێسکوپڕووسکی مرۆڤی کوردی
کۆمەڵکوژکراو و زیندەبەچاڵکراو بەدیدەکرێ! ئیدی ئەوە ئەرکی سەرشانی هەر
تاکێکی کوردە بە پێی توانای خۆی بوێرانە لە پێناو وەدەستهێنانەوەی ئەو
ماف و ئازادییانە تێبکۆشێ، لای هەمووانیش رۆشنە کە ماف و ئازادییەکان
لە ئاسمان دانابارن بەڵکە دەبێ بسەندرێن.
mahdi@live.no
|