٢٦\٧\٢٠١٨
ئایندەی پایز.

نەژاد عەزیز
سورمێ
چرایەک لە حوسنی
تۆ ھەڵبوە
وێنەی ڕێژنەی گریانی جودایی...
وەک خەمی نیشتمانی دوور...
سێبەری کز... مۆسیقای ناخ
بێداری ھەمیشە بێدار
دەڵێی سێوە دێرینەکانی باپیرمن
لەسەر کەلاری مێژوودا،
بەو تاڵە قژانە نووساون
بە شەوبا دەلەرێنەوە...
چرایەک لە حوسنی تۆ ھەڵبوە
بوونەوەرێکی بێ سەرەتا و بێ کۆتایی،
نە لەخوا دەترسێ،
نە شەرم لە ئادەمییان دەکا
بە بەرچاوی با
بە بەرچاوی بەفر
بە بەرچاوی باران
ڕاوی پەپوولان دەنێ..
بوونەوەرێکی بێ سەرەتا و بێ کۆتایی،
نە لەخوا دەترسێ،
نە شەرم لە ئادەمییان دەکا...
چرایەک لە حوسنی تۆ ھەڵبوە
خەم نزیک و نیشتمان دوور...
تەم لە دڵاوایی چاوی ڕێگا
بەرەو دۆزەخی تاریکی
یا فیردۆسی نوور بچێ؟
من بە کوێدا بڕۆم؟
ئاسمان کوێر
ئاسمان لاڵ
بەکوێدا بڕۆم؟
لەو ھەموو سێبەرە
کام سێبەر ھی خۆمە؟
چرایەک لە حوسنی تۆ ھەڵبوە
ھەموو قەڵەمەکان تێکەڵ بوون...
ھەموو خەنجەرەکان،
شمشێرەکان
تێکەڵ بوون..
نیگاکان ڕوەو ژوور
سەرەداوەکان پچڕاو..
چیا،
نیشتمانی پایز،
دوا تاڵی شەفەق داڵدەی نەداین!
ڕووبار بۆ سەمای دڕکاوی
ئوتووی کراسەکەی تێک نەدا
ئاسمان کوێر
ئاسمان لاڵ
ئاسمان کەڕ
من بە کوێدا بڕۆم
لەو ھەموو سێبەرە
کام سێبەر ھی خۆمە؟
چرایەک لە حوسنی تۆ ھەڵبوە
ئاراستەکان لەنووکەوە بەرەو نیگا
نیگا....
جێ پێی بەسەر فەرشی ئومێدەوەیە
نیگا ،
تامی پڕتەقاڵێک دەدا
کە لەچاودا وەک ھەتاوێک وایە...
نیگا
لەبەرەبەیاندا خەو دەیباتەوە....
چرایەک لە حوسنی تۆ ھەڵبوە
شار تینوو.... کولافە
شەقام لە وەرزی نمەکگیریدا
ھاڕمۆنیای خاکەشین و مێرگی ترس..
برینەکان لەوەیان زیاتر پێ نەدەکرا
مانگ
بێداری ھەمیشە بێدار
مانگ
چ پەیوەندی بە سێوێک ھەیە
سێوێک ھەموو دونیا تووڕ دەدا
پاشان کۆی دەکاتەوە....
مانگ
چ پەیوەندی بەوە ھەیە
پایز لە شاخ بووە یا لەشار
خەباتی ژێر زەمینی ھەبووە یان نا؟
مانگ
چ پەیوەندی
بەو بروسکە گەرمانەوە ھەیە
ھەمیشە لەباتی نان و دەرمان
لە ھاوارمانەوە ھاتوون..
ئەی ھەوری نزیک،
گەوھەری ڕوناھی!
ئەی خانەخوێی میواننەوازی مەرگ!
سوپاکان بێرەدا ڕۆیشتن...
جوانیەک
ھێشتا شوێنەواری مابوو
لەم ڕێگایەدا درایە بەر نێزان...
زامەکان وەکو خۆیان لێ ھاتەوە!!
ھەوری نزیک،
گەوھەری ڕوناھی
خانەخوێی میواننەوازی مەرگ!
شکۆمان بە ساتێکی فڕیندا
بۆیە لە ژاڵەمان زیاتر نەدی،
چاومان لێ دابگرێ
پیاڵەمان لێوان لێوکا..
بەم جۆرە پێداھاتین
درەختەکانمان یەک یەک بڕین
تا لەچاومان ڕوانەوە..
(نوور)مان بەشەوی دەیجوور سپارد...
ھەوری نزیک، گەوھەری ڕوناھی
خانە خوێی میواننەوازی مەرگ...!
خۆرئاوا نەببوو
ئێمە بووین لەجوانی تێر بووین...
ئێمە بووین ڕۆژگارمان تا دوا چۆڕ خواردەوە
خۆرئاوا نەببوو..
ھەوری نزیک، گەوھەری ڕوناھی !
لەو ساوە
زەردەخەنەیەک،
لە قوڵایی برینەکانەوە ھاتووە
خەنجەرێک
لەگەڵ ھەڵکردنی باھۆزدا ھەڵکێشراوە...
پەیژەی ئومێد،
بە ئاوازە کپ کراوەکان،
بە مۆسیقای ناخەوەیە
لەو ساوە،
چرایەک لە حوسنی تۆ ھەڵبوە
لە ڕێوڕەسمی خۆپیشاندانێکی ئاشتیانەدا
جانتای دەستمی پڕ لە شەوق کردووە
چاوچاو
چ شەوقێکی ڕەش و جوانە
لە دڵە بۆشەکان دەدرەوشێتەوە...؟
چاوچاو چ شەوقێکی بێ ترس و گومانە
لە لێوە بە بارەکاندا نوقم دەبێ....
چرایەک لە حوسنی تۆ ھەڵبوە
سپێدەدەمان
گوڵە مێخەک،
دارەبەنەکانی پاڵ پاردە
بە سەمای ئەفسووناوی شازادە
لەخەو ھەڵدەستان....
شار تینوو.... کولافە
شەقام لە وەزری نمەکگیریدا
ھاڕمۆنیای خاکەشین و مێرگی ترس...
من ڕۆیشتم!
سەرم لە تاریکە بازاڕی ئاشنایاندا بەجێ ھێشت
دامەوە کۆڵانە خۆڵەمێشیەکانی ئەکبادان
ئەفسووس
نە کەژاوەی سوڵتانم دی
نە بۆنی شازادە ڕوومەت گوڵیەکانم کرد
بەڵام گوێم لە مۆزارت بوو
پەردەی حەڕەمی دەلەراندەوە...
ئەو دەمە تێگەیشتم ئایندەی پایز لە کوێڕا دێ.
تێگەیشتم
چرا بۆچی لە حوسنی تۆدا ھەڵبوە
ھەوری نزیک... گەوھەری ڕوناھی
خانە خوێی میواننەوازی مەرگ..!
کانوونی یەکەمی
٢٠٠١
ماڵپەڕی
نەژاد عەزیز سورمێ
|