په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٩\٢٠٢٣

ئایندەی ڕۆژنامە

لە ناو هەڕەشەی هۆیەکانی دیکەی میدیادا.

نەژاد عەزیز سورمێ   


ئەمڕۆ لە دونیای میدیادا باس لەو هەڕەشە و گەفانە دەکرێ کە ‌پەرەسەندنی هۆیەکانی پێکگەیشتن لە ڕۆژنامەی دەکا، ئەوانەی ئەو جۆرە باسانە دەکەن، بیروبۆچوونەکانیان لەوە سەرچاوە دەگرێ ئیتر میدیای بینراو و دەرهاوێشتەکانی دیکەی پەرەسەندنی تەکنەلۆژیای پێکگەیشتن و تۆڕەکانی ئینتەرنێت گڵۆڵەی بە ڕۆژنامە (بە ڕۆژنامەی ڕۆژانەیشەوە) بە ڕادەیەکی باوەڕنەکردە لێژکردووە و ئەو ئەرکەی تا دوێنێ بە ڕۆژنامە هەڵنەدەسووڕا، ئەمڕۆ بە هۆی تۆڕەکانی ئینتەرنێت و کەناڵە ئاسمانییەکان بە ئاسانی هەڵدەسووڕێ، سەرەڕای ئازادی دەربڕین و بڵاوکردنەوە بە تایبەتی بە هۆی ئینتەرنێتەوە، کە هەر تاکێک دەتوانێ هەموو جیهان لەسەر شاشەی کۆمپیوتەر یا مۆبایلەکەیدا ببینێ و ببینرێ..

کەناڵە ئاسمانییەکانیش وەک دەبینین دوای فەراهەمبوونی سێڵی وەرگرتن بە نرخێکی گونجاو لە هەموو ماڵێکدا هەیە و ئەوەی پێی دەگوترا میدیای کات گوزەراندن کە خۆی لە کلیپی گۆرانی و درامای خاکەڕا و ڕیکلامی بێ پەردە و بێ سنوور و هەندێ بەرنامەی بێ بەرنامەدا دەبینێتەوە ‌، ئەگەر هەندێ لە کەناڵی پەروەردەیی تایبەتی لێ هەڵبوێرین، کە ئێمە ئەویشمان دوای بە ئەهلی کردنی قوتابیخانە و کۆلیژەکانمان نەما...!

لەو سەریشەوە کۆمەڵێک کەناڵی تری پێچەوانە کە نوخشەی ڕەشبینی و مەرگ دادەدەن، ئەوانیش لە کاردان، لەوەی بە میدیای پارێزگر و ئایینی و تەبشیریەوە دەناسرێن.

بەڕای من پاشاگەردانییەکانی تەلەڤزیۆن سەرەڕای خودی سیفەتە پۆزەتیڤەکانی وەک ئاسانی هەڵگرتن و گواستنەوە و هەرزانی و لە هەمانکاتدا ئاسانی لە کۆڵ خۆکردنەوە و خوێندنەوەی ڕۆژنامە لە هەموو ئەو خاڵانەیش گرینکتر هەست بە لێپرسینەوە کردن لە هەموو ئەو بابەت و هەواڵ و ڕیپۆرتاژانەی بڵاویان دەکاتەوە
بێجگە لەوەی ڕۆژنامە هەمیشە نزیکتر لە کتێب، کە سەرچاوەی فێربوون ومەعریفەیە ‌، ئەمانە هەمووی مۆتەکەی کارکەناری و نەمانی لەسەر ڕۆژنامەدا لابردووە و بەختی دیکەی پێداوە.

جگە لەوەی هەموو ئەو پێشکەوتنەی هۆیەکانی میدیا لەم چەند ساڵانەی دوایدا بەخۆیەوە بینیوە، بێگومان ڕۆژنامەیش وەکو هۆیەکی ڕەسەنی میدیای نووسراو بەشی خۆی پێ بڕاوە و بەهرەی لێوەرگرتووە، بە نموونە تۆڕەکانی ئینتەرنێت چەندی بینەر و خوێنەری زۆریشی بۆ خۆی ڕاکێشابێ، بەقەد ئەوەش وەکو هاوڕێ و هەڤاڵێکی دڵسۆزی ڕۆژنامە و چاپکراوی دیکەیە.

بەلایەکی دیکەش هەموو ئەو بڵاوکراوانەی بە هۆی ئەوەی پێی دەڵێن (ڕۆژنامەگەریی ئەلیکترۆنی) لەچاو بزاڤی بڵاوکردنەوە لە ڕۆژنامە و گۆڤار و دەوریات و کتێب و چاپکراوی تر ئەگەر لە پەراوێزیشدا نەبن، تا ئێستا ئەو ڕێژەیە نییە جێی باس بن، ئەوەی کە هەمیشە هەموو ڕێژەیەکی زۆر کەم نەبێ لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندایە و وڵاتانی دواکەوتوو سەبارەت بە زۆر ئەگەری جۆرا و جۆر لە پێشەوەشیان ڕادەی نەخوێندەواری و دواکەوتنی تەکنەلۆژیا و ژێرخانی ئابووری و دواکەوتوویی ئەوەی پێی دەگوترێ کەرتی تایبەتی و کێبەرکێی سیستەمی حوکمڕانی لە هەلی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بێبەش بوون.


بۆیە پێموانییە بەو ساڵ و زەمانانە ڕۆژنامە بایەخی خۆی ون بکا بە تایبەتیش لە وڵاتانی لە وێنەی وڵاتی ئێمە ‌، هەر چەندە لایەنەکانی پەیوەندیدار ڕەنگە بە پێی عاقڵ پێشکانیان بە دیوێکی تری ببینن!!

لەوەش زیاتر ڕۆژنامە تەنانەت لە وڵاتە پێشکەوتووەکانیش ئەرزشی خۆی ون نەکردووە بەو مەرجانەی لە تێگەیشتنی پەخشکاری ڕۆژنامەکانەوە سەرچاوە دەگرێ بۆ بنەما کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژییەکانی خوێنەر و توێکل هاوێشتن و نوێبوونەوەی بە پێوانەی خواستی سەردەم.

ئەو تێگەیشتنەش بۆ ڕۆژنامە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا پێم وایە لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا ببینرێتەوە:

١- بایەخدانی ڕۆژنامە بە پێشزانی لە ڕێگای پەیامنێرەکانییەوە بێت یاخود ئاژانسەکانی دەنگوباس کە ئەمەش دەبێتە ئەگەری خێرایی بڵاوکردنەوە و بەدواداچوون.
٢- هەوڵی بەردەوام بۆ گۆڕین و نوێکردنەوەی ڕۆژنامەنووسیی بە تایبەتی لە هەواڵ ودەرهاوێشتەکانیدا.
٣- نزیکبوونەوە لە خوێنەری ئاسایی و ویست و خواستەکانی لەم بوارەدا، ڕەنگە ڕۆژنامە کاریگەریی لە هۆیەکانی تر کاراتر بێ.
٤- هەوڵدان بۆ ڕاکێشانی خوێنەری نوێ، کە خۆی لەوەچەی نوێدا دەبینێتەوە لە هەمان کاتدا کرانەوە بە ڕووکاری خۆ دوورگرتن لە هەموو جۆرە
ئەو پەڕگیرییەک لە چارەسەرکردن و بڵاوکردنەوەی بابەت و نووسین دا
٥- هەوڵی بەردەوام بە فراوانکردنی پەیوەندی نزیکبوونەوە لە ناوەندە بڕیاربەدەستەکان بۆ هەڵێنجانی دەرهاوردەی وا بتوانێ شیکردنەوەکان ئاراستەیەکی بایەخدار وەربگرن و وەڵامی پرسەکانی ڕۆژ و شەقامی تێدا بێت.
٦- بایەخدان بە فایلی هەمەچەشن بە ئاستی بایەخدان بە هەواڵ و سیاسەت وەکو فایلی کۆمەڵایەتی و کلتووری و هەموو ئەو لایەنانەی تر کە جێی بایەخی خوێنەرن بەنموونە؛ وەرزش کە لێرەشدا ئەوانەش مەبەستە ‌ پەیوەندی بە دەرەوەی کوردستانەوە هەیە.
٧- چارەسەرکردنی ڕۆژنامەنووسیانە لە ڕووی بڵاوکردنەوەدا بە جۆرێک خوێندنەوەی بابەتەکان خوێنەر ماندوو نەکەن، کە گیانی سەردەم قبووڵی ناکات، وەک دەرهێنان و پێشاندانی کاکڵی نووسن و وتارەکان لە ڕێی سپۆت (تایتڵی لاوەکی) ی پێویستەوە.
٨- گرینگی دان بە دەرهێنانی هونەری لە ڕووی قەبارەی پیت و ئاستی ستوونەکان و بڵاوکردنەوەی وێنە و تایپۆگرافیا، کە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو ڕەخساندوونی.
وێنە لە ڕۆژنامەدا زۆر جار ئەگەر ئیرادێکی لەلایەنی هونەرییەوە نەبێت و لە ڕووی هەڵبژاردن و قەبارە و چۆنیەتی بڵاوکردنەوە هاوتای دەقەکە بێت، لەوانەیە لەوێنەی بە بزاڤی تەلەڤزیۆن کاریگەرتر بێت بەوەی فۆتۆگراف کە لەباری سەقامگرتوو و بێ جوولە دایە زۆر جار لە ڕۆژنامەدا جوولە دەر ببڕێ، بە پێچەوانەوەش هەندێ جار وێنەی تەلەڤزیۆن وای لێدێ لە جوولە دەکەوێ و شتێک دەرنابڕێ، دەرهێنەری کارامە دەتوانێ ڕووخسارێکی بەرچاو و سەرنجڕاکێش بە ڕۆژنامە بدا، کە ئەمەش دەڵێین مەبەستمان بە نموونە تەنیا بەکارهێنانی ڕەنگ نییە، بەڵکو چۆنیەتی بەکارهێنانییەتی.
دیارە لە هەموو حاڵەتێکیشدا دەخوازێ دەرهێنانی هونەری شان بەشانی ناوەرۆکێکی دەوڵەمەند بڕوا، کە لەسەریەتی نەک هەر بە دوای ڕووداودا بچێ و دایڕێژێتەوە ‌، بەڵکو هەوڵی دروستکردنیشی بدا، بەڵام بەو ڕووکارە نا کە هەموو یاسا و قانوونێک بخاتە ژێر پێی ورووژاندنێکی کاتی.
٩- دیاریکردنی جوگرافیای بڵاوکردنەوە، کە کۆمەڵێک هۆکاری دێتە ڕێ لە پێشەوەش ئەو زمانەیە ڕۆژنامەی پێ دەردەچێ، هەروەها سیستەمی سیاسیش ڕۆڵی خۆی لەو دیاریکردنەدا دەبینێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ئەگەر باسی ڕۆژنامەی کوردی بکەین بە ئەزموون دەرکەوتووە ‌، چەندی بێ موبالاتی و بەهەند نەگرتنی چۆنیەتی بڵاوکردنەوە ئەگەر بووە ئەوەندە فاکتەری زمان و سیستەمی سیاسی کۆسپ نەبووە بە تایبەتیش دوای پەرەسەندنە لە ڕادەبەدەرەکانی هۆیەکانی گەیاندن و پێکگەیشتن.

ڕۆژنامە وەک دامەزراوێکی وەرگرتن و داڕشتنەوە و بڵاوکردنەوەی هەواڵ و بەدواداچوونی دەرهاوردەکانی دامەزراوێکی پیشەیی و ئاراستەکردنی ڕای گشتییە ئەوەندەش دەخوازێ ئیتر دوای ئەو پەرەسەندنانە وەکو دامەزراوێکی بازرگانیش لەبەرچاو بگیرێ کە بەردەوامی دەرچوونی بۆ مسۆگەر ببێ.

بەمەش ڕۆژنامە دەتوانێ لە سنووری ڕکابەری هۆیەکانی دیکەدا نزیک بێتەوەو ئەو وێنە ڕەشبینانەی بۆ ڕۆژنامەیان کێشاوە بەوەی ئیتر بە گەشەسەندنی هۆیەکانی تر بە تایبەتیش هۆیەکانی میدیای بینراو ئەو کاریگەریەی نامێنێ و کاڵ دەبنەوە و تا ئەو ساڵ و زەمانانەیش ڕۆژنامە بایەخی خۆی وەک هۆیەکی میدیای کلاسیکی لەدەست نادا و پێشموانییە ئەگەر ئەهلی کاری لە بەڕیوەبردنیدا بن لە ئایندەیەکی نزیکدا لە دەست بدا.
 

ماڵپەڕی نەژاد عەزیز سورمێ

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک