په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\١٢\٢٠١٠

ئایندەی سیاسیی کوردستان، ئازادیی، داپەروەریی..

لە دیدی کۆنگرەی ١٣ پارتی دیموکراتی کوردستاندا.


عەبدوڵا مەحمود 


بۆ هەموو حزب و رێکخراوەیەکی سیاسی کۆنگرە ویستگەیەکی تایبەت و گرنگە. بەڵام بۆ حزب و رێکخراوەیەکی سیاسی خاوەن دەسەڵات و قەڵەمرەری سیاسی، گرنگیەکی تایبەتی تری هەیە. حزبیک کە لەدەسەڵاتدایە یان بەشیکە لەدەسەلات و لە هاوکێشە سیاسیەکانی کۆمەڵگادا نەخشی کاریگەری چارەنووسسازی هەیە، ئاکامی کۆنگرەکە، سیاسەت و بریارەکانی، راسپاردەو پەیامەکانی.. راستەوخۆ کاریگەری دەخاتە سەر هاوکێشە سیاسیەکان و پارسەنگی هێز لە کۆمەڵگادا.


دیارە هەموو کۆنگرەیەک بە جیا لە لایەن و پێداویستییە رێکخراوەیی و حقوقیەکەی، پیداویستیەکی سیاسییە و هەلومەرجی سیاسی و ئاڵوگۆری دۆخی سیاسی و کۆمەڵگا دایدەسەپێنێتە سەر حزبی سیاسی.


پارتی دیموکراتی کوردستان، نەک هەر حزبێکی سیاسی خاوەن قورسایی و خاوەن ریشەیی مێژوویی، بەڵکە حزب و هیزێکی خاوەن دەسەڵات و باڵێکی گەورەی بزوتنەوەی کوردایەتییە لە عێراق و تەنانەت ناوچەکەشدا. بۆیە رامان و چاوەروانی لە کۆنگرەی پارتی بە تایبەتیش لە هەلومەرجی سیاسی ئێستای کوردستان و عێراقدا، مانای تایبەتی هەیە. کە لێرەدا هەوڵدەدەم تەنها لەسەر چەند پرسی سەرەکی و زۆر بەکورتی چەند قسە لەسەر کۆنگرەی ١٣ پارتی بکەم.


پارتی و پرسی کێشەی خەڵکی کوردستان.


لەکەس شاراوە نییە پارتی حزب و رێکخراوەی سیاسی بزوتنەوەیەکی بۆرژواییە لە کوردسانی عێراق و ناوچەکەدا. بەم پێێەش پارتی نوێنەری بۆرژوازی کوردو چینی دارای کوردستانە لەبەرامبەر بە چینی کرێکارو نەدارانی کوردستاندا. وە هەموو سیاسەت و هەلویست و کاروکردەوکانی، هەموو ئۆرگان و رێکخراوە ئاشکراو ماسک دراوەکانی، هەموو مانۆرو تاکتیک و هەلبەزو دابەزەکانی، کیوێک لە ئەندام و کادری موچەخۆرو دەریایەک لە پارەو جبەخانەیەک زەبەلاحی چەک و تەقەمەنی و سەدان دەزگای پەروەردەکردن و ترساندن و ئەژدیهایەکی هەزار سەری میدیا و راگەیاندن و گیژکرنی کۆمەڵگا و دەیان دەزگای ئاشکرای وەکو پاراستن و ئاسایش و ۆپۆلیس و پێشمەرگەو، دەیانی نهێنی و ژێربەژێرو، تۆماریک لە دیبلوماسیەتی نهێنی و رایەڵی پەیوەندی و بەسترانەوەی بە زلهێزەکانی دنیا و وڵاتانی ناوچەکەو بەحزب و رێکخراوە سیاسیەکانی دنیاو عێراق و ناوچەکەو کوردستانەوە، سەدان رێکخراوەی پیشەیی و جەماوەری و کۆرو کۆمەڵ و سەندیکا... قوتابیان و لاوان و کریکاران و ئافرەتان و نووسەران و هونەرمەندان و کارمەندان و ....تاد، هەموو ئەمانە تۆرێکی هاوبەش و لێکگرێدراون و لەکاردان بۆ بەرگری لەچینە چەوسینەرو داراکانی کوردستان لەبەرامبەر بە چینی کرێکارو چەوساوەکانی کوردستان و بەرژوەندیەکانی سیاسیەکانی خەڵکی کوردستاندا.


کۆنگرەی پارتی دەبی لەم گۆشە نیگایەوە بۆی بڕوانریت و لەم دەریچەشەوە چاوەروانی ئاکام و سیاسەت و پەیامەکانی بکرێت.


پارتی سیاسەت و نەخشە و مامەڵەی سیاسی خۆی لەگەڵ کۆمەڵگاو روداوەکانیدا، لەگەڵ ئاڵوگۆرو بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکاندا، لەگەڵ ئەحزاب و رێکخروەی سیاسی تردا، لەسەر بنەمای بەرژەوەندیەکانی بۆرژوازی کورددا دادەرێژێت، کۆنگرەش بۆی وێستگەیە بۆ ئابدەیت کردنەوەی بریارو نەخشە سیاسی و بۆ سازدانەوەی تەلاری حزبی و رێکخراوەیەکەی.


پارتی و مامەڵەی لەگەڵ کێشەی خەڵکی کورستان و ئاینندە سیاسیەکەی لەسەر هەمان بنەمای قازانجپەرستی بۆرژوازی کوردە. پارتی بەوێنەی باڵێکی بزوتنەوەی بورژاوزی کورد، بەدرێژایی تەمەنی سیاسی و ڕێکخراوەیەکەی کێشەی خەڵکی کوردستانی لەگەڵ دەوڵەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق کردوتە سەکۆیەک بەمەبەستی پچرینی بەش لەدەسەڵات سیاسی و ناوەنددا، بەکردەوە کۆسپێکی سەر رێگای خواست و هەموو هەوڵیکی سەربەخۆخوازی و جیاکردنەوەی کوردستان بووە لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی هاوڵاتی کوردستانیان وەکو پلە دوو تەماشادەکردو دەولەتیان لەسەر بناغەی هەڵاواردنی قەومی دامەزارندبوو. هەموو کۆنگرە و کۆنفرانسەکانی پارتی بەراشکاوی هەڵگری پەیامی ‌هێشتنەوەی کوردستان بووە بە دەوڵەتە ملهورو پیکهاتوو لەدژی خواست و ئیرادەی ئازادانەی خەڵکی کوردستان.


بەدوای کەوتنی بەعسیشدا دیسان کۆنگرەی ١٢ و هەموو سیاسەت و نەخشەیەکی پارتی ئەوە بووە کە شەری پچرینی بەش لەبەغدا بکەن بۆ ئەوەی بیانکەنە بەش لەدەسەڵاتی ناوەندی و لەوێشەوە بەناحەق بەناوی خەڵکی کوردستانەوە داوای درێژەدان بەدەسەڵاتیان و بەرینکردنەوەو رەسمیکردنەوەی دەسەڵاتیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا، زامن بکەن و پشتیوانی دنیای بۆرژوازی بۆ بەدەست بخەن و بەم سیاسەتەش رێگاو خواستی سەربەخۆیی خەڵکی کوردستانیان وە دواخستووەو بونەتەوە کۆسپی بەردەمی.


کۆنگرەی ١٣ ش، ناکرێ لەبارەی ئەوپرسە زۆر گرنگ و چارەنووسازەی خەڵکی کوردستانەوە، هەنگاویکی تر و رێگایەکی تر بگرێتەبەر.


هۆکەشی بەسادەیی ئەوەیە، کە پارتی وەکو نوێنەری سەرەکی بۆرژوازی کورد، لە دۆخ و هەلومەرجی ئێستادا، ناخوازی و نایەوێت بازاری پڕ پشێووی ئابوری و داهاتی هەڵرژاوی ژێر ناوی بیانکردنەوەی عێراق، ١٧ لەسەدی بڕی بودجەی کوردستان و پایەی بنەڕەتی سەرچاوەی داهاتی هەمێشەیی عێراق "نەوت" کەهەمووی لە ژێر قەڵەمرەوی سیاسی هیزە بۆرژوایەکانی عێراقدایە، لەدەست بدات و سەروکار لەگەڵ بازارێکی بێبرەو بێ ژیرخانی ئابوری و داهاتی کوردستان بکات. بەڵام وەکو کارتێ گوشار، یان ناوە ناوە لەگەڵ توندبوونەوەی کێشمەکێشەکان، و لەسەرو بەندی پرسی پۆست و داهات و نیگەرانیەکانی سەرانی پارتی شەرمنۆکانە باسی مافی چارەی خۆنوسین و ... بەدەستەوە دەگرن. وەکو ئەمەی سەرۆکی پارتی لە وتاری کردنەوەی کۆنگرەی ١٣ پارتیدا، ئاماژەی پێداو پاشان بەدەیان ڕێگا پاشەکشە و مەبەستی پشتی ئەم دەستەواژەی" مافی چارەی خۆنووسین" بۆ بۆرژوازی عێراق و هێزەکانی، لەسەر ئاستی باڵا و رەسمی ڕونکردەوە کە مەبەستیان جیابوونەوەی کوردستان نییەو پێداگرتنەوەیانە لەسەر " فدرالیزمێکی نەزۆک". و لەواقیعدا مەبەستیان لەدەستنەدانی بەشی بۆرژوازی کورد لە حکومەتی مالیکی و عەلاویدا.


پارتی لە دوو رۆژی یەکەمی کۆنگرەی ١٣ دا، جارێکی تر پەیامی وەستان لەگەڵ باڵەکانی تری بورژاوازی عێراقی راگەیاندوە، کە هاوکات پەیام و هەوڵێکی هوشیارانەیە بۆ وابەستەکرنەوەی کوردستانی بەکردەوە دابڕاو لە عێراق، بەعێراقەوە، کە ئەمەش یانی پێداگرتنەوە بۆ وەستانەوە بەرووی خواستی خەڵکی کوردستاندا، کە جیاکرنەوەی کوردستان و پیکهێنانی دەوڵەتیکی سەربەخۆو شارستانی و پڕ ئازادی و ژیانی تەسەل و ئینسانییە. ئەمە یەکەمین پەیامی راگەیەنراوی رۆشنی کۆنگرەی ١٣ ی پارتییە کە تائێستا بەرێوەدەچێت.


پارتی و پرسی ئازادیی.


کەم حزب و رێکخراوی سیاسی لە دنیادا هەیە هێندەی ئەحزابی دەسەڵات بەدەستی بۆژوازی کورد، بەتایبەتیش پارتی بانگەشەی "ئازادی، دیموکرسی. مافی مروڤ" بکات، کە خودی ئەم هەموو بانگەشە رۆژانە و هەموو ساتەیە نیشانەی لە ژێر پرسیاردابوونی هەموو ئەو بانگەشانەیە. ئاخر هیج لەوە سادەتر نییە بۆ ئەوەی بزانین پانتایی ئازادی و ئازادییەکان، پاراستنی مافی مرۆڤ، تەنانەت دیموکرسی باوی دنیا، لەکوێ نییە، یان لەژێر پرسیاردایە بچینە سۆراغی ئەو دەسەڵاتانەی هەمیشە بانگەشەی ئەم چەمکانە دەکەن.


ئازادی، دیموکرسی، مافی مروڤ، کەس لەسەروی یاساوەنییە...تاد، ئەو دەستەواژانەن کە هەمیشە وێردی دەمی بەرپرسان و بانگەشەی راگەیاندنی پارتییە، هاوکات چونکە ئەمە تەنها خۆراکێکی میدیایی رووتەو لە زمینەو ژینگەی کۆمەڵگادا بوونیی نییە و ئەگەر بۆیان بکرێت نا‌هێڵن و رێگەنادەن ج هیزو لایەن و تاکیکی چالاک لێی بەهرەمەند بێت و پیادەی بکات، بۆیە بۆڕێگەگرتن لە ئازادی و چالاکی ئازادیخوازانەی تاک و کۆمەڵ و ئەحزاب و ریکخراوەی سیاسی و کۆروکۆمەڵ و رێکخراوەی جەماوەری و مەدەنی سەربەخۆو پیشەیی... سەدان ئەمما و ئەگەر، بۆیە و چونکە و بەڵام. کراونەتە پاشکۆی ئازادی، مافی تاک و کۆمەڵ و ئەحزاب و ریکخراو، وە لە ژێر ناوی پاراستنی ئادابی گشتی، سەروەری نیشتمانی و نەتەوەیی و ئاسایشی، پاراستنی مقەدەساتی دینی، پارستنی کەلتوری نیشتمانی و مێژویی و نەتەوەیی هەرەشەی دەرەکی و... سەدان هێڵی سور دانراون تا ئازادی و ئیرادەی ئازادی ئینسان لە بەیان و بڵاوکردنەوە و دەربڕین، یاساغ بکەن. "نا" وتن و بەناحەقی و رەتکردنەوەی، یان هێنانە گۆری داخوازی و داوای مافی خۆکردن، دەبێ مۆڵەتی دەسەڵات و پارتی لەپشت بێ. داوای مۆڵەت بۆ هاتنە سەرجادەو کۆبونەوە و خۆپیشاندان مانگرتن و کە هەردوو فراکسێۆنی بۆرژوازی دەسەلات بەدەستی لە پەرلەمانی پاوانکراوی خۆیاندا بەیاساییان کردووە، کە پارتی لایەکی قورس لەباڵانسی ناو پەرلەمان و کۆمەڵگای کوردستانە، باشتترین پەیامی پێشتر و بەکردەوەو بەیاسایکراوی پارتییە کە بێگومان بەشداربووان وقسەرۆشتوانی ناوپارتی لە کۆنگرەدا مارشی پیداگرتنەوەی بۆ لێدەدەن.


خۆ ئەگەر لەهەموو ئەمانە بگوزەرێێن، ناکرێت لیستێکی دورودرێژ لە تیرۆری سیاسی نەیارانی سیاسی پارتی لە کوردستان، هێرش بۆ سەر حزب و لایەنی سیاسی سەربەخۆی دەرەوەی خولەکی پارتی، لە تیرۆرو هێرشی ئاشکرا بۆسەر هێزە بەرهەڵستکارەکانی وڵاتانی ناوچەکە، تیروری رۆژنامە نوسان و چالاکوانانی سیاسی، لەژێر قەڵەمڕەوی پارتیدا، تادەگات بەپەسەندکردنی یاسای فرەژنی پەرلەمان و دەستوری پێشنیارکراوی کوردستان کە بنەماکەی شەریعەتی ئیسلامە.... بە هێرشی سیستماتیک و بەنەخشەی پارتی بۆسەر ئازادی و مافی ئینسان و شەری یاسایی پشت بەستوو بەهێز لەدژی یاسا و ریسای مۆدیرن و تەماشا نەکەین.


کۆنگرەی پارتی لەپەیوەند بەم پرسەوە و لەدۆخی پڕ ململانێی عیراقدا، لە کەشی لەژێر پرسیاردا بوونی جیگەورێگای ناسیونالیزمی کورد و پارتی لە پیگەی دەسەڵات سەلاحیەتەکانیدا لە کوردستان، لەهەلومەرجی تارادەیەک بێدابوەوەی هوشیاری سیاسی و رەوینەوەی خۆشباوەڕی بە دەسەڵاتی کوردایەتی و پارتی، لە دڵی دەست راگەیشتنی خەڵکی کوردستان بە زانیاریەکانی سەردەم و پەییبردنی هەرچی زیاتری بە دۆخی ژیانی کۆمەڵگای شارستانی و خەباتی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی،لە جەرگەی دەرکەوتنی هیزێکی سیاسی تری وەکو گۆڕان دا کە ئەمە بۆ پارتیش بێ سەرئێشە نابێت، بێشک ئاستی هێرشەکانی بۆسەر ئازادی زیاتر دەکات و هەوڵدەدات فەزای ترس و تۆقاندن بە پشت بەستن بە یاسای پەرلەمانی حزبی و بەکەڵک وەرگرتن لە سەدان دەستەواژەی سواوی وەکو بەرگری لە مقەدەساتە بەسیستماتیک مقەدەسکراوە دینی و نەتەوەیی و نیشتمانی و کەلتوری و رەمزەکانیان.... تەنانەت وەگەرخستنی کارگەی مقەدەسات دروستکرن لە رابەرانی حزبی خۆی و داسەپاندنیان بەوینەی موڵکی گشتی و میللەت و نەتەوە... تاد. بەدەستی ئاوەڵاترو بە نەخشەوە، لەوەی تائێستا بووە دەستی بۆدەبرێت. بەمانایەکی تر هێرش بۆسەر ئازادی و ئازادییەکان و لە پاڵ یاسا و میدیاو راگەیاندندا، ئەمە یەکیکی تر لە پەیامی ئاشکراو نهێنی کۆنگرەیە کە بۆرژاوزی کورد بۆ کەڵەکە سەرمایە و بۆ خامۆشکردنی کرێکارو کۆمەڵگا پێویستیی پێێ هەیە.


پارتی و پرسی دادپەروەریی.


دادپەروەری لەپاڵ نوێبوونەوە، بەیەکەوە ژیان، ئەو دروشمەیە کە پارتی کۆنگرەکەی پێ پێناسەکردووە. دیارە پارتی بە پلەی یەکەم لە هێنانی ئەم دەستەواژەیەدا مەبەستی گەندەڵییە، نەک نابەرابەرییەکی ئابوری و چینایەتی کە مەبنای نابەرابەری واقعی و زەمینەی گەندەڵی و تاڵانی ئاشکرای کۆمەڵگایشە.
قڵشتی چینایەتی لە کۆمەڵگای کوردستاندا، بەئەندازەیەک زەق و بەرجەستەیە، کەهەر ئەمەیە پارتی بە وێنەی حزبی چینایەتی چینی بۆرژوازی و تاڵانچی کوردستان، ناچار بکات سیماو روخساری دەسپیکی کۆنگرەی پێبرازێنێتەوە.


لەکوردستان بۆرژوازی کورد بە پێچەوانەی هەموو دنیا زوربەیان لە دامینی حزبی دەسەڵاتەوە لەدایک بوون، نەک بەرهەمی کیبەرکێی ئابوری و بەرهەم و بازاڕ و بازاڕی ئازاد. بۆرژوازی کورد کە یەکسانە بەباڵای دەسەڵاتی حزبی و بنەماڵەیی خاوەنی هەموو شتێکە، لە لەدەستدابوونی دەسەڵاتەوە بۆ لەدەستدابوونی نزیک بەهەموو جومگەکانی بەرهەمهێنان و بازاڕ ، لە وەسیلەو هۆیەکانی بەرهەم هێنانەوە تا موڵکی گشتی کۆمەڵگا و بەڵێندەرایەتیەکان. لە زەوی و زارەوە تا دامەزراندن، لە داهاتی سەدا ١٧ بەغداوە بۆ سامانی نەوت و غازو نزیک بەهەموو کۆمپانیا وەبەرهێن و بازرگانیەکان، کە ئەمە وایکردووە داهاتی کۆمەڵگا لەدەست کەمایەتیەکی پیشە سیاسییدا کۆببیتەوەو خۆێشی ببیتە کەمایەتیەکی سەرمایەداری گەورەو هاوکات گەندەڵ کە سەرانیان شانازی بە ملیۆنێرو ملیاردیریەکانیەوە بکەن.


لەبەرامبەریشدا، ئۆردویەکی بەرهەمهێن کە جگە لە هیزی کاریان هیچیان نییە بیفرۆشن و ژیانی خۆیان و مناڵەکانیانی پێبەرێبکەن، ئەم چینە هەمیشە خەریکی کارو ئارەق رشتنن، کەچی وەکو چینێکی کۆمەڵایەتی لەکەمترین ئاستی ژیان و گوزەران، بەهرەمەندن. و خێڵی برسی وبێخانەو لانە و بێکاری کۆمەڵگای کوردستان پیکدەهێنن.


هەرساڵەش ئۆردویەکی تر لە لاوانی ئارەزوو خنکێنراو و بێکار بەم ئۆردووەوە پەیوەست دەبن.


ئەم جیاوازییە چینایەتییە لە کۆمەڵگای کوردستان و ژێر دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و پارتی وەکو باڵێکی دیارو بەرجەستەی، بەئەندازەیەک نابەرابەرەو بەرچاوە، هەموو کەسێک بە کورتە نیگایەک بە واقعیەتی کۆمەڵایەتی و چینایەتی کوردستاندا، توشی شۆک دەکات. کرێی رۆژانەی کرێکار بە ئەندازەیەک لەخوار و نزمە کەبەشی کەمترین پێداویستی بەرێوەچوونی رۆژانە ناکات، خۆ وەزعی بێکاران زۆر لەوەش خراپترەو خەبەریکیش لەبیمەی بێکاری نییە. کارمەندان و فەرمانبەرانیش کەزوربەیان بەشیکی ئەم ئۆردوەی چینی کرێکارن، بەهەمان شێوە بەدەست نەبوونی و گرانی بازارو و گرفتی شوینی نیشتەجی بوون و دەناڵینن، بەدەیان هەزار لاو ناتوانن کاریان دەست بکەویت و لەشوێنیک دابمەزرێن و ژیانی هاوسەری پیکبهێنن.


ئەمە ئەم کۆمەڵگایەیە کە لەلایەکەوە بەهەشتی واقعی بۆکەمایەتیەکی کارنەکەرو حزبی سەرمایەداران تیا خوڵقاوە، لەولاشەوە جەهەنەمیێک کراوەتە بەش و نسیبی ئۆردویەک لە ئینسانی کارگەرو بەرهەمهین و ئینسانی ئامادەبەکاری بێکار ڕاگیراو.


پارتی کە خۆی بەشی شێری تاڵانی کۆمەڵگاو مۆڵکردنی داهات و سامانی کوردستانی لەدەستی بەرپرسە بازرگانییە حزبی سیاسیەکانیدایە، کۆنگرەکەی بە دروشمی دادپەروەریەوە دەیەوێت خۆڵ بکاتە چاوی خەڵکیەوەو نارەزایەتی چینی کریکارو نەدارانی حزبەکە و لایەنگرانی....خاوبکاتەوە. جەنگێکی چینایەتی نەوەستاو لە کۆمەڵگادا کە لەدژی چینی کرێکار بەرێوەدەچێت کە پارتی خۆی بەشێکی سەرەکیەتی لە شانی حزب و بنەماڵەی دەسەڵاتداری پارتیدا بکاتەوە، و لە کۆنگرەوە چاو ببرێتە نابەرابەری ئابوری و فرمیسک بۆ نادادپەروەری هەڵبڕێژێ.


پارتی لەنەفرەتی قوڵی نەدارانی کۆمەڵگاو چینی کرێکار بێئاگا نییە، بەم ریاکارییەی دەیەوێت هەم نابەرابەری چینایەتی لەشانی حزبەکەی بکاتەوە و هەم خۆی بەخەم خۆری کۆتاییهێنان بە نابەرابەری نیشان بدات. چینی کرێکارو زوربەی خەڵکی کوردستان فریوی ئەم بانگەشەیە ناخۆن و پارتیش بەوماهیەتە چینایەتی و کۆمەڵایەیی و باگراوەندە سیاسییەی کە هەیەتی نەک بە خۆشی خۆی دەست لە لوشدانی داهاتی کۆمەڵگا بەرنادات و بەڵکە تەنانەت ئامادە نییە بە ئاسانی بەشێک لە پرۆژەو جومگە سەرەکیەکانی ئابوری بۆ کۆمەڵگا ئازاد بکات و بیسپێریتە ململانێی بازاری ئازاد.


بۆیە بە سادەیی کۆنگرەی پارتی لەبنەرەتدا ویستگەیەکە بۆ نوێکردنه‌وه‌ی خۆی ئامادەیی بردنەسەری بۆ هەرچی زیاتر بەتاڵانبردنی دەستی کاری هەرزانی چینی کریکار و درێژەدان بە گەندەڵی و فەرهودی داهاتی کۆمەڵگا.


لەکۆتاییدا بار و دۆخی ناوخۆی پارتی و کەشی ناو تەلاری حزبیش کە کۆنگرە جێگایەکە بۆ سەرنجدانەوەی پێویستی بەتێرامانی ورد نییە. پارتی حزبێکی داخراو، کۆنترۆڵکراو لەلایەن بنەماڵەیەکەوە کە بە سانایی کێوی هەڵکشان بۆ ناو هەرەمی بریار بۆ کەسانی بنەماڵەی بارزانی تیاییدا سانایە، هەروەها ماشێن و کارگەی دروستکردنی رەمزو داسەپاندنییەتی وەکو مڵکی گشی کۆمەڵگا.... تاد. ئەمەش بەسە بۆ نیشاندانی ئەوەی کە پارتی چەندە نامۆیە بە ستراکتۆری حیزبی مۆدیرن و کراوەیی ئازاد و سەردەمیی.


١٣
\١٢\٢٠١٠
ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا مه‌حمود