٢٦\٨\٢٠١٢
ئایندەی
خوێندنی کوردی لە کەرکوک بەرەو کوێ؟
- ئەم خەمەیان با خەمی سەرۆکی ھەرێم بێت -

رابەر رەشید
جارێکی دیکەش خەمێک لە خەمە بەردەوامەکانی کەرکوک کە ساڵانێکە خەمخۆران
و دڵسۆزانی ئەمشارە بە دەستییەوە دەناڵێن و دەرگا نەماوە بۆ نەھێشتنی
لێی نەدەن، کەچی رۆژ لەدوای رۆژ خەمەکە دژوارو گورچکبڕتر دەبێت و
پێشناچێ کەس خەمی چارەسەرکردنی بخوات، ئەو خەمەش خەمی شکستخواردن و
پاشەکشەکردنی خوێندنی کوردییە لە شاری کەرکوک، ئەمەش بە ھۆی کۆمەڵێک
ھۆکاری جوداجوداوە کە دەکرێ لێرەدا ئاماژە بە ھەندێکیان بکرێت و
ھەندێکی دیکەشیان لێگەڕێین بۆ کاتوساتیتر، ئەو ھۆکارانەی زۆر گرنگن
لێرەدا ئاماژەیان پێ بکەین:
١. دەستێوەردانی حزبایەتی لە ناوەندەکانی پەروەردەو فێرکردن، ھاوشێوەی
ھەرێم و بگرە خەراپتریش و دانانی بەڕێوەبەری قوتابخانەو
یاریدەدەرەکانیان و ھەتا سەرپەرشتیارانیش لەسەر بنەمای حزبیبوون، نەک
توانای زانستی و پەروەردەیی و ئەزموونیان لە بوارەکەدا.
٢. بە ھەڵواسراوی مانەوەی بواری پەروەردەو فێرکردنی کوردی لە کەرکوک لە
نێوان بەغداو ھەرێمی کوردستاندا، چ لە رووی پرۆگرامەکانی خوێندن و چ لە
شێوازو سیستەمی خوێندن، یان کادری پەروەردەییەوە.
٣. ناوە ناوە گواستنەوەی ژمارەیەک لە مامۆستایانی کورد لە قوتابخانە
کوردییەکانی کەرکوک و دەوروبەری بۆ ھەولێرو سلێمانی و دانانی مامۆستای
عەرەب لە جێگاکانیان.
٤. ھۆکاری ھەرە گرنگ و کاریگەری شکستخواردنی خوێندنی کوردی لە کەرکوک،
وەرنەگرتنی قوتابیانی دەرچووی شەشەمی ئامادەیی- خوێندنی کوردییە لە
کۆلیژو پەیمانگاکانی ھەرێمی کوردستان. گومان لەوەدا نییە ئەمە وا دەکات
کە ساڵانە لە جیاتی ئەوەی خەڵکی بە پەرۆشەوە منداڵەکانیان بنێرنە
قوتابخانە کوردییەکان، بە پێچەوانەوە دەیاننێرنە قوتابخانە عەرەبییەکان،
لەبەرئەوەی کەسوکاری قوتابییەک سوور بزانن کە رۆڵەکەیان دوای
تەواوکردنی پۆلی شەشەمی ئامادەیی لە زانکۆ، یان پەیمانگاکانی ھەرێمی
کوردستان وەرناگیرێت و ناچارە داوا پێشکەشی زانکۆو پەیمانگاکانی یەکێک
لە شارە عەرەبییەکانی عێراق بکات، ئەوکاتە ئەو خانەوادەی قوتابییە
دەستی خۆی دەسووتێنێت و ھەرگیز ئامادە نییە، رۆڵەکەی بنێرێتە خوێندنی
کوردی.
بۆیە لێرەوە وەکو کەرکوکییەک داوا لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکەم کە
دەسەڵاتی خۆی بخاتەگەڕ بۆ فشار خستنەسەر وەزارەتی خوێندنی باڵاو
توێژینەوەی زانستی لە ھەرێمی کوردستان و دەرکردنی بڕیارێک بە
جیانەکردنەوەی قوتابییانی دەرچووی شەشەمی ئامادەیی خوێندنی کوردی لە
قوتابییانی دیکەی ھەرێمی کوردستان و وەرگرتنیان لە زانکۆو پەیمانگاکانی
ھەرێمدا، ئەگەرنا دەبێ (فاتیحە) بۆ خوێندنی کوردی لە کەرکوک بخوێندرێت،
بەمەش ناڕەزاییەکی توندی قوتابییان و خوێندکارانی کەرکوکی بەرپا دەبێت
و چیتر لە ئاست ئەو جیاوازیکردنە بێدەنگ نابن!!. ھەمووشمان دڵنیاین کە
مێژوو بەزەیی بەکەسدا نایەتەوەو لەلاپەڕەکانی خۆیدا لایەنی بەرپرس و
کەمتەرخەم بۆ نەوەکانی داھاتوو تۆمار دەکات و دەیانخاتە بەردەم
لێپرسراوێتییەوە.
پردێ - ٢٣\٨\٢٠١٢
ماڵپەڕی رابەر رەشید
|