په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\١٢\٢٠١٤

ئاین وەک هێزێکى گوشار لە ناوەندەکانى خوێندندن.


بەنگین پیرۆت نورى  

کاتێک "یان هۆس"ى ڕیفۆرمخواز لە ئاینى مەسیحى گوتى "یاخى بوون لە پاپایەکى خەتاکار، وەک گوێڕاڵى کردنى مەسیح وایە".


"مارتن لۆسەر"ى ڕابەرى مەزهەبى پرۆتستان لە ئاینى مەسیحیش گوتى "تەنیا کەسێک ڕزگار دەبێت، کە باوەڕى بە خوا هەبێت".


ئەوان نەهاتن مرۆڤ لێک جیا بکەنەوە و دابەشى بازار و یاریگا و پارک و شوێنى جیاوازى بکەن یان جین و توێژى جیاوازى لێ دروست بکەن، کارى ئەوان تێگەیاندنى مرۆڤ بو بۆ دروستکردنى مرۆڤى وشیار لەناسینى خوا لەناخى خۆیدا و مرۆڤى سەربەست لەهەڵبژاردنى ئاین لە ژیانى خۆیدا.


"لەساڵى ١٥٠٠ى ز، خەڵکى ئەوروپا خوێندەواریان نەبوو لە وانەیە دوو تا سێیان یەکیان نەخوێندەوار بووبن.پیشەسازیى چاپ پەنجا ساڵ بەر لەوە بەدى هاتبوو، بەڵام کتێبەکان هێشتا دەگمەن و زۆر گران بوون. بەم پێیە زۆربەى ئەو شتانەى کە خەڵک لەبارەى خوا و ئاینەوە دەیانزانى، لە ڕێگەى گوێڕادێران بۆ قسەى قەشەکان، فێرى ببوون.". هەمان قۆناغ و ئەو رابردوە دورەى ئەوروپا کە زیاتر ٥٠٠ ساڵە گوزەرى کردوە، دەڵییى لەگەڵ ئێستاى ئێمەدا دەژیت.


من ناڵێم خەڵک نەخوێندەوارە، من دەڵێم ئایا بۆ ئاین خوێندنەوەمان هەیە؟ مەعقولە ئەم هەمو پێشکەوتنە لە زانست و تەکنەلۆژیا و مێژوى مرۆڤایەتى، هێشتا لە کوردستان زانست و بیرى عقڵانى نەخوێندرێتەوە، قسەى مەلا دەخوێندرێتەوە! هەروەک قسەى قەشەکانى ئەوساى ئەوروپا.


ئەم نمونەیەشم بۆیە نوسى کە لە کتێبى"چاکسازى ئایینى".وەرگێڕانى"هەژار رەحیمى".وەرمگرتوە.تا بچمە ناو باسەکەوە.


کاتێک خوێندکار لە قۆناغەکانى خوێندن ڕا دەکات ئەوە خودى خوێندکارەکە نیە لە خوێندن شکستى هێناوە،بەڵکو ئەوە غیابى پەروەردەیە لە فێرکردنى خوێندکاردا. گەورەترین کێشەى خوێندکار لە ناوەندەکانى خوێندندا کە لە خوێندن داى دەبڕێت و لە وانەکانى پێش ناکەوێت و لە دەرسە وشکەکان ڕادەکات.بونى هێزێکى گوشارە لەدەرەوەى چوارچێوەى خوێندن کە بۆتە کۆسپى هەرە گەورە ئەویش سیاسیەکان بە سیاسەت و پیاوانى ئاینى بە ئاین و خێل و عەشیرەت بە کلتور و گەڕانەوە بۆ دار عەیزەران،کە پەروەردە و فێرکردنى ووڵاتیان بە ئاراستەى ئامانجەکانى خۆیاندا بردوە.


ئەگەر خوێندکار قبوڵ بکات سیاسەت و ئاین و خێڵ خۆیان زاڵ بکەن بەسەر عقڵ و بیر کردنەوەى ئەو و بەسەر پەروەردە و فێرکردندا و واى لێ بکەن لەجیاتى خوێندنەکەى،بە گوتارەکانى ئەوان و ئەوەى ئەوان دەیڵێن خۆى سەرقاڵ بکات،ئایا هیچ هەیە پێیى بوترێت سەروەردە و فێرکردن خوێندکار فێرى بوبێت؟


ئەگەر بڕیار وایە دەبێ خوێندکار خۆى لەبیر بکات و ئەوەى ئەوان قبوڵ بکات،پێم وایە بە هەڵەدا چوون و دەبێ ئەوان قبوڵ بکەن خوێندکار ئەوەى قبوڵ نیە چونکە سیاسەت بۆ سیاسەتمەدار و ئاین بۆ مزگەوت و نەریت و دیوەخان بۆ خێڵ و خوێندن و فێرکردن بۆ خوێندکار.


ئایا مامۆستایەکى ئاینى ڕێگە بە خوێندکار دەدات ئامۆژگارى بکات یان وتارى هەینى بە قسەى ئەو بخوێنێتەوە ؟.کە وتارى ئەمجارە دەربارەى وەرزش و ئەدەب و هونەر و شێوەکارى و موزیک بێت؟


ئایا سیاسەتمەداران سیاسەتیان هەیە سیاسەت بۆ ڕۆژێکیش تەسلیم بەخوێندکار بکەن و سیاسەتیان سیاسەتى پێشکەوتنى پەروەردە و فێرکردن بێت؟


ئایا پیاوانى خێڵ گوێ لە خوێندکار دەگرن کە ئەوەى ئەوان چیتر ڕۆیشتن لەسەر ڕێچکەى خێڵەکى بەرژەوەندى ئاسایشى نیشتمانى دەخاتە خەتەرەوە؟


ئایا چى تێدایە بۆ جارێکیش بێت ئەم سێ کۆچکەیە شوێنەکانى خۆیان جێبهێڵن و ئەگەر دەیانەوێت لە خوێندکار تێبگەن وانەیەک لەسەر تێگەیشتن لە خوێندکار لاى خوێندکار بخوێنن.


ئەگەر بڕیار وایە ئەمەیان قبوڵ نیە،دەبێ ئەوەیان قبوڵ بێت واز لە کچان و کوڕانى ئەم ووڵاتە بهێنن خوێندنەکەى خۆیان تەواو بکەن، ئەگەر گومانى خەراپ لە کچان و کوڕان دەکەن وەک ئەوە وایە گومان لە ئیمانى خۆیان و پاکى کوردستان بکەن،چونکە کچان و کوڕان و خوێندارانى کورد نەوەى ئیمڕۆ و ئایندەى نەتەوەکەمانن.


من دژى ڕەگەزى خەراپم و حەز بە چارەیان ناکەم و دەبێ لە ڕەگەزى باش جیا بکرێنەوە،نەک جیا کردنەوەى کچان و کوڕان لە ناوەندەکانى خوێندن، کچان و کوڕانى بیتوێن کە ئەوەتەى خوێندن لە کوردستان هەیە بەیەکەوە دەخوێنن ئایا ئەوەندە دژ بەیەکترى خەراپن تا لە ناوەندەکانى خوێندن لێک جیا بکرێنەوە؟


ئایا پیاوانى ئاینى ناوچەکەمان لە جیاتى بەبیرى داخراو بیر بکەنەوە،وەک مەلاى گەورەى کۆیە و مەلا عبدالکریمى مدەرەس و قازى محمد کە پێشەنگن بوون وەک مەلایەکى زانستخواز بۆ پێشکەوتنى خوێندنگە و خوێندنى کوڕان و کچان لە کوردستان و بێ بیر کردنەوە و تایبەتکردنى خوێندنى کوڕ و کچەکانیان دەیان ناردنە ئەو خوێندنگەیانە کە تێکەڵ بوون،بەم شێوە پۆزەتیڤیە بیر بکەنەوە لە بیر کردنەوەى نێگەتیڤیانە باشتر نیە.دەبا بەبیر پەروەردە و فێرکردن لە خوێندنگە و خوێندنى کچان و کوڕانى ئەم ناوچەیە بڕواننین،تا بیرى وەهم و گومان جێگەى بیرى بیر کردنەوە و فێربون و زانست و زانیارى لاوەکانمان بگرێتەوە و بەدەستى خۆمان خانەى خۆمان وێران نەکەین . هەمومان وا بیر بکەینەوە کە کچانى ئەم ووڵاتە هەر یەکەیان بۆ خۆى حەپسەخانى نەقیبە و کوڕەکانیش براکانیانن.

 

ماڵپەڕی بەنگینە پیرۆت نوری

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک