ئازادی دوێنێم لە
''ئەمڕۆ'' دا.

کازیوە ساڵح
باوەڕناکەم هیچ ئازادیەک هێندەی ئەو ئازادیە بەهاداربێت لەنێو
ئاگربارانی کۆیلەیەتیدا بە دەستی دەهێنیت .هیچ گۆڵێکیش هێندە ئەو گوڵە
کیویلەیانە یاخی و قەشەنگ نین کە ڕوخساری متمانە لە پێدەشتی دڕکدا
پیشان ئەدەن . ئەی لە زەمەنی مەملەکەتێکدا کە یاخی بوون سەری خۆی تێدا
هەڵگرتبێت کام هەنگاو هێندەی یەکەم هەنگاو ناحەزدارە؟ کام چەمک هێندەی
چەمکی ''سەربەخۆی'' دژوارە ؟
ڕۆژنامەی ئەمڕۆ لەو زەمەنەدا و لە نێو پێدەشتی دڕک و دژواریی
سەربەخۆبووندا پێشەنگی سەربەخۆییبوون و
ئازادی ڕادەربڕینی هەڵبژارد بانگی کردین بۆ وتن .لە ساڵی ١٩٩٦ سەرەتای
کاری نووسین و ڕۆژنامەگەریم بوو ، جار جاریش بە بینین نا تەنها بە
بیستن سەدای ئەو بانگەم بۆ باسکرابوو ، وەلێ خوداکانی
حیزببازی و شەڕی ناوخۆ پەیوەندی و
هەواڵگۆڕینەوەی ئێمەی مرۆڤی نێوان هەولێر و سلێمانی لە یەک کردبوو بە
گۆڕینەوەی مادەهۆشبەرەکان . دەرەوەی سروشت و
یاسا بوو بە قاچاغ نەبێت بڵاوکراوەکانمان بە یەکتری بگەیەنین.
لەو زەمەنەی نیشتمانمان خرابووە سەر
پشتی ئەسپەکانی حیزب و ئەوان لە کوێ دەواری
ململانیەکانیان هەڵبدایە لایەنگیرانیانشیان دەبوو هەمان گەرمیان و
کوێستان بکەن . لە ڤێستڤاڵی گەلاوێژی هەمان ساڵدا هەندێ لە ئەندامانی
ئەمڕۆ خۆیان پێ ناساندم و گوتیان ئەوان ماوەیەکە ئەمڕۆ لە سلێمانی چاپ
دەکەن و باوەرَیشیان وایە کۆمەڵێ خەڵکی
ئازادیخواز لە خۆیان کۆبکەنەوە ، هەر
لەویشدا پێشنیازی کارکردن و ڕووی هاوکاریان لە من نا. لەوێوە من بووم
بە هاوکاری ئەمڕۆ .ئەو سەدای سەربەخۆیی و
ئازادیە و بۆ یەکەم جاریش بینینی ناوی ژنێک وەکو خاوەنی ئیمتیاز منی
پەلکێشی خۆی کرد لەوێوە ئەمڕۆ بوو بە یەکەم ماڵی ڕاگەیاندنی نووسراو بۆ
من و بووم بە بەڕێوەبەری نووسینی ئەمڕۆ.
ئەوەندەی پاراستنی سەربەخۆیی ڕۆژنامەی ئەمڕۆ
لە چنگی کویلەخوازەکاندا دژواربوو ئەوەندە و زۆر زیاتریش بوونی من وەکو
یەکەم بەڕێوەبەری نووسین لە ڕۆژنامەیەکدا ڕۆژنامەی ژنان نەبوو دژواربوو.
هەتا لە کۆتاییدا ڕۆژنامەی ئەمڕۆ بە زۆر گرفتی لابەلادا برا و
خرایە ژێر زۆر فشاری دەرەوەی کاری ڕۆژنامەگەری، چەند ئەندامێک کە
خواستیان بوو ماف بۆ دامەزرێنەری ئەمڕۆ و ئازادی و سەربەخۆی بۆ
ڕۆژنامەکە بگەڕێتەوە و ناچاربوون واز بهێنن و بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی وەها
ئەزموونیەکیش نەبنەوە و پەنا بەرنە بەر کاری
گرانی تاکڕەهەندی لە کاری ڕاگەیاندندا و بە تەنها بکەونە بڵاوکردنەوەی
گۆڤار و ڕۆژنامە ، من گۆڤاری نڤارم چاپکرد و بە دوایدا نوێکار ، پاش
ماوەیەک کەریمۆکیش ڕۆژنامەی سپێدەی چاپکرد . ئەوەی نڤار پراکتیکی کرد
وەکو پەسەندکردنی بەرانبەر و مافدانی وەکو یەک بە هەموو لایەک بە بێ
جیاوازی بیروڕاو و ئایدۆلۆژی و ڕاڤەکردنی کێشە هەنویەکانی ئەو کاتە بە
بێ سنووری کویلەتی کێشان ، گەڕانەوەی ڕێز بۆ
نووسەران بە پاداشتی پەسەند هەتا ئێستاش لە ڕۆژنامەگەری کوردیدا
نەهاتوەتە ئاراوە هەر بۆیەش نڤار زوو سەربڕا و منیش بووم بە یەکەمین و
هەتا ساتی نووسینی ئەم وتارەش دوایین سەرنووسەری مێینە لە سەر
ئازادی ڕادەبڕین زیندان بکرێت لە زەمەنی کویلەتیدا ، زەمەنێک کە یەک
دوو ڕۆژنامە زیاتر کەس نەیوێرا ئەو هەواڵە بڵاو بکاتەوە .
بەڵام زیندان بۆ مرۆڤی خاوەن باوەڕ هێز دەبەخشێت ، بۆیە بەر
لەوەی کێشەی نڤار لە دادگا یەکلا ببێتەوە ، بە گۆڤاری
''نوێکار'' بە هەمان میتۆدی نڤار
وەڵامی تاریکخوازانم دایەوە و پاشان هەوڵێکی زۆر بۆ ئەکادیمی بوونی
ڕۆژنامەوانی لە کوردستاندا (ئەمەیان چیرۆکی ئەم وتارە
نییه) ، ئەمەش گۆمانی چارەسەری لای
حیزببازان و دەسەڵاتی تۆتالیتاری کرد بە
یەقین کە چیدی کۆکردنەوە و مۆڵەت سەندنەوەی گۆڤار و زیندانیکردن پێشم
پێناگرێت، چاکترە بە ئاشکرا پێم بگوترێت ''
ئێرە نیشتمانی تۆ نییه بڕۆ نیشتمانێک بۆ
خۆت بدۆزەرەوە ''، چ دارا ئەحمەد و چ من
مەنفا کرا بە نیشتمانمان ، بەڵام ڕۆژنامەکەی چەمکی ئازادی ڕادەبڕینی
هێنایە بواری ڕاگەیاندنی کوردی و چەند
ئەندامێکیشی بە شێوەی نوێ بەرگریان لێکرد،
ئەو هەنگاوانەش بوون بە هەوێنی ئەو نیمچە ئازادیەی ئەمڕۆ فەراهەم بووە
، زیندانی کەس لە تاریکی و بە نهێنی نامێنێتەوە. کۆڵنەدانی دارا ئەحمەد
لەو ڕیبازەی گرتبووی و دەرکردنەوەی ''ئەمڕۆ''
لە ستایلی ئەلکترۆنیدا، دوورکەوتنەوەی لەو
تەهریج و پەت پەتێنە دەمامکدار و ناپەسەندەی لەم سەردەمەدا ڕووی ئازادی
ڕادەبڕینی و دنیای نووسینی بە قەدەریەکی ناچیزە بەخشیوە ، هەناسەیەکی
دی بە ڕووی ئومێد و هاندان بۆ بڵاوکردنەوە دەبەخشێت . جگە لەهەزاران
گوڵی پیرۆزبایی ، وەنەوشەی ماندوونەبوون بۆ " ئەمڕۆ " و ستافەکەی،
ئەوەی خوازیارم لە یادی پازدە ساڵەیدا ڕەچاوی بکات هەر وەکو ئێستا
و جدی تریش سوڕانەوەیە دژی ڕەوت، ئەو ڕەوتەی ڕێبازی ڕۆژنامەگەریی
لە کوتلەی حیزبیەو دابەشکردووە بە سەر
کوتلەی عەشیرەت و کۆمەڵە هاوڕێ و شار و ناوچە و تەنانەت گەڕەکیشدا .
ئەو ڕەوتەی خەریکە یاخی بوون و تەسلیم بوون لە یەک قاڵب ڕۆدەنێ و بەهای
دووەم بە یەکەم دەبەخشێت.. .
تێبینی: داوای
بەخشین لە خوینەرانی '' ئەمڕۆ
'' دەکەم ، کە تەنها یەکشهممان
هەندێ کاتی کەمم هەیە، نەمتوانی دوێنی
١٥\٨ لە کاتی خوێدا ئەم چەند سەرەپێنووسە
بنووسمەوە.
|