٢٠\٥\٢٠١١
ئازادیی ئێمە و
ئازادیی ئەوان!

سهلام عهبدوڵا
تەنها لەم رۆژانە: بە هۆی هەژارییەوە گەنجێک لە پێشانگایەکی ئۆتۆمبیل
لە هەولێر خۆیی هەڵواسی. لە شاری کوت نزیکەی 20کرێکاری بەنگلادشی
هەرەشەی خۆکوشتنی بەکۆمەڵیان کرد، ئەگەر کرێی کاری دوو ساڵیان پێنەدرێت.
لە یونان گەنجێکی بەنگلادشی لە لایەن فاشیستەکانەوە کوژرا.
پرۆفیسۆر(فرتس یاک) وتی (بەبۆنەی یەکی ئایار، پۆلیسی ئەڵمانیا شاری
هامبۆرگ بە >>ناوچەی مەترسیدار<<دانا. کوشتنی بن لادن بە(نهێنی)،
دووپاتی پاراستنی"مافی مرۆڤ"بەشێوەی ئەمریکی کرد: (مومکین نییە،
ئەمریکا 100%بزانن بن لادن لە کوێ دەژێ و یەکسەر بیکوژن). لە وڵاتی
هیندۆراس بەرنامەی بازاڕی ئازاد راگەیەندراو لەدژیدا خەڵک ناڕەزایەتیان
دەربڕی. هەڕەشەی مایەپووچی ئۆیڕۆ و ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی
ئۆروپا لە ئارادایە. دۆمینکیو شتراوس کان(سۆسیالدیموکراتی فەرەنسی و
سەرۆکی سەندوقی دراوی جیهانی)، لە فرۆکەخانەی جۆن کەنەدی لە نیویورک،
لەلایەن پۆلیسەوە بە تۆمەتی دەستدرێژی بۆ کچێکی 32ساڵە، دەستگیرکرا.).
3کرێکاری کاتی لە بنکەی ئەتۆمی فوکوشیما گیانیان لەدەستدا. دوا
هەواڵەکانیش گەورترین مەترسی بۆ ئابووری جیهانیان راگەیاند: تیمۆتی
گایتنەر(لە 15/5/2011وەزیری دارایی ئەمریکا) داوای وریایی دەکات لە
مایەپووچی، چونکە قەرزی ئەمریکا گەیشتە دوا ئاستی،واتە 14.3 بلیون
دۆلار).
ئۆباما: دۆلار وەهمە.
بۆچوونەکانی ئۆباما و درکاندنی هەندێ نهێنی وێنەی راستەقینەی ئابووری
ئەمریکا و جیهانی روون کردەوە: لە1/4/2011 کەناڵی تەلەفزیونی(فوکس)لە
بەرنامەی(60خولەک) وتی: پارەکەمان وەهمە. ولە وڵامی پرسیاری
رۆژنامەنووسێک وتی: پارە تەنها قەرزە. ئەو پارەیە کە لە گیرفانتە،
قەرزی یەکێکی ترە. پارە تەنها لە قەرزەوە پێکدێت. ئەمە ئەو کێشەیەیە کە
ئێستا هەمانە.... بۆیە ئێستا لەناو گێژاوەیەکی قووڵین.
ئۆباما پاشان نهێنییەکی گەورە ئاشکرا کرد و وتی: (FED)پارەی نییەو بە
پەیوەندییەکی کۆمپیوتەری لە هیچەوە پارە دابیندەکات.
لەبارەی ئەو بۆچوونە رۆژنامەنوسێک بە نائارامییەوە پرسیاری کرد: ئێوە
دەتانەوێ بڵێن کە لەو کاتەی کەسانی تر بۆ دەستکەوتنی پارە، کاری قورس
دەکەن، ((FEDلە هیچەوە بەدەستی دەهێنێ؟
ئۆباما: رێک وایە.
سەرۆکی ئەمریکا وەک خۆی وتی کار بۆ سیستێمی نوێ پارە دەکات، بەڵام ئەمە
بوارێکە لەرادەبەدەر سەخت. سەرۆکی رابردووی ئەمریکا ئەم هەوڵەی دا و
کوژرا.
ئۆباما: (من نامەوێ وەک سەرۆکی جۆن کەنەدی کۆتاییم پێ بێت. من بەراستی
دەمەوێ گۆڕانکاری بکەن. ئێمە دەبێ سیستێمەکە بگۆڕیت. Yes، we can!).
لێرەدا دەبێ پرسیار بکەین: چ گۆڕانێک؟ بەرەو کوێ؟ ئۆباما وەک هەڵگری
خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی، لەبری جەنگ راگرتن، وەک (بوش)ی باوک و کوڕ،
درێژەی بە چارەسەرکردنی کێشەکان بە جەنگ و بۆردومان و بەرفراوانکردن دا.
سیاسەتی ئیمڕۆی حکومەتی ئۆباما پیشانماندەدا کە جیهان لە چەند ساڵی
داهاتووشدا هەر بە جەنگی خوێناوی و فشاری وێرانکارانەی(بەرنامەی
خۆگونجاندن)سەندوقی دراوی جیهانی لەگەل فەرمانی دیکتاتۆرییەتی سەرمایەی
دارایی لە جیهان باڵادەست بەرێوە دەچێت. بەڵێ، وەک(ئەریشتو) دەڵێ: هیچ
کەس ئیمبراتۆرییەتەکەی پێشکەش بە کەسێکی تر ناکات، بەتایبەتی ئەوانەی
کە بە هێز دەستیکەوتووە و حوکومڕانی دەکات - فاوست - یوسف شومپێرت بە
وتەی(خۆوێرانکردی داهێنەرانە)ی سەرمایەداری نێوبانگی دەرکردووە. ئایا
بارودۆخی ئێستای جیهانی سەرمایەداری جیهانگیر، گەیشتوەتە ئاستی
خۆوێرانکردن؟ شومپێرت راستی وتووە؟!
وڵامی ئەم پرسیار لەلای(سارا ڤاگنکنێشت)ە کە لە دوا چاوپێکەوتنەکەی
لەگەل رۆژنامەی(یونگە ڤێڵت) رۆژی 14/5/2011، وتی: سەرمایەداری مافە
ئازادییە سەرەتاییەکان وێران دەکات....ئازادی لە گۆڕ دەنێت و
دیموکراتیش وێران دەکات.)
ماچە ژەهراوییەکە!
نوری مالکی لە پێشوازیکردنی لە نوێنەری ئەو وڵات و رێکخراوانە کە کۆمەک
بە عیراق دەکەن)لە رۆژی14/5و لە میانی وتارەکەی وتی: (ئێمە ئابووری
بازاڕ و کەرتی تایبەت بەهێز دەکەین....)و چەندین بۆچوون بۆ بنەبڕکردنی
گەندەڵی، هەژاری و.....هتد.
لەراستیدا کۆمەکی بە خۆڕایی بوونی نییە و لە حاڵەتی کۆمەکی سەندوقی
دراوی جیهانی و بانقی جیهانی، تەنها بە مەرج کۆمەک دەکەن، واتە
جێبەجێکردنی فەرمانەکانەکانیان بۆ خۆگونجاندن: بازاڕی ئازاد و
بەرفراوانکردنی کەرتی تایبەت.
شارەزا و بیرمەندێکی گەورە وەک میلتون فریدمان، دەڵێ: کۆمەکی ئابووری
دەرەکی ماچێکی ژەهراویە بۆ ئەو دەوڵەتانە وەریدەگرن...وەرگرتنی
یارمەتییە دەرەکییەکان لەلایەن حکومەت و سیستێمەکانەوە نەک مرۆڤەکان،
لە زۆربەی حاڵەتەکان و لە هەموو شوێنێک کارەسات بووە(گۆڤاری ڤیرتشافت
مەگاتسین).
((پاش تۆزێکی تر ئۆباما وتارەکەی دەخوێنێ و نیاز وایە باسی(ماچی
ژەهراوی)بۆ وڵاتە عەرەبییەکان بکات!)).
هەموو بانگەشەی ئازادی دەکەن، بەڵام دەریاییەک لە خوێن، چیایەک لە
ئێسقان و پروسکی مرۆڤ و جیهانێک پڕ هاواری ژێردەستەکان لەنێوانمان هەیە.
پرۆفیسۆر میلتون فریدمان(هەڵگری خەڵاتی نۆبڵ، بیرمەندی قوتابخانەی
شیکاگۆ و شۆڕەشواری لیبڕالیزم) لە وڵامی پرسیاری رۆژنامەی(هاندل پلات):
ئێوە پێشەنکی ئابوروی لیبڕالیزمن و ژیانتان پێشکەشکردووە بە ئازادی و
بەرگریکردن لە بازار، ئایا ئێوە چەند سەرکەوتنتان بەدەست هێناوە.
لە وڵامدا دەڵێ: ئەگەر ئێمە ئیمڕۆ چاوێک بە دنیا بگێڕین، دەبینین تا
رادەیەک نزیکەی20ساڵە، مرۆڤ زیاتر لە بارودۆخێکی ئازادی دەژێ. لە
یەکێتی سۆڤێتی جاران، چین و هیندستان گەشەسەندنێکی لەدرادەبەدر
روویداوە. لەسەر ئاستی دنیا سەرکەوتنێکی زۆرمان بەدەستهێناوە. ئیمڕۆ
هیچ کەس بڕوای بە سۆسیالیزم نییە: (دەوڵەت خاوەن موڵکی بەڵێندەرایەتیەو
ئامرازی بەرهەمهێنان کۆنتڕۆڵ دەکات. تەنها نموونەی کۆریای باکوور ماوە).
هەروا لەم ماوەیە رۆشنبیرانیش بڕوایان وایە کە تەنها بازاڕی ئازاد رێگا
بەرەو پێشکەوەتن خۆش دەکات. سەرەڕای ئەوەش سەرنەکەوتوین، کاتێ بەرێگای
پێچاوپێچ کاتێکردنی دەوڵەت زیاد دەکرێت....
میلتون و قوتابخانەکەی ترسناکترین بوونەرو بنکەی"خودایە". بۆ ئەوەی لە
بانگەشەی ئازادی ئەم بیرمەندە تێبگەین، لە هەمان چاوپێکەوتن دەڵێ(لە
ئۆروپا بێدەنگی باڵادەستە. بەگوێرەی پێواندنی پەیمانگەی فراتسە، هیچ
پلەیەک لە پێشکەوتن بەرەو ئازادی رووی نەداوە).
فریدمان موڵکایەتی گشتی و کاری ئابووری هەرەوەزی بە دوژمنی پێشکەوتنی
مرڤ دەزانێ و لە وڵامی پرسیاری (کەواتە ئەمریکا نموونەی باڵای ئێوەیە)،
دەڵێ(هەرگیز. لە کۆتایی جەنگی جیهانی دوو تا هەشتاکان لە ئەمریکا
قۆناغی راکەراکردنی سۆسیالیستیمانە. خەرجی دەوڵەت زیاتر لە دووبەرامبەر
زیادی کرد. کاتێ رۆناڵد ریگان لە 1980بوو بە سەرۆک، بەرفراوانکردنی
دەوڵەتی راگرت، بەڵام ئەمەش لە واقیعدا ئێمەی بەرەو کەمکردنی رۆڵی
دەوڵەت، نەبرد....).
دەوڵەتی(میلتون)ی!
فریدمان پێیوایە: (گرنگترین کاری دەوڵەت بریتین لە دابینکردنی ئاسایشی
موڵکایەتی تایبەتی دژ بە دوژمنی ناوخۆیی و دەرەکی، دادگا بۆ ناوبژیکردن،
یاسادانان تا پێناسەی موڵکایەتی تایبەتی بکات...هەروا ئێمە پێویستیمان
بەو جۆرە دەوڵەتانە نییە کە ئیمڕۆ لە جیهانی رۆژئاوادا هەمانە...).
مۆدێلی حکومەت و وڵاتی سەربەخۆ کۆتایی پێهاتووەو ئەوەی رووبەڕووی
دەسەڵاتی سەرمایەی جیهانگیر و ئەمریکا بووە، یەخەی هەموو دنیای گرتووە.
لە ساڵی 1989پەرژینی بەرلین روخێنرا و ئەو کات میلتون وتی(سۆسیالیم وەک
بیرێکی رۆشنبیر مرد، بەڵام لە ئاستی پراکتیکی زۆری ماوە بمرێ،
بەپێچەوانەوە لە وڵاتانی رۆژئاوا لە مارشی بەرەوپێشچووندایە ئێستا
نۆرەی روخاندنی سەرمایەیە.
خۆکوشتن، گرانی، گەندەڵی، جەنگ، دەستدریژی سێکسی و مایەپووچی دارایی و
درۆکردنی شاخدار چوارچێوەی ژیانی رۆژانەی ئێمەیە و دەسەڵاتدارانی جیهان
بە درووشمی"مافی مرۆڤ، عەدالەتی کۆمەڵایەتی...هتد"لە بازاڕی
تایبەتی"دیموکراسی و مافی مرۆڤ"دەفرۆشنەوە...
ئەوەی ئێمە دەمانەوێت و بیری لێدەکەینەوە بریتییە لە جیهان و بیرو
ژیانێکی ئێجگار جیاواز: ژیانێکی هەروەزی ئازاد، بۆیە ئازادی بازاڕ و
بۆمبای سیستێمی لیبرالیزمی نوێ و تەکنۆکراتەکانی، بەهەموو شێوەیەک بەر
بە ئازادییەکەی ئێمە دەگرن. گرنگی یەکگرتنی چەپەکانی کوردستان لێرەوە
سەرچاوە دەگرێ.
ماڵپهڕی سهلام عهبدوڵا
|