١٧\٩\٢٠١٠
ئازادی پوڵ!
(پاچڤه‌ی وتارێک
له سه‌ر په‌ڕتووکه نوێکه‌ی فه‌یله‌سوفی چه‌پی ئیتالی لۆزووڕدۆ).

ئه‌یوب ره‌حمانی
ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ک.
شته‌کان هه‌ندێک تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵ و ئاڵۆزن. وه‌ک تاکێکی کورد زۆر تامه‌زرۆی
خوێندنه‌وه‌ی لیبڕالیزم و ده‌سکه‌وته‌کانی بووم و هه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی که
پاش خوێندنه‌وه‌ی، پێم وایه ئه‌و سیسته‌مه به هه‌موو که‌م و کوڕییه‌کانیه‌وه
ئه‌توانێت سیسته‌مێکی سه‌رکه‌وتووتر و ئازادمه‌دارتر بێت له زۆر سیسته‌می
باو و دامه‌زراوی دیکه بۆ کۆمه‌ڵگاکانی ئه‌مڕۆکه و داهاتوی جیهانی.
ئێمه له کوردستان، به هۆی به‌رفراوانی ئه‌ده‌بییاتی چه‌پی ڕووسی و
وه‌رگێڕدراوه فارسییه ده‌ستکاریکراوه‌کانی حیزبی توده‌ی ئێران،
وامان وه‌رگرتبوو که لیبڕالیزم هه‌ر ئه‌و ده‌سمایه‌دارییه بێ به‌زه‌ییه‌یه
که باڵی به سه‌ر جیهاندا کێشاوه و له داهاتووشدا هه‌ر ده‌یه‌وێت
زیاتر په‌ره بستێنێت و به سه‌رکرده‌یی ئیمپڕیالیزمی ئه‌مریکا و
ڕۆژئاوا، هه‌موو جیهان بێنێته ژێر سه‌یته‌ره‌ی خۆی. به بڕوای من، که
پێشتریش له توێی چه‌ند وتاری خۆم و وه‌رگێڕدراوه‌دا باسم لێوه کردووه،
ئه‌وه‌ی که ده‌سمایه‌داری ده‌یه‌وێت بیکات و ناحه‌زه به بێ هۆ ئه‌خرێته
ئه‌ستۆی لیبڕالیزم و به حیسابی ئه‌و ئه‌نووسرێت و ئه‌مه تا ئاستێک
ناڕه‌وایه! به بڕوای لۆزووڕدۆ فه‌یله‌سوفی ئیتالیایی، ته‌نانه‌ت
مارکس و ئێنگڵسیش خۆیان لیبڕاڵ بوونه و زۆرتر لایه‌نی کۆمه‌ڵایه‌تی و
ئینسانی لیبڕالیزمیان به یه‌کسان بۆ هه‌موو که‌س لا په‌سه‌ند بووه تا
ئه‌و به ناو لیبڕالیزمه‌ی که ڕه‌خنه‌ی له‌سه‌ره و ئیمتیاز به‌خشه
به چینێکی تایبه‌تی خاوه‌ندار. ئه‌گه‌ر چی ناوبراو له شوێنێکی دیکه‌شدا
ئه‌ڵێت که لیبڕالیزم هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بۆ فریوی خه‌ڵک داندراوه و
به زریقه و بریقه‌ی ئازادی و یه‌کسانی بۆ هه‌مووان ڕازاندراوه‌ته‌وه
و هه‌موو ئه‌م به‌شینه‌وانه ته‌نیا بۆ چینێکی خاوه‌ندار و موومتازی
تایبه‌ت بووه، هه‌ر ئه‌ویش له شوێنێکی دیکه نایشارێته‌وه که ده‌سمایه‌داره‌کان
خۆیان له بنه‌ماکانی لیبڕالیزم وه‌ک یه‌کسانی و ئازادی بۆ هه‌مووان،
ئه‌دزنه‌وه. که‌واته بنه‌ماکان باشن. هه‌ر بۆیه من (وه‌رگێڕ) ده‌ڵێم
شته‌کان ئاڵۆزن! به‌ڵام مادام شعوری مرۆڤ به‌و ئاسته گه‌ییوه که
ئازادی بۆ هه‌مووان دێنێته به‌ر باس، که‌واته هزرکه و بنه‌ماکه‌ی
باشه به‌ڵام که‌ڵک لێ وه‌رگرتنی خراپ بووه و سوئیستیفاده‌ی لێ ده‌کرێت!
وه‌ک ئه‌زانین ئه‌وه نێئۆلیبڕالیزمه که له سه‌رده‌م و به دوا شه‌ڕی
دووهه‌می جیهانیه‌وه و به ناوی تاچێریزم (Thatcherismus)و کێنێزیسم (keynesianischen)
سه‌ری هه‌ڵدا و من به ته‌واوی نێئۆلیبڕالیزم وه‌ک نیزامێکی دژه مرۆڤی
و چه‌وسێنه‌ر ڕه‌ت ده‌که‌مه‌وه. به‌ڵام ڕام له‌سه‌ر بنه‌ماکانی
لیبڕالیزم باشه، دیاره نه‌ک موتڵه‌ق به‌ڵکو به شێوه‌یه‌کی نیسبیی و
پێم وایه که هه‌ندێکجار ده‌سمایه‌داره ته‌ماحکاره‌کان، جا له فۆڕمی
ده‌وڵه‌تیدا بن یا خاوه‌ندار و شیرکه‌ته گه‌وره‌کان، کون و که‌له‌به‌ره‌کان
ئه‌دۆزنه‌وه و مه‌جاله‌کان ئه‌قۆزنه‌وه و لیبڕالیزم وه‌ک که‌ره‌سته‌یه‌ک
بۆ مه‌به‌سته گڵاوه‌کانی خۆیان به کار دێنن، هه‌ر وه‌ک چۆن ستالین
کومونیزمی کرده که‌ره‌سته و کۆماری ئیسلامی و تاڵه‌بانی ئه‌فغان
ئیسلامیان کردۆته که‌ره‌سته و دووکان و بازاڕ و کۆمه‌ڵێکیش حیزبایه‌تی
ده‌که‌نه که‌ره‌سته.
هه‌ندێک پێیان وایه که ئامانج که‌ره‌سته
ته‌وجی ده‌کات و ئامانج گرنگه، و هه‌ندێکیش پێیان وایه که نابێت له‌مه‌ڕ
گه‌یشتن به ئامانجێک په‌نا بۆ هه‌موو که‌ره‌سته‌یه‌ک ببردرێت، ئه‌مه‌ی
دووهه‌مییان له باری مۆڕاڵ و ئه‌خلاقییه‌وه ڕاسته و ئه‌وه‌ی یه‌که‌مییان
له باری سیاسی و ئابورییه‌وه ڕاسته!! سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه من
پێم وایه که بنه‌ما فه‌لسه‌فییه‌کانی لیبڕالیزم ئه‌گه‌ر ڕه‌چاو بکرێن،
ئازادی و ئاسایشیان بۆ مرۆڤایه‌تی پێیه و مرۆڤه‌کان ئه‌توانن له سێبه‌ری
لیبڕالیزمدا به ئاسایشی ئابوری و زۆر ده‌سکه‌وتی کۆمه‌ڵایه‌تی و
ئازادیه‌کانیان بگه‌ن. دیاره هه‌ر ئێستا ئێمه ئه‌بینین که له
ئوروپا ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی که به‌ره‌و نێئۆلیبڕالیزم هه‌ڵکشاون، یا به
وته‌ی ئه‌م نووسه‌ره، ئانجێلۆ مایۆلینۆ، لیبڕالیزمی سیاسی‌یان کردۆته
لیبڕالیزمی ئابوری. ئه‌م ده‌وڵه‌تانه ڕۆژ له‌گه‌ڵ ڕۆژ زیاتر هێرش ده‌که‌نه
سه‌ر ده‌سکه‌وته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی هاووڵاتیانیان و به تایبه‌ت چینی
هه‌ژار و که‌مداهات و کرێکاران و به تایبه‌ت بێگانه‌کان، و له‌و
وڵاتانه‌ی که سه‌ندیکاکان لاوازترن، وه‌ک وڵاتی سویس، ئه‌وا سیسته‌مه‌کان
و هه‌ڵاواردنه‌کان و هێرشه‌کان بۆ سه‌ر ده‌سکه‌وته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان
سه‌رکه‌وتوانه‌تر و خێراتر ده‌چنه پێش و له هه‌ر شوێنێکیش که سه‌ندیکاکان
به‌هێزترن، وه‌ک وڵاتانی سکاندیناڤی، ئه‌وا سیسته‌مه‌کان به لاوازی و
له‌سه‌رخۆیی ئه‌چنه پێش، به‌ڵام زه‌خته‌کانیان له سه‌ر چینی که‌م
داهاتی کۆمه‌ڵگا هه‌ر به‌رده‌وامه و خه‌ڵک به‌ره‌و کاری بێگاری ڕه‌وانه
ده‌که‌ن! نمونه‌ی سویسم بۆیه هێناوه‌ته‌وه، چوونکه ئه‌م وڵاته به
موسته‌مڕی هێرش ئه‌کاته سه‌ر ده‌سکه‌وته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی خه‌ڵک.
به که‌م داهاته‌کان یا بێ داهاته‌کان پاره‌یه‌کی سۆسیالی بیخۆ و مه‌مره
ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی پێی بژین، به‌ڵام ئیمکاناتی خوێندن و ده‌وره دیتن و
ته‌نانه‌ت هه‌ندێکجار زمان فێر بوونیش و یا زۆر ئیمتیازی دیکه که ده‌بێت
به خه‌ڵک بدرێت، یا نایده‌ن، یا هێنده‌ت هیلاک ده‌که‌ن و وه سواڵت ده‌خه‌ن
که ئیتر شوێنی نه‌که‌ویت و بازاڕی کاریشیان که هه‌مووی هه‌ڵاواردنه.
ئه‌مه له حاڵێکدا که له هه‌ندێک له وڵاتانی ئوروپیی خوێندن بۆ
نمونه زۆر به ئاسانی به هه‌موو که‌س به یه‌کسان ده‌درێت و ته‌نانه‌ت
به زۆر، خه‌ڵک بۆ خوێندن ده‌نێرن.
ئه‌گه‌ر چی من په‌ڕتووکه ڕه‌خنه‌ییه‌که‌ی لۆزووڕدۆ له‌سه‌ر لیبڕالیزم،
که ئه‌م وتاره‌ی له‌سه‌ر نووسراوه‌م، نه‌خوێندۆته‌وه، به‌ڵام له
ڕووی ئه‌م وتاره‌ی مایۆلینۆوه توانیم هه‌ندێک وڵام له‌مه‌ڕ سیسته‌می
زه‌ختی ئه‌مڕۆی وڵاتانی ئوروپایی ببینمه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی به ئێوه‌ی
به‌ڕێزیش پێشنیاز ده‌که‌م و به‌و هیوای به سوود بێت. هه‌ر کات مه‌جالم
بێت، پێم خۆشه کتێبه‌که‌ش بخوێنمه‌وه یا خۆ وه‌ریگێڕمه‌وه، به‌ڵام
هێشتا هیچ پلانێکم بۆی نیه و تا بزانم ئاسۆ به‌ره‌و کوێمان ئه‌بات و
جارێکه هه‌ر له ئێستادا ئه‌ژیم و هیچ به‌ڵێنێک ناده‌م.
له کۆتاییدا ئه‌مه‌ش بڵێم که ده‌قی ئه‌م وتاره به زمانێکی هه‌ندێک
قورس نووسراوه و من هه‌موو هه‌وڵی خۆمداوه که وه‌ک خۆی وه‌ریگێڕمه‌وه،
به‌ڵام ئه‌شکرێت له هه‌ڵه بێ به‌ری نه‌بێت. هه‌ندێکجار مانای فارسیی
وشه‌کانم له قه‌وسدا هێناوه بۆ ئه‌وه‌ی باشتر وه‌ربگیرێت یا کوردیه‌که‌ییم
په‌یدا نه‌کردووه یا خۆ له کوردی‌دا ناومان بۆ هه‌ندێک له‌و وشه
ئابورییانه ڕه‌نگه نه‌بێت!
لیبڕالیزم.
نووسه‌ر: ئانجێلۆ مایۆلینۆ (Angelo Maiolino)
پاچڤه له ئاڵمانییه‌وه: ئه‌یووب ڕه‌حمانی
چی له وشه‌ی "لیبڕاڵ" ئه‌گه‌ین؟ فیلۆسۆفی ئیتالیایی دۆمێنیکۆ لۆزووردۆ
(Domenico Losurdo) له کتێبه‌که‌یدا به ناوی "ئازادی وه‌ک ئیمتیازێک"
(Freiheit als Privileg) و یا (Freedom as a privilege) کۆمه‌ڵێک وڵامی
چاوه‌ڕوان نه‌کراومان له‌مه‌ڕ لیبڕالیزم پێ ئه‌داته‌وه.
تایبه‌تی کردنه‌وه، ئاماده بوون بۆ خۆگوونجاندن له بازاڕی کار (ف:
انعگاف پژیر بودن)، دابه‌زاندن یا که‌مکردنه‌وه‌ی ماڵیاتی شیرکه‌ته گه‌وره‌کان:
ئه‌مانه کۆمه‌ڵه پڕینسیپگه‌لێکی لیبڕالین که ڕێکخراوه گه‌وره
ئابوریه جیهانیه‌کانی وه‌ک سندووقی نێونه‌ته‌وه‌یی پوڵ (Internationale
Währungsfonds) به کورتی (IWF) و هه‌روه‌ها کۆمیسیۆنی ئوروپایی یاخۆ
شیرکه‌تی بازاڕیی سویسی وه‌ک (Avenir Suisse) خۆیانی پێوه پێناسه
ئه‌که‌ن.
بیرۆکه‌یه‌ک که خۆی له پشت ئه‌م پێشنیازکراوه سیاسیانه‌وه حه‌شار
داوه ئه‌مه‌یه که ئه‌ڵێن، مه‌به‌ست له ده‌ست کورت کردنه‌وه و به‌ر
ته‌سک کردنه‌وه‌ی ده‌خاڵه‌تی ده‌وڵه‌ت له بازاڕدا ته‌نیا بۆ ئاسایشی
ئابوری (ف: رفاه اقتێادی) و یه‌کگرتوویی کۆمه‌ڵایه‌تی (ف: انسجام
اجتماعی) خه‌ڵکه.
به پێی مانا و چه‌مکی نه‌ریتناسانه‌ی لیبڕاڵه‌کان، پێویست ناکات که
ده‌وڵه‌ت خۆی له ئازادی تاکدا هه‌ڵقورتێنێت – و هه‌ر به‌م پێیه‌ش ئه‌بێت
پاراستنی خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی تاکه‌کان زه‌مانه‌ت و گه‌ڕه‌نتی بکات.
ئه‌و شتانه‌ی که له - جۆن لۆک، ئادام سمیت، هه‌روه‌ها فریدێریش
ئاوگوست فۆن هائێک و ماکس بێکڕ قابیلی خوێندنه‌وه‌ن- هه‌ر ئه‌وه‌نده
مانا ده‌کرێنه‌وه که ماڵیاته‌کان له گه‌ڵ دزیدا یه‌کسان ده‌که‌ن. ئه‌م
نوسخه ده‌رمانییه "لیبڕاڵییانه" (و: ئه‌و 3 دانه‌ی سه‌ره‌وه) ئه‌وانه‌ن
که له لایه‌ن ئاژانسه پله دانه‌ره‌کانه‌وه درابوون به‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی
ناسراون به (Piigs-Staaten) که هه‌ڕه‌شه‌ی ئیفلاس یا وه‌رشکسته
بوونیان له‌سه‌ر بون، وه‌کو (پورتوگال، ئیڕله‌ند، ئیتالیا، یونان،
ئیسپانیا)، که ده‌بوو گۆیا دوباره بیانهێنێته‌وه مه‌یدان و ژیانه‌وه‌ی
ئابوری، به‌ڵام له ئه‌ساسدا مه‌به‌ستییان ئه‌وه بوو که به‌م شێوه‌یه
ئه‌و وڵاتانه‌ی که پێویستییان به قه‌رزه، به‌ره‌و ئاڵۆزییه‌کی
ئابوری زێده‌تر بکێشن و زێده‌تر گیرۆده‌ی خۆیانیان بکه‌ن! (و: ئه‌مڕۆ
ئه‌بینین که یونان له چ قه‌یرانێکی ئابوری‌دا به سه‌ر ده‌بات).
له‌م نوسخه پێشتر پێچراوانه‌دا نه‌ک ته‌نها ئه‌و بیرۆکه خه‌وتووه که
بۆ ئه‌و وڵاتانه کاره‌ساتی ئابوری له گه‌ڵ خۆیدا بێنێت، به‌ڵکو
هاوکات و به موسته‌مڕی ژێرخانی ئابوری و گونجاندنی چوارچێوه‌ی ئابوری
ئه‌و وڵاتانه له گه‌ڵ ئه‌سڵه بنه‌ڕه‌تیه‌کانی لیبڕالیزمی سیاسی یه‌ک
ده‌خات وه‌کو، شل و لاواز کردنه‌وه‌ی مافی کار، پشتیوانی له شیرکه‌ته
گه‌وره‌کان و بڕینه‌وه و که‌مکردنه‌وه‌ی ده‌سکه‌وته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان
و ئاسایشی خه‌ڵک و هتد...
ڕه‌گ و بناغه‌کانی لیبڕالیزم.
به‌ڵام له‌م وتار و ته‌فسیره‌دا "لیبڕالیزم" له کوێدا جێگا ده‌گرێت؟
پاراستنی ئازادی تایبه‌تی (که‌سێتی) و هه‌روه‌ها فورسه‌ت و مه‌جالی گه‌شانه‌وه‌ی
ئابوری یا نه‌خێر ته‌نیا پاراستنی مافداری تایبه‌تی (ف: مالکیت خێوێی)
ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان و چینێکی تایبه‌ت؟ ڕاکردن له چنگ وه‌عده و به‌ڵێنه
لیبڕاڵیه‌کانی وه‌کو یه‌کسانی مرۆڤه‌کان و ژن و پیاو یا نه‌خێر
پاراستنی هێزی ئابوری؟
ئا لێره‌دا کتێبه‌که‌ی دۆمێنیک لۆزووردۆ (Domenico Losurdo) یارمه‌تی
ده‌ره. ئه‌و مامۆستا فیلۆسۆفه‌ی که له ئوڕبینۆ وانه ده‌ڵێته‌وه،
تێزه‌کانی به‌م شێوه شی ئه‌کاته‌وه که، ئازادی لیبڕاڵی هه‌ر له
کاتی له‌دایک بوونیه‌وه تا ئێستا ته‌نیا مه‌به‌ستی ئازادی چینێکی
تایبه‌ت و خاوه‌ن ئیمتیاز بووه، له کاتێکدا که نائازاد بوونی چینی
هه‌ژار له پاڵ ئه‌ودا به بێ خۆ پێوه هیلاک کردن و چاره‌سه‌ر کردنی،
دایمه بوونی هه‌بووه.
ناوبراو به شێوه‌یه‌کی ڕه‌وان و قابیلی تێگه‌یشتن هزرێکی سیاسیمان پێ
ئه‌ناسێنێت، که به ناوی ئازادیه‌وه و هه‌روه‌ها به ناوی زۆرکردنی
به‌ها و ده‌سکه‌وته‌کانی خه‌ڵک (ده‌سمایه)، له پێش هه‌مو که‌سێکدا سه‌ره‌تا
فێئۆداڵه‌کان و بنه‌ماڵه ورده پاشایه‌تیه‌کانی تێک شکاند و ئه‌وجار
به ناوی یه‌کسانیی هه‌موو ئیمتیازه تایبه‌تیه‌کانی ئه‌شرافزاده‌کانی
له‌غو کرده‌وه. بنه‌ماکانی ئازادی لیبڕاڵی، یه‌کسانی و هه‌روه‌ها
ڕزگاری ئێجگاری، هه‌ر هه‌موویان له ئه‌ساسدا به‌س بۆ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان
و خاوه‌نداره‌کان بوون. که‌واته بۆ ئه‌و که‌سانه بوون که، خاوه‌نداری
شتێکی به نرخ و ئه‌رزش بوون و به‌م پێیه لیبڕاڵیزم ته‌نیا بۆ
پارێزگاری له جێگه و پێگه و وجودی ئه‌وان داندرا، ئه‌وان (و: ئه‌و
چینه تایبه‌ته) ئیتر ناچار نه‌بوون له‌وه‌ی که وه‌دووی کارکردن بگه‌ڕێن.
له‌و فاز و قۆناخه‌ی لیبڕالیزمی سه‌ره‌تایی کۆیله‌کانیش وه‌ک مڵک و ماڵ
حیساب ئه‌کران. به چه‌شنێک که پاشتر خۆدۆزینه‌وه‌ی پڕۆتێستانته مه‌سیحیه
لیبڕاڵه‌کانی به دوادا هات و ئه‌مه‌ش بووه هۆی یه‌که‌مین قه‌یران و
دووکه‌رت بوونێک که له نێو بنه‌ماڵه‌ی گه‌وره‌ی لیبڕاڵه‌کان ڕوویدا.
یه‌کێک له‌و دوو که‌رتانه که فڕاکسیۆنی پێک هێنابوو لیبڕاڵه
ڕادیکاڵه‌کان بوون. له وه‌حله‌ی یه‌که‌مدا ئه‌وان پێداگرییان ده‌کرد
له سه‌ر به‌رپرسیاره‌تیه سیاسیه‌کان و به‌ڵێنه‌کانی لیبڕالیزم. ئه‌یانوت
ئه‌گه‌ر وابێت که ئازادی و ڕزگاری و یه‌کسانی هه‌بێت - که‌واته ئه‌بێت
بۆ هه‌مووان بێت! و ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌یه که: بینا و چوارچێوه
سیاسی و ئابوریه‌کان به شێوه‌یه‌ک بناغه ڕێژی بکرێن که به ڕاستی
توانایی به هه‌موو که‌س بدرێت که به شێوه‌یه‌کی ئازاد ده‌سه‌ڵاتی به
سه‌ر خۆی و کار و کرده‌وه‌ی خۆیدا هه‌بێت و به ڕاستیش به شێوه‌یه‌کی
یه‌کسان هه‌ڵس و که‌وتی له‌گه‌ڵدا بکرێت. له‌م نه‌ریتی ڕادیکاڵیزمه‌دا
کاڕل مارکس و فریدێریک ئێنگێڵسیش جێگایان ده‌گرته‌وه که له هه‌وڵی
ئه‌وه‌دا بوون که لیبڕالیزم به داواکاری و داخوازیه‌کانیه‌وه به‌ره‌و
ڕێئالیزه کردن و به ڕاست ده‌رهێنانی به‌ڵێنه سیاسیه‌کانی به‌رن بۆ
ئه‌وه‌ی که ده‌سکه‌وته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان زیاتر بکه‌ن. ئه‌وه بوو که
ئه‌و لیبڕاڵانه‌ی که زیاتر پێکه‌وه ئه‌سازان و باوه‌ڕه‌کانیان لێک
نیزیک بوون له‌م کۆمه‌ڵه‌دا جێیان ده‌بووه‌وه وه‌ک: لۆک، سمیت، جێرێمی
بێنتام، جۆن ستوارت میل، ئالێکسیس دێ تۆکویل و هه‌روه‌ها بینیامین.
دووالیزم و دووبڕوایی لیبڕاڵه‌کان.
لۆزووڕدۆ پیمان ئه‌ڵێت که چلۆن، به‌ها و ئه‌رزشه مۆحته‌ڕه‌مانه‌کانی
لیبڕاڵیزم له حه‌وزه سیاسیه‌کانه‌وه کرانه حه‌وزه‌ی ئابوری، بۆ ئه‌وه‌ی
له خزمه‌ت ئه‌و که‌سانه‌دا بێت که له به‌شی یاریی ئابوری‌دا سوڕنا (شیپور)
به ده‌ست و ده‌سه‌ڵاتدارن. له‌م ئاڵ و گۆڕ پێکردنه‌ی لیبڕالیزم و
بردنی له لیبڕالیزمی سیاسیه‌وه به‌ره‌و لیبڕالیزمی ئابوری، لیبڕالیزم
به ناچار به‌ره‌و عه‌ده‌م و له‌ناو چوون ئه‌بات. به‌ها لیبڕاڵیه‌کان
ئه‌رزشی خۆیان له ده‌ست ئه‌ده‌ن و یا ئه‌وه‌ی که به پێی جێگا و پێگه‌یان
دوباره پڕ ده‌کرێنه‌وه.
له خه‌باته لیبڕاڵیه‌کاندا له دژی ده‌زگا کۆنتڕۆڵچیه پاشایه‌تیه‌کان،
لیبڕاڵه سه‌ره‌تاییه‌کان هه‌ر ئه‌و کات بۆ پاراستنی ده‌سمایه‌کانی
خۆیان به ناوی ئازادیه‌وه کشانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تیان له حه‌وزه‌کانی
بازاردا پێشنیاز و داوا ده‌کرد. دژایه‌تیه‌کان له دژی ئه‌م پڕێنسیپه
زۆر کۆنه لیبڕاڵیه کاتێک زیاتر ده‌ر ئه‌که‌وێت که ئیمتیازه ئابوریه‌کانی
لیبڕاڵه‌کان خۆیان له لایه‌ن کوالیسیۆنه کرێکاریه‌کانه‌وه ده‌که‌وتنه
مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌وه و یا کاتێک که باسی بردنه سه‌ره‌وه و به‌رزکردنه‌وه‌ی
قازانجه‌کان بۆ لیبڕالیزه کردنی بازاڕی کار و هه‌روه‌ها شل و لاواز
کردنه‌وه‌ی مافی کار له ئارادا بوویایه. ئاله‌م کاتانه‌دا بوو که
لیبڕاڵه‌کان به خێرایی ده‌بوونه‌وه و یا ده‌بنه‌وه به هه‌ر ئه‌و
بودجه داره‌کان (ئێتاتیسته‌کان)، که به شێوه‌یه‌کی بێ هیوا و دوودڵ
هاواری ده‌وڵه‌ت ده‌که‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی که ده‌وڵه‌ت پارێزگاری له سه‌روه‌ته‌که‌یان
بکات یا له چنگ تیاچوون بۆیان ڕزگاری بکات یا خۆ دووباره بۆیان بخاته‌وه
گه‌ڕ.
هه‌روه‌ها مێژووی لیبڕالیزم، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ی که له لایه‌ن
بنیاتنه‌رانی تامه‌زرۆی خۆیه‌وه چ له ڕابردوودا و چ ئه‌مڕۆکه باسی
لێوه ده‌کرێت و ئه‌گێڕدرێته‌وه، و به پێی وته و نووسراوه‌کانی
لۆزووڕدۆ‌وه هه‌ر له شێوه‌ی ڕیاکارانه و پڕ له درۆی مێژووی ئه‌نبیا
ئه‌چێت. – چیرۆکێکی ئایینی موقه‌ده‌سی خه‌ڵکیی کراو (گشتگیرکراو)، که
له لایه‌ن چینه تایبه‌تی و مومتازه‌کان، تێئۆریسیۆنه کارخووڵقێنه‌ره‌کان،
سیاسه‌تبازه‌کان و هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌مه‌ند و خاوه‌ن کارخانه‌کان خۆیانه‌وه
داڕێژراوه و هه‌ر خۆیشیان له به‌ره‌که‌ی ده‌خۆن و جێژنه‌که‌یشی ده‌گرن.
هه‌ر ئه‌وانه‌ش، کاتێک که له‌گه‌ڵ ڕێئالیته و واقیعی هه‌ژاریی کۆمه‌ڵگاکان
و هه‌روه‌ها نابه‌رابه‌ری و بێعه‌داڵه‌تیه‌کاندا ڕوبه‌ڕو ده‌بنه‌وه،
خێرا ده‌ست ده‌ده‌نه ڕوونکردنه‌وه ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستیی یا ڕاسیستیه‌کانی
(لۆک، تۆکویل، بنیامین و فڕانکلین)، تۆمه‌تگه‌لێکی وه‌ک ته‌نبه‌ڵی و
کارنه‌کردنی هه‌ژاران (لۆک، سمیت و بێنتهام)، و یا هه‌ر وا به سانایی
تێزه لاواز و بێ بنه‌ماکانی وه‌کو خه‌تابار نه‌بوونی بازاڕ، هی (سمیت،
هایه‌ک و میڵتۆن فڕیدمان) خۆیان ته‌بره‌ئه ده‌که‌ن و له خه‌تاکاربوون
خۆیان دور ڕاده‌گرن.
ئه‌گه‌ر چی ئه‌مڕۆکه تۆمه‌ت و دژایه‌تیه ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستانه‌کانیان
تا ڕاده‌یه‌کی زۆر نه‌ماون، به‌ڵام به جێگای ئه‌وان ده‌لیل هێنانه‌وه‌کانیان
له‌مه‌ڕ توانایی و چه‌نده‌یی و چۆنیه‌تی کارکردنی خه‌ڵک (ف: بازده کار)
قه‌ویتر کردۆته‌وه. ئه‌م تێزی چه‌نده‌یی کاره که ئه‌گه‌ر نرخی (ئه‌رزشی)
بێت، له هه‌نۆکه‌دا نه ته‌نیا له لایه‌ن ڕامیاره لیبڕاڵه‌کانه‌وه
بڵاو ده‌کرێته‌وه و په‌ره‌ی پێ ئه‌درێ، به‌ڵکو به قووڵیش خراوه‌ته
ناو خۆئاگایی خه‌ڵکانه‌وه و له مێشکیاندا جێی گرتووه.
باسی دوو فاقه‌یی ئیتر به‌سه، بۆ ئه‌وه‌ی که به تایبه‌تی باوه‌گه‌وره‌ی
نێئۆلیبڕاڵه‌کانیش واته فریدریش ئاوگوست فۆن هایه‌ک، ئه‌م ده‌لیلانه‌ی
به ته‌واوی پێ مه‌سخه‌ره بوون. به بڕوای ئه‌و بازاڕ به ته‌واوی له
بواری ئه‌خلاقییات و مه‌عنه‌وییاته‌وه کوێره و ته‌نیا به پێی
پڕینسیپه‌کانی پێشکه‌شکردن و داواکاری (ف: عرچه و تقاچا) کار ده‌کات و
به‌س. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی که سیاسه‌تی نێئۆلیبڕاڵی هێرشه‌کانی بکاته
سه‌ر ده‌وڵه‌تێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و شوێنی کار و هه‌روه‌ها هێرش به‌رێته
سه‌ر داواکاریه‌کانی چه‌په‌کان و بۆ ئه‌مه‌ی به پێی جێ به جێ کردنی
شێوه‌ی دابه‌شکردنی ماڵیاته‌کان بڕۆنه پێش، ئه‌وجار ئه‌و ده‌لیلانه‌یان
دووباره گوڵ ده‌گرنه‌وه و ده‌ستی پێ ده‌که‌نه‌وه و له مێدیاکانه‌وه
کاریگه‌ری خۆیان نیشانده‌ده‌ن و ئه‌یانکه‌نه هۆکاری کۆکردنه‌وه‌ی ده‌نگی
سیاسی و بردنه‌وه‌ی سیاسی و هاوکات له‌گه‌ڵ سیمبۆلی قه‌تڵی باوک (symbolischen
Vatermord)!! یه‌ک ده‌گرنه‌وه. (و: ڕه‌نگه مه‌به‌ستی سه‌لیبی مه‌سیح
بێت که مه‌سیحییه‌کان و لیبڕاڵه ده‌سمایه‌داره‌کان پێکه‌وه پشتیوانی
له یه‌کتر ده‌که‌ن!)
به‌رگریکردنه‌کانی لیبڕالیزم له خۆی.
ئه‌وه‌ی که لیبڕالیزم له سه‌ر ڕێگای خۆی به‌ره‌و فۆڕمێکی حکومه‌تی سه‌رکه‌وتوو
واته له شێوه‌ی مه‌وعیزه‌ی ئاو بکه و شه‌راب بخۆره‌وه، ڕۆیشتووه
یان نا، له لایه‌ن ئه‌م فیلۆسۆفه ئیتالیاییه‌وه به باشی دیار کراوه
یا نیشاندراوه. لۆزووڕدۆ به ته‌ما نیه که لیبڕالیزم له‌عنه‌ت و
نفرین بکات، به‌ڵکو به ته‌مایه هه‌ر وه‌کو مارکس، له سه‌ر ڕێئالیته
و به ڕاست نه‌گه‌ڕانی وه‌عده و به‌ڵێنه‌کانی لیبڕاڵه‌کان بدوێت و له‌قاوی
بدات. ته‌نیا ئه‌وکاته‌ی که هه‌موو مرۆڤێک له‌و جه‌بر و زۆروتنانه‌ی
که به‌سه‌ریاندا سه‌پاوه و خۆیان تێیدا به‌رپرسیار نین، ڕزگاریان
ببێت، ئه‌توانرێت باسی ئازادی لیبڕالیستی و هه‌روه‌ها خۆشبه‌ختیی بکرێت.
و ته‌نیا ئه‌وکات که ئازادیه‌کان مسوه‌گه‌ر کران جا ئه‌وجار نه‌زمێکی
ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌توانێت عینوانی "لیبڕاڵ" به خۆی ببه‌خشێت یا
به‌خۆیدا هه‌ڵیواسێت.
به داخه‌وه هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کانی لۆزووڕدۆ له کتێبه‌که‌یدا به دوای
زیاتر له 400 لاپه‌ڕه به کاره‌ساته گه‌وره‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م
کۆتایی پێ دێت. هه‌ر بۆیه له‌و کتێبه‌دا لۆزووڕدۆ باسی گه‌شه‌کاریه‌کان
به دوای شه‌ڕی دووهه‌می جیهانییه‌وه له‌مه‌ڕ سه‌رهه‌ڵدانی سیسته‌می
کینزی و تاچڕیزم که به پێی تێزی نێئۆلیبڕاڵی ئه‌یه‌وێت نه‌زمێکی نوێی
ئابوری جیهانی گه‌شه پێ بدات، باسییان لێوه ناکرێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌م
که‌م و کوڕییانه کتێبه‌که‌ی لۆزووڕدۆ "ئازادی وه‌کو ئیمتیازێک" خۆی وه‌ک
کتێبێکی ڕه‌خنه‌یی نیشان ده‌دا و هه‌روه‌ها ده‌چێته شه‌ڕی پێکهاته‌کانی
ئه‌مڕۆی لیبڕالیزمه‌وه. مرۆڤ ئه‌گه‌ر به ته‌ما بێت له هه‌موو
پێکهاته‌کان و بنج و بناوانی لیبڕالیزم بگات، زۆر به قازانجی ئه‌بێت
ئه‌گه‌ر بنه‌ما و بنچینه‌کان و چۆنیه‌تی پێکهاتنی بخوێنێته‌وه.
_________________________________
سه‌رچاوه:
حه‌وته‌نامه‌یه‌کی چه‌په‌کانی سویس (WOZ) که له 09.09.2010 بڵاو
کراوه‌ته‌وه.
http://www.woz.ch/artikel/2010/nr36/wirtschaft/19736.html
25ی خه‌رمانانی 2710
ماڵپه‌ڕی ئه‌یوب ره‌حمانی
|