٢١\١٢\٢٠٠٩
ئازادی ڕاده‌ربڕین
له چاویلکه‌ی
ڕێکخراوی سیاسی و ئایدیۆلۆژیکه‌وه!

ئه‌یوب ره‌حمانی
ئازادی گرنگترین ته‌وه‌ره‌ی جاڕنامه‌ی جیهانی مافی مرۆڤه که له سی
خاڵدا ئاماده کراوه و ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم هه‌مو وڵاته سه‌ربه‌خۆکانی
جیهان واژۆیان کردووه و پێویسته حکومه‌ته‌کان و ده‌سه‌ڵاتداران ئه‌و
خاڵانه به شێوه‌ی یه‌کسان بۆ هه‌مو شارومه‌ندان له به‌ر چاو بگرن.
کوردستان ده‌وڵه‌ت و حکومه‌تی نیه و ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌شی واژۆ نه‌کردووه،
به‌ڵکو ئه‌وه داگیر که‌رانی کوردستانن که واژۆیان کردووه و به‌ڵێنیان
داوه به باشترین و خوێناوی‌ترین شێوه‌کان گه‌لی کوردی پێ سه‌رکوت که‌ن،
نا ببورن به‌ڵێنیان داوه که گه‌لی کورد وه‌ک گلێنه‌ی چاوه‌کانیان
بپارێزن!!
بابه‌تی ئازادی ڕاده‌ربڕینیش که ته‌وه‌ری جێگای مشتومڕی ئه‌م وتاره‌یه
هه‌روه‌تر خاڵێکی زۆر گرنگه و به پێی ئه‌و په‌یماننامه‌یه که به
تایبه‌ت له خاڵی نۆزده‌دا باسی کراوه، پێویسته وه‌ک مافێکی حاشاهه‌ڵنه‌گر
چاوی لێ بکرێت. له خاڵی نۆزده‌دا هاتووه که، هه‌مو که‌س مافی ده‌ربڕینی
سه‌ربه‌ستانه‌ی ڕا و بۆچونی خۆی هه‌یه و زۆر گرنگه که "هیچکه‌س له
ده‌ربڕینی مافی خۆی ترس و دڵه‌ڕاوکه‌ی نه‌بێت" و له به‌ده‌ست هێنانی
زانیاری و "بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی مه‌به‌ست و بۆچونه‌کانی خۆی به هه‌ر
شێوه‌یه‌کی گونجاو" و به بێ له به‌ر چاو گیرانی سنوره‌کان سه‌ربه‌ست
بێت. خاڵی یه‌که‌می په‌یماننامه‌که‌ش هه‌ر پێداگری له سه‌ر ئازادی ده‌کاته‌وه
که هه‌مو مرۆڤێک له جیهاندا به سه‌ربه‌ستی له دایک ده‌بێت له باری
مافه‌کانه‌وه یه‌کسانه و هیدیکه و خاڵێکی دیکه که زۆر گرنگه و ئه‌ویش
هه‌ر به‌م وتاره ده‌خوات، خاڵی سیهه‌مه واته خاڵی کۆتایی که ده‌ڵێت،
هیچکام له‌م خاڵانه‌ی ئه‌م په‌یماننامه‌یه نابێت به شێوه‌یه‌ک وه‌ربگێڕدرێت
یا شی بکرێته‌وه که ببێته هۆی مافێک بۆ حکومه‌تێک یا کۆمه‌ڵێک یا که‌سێک
که به هۆی ئه‌و خراپ شی کردنه‌وه‌وه بتوانرێت که‌ڵکی خراپ له‌م به‌یاننامه‌یه
وه‌ربگیرێت و ڕێگایه‌ک بۆ بێ مافکردنی خه‌ڵک بدۆزرێته‌وه، به کورتی
هیچکه‌س و گروپ و ده‌وڵه‌تێک بۆی نیه خاڵه‌کانی پێچه‌وانه و ته‌حریف
بکات! ئه‌م خاڵه‌ی ئاخر زۆر گرنگه بۆ کۆمه‌ڵگای ئێمه، چونکو گروپگه‌لێکی
فره هه‌ن که حه‌ز ده‌که‌ن به قازانجی خۆیان و به هۆی ئایدیۆلۆژیه‌کانیان
و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان ئه‌و ئازادیانه سه‌ره‌وخوار بکه‌نه‌وه و
قازانجی حیزبی و ڕێکخراوه‌یی لێ وه‌ربگرن!!
له سه‌ده‌ی ئێستادا و هه‌نۆکه ئازادی گرنگترین باس و ته‌وه‌ری
مرۆڤایه‌تیه که له‌گه‌ڵ گه‌شه کردنی ئاستی ژیری و هۆشیاری مرۆڤه‌کان
ئه‌و هه‌سته‌ش گه‌شه‌ی کردووه و به‌رده‌وام له گه‌شه کردندا بووه
تا به ئیستا که سه‌رده‌می گڵۆباڵیزم و ئینتێڕنێت و سه‌ته‌لایته، گه‌ییوه.
مرۆڤ به میلۆن ساڵه ئه‌ژی و له توێ هه‌زاران ساڵ پێگه‌یشتنی و ئه‌وجار
گه‌شه کردنی هزری ئه‌و له سه‌ده‌کانی نێوه‌ڕاست و پاش ڕێنێسانس توانی
به یارمه‌تی بیرمه‌ندانێکی وه‌ک ژان ژاک ڕۆسۆ و کانت و فۆکۆ و دواتر
نیچه و ڕاوڵس و زۆری دیکه‌ش نرخی ئازادی بناسێت. ناسینی نرخی ئازادی
کاتێک مسوه‌گه‌ر بوو که مرۆڤ نرخی خۆی ناسی. ئه‌و بیرمه‌نده مه‌زنانه
به‌م قه‌ناعه‌ته گه‌یشتن که هه‌ر کات و له هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک نرخی
مرۆڤه‌کان به‌رز بنرخێت ئه‌وا مرۆڤه‌کان له‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا ده‌توانن
ئازاد بن و ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ش کۆمه‌ڵگایه‌کی ئازاده و ده‌توانێت به
ئازادیه‌که‌یدا بنازێت. یه‌که‌م کۆسپ له سه‌ر ڕێگای ئه‌و بیرمه‌ندانه
ئایینی مه‌سیحیه‌ت و سونه‌ته چه‌ق به‌ستووه‌کانی ئه‌و ئایینه بوون،
به‌ڵام هێرش کردنه سه‌ر ئه‌و ئایین و سونه‌تانه باسی سه‌ر بوون. بۆ
نمونه گالیله حوکمی سوتانی ده‌درێتێ به تاوانی ئه‌وه‌ی که وتبوی ئه‌ستێره‌ی
ئه‌رز خڕه و زه‌وی به ده‌وری خۆردا ده‌گه‌ڕێت و ئه‌مه‌ش ئایین و
کتێبه ئاسمانیه‌کان و هێزی تاقانه و بێ ڕه‌حمی که‌نیسه و ئوتوریته‌ی
ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی خستبووه ژێر پرسیار! گالیله زانستێکی ناسیبو و
پێویستی به ئازادی بوو ده‌ری ببڕێت و ئه‌و کاره‌یشی کرد، به‌ڵام وه‌خته
بوو به نرخی گیانی ته‌واو ببێت و به ناچاری له بۆچونه‌که‌ی پاشگه‌ست
بووه‌وه، به‌ڵام دواتر مرۆڤی ئازاد و قسه‌که‌ر و بوێری سه‌ده‌کانی
ناوه‌ڕاست له هه‌ڕه‌شه و بێ غیره‌ت کردنیان نه‌سڵه‌مینه‌وه و قسه‌یان
کرد و نووسیان و که‌نیسه و هێزی تاقانه‌ی که‌نیسه‌یان خسته به‌ر هێرش
و ڕه‌خنه‌ی خۆیان و هزرێکی نوێیان به ناوی لیبێڕته واته ئازادی
خوڵقاند و ئه‌مڕۆکه‌ش وا لانیکه‌م نیوه‌ی حه‌شیمه‌تی جیهان سوت له‌و
هزره وه‌ر ئه‌گرێت و له سێبه‌ری لیبڕالیزمدا حه‌ساوه‌ته‌وه! مارکس
بنیاتنه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی و ئابوری سوسیالیزم و گه‌یشتن به
کومونیزم له ژێر سێبه‌ری لیبڕالیزم و به بیری هومانیزمی نوێوه ده‌ینوسی
و بۆچونه سیاسی و فه‌لسه‌فی و ئابوریه‌کانی خۆی ده‌ر ئه‌بڕی و نه ته‌نیا
لیبڕالیزمی ڕه‌ت نه‌کرده‌وه به‌ڵکو بۆخۆی مرۆڤێکی لیبڕاڵ بوو و باوه‌ڕی
قوڵی به‌و ئازادیه هه‌بوو که له سایه‌یدا ده‌ینوسی و که‌سیش یه‌خه‌ی
نه‌ده‌گرت و له سه‌ر بۆچونه‌کانی و کتێبه‌کانی و پێک هێنانی ئه‌نترناسیونالیزم
نه‌یانده‌خسته به‌ندیخانه! به‌ڵام مارکس پاش سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی پیشه
سازی له ئوروپا و دیتنی پیوه‌ندیه‌کانی کار و ده‌سمایه، به هۆی ئه‌وه‌ی
که خۆی ئابوریزان و پسپۆڕ بوو له بواری ئابوری‌دا و هاوکات هومانیست
یا مرۆڤ دۆستیش بوو، که‌شفێکی نوێی کرد که ئه‌ویش ناسینی نیزامی نوێی
ده‌سمایه‌داری بوو و به هه‌مو هێزییه‌وه له دژی موناسیباتی کار و ده‌سمایه
و سوت و به‌هره و قازانج وه‌ستاوه و ترسی لێ نیشت که مرۆڤایه‌تی به
په‌یدا بوونی که‌ره‌سته به‌ره‌و کۆیله‌داری ده‌گه‌ڕێته‌وه و هه‌ر
بۆیه‌شه پێشنیازی گه‌ڕانه‌وه‌ی مرۆڤی بۆ کۆمۆنه‌کان کرده‌وه و له
دژی ده‌سمایه‌داری ڕاوه‌ستا و هه‌ر بۆخۆیشی و منداڵه‌کانیشی بوونه
قوربانی ئه‌و مناسیباته. به‌ڵام مارکس به هیچ شێوه‌یه‌ک له دژی
لیبڕالیزم و ئه‌و ئازادیانه‌ی که له‌و هزره‌وه وه‌رگیرابوون نه‌بو و
به پێچه‌وانه به قوڵی پشتیوانی لێده‌کرد، ته‌نیا یه‌ک شت که له
دژی بوو ئازادی خاوه‌ندارێتی بوو و پێی وابو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که
پێویسته کۆمه‌ڵگا بۆ کومۆن بگه‌ڕێندرێته‌وه، پاره نابێت له ده‌ست
تاکه‌کاندا بێت، که لیبڕاڵیسته‌کان ئه‌م خاڵه‌یان پێ پێشێلکاری مافی
تاک بوو، ته‌واو. ئه‌وه‌ی که ئه‌مڕۆکه ڕێڕه‌وانی مارکس له دژی
لیبڕالیزم ده‌وه‌ستنه‌وه و ده‌سمایه‌داری و لیبڕالیزم به یه‌ک چاو ده‌بینن،
ته‌نیا جێگای پرسیاره و مارکسیسته‌کان ده‌بێت جه‌بهه‌ی شه‌ڕیان و لوله‌ی
تفه‌نگیان ڕو له ده‌سمایه‌داری و هۆکاری چه‌وسانه‌وه بێت و نه‌ک ڕو
له لیبڕالیزم. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ حیزبه به ناو مارکسیسته‌کان پشتیوانی
لێده‌که‌ن، بریتین له هه‌مو ئازادیه‌کانی مرۆڤایه‌تی و به کاڵ و کرچی
پشتیوانی له لیبڕالیزم ده‌که‌ن، به‌ڵام هه‌ندێک له ڕوی چه‌پڕه‌ویه‌وه
و هه‌ندێکیش له ڕوی تێ نه‌گه‌یشتنه‌وه له بیری مارکس و هه‌ندێکیش
نه‌خوازڕاو له دژی ده‌ستکه‌وته‌کانی ئازادی واته لیبێڕته ده‌وه‌ستنه‌وه،
هۆکاری ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که ده‌سمایه‌داری به ناوی
ئازادی و لیبڕالیزمه‌وه حکومه‌ت ده‌کات و مرۆڤ ده‌چه‌وسێنێته‌وه، به‌ڵام
ئه‌گه‌ر قوڵ له بابه‌ته‌که بنواڕین، ده‌سمایه‌داری له لیبڕالیزم ته‌نیا
وه‌ک که‌ره‌سته که‌ڵک وه‌ر ئه‌گرێت!! بۆیه ئه‌وانه‌ی که به داخه‌وه
مارکسیزمیان کرده ئایین، وه‌ک ئایینیش به‌رگری له ئازادیه‌کان ده‌که‌نه‌وه
و هه‌ر به‌م هۆیه‌شه‌وه ناتوانن ئازادی ته‌واو به مرۆڤ بده‌ن و ئه‌مه‌ش
به هۆی ئه‌و ئایدیۆلۆژیه‌وه‌یه که باوه‌ڕیان پێی هه‌یه و خه‌تای
مرۆڤه‌کانی نیه!
کۆماری ئیسلامی ئێران به‌ره‌و ڕوخان و له‌ناوچون ئه‌ڕوات، جا ئێستا ئه‌م
ڕوخانه له ڕێگای خه‌ڵکه‌وه و گۆڕینی نیزام ڕوبدات یا خۆ به هۆی
هێزی ده‌ره‌کیه‌وه، ڕه‌پتێکی به بابه‌ته‌که‌وه نیه، به‌ڵکو له ناو
چون و ئاڵ و گۆڕی ده‌سه‌ڵات له ئێران جێگای باسه. له پاش ئاڵ و گۆڕ
ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش هه‌مدیسان وه‌ک ساڵانی په‌نجا و حه‌وتی هه‌تاوی
ئه‌که‌وێته‌وه ده‌ست خه‌ڵک و هێزی پێشمه‌رگه‌ی حیزبه‌کان، به‌و
جیاوازییه که ئه‌مجاره حیزبه‌کان زۆر زیاترن له سی ساڵ پێش ئێستا و
کۆمه‌ڵگای کوردستانیش هه‌ر گۆڕاوه و خه‌ڵک به عام زۆر وریاتر، زاناتر،
ئاکادێمیکتر، تێگه‌یشتوتر، ئازادتر و هیدیکه‌ن.
ئه‌م کۆمه‌ڵگایه به‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌وه سبه‌ینێ پێویستی به
ئازادییه و پێویسته بۆچونه‌کانی خۆی ده‌رببڕێت، سه‌ندیکای کرێکاران
پێک بێنێت، ئین جی ئۆی هه‌بێت و کۆڕ و کۆمه‌ڵی جیاوازی ژنان و منداڵان
و لاوان و مامۆستایان و هیدیکه پێک بێنێت و له سایه‌ی ئازادی‌دا و به
پێی جاڕنامه‌ی مافه‌کانی مرۆڤ، قسه‌کانی بکات. به‌ڵام کۆمه‌ڵگای
کوردستان ده‌که‌وێته ده‌ست حیزبه‌کانه‌وه و ئه‌مه‌ش گرێ پوچکه‌ی
داهاتومان ئه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی حیزبی جۆراوجۆر به مانای، سه‌لیقه و
هزر و ئایدیۆلۆژی و بیر و بۆچونی جیاوازه. تا ئێستاش ئه‌گه‌ر چی زۆر
بیر له‌وه کراوه‌ته‌وه که حکومه‌تێک بۆ هه‌رێمی کوردستان پێک بێنین،
به‌ڵام حیزبه‌کان به لالوته‌وه لێی ده‌ڕوانن و یاری به‌و بۆچونه‌وه
ده‌که‌ن و بێ بایه‌خ چاوی لێ ده‌که‌ن، بۆ چی؟ له به‌ر ئه‌وه‌ی که سبه‌ینێ
هه‌رج و مه‌رج حاکم بێت و ئاناڕشیزم پێک بێت و ئه‌و حیزبه‌ی که چه‌کداری
له هه‌موان زیاتر بێت ئه‌وا ده‌بێته خانی خانان و به که‌یفی خۆی مه‌عامه‌له
له‌گه‌ڵ زروفه‌که ده‌کات و خه‌ڵکیش ده‌بێت بێده‌نگ بن ئه‌گینا سه‌ریان
ئه‌چێت، خۆ به‌وه نیه ده‌سه‌ڵات کورده، به‌رژه‌وه‌ندی حیزبێک له مه‌ترسی
ئه‌که‌وێت و تاقه که‌سێک بۆی نابێت ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیه بخاته مه‌ترسیه‌وه،
بۆیه له ناوی ئه‌به‌ن!! هه‌ر له ئێستاوه به‌رنامه‌ی تلویزیۆنی داده‌نێن
و سیاسه‌تی بێده‌نگ کردن و ترساندنی خه‌ڵک بڵاو ده‌که‌نه‌وه که قسه
نه‌که‌ن، شت نه‌نوسن، ئاگاتان له ده‌متان و له قه‌ڵه‌متان بێت، پێتان
له گلیمی خۆتان ڕانه‌کێشن، ئه‌گینا قه‌ڵه‌می ملتان ده‌شکێنین!! ئه‌مه
په‌یامی حیزبێکه بۆ خه‌ڵک و بۆ ڕوناکبیر و نووسه‌ری چاره ڕه‌شی کوردی
ڕوژهه‌ڵات!!
بۆیه بێ ئه‌وه‌ی دژی حیزبێک قسه‌مان کردبێت و به‌و په‌ڕێ ڕێز له کار
و تێکۆشانیان، به‌ڵام کۆمه‌ڵگای ئێمه پێویستی به یه‌ک ده‌سه‌ڵات و یه‌ک
یاسا و یه‌ک حوکم و یه‌ک به‌رژه‌وه‌ندی هه‌یه ئه‌وه‌یش به‌رژه‌وه‌ندی
نه‌ته‌وایه‌تی و نه‌ک ده‌یان ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندی و پێویسته ئه‌و
که‌لێنه له ئێستاوه پڕ بکرێته‌وه دانه‌ندرێت بۆ سبه‌ینێ و ئه‌مه‌ش
دژایه‌تی له‌گه‌ڵ بیر و باوه‌ڕی هیچ کۆمه‌ڵێک نیه!
28ی
سه‌رماوه‌زی 2709
rahmayub@yahoo.de
|