په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\١\٢٠١٢

ئازادیخوازی مردوو - زیندوو.*


و. لە عەرەبییەوە بە بەراورد لەگەڵ دەقە فەرەنسییەکەی: سەلام عارف


لەگەڵ ئەوەشدا کە ئازادیخوازەکان بەشدارییەکی ڕاستەوخۆیان لە کرۆنشتاتدا نەکرد، بەڵام ڕێژیم لە فلیقاندنەوەیاندا سوودێکی زۆری بینی، ئەوەی ڕێژیم گەرەکی بوو قووتاربوون بوو لە ئایدیۆلۆژییەکەیان، چونکە ئەو لەو ئایدیۆلۆژییانە زەنەقی چووبوو، ئەوەشی باش بۆ دەرکەوتبوو کە بە دڕندەکارییەک نەبێت لەو ئایدیۆلۆژییانە قوتاری نابێت، بە چەند حەوتەیەک بەر لە کرۆنشتات پیرەمێرد - کرۆپۆتکین
** - مرد.


لە بەخاکسپاردنەکەیدا، لەژێر سێبەری ئاڵا رەش و سوورەکاندا، سەدھەزار کەس بەشدار بوون، لەسەر زۆربەی زۆری ئەو ئاڵایانە بە زمانێکی ئاگرین نووسرابوو: ''لەو جێێەی دەسەڵات ھەیە، ئازادی نییە.'' لەو کتێبەشدا کە لەسەر ژیانی کۆچکردوو نووسرابوو تیایدا وترابوو، ئەو خۆپیشاندانە، گەورەترین خۆپیشاندان و دواخۆپیشاندانیش بوو دژی جەوروستەمی سەروەریی بەلشەفی.


دوای کرۆنشتات بە سەدان ئازادیخواز گیران، فانی بارون وھەشت لە ھاوڕێیانی لە بەندیخانەی - تشیکا -téchka - لە مۆسکۆ خنکێنران. ئا بەو جۆرە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی خەباتگێڕ لێدانی کوشندەی خۆی خوارد، بەڵام لە دەرەوەی ڕووسیا، ئەو بەربەریەتە تا ڕادەیەک بووە مایەی بووژانەوەی ئازادیخوازی، چونکە ئەو ئازادیخوازانە کە لەگەڵ شۆڕشی ڕووسیدا ژیابوون، کارێکی زۆر و بەرفراوانیان لە بواری ڕەخنەگرتن و پێداچوونەوەی مەزەبیدا ئەنجام دا. ئەو کارە بووە ھۆی ژیانەوە و زیاتر بەواقعیکردنی ئازادیخوازی. سەرەتای ١٩٢٠ کۆنگرەی ئازادیخوازی ئۆکرانیا، کە بە ‌- ئه‌لنه‌بات - ناوی دەرکردبوو، بەر لە ھەموو مەسەلەیەک دوو خەتی ڕاستوچەپی ھێنا بەسەر -دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریایی-دا، ئەوەشی دیاری کرد کە ئەو دکتاتۆریەتە توێژێک لە پرۆلیتاریا پراکتیزەی دەکات، پاشان دەکرێتە دیکتاتۆریەت بەسەر جەماوەرەوە، ئەو توێژەش کە مومارەسەی دەکات چڵکاوخۆرەکانی حیزبن و زیاتر لە فەرمانبەر و سەروەرەکان پێکھاتووە.


کرۆپۆتکین لە پەیامێکدا بۆ کارگەرانی ڕۆژئاوا Message aux travailleur d’occident بە حەسرەتێکی زۆرەوە ناڕەزایی خۆی دەردەبڕێت دژی پەرەسەندنی بیرۆکراتی ونووسیویەتی: ''بە تێڕوانینی من ھەوڵدانە بۆ دروستکردنی کۆمارێکی کۆمۆنیزم لەسەر بنەمای دەوڵەتچێتی و ناوەندێتییەکی بەھێز لەژێر سێبەری یاسای ئاسنینی حیزبدا، ئەوەش مایەپووچ دەرچوو و ڕووسیا فێری ئەوەی کردین کە ناکرێت کۆمونیزم فەرز بکرێت.''.


لە ڕۆژنامەی - لولیبیرتر - le libertaire - لە ژمارە ‌٧-١٤ی کانوونی دووەمی ١٩٢١دا، ئازادیخوازە سەندیکالیستەکانی ڕووسیا، بانگەوازێکیان بڵاو کردەوە،‌ تیادا ڕووی دەمیان کردبووە پرۆلیتاریای دنیا و نووسیبوویان: ''ئەی ھاوڕێیان بۆرژوازییەکانتان لا ببەن، بەڵام ھەمان ھەڵەی ئێمە دووبارە مەکەنەوە، ڕێگە مەدەن کۆمونیزمی دەوڵەتگەرایی لە وڵاتەکانتاندا دابمەزێنرێت.''.


لە گەرمەی ئەو بووژانەوە و دەستپێکردنەوەیەدا، ئازادیخوازی ئەڵمانیاییش؛ ڕودۆڵف ڕۆکر Rudolf Roker، ھەر لە ‌١٩٢٠ەوە،‌ لێکۆڵینەوەیەکی سیاسی نووسی بە ناوی - مایەپووچبوونی کۆمونیزمی دەوڵەتگەرایی - و ئەو لێکۆڵینەوەی ساڵی١٩٢١ بڵاو کردەوە، تیایدا باس لە داتەپینی شۆڕشی ڕووسی دەکات و نووسیویەتی: ئەوەی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا دەریدەبڕێت، دیکتاتۆرییەتی چین نییە، دیکتاتۆرییەتی حیزبە و حیزبیش خۆی کردۆتە دەمڕاستی چین، کەچی لە پشتیشەوە خەنجەرھاژنی دەکات. لە سایەی دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریادا چینێکی نوێ دروست بووە ‌و ئەو چینەش چینی -حوکمی قۆمیسەرەکانە commissarocratie و لای جەماوەر چێژی داپڵۆسین ھەمان چێژی جاری جارانە، حکوومەتێک کە ئەو ھەموو توانایەی ھەبێت کە بەپێی پرۆگرامێک دەست بگرێت بەسەر ھەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا، ئەنجامەکەی؛ ھەر دروستکردنی پلەوپایەی فەرمانبەری دەبێت. ھەر ئەوەش بوو، کە قوڕی کرد بەسەر شۆڕشی ڕووسیدا و نەیھێشت نەشونما بکات و لە ناوی برد.


بەلشەفییەکان، تەنھا ھەر ئامێری دەوڵەتیان قەرز نەکرد لە کۆمەڵگەی کۆن، بەڵکو ھێز و توانایەکی وەھا بێشوماریان پێبەخشی کە ھیچ دەوڵەتێکی تر نەیبوو.


لە حوزەیرانی ١٩٢٢دا کۆمەڵێک لە ئازادیخوازە دوورخراوەکان لە ئەڵمانیا لەوانە: ئا. غوریلیک، ئا. کومۆف و ڤۆلین، لە بەرلین، نامیلکەیەکیان دەرکرد، پەردەیان لەسەر داپڵۆسینی ئازادیخوازی و ئازادیخوازان لە ڕووسیای سۆڤیەتی ھەڵماڵی. دواتر، ساڵی١٩٢٣، ڤۆلین، ئەو نامیلکەیەی وەرگێڕایە سەر زمانی فەرەنسایی و تیایدا بەپێی ڕیزبەندیی پیتەکان ناوی ھەموو ئەو ئازادیخوازانەی نووسیبوو کە کوژرابوون. ھەروەھا، ئەلکساندەر بێرکمان و ئێما گۆڵدمان-یش درێخیان نەکرد، ساڵەکانی ١٩٢١ و ١٩٢٢ چەند نامیلکەیەکیان یەک بە دوای یەکدا نووسی و بڵاویان کردنەوە دەربارەی ئەو مەرگەساتەی کە ڕووسیا پیایدا تێدەپەڕی. ئەوانەش کە مابوون لە پاشماوەی ماخنۆڤیسییەکان و ڕزگاریان بووبوو و گەیشتبوونە ڕۆژئاوا، بۆ نموونە: بیار ئارشینوف و نەستور ماخنۆ، بیرەوەرییەکان و تاقیکردنەوەکانی خۆیان نووسییەوە.


دوای ئەوە، بە ماوەیەکی زۆر (پێش یا دوای؟؟) سەردەمی جەنگی جیھانی دووەم، ماکسیموف و ڤۆلین کتێبێکی کلاسیکی ئازادیخوازییان لە دوو بەرگدا نووسی دەربارەی شۆڕشی ڕووسی. بە تێڕوانینی ماکسیموف، لە ‌دەقەکە ئینگلیزییەکەدا، وانەکانی ڕابوردوو مژدەبەخشی داھاتوویەکی باشترە و چینی باڵادەستی تازە لە یەکێتیی سۆڤیەت ناتوانێت بژی ھەتاھەتایە، پێویستیشە نەھێڵرێت بژی، سۆسیالیزمی ئازادیخواز جێگەی دەگرێتەوە، ھەلومەرجە بابەتییەکان لە خزمەتی ئەو ئاراستەیەدان، خۆ ئەگەر وەھا نەبێت، ئەی ئەقڵ دەیبڕێت)...( کە کرێکاران خوازیاری ئەوە بن سەرمایەداری جارێکی تر بگەڕێتەوە بۆ کارگە ‌و دامەزراوەکان؟ نەخێر ئەگەر بێت و وا ڕوو بدات کرێکاران یاخی دەبن دژی دەوڵەت و بیرۆکراتیەت. ئەوەی کرێکاران دەیانەوێت ئەوەیە کە لێژنەی کارگەکان جێگەی بەڕێوەبردنی سوڵتەگەراییانەی ئابووری بگرنەوە و دواتر ئەو لێژنانە ببنە فیدرالییەتێک لەسەر ئاستی نیشتمانی، ئەوەی ئەوان دەیانەوێت خۆبەڕێوەبردنی کرێکارییە، ھێندەش کە پەیوەندی بە جووتیارانەوە ھەیە، جووتیارانیش تێگەیشتوون کە نابێت بگەڕێنەوە بۆ بەرھەمھێنانی تاکی، لەوەش گەیشتوون یا تێدەگەن کە تاکەچارە لە بواری کشتوکاڵیدا کۆمەکگەرییە و دەشبێت لە ھەرەوەزییە کۆمەکییەکاندا کار بکەن لەگەڵ لێژنەکانی کارگەکان و سەندیکاکان. واتە، دەبێت پرۆگرامی شۆڕشی ڕووسی فراوانتر و گەشەدارتر بکرێت لەسەر بنەمای ئازادیخوازی.


ڤۆلین گومانی لەوەدا نەھێشتبووەوە کە ھەرچ ھەوڵ و کۆششێک ئیلھام لە نموونەی شۆڕشی ڕووسییەوە وەربگرێت، تەنھا ڕووەو ''سەرمایەداریی دەوڵەتی ھەنگاو دەنێت، کە ئەویش لەسەر بەھرەکێشی و بەکۆیلەکردنی جەماوەر ڕاوەستاوە'' و قێزەونترین سەرمایەداریشە، ھیچ پەیوەندیەکیشی نییە بە بردنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییەوە بەرەو و کۆمەڵگەی سۆسیالیزم'' ھەموو لاسایکردنەوەیەکی ئەو نموونەیە تەنھا دەبێتە ھۆی نەشونماکردنی ''دکتاتۆریەتی حیزب کە بە پێویست دەبێتە مایەی داپڵۆسینی ھەموو ئازادیەکی -ڕادەربڕین، ڕۆژنامەگەری، ڕێکخستن و جموجۆڵی ھەموو تەوژمە شۆڕشگێڕەکان جگە لە حیزبەکەی خۆیان'' ھەروا دەبێتە ھۆی ''ستەمکاری کۆمەڵایەتی'' و ''ھەناسەی خودی شۆڕش'' دەخنکێنت. ڤۆلین پشتگیری ئەو بیرکردنەوەیە دەکات کەوا، ستالین، لە مانگ نەکەوتۆتە خوارەوە و ستالین و ستالینزم ئەنجامێکی مەنتیقی ئەو سیستمە دەسەڵاتگەراییە کە لە نێوان ساڵی ١٩١٨ و ١٩٢٢دا دامەزێنرا. ئەوەشە وانەی تاقیکردنەوە بریقەدارەکەی بەلشەفیزم؛ وانەیەکە ڕاستی بیروبۆچوونی ئازادیخوازەکان دەسەلمێنێت کە لە داھاتوودا لەبەر ڕۆشنایی ڕووداوە مێژووییەکاندا ھەموو ڕەنجکێشان و خەباتگێڕان بە باشی لەو وانەیە تێدەگەن.
___________________________________________________________
* سەرچاوە (التحرریة من العقیدة الی الممارسة - ن. دانییال غرین) ل١٣٢ تا ل١٣٥
** پیتەر ئەلکسێفیچ کرۆپۆتکین، Kropotkin شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازی ڕووسی - ١٨٤٢-١٩٢١. بۆ یەکەمجار ساڵی ١٨٧٢ چوو بۆ سویسرا. کاتێک گەڕایەوە بۆ ڕووسیا گرتیان، ھەڵھات و چووە ناوچەی -ئەلجورا-ی سویسری و لە جنێڤ لەگەڵ ھەندێک کەسی تر ڕێکخراوەیەکی نھێنییان دروست کرد و ڕۆژنامەی -ئه‌لسائر-یان دەرکرد، تیایدا ھزرەکانی ئازادیخوازی پێشکەش دەکران، دوایی لە سویسرا دەریانکرد و چووە ناوچەی - ساڤوا - Savoieی فەرەنسی و نیشتەجێبوو، لە شاری - لیۆن - Lyonی فەرەنسی بەندکرا. دوای بەربوونی خۆی گەیاندە ئینگلتەرا و لەوێ جێگیربوو و تا ساڵی ١٩١٧ گەڕایەوە بۆ ڕووسیا. نووسراوەکانی زیاتر باسی مەسەلە ئابوورییەکانە؛ ئازادیخوازی داھاتوو -L’anarchie future و بنەما زانستییەکانی ئازادیخوازیles baes scintifiques de l’anarchie- ھەروەھا دەربارەی -کێڵگەکان، -کارگەکان و پیشەکارییەکان - Champs - Usines - et ateliers ھەروەھا دەربارەی ڕەوشت و یارمەتیکاریش نووسیویەتی. کرۆپۆتکین کاریگەری زۆر بووە لەسەر ئازادیخوازان، بە تایبەتی لە ئیسپانیا و یەکێتیی سۆڤیەت، یادەوەرییەکانی خۆی دەرکردووە بە ناوی -دەربارەی ژیانێک-Autour d’une vie - و - ع - جورج سەعد.
 

ماڵپه‌ڕی سه‌لام عارف

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک