په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٧\٢٠٢٥

ئـازادی لە هـۆنـراوەکـانی هـۆزانـڤـانـانی منـداڵان.


رەزا سـاڵح       


وشەی "ئـازادی" لە هەمـوو جیهانـدا، پیـرۆزتـرین و جـوانـترین و شـیرینـترین وشەیە.


ئـازادی بەخـشین نییە، بەڵکو مافـێکی سـروشتی و رەوای هەر مـرۆڤـێکە، گەورە بـێت یان منـداڵ بێـت. ئـازادی بە زگـماکی لەگەڵ مـرۆڤـدا لە لەدایک دەبێـت. ئـازادی و ژیـان گـیانێک لە دوو جەستە دان. ژیـان بەبێ ئـازادی نە واتـای هـەیە و نە چـێـژ و خـۆشیی هـەیە. (جـان جـاک رۆسـۆ) دەڵـێـت:"وازهـێـنان لـە ئـازادی.. وازهـێـنانـە لـە ژیـان".


ئـازادی تەنهـا چـەمکـــێکی دەرەکی نـیـیە، بەڵکـو خـواسـتـێکی رەگـداکـوتـاوی قـووڵە لەناو ناخی مـرۆڤـدا لێـدەدات. ئـازادی بێ هـاوتایە و زۆر بەنـرخە، بۆیـە نـرخی گـرانە.

ئازادی تەوەرێکی سەرەکییە لە وێژەی منداڵان، لە چیرۆک و هـۆنراە و شانۆ و رۆمان. بە تەیباتـیش لە وێـژەی منـداڵانی گـەلانی ماف زەوتکـراو و ستەملـێکـراو و نـیشـتـمان داگـیرکـراو. وەک گـەلی کوردمـان، کە لە بەشێکی زۆری کوردسـتانـدا، مافی ئازدایـمان لێ زەوتکراوە. داگـیرکەرانی کوردستان هـیچ ئازادییەک بە گەلی کوردمان رەوا نابـینن.

هـۆنـراوە دەربارەی ئازادی، بە شێوەیەکی گـشتی، ئامانجی هـانـدانی گـەلان و تاکەکانە، بۆ بۆ راپەڕیـن و بۆ رووبـەڕووبـوونەوەی سـتەم و زۆرداری و داگـیرکردن. بۆ خەبات و هـەوڵـدان بـۆ رزگـاری و سەربەخـۆیی. بـۆ ژیـانـێکی باشـتر و خۆشـتر، لەژێـر ئاڵای ئازادی و دادپەروەری و دیموکـراتیدا. هـۆنـراوە هەمیـشە ئامـرازێکی بەهـێـز بووە، بۆ دەربڕینی حەسرەتی ئازادی. چەکێکی بەهـێزیشە لە رووبەڕووبوونەوەی داگـیرکاری و سـتەم و نادادپـەروەری و چەوسانەوە و ماف زەوتکـردن، لە داکـۆکـیکردن لە ئـازادی. لە هـۆشیارکـردنەوەی گـەل و لە هانـدانیان بۆ راپەڕیـن. پەیـوەندیی نێـوان هـۆنـراوە و ئـازادی، پەیوەنـدیی رۆحە بە جەستەوە. لەیەک دابـڕانیان بە واتا مـردنی هـۆنـراوەیە.


بە درێـژایی مـێژوو، هـۆزانڤـانانی کوردستان پەروەر و ئازادیخوازی بوێـری کوردمان، سەرسەختانە داکۆکییان لە ئازادی گەلی کوردمان و لە رزگاری کوردستانی نیشتمانمان کـردوون. هـۆنـراوە و سـروودی زۆر جوانیان، دەربارەی ئازادی هـۆنیونەتەوە، کە لە قووڵایی رۆحی ئـێـمەدا دەنگـدەدەنەوە. کـڵپەی گـڕی تێکـۆشان و خەباتمان بۆ ئـازادی و بۆ رزگاری کورد و کوردستان گڕتر دەکەن. هـۆزانڤـانانێکی زۆری کوردی دڵسۆز و کوردسـتان پـەروەر و ئـازادیخـوازمـان، لەسـەر هـۆنـراوە و سـروودە ئـازادیـیەکانیان لەسەر کوردستان، خـرانە بەنـدیخـانەوە و ئەشکەنجـەی جەستەیی و دەروونیان دان.


زۆرینەی هـۆزانڤـانانی منداڵانی کوردمان، هـۆنراوەی ئازادی، رەهـەند و تەوەرێکی سـەرەکـیـیە لە هـۆنـراوەکـانیان بـۆ منـداڵانی کـورد. هـەوڵی ئەوەیـان داوە و دەدەن، کە لە ڕێی هـۆنراوە و سروودی ئاسانی نیشتمانییەوە، راستەوخـۆ یان ناڕاستەوخـۆ، گـرنـگی ئـازادی لـە دەروونی منـداڵانی کوردمـان بـڕوێـنن. ئـەم تـەوەرەش زیـاتر لە چـیـرۆک بـۆ منـداڵان رەنـگی داوەتـەوە و بـەرجـەسـتە بـووە، چـونـکە لە راسـتیـدا، نووسیـنی چـیرۆک ئاسانـترە لە هـۆنیـنەوەی هـونـەری هـۆنـراوە بـۆ منـداڵان.


زۆربـەی هـۆزانڤـانـانی کوردمـان، کە پەیامەکانیان دەربارەی ئازادی و رزگاری، بە ناڕاستەوخـۆ بە منـداڵان گەیانـدوون. لە تـرسی گـرتـن و ئەشکەنجـەدان و سـزادان، نەیانتوانیوە راستەوخۆ سەرکۆنەی ستەم و دەسەڵاتی زۆردار و داگـیرکەران بکەن.


بۆ نموونە، هـۆنـراوەی ناڕەزایی لەسەر بەنـدەکردنی باڵـندەی وەک: کـەو، چـۆلەکە، بولـبول و کەناری،... هـتد. لەناو قەفـەزی تەنگدا، کە ئـازادییان لێ قەدەغـەکردوون، هەمیشە هەوڵی رزگاربوون و ئازادییان دەدەن. قەفـەز هـێمایە بۆ بەنـدیخـانە، کەو و چـۆلەکە و بـولـبـول، هـێـمان بۆ بە نـاڕەوایی و بە بـێـتـاوانی بەنـدکردن و ئـازاردانی جـەستەیی و دەروونی کـوردی ئـازادیخـواز و ئـاشـتـیخـواز. ئـەم هـێـما جـوانـانە، بە زۆری لە هـۆنـراوەکانی هـۆزانـڤـانانی منـداڵانی کوردستانـدا دەبینرێـن. چونکە گەلی کوردمان ئەمڕۆشی لەگەڵـدا بێت زیاتر رووبەڕووی ستەم و زۆرداری و چەوسانەوە بووەتەوە. داگـیرکەران زیـاتر هـەوڵی سـڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیـیـمانیان داون و دەدەن. ئـازادی گـەل و نـیشـتـمان لەپـێـش هـەمـوو ئـازادیـیـەکـانـەوەیـە.


هـۆنـراوەش لە رێـگەی وێـنە و مـیتـافـۆرمی زینـدووەوە، بـۆ باڵـنـدەیەکی ئازاد، کە بە تـامی دڵی دەفـڕێـت و دەنـیشـێـتەوە و چـینەدەکات و دەخـوێـنێـت و یـاری دەکـات، لەگەڵ ژیانی باڵـندەیـەکی سنووردارکردنی ناو قـەفـەز بەراورد بکرێـن، هـۆنـراوەکە بیرهـێنانەوەیەکی زەقە بۆ هەوڵـدان بۆ خۆرزگارکردن لە کۆیلایەتی، بۆ خۆڕاگری و هـیواخـوازی و خـۆنـەدۆڕان. تەنـانـەت لە سـەخـتریـن باردۆخـدا سـەرهـەڵـدەدات.


هـۆنراوە کاریگەرترین ژانری وێژەییە، بۆ دەرخستن و گوزارشتکردن. لە هەست و سـۆز و پـەرۆش، لەو خولـیایەی لە مـێـشک و لە هـزری هـۆزانڤـانان دەگوزەرێـن.
لە ئەمـڕۆدا، دەوڵەتـانێکی زۆری رژێـم دیکـتاتـۆری و فـاشستی و رەگـەزپەرستی و ستەمکار، وڵاتەکانیان کـردوون بە قـەفـەزێـکی گـەورە و بە هـەزاران ئازدیخـواز و رزگاریخـوازی گەلەکـانیان تـێیانـدا بەنـدکـردوون. ئەشکەنجە و ئازاری جەستەیی و دەروونیان دەدەن. لە نیوانیانـدا چەنـدیـن نووسـەر و هـۆزانڤـانی ئازادیخـواز هەیە.


بێگومان هـۆنـراوەی ئازادی، لە ئەنـدێـشەی ئـازاد و لە ئازاییـەوە سەرهـەڵـدەدات.


هـانـدانی منـداڵان بـۆ وەرگـرتنی ئـازادی تاک و ئـازادییە گـشتییەکان، پەیـوەستە بە ئازادی گەل و نیشتمان و سەربەخۆیی و رزگاربوون لە داگیرکەران و لە پاشکۆیی.


دایکان و باوکانی بەڕێـز، دادە میهـرەبانەکانی باخچەکانی منداڵان، مامۆستا دڵسۆزەکان، نابێـت بەری ئـازادیی لە منـداڵەکانتان و لە خوێنـدکارەکانتان بگـرن. لە هەمـوو شتێکـدا خـۆتـان مەکـەن بە دەمـڕاسـتـیان و بـە نـاوی ئەوانـەوە قـسەمـەکـەن و بـڕیـار مـەدەن.


با منداڵەکانتان لە کەشوهـەوایەکی ئازادیـدا بـژیـن. سەرکـوت و دەمکـوتیان مەکـەن. با بە ئازادی گوزارشـت لە ناخی خۆیـان بکەن. گوزارشـت لە خـەون و لە هـیواکـانیـان و لە ئارەزووەکـانیان بکەن. لەو شتانەی کە پەیوەنـدییان بە چارەنـووس و بە داهـاتووی خۆیانەوە هـەیە، با بەشێکـبن لە بـڕیـاردان. لە منداڵـییەوە وانـەی ئازادییان فـێربکەن.


زۆر بە کورتی و بە چـڕی، ئاماژە بە چەنـد دێـڕە هـۆنـراوەیەکی، چەنـد هـۆزانڤـانێکی بـواری هـۆنـراوەی منـداڵان دەدەیـن، کە باسی (ئـازادی) یان بـۆ منـداڵان کـردوون:


هۆزانڤانی گەورەی گەلەکەمان مامۆستا (گۆران) لە سروودی (کوردستان) دا، دەڵێت:
کوردسـتـان، کوردسـتـان ... نـیـشــــــــتـمـانی جـــوان
هـەر بــــــژی بـە شــادی ... سـەربـەســتی و ئــازادی
هــەر بــــــــــژی ، هــەر بــــــــژی ، هــەر بــــــــــژی


هـۆزانڤـانی نەمرمان، مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا شەونم (ع. ع. شەونم ) لە سـروودی (جـەژنە جـەژنی کـوردسـتانـە جـەژنی نـەورۆزە) کـە بـۆ گـەورە و بـۆ منـداڵانـیـشە، دەربـارەی خواسـتی کـورد بـۆ ئـازادی، دەڵـێـت:
رۆژی ئـازادیـــــــیـە نـەک زەبــــــــوونـیـیـە
ئـەی مـنـیـش وەک گـەلان مـافــم بـۆ نـیـیــە
بـۆچـی تــاوانـە گـــەر دیـــلی کــەس نـەبـــم
یـا پـلـیـشـــــاوەی ژێــــر هـــــەرەس نـەبـــم


هـۆزانڤان، ئەنـدازیار (محەمەد بەرزی) لە هـۆنراوەی (سوێـند) دا، بەڵـێن دەدات، تا کوردستان رزگاری دەبێت و دەبێـت بە دەوڵەت، بەبی وچان تێبکۆشێت و کوڵـنەدات:
بە خوای گەورە سوێند دەخۆم ... دڵـســــۆزبـم بـۆ خـــاکی خــۆم
تـێکـــۆشــم بـە رۆژ و شــــەو ... بـۆ بــەرزێـتی نـــاوی ئــــــەو
بـیـپـارێـــــزم ســـــــــــنـووری ... چ نـــــــــــــزیـک و چ دووری
بـۆی بـسـووتـێـم وەکـو مـــۆم ... تـا سـەربـەخـــــۆیی بــــــــڕۆم
لە بـیــــری نـاکــــەم ســــــاتێ ... تـا دەبــــــێ بـە دەوڵـــــــــەتێ
ئـــــاوەدان پـــڕ لە جـــــــوانی ... ئـــــــازادبـێ رۆڵــەکــــــــــانی


هـۆزانـڤـان و رۆماننووسی منـداڵان مامۆستا (ئەمین محەمەد) لە (سرودی پێشمەرگە) دا دەڵـێـت:
بەڵـێـن ، مـنیش وەک ئێـوە ... رۆژێـک بـبـــمـە پـاڵــەوان
ئــاڵای ئـــازادی هـەڵکـــەم ... لەسـەر خــاکی کوردســتان

لە هـۆنـراوەی (مـژدە) شـدا، دەڵـێـت:
پەیـامی قــازی دەدەم بـە کـەرکـوک
سـڵاو دەنـێـرێ بۆ گەورە و بچـوک
دەڵـێ بـە کـۆمـــەڵ بـکـەویـنــە رێ
خـۆری ئـازادی لە (ئامـەد) هەڵـدێ


هـۆزانڤـان، مامۆستا (عـەلی حەمەڕەشـید) لە هـۆنـراوەی (گـۆرانی) دا دەڵـێـت:
رۆشــــنـایـی دواڕۆژیـــن ... دڵ پڕ لە هـیوا و خۆشین
دەسـت لە مـلانی شـادیـن ... چونکە ئــازا و ئــازادیـن
ئەوتـا بـۆ کـوردســـــتـان ... گۆرانی دەڵـێین هەمووان

لە هـۆنـراوەی (ئاشـتی) یـشدا، دەڵـێـت:
ئـاشـــتی ئـەو ســـرودەیـە ... خـەڵــکی پـێ ئـاســـودەیـە
ئـاوازێــــکی بـەجــــۆشــە ... لە لای هـەمـووان خـۆشـە
دیـمـەنـێـکی قـەشـــەنـگـە ... کانگای خۆشی و ئاهەنگە
بـە سـودتــــریـن بــــارانـە ... بـۆ ئـەم هــەوارە جـــوانـە
بـە ئـاشـتی و بـە ئـــازادی ... ژیـن پـڕ دەبـێـت لە شـادی


هـۆزانڤـان، مامۆستا ( کـازم کـۆیی) لە هـۆنراوەی (منـداڵـێکی شـاد) دا، دەڵـێـت:
مـن مـنـــداڵـێکی شـــــادم ... دڵخـۆشـــم کـە ئـــــــازادم
لەنـاو کوردســتـانی خـۆم ... وا بە سەربـەسـتی دەڕۆم
دەخـوێـنــم بێ ســرەوتـن ... تاکو لوتکەی سەرکەوتـن


هـۆزانڤـان، مامۆستا (چـرۆ رەشـیـد) لە هـۆنـراوەی (مـافی منـداڵ) دا، دەڵـێـت:
ئـێـمـەش مـافـی خـۆمـانـە ... لەنــاو ئـەم نـیـشــــتـمـانـە
بـە سەربەسـتی و ئـازادی ... بـژیـن بـە خۆشی و شادی


هـۆزانڤان، کاک (رۆسـتەم خامـۆش) لە هـۆنـراوەی (دوو باڵـندە) دا، دەڵـێـت:
ئـەوێ ژیـنگەی خۆیان بـوو ... جـێی هـێلانـەی نـوێیان بـوو
دەیـانـخــوێـنـد بـە ئــــازادی ... بـە ئــــارامی و بـە شـــــادی


هـۆزانڤـان، مامـۆستا (زارا جـاف) لە هـۆنـراوەی (راپـەڕیـن) دا، دەڵـێـت:
رانـیـە و پـێـنـجی ئـازاری ... بـوونـە مـژدەی رزگــاری
ئـازادی بـوو نـیـشــتـمـان ... رازایــەوە بـۆ هـەمــووان


هـۆزانڤـان، مامـۆستا (سـەردار قـادر) لە هـۆنراوەی (بـوکە سورە) دا، دەڵـێـت:
هاورێی کەناری و قـومریم ... لە دەشـت و هەردا دەژیــم
گـەردنــم رەنــگی ســـورە ... دەنـــــگـم وەکـو شـالـــورە
کـە بـە ئـــــــازادی دەفــڕم ... بـەرەو ئاسمان بـاڵ دەگـرم
لە هۆنراوەی (پاشای دارسـتان) یـشـدا، دەڵـێـت:
ئـۆخــەی وا بـە ئـــازدی ... بێچـوی ئاسک دەگـەڕێ
لەژێـر ئـاسـمـانی شـیـنـا ... پـۆل پـۆل باڵـندە دەفـڕێ


هـۆزانڤـان، کاک (عـوسمان دەروێش) لە هـۆنراوەی (رۆژی منداڵان) دا، دەڵێـت:
دووربین لە خەم و گـریان ... بــزە بـێـتە سـەر لـێـومـان
بـژیـن بە خۆشی و شـادی ... بە سـەربـەستی و ئـازادی
کوردســـتـانـمـان ئـــاوابێ ... هـەمــوو رۆژێـــکی وابـێ


هـۆزانڤـان، مامۆستا (رەزا سـاڵح) لە هـۆنراوەی (سـروودی مـن) دا، دەڵـێـت:
کـوردە گـەلی قـارەمــانـم ... کوردسـتانە نیـشــتـمـانـم
پـێـشـمەرگەیە پاسەوانـم ... ئــازادییـە هـیوای ژیـانـم

لە هـۆنـراوەی (ئـازا و ئـازادم) یـشـدا، دەڵـێـت:
منـداڵــــــــێکی دڵـشـادم ... کـوردم ئــازا و ئـــازادم
بۆ رزگـاری کوردسـتان ... تـێـدەکـۆشــم بـێـوچــان

لە هـۆنـراوەی (کـەو) یـشـدا دەڵـێـت:
راوکــــەر وازم لـێـــبـێـنـە ... ساچـمە و قەفەز بـشکـێنە
بـا بـژیــــــم بـە ئـــــازادی ... بە سەربەستی و بە شادی


هـۆزانڤـان، خـاتـوو (جـوانـە کـەریـمـات) لە هـۆنـراوەی (ئـازادی) دا، دەڵـێـت:
چەنـد خۆشە تـامی ژیـان ... چەنـد خـۆشـە کە ئــازادم
لـە ســێـبـەری ئــــاڵاکـەم ... مـنـداڵــــــــێـکی دڵــشـادم


٢٠٢٥ - نەرویـج
ماڵپه‌ڕی ره‌زا ساڵح

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک