١٤\١٢\٢٠٢٠
ئازادیی لە ژێر
پۆستاڵی سەرباز و چاکاسازییدا!

ئهحمهد رهجهب
ئازادیی وشەیەکی جوانەو لەپێناو وەدەستھێنانی گەلان لە سەرانسەری دنیا
ھەوڵ ئەدەن پێی بگەن و لە پێناویدا خۆیان بەکوشت ئەدەن و ھێزە چەپەکان
و شیوعییەکان لە ریزی پێشەوەن و بەبێ وچان تیئەکۆشن بۆ گەیشتن بە
ئازادیی و ئەو تێکۆشانە لە گەڵ دادپەروەری و یەکسانی گرێ ئەدەن لە
پێناو بەختەوەری مرۆڤ و ژیانێکی باشترو ھەروا ئازادکردنی مرۆڤایەتی لە
ستەمی چینایەتی و کۆت و بەندو نەریتە دوواکەوتوەکان.
ئازادیی بیرورا مافێکی سرۆشتی مرۆڤە بەڵام زۆرجار لەلایەن
دەسەڵاتدارانەوە ئەو مافە پێشێل ئەکرێت بۆ نمونە حکومەتی کوردستان
پرۆژەیەکی بەناو چاکاسازیی دا بە پەرلەمانی کوردستان و لە بەر ئەوەی
زۆربەی خاڵەکانی لە گەڵ بەرژەوەندی تایبەتی پەرلەمانتاران بوو ھەر زوو
پەسەند کرا ئەمە لەلایەک لە لایەکی ترەوەو لە ژێر سێبەری ھەمان
چاکاسازییدا ئەوەی دەم بکاتەوەو داوای مافی رەوای خۆی بکات دەمی
دائەخەن و رەوانەی زیندان ئەکرێت و گرتن و زیندانیکردنی مامۆستاو
فەرمانبەرو چالاکەوانانی مەدنی لە دھۆک و ھەولێرو سلێمانی نموونەی زەق
و لە بەرچاون.
لە سیبەری ئازادیی و چاکاسازییدا پۆستاڵی پێشمەرکەو ئاسایش بەکارھێنرا
بۆ شەق لە ناوچاوانی خۆپیشاندەران و کپکردنی دەنگیانو،باشترین نموونەش
لێدانی پەرلەمانتاران و یەکێکیان ( شیرین ئەمین) بوو، ئەو جۆرە
رەفتارانەش کۆپی رژێمە خوێنرێژەکەی دیکتاتۆر سەدام حوسەێن و حیزبی
بەعسی عەرەبییەو بۆ تۆقاندنی ئەوانەی داوای موچەو مافی رەوای خۆیان
ئەکەن.
ماوەی ساڵێک زیاترە لە بەغدای پایتەخت و سەرانسەری زوربەی شارەکانی
عێراق راپەرین دەستیپێکردووەو حکومەت و حیزبە شیعەکانی تایفەگەری و
پشکپشکێنەی دەسەڵات وحکومەتی عێراق سەریان لێشێواوەو لە گرتن و
تێھەڵدان و کوشتن نەبێت ھیچیان پێناکرێت و ناتوانن لەو دۆخە قوتاریان
بێت.
ماوەیەکە خەڵکی کوردستان بەرامبەر بە رەفتارو شێوەی بەریوەچوونی
کاروباری حکومەت رق و کینەیان پەنگ ئەخوانەوەو زۆر وەستان بۆ دۆزینەوەی
چارەسەری گیروگرفت وکێشەکانیان بەڵام حکومەت ھیچی پێنەکرا بۆیە خەڵک
لە شارەکان دەستیانکردبە خۆپیشاندان و، ھێزەکانی پۆلیس و ئاسایش
دەستیان کرد بە لێدان و گرتن وتێھەڵدان ئەوەش ئەبێتە ھۆی بوێری و
چاوقایمی و خۆراگری خۆپیشاندەران و لەمرۆ بە دوواوە قەت ناترسن و
ناپرینگێنەوەو ئامادەن خوێنی خۆیان ببەخشن.
بە ناوی ئازادیی و چاکاسازیی بەرپرسە باڵاکانی حکومەت ئارەزوومەندانە
تومەت بڵاوئەکەنەوەو بە خۆپیشندەران ئەڵێن ئەو کەسانەی پلان و ئاژاوە
بۆ تێکدانی ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری ھەرێم دروسئەکەن و ھەروا ئەڵێن
یاسا سەروەرەو رێگە بە کەسیان نادات بەپێ فەرمانی دادگا ئەگێرێت و
مامەڵەیان لە گەڵدا ئەکرێت و، قەوانەی یاسا سەروەرە تا ئێستا
نەیتوانیوە بۆ جارێکیش بەرپرسێکی باڵا لە دزو گەندلکاران سزا بدات.
کۆشتن و خوێنرشتن لە ھەرێمی کوردستان درێژەی ھەیەو بە پێی میدیاو و
تەلەفزیۆن و سەتەلایەتەکانی خودی دەسەڵات ئاماژە بە گیراو و کۆژران
ئەکرێت ودیارە حکومەت سورە لە سەر کوشتنی خۆپیشاندەران بە بیانووی ھیچ
و پوچ و بێ بنەماو بۆ تۆقاندنی خەڵکی راپەریوی شارەکانی ھەرێم لێژنەی
باڵای ئەمنی ھەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا بە راشکاوی ئەڵێت :
ھێزە ئەمنیەکان (دەستکراوە ئەبن کە ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن) ، واتا
بۆیان ھەیە خەڵک بکوژن.
بەناوی ئازادیی و چاکاسازیی حکومەت نانی خەڵکی بریوەو موچە نێیە،
خزمەتگوزاری وژیانی شایستە نێیەو سەرۆکی ھەرێمی کوردستان جەخت لە
تێپەراندنی ئەو دۆخە داراییە سەختە ئەکات بەڵام بەبێ ئەوەی رێگەچارەیەک
بدۆزێتەوەو، بە بۆچوونی چاودێران حکومەتی ھەرێم تا بینەقاقەی
تێیچەقیوەو ناتوانێت خوێ رزگار بکات و، حکومەت بە ھۆی رێککەوتنی
بەخشینی نەوتی کوردستان بۆ ماوەی ــ ٥٠ ــ بە تورکیا کڵۆڵەو ئیفلیج
بووەو ناتوانێت لە گەڵ حکومەتی ناوەند ( فیدراڵ) ھیچ بکات چونکە
ناتوانێت رۆژانە ـ ٢٥٠ ـ ھەزار بەرمیل بدانە کۆمپانیای سۆمۆ.
بە پێی ئازادییەکەی ھەرێمی کوردستان ئەوەی داوای موچەو مافی خۆی بکات
بۆ زێندان، چالاکەوانی مەدەنی و رۆژنامەوانانی داکۆکێکەر لەو مافە
رەوایانە بۆ زیندان و، ھەر کەناڵ و تەلەفزیۆنێک باسی نان و قوتی خەڵک
بکات دەنگی کپ بکەن و دەرگاکانی دابخەن و ، خۆپیشاندەران بچنەوە
ماڵەکانیان و دابنیشن تا حکومەت بیریان لێ ئەکاتەوەو، ئەوبیکردنەوەش لە
بەر بێ پارەی مەحاڵە.
عەنتریات و توندوتیژی و ئەقلییەتی تۆڵە سەندنەوەبێسوودەو ئەنجامەکانی
لە سەر کۆمەڵگاو ھاوڵاتیان خراپ و نێگەتیڤ ئەبێت و بە پێچەوانەش ملکەچی
بۆ داخوازییەکانی خۆپیشاندران کاردانەوەی پاش و پۆزەتیڤی ئەبێت و،
لێردا پیویستە داوا بکەین بۆ بەربوون و ئازادکردنی دەستبەجێی ھەموو
گێراوەگان و بیرکردنەوە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی پر لە شەرمەزاری
نەوت لە گەڵ تورکیاداو دادگاییکردنی ئەو کەسانە بوونەتە باسی نانبرینی
ھاوڵاتیان. ئەگەر حکومەت گوێ لە خەڵک نەگرێت دۆخەکە دژوارو ئاڵۆزتر
ئەبێت.
٨\١٢\٢٠٢٠
ماڵپهڕی ئهحمهد رهجهب
|