په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١١\٢٠٢٠

ئازادیی قەڵای سەرەتا و کۆتایی.*

 

 

     ئەلئەخ رەشید

وەرگێڕانی بە دەستکارییەوە: هەورامان عەلی

جۆرج واشنتۆن یەکەمین سەرۆکی ئەمەریکا گوتی: "گەر ئازادیمان زەوت بکرێت، وەک مەڕوماڵات وەپێش خۆیانمان دەدەن و بەگەمژەیی و بەبێ دەنگی سەرمان دەبڕن!".


ئازادی ئەو بناغەیەیە بونی مرۆڤی لەسەر بنیات دەنرێت. ئازادی بریتیە : لەو شتەی بڕوات پێیەتی و چۆنت بوێ بتوانی دەریبڕیت و بتوانی پیادەی بکەیت. تەنیا لەو حاڵەتانەدا نەبێت کە ئەم باوەڕەی تۆ ھۆکاری توندوتیژی و ھاندانی جیاکاری و ڕقلێبوونەوەی مرۆڤ بێت.


بەداخەوە ئێمە لە وڵاتانێکدا گەورە بووین، کە مانایی ئازادی نازانن. منداڵ لەماڵەکانماندا فێری ئازادی دەربڕین نابێت، ھەرلە منداڵیەوە دەکەوێتە بەر سەرکوتی باوک و براگەورە ، لە کۆڵان، قوتابخانە و کۆمەڵگەدا سەرکوت دەکرێت. لەم نێوەدا کچان دواین کەسن کە ئازادی بناسن، ئەوان ھەموو ئازادیەکانیان ھەر بە منداڵی زەوت دەکرێت، بەتایبەتی ئازادی دەربڕین، ئاخر ئەو لە ڕوانگەی کۆمەڵگەوە ، تەنیا ( زەعیف)ەیەکە، لە بنەڕەتەوە چ پێویستی بە ئازادیە؟! پیاوان لە چایخانە و شوێنە گشتیەکاندا کۆدەبنەوە، باسوخواستی سیاسی ، وەرزشی، ھونەری، ئابوری و کێشەکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و ئەمەریکا و ھەموو شتێک دەکەن. ئەو داماوە جا چ دایک بێت یان خوشک، بەشی ئەو چێشلێنان و پاککردنەوەی ماڵە! چی لەبارەی سیاسەت و وەرزش یان ھەرشتێکی دی دەزانێت؟!

 
گەر باسی سیاسەتیش بکەین ، ئەو ئازادیەی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا دەیناسین ، ئازادیەکی شێواوە . ئازادین باسی ھەموو شتێک بکەین ، تەنیا باسی دەسەڵاتدارەکان نەبێت، چونکە ھەموو باسکردنێکی دەسەڵاتدار بەناوی ڕێز و پیرۆزیەوە ، سەرکوت دەکرێت . ڕێزی پیرۆزیەکان ، ڕێزی سەرۆک و سەرکردە ، ڕێزی خاوەنکار، ڕێزی سەرک خێڵ و گەورەی ماڵ.. ھتد. ئەم ڕێزگرتنە بوەتە پەتی سێدارەی ھەموو ئازادیەکی ڕادەربڕین.ئێمە ئەوپەڕەکەی دەتوانین ڕەخنە لە سیاسی یان کاربەدەستێکی پلە چەندی خوارەوە بگرین، ھەرچی کاربەدەستە دەستڕۆشتوەکانن ، ئەوانە ھێڵی سورن و گەر توخونیان بکەویت ، دیارنیە چیمان بەسەردێت و چۆن سەرنگومان دەکەن.


زۆرن ئەو ھێڵە سورانەی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ئازادیمان لە قاڵب دەدەن. ڕەخنەگرتن لە ئاین ھێڵی سورە. ڕەخنەگرتن لە کەلەپوری ئاین و کەسایەتیە مێژوویەکانی ھێڵی سورن. ڕەخنەگرتن لە بونیادی دروستکردنی خێزان ، ھێڵی سورە. ڕەخنەگرتن و باسکردنی پەیوەندی سێکسی ژن و پیا و لە کۆمەڵگەدا ، ھێڵی سورن. باسکردنی ھەموو ئەو پیرۆزی و نەریتە بۆماوەیانەی ژیانمانی وێرانکردووە ، ھێڵی سورن و دەمبردن بۆیان ڕووبەڕووی سزای توندی کۆمەڵایەتیت دەکاتەوە و زۆرجار سەریشی لەسەر دادەنێیت.


ڕێزگرتنی پیرۆزیەکان ئەو بیانوەیە کە لە پشتیەوە، سەرکوتی ھەموو ئازادیەکی دەربڕینی پێدەکرێت . بەڵام با بپرسین چی پیرۆزە؟ کێ پیرۆزیەکان دیاری دەکات؟ ئاخر پیرۆزیەکانی من ، مەرج نیە لای تۆ پیرۆزبن ، بە پێچەوانەشەوە ھەر ڕاستە. ئەوەی لای ئێمە پیرۆزکراوە ، لای خەڵکی تر پیرۆز نیە. ھەروەک چۆن لای موسوڵمانان بودا پیرۆز نیە، عیسای مەسیح لای نیوەی دانیشتوانی گۆی زەوی پیرۆز نیە، ئاواش لای ٦ ملیار مرۆڤی سەر زەوی پەیامبەری ئیسلام پیرۆز نیە. گەر پیرۆزی بکرێتە پێوەر بۆ ئەوەی ئازادی دەربڕینی پێ بپێوین ، ئەوکات ھەرکەسێک مافی ئەوەیەی ھەیە ھەرشتێک بیەوێت بپەرستێت و پیرۆزی بکات و تۆش بۆت نەبێت ڕەخنەی لێبگریت!


سەیرکەن پیرۆزی ئاوایە ،سەرۆکی کۆریای باکوور وەزیری بەرگری وڵاتەکەی کوشت، چونکە کەبە سەردانێکی کوتووپڕ ھاتبووە سەربازگەیەک ، جەنابی وەزیر خەوتبوو! ئاخر لای کۆریەکان سەرۆک پیرۆزە و خەوتنی وەزیر بێ ڕێزیە بە سەرۆک!


ئازادی جاری وا ھەیە ئازاربەخشیشە، چونکە ناچارمان دەکات رێز بۆ ھەندێک بیروڕا قایلبین کە بە دڵمان نیە و لەوانەشە توشی خەجاڵەتیمان بکات. زۆر جار کەسایەتیە گشتیە ناسراوەکان ڕووبەڕووی ڕەخنە و تەنانەت گاڵتەپێکردنیش دەبنەوە. سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژانە ڕووبەڕووی ڕەخنە، گاڵتەپێکردن ، نوکتە و کاریکاتێری تەنزئامێز دەبێتەوە. بێگومان ئەو ھەڵمەتەی بە دڵ نیە و زۆر لێشی نیگەرانە، بەڵام ناتوانێت بە دەرکردنی بڕیارێکی سەرۆکایەتی ئەو ھەڵمەتە ڕاگرێت و ئەنجامدەرانی زیندانی بکات، چونکە کارێکی لەو بابەتە پێچەوانەی سەرەتا گشتیەکانی ئازادی بیروڕایە ، ئەو ئازادیەی کە بەردی بناغەی دروستبوونی ئەمەریکایە.


لەوانەیە ھەستت بڕوشێ کاتێک کەسێک ڕێزی پیرۆزیەکانت ناگرێت، تەنیا لەبەر ئەوەی بە دەربڕینەکانی ھەستی بریندار کردوویت، مافی ھەڕەشە یان کوشتنیت نیە ، بەڵکە دەتوانیت لە چوارچێوەی ئازادی بیروڕادا، وەڵامی بدەیتەوە.


بەبێ ئازادی ڕادەربڕین سیاسەت سەرکەوتوو نابێت ، بەبێ ئازادی ڕادەربڕین ناتوانین بنووسین و داھێنان بکەین. نە سینەما و فلیم ، نە ڕۆمان و ئەدەب، نەھونەر و مۆسیقا، نە ئابوری و نە ڕۆژنامە و ڕاگەیاندن ..... نە ھیچ شتێک پێش ناکەوێت.


سەیری ڕاگەیاندنی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بکەن، سەیری سینەما و کتێبە چاپکراوەکانی بکەن ، بەراوردێک لە نێوان ڕاگەیاندنی ئێمە و خۆرئاوایەکان، لە نێوان فلیمەکانمان ، کتێبەکانمان ، خوێندن و سیستەمی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەکانمان بکەن ، چی دەبینن؟ ئایا ئەوان لە ڕووی بایۆلۆژیەوە لە ئێمە زیرەکترن؟! بێگومان نەخێر. ئەی بۆ وایە؟


ئەوە ئاست و ڕادەی ئازادیە کە مەحاڵ دەخوڵقێنێت. چاوەڕێی پێشکەوتن و بەروپێشچوون لە کۆمەڵگەیەک مەبن تا بیناقاقای نوقمی سەرکوت و سانسۆر بووبێت.
 

ئەی کێ لەم دواکەوتوویە بەرپرسە؟


لێپرسراوی یەکەم تاکی بێدەنگ و لایەنگری مێگەلە، ئەو تاکەی بەبەرچاویەوە ئازادیەکەی لە گیانەڵادایە و کەچی ئەو خوازیارە بۆ پارێزگاری لە پیرۆزیەکانی سەری مرۆڤ بپەڕێنێت، ئەو گەروانە بخنکێنێت کە لە بەرژەوەندی ئەم دەنگ ھەڵنابڕن، سەرەنجام زمانی خۆشی دەبڕدرێت لە لایەن ئەوانەوە کە بە دڵیان نیە . ئەو کەسانەی کە بەم سەرکوتە ڕازین ، ھەر ئەو کەسانەشن کە ئاشقی سەیرکردنی فلیمە بیانیەکانی نێتفلیکسن، لە ماڵپەڕی ئامەزۆن وێڵن بەشوێن کتێبە بیانیەکاندا، ئارەزوویان سەیرکردنی کەناڵە ئاسمانیە بیانیەکان و بەرنامەکانیانە. ھەر ئەو تاکەیە کە دژی دەسەڵات و سیاسەتەکانی دەنگی ھەڵبڕیوە و خوازیاری ژیانێکی شەرافەتمەندانەیە. بەبێ ئەوەی بزانێت کە ئەم بەرھەمانە بەرھەمی ئەو ئازادیەن، کە ئەم تاکە دژیەتی!


بەڵێ ئازیزم تۆ ئەو ڕۆژە شکۆمەندی و مافەکانت لەدەستدا ،کە ڕازی بویت و قوربانیت بە ئازادیەکەت دا. ئاخر ئازادی تەنیا یەک ئاراستەی نیە، تۆ یان بڕوات پێیەتی یان نا. تۆ کە بە سەرکوتی نەیارەکانت ڕازیبیت، بێگومان دەبێت بە سەرکوتی خۆشت لە لایەن ئەوانەوە ڕازیبیت.


یەک ڕاستی ھەیە بیزانە ھاوڕێی ئازیزم، تۆ بە ڕخنەگرتن لە پیرۆزیەکانت نامریت، بەڵام مردنت مسۆگەرە کاتێک ئازادیت زەوت بکرێت. ئاخر ئازادی بناغەی بونی تۆیە و بەبێ ئەو ئازادیە ھیچ شتێکت مانای نامێنێت لەم ژیانەدا. ژیانی مرۆڤ لەو شوێنەوە دەستپێ دەکات کە ئازادی بەدەست دەھێنێت و لەو شوێنەشدا کۆتایی دێت، کە ئەو ئازادیەی زەوت دەکرێت.

________________________________________________:
* ئازادیی قەڵای سەرەتا و کۆتایی: گوتارێکی نووسەری ناسراوی مەغریبی ''ئەلئەخ رشید''، بە دەسکارییەوە کردم بە کوردی:

http://brotherrachid.com/%D9%85%D9%82%D8%A7%D9%84%D8%A7%D8%AA/ArticleID/3364/%D8%A7

 

ماڵپه‌ڕی هه‌ورامان عه‌لی
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک