٨\١٢\٢٠١٧
ئازادیی تاك و
دەسەڵات.

تاڤگە سابیر
زۆر لەبیریاران و هزرڤانان پرسیاری ئەوە دەکەن، گوایە چ جۆرە
پیوەندیێك لە نێوان کۆمەڵگا و تاکە کەسدا هەیە؟ سەرچاوەی ئەو دەسەڵاتە
تەقلیدییەی، کە کۆمەڵگا بەسەر ئەندامانی دا دەسەپێنێت لە کوێوەیە؟
پاڵپشتی ئەم دەسەڵاتە یابنچینە یاساییەکەی لە چییەوە سەرهەڵدەدات؟
لەبەرئەوەی مرۆڤ لەنێو کۆمەڵێك و کۆمەڵگایەکدا لەدایك دەبێت و دێتە
بوون، بۆیە ناچارە پەیوەستی ئەو ئەرکانە بێت کە کۆمەڵگا دەیخاتە
سەرشانی و لە ئاست ئەو ئەرکانەدا بەرپرسیارە لەنێو کۆمەڵگادا یان
بەشێوەیەکی سیاسییانە دەڵێن مرۆڤ لە نێو سنوور و خاکی دەوڵەتێك دێتە بوون
ئەم سنوورە و ئەم خاکەی دەوڵەت دووچاری هەنێك ئیلتیزامی دەکات و
ناچاریشە بۆ ئەوەی، وەکو مرۆڤێکی ئاسایی گوزەران بکات پەیوەستی ئەو
ئیلتیزامانە بێت و جێبەجێیان بکات و ڕەچاویان بکات جائەو ئەرك و
ئیلتیزامانە لەخزمەت کۆمەڵگادا بێت ، وەکو ئەندامەکان و دانیشتوانی یان
لە خزمەت خودی دەوڵەت دابێت ئەوە باجی گوزەران کردنی و ژیانە لەنێو
سنووری جوگرافیای هەموو دەوڵەتێكدا.
دەشێ پرسیار بکەین ، دەوڵەت مانای چییە ؟ کێ ئەم دەسەڵاتەی بە دەوڵەت
داوە تا وەکو ببێتە مافێکی ئەو؟ لە لایەنی یاساییەوە بنچینەی دەسەڵاتی
دەوڵەت لەکوێوە سەرچاوە دەگرێت؟ جاك ڕۆسۆ دەڵێت( مرۆڤ کاتێك
ئافرێدەکراوە ئازاد بووە، بەڵام لەهەموو شوێنێك بەکۆت و پیوەند
بەستراوەتەوە، چی ڕێگای ئەوەی داوە؟) ئەم پرسیارە ئەگەر ئاوا تێی
بڕوانین زۆر سادەو ساکار دێتە بەرچاو، بەڵام ئەم خاڵەیە کە هەموو تیۆرە
سیاسییەکان لەکۆنەوە تاوەکو ئەمڕۆ بەدەوریدا خوول دەخۆنەوە ، بەڵام
مەبەست لێرەدا چ جۆرە ئازادییەکە؟ یان خودی ئازادیی چ چەمك و مانایەك
دەبەخشێت؟ ئازادیی واتا نەبوونی هیچ کۆت و پێوەندێك لەسەر ئەو بارودۆخە
کۆمەڵایەتییانەی ، کە لەنێو دەوڵەتدا پێویستن بۆ دابینکردنی توانای
دەستنیشانکردن و هەڵبژاردنی ژیانی تایبەتی مرۆڤ بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە
تابۆیەکی بخرێتە سەر لەلایەن هیچ دەزگایێکی نێو کۆمەڵ یان دەوڵەت.
کەواتە یاساکان ئەوە داڕێژراون تاوەکو لە سنوورو ڕاددەی ئازادیی مرۆڤ ،
وەکو تاکە کەس کەم بکەنەوەو زیاتر بیخەنە ژێر چاودێری و کۆنترۆڵی خۆیان
لێرەدا مەبەست لەیاسا سەرجەم ئەوکۆت و پێوەندانەیە کەلەلایەن کۆمەڵگا
یان دەسەڵات بەسەر تاکە کەسدا دەسەپێندرێت ، لەسەردەمی کۆندا ئازادیی
بریتی بوو لە پاراستنی کۆمەڵگا لەدەست دەسەڵاتی فەرمانڕەوادا ،
لەبەرئەوەی مێژوو فێری ئەوەمان دەکات دەسەڵات گەورەترین و سەختترین
دوژمی ئازادییە ، بەڵام ئێستا مەسەلەکە جیاوازە ئێمە دان بەوە دادەنێن
، کە ئازادیی ڕەها بوونی نییە تەنانەت ئەو کۆمەڵگایەی بانگەشەی بۆ
دەکات ناتوانێت دابینی بکات بۆیە ئازادیی مەسەلەیەکی ڕێژەییە لە نێو
هەندێك کۆمەڵگادا بەرزەو لە نێو هەندێکیشیاندا نزمە یان لە نێو یەك
کۆمەڵگادا بۆهەندێك کەس هەیەو بۆ هەندێکی تریش نییە.
بۆ ئەوەی تاك ئازادیی خۆی بەدەست بێنێت و کەسێتی خۆی وەکو تاك لەنێو
کۆمەڵگادا بدۆزێتەوە پەنا دەباتە بەر ڕەتکردنەوەی ئەوەی بەرانبەر ،
لێرەدا جیابوونەوە لەبەرانبەر خاڵی بنچینەیی بەدەستهێنانی ئازادییە
لەبەرئەوەی (من) لەسایەی بوونی ئەوانیترەوە ئازاد نابم ، بەڵکو زیاتر
پەیوەستی ئەوان و کۆمەڵگا دەبم ، بەڵام کاتێك (من) ئەوان ڕەتدەکاتەوە
ئەوە هەوڵی دامەزراندنی خود دەدات ، لێرەدا ئەگەر جیهانی بابەتی
ددەستنیشانکراوو نا عەقڵانی بێت ، ئەوەدیارە بەپێچەوانەی ئاکاری مرۆڤە
، کە ئازادەو پشت بەیاسا بابەتییەکان نابەستێت، ئەوەلەلایەك ، لەلایەکی
تریشەوە (من) ناتوانێت ئەوانیتر بەلاوە بنێت ، چونکە هەموو شتێکی نێو
کۆمەڵگا (من) لەگەڵ ئەوانیتردا بەیەکەوە دەبەستێتەوە ،ڕەها بوون
ئەوکاتە دەبێت کە هەموو شتێکت پەیوەست بێت بەخودی خۆت و کارت بەکەسی
ترەوە نەبێت ، ئەوەش لە نێو کۆمەڵگای ئەمڕۆدا نایەتەدی کەواتە ئەگەر
مرۆڤ ، وەکو تاکە کەس نەتوانێت ئازادیی ڕەها بۆ خۆی براکیس بکات ، ئەوە
دیارە لەتواناشی دا نییە ئازادیی ڕەهای کەسانی تر قەبوڵ بکات ،
بەتایبەتیش ئەوکاتەی ئازادیی ئەوان تێکەڵاو و ئاوێتەی ئازادیی ئەو
دەبێت لەبەر ئەوەی ژیانی بە کۆمەڵ بەردەوام ئەرك و مافی بە کۆمەڵ
بەرهەم دێنێت بۆیە مرۆڤ ناچارە لە سنووری ئەو کۆمەڵەی تێیدا گوزەران
دەکات چەند پرنسیب و بنەمایەك لەشێوەی یاسا دابڕێژێتر تاوەکو
دەستنیشانی ئەرك و مافی یەکە بەیەکەی تاکەکان بکات و سنووری ئازادیی
ڕەفتارو هەڵسوکەوتی تاکە کەس دیاری بکات.
بەڵام براکسیس کردنی ئازادیی پێویستی بەجۆرە ڕۆشنبیرییەك و جۆرە
ڕەهێنانێك هەیە تاوەکو تاکە کەس نەتوانێت ئازادیی خۆی براکسیس بکات ئەو
ڕاهێنانە مرۆڤ فێری دان بەخۆدا گرتن دەکات ، چونکە مرۆڤ چۆن براکسیس
ئازادیی خۆی دەکات ئاواش دەبێت لەبەردەم هەنێك یاسا دان بەخۆیدا بگرێت
لای ئەنترۆپۆلۆژستەکان ئازادیی واتا ملکەچکردن بۆ هەنێك یاساو
بەلاوەنانی هەندێکی تر، چونکە زۆر یاسای کۆن هەبوون لەڕێگەی
بەلاوەنانەوە لەناچوون و نەماون ، مێژووی ململانێی نێوان کۆمەڵگاو
تاکەکەس مێژووێکی دوورو درێژە ، لایەنگرانی کۆمەڵگا دەیانەوێت تاکەکەس
لە نێو کۆمەڵگادا بتوێننەوە ئەوەش بەناوی بەرژەوەندی گشتی ، کەچی
تاکەکەس دەیەوێت لەنێو کۆمەڵگادا بچێتە دەرو براکسیسی ئازادیی سروشتی
خۆی بکاتەوە، ئەو ئازادییە شار لێی سەندەوە دیارە هەردوو بۆچوون و تێز
خاڵی بەهێز یابێ هێزیان تێدایە ، بەڵام لێرەدا ئێمە دەبێت هەوڵ بدەین
هەردوو تێز بەیەکەوە گرێبدەین و ئاوێتەی یەکترییان بکەین و خاڵی
هاوبەشی نێوانیان دەستنیشان بکەین ، کەواتە بنچینە یاسایی و
شەرعییەتەکەی دەوڵەت یا دەسەڵات یا کۆمەڵگا بەسەر تاکەسەوە لەوەو
سەرهەڵدەدات ، کە تاکەکەس لەسایەی پەیمانێکەوە پەیوەستە بە دەسەڵات ،
دەسەڵات ناچارە چەندەها پێداویستی بۆ دابین بکات، وەکو ئاسایش ، خۆراك،
خانوو، خزمەتگوزارییەکان لەبەرانبەر ئەوەشدا تاکەکەس ملکەچی یاساکانی
دەوڵەت دەبێت ئەوە پەیمانێکە ئەمڕۆ نییە مۆرکراوە ، چەندین سەدەیە هەر
ئەوەش بنچینەی یاسایی دەسەڵاتەو دەوڵەتیش تەنیا لە پێناو ئەوە
دامەزراوە.
دەسەڵات ئەو کاتە بۆی هەیە دەست بخاتە نێو ئازادیی تاك ، کاتێك ئەو
تاکە دەیەوێت سنووری ئازادیی کەسێکی تر بشکێنێت ، لێرەدا دەسەڵات ئەو
کاتە مافی ئەوەی هەیە دەست لە ئازادیی تاکەکەس وەربدات بەبێ ویستی ئەو
کەسە ، کاتێك ئازاری خەڵکانیتر دەدات ، کەواتە پاساو بۆ دەسەڵات
قەدەغەکردنی ئازاردانی خەڵکانی ترە لەلایەن تاکەوە تەنیا ئەوکاتە
دەکرێت سنووری ئازادیی تاك ببەزێندرێت ئەگینا هەر مەسەلەیەك تایبەت
بەخودی تاك بێت ، دەسەڵات بۆی نییە خۆی تێوەربدات.
ماڵپەڕی تاڤگە سابیر
|