٤\٨\٢٠١٥
پەیامێک بۆ ئازادیخوازانی
شاری ھەلەبجە:
ئازادیخوازانی
ھەڵەبجە لە چ بەرەیەکدا دەوەستنەوە؟

رێبوار عارف
نزیک بەمانگێکە جولانەوەیەکی ئازادیخوازانە
زۆرێک لە شارو شارۆچکەکانی کوردستانی تەنیوەتەوەو دەیان نووسەر،
ھونەمەندو سیاسەتمەدارو ھەزاران ئازادیخواز لە دەوری کەمپینی (بەڵێ بۆ
دەستوورێکی سیکۆلار لە ھەرێمی کوردستان) کۆبوونەتەوەو بە واژۆکانیان
پشگیری خۆیان بۆ ئەم کەمپەینە لە شارەکانی سلیمانی، ھەولیر، کرکوک،
دەربەندیخان، گەرمیان، چەمچەمال...نیشانداوە. ئەمە لەکاتیکدایە کە لەم
ماوەیەدا چەندین کۆرو سیمینار بەرپاکراوەو ھاوکاتیش دەستەکانی واژۆ
کۆکردنەوەو دروستکردنی لقەکانی ئەم ناوەندە لە زۆرێک لە شارەکەکان و
تەنانەت لەھەندەرانیشدا لە فراوان بوونەوەی ھەڵسوڕانەکانی ئەم
ناوەندەدان!
لەم بارەوە ئەوەی چاوەڕوانکراوەو جێگەی خۆیەتی کە ئەم چالاکیانە ھەموو
شارۆ شارۆچکەکانی کوردستان بتەنیتەوە. لە نێویشیاندا کاتێک کە ئاوڕ لە
شاری ھەلەبجە دەدەینەوە لەبەردەم پرسیارگەلێکی تایبەتدا خۆمان
دەبینینەوەو چالاکیەکانی ئەم جولانەوەیە لەم شارەدا پێویستی بە
تیارامان وھەڵوێسەتەیەکی زیاترە. تائیستە لەمبارەوە ئەوەندەی بە
دەزگاکانی ڕاگەیاندن بگەڕێتەوە ئاگادارین کە ھەفتەی ڕابردو وەک یەکەمین
ھەنگاو خۆشحالانە کۆرێک بۆ بەڕێز سیروان عەبدول سازکراوە کە تیدا پێ
لەسەر گرنگی ئەم ناوەندە داگیراو... بەشداربووانی ئەم کۆرە بە شێوەیەکی
چالاکانە بەشداری تاوتوێکردنی ئەم بابەتەیان کردوەو پێشوازیان لەم
ھەنگاوە کردوە، کە دیارە ئەمە ھەنگاوێکی باش و جێگەی ئومێدە، بەلام بە
دلنیایی بەس نییە! بۆ بەس نییە؟ بە بروای من شاری ھەلەبجە لە نەبوونی
دەستوورێکی سیکۆلاردا زۆرترین باج و قوربانیان داوە و پشکی شێریان
بەرکەتووە لە ئەنجامی نەبوونی وەھا دەستوورێکدا.
با بگەڕێنەوە سەر ئەم باجدان وقوربانیدانە، بەلام دەبیت ئەوەمان بەلاوە
رۆشنبیت کە فراوانکردنەوەی بازنەی چالاکیەکانی ئەم ریکخراوەو پەرپیدان
بە کەمپەینی(بەڵێ بۆ دەستوورێکی سیکۆلار لە ھەرێمی کوردستان ) بۆ
دانیشتوانی خەلکی ئەم شارەو گرنگیەکی یەکجار گەورەی ھەیەو چاوەڕوانی
ئەوە دەکرێت لە خەلکی ئازادیخوازی ئەم شارە کە جێپەنجەی خۆیان دیاری
بکەن و پیداگربن لە گەڕانەوەی ئەو نازنامە واقعیەی کە مێژوویەکی دێرینی
لەپشت سەرەوەیە.
لیرەدا جێگەی خۆیەتی ئاوڕێک لەھۆکارە سەرەکیەکانی ئەم چاوەڕوانیە
بدەینەوە کە بۆدەبێت خەڵکی ئازادیخوازی ئەم شارە بکرێ لە بەرەی
سیکۆلاریزمدا خۆیان ببینەوە؟ یەکەم/ جیۆپۆلەتیکی ناوچەی ھەڵەبجە لە
ڕابردودا بەشێوەیەک بووە کە زیاتر لەھەرشتیک دەنگی ئازادیخوازی و
سیکۆلاریزمی تیدا بەھێزبووە. ئەمەش بە ئاوڕدانەیەک بە مێژووی بزوتنەوە
سیاسی و فەرھەنگی و کۆمەلایەتیەکانی ئەم دەڤەرە ئەوەمان ڕووندەکاتەوە
کە لایەنی کەم پاش شەڕی جیھانی دووھەمەوە ئەم ناوچەیە لە گەلێک بواری
سیاسی فەرھەنگیدا ھەنگاوی بەئاراستەی ئازادیخوازی و سیکۆلاریزمدا ناوە
کە ئەمەش لە زۆر بە ڕۆشنی لە بواری دەوری بزوتنەوە سیاسیەکاندا
بەدیدەکرێت کە لەو قۆناغەدا حزبی شیوعی، کۆمەلەی مارکسی لینینی (
کۆمەلەی رەنجدەران) ئالای شۆرش و کۆرو گروپە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کۆتای
دەھەیی ھەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکان. ئەمە جگە لە ژمارەیەکی یەکجار
گەورە لە ئەدیب وھونەمەندو شاعیرانی وەک گۆران، قانع،... کە لە مێژووی
خۆیاندا دەنگی ئازادیخوازانی کوردستان بوون، بەدی دەکەین. بەھەمان شێوە
چارەکە سەدەی ڕابردو بەدەر لە پێگەی ئیسلامی سیاسی لەناوچەکەدا ئەم
ڕەوت و ڕەھەندە بەردەوامبووە دەیان سیاستمەدارو ھونەرمەندو ئەدیب و
قەڵەم بەدەستی خەلکی ئەم ناچەیە درێژەیان بەم مێژووە داوە تائەمڕۆ.
لایەکیتری ئەم مەسەلە بوونی ئیسلامی سیاسی و کارنامەی ئەو حزبە
ئیسلامیانە بەتایەبت لەپاش ڕووداوەکانی بەھاری ٩١ کە زیاتر لە ماوەی دە
سال خەلکی ئەم ناوچەیە لەسەرتایترین ماف وئازادیەکانی خۆیان بێبەشکران
وھەرچی خۆشی و شادی و ئازادیەکانی ئەم شارو ناوچەیەیە ھەلپیچراوەو
تەنگیان بەژیانی خەلکی ھەلچنیوە. بۆیە کارنامەی ئەم دوو بزوتنەوەیە لە
مێژووی ئەم ناوچەیەدا ئەوە دەخوازێت کە گەلێک ھەستیارترو ئامادەتربین
بۆ پێشوازیکردن لەم کەمپەینە، چونکە ئاشنابوون بەو مێژووە لایەنی کەم
بۆ کەسانێک کە نیگەرانی داسەپاندی مۆرکی ئیسلامی بوون بەسەر شاری
ھەلەبجەدان و نایانەویت شارەکەیان بە ناوی ئیسلامیەکان و ئیسلامی
سایسی ناوزەدبکریت ئەوا پیویستە لەم قوناغەدا خۆیان بۆ ھەستانەوەیەکی
نوێ ئامادە بکەن وببنە بەشێک لەو جولانەوەی کەئەمڕۆ لە زۆربەی زۆری
شاروشارۆچکەکانی کوردستان بەرپا بووە بەدەوری شیعاری ( بەلی بۆ
دەستووریکی سیکولار بۆ خەلکی کوردستان)دا کۆبنەوە.
بۆیە لێرەدا بانگەوازی ھەموو ئازادیخوازان وھەموو ھاورێ و ئەزیزان و
دۆستانم دەکەم کە لە شاری ھەلەبجەو ناوچەکەدا ژیان بەسەر دەبەن ھەرچی
زووتر بینەمەیدان و بەئەرکی سەرشانی خۆیان ھەستن و نەک بەتەنیا لە
ھەوڵی دانانی مێژی واژۆ کۆکردنەوەکانی بەڵی بۆ دەستووری سیکولاردابن،
بەلکو دەستبەکاربن بۆ دروستکردنی لقی ھەلەبجەی ناوەندی سیکۆلاری
کوردستان لەم شارەدا.
بە بروای من کاتی ئەوە ھاتووە کە چیدی خەڵکی ئەم شارە بە دەوری خۆیان
ھەوڵبدەن لە ڕێگەی دەستووریکەوە ژیانیان بەسەر بەرن کە بتوانیت مافی
یەکسانی ھاولاتیان دەستەبەربکات وھیچ دیوارو جیاکاری و ستەمێک لەسەر
ھیچ بەشێکی ئەم کۆمەلگایە قبول نەکرێت...خەلکی ھەلەبجە ژیان و گوزاری
خۆیان باشترین بەڵگەنەویستە بۆ ئەوەی ئەگەر بیتوو دەستوریک پەسەند
بکریت کە درێژەی بالادەستی ئاینی ئیسلامی بێت وەک ئاینی ڕەسمی دەستوور
و پەرلەمانی کوردستان، ئەوا دیسانەوە دەچینەوە بەردەم دووبارە بوونەوەی
گەلێک لە ڕووداو تراژیدیاکانی ڕابرود بالادەستی ئیسلامی سیاسی لەم
ناوچەکەو لە ھەموو کوردستاندا کە ئەمەش نەک تەنیا لەمافی یەکسان و
بەرابەربوونی ھاولاتیان لەبەردەم یاساو دەستووردا دادەسەپینیتەوە ،
بەلکو ژیان و شارستانیەت و ئازادیخوازی ناوچەکە پاشکەشەیەکی یەکجار
گەورەتری پیدەکریت، بۆیە ھیوادارم پێکەوە سەنگەری ئازادی و بەرابەری
ئینسان و ماف و ئازادیەکانی خەلکی کوردستان و ناوچەکە دەستەبەربکەین!
rebwar.arif@hotmail.com
|